په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٣

رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی کاتیی!

ئاریتما موحەمەدی   

''پێکەوە گونجان و پێکەوە هەوڵدان هەوێنی هەموو دەستکەوتێکی سیاسیی، نەتەوەیی و نیشتیمانییە''. (ئاریتما موحەمەدی).


ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو ٢١ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٣ی کوردی حکومەتی کاتیی لە رۆژئاوای کوردستان ڕاگەێنرا، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆم ئارەستەی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکەم و هیوادارم کە دەستکەوتی گەورەتر و مەزنتر لەو بەشەی کوردستان بەدەست بێت. بێگومان سەرکەوتنی هەر بەشێک لە بەشەکانی کوردستان کاریگەری ئەرێنی و ڕاستەوخۆی لە سەر بەشەکانی دیکە دادەنێت و هەموو گەلی کورد لە هەموو جیهان پێی خۆشحاڵ دەبن.


هەر لەو پێوەندییەدا دەستخۆشی لە هەموو ئەو پارت و ڕێکخراوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکەم کە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە ئەو دەسەڵاتە خۆماڵییە لەوێ پێک بێت و ئەو بەشەش لە کوردستان ئامانجی بنەڕەتی خۆی بپێکێت و دەسەڵاتی کوردی گەشە بکات و باڵ بە سەر هەموو ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوادا بگرێت.
هاوکات هەر وەک چۆن دەستخۆشی دەکەم، بەو شێوەش ڕەخنە لەو پارت و لایەنانە دەگرم کە لایەنەکانی دیکە وەلا دەنێن و هەوڵ بۆ پەراێز خستنی یەکتر دەدەن، ئەمن کولتووری پلۆرالیسم و فرەگەری، فرە ڕەنگی و فرە چەشنی بە بنەمای پێشکەوتن و مانەوەی کولتوور و زمان و ناسنامەی هەزاران ساڵەی گەلەکەمان دەزانم کە لە شارستانییەتی ئەم نەتەوەیەدا ڕەنگی داوەتەوە و هاوکات بە بەشێکی بنەڕەتی و جڤاکی و هەرەوەزی لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری و بووژاندنەوەی ئابووری و کولتووری ئەم نەتەوەیە پێناسە دەکرێت.


داواکارم لە ئەو حکومەتە کاتییە کە لە رۆژئاوا پێک هاتووە بە بەردەوام پێوەندی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە بگرێت و هەوڵ بۆ ئەوە بدات کە ئەو لایەنانەش کە پەراوێز خراون بێنە ناو حکومەتەوە. بێگومان لەو وەها هەلومەرج و دۆخێکدا کە نەتەوەکەمان لەو بەشەی کوردستان پێدا تێپەڕ دەبێت، یەکێتی و یەکڕیزی بە بنەمای سەرکەوتن و گەشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری پێناسە دەکرێت. مێژووی نەتەوەکەمان ئەوەی سەلماندووە کە ڕێگای سەرکەوتن و زاڵ بوون بە سەر هەوراز و نشیوە سیاسییەکان لە ڕێی یەکێتی و یەکڕیزی و پاڵ بەیەکەوەنان تێپەڕ دەبێت.


ئەزموونی سەرکەوتووی شارستانییەتی گەلەکەمان لە ناو قوڵایی مێژوو لەو هەوڵ و پاڵ بەیەکەوەنان و پێکەوە گونجان و هێڵانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بوونەتە بنەمای کولتووری، سیاسیی و هزریی ئەم نەتەوەیە، پێکەوە گونجان و پێکەوە هەوڵدان هەوێنی هەموو دەستکەوتێکی سیاسی، نەتەوەیی و نیشتیمانییە، ئەزموونی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لە باشوور لەو ڕۆژانەوە دەست پێدەکات کە هەموو لایەنە بەهێز و کاریگەرەکانی ئەو هەرێمە پێکەوە یەکێتی و ڕەوتێکی سیاسیی نوێیان ساز کرد و بیری نوێخوازی گەشە پێدا و بەرنامە و پلانیان بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ بەدەست هاتوون داڕشت، هەر چەند هەمووی ئەو هەوڵانە بێ ڕەخنە نین، بەڵام بە هەوێنی دەستکەوتی ئەم قۆناغە پێناسە دەکرێت.


هەنووکە ئەو حکومەتە نوێیە لە رۆژئاوای کوردستان ٢٢ لایەنی سیاسیی و مەدەنی لەخۆ دەگرێت و پێویستە کە هیچ لایەنێکی دیکەش وەلا نەنرێت. بۆچوونی من لە گەڵ هیچکام لەو ڕوانگانەدا نییە کە پێیان وایە پێکهاتنی ئەو هەرێم و حکومەتە نوێیە لەو بەشەی کوردستان کێشەکانی نێوان لایەنەکان قولتر دەکاتەوە، بەڵکوو لە سەر ئەو بڕوایەم کە دەبێت وەک سەرەتای دەستپێکی سەرکەوتن و قۆناغێکی مەزن و گرینگ سەیر بکرێت.


هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە و تەنانەت حکومەتی لاوازی ئەو وڵاتەش داخوازیی و مافەکانی نەتەوەکەمان لەو بەشە ڕچاو ناکەن و دانی پێدا نانێن، ئەوەش وەک مەترسی گەورە بۆ سەر نەتەوەکەمان سەیر دەکرێت، بۆیە دەسەڵاتێکی بەهێز و سپایەکی مەزنی نیشتیمانی پێویستییەکی ئەمڕۆییە کە دەبێت لە زووترین کاتدا پێک بێت، ئامانج لە پێکهاتنی ئەو سپا نیشتیمانییە ئەوەیە کە پارێزگاری لەو دەستکەوتە مەزنانە بکات کە تاکوو ئیستا بە دەست هاتوون، بێگومان ئەوە هەلێکی مەزنە کە دەبێت لە دەست نەچێت و بە باشترین شێوە کەڵکی لێوەر بگرن. ئەو هێزەش دەبێت هێزێکی نەتەوەیی بێت و هەڵواسراوی هیچ پارت و ڕێکخراوێک نەبێت، بۆ ئەوە کە ئامانجی مەزن و گرینگ بپێکێت.


خاڵێکی دیکە کە جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە تاکوو هەنووکە وڵاتانی رۆژئاوایی، ئەمەریکا، تورکییە و بەشێکی دیکە لە هێزە ناوچەییەکان دانیان بەو دەستکەوتانەی کورد نەناوە کە لە رۆژئاوا بەدەست هاتوون، بێگومان وەک مەترسی بۆ سەر داخوازی و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان لە ناوچەکە سەیری دەکەن. ئەوەش کێشەیەکی دیکەیە کە ڕووبەڕووی حکومەتی کاتیی رۆژئاوای کوردستان دەبێتەوە کە لەوانەیە تووشی قەیرانی بکات. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد کە تاکە ڕێگە بۆ سەپاندنی هێز و خۆبەڕێوەبەری کاتیی لەو بەشەی کوردستان ئەوەیە کە هەموو هێزەکان پێکەوە لەو حکومەتە نوێیەدا کە پێکهاتووە، بەشدار بن. ئەوە دەتوانێت قەیران و کێشەکانی بەردەم ئەو حکومەتە چارەسەر بکات و کاریگەری ئەرێنی لە سەر بیر و ڕای گشتیی کۆمەڵگای خۆرئاوای کوردستان دابنێت.


پەیەدە وەک ئەرک بەرپرسیارە لەوە کە دەبێت ڕێگە ئاواڵە بکات بۆ ئەو لایەنانە کە وەلانراون و بەشداریان پێبکرێت لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی و خۆبەڕێوەبەری کاتیی لە رۆژئاوای کوردستان. یەکێ لەو هۆکارانەی کە تاکوو هەنووکە هیچ پارچەیەکی کوردستان نەیتوانیوە سەرکەوتنی یەکجاری مسۆگەر بکات، ئەوە بووە کە لە هەر لایەکەوە بەسترا بووەتەوە بە پارچەیەکی دیکەی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا بووە، ئەوەش ڕێگری لەوە کردووە کە یەکێ لە بەشە داگیر کراوەکانی کوردستان سەرکەوتن بەدەست بێنێت. بەڵام هەنووکە بەشێک لە باشووری کوردستان لە دۆخ و هەلومەرجێکی تاییبەتدا ڕزگاری بووە و دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆیی پێک هێناوە کە ڕۆڵی کارا و گرینگ لە ناوچەکە دەگێڕێت، ئەوە هەلێکی گرینگ و مێژووییە بۆ خۆرئاوا کە دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و پێوەندی لە گەل هەڕێمی باشووری کوردستان ساز بکات. دیارە لەو پێوەندییەدا هەر دوولا قازانج و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە کە دەبێت بیپارێزن و ڕچاوی بکەن و ڕێز لە داخوازی و سەروەری یەکتر بگرن. بۆیە پێم وایە کە دەبێت ئیتر پەیەدە و لایەنەکانی دیکەی خۆرئاوا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئیستراتیژی سیاسیی خۆیان بگۆڕن و پتر باییخ بە بەرژەوەندی گشتیی و نەتەوەیی بدەن و دەست نەخەنە ناو کار و باری یەکتر و یەکتر تۆمەتبار و تاوەنبار نەکەن.


ئەو هەوڵانەی کە لە لایەن هندێک هێزی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە دەدرێت بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسیی خۆیان بە سەر گەلی رۆژئاوا هەڵەیە و دەبێت ڕێز لە ئیرادە و بەرژەوەندی سیاسیی کۆمەڵگای خۆرئاوا و داخوازییەکانی گەلی کورد بگرن. لەو پێناوەدا پەیەدەش ئەرکی مەزنی دەکەوێتە ئەستۆ کە وەک مەزنترین هێزی سیاسیی کە حکومەتی کاتیی پێک هێناوە، دەبێ بۆ لێک نزیک کردنەوە و ڕواندنەوەی کێشەی نێوان لایەنەکانی رۆژئاوا هەنگاوی گرینگ هەڵنێت. هەر دوولا واتا پەیەدە و لایەنە وەلانراوەکانیش پێویستە کە هەژموونی سیاسیی لایەنەکانی دیکە پەراوێز بخەن و گرینگی و باییخی پێنەدەن و بەرژەوەندی سیاسیی، ئابووری، نەتەوەیی و نیشتیمانی رۆژئاوا ڕچاو بکەن.


ئەو یەکگرتووییە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد و بە گرینگم پێناسە کرد، دەبێتە هۆی ئەوەش کە لە کونگرەی ٢ی ژنێف دەنگ و قورسایی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، کاریگەری پتری لە سەر هێزە جیهانی و ناوچەییەکانی بەشداری ئەو کونگرە هەبێت و داخوازییەکانی کورد جێی گرینگی و باییخی هەموو لایەک بن. خاڵێکی دیکە کە لە لای من جێی باییخە و پێم وایە کە پێگەی کورد لەو کونگرەیەدا بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە حکومەتی کاتیی رۆژئاوای کوردستان یان خود چڤاکی نەتەوەیی کوردەکانی رۆژئاوا وەک هێزێکی جیا و لە دەرەوەی “ئیتلافی نەتەوەیی سوریە” بەشداری کونگرەی ٢ی ژنێف بکەن.


ئەوەی کە لە کۆی گشتیی و کۆتایی ئەم وتارەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە ئیستا جێگای دڵخۆشییە کە هەنووکە بەشێک لە هێزە جیهانیی و ناوچەییەکانیش لە هەمبەر حکومەت و دەسەڵاتی کاتیی رۆژئاوای کوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و دژایەتی ناکەن، ئەوەش بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێوەندی بە ڕوانگەی ئەو وڵاتانە لەمەڕ رۆژئاوای کوردستان پێناسە دەکرێت، کە جێی باییخە. لە لایەکی دیکەوە سەرکەوتنی هێزە چەکدارەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە سەر هێزە ئیسلامی و تیرورستییەکان، حکومەتی کاتیی رۆژئاوای کوردستان، ئەمەریکا و ئەورووپا دەخاتە یەک بەرەوە کە ئەوەش بە بەرەی دژبە تیروریزم پێناسە دەکرێت. شیمانەی ئەوەش دەکرێت کە بێدەنگ بوونی رۆژئاوا لە پێوەندی بە ڕاگەیاندنی حکومەتی کاتیی لەو پێناوەدا بوو بێت.

 

ماڵپه‌ڕی ئاریتما موحەمەدی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک