په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠١٣

رۆژانێک رێڕەوی ژیانمی گۆڕی.

هیوا رەش       

پێشەکی


بەعسییەکان ھەستیان بەوە دەکرد لە بەھێزییداا لە چڵەپۆدان، رۆژگار بۆ خەڵک و پێشمەرگە سیخناخ بوو لە کوێرەوەریی. برا متمانەی بە برا نەبوو، خاین و جاسوسان رمبازێ و تەراتێنیان بوو، لە ژێر پەردەی پێشمەرگایەتییەوە جاشجاسوسەکانی ناو یەکێتی و پارتی لە پەنا و پەسێوەوە زەبری نامەردانەیان لە شیوعییەکان دەوەشاند، بۆیە دەکرێت بڵێم ئەنفال بۆ پێشمەرگە شیوعییەکان سەختترین ڕۆژگار بوو، بەعس کوشتنی ئێمەی کردبووە پێشمەرجی دەستودیاری خاینزادە رووخاوەکان، ئەو کاتە حیزب وەکو ئێستا نەبوو، خوداوەندێکی داتاشراوی خەیاڵیی بوو، بڕیاری ئەو رەتکردنەوەی نەبوو، لە دواییدا بۆمان دەرکەوت ئەوانە چۆن بە خوێنی ئێمە لە ئوتێلە نایابەکانی ئەوروپای ڕۆژھەڵات رادەبوێرن و ئێسکی ئێمە دەکەنە پاژنە بۆ پێڵاوی قەحپەکانی ئەوێندەر، لێرەش بڕیار دەدەن ئێمە بخزێینە نێو شارەکان و خەباتی ژێرزەمینی و خەباتی شەوانی سووری سەرکردەکان ئاوێتە بکەین.

چەند ھاوڕێیەکی ئازا و شارەزای ناوچەی ھەولێر کە تەنھا منیان تێدا گەرمیانیی بووم، دەشتی کاکی بە کاکی بەڕانەتیمان بڕی و لە شەوێکی درەنگی مەترسیداردا گەیشتینە لێواری ھەولێر و دوای ئیستێکی درێژخایەن لە (عەنکاوە) کردمانیان بە شاردا و یەکسەر لە بەرامبەر - ھۆڵی میدیا - چووینە شوققەیەکەوە و چەک و تفاقەکانمان قایم کرد و چەند رۆژێک لەوێ ماینەوە و لە کۆبونەوەیەکدا ھەر ھاوڕێیەک سەرپشک کرا لە بڕیاردان بۆ گەڕانەوە بۆ بارەگاکانی سنوور یان مانەوە لە نێو شار و برەودان بە خەباتی نهێنیی.

دوای مانەوەم لە شار و ئەنجامدانی کارە حیزبییەکان و جێبەجێکردنیان وەکو دەقی قورئان، رێکەوت کیژۆڵەیەکی جوان و ڕوحسووک جگە لە ھاوڕێیەتی بوو بە یارم، من ھێندە شیوعییەکی دەروێش و دەروێشێکی بێئەقڵ بووم، ئەگەر Cathrin خۆی دەسپێشخەر نەبوایە من ئەو پیاوە نەبووم جورئەتی لەو شێوەیەم تێدا بێت، چونکە ئەوە بە لای منەوە کوفری موتڵەق بوو.

من و Cathrin و رۆژێکی سەختی بیرەوەرییەکانم.

٢٥\٢\١٩٩٠


پەیمانگای ھەولێر کە دەکەوتە سەر ڕێگای کەرکوک کردبوومانە جێژوان، نەمدەزانی شەو بۆچی ھێندە درێژ بوبۆوە؟ چەند جارێک مووکێش و ئاوێنەم لە دەستم دانا، جلەکانم ئوتوو دەکرد و پانتۆڵەکەم دادەکەند و کراسەکەم لەبەردەکردەوە و ھەر جارەی شتێکیانم تاقی دەکردەوە، مەگەر کاتی منداڵیی و لە شەوی جەژنەکاندا ھێندە شەوگار درێژ و منیش دڵخۆش بووبم؟! تا رۆژ بووەوە خەریک بوو دیقم دەکرد.

سواری تەکسییەک بووم و بەرەو ژوانگەی دڵداریی بەڕێ کەوتم، دەتگوت سەرەتای ھەرزەکاریمە، چەندین جار لە گوندەکان کۆبوونەوەم بە خەڵکیی دەکرد، ئێستا لە ئاستی کیژۆڵەیەکدا خەریکە خۆمم بیر دەچێتەوە، بە دەستی خۆم نەبوو، نەک زمان، کاریگەریی کردبووە سەر ترپەی دڵ و رەنگ و رووم و ھەتا رۆییشتنیشم، لەوە دەچوو سیحرم لێکرابێ، بەڵام نازانم، کێ و کەی و بۆچی؟

بە شەرمێکی قوڵەوە لە تەکسییەکە دابەزیم بەرەو لای Cathrin چووم، لەگەڵ ئەوەی من دوانەکەوتبووم و ئەو پەلەی کردبوو و پێش من ئامادەی شوێنەکە بوو، بەڵام من ھەر داوای لێبووردنم لێکرد و ئەویش بە خەندەیەکی سادە و پاکەوە لێمی قبوڵ کرد، لە پرسگەکە ناویان نووسیم - کاوانی یاسین مستەفا -، سێ ناسنامەم پێبوو، بەڵام ئەویانم دەرھێنا، پێکەوە بە جووتە چووینە ناو پەیمانگاوە.

زۆرم ھەوڵ دا خۆم ئاسایی بھێنمە بەرچاو بۆیە بە نوکتەیەک گرێی گفتوگۆکانمان کردەوە، ئەو بە سەرلەقاندنەوە بۆ قسەکانی من پێداگریی دەکردەوە کە ھاوسەرگیریی ئەنجام بدەین، لۆژیکانە بیری دەکردەوە بەڵام لە خاڵە شارراوەکانی من بێئاگا بوو، بڕیارم دا گرێ بە گرێی ژیانی خۆمی بۆ باس بکەم.

لێم پرسی ناوم چیە؟ بە پێکەنینی نیمچە زویرییەوە گوتی: گاڵتەمان پێدەکەیت؟ زۆرم قسە بۆ کرد کە جارێ ئەو ناوەکەم نازانێ چ جای شتە گەورەکان و چۆنە وا بڕیاری ھاوسەرگیریی داوە، بە دەم گفتوگۆی نێوانمانەوە تا دەھات نھێنییەکانم ئاشکراتر دەکرد، زۆر جیاوازیی ھەبوو لە نێوانمان قسەمان لەسەر کرد و یەکێک لەوانە پێم گوت تۆ دەڵێی CAthrinی! ئەو ناوە لەوەوە ھاتبوو کە لە کاتی بینینی ئەودا بگەڕامایەتەوە ناو ھاوڕێیان (ئەوانەی زۆر نزیک بوون لێم)، بیانپرسیبایە لە کوێ بووی؟ دەمگوت ئەڵقەیەکی دیکەی (الحسناء و الوحش) مان تۆمار کرد ، ئەو Cathrin بوو با خوێنەر بڕیار لەسەر خۆم بدا.

ئەگەر خێزانە بەڕێز و شۆڕشگێڕەکەیانم نەناسیبایە گومانی گەورەم لێی دەکرد، دەمپرسی دەبێ بۆچی ئاوھا بەو شێوەیە گیرۆدەی ھاوسەربوونی من بێ؟ بە ھەر حاڵ، پێم گوت:

١- لە رووی شێوە و رواڵەتەوە ھیچ بەراوردێک لە نێوانماندا بەدی ناکەم.

گوتی: کەسایەتی تۆ بۆ من ھەموو شتێکە.
٢- تۆ قۆناغەکانی خوێندنت تەواو بڕیوە من دواقۆناغم جێھێشتووە.

گوتی: ئینجا کێ وەکی توو وەستای قسانە!
٣- تۆ لە خێزانێکی شیوعیی کراوەدایت و منیش سەر بە خێزانێکی مەلازادەی ئاینی داخراوم.

گوتی: من شوو بە تۆ دەکەم.
٤- ژیانی تایبەت و مەترسیداری خۆم بۆ ئاشکرا کرد و تێمگەیاند زروفی من مەترسیدارە، چونکە بە پێشمەرگایەتیی لە ناو شارداین و خۆمان رادەستی دوژمن نەکردووە و من ژیانم نایاساییە و تۆ بۆچی خۆت بە من دەبەستیتەوە.

گوتی: دەزانم.
٥- من خانووم نیە و نامبێ، تەنانەت بە شێوەیەکی کاتی شوێن بەکرێ دەگرین و زوو زوو خۆمان لەبەرچاو ون دەکەین نەبادا دوژمن شوێن پێمان ھەڵبگرێ.

گوتی: ئینجا قەیچی دەکا.
٦- ناتوانین ناوماڵ دابنێین، لە باتی تاقمی میوان و نووستن ماڵمان پڕ دەبێ لە دەزگا و تایپ و رۆنیۆ.

گوتی: لۆ حیزبە قەیناکا!
٧- لە جیاتی کەسوکاری ھەردوو لامان تەنھا ھاوڕێ و کادیرانی ڕێکخستنەکانی حیزب ھاتوچۆمان دەکەن.

گوتی: قەبووڵمە.
٨- دووپاتم کردەوە، بە جەختەوە پێم گوتەوە: کچێ ئەمانە ئاسان نیین و خۆیشم کادرێکی شاخم و قاچاغم لە بەعس، ھەر کاتێک بگیرێم چارەنووسی تۆ ھەمان چارەنووسی من دەبێ و بە دڵنیاییەوە من لەسێدارە دەدرێم.

گوتی: من دوای تۆ ژیانم بۆچییە؟

گوتی: داک و خوشکەکانم پێدەزانن و تویان خۆشدەوێ و داکم تشتەکی بە گوێی بابمدا چپاندییە، بەس جوانترە سێوچوار ھاوڕێ کۆ بکەیەوە و لەگەڵ بابمدا قسەی بکەن...

بڕیارمان دا ئەم کاری خێرە رۆژی ھەینی ھەنگاوی بۆ بنێین، مخابن لە دەمەدەمی ئەو قسانەدا بووین بیرم ھاتەوە کە ڕۆژی ھەینی ٢ \٣\١٩٩٠ لە کەرکوک ھاوڕێیەک ھەیە دەبێ بەسەری بکەمەوە بەڵام گوتم دەی گرفتێک نییە و ناچم بۆ کەرکوک.

گوتی: توخوا کاری حیزبیی دوا مەخە و بچۆ بۆ کەرکوک و رۆژی شەممە ئەگەر گەڕایتەوە وەرن بۆ لای باوکم.

بەسەر خۆمدا نەھێنا و بە لوتبەرزییەکەوە گوتم:

نا.. نا ئیشی حیزب بۆ ھیچ شتێک دواناخەم. (لە مەیاندا راستم نەدەکرد، چونکە زۆر بە گومان و دوودڵ بووم لەو برادەرەی کەرکوک).


٣\٢\١٩٩٠     


رۆژ ھەینییە، کات دەی بەیانییە، تازە لەو شوققەیەی دەکەوێتە سەرەوەی - مەتعەم شاھین - لە رێگەی بەغدا بەرامبەر - ادارە المحلیە - دابەزیبووم و لە شەقامە سەرەکییەکە بەرەو کۆڵانی تەنیشتی لای خوارەوەی - ادارە المحلیە - بەڕێ کەوتم، مەوعیدەکەمان ١٠ بەیانی بوو، لە دوورەوە لە شوێنی مەوعیدەکە و لە چواردەوری خۆمم دەڕوانی.

ئۆتۆمبیلێکی بەرازیلی پێشی لێگرتم، سوپەرێکیش لە دواومەوە خشەی ھات و کۆمەڵێک ھێرشیان بۆ ھێنام، بە شەڕە دەست داکۆکییم لە خۆم کرد، دوای دەستوەشاندنێکی توند لە یەکێکیان و خۆڕاپسکاندن و ھەوڵی راکردنم، لە دووری ٣ مەترەوە گوێم لە چەند تەقەیەک بوو، یەکێکیان ھەڵی دامە ئاسمان، بەرچاوم رەش بوو و کەوتم، بە زەوییەکەدا رامیانکێشایە ناو سەیارەیەکیان، من خۆڕاپسکان و ھوتاف، ئەوانیش جنێوی ناشیرین و کەللە و بۆکس، خڵتەی زەحمەتکێشان ھوشیارییان نەبێت لە دڕندایەتییدا بێھاوتان و زۆربەیان لە دەزگا سەرکوتگەراییەکانی رژێمە فاشیستەکان نرخی خۆیان دەدۆڕێنن.

جارجارە چاوم دەکرایەوە دەوروبەرم دەبینی و جارجارەش رەشایی بەسەردا دەھاتەوە، لەسەر قەرەوێڵەیەک پاڵیان خستم، دەوروبەرم وەکو شارە زەردەواڵە وروژابوو، لەم وشانە زیاترم بەرگوێ نەدەکەوت: (شیوعی، مخرب، ابن الکحبە یقاوم ، ننیج اخواتکم...)، دەڕشانەوە، گوێم لە کوردێک بوو بە دیار سەرمەوە بە کوردی قسەی کرد، بە ئەسبایی پێم گوت: تۆ کوردی؟ گوتی: ئا، گوتم بە قوربانت بم چاکەتێک لەبەرما بوو دایانکەندووە، پارە و شتی تیایە، پارەکە بۆ خۆت دەربێنە و شتەکان تەڵەف بکە، دوای کەمێک ژاوەژاوەکە زیادی کرد، ئەو کوردە نامەردە شتەکانمی تەسلیمیان کردبوو، پۆستەی حیزبی و بڵاوکراوەکان و سێ ناسنامەی ساختە و کلیلی زۆر و ژمارە تەلەفۆنەکان (ژمارەکان بە شێوەیەک نوسرابوون بەس خۆم سەرم لێی دەردەکرد)، دانەجیڕە و رق ھێندەی تر توڕەمی کرد، چاوم کرایەوە، ئەوانەی بە دیارمەوە بوون پلەی ئەفسەری جۆراوجۆر بوون، کەوتنە پرسیار لێم، لە پێشدا گوتیان: ئێرە خەستەخانەی سەربازیی کەرکوکە، مەترسە و چاکت دەکەینەوە و تۆش یارمەتیمان بدە، گوڕ و تینم وەبەر خۆم ناو و ویستم سەر بەرز بکەمەوە وایانزانی قسەیان بۆ دەکەم بۆیە یەکێکیان وەکو ھاریکاریی کردنم دەستی نایە ژێر سەرم و منیش ھێزی زیاترم وەبەر خۆم ناو دەیان چاو لێمیان دەڕوانی، وێنەیەکی سەدام حوسێن لە بەرامبەرم بە دیوارەکەوە ھەڵواسرابوو، کەمێک تەڕایی لە دەممدا مابوو ئەویشم کردە تۆپەڵە تفێک و ئاراستەی وێنەکەی سەدامم کرد، نەمزانی زللەیەک لە کوێوە ھات، بەڵام دەزانم ئەو زللەیە لە بەنگ و نەشتەرگەری سک کرانەوە و کۆلۆستمیش بەکارتر بوو، دوای چەند رۆژێک بەئاگا ھاتم شەش سۆندەم پێوە بوو، ھەردوو دەست و ھەردوو پێشم کەلەپچە کرابوون، سیانزە تەقەڵ سکم ھەڵدڕابوو، لە تەنیشتەوە پیساییم دەکرد، بەو حاڵەشەوە گەرەنتی ئەوەیان دەدامێ ئەگەر ھاوکارییان بکەم خۆشەویستەکەمم بۆ دەخوازن، ئەگەر نا ئەوا دەچن خۆشەویستەکەم دەھێنن و چ کارێک خراپ بێ پێی دەکەن.

منیش بڕیارم دا مردنێکی مەردانە ھەڵبژێرم لە پێناوی سەربەرزڕاگرتنی خۆشەویستەکەمدا تەنانەت نابێ بە یەک وشەش سوود لە من ببینن.

دوای ئەوەی کردمیانە ژوورێکی تاکەکەسیی پیسەوە و دەرگایان لەسەرم داخست و ھێدی ھێدی چاوم رووناکی تێکەوت، پاڕانەوە و نزا و نووسینی ناوی خوا و پێغەمبەر و ئایەت دیوارەکانی پڕ کردبوو، منیش بە کڕانەوەیەکی لەسەرخۆ نووسیم ..... یا Cathrin ..... بەڵام ئەویش وەکو حیزبەکەم کە کەوتە خۆشییەوە منی بیر چوەوە.

لە کۆتاییدا ھێندە ماوە بڵێم ئەگەر ھێزی دەرەکی نەبووایە ئەوا حیزبەکان مەترسییان بۆ سەر بەعس نەبوو، چونکە ھەموویان بە جاسوسی بەعس لوغمڕێژ کرابوون.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک