١٥\٨\٢٠٢٤
ڕۆژانی ٣١ی ئاب.
دلشاد خدر
پێش
٣١ی ئاب، دوو جەولەی شەڕ لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و پارتی ڕووی دابوو.
لە جەولەی یەکەمدا، بادینان بۆ پارتی و ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان بۆ
یەکێتی، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا یەکلا ببوونەوە. شاری هەولێر بە تایبەتی
نێو شارەکە، چەکدارانی هەردوو لای تێدا مابوونەوە. بەشێوەیەکی گشتی لە
نێو شاری هەولێردا یەکێتی زیاتر دەستکراوە بوو، چونکە هێزەکانی پارتی
لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی نێو شاری هەولێردا قەتیس کرابوون.
لە جەولەی دووەمدا، یەکێتی دەستی بەسەر هەولێردا گرت و هێزەکانی پارتی
تەنیا لە نێو بارەگاکانی شیراتۆن و لقی دوو مابوونەوە. پاش گرتنەوەی
کەسنەزان لەلایەن هێزەکانی پارتییەوە، یەکێتی بۆ تۆڵەی ئەو شکستە
سەربازییەی کە لە کەسنەزان دووچاری بووبوو، پەلاماری بارەگای لقی دوو و
شیراتۆنی دا و لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا دەستی بەسەر هەردووکیاندا گرت.
هەرچەندە گرتنی ئەو دوو شوێنە هیچ پێویست نەبوون، چونکە هەر دوو
شوێنەکە لە ڕووی عەسکەرییەوە هیچ گرنگییەکیان نەبوو. لەو لاشەوە بە
هێزەکانی یەکێتیش چوار دەوریان گیرابوو و تەواوی شاریش لەژێر دەسەڵاتی
یەکێتیدا بوو. مانەوەی بارەگای لقی دوو و شیراتۆن بەو شێوەیە لە
بەرژەوەندیی یەکێتیدا بوون، چونکە پەنجەرەیەکی کراوە بوو بۆ مانەوەی
شێوازێک لە پەیوەندیی لەگەڵ پارتیدا و فشار خستنە سەری بە ئامانجی
داخوازییەکانی خۆی، چونکە پارتی لەپێناو پاراستنی گیانی ئەو هێزە و
بەرپرسەکانی پارتی لە نێو ئەو دوو بارەگایەدا، لەوانەبوو دەستی بۆ زۆر
کار نەبردایە.
ئەوکاتی تەواوی سوپای دوو و لقی دوو و دوو ئەندامی سەرکردایەتی پارتیش
لەنێو ئەو دوو بارەگایەدا بوون (کاک سلاح دەلۆ و کۆچکردوو ماموستا سەعد
عبدولا. چەند رۆژێک پێش پەلامارەکەی یەکێتی بۆ سەر لقی دوو و شیراتۆن
کاک مەحمودە سوورو کۆچکردوو مەلا مەحەمەدیش لە وێبوون).
بەرپرسانی یەکێتی لە هەولێر بۆ شاردنەوەی شکستی هێزەکانیان لە کەسنەزان
پێویستیان بە سەرکەوتنێکی ئاسان و بەپەلە بوو. ئەو دوو بارەگایەش
گرتنیان ئاسان بوو، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی لە هەولێر پەنایان بۆ
گرتنی ئەو دوو بارەگایە برد (هەردوو بارەگایەکە لە ڕووی سەربازییەوە
کەوتوو بوون، چونکە هەر چوار دەوریان بە هێزەکانی یەکێتی گیرابوو)،
هێزەکانی پارتیش تا نێو شارۆچکەی مەلائومەر ڕاو نرابوون.
پاش ئەوەی پارتی لە هەولێر وەدەرنرا، پارتی هەموو بازگەکانی بە ڕووی
هاتنی خۆراک بۆ شاری هەولێر و ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا
داخست و بەو هۆکارەوە کێشەیەکی گەورەی کەمیی خۆراک شاری هەولێر و
ناچەکانی تری گرتەوە (ئەو کاتی سەرچاوەی سەرەکیی هاتنی خۆراک تورکیا
بوو ئەو سنوورەش بەدەست پارتییەوە بوو)، و لە سەرەتادا یەک کیلۆی شەکر
لە بازاڕی هەولێر گەیشتە ١٠٠ دیناری ئەسڵی، لە کاتێکدا فەرمانبەرێک
مانگانە ٢٠٠ دیناری وەک موچە وەردەگرت. هەر لەو ماوەیەدا هێزەکانی
پارتی چەندین جار هێرشی بەرفراوانیان بۆ گرتنەوەی هەولێر ئەنجام دا،
بەڵام بەهۆی بەرگرییەکانی یەکێتی، هێرشەکان دووچاری شکست دەبوونەوە.
دەرئەنجام پارتی بێهیوا بوو لەوەی کە بتوانێ بەو هێزانەی هەیەتی یەکێتی
لە هەولێر وەدەرنێت.
چاودێرانی سیاسییش ئەوکات لە نزیکەوە ئاگاداری پەیوەندییەکانی نێوان
پارتی و ڕژێمی بەعس بوون. پێش ٣١ی ئابیش هێزەکانی ڕژێم لە هەندێک شەڕدا
یارمەتییەکی سنوورداری هێزەکانی پارتیان دابوو. بە تایبەتی لە هێرشەکەی
پارتی لە تەممووزی ١٩٩٥ بۆ سەر هەولێر کە لە ڕێگای مووسڵەوە ئەنجامی دا.
ئەو کات یەکێتی و هەموو چاودێرانی سیاسی لە نزیکەوە ئاگادار بوون کە
پارتی و ڕژێم تەنسیقێکی ئەمنی و سەربازییان لە نێواندا هەیە بۆ لێدانی
یەکێتی. بەڵام ئەوەی یەکێتی بە هەڵەدا بردبوو، بڕیاری پاراستنی هێڵی ٣٦
بوو، کە گوایە هێزەکانی هاوپەیمانان ڕێگا نادەن ڕژێمی بەعس بە چەکی
قورسەوە ئەو هێڵە ببەزێنێت.
تا چەندین ڕۆژ دوای ٣١ی ئابیش سەرکردایەتی یەکێتی هەر چاوەڕوانی
پەرچەکرداری هێزەکانی پاراستنی هێڵێ ٣٦ بوون! بۆ ڕاستی ئەو بۆچوونەش،
یەکێتی هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەوشێکی وا
نەکردبوو. هەر هیچ نەبایە، یەکێتی دەیتوانی ئەو ژمارە زۆرەی لەو
بەرپرسانەی یەکێتی (بەتایبەتی سیاسییەکانیان)، کە هیچ پێویست نەبوو لە
ڕەوشێکی وادا لە هەولێربن، بە بڕیارێک هەر ئەو شەوی لە هەولێری دووری
خستبانەوە. بەڵام ئەوەشی نەکرد!
هەرچەند لەو کاتەوە تا ئێستا، پارتی چەندین پاساوی بۆ ئەو کارەی
هێناوەتەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە ئەو ڕاستییە لە
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بشارێتەوە کە پارتی هەر لە سەرەتای یاخیبوونە
چەکدارییەکەی ١٩٦١ تا ئێستاش لەپێناو مانەوە و بەردەوامی بە باڵادەستی،
پەنای بۆ هەموو کارێک بردووە. بەتایبەتی وابەستەبوون بە وڵاتانی
ناوچەکە و لەو بوارەشدا سڵی لە هیچ نەکردۆتەوە لەپراکتیزەکردنی ئەو
وابەستەییەشدا هیچ سنوورێکی نەپاراستووە بە ئاشکرا ئەو ئەرکانەی داوای
لێ کراوە ئەنجامی داوە! بۆ ئەمەش بێگومان نموونە زۆرن. هەر لە
تەسلیمکردنەوەی تێکۆشەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ڕژێمی شا لە
ناوەڕاستی شەستەکانەوە تا کۆتایی هاتنی یاخیبوونە چەکدارییەکەیان لە
ئەنجامی ڕێککەوتننامەی نێوان عێراق و ئێران لە جەزائیردا.
پاشان بەشداریی شەڕەکانی پاسداران بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوەکانی
کوردستانی ئێران لە کۆتاییەکانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا. پاش
ڕاپەرینیش شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان لەبڕی تورکیا ... هتد!
لەسەرەتادا پارتی بۆ ئەو کارەی ئەو پاساوەی دەهێنایەوە، کە گوایە پارتی
وەک حیزب و هێز پاش هێرشەکانی یەکێتی کە بە یارمەتی سوپای پاسداران بۆ
سەر ناوچەکانی حاجی ئۆمەران ئەنجام دران، کەوتۆتە دۆخێکی ناهەموار و لە
لەنێوچوون نزیک بۆتەوە. بەردەوامبوونی ئەو دۆخەش لە داهاتوودا، پارتی
لە گۆڕەپانەکە بە شێوەیەک لاواز دەکات کە کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکان
نامێنێت، بۆیە لەپێناو مانەوەی لە گۆڕەپانەکەدا پەنای بۆ سوپای بەعس
برد.
بەڵام ڕاستییەکان شتێکی ترن. بەگوێرەی ئەو دیکومێنتانەی بەر دەستن
پارتی هەر لە دوای ڕاپەرینەوە شێوازێک لە پەیوەندیی ئەمنی و موخابەراتی،
لەسەر ئاستێکی زۆر بەرز، لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا هەبووە. هەر بۆ نمونە لە
هێرشەکانی ئۆپۆزیسیونی عیراق لەگەل هێزە کوردستانیەکان لە بەهاری ١٩٩٥
بۆ سەر هێزەکانی بەعس لە سنورەکانی کوردستان پارتی نەک بەشداری ئەو
هێرشانەی نەکرد بەلکو رێگریشی کرد لەوەی کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی
ئەودا هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی بەعس.
پیلانی٣١ی ئابیش، ماوەیەکی درێژ پێش ٣١ی ئاب لە نێوان ڕژێمی بەعس و
پارتی نەخشەی بۆ داڕیژرابوو. بۆ ڕاستی ئەو بۆچوونەش هەر لە دوای ٣١ی
ئابدا ڕۆژنامەی جەماهیری سووری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فاروق الشرع وەزیری
دەرەوەی ئەو کاتی سووریا لەسەر ڕووداوەکانی ٣١ی ئابدا ئەنجام دابوو.
وەزیری ناوبراو بەڕاشکاوی لەو چاوپێکەوتنەدا، ئاماژەی بەوە کردبوو کە
ئەو کاتەی کاک مەسعود بارزانی هاتە ئێرە (مەبەستی سەردانەکەی کاک
مەسعود بوو کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٦ بۆ سووریا ئەنجامی داو حکومەتی
سووریا لە ڕاگەیاندنەکانیدا گرنگییەکی زۆری بەو سەردانە دا)، تەواوی
پیلانەکەی خستە بەر دیدی ئێمە و پرسیاری هەڵوێستی ئێمەی کرد. ئێمەش پاش
دیراسەی هەمەلایەنەی دەرئەنجامەکانی ئەو پیلانە ڕەزامەندیمان داوەتێ (مەبەستی
کاک مەسعود بوو)، چونکە خۆتان دەزانن ئێمە وەک دەوڵەتی سووریا لە
باشوور ئیسرائیل گەماڕۆی داوین و لە باکووریش تورکیا. ئێمە پێمان باشە
حکومەتی عێراق ئەو بۆشاییە ئیدارییەی لە باکووری عێراق پڕ کاتەوە کە لە
ئەنجامی ڕاپەرین هاتووەتە کایەوە، نەوەک لە داهاتوودا تورکیا پڕی
بکاتەوە، ئەگەر تورکیا پڕی بکاتەوە ئەو کات ئێمە بە تەواوی گەماڕۆ
دەدرێین.
هەر بۆیەش ئەو کات هەلوێستی پەکەکە بەگشتی و بەرێز عەبدوڵلا ئۆجەلان
بەتایبەتی هەمان هەڵوێستی حکومەتی سووریا بوون. عەبدوڵلا ئۆجەلان
بەئاشکراو بەزەقی لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا
بەرگریی لە هێنانی سوپای عێراق لەلایەن کاک مەسعودەوە دەکرد و مام
جەلالی بە نەزانی سیاسی دەناساند.
پاساوی مەددی ئێرانیش لە عێراقدا، ئەویش هەر بۆ چەواشەکاری بوو، چونکە
هەموومان پەیوەندیی نێوان پارتی و ساواک لەسەردەمی شادا دەزانین.
پاشانیش پارتی و هێزە چەکدارییەکەی هەر لە دوای هاتنە سەرکاری خومەینی
بوونە بەشێک لە هێزی پاسداران. زۆریش چالاکانە لە شەڕەکانی دژ بە
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوونە و لە زۆرینەی
شەڕ و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر عێراقیش شانبەشانی پاسداران بەشدارییان
دەکرد (هێرشەکانی سوپای پاسداران لە سنوورەکانی کوردستان)، بەڵگەو
نموونەی بەرچاویش هێرشەکانی سوپای پاسداران بوو بە هاوبەشی لەگەڵ
چەکدارەکانی پارتی لە مانگی حەوتی ساڵی ١٩٨٣ بۆ سەر حاجی ئۆمەران کە لە
ئاکامدا پێنج هەزار بارزانی لە شارۆچکەی قوشتەپە بوونە قوربانی ئەو
هاوکارییەی نێوان ئێران و پارتی!
لە ٢٦ی تەمموزی ١٩٩٦ یەکێتی بۆ ئەوەی کۆمەکی ئێران بۆ خۆی لە شەڕی دژ
بە پارتی مسۆگەر بکات! کۆمەکی سوپای پاسدارانی کرد بۆ لێدانی
بارەگاکانی حدکا ( حدکا کورتکراوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە)
لە کۆیە! هەرچەند مام جەلال رۆژێک پێش هێرشەکە لە ژێرەوە پەیامی بۆ
سەرکردایەتیی حدکا ناردبوو ئاگاداری کردبوونەوە کە بەیانی سوپای
پازداران هێرش دەکاتە سەر بارەگایەکانیان لە کۆیی. هەر ئەو هۆکارەش
بوو کە برادەرانی حدکا لەو هێرشەدا بێ زیانی گیانی بوون، بەڵام هەموو
بنەماڵەکانی نێو ئەو بارەگایە ئاوارە بوون و هاتنە شارۆچکەی عەنکاوە بۆ
بەردەم بارەگای ئون. خەلکی هەولێر کۆمەکێکی زۆری ئاوارەکانیان کرد!
ئیمەش لە حیزبی شوعیدا زۆرمان کۆمەک هەم بە ئاوارەکان هەم بە حیزبی
دیموکرات کرد. سەرلەبەیانیەکەی هاورێیان منیان راسپارت کە بچمە بارەگای
حدکا لە هەولێر و پێیان رابگەینم کە ئێمە وەک دۆستێکی دێرینی حدکا
هەرچیمان لەدەست بێت ئامادەین هاوکارییانبین! ئەوکاتی کاک مستەفای هجری
لە بارەگای پەیوەندیەکانی حدکا بوو لە هەولێر، کاک مستەفا سوپاسی
حیزبمانی کردوو گوتی ئەگەر بتوانن لە رێگای هاورێیانتان لە عەنکاوە
کۆمەکی ئاوارەکان بکەن، ئەو رۆژانە من زۆربەی کاتەکان لەگەل برادەرانی
حدکا بووم. ئیوارەکەی دەنگۆیەک هەبوو کە ئیتلاعات بە نیازە لە رێگای
پیاوەکانیان دەست لە بارەگای پەیوەندیەکانی حدکا بەوەشێنن (سکرتێری
حیزب و هەر سێ ئەندامی مەکەتەبی سیاسی و کۆمەلێک ئەندامانی سەرکردایەتی
و ژمارەیەک لە کادیرانی پێشکەوتووی حدکا لە نێو بارەگایەکەدابوون)،
ئیمە لە ژوورەکەی کۆچکردوو کەریم ئەحمەد دانیشتبووین باسی ئەو
دەنگۆیەمان دەکرد! بۆچونێک هاتە پێش کە ئیمە لە حیزبی شیوعیدا بتوانین
لە مالەکانی خۆماندا بیانپارێزین.لە نێو هەموو هاورێیاندا تەنیا هاورێ
مەلا حەسەن ئامادەیی خۆی نیشاندا کە دەتوانن مالی وانیش بەکاربێنن بۆ
پاراستنی هاورێیانی حدکا ( لەکاتیکدا کاک کەمال شاکر وەزیربوو و
پارێزبەندی هەبوو و لە مالێکی گەورەی حکومیشدا دانیشتبوو)، ئیوارە من و
هاورێ هاوتا و چەند پێشمەرگەیەکی حیزب چووینە بارەگای حدکا لە هەولێر.
کاتێ ئیمە گەیشتین ماموستا عەبدولا حەسنزادە لەگەل ئەندامانی
سەرکردایەتی و کادیرە پێشکەوتووەکانی حدکا لە نیو باغچە بچوکەکەی
حەوشەی بارەگایەکەدا لە کۆبونەوە دابوو!! پاش تەواو بوونی کۆبونەوەکە
من چوومە لای ماموستا و پێم راگەیاند کە دەنگۆیەکی وا هەیە کە لێرە
دەستتان لێوەدەشینن! بۆیە باشترە ئەو قەلەبالغیە لە بارەگایەکە کەم
کەنەوە و هەمووشتان لێرە مەبن و ئێمە پێمان باشە هەندێکتان تەوزیعی
مالەکانئ ئیمە بن!! ماموستا پێشنیارەکەی ئیمەی قبولکردوو هەر ئەو شەوی
کاک مستەفاو کاک بابەعەلیمان بردە مالی کۆچکردوو مەلا حەسەن و ژمارەیەک
پێشمەرگەمان لەوێ بەجێهێشت بۆ پاریزگاریان و ماموستا عبدوڵا حەسەن زادە
و کۆچکردوو کاک سەید سەلاممان هێنا مالی ئیمە، من و هاورێ هاوتا و
هاورێ وەیسی و هەندیک لە پێشمەرگەکانی حدکا تا بەیانی پاسەوانیمان
لێکردن و بەیانی پاش نانخواردنی بەیانی هەرچوارمان گەیاندەوە بارەگای
پەیوەندیەکانی حدکا لە هەولێر! ئەو ماوەیەی بنەمالەکانی حدکا لەبەردەم
بارەگایئون بوون زۆریەنەی هاورێیان و خەلکی تیکوشەری هەولێر یارمەتی
ئاوارەکانیان دەکرد!! بۆ پاراستنی شتە گرنگەکانی نێو بارەگای حدکا لە
کۆی هەموویان هێنا نیو بارەگایەکانی ئێمە لە هەولیر و عێنکاوە.
ئەو هێرشە یەکەم کاری هاوبەشی یەکێتی و سوپای پاسداران بوو لە نێو خاکی
هەرێمدا دژ بە ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی ڕۆژهەلات ( هەر لەدوای راپەرینەوە
ژمارەیەکی زۆر لە کادیرو پێشمەرگەکانی حیزبە کوردیەکانی رۆژهەلات لە
نێو خاکی هەرێمدا تیرورکران)! بەڵام ئەو کارەی یەکێتی هەنگاوێکی ترسناک
بوو بۆ کردنەوەی دەرگای هاتنەناوەوەی هێزەکانی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان بۆ
ناو خاکی هەرێم!
لەگەڵ ئەوەی خودی مام جەلال باش ئاگاداری پەیوەندییەکانی پارتی و بەعس
بوو لە هەمان کاتیشدا دیسان زۆر بەباشی عەقڵیەتی پارتی دەناسی! چ
پێویست بوو ئەو خیانەتە نەتەوەییە بکات دژ بە حدکا تەنیا لەپێناو
مسۆگەرکردنی کۆمەکێکی سنوورداری سوپای پاسداران! لەکاتێکدا هەموو کەس
دەیزانی ئێران بەهۆی فشارەکانی ڕۆژئاواوە نەیدەتوانی بە بەردەوامی و بە
هێزێکی گەورەوە بێتە نێو خاکی هەرێم!
لە کاتێکدا بوونی ئەو بۆشاییە کە لە ئەنجامی پاراستی زۆنی هێڵی ٣٦
دروست بووبوو! هەم ئیدارەکە و هەم زۆرێک لە خەڵکەکەی بە کۆمەک و
یارمەتییەکانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بەڕێوە دەچوون چ پێویستی دەکرد
ئەو دوو هێزە بیر لە لەنێوبردنی یەکتری بکەنەوە! لە کاتێکدا دەیان
پیلان بۆ لەنێوبردنی ئەو فرسەتە لەلایەن دوژمنانی نەتەوەکەمان لە
ئارادا بوون! بەڵام ئەوانە هەردوو لایان هەر لە دوای دووکەرت بوونەکەی
١٩٦٤ وە (باڵی مەکتەبی سیاسی و باڵی مەکتەبی عەسکەری)، ئامانجی
سەرەکییان کۆتایی پێهینانی لایەنەکەی تر بووە بە هەر ڕێگایەک بێت! تا
ئاستێک ڕاستە ئەگەر بڵێین هەردوو لایان دوژمنی سەرەکییان لایەکەی تر
بووە نەک حکومەتی ناوەندی (هەر لە دوای دووکەرتبوونەکەوە تا ئیستاش).
پاش هێرشەکەی یەکێتی و پاسداران بۆ سەر بارەگایەکانی حدکا، یەکێتی بە
هاوکاریی ئێران و عەشیرەتی برادۆستی و هەندێک لە سورچییەکان بە نیازی
وەدەرنانی هێزەکانی پارتی لەو ناوچانەدا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر
ناوچەکانی حاجی ئۆمەران ئەنجام دا؛ لە هێرشەکەدا پارتی زیانێکی گیانی
گەورەی بەر کەوت، بەڵام هێرشەکە سەرکەوتوو نەبوو و نەیانتوانی ئەو
ناوچانە بگرن. لە ڕاستیدا ئەو هێرشە کە هیچ پێویست نەبوو، چونکە یەکێتی
دوو گەورەترین لە شارەکانی هەرێمی لەبەر دەستدا بوو. هەرچەند پێشتریش
هێزە ئیقلیمییەکان بە ناڕاستەوخۆ لە شەڕەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا
بەشدار بووبوون، بەڵام ئەو هێرشە هاوبەشەی یەکێتی و عەشیرەتی برادۆستی
بە هاوکاریی ئێران دەرگای بۆ ئەوە کردەوە کە هێزە ئیقلیمییەکان
ڕاستەوخۆ بێنە نێو شەڕەکانی یەکێتی و پارتی!
پێش ٣١ی ئاب، لە ١٦ی حوزێرانی ١٩٩٦ پارتی هێرشێکی کەمەرشکێنی بۆ سەر
شارەدێی کەڵەکین ئەنجام دا، کە ناوەندی حیزبی موحافزین بوو (عەشیرەتی
سورچی)، گوایە هاوپەیمانی یەکێتین بۆ لێدانی پارتی. لەم هێرشەیدا
هێزەکانی پارتی دەستیان لە هیچ نەپاراست. لە ئەنجامدا زۆرینەی
حیزبەکانی کوردستان دژی ئەو هێرشە ناڕەوایە بەیاننامەیان دەرکرد، بەڵام
پارتی بێمننەت بوو لە هەمووان. پەیوەندیی لەگەڵ هەموو ئەو حیزبانەش بڕی
کە بەیاننامەیان دژی ئەو هێرشە دەرکردبوو بە حیزبی شیوعیی
کوردستانیشەوە؛ هەر پاش ئەو هێرشە پارتی یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی
پارتی کردەوە. لە ئاهەنگەکاندا بە بێمننەتی لە ئێران گرنگییەکی زۆری بە
شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا و شوێنی تایبەتی لە هەرە
پێشەوەی ئاهەنگەکە بۆ دیاری کردبوو.
لەکاتی هێرشەکانی پاسداران و یەکێتی بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی
کوردستانی ئێران لە کۆیە (لە ٢٦ی تەموزی ١٩٩٦)، هێزەکەی پاسداران کە بە
دەروازەی باشماخەوە هاتبوونە نێو هەرێم و دەیانویست بە حاجی ئومەراندا
بگەڕێنەوە نێو خاکی ئێران، بەڵام پارتی ڕێگای بەو هێزە نەدا بە حاجی
ئومەراندا بگەڕێتەوە، بۆیە هێزەکە بەناچاری بەو ڕێگایەدا گەڕایەوە کە
پێیدا هاتبوو. لە دەزگا راگەیاندنەکانی پارتی هێرشی توند بۆ سەر ئەو
هێرشانە دەکران و ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی پارتی کۆمەکیان بۆ
ئاوارەکانی حیزبی دیموکرات کۆ دەکردەوە. ئەو هەڵسوکەوتانەی پارتی بە
ئاشکرا ئەوەیان پێوە دیار بوو کە ئێستا پارتی پێویستی بە ئێران نەماوە
و هێزێکی باشتر لە ئێرانی بۆ پاڵپشتی خۆی مسۆگەر کردووە.
هەرچەند ئەو ڕووداوە بە ٣١ی ئاب ناو دەبرێت، بەڵام هەڵمەتەکە لە ٣٠ی
ئابدا، کە دەیکردە ڕۆژی هەینی دەستی پێ کرد. لە سەرەتادا هێزە
سەرەکییەکەی ڕژێم لە دەروازەی شارۆچکەی خەبات هاتە نێو هەرێم و هەر
لەوێشدا هێزە سەرەکییەکەی پارتی کە زەعیم عەلی سەرپەرشتی دەکرد لە
پێشوازیاندا بوو. هەمان ئێوارەی ٣٠ی ئاب ئەو هێزە بێژمارەی کە بە
پێشکەوتووترین چەک چەکدار بوون هاتنە نێو شارۆچکەی خەبات. لەسەرەتادا
بۆ ئەوەی کارەکەیان هەر بەنهێنی بمێنێتەوە، بارەگای حیزبەکانی تریان لە
خەبات داخست. بە تایبەتی ئەو بارەگایانەی کە جیهازی بێتەلیان هەبوو.
هەر ئەو ئێوارەیە پێش دەست بەسەرداگرتنی بارەگای حیزبی شیوعی لە خەبات،
هاوڕێیانی بارەگای خەبات لە ڕێگای برووسکەیەکدا هەموو زانیاریەکانیان
گەیاندە هاوڕێیانی هەولێر و مەکتەبی سیاسی. هەر لە هەمان ئێوارەدا
هەندێک لە هاوڕێیانی بارەگای شارەدێی خەبات بۆ خۆڕزگارکردن چووبوونە
بارەگای حیزب لە شەقڵاوە. هەر ئەو بروسکەیە بووە هۆکاری ئەوەی هاوڕێیان
زیاتر بکەونە خۆ. لەگەڵ ئەو زانیاریانەشدا دیسان زۆرینەی هاوڕێیان
پێیان وابوو کە هێزەکانی ڕژێم نایەنە نێو شاری هەولێر و هەر لە دەرەوەی
هەولێر لە ڕێگای تۆپە دورهاوێژەکانەوە، بۆ وەدەرنانی یەکێتی لە شاری
هەولێردا، یارمەتی هێزەکانی پارتی دەدەن.
ئەگەر سەیری هەڵبژاردنی ڕۆژەکەش بکەیت بۆت دەردەکەوێت کە چەند زیرەکانە
ئەو ڕۆژەیان هەڵبژاردووە. ٣٠ی ئاب ڕۆژی هەینی بوو کە زۆربەی خەڵکی
هەرێم لە پشوودان بوون. ڕۆژانی ٣١ی ئاب و یەکی سێپتەمبەریش شەممە و
یەکشەممە بوون، کە لە دونیای ڕۆژئاوا و ئەمەریکادا پشووی هەفتەیە و
هەموو دەزگا فەرمییەکان و ناوەندی بڕیارەکان لەپشوودانن. لە ئەگەری
رێلێگرتنی هێزەکەی ڕژێمیش بۆ نێو هێڵی ٣٦ لەلایەن ئەمەریکاوە دیسان
زۆرینەی ناوەندەکانی دەسەڵات لە ڕۆژئاوادا لە پشوودانن و ناتوانن هیچ
بڕیارێک بۆبەرهەڵستکاری ئەو سەرکێشییەی ڕژێم بەو خێراییە وەرگرن.
ئێمە هاورێیانی حیزبی شیوعی خۆمان ڕۆژی ٢٩ی ئاب تا ئێوارە لە بارەگای
مەکتەبی سیاسی مابووینەوە و هیچ دەنگوباسێک نەبوو. بەڵکو ڕۆژێکی زۆر
ئاسایی بوو. ڕۆژی دواییش کە هەینی بوو زۆرینەی هاوڕێیان لە ماڵەوە
دەمانەوە مەگەر هاوڕێیەک ئەگەر کارێک، یان چاوپێکەوتنێکی لە بارەگادا
هەبا دەهات بۆ بارەگا.
ئەو ڕۆژە من خۆم لەماڵەوە بووم. نێوەڕۆیەکەی لەگەڵ دایکم بە سەردان
چوبووینە ماڵی خزمێک لە گەڕەکی کۆماری و ئێوارەکەی بەنیاز بووین هەر بە
پێیان بگەڕێینەوە ماڵەوە. لە ڕێگای گەڕانەوەماندا سەردانێکی عیادەی کاک
فوئاد عبدالقادرم لە گەرەکی موفتی کرد، کە کەوتبووە سەر ڕێگاکەمان.
ناوبراو یەکسەر باسی ئەوەی کرد کە بەنزین لە بازاڕ نەماوە و دەنگۆی
هێرشی بەعس بۆ سەر شاری هەولێر هەیە. من دایکمم هەر لەوێ بەجێ هێشت و
یەکسەر تەکسییەکم گرت و چوومە بارەگای مەحەلی و هاوڕێ سروودم لە بارەگا
دیت ( ئەوکات هاورێ سرود سکرتێری ەحەلی هەولێر بوو). ئەویش هەواڵەکەی
پشت ڕاستکردەوە وتی ئەو زانیارییانەی گەیشتۆتە ئێمە ئەوەیە کە پارتی
هێرش دەکات و ڕژێمیش لە ڕێگای تۆپە دوورهاوێژەکانەوە پاڵپشتی هێرشەکانی
پارتی دەکات. لە بارەگای مەحەلی چوومە دەرێ و دیسان تەکسییەکی ترم گرت
و خۆم گەیاندە بارەگای مەکتەبی سیاسی کە ئەوکات لە چور رێانەکەی
عێنکاوە بوو و چاوم بە مامۆستا قادر کەوت کە ئەو کات بەرپرسی ئیدارەی
بارەگا بوو. ئەویش هەمان قسەی هاوڕێ سروودی کردەوە. من هەر لە بارەگا
مامەوە تا کاک حەیدەر فەیلی کە بە سەردان چوو بووە لای برادەرانی
یەکێتی و گەڕایەوە بارەگای مەکتەبی سیاسی. کاک حەیدەر وتی: برادەرانی
یەکێتی زانیاریی تەواویان لەسەر هاتنی هێزەکانی ڕژێم بۆ نێو شارۆچکەی
خەبات هەیە. ئەوان بە نیازن بەرگریی بکەن و پێیان وایە ئەمەریکا ڕێگا
نادات ئەو هێزەی ڕژێم بێتە نێو شاری هەولێر و هێزەکانی پارتییش وەک
چەندین جاری پێشوو بە تەنیا هیچیان پێ ناکرێت و بەڵکوو ئەمجارە تووشی
شکستێکی گەورەی سەربازی دەبن! کاک حەیدەر وتی: ئێمە پێشنیارمان بۆیان
کرد کە لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە هەواڵی هێرشی ڕژێم بۆ سەر هەولێر بە
خەڵکی هەولێر ڕابگەیندرێت بۆ ئەوەی هەر کەسێک پێی دەکرێت بەرگری بکات و
خەڵکی هەولێریش بتوانن پێشوەختە خۆیان بۆ ئەگەرێکی وا ئامادە بکەن.
بەڵام وەڵامی ئەوان ئەوەبووە کە ئەو هەواڵە دەبێتە هۆکاری ڕووخانی ورەی
خەڵکی هەولێر و چەکدارەکانی یەکێتی لە هەولێر، بۆیە هەواڵەکە هەر
بەشاراوەیی مایەوە، تا خەڵکی هەولێر بۆ بەیانی بە دەنگی تۆپەکانی ڕژێم
لە خەو هەڵسان.
هەر ئەو ئێوارەیە لە هەولێر سەردانی بارەگای پەیوەندییەکانی حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێرانم کرد؛ ئەوکات کاک تەیمور مستەفای بەرپرسی
پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کورستانی ئێران بوو لە هەولێر. ئەویش
هەر ئەوەندە زانیارییەی هەبوو کە پارتی لەگەڵ ڕژێمدا هێرش بۆ سەر
هەولێر دێنن. هەر ئەو کاتە کاک تەیمور وتی: خۆت دەزانی بارەگای ئێمە بۆ
ئێوە کراوەتەوە لە هەر ڕووداوێکدا پێویستیتان پێ بوو بەبێ پرس بەکاری
بێنن، منیش سوپاسم کرد و پێم وت: ئەو پەیامەی بەڕێزت بە هاوڕێیانی
مەکتەبی سیاسی حیزب دەگەینم. پاشان گەڕاینەوە بارەگا و تا درەنگانی شەو
ئێمە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی بووین و هەندێک لە هاوڕێیان سەرقاڵی
گواستنەوەی کەلوپەلە گرنگەکانی نێو بارەگا بوون. من لە ژووری کاری
جەماوەریدا هەموو کۆنووس و نامەکانم پێچایەوە و لەگەڵ خۆم بردن.
شەوەکەی من تا درەنگانی شەو هەر نەنووستم کە شەوێکی ئاسایی بوو.
بەیانی لەگەڵ بیستنی دەنگی تۆپەکان لە خەو هەڵسام و پاش ماوەیەکی کورت
هاوڕێ وەیسی بە سوپەرە سوورەکەیەوە وەک هەموو ڕۆژانی پێشوو هاتە دوام و
بەرەو بارەگای مەکتەبی سیاسی بەڕێ کەوتین، لە ڕێگادا چاومان بە
کادیرێکی یەکێتی کەوت کە لانگرۆزێکی پێ بوو زۆر تەنگاو دیار بوو. وتی:
ڕێگای بێستانە گیراوە و هەولێر گەماڕۆ دراوە (ڕێگای بێستانە تەنیا ڕێگا
بوو کە هەولێری بە ناوچەکانی کۆیە و سلێمانی دەبەستەوە)، پیلانەکە زۆر
زیرەکانە داڕێژرابوو، هێزە سەرەکییەکەی ڕژێم و پارتی لە ڕێگای مووسڵەوە
هاتبوون و یەکسەر پاش شکاندنی هێڵە بەرگرییەکانی یەکێتی لە کانی قڕژاڵە
هێرشیان کردبووە سەر بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی و مەڵبەند و بارەگا
سەرەکییەکانی تری یەکێتی کە زۆرینەیان کەوتبوونە نزیک پەرلەمان و ڕێگای
عەنکاوە.
هەر بەیانی زوو بارەگاکانی یەکێتی کەوتبوونە بەر هێرشی تۆپە
دوورهاوێژەکانی بەعس بەتایبەتی ڕادێوی مەڵبەندی سێی یەکێتی کە
بارەگاکەی لەنێو کۆنە مەعسکەر بوو بەرامبەر مەڵبەندی سێ، لەولاشەوە لە
ڕێگای مەخموور ڕژێم هێزەکەی کرد بوو بە دوو بەش: بەشێکیان ڕاستەوخۆ لە
نێوان قوشتەپە و بنەسڵاوە بەرەو کەسنەزان چوو بوون. ئەرکی ئەو هێزە
گەماڕۆدانی هەولێر بوو (بۆیە بەرنامەی گەماڕۆی هەولێریان دابوو تا
ڕێگای ڕاکردن لە خەڵک بگرن و نەبێتە کۆچڕەوێکی گەورە و پاشان ببێتە
هەواڵی ڕاگەیاندنە جیهانییەکان و ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ئیحراج بن و ناچار
بن هەڵوێست وەرگرن)، هێزەکەی تر بە جادەی مەخموورەوە هاتبوونە نێو
هەولێر و پاشان بۆ سەر شەقامی شەستی و لەوێش بۆ ڕێگای کەرکووک. لەو
ڕێگایەوە هاتبوونە نێو بازاڕی هەولێر. ئەو هێزە بە بەردەم دەرگای
سەرەکیی بارەگای مەحەلیی هەولێردا ڕەت بووبوون. بە دۆشکەی سەر
دەبابەکان تەقەیان لە بارەگای مەحەلی کردبوو. هەر ئەو دەبابانە
دۆشکەکەی پێش بارەگای مەحەلییان بردبوو ( ئەو دۆشکەیە لە هێرشەکانی
پێشمەرگەکانی حیزب لە بەهاری ١٩٩٥، بۆ سەر هێزەکانی ڕژێم لە ناوچەکانی
سەر ڕێگای مەخموور گیرابوو).
لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستییە بڵێین، نە لێژنەی مەحەلیی هەولێر نە
سەرکردایەتیی حیزبی شیوعی کوردستان بۆ ئەو ڕووداوە هیچ پلانێکیان نەبوو.
هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە هەم ڕووداوەکە زۆر خێرا هاتە پێش و هەم کەسیش
ئەو چاوەڕوانییەی نەبوو کە ڕژێم بەو هێزە زەبەلاحەوە لەپێناو پارتیدا
بێتە نێو شاری هەولێر! ئێوارەکەی کە زۆرێک لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی حیزب
و فەوجەکەی هاوڕێیان لە ئامادەباشیدا بوون. بەڵام بڕیاری حیزب ئەوە بوو
کە ئێمە تەنیا بەرامبەر هێزەکانی ڕژێم دەجەنگین. ئەگەر پارتی هێرش بکات
ئەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە!
ئەو بڕیارە زۆر ناڕوون بوو، چونکە زۆرینەی هێزەکانی پارتی لەگەڵ
دەبابەکانی ڕژێم بوون و هەموو هێزەکەی ڕژێمیش ئاڵای پارتی، کە پارچە
پەڕۆیەکی زەرد بوو، بە دەبابەکان و سەیارەکانی خۆیانەوە کردبوو!
بەڕاستیش ئەو هێزە زەبەلاحە، کە هێزەکانی یەکێتی نەیانتوانی بۆ چەند
سەعاتیک بەرامبەری بوەستن. زۆر زەحمەت بوو بە هێزی پێشمەرگەی حیزب
هێرشەکانیان ڕابگیرێت. بەگشتی شەڕێکی نابەرامبەر بوو، چونکە بە هیچ
پێوەرێک نە لە ڕووی چەندایەتی و نە لە ڕووی چەکەوە، بەراورد لە نێوان
هیزەکانی یەکێتی و هێزەکەی ڕژێم نەدەکرا.
بەیانییەکەی کە ئێمە گەیشتینە بارەگای مەکتەبی سیاسی، هێشتا دەنگی
تۆپەکان لە دوورەوە دەهاتن. بەڵام زۆرینەی هاوڕێیان لە بارەگا بوون.
هەر ئەو بەیانییە هەڤاڵانی حیزبی زەحمەتکێش (دکتۆر سەردار و هەڤاڵ
بەهمەن)، بۆ هەواڵپرسی هاتنە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حیزب و ئەوانیش
دەیانویست بزانن حیزبی شیوعی چ بڕیارێکی بۆ ئەو ڕەوشە هەیە. لەگەڵ
تێپەربوونی کات شەڕەکە نزیک دەبۆوە و لێرە و لەوێ چەکدارانی یەکێتی
دەبینران کە لە بەرەکانی شەڕەوە هاتبوونەوە. باسی شکستی گەورەیان دەکرد.
سەرەڕای ئەو شکستە هێشتا هێزەکانی یەکێتی لە شەقامەکاندا دەبینران.
یەکێ لە هەڵە گەورەکانی یەکێتی ئەوە بوو کە هێڵی بەرگری لە دەرەوەی شار
دانابوو! لە کاتێکدا هێزێکی وا ناتوانی لە دەرەوەی شاردا بەرامبەر
دەبابەکانی سوپای عێراق بەرگری بکات! دەبوایە یەکێتی هێزەکانی لە نێو
شاری هەولێر دابەش بکردایە و هەر لە نێو هەولێریشدا بەرگرییان بکردایە.
نزیک بە سەعات ١١ی پێش نیوەرۆ دەنگی تۆپەکان نزیکتر بوونەوە. هەواڵی
تۆپبارانی بارەگای مەحەلیی هەولێریش گەیشت و پێشبینی دەکرا کە بارەگای
مەکتەبی سیاسییش تۆپباران بکرێت، بۆیە هاوڕێیان کۆچکردوو کەریم ئەحمەد
و کەمال شاکر و کۆچکردوو مەلا حەسەن بە سەیارەکەی هاوڕێ کەریم، کە
کۆچکردوو قەیسی شۆفیری بوو، بەرەو شەقڵاوە بەڕێ کەوتن و بە سەلامەتی
گەیشتنە جێ. پاش سەعات ١١ی نیوەڕۆ بڕیار وەرگیرا ئەو قەرەباڵغییەی
بارەگا نەهێڵین. تەنیا مامۆستا قادر کە بەرپرسی ئیدارەی بارەگا بوو
لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک بۆ پاراستنی بارەگا بمێنێنەوە. هەر ئەو کاتی
بوو تۆپێک لە دیوی پشتەوە بەر بارەگای مەکتەبی سیاسی کەوت. پاش ئەو
تۆپە بڕیار وەرگیرا بارەگا چۆڵ کرێت. هاوڕێیان پەرتەیان لێ کرد و منیش
لەگەڵ هاوڕێ وەیسی لە سەرەتادا چووینە بارەگای مەحەلی. هێشتا پێش
بارەگای مەحەلی هەندێک هاوڕێی لێ مابوو. بەڵام بێسەروبەرییەکی زۆری
پێوە دیار بوو. سەرێکم لە شوێنی تۆپەکەدا کە بەر حەوشەی پشتەوە کەوتبوو،
زیانێکی زۆری گەیاندبوو، بەڵام مەکینە گەورەکەی کارەبای حیزبی دیموکرات
کە لە حەوشەکەدا بوو زیانی پێ نەکەوتبوو. حیزبی دیموکرات لەکاتی
هێرشەکەی یەکێتی و پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە زۆربەی
کەلوپەلە گرنگەکانیان بۆ پاراستن هێنا بووە نێو بارەگای مەحەلیی هەولێر
و بارەگای حیزب لە عەنکاوە.
هەرچەند من هیچ پەیوەندییەکی رێکخراوەییم بە مەحەلییەوە نەبوو، بەڵام
قسەم لەگەڵ پێشمەرگەکان کرد کە بتوانن لە نێو بارەگاکەدا نەمێننەوە،
بەڵکوو لە نێو ساختومانی هۆڵی میدیا و یانەی ڕاگەیاندن چاودێریی
بارەگای مەحەلی بکەن! ئەوانەی لەوێ بوون هەستیان بەوە دەکرد کە ژیانیان
لە مەترسیدایە و بڕیاری مەحەلییش ئەوەبوو کە لەوێ بمێننەوە. من پێم وتن
خۆتان بڕیار بدەن و منیش دەڕۆم بەڵکوو هاوڕێیان ببینم بۆ وەرگرتنی
بڕیارێکی نوێ! پاش چوونم بۆ چەند شوێنێک کەسم نەدۆزیەوە بۆیە جارێکی تر
گەڕامەوە مەحەلی و لە بەر دەرگای مەحەلیی پێشمەرگەکان لە دەورم کۆ
بوونەوە. هاوڕێ ڕابەر کەریم کە ئەو کات لەسەر لاسەلەکییەکەی مەحەلی بوو
لە پێشەوەی هاوڕێیان وەستابوو. پێم وتن هەرچەند شەقامەکان زۆر ترسناکن،
بەڵام من بۆیە هاتمەوە، چونکە بەڵێنم پێتان دابوو بگەڕێمەوە لاتان.
کەسم نەدۆزیەوە بۆیە دەمەوێ پێتان بڵێم کە ئێستا بڕیار لای خۆتانە!
پاش نزیکبوونەوەی دەنگی تۆپەکان و هێزەکەی ڕژێم، ئێمە بە ڕێگای کۆیەدا
چووینە بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەو کات لە گەڕەکی
ئەفسەران بوو. لە ژوورەوە ژمارەیەک لە کادیرانی پێشکەوتووی یەکێتیمان
بینی (مامۆستا سەیفەدین و کەسێکیتر کە خەڵکی خانەقین بوو لەگەڵ دوو
کادیری تری یەکێتی کە خەڵکی ناوچەکانی بادینان بوون). هەروا کەسێک لە
حیزبی موحافزین، پاشانیش هاوڕێ شێخە و هاوڕێ نەوزاد سەلیمیش هاتن. هەر
ئەو کاتی هەر دوو بەرێزان کاک بەهمەن و مامۆستا محەمەدی زەحمەتکێشان
بەپەلە و پەشۆکاوی هاتنە نێو بارەگای حیزبی دیموکرات و چاویان بە کاک
تەیمور کەوت و داوایان لێ کرد ئەگەر بتوانن کاک قادر عەزیز (کاک قادر
ئەوکات سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشان بوو) بێتە بارەگای حیزبی دیموکرات بۆ
پاریزگاری لە ژیانی. کاک تەیمور بەڕێزەوە وتی: بارەگا، بارەگای خۆتانە
زۆریش بەخێر بێن! ئەوان بەپەلە ڕۆیشتن. بەڵام کەسیان نەهاتەوە پاشان
زانیمان کە ئەوان لەگەل هێزەکانی یەکیتی لە هەولیر دەرچوونە! لە
کاتژمێر یەک دەنگی تۆپەکان نێزیکتر دەبیستران. لەو ڕۆژیدا ڕادیۆی گوڵان
لە بەیانییەوە پەیامی بۆ خەڵکی هەولێر دەنارد و داوای لە خەڵکی هەولێر
دەکرد کە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە هەموو لایەک پارێزراون. ئەو
پەیامە بە بەردەوامی لە ڕادیۆی گوڵان پەخش دەکرا. بەڵام کەس بڕوای بە
گوڵان نەدەکرد و خەڵک ترسێکی زۆریان لە هاتنی سوپای بەعس هەبوو.
لەو ماوەیەدا من دڵم هەر لەلای هاوڕێیانی بارەگای مەحەلیی هەولێر بوو.
بۆیە هەوڵم دا لە ڕێگای تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە بکەم بۆ ئەوە
ئاگاداری ڕەوشیان بم (لەگەڵ ئەوەی من هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەییم
لەگەڵ مەحەلیی هەولێر نەبوو، مەحەلیی هەولێر سکرتێر و مەکتەبی مەحەلی
خۆی هەبوو)، کاک سەرهەد وەڵامی تەلەفۆنەکەی دایەوە، کە ئەو کات ئەندامی
مەحەلیی هەولێر بوو وتی ئێمە چەند کەسێک لێرە ماوینەتەوە و تا ئێستا
هیچ شتێک ڕووی نەدایە و بارەگا پارێزراوە.
نزیک لە کاتژمێری سێی پاش نیوەرۆ، ڕادیۆی گوڵان ڕایگەیاند کە هەولێر
ئازاد کراوە و ئێستا لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو بارەگای
مەڵبەندی سێی یەکێتی پێشوازی لە خەڵکی هەولێر دەکەن. پاش بیستنی ئەو
هەواڵە ئێمە یەکسەر چووینە دەرێ و بەنیاز بووین بەرەو بارەگای مەکتەبی
سیاسیی حیزب بەرێ کەوین. لەگەڵ هاتنە دەرەوەمان دەیان چەکداری پارتیمان
دیت کە پەڕۆیەکی زەردیان بە تفەنگەکانیانەوە کردبوو و هەوڵی تاڵانکردنی
ماڵانیان دەدا و بە زەبری چەک سەیارەیان لە ماڵەکان دەردەهێنا. ئێمە
سواری سەیارەکەی خۆمان بووین و لەسەرەتا چووینە سەر شەقامی شەست مەتری
هەر بەو شەقامەدا بەرەو ڕێگای عەنکاوە ڕۆیشتین؛ لە چوارڕێیانی شەستی و
جادەی شەقڵاوەدا یەکەم ئیڤای هێزەکانی گاردی کۆماری بەعسمان دیت کە
تۆپێکی ١٠٦ ملمی لەسەر بوو. لەولاتریش کۆمەڵێک چەکداری پارتی بە
دەسترێژی کلاشینکۆڤ لە پەیکەری کوڕەکەی مام غەفووریان دەدا و
دەیانڕووخاند (کوڕەکەی مام غەفوور لە شەڕی ناوەخۆدا کوژرابوو لە نزیک
ئەو چوارڕێیانەدا پەیکەرێکی سادەی بۆ دروست کرابوو).
بەداخەوە هەر ئەو ئێوارەیە هەموو وێنەکانی شەهیدان کە لەسەر شەقامەکان
دروست کرابوون لەلایەن هێزەکانی پارتییەوە شکێندران و شێوێندران!
زۆربەی ئەو شەهیدانە لە تێکوشان دژ بە بەعس شەهید کرابوون. بەداخەوە
لەم هەڵمەتی وێنە شکاندنە، وێنەی هەموو شەهیدانی گرتەوە بە شەهیدانی
لایەنەکانی تریشەوە. لە نێویاندا وێنەی چەندین شەهیدی حیزبی شیوعی
تێدابوو بەتایبەتی وێنەی شەهیدان سەفەر ( شەهید سەفەر کادیرێکی حیزب
بوو لە شاری هەولێر و لە ساڵی ١٩٨٧ لە کاتی هاتنی بۆ نێو شار دەگیرێ و
لە ژێر تەعزیبدا شەهید دەبێت. شەهید سەفەر وەک پالەوانێکی نێو
ئەفسانەکان بەرگری لە نەهێنیەکانی حیزب دەکات و وەک تێکوشەرێکی کەم
وێنە دەچتیە نێو مێژووی تێکۆشانی حیزبی شیوعی) کە وێنەکەی لەسەر شەقامی
شێستی ڕێگای باداوە دروست کرابوو، وێنەی شەهید دکتۆر عادل ( دکتور
عادیل رابەر سیاسی لقی قەرەجؤغی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی بوو بەدەستی
سلاح شینەی خۆفرۆش شەهیدکار) کە لە سەر ڕێگای مەخموور بوو.... هتد.
ئاخر وێنەی شەهید سەفەر کە سیمبوڵی خۆڕاگری و بڕوابوون بوو لەو شارە بۆ
دەبێت وێنەکەی بڕووخێندرێت!؟ ئاخر چ پێویست بوو وێنەی جەمیل ڕەنجبەر(
جەمیل رەنجبەر کادیرێکی پێشکەوتووی یەکیتی بوو لە هەمان کاتدا شاعیرێکی
بە هەلویست بوو) و عەبدولخالیق مەعروف ( حەبدولخالیق نووسەرێکی
رۆناکبیری هەولێر بوو بەعس بە پالپشتی رەوتی کۆنەپەرستی لە نیو شاری
هەولێر شەهیدیان کرد) ڕووخێندرێت!؟ ئەگەر هەولێر جێگای وێنەی شەهیدێکی
شاعیری وەک جەمیل ڕەنجبەڕ و ڕووناکبیرێکی وەک عبدولخالیق مەعروف و
پالەوانێکی وەک سەفەری تێدا نەبێتەوە چ سیمایەکی هەولێریبوونی بە
شارەکەوە دەمێنێتەوە؟ چ پێویست بوو پەیکەری مووسا عەنتەر بڕووخێندرێت!؟
بەڵام ئەوان دەیانوسیت هەموو دیاردەیەکی دژ بە بەعس و ڕووناکبیری و
گیانی بەرەنگاری لەو شارەدا بسڕنەوە!
پێش ئەوەی بگەینە چوارڕێیانی عەنکاوە دیمان پێش بارەگای مەکتەبی سیاسیی
حیزبی شیوعیی کوردستان زۆر قەرەباڵغە و زۆرێک لە کاغەز و
پێداویستییەکانی بارەگاش لەبەر دەرگای بارەگا پەرش و بڵاو کراونەتەوە.
بارەگاکەش ژمارەیەک خەڵکی تێدایە و تاڵان دەکرێت! ئەو ساختومانە تەنیا
بارەگای مەکتەبی سیاسی حشک نەبوو بەلکوو بارەگای راگەیاندنی حیزبی
شیوعی کوردستان و حیزبی شیوعی عێراقیش بوو تەلەفزیونی ئازادیش لەو
ساختومانە بەخش دەکرا. لە هەمان کاتدا ئەو خانووەی کە کەوتبووە تەنیشت
بارەگاکەی مەکتەبی سیاسیی حیزب بە دەستە چەپ کە کۆمپانیایەکی هێنانی
جگەرە بوو. ئەویش دەرگاکانی شکێندرابوون و کۆمەڵێک چەکداری بارزانی
کارتۆنە جگەرەکانیان لە مێکزەمینەکانی خۆیاندا بار دەکرد! بەرامبەر
بارەگاش ئەودیوی جادەی عەنکاوە کە دەکاتە کۆتایی مەعەسکەر، هێزێکی
یەکجار زۆر لە لیواکانی حەرەس جمهوری لەوێ جێگیر کرابوون. کە سەدان
دەبابە و زرێپۆش و سەیارەی عەسکەری دەبوون! بیرۆکەی چۆڵکردنی بارەگای
مەکتەبی سیاسییش هەر بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕایەوە. کە ئەو هێزە زەبەلاحە
پاش داگیرکردنی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەرەو ئەو شوێنە هاتوونە
کە ڕاست دەکاتە بەرامبەر بارەگای مەکتەبی سیاسیی حیزبمان کە تەنیا یەک
جادەیان نێوان بوو. هەر لەگەڵ ئەو هێزەدا گروپێکی موخابەراتی ڕژێم
لەسەرەتادا دەچێتە نێو بارەگا بۆ ئەوەی بتوانن دەست بەسەر
دەکومێنتەکانی مەکتەبی سیاسیدا بگرن. بەداخەوە هەندێک شتیان دەست
دەکەوێت بەتایبەتی بەرپرسی مالییەی ئەو کاتی حیزب کە هاوڕێی کۆچکردوو
ئەبو شاخەوان بوو، هەموو شتەکانی لە ژوورەکەدا بەجێ هێشتبوو؛ زۆرێک لە
هاوڕێیانی تریش بەهەمان شێوە. بەگشتی هیچ ئامادەباشییەک بۆ ئەو پێشهاتە
نەکرابوو.
ئێمە ماوەیەک دەبوو بەرامبەر بارەگای مەکتەبی سیاسی وەستابووین و سەیری
بینایەکەمان دەکرد. دیمان ژمارەیەک خەڵک بە جلی سەربازیی حەرەس جمهوری
لە نێو بارەگاکە هاتنە دەرەوە! پاشان ئێمە هەر بە شەقامی شەست مەتری
بەرەو بارەگای مەڵبەندی سێ بە ڕێ کەوتین. بەردەم بارەگاکە زۆر قەرەبالغ
بوو، بێجگە لە خەڵکی چەکدار و مەدەنی سەدان سەرباز و پلەداری حەرەس
جمهوری بە تانک و زرێپۆشەوە لەو ڕێگایەی نێوان پەرلەمان و مەڵبەندی سێ
وەستابوون. نێو حەوشەی پەرلەمانیش پڕاوپڕ لە دەبابە و ئۆتۆمبێلی
سەربازیی حەرەس جمهوری بوو. من چوومە ژوورەوە و کۆچکردوو مامۆستا سەعد
پێشوازیی کردم و زەعیم عەلییش لە ژوورەکەی مامۆستا سەعددا بوو، مامۆستا
سەعد منی بە زەعیم عەلی ناساند. پاش گفتوگۆیەکی کورت، پێم وتن ئێوە
ئاگادارن بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئێمە داگیر و تاڵان کراوە؟ هەردووکیان
سەیری یەکتریان کرد و وتیان: ئەوە کاری ئێمە نییە و هەر کەسێک ئەوەی
کردبێت دەبێت سزا بدرێت. هەر ئەو کاتی بوو زەعیم عەلی ڕووخسەتی خواست و
وتی: من دەبێ بگەرێمەوە مەسیف، چونکە سەرۆک چاوەڕێمە. پاشان ژمارەیەک
ئەندامانی لق و کارگێڕی لق هاتن و بەخێرهاتنیان کردم، بەڵام من پێم وتن:
هەر لەگەڵ هاتنەوەتان گەورەترین زیانتان بە حیزبی ئێمە گەیاند و
نەتانتوانی وەک دۆستێک هەڵسوکەوت بکەن و هیچ پلانێکتان نەبووە بۆ
پاراستنی بارەگای حیزبە کوردستانییەکان بەگشتی و حیزبی ئێمە بەتایبەتی.
خۆتان باش دەزانن ڕژێم چەندە دوژمنی ئێمەیە، دەبوایە ئێوە وەک دۆستێک
پێشتر هەم ئێمەتان لەو کارە ئاگادار کردبایەوە، هەمیش هێزێکی
تایبەتیتان دەستنیشان بکردایە بۆ پاراستنی بارەگاکانی ئێمە! ئەوان هیچ
وەڵامێکیان نەبوو. پاشان خواحافزیم لێ کردن و ئەوانم جێ هێڵا.
بەنیازی چوون بۆ بارەگای مەحەلیی هەولێر ئەو ڕێگایەمان گرتە بەر کە بە
بەردەم دائیرەی ئەمندا دەڕوات بۆ نێو بازاڕی هەولێر. زۆر بە ئاشکرا
دیار بوو بێحگە لە هێزەکانی حەرەس جمهوری زۆرێک لە کارمەندانی دائیرەی
ئەمن و دەزگا داپلۆسینەرەکانی بەعسیش لەگەڵ ئەو هێزە هاتبوونە نێو
هەولێر. دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە مەمۆی خائینیش هاتبێتەوە هەولێر! هەر
لەو ڕێگایەدا چاومان بە دەیان لە پیاوانی ئەمن کەوت و چەندین کۆنە
بەعسی و پیاوانی ئەمن کە لە هەولێر مابوونەوە لەوێ بوون، ئەوان ئەو
ڕۆژەیان وەک ئازادکردنی هەولێر دەبینی و دەیانویست تۆڵەی ڕاپەرین لە
خەڵکی هەولێر بکەنەوە!
هەر لەو ڕێگایەدا کە لە چوارڕێیانەکە تێپەڕین سەیرم کرد بارەگای حیزبی
سۆشیالست کە لە کۆنە بینایەکەی جەوازات بوو تاڵان دەکرا! کاتی گەیشتینە
پێش بارەگای مەحەلیی هەولێر، بینیم دوو هاوڕێی پێشمەرگە لەبەر دەرگا لە
دیوی ژوورەوە بوون و سەیری سەر جادەکەیان دەکرد، ئاوڕی سەر جادەکەم
دایەوە، بینیم پیکەبێکی دەبل قەمەرە زۆر بەهێواشی بە سەر جادەکەی پێش
بارەگای مەحەلیدا دەڕوات و کامیرەمانێک کە لەتەنیشت شوفێرەکە دانیشتبوو
وێنەی بارەگای مەحەلی دەگرێت. من بەرەو پیکەبەکە گەڕامەوە، ئەویش
یەکسەر خێراییەکەی زیاد کرد و شوێنەکەی بەجێ هێشت.
ئەوکاتی بۆچوونی من وابوو کە مانەوەی پێشمەرگە و کادیرەکان لە بارەگای
مەحەلیی بڕیارێکی ڕاست نییە. چونکە شار کەوتبووە دەست ڕژێم. شار
پڕبووبوو لە پیاوانی دەزگا ئەمنییەکان، ئەوانیش هەموو کارێکیان لێ
چاوەڕوان دەکرا بەرامبەر بە ئەندامانی حیزبی شیوعی، بە تایبەتی لەو
ڕۆژەدا کە سوپایەکی زەبەلاح و پڕچەکیان لەبەر دەستدا بوو. لەو لاشەوە
خەڵکی بەگشتی ورەیان ڕووخا بوو. بۆیە هەر شوێنێک بیانویست بایە
دەیانتوانی لە ماوەیەکی کورتدا بیگرن! بڕیاری مانەوەی هاوڕێیان بەو
شێوەیە بڕیاری هاوڕێیانی مەحەلی بوو. من پێم وایە لەسەرەتادا کە ئەو
بڕیارەیان دابوو، پێیان وابوو ڕژێم ڕاستەوخۆ نایێتە نێو شاری هەولێر.
باشبوو شانس یاوەربوو، کە هێزەکانی ڕژیم پەلاماری بارەگای مەحەلییان
نەدا، ئەگەرنا چەندین هاوڕێ لەم بارەگایە هەر لە خۆڕایی تێدا دەچوون!
ئاخر چ مەنتیقێک لەوەدایە، کاتی زۆرینەی هاوڕێیانی مەحەلی و هەموو
هاوڕێیانی مەکتەب و سکرتیری مەحەلی بۆ خۆپاراستن لە ڕژێم و دەزگا
ئەمنییەکان خۆیان حەشار داوە، چەند پێشمەرگەیەک ڕاسپێریت بۆ
پاریزگاریکردن لە بارەگا!؟ لە کاتێکدا ئەو شارە بە تەواوی هەتککراوە و
ڕژێمی بەعس بەسەر هەموو کون و قوژبنێکی ئەو شارەدا باڵادەستە و بارەگای
مەکتەبی سیاسی گیراوە و تاڵانیش کراوە. کەوابوو پاراستنی بینای بارەگای
مەحەلی چ سوودی هەیە کاتێک لەوە دڵنیا بیت ئەگەر ڕژێم مەبەستی بێت ئەوە
دەتوانی بە چەند دەقیقەیەک بیگرێت! پاشان حیزب لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا
بارەگای بۆ چییە؟
هەر ئەو ئێوارەیە بە نیازی سەردانی هاوڕێیانی عەنکاوەی چووینە شارۆچکەی
عەنکاوە، بەڵام ڕێگایەکە هەر لە شێستی تا ناو عینکاوە یەک پارچە
هێزەکانی ڕژێم بوون. بارەگای حیزب لە عەنکاوە داخرابوو. پاشان هەر لە
نزیک بارەگای حیزب لە عەنکاوە چاومان بە هاوڕێ فاروق و کۆمەڵێک هاوڕێی
تر کەوت، ئەوان وتیان عەنکاوە پر بووە لە پیاوانی ڕژێم، بۆیە ئێمە بۆ
پاراستنی گیانی هاوڕێیان بڕیارمان داوە بارەگا دابخەین، دەترسان و
دەیانوت ئێستا عەنکاوە شوێنێکی ئارام نییە و هەموومان لە گیانی خۆمان
دەترسین بۆیە زۆربەمان ماڵەکانی خۆمان جێ هێشتووە.
هەر بۆ زانین لەکاتی هێرشەکانی یەکێتی و پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی
حیزبی دیموکرات لە شارۆچکەی کۆیە زۆربەی کەلوپەلەکانی ئیزگەی حیزبی
دیموکرات بە ئیزاعەکەشەوە لەنێو بارەگای عەنکاوەی حیزب پارێزراو بوون.
لە گەڕانەوەماندا بۆ ناو شار. هاوڕێ وەیسی خەبەرێکی بۆ هات کە کۆمەڵێک
چەکدار چوونەتە ماڵەوەیان و سەیارەکەیان بردووە، ئێمە لەسەرەتا
گومانمان لە چەکدارەکانی جەمال مورتکە بوو( کاک چەمال ئەوکات بەرپرسی
سوپای دووی پارتی بوو) بۆیە چووینە وەزارەتی پێشمەگە کە خۆی و
جەماعەتەکەی لەوێ بوون. کاک جەمال هەر لە دوورەوە بە پیرمانەوە هات.
پاش چاکی و چۆنی یەکسەر گلەیی ئەوەم لێ کرد کە هاتنەوەتان بەو شێوەیە
خەڵکی هەولێری توقاندووە و کەس لەسەر و ماڵی خۆی دڵنیا نییە و ئەوەش
گران لەسەرتان دەوەستێ. دیار بوو زۆر لەو کارانە تورە بوو وتی: بەڕاستی
ئێمەیان شەرمەزار کردووە و ئەوانەی ئەو کارانەش دەکەن کاتێ هێرشمان بۆ
هەولێر هێناوە، کەسیان لەگەڵ ئەو هێزەی ئێمەدا نەبوون، ئەوانە پاش
ڕزگارکردنی هەولێر بۆ ڕاوەڕووت هاتوونەتە نێو شار. هەروەها وتی: من لە
ڕێگای بروسکەوە مەکتەبی سەرۆکم لەو وەزعە ئاگادار کردۆتەوە. پرسیاری
سەیارەکەی هاوڕێ وەیسیم لێ کرد، وتی: ژمارەکەیم بدەرێ لەهەر شوێنێک بێ
بیبینم بۆتان دەگەڕێنمەوە.
پاشان ئێمە بە شەقامی شەستیدا گەڕاینەوە و گەیشتینە لای یاریگای هەولێر،
بەنیاز بووین بچینە بارەگای مەحەلی، پێش ئەوەی بگەینە بارەگای مەحەلی
بینیمان کۆمەڵێک چەکدار لەسەر جادەکەی پێش خانووە تەواونەکراوەکەی کاک
کۆسرەت ( کاک کۆسرەت ئەوکات هەم سەرۆک وەزیرانی هەریـ بوو هەم کەسی
یەکەمی یەکێتی بوو لە هەولێر) وەستابوون و ژمارەیەک سەیارەی زۆریان
لەسەر جادەکە ڕاگرتبوو. هاوڕێ وەیسی وتی ئەوەتا سەیارەکەی من! ئێمەش
ڕامانگرت و پرسیمان. وتمان ئەو سەیارەتان بۆ بردووە؟ ئێوە کێن؟ یەکسەر
وتی: ئێمە جەماعەتی مامەند قەشقەین ( مامەند قەشقە لە سەردەمی بەعسدا
ئامر مەفرەزەخاسەبوو و زۆر بە دلسوزی کاری بۆ دەزگای داپلوسینەکانی
بەعس دەکرد و لە گەرکەکانی مەنتکاوە و نۆهەتوو دوو دا وەک جەلادێک دژ
بە خەلکی نارازی هەلسوکەوتی دەکرد و لە راپەرینی شەشی ئازاری
شیوعیەکانیشدا تاکە ئامیر مەفرەزە خاسەبوو کە بۆ بەرگری لە دەسەلات
تەقەی لە خۆپیساندەران کرد و لەسەرەتای راپەرین پەیوەندی بە یەکیتیەوە
دەکات و پاشان دەبێتە پارتی ئەوانیش دەیکەنە بەرپرسێکی بەرز لە نیو
هێزەکانی خۆیاندا)؛ منیش وتم کوا مامەند قەشقە؟ چەکدارەکە وتی: ئەو
لەنێو ئەو پێشمەرگانەیە. دەستی بۆ پێش خانووەکەی کاک کۆسرەت درێژ کرد،
کە ئێمە بەرەو خانووەکەی کاک کۆسرەت چووین، دیاربوو مامەند قەشقە لە
نێو کۆمەڵێک چەکدار لەسەر چیچکان دانیشتبوو. پاش سڵاو یەکسەر پێم وت
ئەوە بۆ سەیارەی ئێمەتان بردووە؟ ئەو هەر بە دانیشتنەوە وتی ئێوە کێن.
منیش وتم ئێمە هاوڕێیانی حیزبی شیوعین، وتی چۆن بزانم ئێوە شیوعین. وتم
ئەوە ناسنامەمان. لەو قسانەدا بووین هاوڕێ موحسین دەشتی ( هاوری موحسین
کادیرێک ناسراوی حیزبناب بوو) هاتە لامان و وتی: هاوڕێ دڵشاد ئەوە چییە؟
منیش وتم: ئەوە سەیارەی هاوڕێی وەیسیان لەماڵی هاوڕێ وەیسی دەرهێناوە و
بردوویانە. مامەند قەشقە و هاوڕێ موحسین خزمن. هەستم کرد مامەند قەشقە
هەست بە شەرمەزاری دەکات بەرامبەر ئەو کارەی کردوویەتی. هەستایەوە
سەرپێ و وتی ئێمە نەمانبردووە، بەڵکوو پێش ئێستا لێرە لەسەر ئەو جادەیە
سەیتەرمان دانابووەوە ئەو سەیارەمان لە چەند کەسێک وەرگرتۆتەوە کە
زانیمان دزراوە، ئێمە زانیمان درۆ دەکات بەڵام سەیارەکەمان لێ
وەرگرتنەوە و ڕۆیشتین.
چەندین سەیارەی حیزبیان بردبوو، سەیارەی پەیوەندییەکانی حیزبی شیوعیی
عێراق، هەر هەمان ڕۆژ بە زەبری چەک سەیارەکەی مامۆستا کەمال زەهاوییان
لەو مالەی کە تیدا خۆی حەشاردابوو ( ماموستا کەمال ئەندامی مەکتەبی
سیاسی حیزب بوو)، بردبوو. ڕۆژی دووەم بە زەبری چەک سەیارەیان لە
مامۆستا قادر ستاندبوو (ئەویش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بوو).
شار کەوتبوە بەر تاڵانی هێزەکانی پارتی. پرۆسەی تاڵانی ئەوەندە
بەرفراوان بوو مەگەر بتوانی بە پرۆسەی مەغۆلەکانی سەر بەغدای بچووێنی!
نەک هەر ماڵی یەکێتییەکان، بەڵکوو هەموو شار کەوتبووە بەر شاڵاوی
تاڵانی. شەوەکەی پرۆسەی تاڵانی بەرفراوانتر بوو، چەکداریکی زۆر لە
گوندەکانی زرارەتی کە زۆرینەیان کۆنەجاش بوون بۆ تاڵانی هاتبوونە نێو
شار و سڵیان لە هیچ نەدەکردەوە.
پاشان چووینە پێش بارەگای مەحەلیی هەولێر و دیار بوو هێشتا هاوڕێیانی
پێشمەرگە لە دڵەڕاوکێدان و زۆر دەترسان. بەڕاستیش حەقیان بوو. ئاخر چ
هونەرێکە لە بینایەکدا بە چەکی سووک چەکداربیت و شاریش لە ژێر دەستی
گەورەترین دوژمنتدا بێت!! هەر ئەوکاتی هەموومان زۆر نیگەراین بووین،
چونکە ئەو پێشمەرگانەی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کرابوون بێ سەروشوێن بوون
و هیچ دەنگ و باسیان نەبوو! هەر لە ئێوارەی ٣٠ی ئابەوە کۆمەڵێک
پێشمەرگەی فەوجەکەی حیزب لەگەڵ هاوڕێ ئەحمەد شاهین ڕەوانەی بەرەکانی
شەڕ دەکرین لە ناوچەی ڕێگای مەخموور بەرامبەر هێزەکانی ڕژێم دادەمەزرین!
بەڵام بەیانی کە هێزەکەی بەعس بە نێوان قوشتەپە و بنەسڵاوە دەچنە
کەسنەزان ئەو پێشمەرگانە دەکەونە پشت هێزەکانی ڕژێم، پاشان بە شێوازیک
خۆیان ڕزگار دەکەن و بەسەلامەتی دێنەوە نێو شار.
پاش دونیا تاریک بوون ئێمەش گەڕاینەوە بارەگای حیزبی دیموکرات و
ئێوارەکەی لەوێ نانمان خوارد. شەوەکەی ئێمە هەر سێکمان من و هاوڕێ شێخە
و هاوڕێ وەیسی لە سەربانی بارەگای حیزبی دیموکرات نووستین. پێش ئەوەی
بخەوین سەیری دەرەوەی هەولێرمان دەکرد. لایتی دەبابەکانی نێوان
بنەسڵاوە و دارەتوو زۆر بەباشی دەبیندران، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێگای
سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە هەر لە هەولێرەوە تا مەسیف هەموو لایتی
سەیارە بوو کە بەرەو مەسیف دەڕۆیشتن. ئەم ژمارە زۆرە لایتە بۆ ئێمە
جێگای سەرسوڕمان بوو، بۆیە تا نووستین هەر چاودێری ئەو ڕێگایەمان دەکرد،
بەڵام بەیانی زانیمان پلەدارانی ئەو هێزەی ڕژێم کە لە پرۆسەی ٣١ی ئابدا
بەشدار بوون لە پیرمام دەعوەتی نانخواردنی کاک مەسعود بووینە.
ئێمە بەیانییەکەی زوو لە خەو هەڵساین. هاوڕێ شێخە ڕۆیشت و من و هاوڕێ
وەیسیش بە سوپەرە سوورەکە بەرەو بارەگای مەحەلیی هەولێر چووین، هەر کە
گەیشتین، هاوڕێ حەیدەر فەیلی بە تەکسییەک گەیشتە پێش بارەگای مەحەلی.
کاتێ چاوی بە ئێمە کەوت، یەکسەر بۆ لای ئێمە هات و وتی با سەردانێکی
لقی دووی پارتی بکەین. هاوڕێ حەیدەر لە پێشەوەی سەیارەکە دانیشتبوو،
منیش لە دواوە. هەر بە شەقامی سی مەتریدا ڕۆیشتین. کاتێک گەیشتینە
چوارڕێیانی دائیرەی ئەمن کەوتینە نێو ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و
پلەداری حەرەس جمهوری. هاوڕێ حەیدەر زۆر بەهێز دەستی لە دەژبوولی
سەیارەکەدا و سەری خۆی نویکرد و بە دەنگێکی بەرز وتی: بگەرێوە! منیش
وتم هاوڕێ وەیسی بەهێمنی بڕۆ ئەگەر بگەڕێیتەوە ئەوە هەر یەکسەر
گومانمان لێ دەکەن و لەوانەیە ڕامانگرن، بۆیە بەهێمنی بەرەو کۆنە
مەڵبەندی یەکێتی بەڕێ کەوتین و زۆری پێ نەچوو گەیشتینە شوێنی مەبەست.
پێش دەرگای مەڵبەند کە لە دوێنێوە ببووە بارەگای لقی دوو، زۆر قەرەباڵغ
بوو، کە ئێمە خۆمان ناساند، یەکسەر ئێمەیان بردە ئەو ژوورەی کە
ئەندامانی کارگێڕی لقی لێ بوو. مامۆستا سەعد ئەوکات لەوێ نەبوو، بەڵام
ئەوانیتر زۆرینەیان لەوێ بوون. لەگەڵ دیتنی ئێمە، زۆر داوای لێبوردنیان
کرد لەوەی بە سەر بارەگایەکانی ئێمە و هاوڕێیاندا هاتووە. هاوڕێ حەیدەر
پێی وتن: واز لە بارەگای ئێمە بێنن. ئێوە ئاگادارن لەم شارەدا چی
دەگوزەرێ؟ شار تاڵانکراوە و بە ئاشکرا چەکدارەکانتان ماڵی خەڵکی تاڵان
دەکەن؟ ئەوان وتیان: ئێمە هیچمان پێ ناکرێت و لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمە
دەرچووە و بۆ زانینتان زۆرێک لە پارتییەکانیش ماڵیان تاڵانکراوە و
سەیارەیان بردراوە. پاشان ئێمە بەرەو ڕێگای شەقڵاوە ڕۆیشتین و هاوڕێ
حەیدەر سەردانی ماڵی خۆیانی کرد کە کەوتبووە سەر ڕێگای شەقڵاوە.
پاش کەمێک کاک حەیدەر و یەکێکیتر لە ماڵ هاتنە دەر. هەردووکیان بەرەو
ئەو گەرەکە چوون کە کەوتۆتە تەنیشت مزگەوتی عەلائەدین سوجادی. دیار بوو
دوێنێ شەو لەترسی تاڵانی سەیارەکەی کاک حەیدەریان لە ماڵێک لەو
کۆڵانەدا شاردبوەوە! پاشان بە هەردوو سەیارە بەرەو شەقڵاوە بەڕی کەوتین.
هاوڕێ حەیدەر لە پێشەوە دەڕوێیشت، ئێمەش لە دواوە، کە گەیەشتینە پیرمام،
لەوێ سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان کرد.
هێنانی سوپای ئەنفال بۆ هەولێر کاریگەرییەکی زۆری دەروونی لەسەر من
دانابوو. لەگەڵ فرەوانبوونی پڕۆسەی تاڵانکردن و دزی و ڕاوەڕووتی نێو
هەولێر لەلایەن چەکدارەکانی پارتییەوە، کاریگەرییەکە زۆر زیاتر بوو،
بۆیە ئەو دووجارەی کە هەڤالانی لقی دووی پارتیم بینی بوو زۆر بەتوندی
ڕەخنەم لێ گرتبوون، بەڵام ئەوان منیان دەناسی و پێشتر ناسیاویمان لەگەڵ
یەکتری هەبوو بە تایبەتی کاتێ لە جەولەی دووەم لە بارەگاکانی خۆیان
وەدەرنرابوون و هاتبوونە نێو بارەگای مەحەلیی ئێمە لە هەولێر. بۆ
ڕەخنەکان بێجگە لە داوای لێبوردن هیچی تریان نەدەگوت. هەربۆیە پێش
ئەوەی بگەینە نێو بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام کاک حەیدەر
ڕووی لە من کرد و وتی: هێمن بەرەوە، بەهێمنی قسان بکە لێرە. پاش چوونە
ژوورەوەمان چاومان بە کۆچکردوو سامی عبدولرحمان کەوت. ئەویش یەکسەر وتی:
ئەوە لە ناچارییەوە هاتنی سوپای عێراقیش بۆ نێو هەولێر کاتییە و هەموو
شتەکان هێمن دەبێتەوە، ئێمە دوستایەتی ئێوەمان زۆر لا گرنگە. پاش ئەوەی
باسی بارەگا و وەزعی هاوڕێیانی خۆمان لە هەولێر بۆ کرد، زۆر دانەنیشتین
و هەڵساین ڕۆیشتین بۆ شەقڵاوە بۆ بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی
عێراق.
پێش نیوەڕۆیەکە ئێمە گەیشتینە نێو بارەگای حیزب لە شەقڵاوە. ئەوەی
چاوەڕوان نەکراو بوو، بارەگا پر بوو لە هاوڕێیانی هەولێر و چوار دەوەری
کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان، خۆیان گەیاندبووە شەقڵاوە. ئەوەی سەیر
بوو هەندێ لەو هاوڕێیانەی لێ بوو کە گوایە لە رێکخستنی نهێنیندان (ماوەیەک
بوو هەندێک هاوڕێ جیاکرابوونەوە لە رێکخستنەکان گوایە ئەوانە رێکخستنی
نهێنین. هەر هەمووشیان لە ئێمە زیاتر ناسراوتربوون، مانگانە پارەیەکی
باش بەو ناوە خەرج دەکرا)، پاش دیتنی هاوڕێیان لە بارەگای مەکتەبی
سیاسیی حیزبی شیوعیی عێراق، نیگەرانییەکی گەورە بە هەموویانەوە دیار
بوو، چونکە کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی حشع لە هەولێر بێ سەروشوێن بوون. بۆیە
بڕیار وەرگیرا ئێمە بگەڕێینەوە هەولێر و سۆراغی ئەو هاوڕێیانە بکەین.
ئەوەی من لە بیرم بێت هاوڕێیان ئەبو ڕەنا، ئەبو عادل، دکتۆر سامی و
کۆمەڵێک هاوڕێی تری ڕاگەیاندنی حشع بوون، کە بێ سەروشوێن بوون.
بۆ زانیاری ئێوارەی ٣١ی ئاب هاوڕێیانی حشع بەیاننامەیەکیان لەسەر ئەو
ڕەوشە دەرکردبوو. هەر پاش بلاوبوونەوەی بەیاننامەکە کۆچکردوو سامی
عبدولرحمان لە ڕێگای لێژنەی قەزای شەقڵاوەی پارتی پەیوەندیی بە
هاوڕێیانی حشع کردبوو بۆ ئەوەی لە بەیاننامەکە پەشیمان ببنەوە! بەڵام
ئەوان بەو شێوەیە وەڵامیان دابوونەوە کە بە کوچکردوو بڵێن ئەوە لە
هەولێر لە ئەنجامی هێنانی سوپای ڕژێم کومەڵێک لە هاوڕێمان بێ سەروشوێنن
و چەندین بارەگاشمان داگیر کراوە. بارەگای مەحەلیی هەولێریش تۆپباران
کراوە! لەجیاتی بێن داوای لێبوردن بکەن، داوا دەکەن ئێمە لە
بەیاننامەکەمان پەشیمان ببینەوە.
پێش گەڕانەوەمان بۆ هەولێر هاوڕێ کەریم ئەحمەد پرسیاری کۆمەڵێک هاوڕێی
کۆمیتەی ناوەندیی (حشک)ی کرد کە نەدەزانرا لە کوێن. هەر ئەوکاتی وتی:
ئەگەر گەڕایەوە هەولێر سوراغیان بکە و ئەگەر دۆزرانەوە بیانهێنە ئێرە.
منیش وتم: زۆر باشە هەوڵ دەدەم. هەر ئەو دەم لەڕێگای شەهید سەعدوونەوە
تەرەدودێکی بێتەل و ناوێک و کاتێکم دیاری کرد کە بتوانم لە ڕێگای
بێتەلەکەی حیزبی دیموکرات لە هەولێرەوە ڕۆژانە پەیوەندییان پێوە بکەم و
ئەو زانیاریانەی پێویستن بیانگەێنمە هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی لە
شەقڵاوە.
پاش نیوەرۆیەکە من و کاک حەیدەر و شەهید سەعدون و کۆمەڵێک هاوڕێی تر بە
سێ سەیارە بەنیازی گەڕانەوە بۆ هەولێر بەڕێ کەوتین، بەڵام لە نێو
پیرمام بۆ ئەو شەقامەی کە بەرەو دەستە ڕاست دەڕوات لایان دا، پاشان
چوونە نێو بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی کە ڕێک لە کۆتایی ئەو شەقامەدا
بوو. منیش پرسیم باشە ئێمە بەنیاز نەبووین بچینە هەولێر؟ وتیان: بەڵێ
بەس لێرە بۆ سەلامەتی پسولەیەکی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەل خۆمان
دەبەین تا لە هەولێر تووشی کێشە نەبین! من پێم سەیر بوو ئێستا لە
هەولێر کەس بە کەس نییە و کێ وەرەقەی کێ دەخوێنێتەوە؟ ئێمە پسوولەی
مەکتەبی سیاسی پارتیمان بۆچییە؟ کە چووینە ژوورەوە کۆچکردوو جەوهەر
نامیق لەوێ بوو. ناوبراو بەنیاز بوو پسوولەکە بنووسێ، بەڵام بەهۆی
نەبوونی کارەباوە هەندێک دوا کەوتین، چونکە ئەوان دەیانوسیت پسوولەکە
فەرمی بێت و بە کۆمپیوتەر بنووسرێ. کاک جەوهەر بێزارییەکی زۆری پێوە
دیار بوو بە قسەش نەیشاردەوە کە ئەو دژی ئەو کردارەیە و بە ناوی
سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەیاننامەی دەرکردووە.
ئێمە پێش ئێوارە گەیشتینە شارۆچەکەی عەنکاوە و لەوێ لە ماڵێکدا هاوڕێ
ئەبو رەنامان هەڵگرت و پاشان چەند هاوڕێیەکی ترمان لە گەڕەکی شۆڕش
هەڵگرت. ئەوەی جێگای نیگەرانی بوو هاوڕێیان ئەبو عادل و هاوڕێ دکتۆر
سامی خالید دیار نەبوون و کەس نەیدەزانی لە کۆێن! شەهید سەعدون لەگەڵ
هاوڕێیانی حشع گەڕایەوە شەقڵاوە و ئێمەش هەر لە هەولێر ماینەوە، هەر
ئەو ئێوارەیە من و کاک حەیدەر فەیلی چووینە بینایەی پارێزگای هەولێر و
هەر لەوێش چاومان بە کاک نێچیر بارزانی کەوت کە بەسەردان هاتبووە نێو
بارەگای پارێزگا. هاوڕێ حەیدەر پێی وت: زۆرێک لە ماڵی هاوڕێیانمان
کەوتونەتە ژێر فشاری پێشمەرگەکانی پارتی و هەر بۆ نموونە تا ئێستا سێ
جاران چوونەتە ماڵی هاوڕێ کەریم ئەحمەد و پشکنیویانە (کۆمەڵێک چەکداری
پارتی بە دوای دکتۆر کەریم کۆیی دەگەڕان وایاندەزانی لەماڵی هاوڕێ
کەریم حەشار دراوە)، ئەویش دیسان بەڵێنی دا کە دەبێت سنوورێک بۆ ئەو
کارانە دابنرێت کە پێچەوانەی هەلوێستی ئێمەیە. ئێوارەکەی کاک حەیدەر
لەگەڵ هاوڕێ هاوتا گەڕانەوە شەقڵاوە و منیش لەگەڵ هاوڕێ وەیسی چووینەوە
بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.
ئێوارە تا درەنگانێکی شەو لەگەڵ کادیرەکانی یەکێتی گفتوگۆی سیاسیمان
کرد و ئەوان داوایان لێ کردم کە هەواڵی سەلامەتیان بگەیێنمە کەسوکاریان.
یەک لە برادەرە بادینییەکە ماڵی خوشکی لە هەولێر بوو ناونیشانەکەی دامێ
(ماڵەکە لە ڕێگای شەقڵاوە بوو رێک بەرامبەر نەخۆشخانەی لە دایکبوون) و
خانەقینییەکەش خێزانەکەی کچی پووری کاک کەمال شاکر بوو. مامۆستا
سەیفەدینیش ناونیشانی ماڵی کەسێکی دامێ کە هەواڵی سەلامەتی بگەیێنمە
ئەوێ (ماڵەکە لە گەرەکی کوران بوو)، هەر ڕۆژی دوایی ئەو هەواڵانەم
گەیاند، بەڵام کچە پوورەکەی کاک کەمال زۆر داوای دەکرد کە شوێنی
پیاوەکەی بزانیت و سەردانی بکات! منیش پێم وت بەداخەوە ناتوانم لەوە
زیاتر زانیاریت بدەمێ، چونکە ئەو بە تەنیا نییە و خەڵکی تریشی
لەگەڵدایەوە ئەوە دەبێتە ئاشکرابوونی شوێنەکەیان، بەڵام تا ئێستا
سەلامەتە و لە شوێنێکی پارێزراودایە.
ڕۆژی دووی سێپتێمبەر سەر لە بەیانییەکەی لەگەڵ هاوڕێ وەیسی چووینە ماڵی
کۆچکردوو ئەحمەد عەوێنە، کەچی ناوبراو لە ماڵ نەبوو. وتیان لە ماڵی
خزمێک لە گەڕەکی گێمەدێ خۆی حەشار داوە. هاوڕێ وەیسی ماڵەکەی پێ دەزانی
بۆیە ئێمەش ڕاستەوخۆ چووینە ماڵەکە و لە دەرگامان دا. دیاربوو هاوڕێ
ئەحمەد عەوێنە نانی بەیانی دەخوارد. پاش دانیشتنێکی کورت خۆی ئامادە
کرد و لەگەڵ خۆمان هێنامانە بارەگای حیزبی دیموکرات و لە ژوورێکدا
داماننا و بەخۆمان چووینە دەرەوە. ئەمجارەیان چووینە ماڵی کاک نەوزادی
موهەندیس کە کەوتووبوە پشت نە خۆشخانەی لە داکبوون. پاش لە دەرگادانێکی
زۆر ئەوجا خێزانەکەی دەرگای کردەوە، کە چاوی بە ئێمە کەوت زۆر دڵخۆش
بوو، یەکسەر کاک نەوزادی بانگ کرد. کاک نەوزادیش لەگەڵمان سواری
ئوتۆمبێلەکە بوو. هەر چەند مەترێک ڕۆیشتین دیتمان خێزانەکەی لە دەرگا
هاتە دەرێ و دەستی ڕادەوەشاند، ئێمەش ڕامانگرت و گەڕاینەوە، یەکسەر وتی:
نەوزاد چەکەکە نابەیت؟ کاک نەوزادیش وتی: با بڕۆ بیهێنە. خێزانەکەی
چەکەکەی هێنا، بەلام چەکەکە لە نێوان دوو گوش لوول درابوو. دیار بوو
لەژێر ئەرزیشیان شاردبۆوە، منیش هەر بۆ پێکەنین وتم: کاک نەوزاد ئەو
چەکەت بۆ وا شاردۆتەوە ئەی بۆ ئەمڕۆت نەبێت بۆ کەیە؟ بوو بە پێکەنین.
کاک نەوزادیشمان بردە بارەگای حیزبی دیموکرات و پاشان ڕاستەوخۆ چووینە
شەقڵاوە. پاش دانیشتنێکی کورت لەگەڵ هاوڕێیانی ئەوێدا ئێمە گەڕاینەوە
بۆ هەولێر.
ئەو ماوەیە زۆرێک لە هاوڕێیانمان بەو شێوەیە گەیاندە شەقڵاوە.
ئێوارەکەی چوومە بارەگای لقی دوو و چاوم بە هەردوو کۆچکردوو مامۆستا
سەعد و فەرەنسۆ هەریری کەوت کە بە بڕیاری کاک مەسعود کرابوونە
سەرپەرشتیاری هەولێر بۆ ڕاگرتنی ئەو دزی و تاڵانییەی لە هەولێر ئەنجام
دەدران. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەولێر بۆ سکاڵا لەوێ دانیشتبوون و هەر
ئەو کاتی یەکێ لە پارتییەکان بەپەلە هەواڵێکی هێنا و بە هەر دوو
کۆچکردووانی وت: هەندێک لە کۆنە مەفرەزە خاسەکانی پێشوو کە ئێستا لەگەڵ
پارتین بە تەنسیق لەگەڵ ئیستخباراتی بەعس خەڵکی لە هەولێر دەگرن و
تەسلیم بە ئیستخباراتیان دەکەنەوە. هەر ئێستاس کۆمەڵێک چەکداری
بزووتنەوەی ئیسلامییان لە ڕێگای مووسڵ گرت! هەواڵەکە ناخۆش بوو زیاتر
وەزعەکەی ئاڵۆز کرد. هەر بەڕاستی شار بۆنی خۆینی لێ دەهات بێجگە لە
دەیان چەکداری یەکێتی کە بەدیلگیرابوون و بێسەروشوێن بوون و تائێستاش
هەر بێ سەروشوێنن! لەولاشەوە کۆنە ئامر مەفرەزەخاسەکان کە زۆرینەیان
پێش نسکۆی ساڵی ١٣٧٥ پارتی بوون و پاش ڕاپەرینیش موکەرەم و موفەزەل
گەڕابوونەوە نێو پارتی! لەگەڵ دەزگای موخابەرات دەیان چەکداری
مەعارەزەیان گرت و پاشان لە بەغدا ئیعدام کران!
هەر ڕۆژی دووەم بارەگایەکی موعارەزە لە نزیک قەسری شیمال چوار دەوریان
گیرا و هەموویان بردن و پاشان لە بەغدا ئیعدام کران! رۆژی چوارەم دیسان
بارەگایەکی تورکمانان لە شەقامی موزەفەریە رێک بەرامبەر فندق هەولیر
چواردەوریان گیراو هەمووانان بە کوستەر برد و پاشان لە بەغدا ئیعدام
کران. تەنیا لە پارتە تورکومانەکان ٤٨ کەس گیراوەو پاشان لە بەغداد
ئیعدام کراون! ژمارەی ئەوانەی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقیش لەو ژمارەیە
کەمتر نەبوون. چەندین کەسی بێتاوانیش گیران کە هیچ پەیوەندییان بە شەڕ
و یەکێتیەوە نەبوو (کەسێکیان بە ناوی مەحەمەد ئەحمەد لە گەرەکی ڕۆناکی
گرت و لە ئەبوو غرێب ئیعدام کرا. ناوبرا کۆمێنیست بوو) بەگشتی دەستیان
لە هیچ نەدەپاراست، کۆنە مەفرەزە خاسەکان تۆڵەی ڕاپەرینیان لە خەڵکی
هەلێر دەکردەوە!
من هەردوو کۆچکردووم (مامۆستا سەعد و فەرەنسۆ حەریری) جیا کردەوە و پێم
گوتن: ئێوە خۆتان دەزانن ئێمە لە بەر بوونی پیاوانی ڕژێم ناتوانین لە
بارەگاکانی خۆمان بین، ئێستا بارەگای عەنکاوەمان داخستووە و کەسی لێ
نییە. بەڵام ئەو بارەگایە پڕیەتی لە کەلوپەلی هاوڕێیانی حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەمووشی کەلوپەلی ئیزگەکەیانە! بۆیە ئەگەر
بکرێت ئێوە بیپارێزن. ئەوان بەڵێنیان دا کە ئاگاداری هەڤالانی عەنکاوە
بکەنەوە بۆ پاراستنی بارەگاکەی حیزب لە عەنکاوە.
بەداخەوە ڕۆژی دوایی هاوڕێیانی عەنکاوە هەواڵیان هێنا کە شەوی ڕابردوو
بارەگای حیزب لە عەنکاوە تاڵان کراوە! منیش چوومە لای کۆچکردوو مامۆستا
سەعد و هەواڵەکەم پێ ڕاگەیاند، مامۆستا سەعد تووشی شۆک بوو!. هەر
بەیانییەکەی من و کاک تەیموری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا لە هەولێر
سەردانی بارەگای عەنکاوەمان کرد بۆ ئەوەی ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ
گواستنەوەی ئەو کەلوپەلانەی ماون. هەر ئەو دەمی هەردوو کۆچکردوو
مامۆستا سەعد و فەرەنسۆ هەریری هاتنە بارەگای حیزب لە عەنکاوە و
بەڵێنیان دا کە بەدواداچوون بۆ ئەو تاڵانییەی بارەگای حیزب بکەن.
هەر لەو ڕۆژانەدا بوو هاوڕێ ڕزگار حەساری لەبەر دەم بارەگای مەحەلی پێی
گوتم کە ئەو ڕۆژەی بارەگای مەکتەبی سیاسییان چۆڵ کرد هاوڕێ سەرکەوت و
مام قادر هیچ شوێنێکیان نەبوو بچنێ، بۆیە من هەردووکیانم لەگەڵ خۆمدا
بردۆتەوە ماڵەوە. هاوڕێ ڕزگار گوتی: ئەگەر بتوانی بیانگەیێنیتە شەقڵاوە
کارێکی باشە. منیش بەڵێنم پێ دا هەر بگەرێمەوە شەقڵاوە لەگەڵ خۆم
دەیانبەم (هاوڕێ ڕزگاریش زۆر نارەحەت بوو بە هێنانی سوپای بەعس بۆ
هەولێر هەر ئەو کاتی بوو بە منی گوت: ئەگەر هەر بەیاننامەیەک دژی ئەو
ڕەوشە دەردەکەن من ئامادەم بۆتان تایپ بکەم). هاوڕێ سەرکەوت گەنجێکی
سەر بە عەشیرەتەکانی باشووری عێراق بوو. لەکاتی پاشەکشێی سوپای بەعس لە
کۆتایی ١٩٩١ وەک سەرباز هاتبووە کوردستان و لەگەڵ سوپا ناگەرێتەوە
دەچێتە یەکێک لە بارەگاکانی حیزب لە گەرمیان و دەبێتە پێشمەرگە. هاوڕێ
سەرکەوت کەسێکی نەخوێندەوار بوو، بەڵام دڵسۆز و بە دیسپلین بوو. هەر
بۆیە پاشان لە مەحەلیی کەرکووک ڕەوانەی بارەگای مەکتەبی سیاسیی حشکیان
کردبوو، لە نێو پێشمەرگەکانیشدا خۆشەویست بوو. ئێستاش هەر لە بارەگای
حیزبە لە ناسریە.
بەیانییەکی چوومە ماڵی هاوڕێ ڕزگار حەساری لە گەڕەکی بەلاشاوە. کاتی
خواردنی نانی بەیانیان بوو. هاوڕێ سەرکەوت و مام قادریشم (مام قادر ئەو
کات سکرتێری لێژنەی چاودێری ناوەندی حیزب بوو)، لەگەڵ خۆم هەڵگرت و
گەیاندنمە بارەگای حیزبی دیموکرات و پاشان لەگەڵ هاوڕێیان تر
گەیاندنمانە بارەگای حیزب لە شەقڵاوە. لەو ماوەیەدا خەڵکێکی زۆر
هەڕەشەی لێ دەکراو ئازار دەدرا. ڕۆژێکیان هەواڵم بۆ هات کە عەلی سیاسی
لە ژێر هەڕەشەدایە. گرتوویانە و زۆریان لێ داوە. منیش پەیوەندیم پێوە
کرد و دیدارێکم لەگەڵیدا رێک خست و پێشنیاری ئەوەم بۆ کرد کە بیبەمە
بارەگای حیزب لە شەقڵاوە تا وەزعەکە ئارام دەبێتەوە. بەڵام ئەو وتی:
ئێستا باشترم هەر کاتێک پێویستم پێ بوو ئاگادارت دەکەمەوە. ئەو ماوەیە
خەڵکانێکی زۆر هەڕەشەی لێ دەکرا. بەگشتی جەوێکی ئیرهابی توندیان بەسەر
ئەو شارەدا سەپاندبوو!
ئەو ماوەیە سوودێکی زۆرمان لە بارەگای حیزبی دیموکرات وەرگرت، دەتوانم
بڵێم وەک بارەگایەکی خۆمان وابوو. هەم هاڕرێیانمان لەوێ کۆ دەکردوە و
هەم لە ڕێگای لاسەلکییەکەیان پەیوەندیمان بە سەرکردایەتیەوە لە
شەقڵاوەدا دەکرد.
لەگەڵ هاتوچۆیەکانم بۆ شەقڵاوە شەوێکیان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی
حشعدا مامەوە و هەر ئەو ئێوارەیە هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی کە
بەدیل گیرابوون لەلای پارتی بە یاوەری کۆمەڵێک لە ئەندامانی پەرلەمانی
پارتی سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حشع یان کرد. هاوڕێیان بەگەرمی
پێشوازییان لێ کردن و گفتوگۆیەکانیش هەموو لەسەر ڕووداوەکان و
دەرئەنجامەکانی هێنانی سوپای بەعس بوو بۆ هەولێر. شێخ ئەحمەد نەقشبەندی
کە پاشان بوو بە وەزیری ئەوقاف بە توانجەوە وتی: پێش ئێمەش کەسانی تر
هاوکارییان لەگەڵ حیزبی بەعسدا کردووە. مەبەستی سەردەمی بەرەی حیزبی
ئێمە و بەعسییەکان بوو! منیش ڕووم تێ کرد و وتم: وایە بەڵام دەکرێت ئەو
ناوەی ئێوە ئەو کاتی لە ئێمەتان نابوو ئێستاش ئێمە هەمان ناو لە ئێوەی
بنێین؟ چونکە ئەوان هێزەکانی حیزبی شیوعیان بەجاش دەناساند. ئەو کاتی
کەمال شاکر لە تەک من دانیشتبوو و دەستێکی لە ڕانمدا و وتی: ئەوانە
مێوانن واز لە بابەتەکە بێنە.
ئێوارەیەک لە هەولێرەوە چوومەوە شەقڵاوە هەر لە بارەگای شەقڵاوە کاک
عیمادی مام عەلی کە ئەو کات لەگەڵ کاک سەلاح دەلۆ بوو. (کاک سەلاح
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لەلایەک،
لەلایەکی تریش بەرپرسی لقی سێی کەرکووکی پارتی بوو. ئەو کاتەی یەکێتی
پەلاماری لقی دوو و شیراتۆنی دا ئەویش لە نێو بارەگای لقی دوودا بوو،
پاشانیش هاتە نێو بارەگای مەحەلی و هەر ئێوارەکەی کە شیراتۆن لەلایەن
یەکیتیەوە گێرا، لەگەل ماموستا سەعد بردمانە بارەگای مەکتەبی سیاسی و
پاشان گەیاندمانە بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەوانیش گەیاندیانە
شەقڵاوە) هاتە لام و وتی کاک سەلاح زۆر پرسیارت دەکات و حەز دەکات
بتبینێت. پاشان کاک عیماد داوای کرد دەبێت ئەو ئێوارەیە هەر بێیتە
لامان و ماڵەکەشمان دوور نییە. ئێوارە پاش نانخواردن پێکەوە لەگەڵ کاک
عیماد سەردانیمان کرد و زۆر بەگەرمی پێشوازی لێ کردین و وتی: هەر
یارمەتییەکتان پێویستە من وەک خۆم ئامادەم و هەرگیز ئازایەتی و
یارمەتییەکانی ئێوەم لەبیر ناچێت. (هەر واشبوو بەڕێزی پاش ئەوەی
هێزەکانی پارتی دەچنە سلێمانی ئەو پێش هەموو شتێک سەردانی بارەگای
حیزبمان دەکات). منیش سوپاسم کرد و پاشان بابەتی هێنانی سوپای بەعس
بووە بابەتی گفتوگۆیەکانمان. هەر لەو دانیشتنەدا من هەندێک بەتوندی
ئیدانەی هێنانی سوپای بەعسم کرد و وتم بە ڕای من ئەگەر پارتی بەس
ناوچەکانی بارزانی لەبەر دەست مابایەوە زۆر لەوە باشتر بوو بۆ پارتی کە
ئێستا بە کۆمەکی بەعس هەولێر داگیر بکات! هەستم کرد زۆربەی ئەوانەی
لەوێ دانیشتبوون سەیری منیان دەکرد و هەندێکیشیان شوێنەکەیان جێ هێشت.
بەڵام کاک سەلاح قسەکانی منی بە ئاسایی وەرگرت! پاشان من خودا حافیزیم
لێ کردن و لەگەڵ کاک عیماد گەڕاینەوە بارەگای حیزب لە شەقڵاوە.
ئەو ماوەیە من نەدەچوومەوە ماڵەوە. هەر لە بارەگای حیزبی دیموکرات
دەمامەوە و بەیانیان لە بارەگای حیزبی دیموکرات دەردەچووم و ئێواران
دەگەڕامەوە هەمان بارەگا. ڕۆژی سێی سێپتەمبەر پاش عەسرەکەی لە بارەگای
مەحەلی هەولێر بووین و کاک حەیدەر من و هاوڕێ سروودی جیا کردەوە و وتی
کاک مومتاز حەیدەری داوای کردووە کە حیزب بتوانی کاک ئەبو بەکر خوشناو
کە خۆی لە ماڵی ئەوان هاوێشتووە بباتە لای خۆیان یان بیگەینێتە
سنوورەکانی یەکێتی. کاک ئەبو بەکر خوشناو ئەو کاتی لەگەڵ کاک عەدنان
موفتی بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون. وا دیار
بوو هیچ شوێنێکی شک نەبردبوو و دۆستایەتشی لەگەل کاک مومتاز هەبوو بۆیە
بۆ خۆشاردنەوە پەنای بۆ ماڵی ئەوان بردبوو، کاک مومتازیش زۆر دەترسا
چونکە خودی کاک مەسعود ئەوکاتی هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە هەرکەسێک
یەکێتییەکان بپارێزی بە توندترین شێوە ڕفتاری لەگەڵدا دەکرێت. من
ئاگادار بووم کە کاک مومتاز ڕۆژی پێشتر بۆ دۆزینەوەی شوێنێک بۆ کاک
ئەبو بەکر خۆشناو سەردانی بارەگای پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتیشی
کردبوو. بەڵام هاوڕێیانی دیموکرات بارەگاکەیان زۆر قەرەباڵغ بوو و
نەشیان دەویست کەسانیک بێننە نێو بارەگاکەیان کە پێشتر لەلای خەڵکیتر
بوونە. ئەوەش بۆ پارێزگاری لە ئەوانەی لە بارەگا حەشاردرابوون. هەر ئەو
کاتی من و هاوڕێ سروود سەردانی ماڵی کاک مومتازمان کرد و چاومان بە
کۆچکردوو ئەبوبەکر خوشناو کەوت. ئەویش دیسان زۆر داوای کرد بەڵکوو حیزب
بتوانێ شتێکی بۆ بکات چونکە کاک مومتاز ترسی لە ژیانی خۆی هەیە. لە
بیرمە وتی: ئێمەی یەکێتی کە ئەو دەسەڵاتە زۆرەمان لە هەولێر هەبوو دوو
ماڵی نهێنیمان نییە بۆ ڕۆژێکی ئاوا بەڵام دڵنیام ئێوە هەتانە. ئێمەش
بەڵێنمان پێ دا کە هەرچی لەدەستمان بێت بۆی بکەین. ئەوە بوو پاش چەند
ڕۆژێک هاوڕێیانی مەحەلیی هەولێر لە ڕێگای بێستانەوە گەیاندیانە ژێر
ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتی.
ئێوارەکەی گەڕامەوە بارەگای حیزبی دیموکرات و هەر لە پێش هەیوانەکە
چاوم بە کاک بابە عەلی کەوت (کاک بابەعەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی
حیزبی دیموکرات بوو، بەبڕیاری مەکتەبی سیاسیی حیزبی دیموکرات بۆ
یارمەتیدانی کاک تەیمور هاتبووە بارەگای هەولێر)، پاش چاکی و چۆنی
پرسیاری سەلامەتی هاوڕێیانی کرد و وتی: کاک مستەفای هیجری منی
ڕاسپاردووە کە لە ڕێگای جەنابتەوە بە هاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزبتان
بلێت کە دەرگای بارەگاکانی ئێمە لە کۆیە کراونەتەوە بۆ هەموو
پێداویستییەک و ئەگەر پێویستیان پێیە ئێمە بە هێزی پێشمەرگەی خۆمان
دێینە هەولێر و دەیانگوازینەوە بارەگایەکانی خۆمان لە کۆیە. ئەوکاتی
مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە لە دەرەوەی وڵات بوو و کاک مستەفای هیجری
کە جێگیری سکرتێر بوو کارەکانی حیزبی دیموکراتی لە باشوور ڕادەپەراند)
هەر بۆ ڕۆژی دوایی کە چوومە شەقڵاوە پەیامەکەی حیزبی دیموکراتم بە
هاوڕێ کەریم گەیاند و ئەویش وتی: بە ناوی من سوپاسیان بکە و هەر کاتێک
پێویستیمان پێیانبوو ئاگاداریان دەکەینەوە.
هەر ئەو ئێوارەیە پاش دانیشتنێکی کورت لەگەڵ کاک بابە عەلی وەک هەموو
ئێوارەکانی تر من بە پێپیلکانەکان چووومە قاتی سەرەوە و ویستم بچمە ئەو
ژوورەی کە کادیرەکانی یەکێتی لێ بوو. هەر کە دەرگاکەم کردەوە یەکسەر
تووشی شۆک بووم! سەیرم کرد ژمارەیان زۆر زیادی کردووە. کە باشتر سەیرم
کرد کۆچکردوو کەمال فوئاد و کۆچکردوو عادل مراد و مامۆستا جەمال
عەبدولی کۆنە وەزیری ڕۆشنبیریم بەر چاوکەوت (کوچکردوو کەمال فوئاد
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو و لە هەمانکاتدا سەرۆکی کوتلەی
پەرلەمانی یەکێتی بوو لە پەرلەمانی کوردستان. کۆچکردوو عادل مراد ئەو
کاتی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. کاک جەمالیش
ماوەیەک پارێزگاری سلێمانی و ماوەیەکیش وەزیری ڕۆشنبیری بوو)، من هەر
بە پێوە لە بەر دەرگاکە وەستابووم بە شەرمەوە داوای لێبوردنم کرد و
دەرگاکەم داخستەوە و گەڕامەوە خوارەوە.
زۆرم پێ ناخوش بوو کە ئەوانەم لەوێ بینی، چونکە هیچ پێویستی نەدەکرد من
بزانم ئەوانە لەوێن هەر بۆ سەلامەتی ئەوان. چونکە ئەگەر پارتی
بیزانیبایە ئەوانە لە وێن، بە دلنیایەوە پەلاماری ئەو بارەگایەی حدکای
دەداوە ئەوانەی دەسگیردەکرد! کاتێک من گەیشتمە خوارەوە مامۆستا
سەیفەدینیش بە دوامدا هات و بەرامبەر کاک بابە عەلی وەستا. ئێستاش
دیمەنەکەم لە بەر چاوە مامۆستا سەیفەدین شەرواڵ و کراسێکی سپی لەبەردا
بوو دەستی چەپی خست بووە نێو نیفۆی شەرواڵەکەی و بە سەربادانەوە وتی:
ئێستا ئێمە چی بکەین...... کاک دڵشاد هەمووانی دیت و ئەویش ڕۆژانە
دەچێتە دەرەوە و ئێواران دەگەڕێتەوە ئێرە! ئیستا ژیانی هەموومان لە
ترسدایە!
بەڕاستی بۆ من زۆر ناخۆش بوو زۆر هەستم بە بێزاری و پەشیمانی دەکرد. لە
دڵی خۆمدا دەمگوت هەر ڕووداوێک لێرە ڕوو بدات ئەوە گومان لە من دەکەن.
بۆیە ڕاستەوخۆ بە مامۆستا سەیفەدینم گوت: بەرێز من لە ئێستاوە بە خۆم و
کلاشینکۆفەکەمەوە دێمە ژوورەکەی ئێوەو ناچمە دەرەوە تا هەموومان پێکەوە
لێرە دەردەچین! پاش قسەکانی من کاک بابە عەلی ڕووی کردە مامۆستا
سەیفەدین و پێی گوت: تۆ بڕۆوە لای هەڤالەکانت ئێمە پاش کەمێکی تر دێینە
لاتان. پاش گەڕانەوەی مامۆستا سەیفەدین بۆ لای هەڤالانی کە لە ژوورێکی
نهۆمی دووەمدا بوون. کاک بابە عەلی ڕووی لە من کرد و پرسی: ئەوە چی بوو؟
منیش ڕووداوەکە چۆن بوو ئاوام بۆی گێڕایەوە. یەکسەر دەستی گرتم و
پێکەوە سەرکەوتین و چووینە ژوورەکەی ئەوان.
پاش کەمێک قسەکردن کاک بابە عەلی لە هەمووانی پرسی: وابزانم ئێوە
متمانەتان بە ئێمە هەیە بۆیە پەناتان بۆ بارەگای ئێمە هێناوە؟ هەر
هەموویان وتیان بەڵێ. پاشان بابە عەلی وتی: ئێمەش متمانەی سەدا سەدمان
بە هاوڕێ دڵشاد هەیە و هەر بۆ زانیاریتان ئێمە لە حیزبی دیموکرات وەک
ئەندامێکی سەرکردایەتی خۆمان هەڵسوکەوت لەگەڵ هاوڕێ دڵشاد دەکەین. پاش
ئەو قسانەی کاک بابە عەلی ئەوان هەندێک هێور بوونەوە. بەڕاستیش تا ئەو
کاتی نە کۆچکردوو کەمال فوئاد و نە کۆچکردوو عادل مراد و نە مامۆستا
جەمالیش منیان نەدەناسی. بەڵام پاش ئەو ئێوارەیە بووینە برادەری یەکتر
و لە دواییدا چەندین جار لە شوێنی جیا جیا یەکترمان دیوەتەوە.
هەر ئەو ئێوارەیە تا درەنگانێکی شەو گفتوگۆی سیاسیمان کرد و ئەوان
هێشتا چاوەڕوانی پەرچەکرداری هێزەکانی ئەمەریکا بوون دژی سوپای ڕژێم.
هەندێکیان پرۆسەکەیان بە ساڵی ١٩٦٦ یان دەچواند بەلام بە جێگۆرکێ (ئیستا
پارتی لە شوێنی باڵی مەکتەبی سیاسیە و یەکێتیش لە شوێنی باڵی مەکتەبی
عەسکەرەی دان). ئێستاش لە بیرمە کۆچکردوو عاد موراد دەیووت شەمە و یەک
شەممە لە رۆژئاوا دەوام نیە چاوەروانبن بزانن پاشان رۆژنامەکان چۆن
هەلایەک دروست دەکەن و هێزەکانی پاراستنی هێلی ٣٦ ناجار دەکەن کە
دەرسێکی کوشندە بداتە هیزەکانی بەعس و پارتی. هەر پاش ئەو شەوە، ئیتر
هەموو ڕۆژ ئەو شەوانەی دەگەڕامەوە بۆ بارەگای حیزبی دیموکرات تا
درەنگانێ شەو لەلای ئەوان دەمامەوە!
ئێوارەیەک هەندێک درەنگ گەڕامەوە بارەگای حیزبی دیموکرات و کە چوومە
ژوورەوە کاک تەیموور لەبەر هەیوانەکە ڕاوەستابوو! پاش هەواڵپرسین
یەکسەر وتی: ئەوە بۆ دوا کەوتی؟ ئەوانەی سەرەوە (مەبەستی هەڤالانی
یەکێتی بوو) ئەوە لە ئێوارەوە زیاتر لە چوار جاران هاتوونەتە خوارێ و
پرسیاری تۆ دەکەن و دەڵێن ئەگەر هاتەوە با بێتە لامان! کاک تەیموور وتی:
منیش هەر بە گاڵتە پێم وتن: لەسەرەتا لێی دەترسان ئێستاش بەبێ ئەو
ناحەوێنەوە! ڕووی لەمن کرد و گوتی: برۆ سەرەوە با جارێکی تریش نەیەنە
خوارێ و پرسیارت بکەن!
پاش هێوربوونەوە وەزعەکە لە هەولێر برادەرانی حدکا هەموو هەڤالانی
یەکێتیان بردبووە بارەگای سەرەکیی خۆیان لە کۆیە تا ئەو کاتەی یەکێتی
لە سەر سنوورەکان هاتنەوە ناوچەکانی کۆیە، ئەوانیش بە ئاسانی چوونەوە
شوێنی خۆیان! ڕۆژێکیان کاک حەیدەر فەیلی حەزی دەکرد سەردانی کۆچکردوو
عادل مراد بکات. ئەوەبوو پێکەوە چووینە بارەگای حدکا لە هەولێر بەڵام
برادەرانی حدکا وتیان لە دوێنێوە لێرە نەماون!
هاوڕێیانی حدکا دڵسۆزانە پارێزگاریان لەو بەرپرسانەی یەکێتی دەکرد،
لەگەڵ ئەوەی هەرچەند هەفتەیەک بوو سوپای پاسداران بە کۆمەکی یەکێتی لە
بارەگای سەرەکی حدکایان دابوو لە شارۆچکەی کۆیە! هەروەها پاش داخستنی
ڕادیۆی حدکا لە ئەنجامی فشارەکانی یەکێتی لە کۆیە، حدکا بەناچاری
ڕادیۆیەکەی بردە کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێم، لەگەڵ ئەوەشدا دیسان
حدکا لە ڕادیۆی خۆیدا کە لە ژێر دەسەڵاتی بەعس پەخش دەکرا، ئێوارەی ٣١ی
ئاب لە ڕادیۆکەی خۆیدا ئیدانەی هێرشەکانی سوپای بەعسی بۆ سەر شاری
هەلێر کرد!
ڕۆژی چواری نوڤێمبەر شار هەندێک ئارامتر بوو، بەڵام هێشتا ئەو
دەنگۆیانە هەبوون کە پیاوانی دەزگا ئەمنییەکانی بەعس لە هەولێرن و لە
ڕێگای کۆنە مەفرەزە خاسەکان کە ئێستا هەموویان پارتین و کاری خۆیان
دەکەن. بەیانییەکەی سەردانی بارەگای مەحەلیمان کرد و پاسەوانەکان هێشتا
ترسی پیاوانی ڕژێمیان هەبوو. بۆیە هەر ئەو ڕۆژە لەگەڵ هاوڕێ ئەحمەد
شاهین سەردانی بەرپرسانی پاریتمان کرد لە بینایەی پاریزگای هەولێر. بۆ
ئەوەی بتوانین ڕێگا چارەیەک بدۆزینەوە بۆ پاراستنی بارەگای مەحەلی.
ناکرێ پارتی ڕێگا بدات پیاوانی بەعس هەڕەشە لە بارەگای حیزبمان بکەن.
هەر لەگەڵ گەیشتنمان کۆچکردوو مەهدی خۆشناو پێشوازی لێ کردین( مەهدی
خۆشناو کارگیری لقی دووی پارتی بوو و پاشان بووە جێگیری پاریزگای
هەولێر و لە کارەساتەکەی دووی شوبات شەهیدبوو) و ئێمەش وتمان دەمانەوێت
چاومان بە کۆچکردووان مامۆستا سەعد و کاک فەرەنسۆ هەریری بکەوێت.
کوچکردوو مەهدی خوشناو چووە ژووری کۆبوونەوەکەیان و بەپەلە گەڕایەوە
وتی: ئەوان لە کۆبوونەوەدان و وتیان: با هەندێک چاوەڕوان بکات تا
کۆبوونەوەکەمان تەواو دەبێت! منیش هەندێک بە توڕەییەوە وتم: چاوەڕێی چی
بکەین تا بارەگایەکەمان دەگیرێ لەلایەن پیاوانی بەعس!؟ کوچکردوو مەهدی
خوشناو زۆر داوای لێبوردنی کرد و وتی: من خۆم ئەو باسە لەگەڵ
هەردووکیان دەکەم. ئێمە بە نیاز بووین بینایەی پارێزگا بەجێب ێڵین،
دەنگۆێ گیرانی فوئاد مەعسوم ( کاک فواد ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی
یەکێتی بوو و لە کابینەی یەکەمی هەرێمدا سەرۆک وەزیران بوو و پاشانیش
بووە سەرۆک کۆماری عێراق) وەک ئاگری نێو پووشان لە نێو بینایەی پارێزگا
بڵاو بوەوە.
پاش ماوەیەکی زۆر لە ٣١ی ئاب من و کۆچکردوو مەلا حەسەن سەردانی کاک
جەلیل گادانیمان کرد لە بارەگایی حدکا لە هەولێر بۆ پرسینی تەندروستی
چونکە نەشتەرگەریی بۆ کرابوو کە کۆچکردوو مەهدی خۆشناویش کە ئەو کات
کرابوو بە جێگیری پاریزگای هەولێر، ئەویش بۆ سەردانی کاک جەلیل لەگەڵ
کاک شێخەڵلا هاتبوون. هەر لەو دانیشتنەدا باسی ئەو ڕۆژەی کرد و وتی:
دەزانم هاوڕێ دڵشاد ئەو ڕۆژە زۆر توڕە بووی، بەڵام بۆ زانینت منیش دژی
هێنانی سوپای بەعس بووم و وەزعەکەم زۆر پێ ناخۆش بوو!
پێش ئەوەی هێزەکانی بەعس بۆ دەرەوەی هەولێر بکشێنەوە. خەڵکی هەولێر
ترسێکی زۆریان لەو هێزە هەبوو کە لەو شارەدا تاوانێکی گەورە ئەنجام
دەدەن. بەتایبەتی ئەو بنەماڵانەی کە لە ڕاپەرین بە شێوەیەک لە شێوەکان
بەشدار بووبوون. ئەوە بێجگە لەوەی کە خەڵکی وا هەستی دەکرد ئەو
ئازادییەی لە ڕاپەرین بەدەستیان هێنابوو ئەوە لە ئەنجامی گەڕانەوەی
سوپای بەعس و پارتی لە دەستیان دا و جارێکی تر بەناچاری دەبێت لە ژێر
دەسەڵاتی دیکتاتۆردا ژیان ببنەسەر! ترسەکە زۆر زیاتر بوو ئەو کاتەی کاک
مەسعود لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕەوایی دایە سوپای بەعس تا
سنوورەکان بچن و وتی: سوپای بەعس مافی خویەتی سنوورەکانی عێراق بپارێزێ!
هەرچەند پاش چەند ڕۆژیک سوپاکەی بەعس لە نێو شار چوونە دەرەوە، بەڵام
هەندێ شوێنیان هەر چۆڵ نەکردبوو، بە تایبەتی ناوچەکانی نێوان قوشتەپە و
پردێ، تا ڕووخانی بەعسیش ئەو هێزە هەر لەوێ مایەوە.
زۆرێک لە پیاوانی ڕژێم ئەوانەی لە ڕاپەرین لە ترسی گیانی خۆیان و
دڵسوزیان بۆ بەعس کوردستانیان جێ هێشت بوو گەڕابوونەوە هەولێر و
هەڕەشەیان لە ئەوانە دەکرد کە لە ڕاپەرین دەوری کاریگەریان هەبوو هەر
لەو ڕۆژانە بنەماڵەی سدیق دەرویش کە بە ئەبو ئازاد دەناسرا و خەڵکی
ئاکرێ بوو لەکاتی بەرەدا ئەندامی ئیقلیمی کوردستانی حیزبی شیوعیی عێراق
دەبێت و لە ژێرەوەش پیاوی ئەمن بووە. پاش چوونە دەرەوەی حیزب لە بەرەدا
دەزگای ئەمن خانووەکەی حیزبی لە پشت حەدید و خەشب وەک پاداشت لەسەر
ناوبراو تاپۆ دەکات. پاش ڕاپەرین حیزب خانووەکەی وەردەگرێتەوە مامۆستا
قادر تێدا نیشتەجێ بوو، خانەوادەی ئەبو ئازاد دەچنە سەر ماڵی مامۆستا
قادر و داوای وەرگرتنەوەی خانووەکەی حیزب دەکەنەوە... دەیان ڕووداوی وا
ڕووی دا.
هەر لەو ڕۆژانەدا بوو لە لایەن هاوڕێیانەوە ئاگادار کرامەوە کە
کۆبوونەوەیەکمان دەبێت لە ماڵی هاوڕێ سروود کە ئەوکات ماڵیان لە پشت
حەدید و خەشەب بوو. کۆبوونەوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکان و پێشهاتەکان
بوو. لە کۆبوونەوەکەدا مامۆستا کەمال زەهاویش، کە بەرپرسی رێکخستنی
ناوەندیی حیزب بوو، بەشدار بوو. بەڵام ئەو بە بیانووی ئەوەی کارێکی
گرنگی هەیە، ماوەیەکی کەم لەگەڵماندا مایەوە. تا ئەوکاتیش هیچ
بەرچاوڕوونییەک بۆ کاری داهاتوومان نەبوو، کۆبوونەوەکە پێش نیوەرۆ
کۆتایی هات.
من گەڕامەوە بارەگای پەیوەندییەکانی جزبی دیموکرات بۆ ئەوەی بگەرێمەوە
شەقڵاوە. کاک بابە عەلی وتی: پێش ئەوەی تۆ بێیتەوە کەسێک لێرە بوو بە
ناوی کەمال زەهاوی وتی: من ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیم. ئەگەر
بتوانن یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی بگەمە ناوچەکانی سلێمانی! دیار بوو کاک
بابە عەلییش وتبووی: ئێستا زۆر زەحمەتە بە هۆی گیرانی ڕێگاوە لەلایەن
پارتی و هێزەکانی ڕژێم، بەڵام ئەی بۆ هاوڕێ دڵشاد باسی شتێکی وای
نەکردووە. دیار بوو کارە گرنگەکەی مامۆستا کەمال بۆ ئەم مەبەستە بوو کە
کۆبوونەوەکەی جێهێشت! سەردانی بارەگای حیزبی دیموکراتی کرد بوو بۆ
دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چوونە دەرەوە لە هەولێر لە کاتێکدا زۆر باش
دەیزانی من هەم پەیوەندیم بەوانەوە هەیە و هەمیش بەبەردەوامی لەوێم.
پاش چوونە دەرەوەی هێزەکانی ڕژێم لە هەولێر و جێگیربوونیان لە پشت
قوشتەپە، هەولێر هەندێک ئارامتر بووبوو، بەڵام هێشتا هەڕەشە و تۆقاندنی
چەکدارانی پارتی بەرامبەر بە خەڵکی هەولێر لە لووتکەدا بوو! ئەو
تۆقاندنە ئەوەندە بەرفراوان بوو هەموو ئەوانەی ڕوژانێک لایەنگیریی
یەکێتی بوون بانگ دەکران و دەگیرانو بە دڕندەترین شێوە ئازار دەدران!
هەندێک لەو یەکێتیانەی کە گیرابوون و پاش پاکانەکردن لە یەکێتی بوون
ئازاد کرابوون. شێوازی ئەشکەنجە و ئیهانەکانیان دەگێڕایەوە کە سەد
خۆزگەت بە دەزگا ئەمنییەکانی بەعس دەبرد! بێجگە لەوەی چەکدارانی پارتی
بۆ تۆڵەی کێشە کەسایەتی و کۆنەکانی خۆیان لەگەڵ خەڵکانی تردا وەک
هێزێکی دەستکراوە پەنایان بۆ هەموو کارێک دەبرد! بەگشتی هەڵسوکەوتیان
بەرامبەر بە خەڵکی هەولێر گەلێک دڕندانە بوو!
پاشان هێزەکانی پارتی لە ڕێگای کۆیەوە پەلاماری هێزەکانی یەکێتیان دا
شاری کۆیەیان گرت و هێزەکە بەرەو سلێمانی و ناوچەکانی ڕانیە و قەڵادزێ
چوون. هاوڕێیانی ئێمەش لە ناوچەکانی ڕانیە و قەڵادزێ لەگەڵ هێزەکانی
یەکێتی بەرەو سەرسنوورەکان چووبوون. ئەو کات کاک شەپۆل بەرپرسی
ناوچەکانی ڕانیە بوو ئەویش لەسەر سنوور بارەگایەکی بۆ حیزب دانابوو. لە
ڕێگای بێتەلەوە پەیوەندیی بە هاوڕێیانی شەقڵاوە کرد و تێیدا هەواڵی
کردنەوەی بارەگای خۆیانی لەسەر سنوور بە هاوڕێیان ڕاگەیاند. کاتی
گەیشتنی بروسکەکە ئێمە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حشع لە شەقڵاوە
دانیشتبووین. هەر لەگەڵ خوێندنەوەی بروسکەکە یەکسەر کاک کەمال شاکر لە
سەر کورسییەکەی خۆی هەستایەوە بە پێکەنینەوە وەک گاڵتەپێکردن، بەڵام لە
ناوخۆیدا زۆر توڕە بوو، گوتی: بەپەلە پەیامێک بۆ ئەو بێ ..... بنێرین و
پێی بڵێن زوو بێتەوە و کێ پێی وتووە بچێتە سەر سنوور؟". ئەوەبوو لە
ڕێگای بروسکەوە شەپۆل ئاگادار کرایەوە کە بگەڕێتەوە چونکە ئەوە
هەڵوێستی حیزب نییە!
سلێمانییش پاش چۆڵکردنی لەلایەن یەکێیتییەوە هێزەکانی پارتی بەبێ شەڕ
چوونە نێو شار و بارەگاکانی ئێمە لە ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی
بێزیان بوون و پەلامار نەدران، بەڵام لە هەموو شوێنەکان گێجەلیان بە
هاورێیان و بارەگایەکان دەکرد بە بیانووی ئەوەی گوایە یەکێتیەکانتان
حەشارداوە! بارەگای چەمچەماڵ و کەلاریان تالان کردبوو و کۆمەلێک
پێشمەرگەشمان لە لایەن حەمەخانی حاجی دارا چەککاربوون ( حەمەخان کۆنە
ئامیر فەوچی جاشایەتی بوو و پاش راپەرین بەرپرسی سەربازی پارتی بوو لە
ناوچەکانی گەرمیان).
هەر لەو ماوەیەدا هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی بڕیاریان دابوو، بەڵکو من
بتوانم هاوڕێیانی رێکخراوەکانی ئافرەتان و مامۆستایان و کرێکاران و
قوتابییان و لاوان لە هەولێر ڕێک بخەمەوە تا بتوانن دەست بە کارەکانی
خۆیان لەسەر ئەو وەزعە نوێیە بکەنەوە. ئەو ماوەیە من زیاتر بە تەکسی
هاتوچۆم دەکرد و لە هەولێر دوور لە بارەگای حیزب چاوم بە سەرکردایەتی
ئەو ڕێکخراوانە دەکەوت.
زۆرینەی هاوڕێیان شێوازیک لە ناڕەزایەتیان پێوە دیار بوو دژی هێنانی
سوپای بەعس لەلایەن پارتییەوە. بەڵام لە نێو هەندێک لە هاوڕێیانی
مەکتەبی سیاسی هەوڵ دەدرا بۆ ئەوەی بەهێمنی وەزعەکە ئاسایی بکەنەوە و
حیزب لەگەڵ ئەوەدا بگونجێنن کە لەگەڵ پارتیدا بەشداریی ئیدارەی نوێ
بکات! یەکەم هەنگاویش بۆ ئەو مەبەستە دەرکردنی بەیاننامەیەک بوو لەگەڵ
پارتی کار و بزووتنەوەی ئاشووریدا. ناوەڕۆکی بەیاننامەکە بریتی بوو لە
گەیاندنی پەیامێک بۆ پارتی کە ئێستاش ئێمە ئەو سێ لایەنە ئامادەین
هاوپەیمانێتییان لەگەڵدا ببەستین! لە کۆتایدا هەر سێ لایەن لە ئیداری
پاش ٣١ی ئاب بە وەزیریک بەشداربوون!
ئەو کاتی ئێمە لە هەولێر کارمان بۆ ئەوە دەکرد بە گیانی بەرەنگاری
ڕێکخراوە جەماوەرییەکان رێک بخەینەوە، بەڵام ئەوان بە بڕیاری حیزب
رێکخراوەکانیان دەناردەوە نێو ئەو سەندیکا و یەکێتییانەی کە لە سەردەمی
بەرەی کوردستانیدا دروست کرابوون. تا یەکێتی لە هەولێر بوو یەکێتی
تێیدا باڵادەست بوو، ئەحیزبەکانی تریش پاشکۆ بوو. پاش هاتنەوەی پارتی
بۆ هەولێر ئەو ڕێکخراوانە هەموویان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی پارتی و دیسان
ئەحیزبەکانی تر پاشکۆ. نوێنەری حیزبەکانی تر لە نێو ئەو رێکخراوانە لە
ڕووی مادییەوە سوودمەند بوون، بۆیە هیچ گرفتێکیان لەو پاشکۆبوونە نەبوو.
ئێوارەیەک لەبەر دەم بارەگای مەحەلیی هەولێر چاوم بە هاوڕێ خەسرەو کەوت
کە ئەوکات نوێنەری حیزب بوو لە سەندیکای کرێکاران. هاوڕێ خەسرەو وتی:
ئەمرۆ لە مەکتەبی سیاسی بروسکەیەک هاتووە، داوا دەکات کە نوێنەرەکانی
کرێکاران و جوتیاران و مامۆستایان بچنەوە سەر کارەکانی خۆیان لە
سەندیکای کرێکاران و یەکێتی جوتیاران و یەکێتی مامۆستایان! هەر لەگەڵ
بیستنی ئەو هەواڵە من تووشی شۆک بووم. لەوە گەیشتم کە ئەوان چ
بەرنامەیەکیان لە بەردەستدایە بۆ بەشداریکردنی حیزب لە کابینەی
داهاتووی پارتیدا، چونکە ئەو بڕیارە لە نێو لێژنەی کاری جەماوەریی حیزب
وەرنەگیرابوو بەڵکوو تەنیا دوو کەس لە نێو مەکتەبی سیاسی هەر بە ناوی
مەکتەبی سیاسی ئەو بروسکەیان بۆ مەحەلییەکان ناردبوو!
بە تێگەیشتنی من پارتی خۆی دەیزانی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ بەعسدا
هێندە قێزەونە، هیچ هێزێکی کوردستانی لە دوای ئەو ڕووداوە هاوپەیمانێتی
لەگەل ناکات (ئەوکاتی هێشتا برینەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە
نوێ بوون و خەڵکی بە گشتی ئازارەکانی بەعس و دڕندایەتی بەعسی لە بیر
مابوو)، بڕوای نەدەکرد هیچ هێزێکی کوردستانی پاش ئەو دەست تێکەڵکردنەی
لەگەڵ بەعس کاری هاوبەشی لەگەڵدا بکات. هەر ئەو هۆکارەش بوو کە پێش ٣١ی
ئاب لەگەڵ هیچ هێزێکی کوردستانیدا باسی ئەو بابەتەی نەکردبوو. هەر ئەو
هۆکارەش بوو کە دەستی لە تاڵانکردنی هیچ بارەگایەکی حیزبەکانی تردا
نەپاراست! تەنیا بارەگاکانی بەرەی تورکمانی پارێزران و
تەلەفزیونەکەشیان کە ڕێک بەرامبەر پارێزگای هەولێر بوو کەس دەستی بۆ
نەبرد و پارتی پارێزگاری لێ دەکرد!.
پاش هێرشەکانی پارتی بۆ سەر هێزەکانی یەکێتی لە ناوچەکانی کۆیە و
گەیشتنیان بۆ سلێمانی هێزەکانی پارتی زیاتر لە نێو گەڕەکەکانی هەولێر
دەبیندران! ئێوارەیەکیان ئێمە کۆمەڵێک هاوڕێ لە شەقڵاوە دەگەڕاینەوە
هەولێر و کاک موحسینیشمان لەگەڵدا بوو کە پێشتر شوفێری لانگرؤزەرەکەی
پەیوەندییەکانی حیزبی شیوعی عێراق بوو لە هەولێر. کاتێک ئێمە گەیشتینە
سەر شێستی لەلای گەڕەکی بەستەپیازە ڕێک ماڵەکانی بەرامبەر نەخوشخانەی
کۆماری کاک موحسین وتی: ئەوەتە لانگرۆزەرەکەمان! ئێمەش لە سەیارەکان
هاتینە خوارێ و لەبەر دەم لانگروزەرەکە ڕاوەستاین و وتمان ئەو سەیارەی
ئێمەیە و دەمانەوێتەوە. هەموو چەکداری پارتی بوون و بە جلوبەرگ و
شێوازی ئاخافتنیان پێدەچوو خەڵکی ناوچەکانی زرارەتی بن!
چەکدارەکان یەکسەر دابەش بوون وبەرپرسەکەیان وتی: "ئەو سەیارەیە لە شەڕ
گیراوە و تەقەی لە دەبابەکانی گاردی کۆماری دەکرد!". ئێمەش وتمان:
نەخێر ئەوە هی ئێمەیە و ئێمە هاوڕێیانی حیزبی شیوعیین! ئەویش هەر ئەو
قسەی دووبارە دەکردەوە کە گوایە لەشەڕ گیراوە! پاشان من وتم باشە ئەگەر
تەقەشی لە دەبابەکانی گاردی کۆماری کردبێت خۆ ئێوە جاش نین تا ئەوەی
دوژمنی بەعس بێت تاڵانی کەن! ئەو هەر ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە ئەو
سەیارەیە تەقەی لە دەبابەکانی بەعس کردووە!
ئەو لانگروزەرە تاکە سەیارەی هاوڕێیانی حیزبی شیوعی عێراق بوو لە
هەولێر. ئەو ڕۆژە نەیانتوانی بوو سەیارەکە ڕزگار بکەن و لێیان بەجێ
مابوو! هەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو سەیارەیە هاوڕێیانی حیزبی شیوعی عێراق
ڕێگا نەما نەیگرنە بەر تا لە سەردانێک بۆ لای کاک مەسعودیش داوای
وەرگرتنەوەی ئەو سەیارەیان کردبوو! بەڵام ئێستاش و ئەو کاتیش هەر
وەرنەگیرایەوە.
ئێوارەیەک لە شەقڵاوە ئاگادار کرامەوە کە بڕیار دراوە کۆبوونەوەیەک
ببەسترێت بە ئامادەبوونی هەموو هاوڕێیانی سەرکردایەتی لە حیزبی شیوعیی
کوردستان و حیزبی شیوعیی عێراق ئەوانەی لە شەقڵاوەن. کۆبوونەوەکە
تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر بەشداریی حیزب لە کابینەی داهاتوو
لەگەڵ پارتیدا! لەو کۆبوونەوەیەدا زۆرینەی هاوڕێیانی ئامادەبوو
بەشداریی حیزبیان لە کابینەی داهاتوو بەو وەزعەی ئێستا ڕەت کردەوە!
ئەوانەی لەگەڵیش بوون کەمینەبوون و پاساویان ئەوە بوو کە بنکە
حیزبییەکەی پارتی ڕازی نابێت پارتی لەگەڵ بەعس هاوپەیمان بێت و پێویستە
ئێمەش دەوری خۆمان لەو کابینەیەدا ببینین بۆ دوورخستنەوەی پارتی لە
هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەعسدا (حیزب ئەگەر ئەو هێزە نەبووبێ بتوانێ بەرگری
لە بارەگاکانی خۆی بکات چۆن دەتوانێ ئەو کاریگەرییەی لەسەر پارتیدا
هەبێت لەبەعس دووری بخاتەوە، لەکاتێکدا هاوپەیمانێتی پارتی و بەعس
پەیوەندیی بە پارسەنگی هێزەوە هەبوو لە ململانێکانی نێوان یەکێتی و
پارتیدا).
هەمووکاتەکان ئەوانە لە سەرکردایەتی پاساوەکیان دۆزیتەوە بۆ
هاوپەیمانەتییەکانیان، ئاخر حیزبی شیوعی پاش کودەتاکەی بەعس لە ١٣٦٣
چووە ژێرباڵی بزووتنەوە چەکدارییەکەی دژ بە یاسای چاکسازیی زەویوزار کە
زۆر باشیش دەیانزانی ئەو بزووتنەوە کۆنەپەرستییە پەرچەکرداری هێزە
کۆنەپەرست و ئاغا و دەرەبەگەکان بوو بە پالپشتی شای ئێران دژی یاسا
مەدەنییەکان و یاسای چاککردنی زەویوزاری شۆڕشی تەممووز! هەروەها چوونە
نێو بەرەی بەعس دیسان دەیان پاساوییان بۆ دەهێنایەوە لە کاتێکدا
هەموویان دەیانزانی بەعس چ دڕندەیەکە بەرامبەر شیوعییەکان و خەڵکی
نیشتیمانپەروەر.
کاتێک کاتی من هات بۆ قسەکردن من تەنیا ئەوەندەم وت: ئێمە نەتوانین هیچ
کاریگەرییەکمان هەبێت بۆ دوورخستنەوەی پارتی لە رژێمی بەعسدا، ئەوە
تەنیا دروشمێکە بۆ خۆل کردنە چاوی هاورێیان لەلایەن ئەوانەی دەیانەوێت
حیزب ڕاکێشنە نێو ئەو ئیدارەیە کە نابێت ئێمەی شیوعی تێدا بین! هیچ
چاوەڕوانییەک لە بنکە حیزبییکەی پارتیش ناکرێت کە فشار دروست بکات و
بەو هاوپەیمانەتییە ڕازی نەبێت چونکە پێش هەموو شتێک زۆرینەی بنکە
حیزبییەکەی ئێستای پارتی هیچ کێشەیەکیان لەگەل دەسەلاتی بەعس نیە و
زۆریشیان لە چەکدارەکانیان کۆنە پیاوانی بەعسن و ئەوانیتریش ئامادەن
دەست بۆ شەیتانیش درێژ بکەن بۆ سەرکەوتنیان بەسەر یەکێتیدا( ئاخر
هەرواش دەرچوو یەک دەنگی نارەزایەتیمان لە نیو پارتیدا نەبیست بە
ئاشکرا دژایەتی ئەو پرۆسەیە بکات. بە پێچەوانەوە بەناو رۆشنبیرەکانیان
دەیان پاساویان بۆ دەهێنایەوە، عەوامەکەش کە زۆرینەبوون بەشکرا
شانازیان پێوەدەکرد. بەلام ئەو کاتەی یەکێتی لەگەل پاسداران هێرشی کردە
سەر بارەگاکانی حدکا ٣٠ی کادیری یەکێتی لە ژێر ناوی خۆیاندا لە
بەیاننامەیەکدا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی یەکێتی راگەیاندوو
بەیاننامەکەش پچر پچر لە ئیزگەکەی حدکا کە لە کەرکوک بەخشدەکرا
دەخوێندرایەوە)!
پاش ئەو قسانە کاک کەمال شاکر کە تا ئەو کاتی هیچ قسەیەکی نەکردبوو
تەنیا سەیری دەمی قسەکەرەکانی دەکرد و تێگەیشت کە ئەگەر ئێستا ئەوە
بدرێتە دەنگدان ئەوە زۆرینە دەنگ دژی بەشداربوون دەدات، دەستی بە قسان
کردو وتی: ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندیی بە هاوڕێیانی حیزبی شیوعی عێراقەوە
نییە و پێویستە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان
ئەو بابەتە گفتوگۆ بکریت هەر لەوێشدا بڕیار وەربگیرێت! سەرپەرشتیاری
کۆبوونەوەکەش کە هاوڕێ ئەبو داود بوو (ئەویش یەکێ لەوانە بوو ئارەزووی
بوو حیزبی شیوعی کوردستان بەشدار بێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگاوە کۆمەک و
یارمەتی لە پارتی بۆ حشع وەرگریت) یەکسەر بە پێشنیارەکەی کاک کەمال
ڕازی بوو و کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێنا! لە کاتێکدا کۆبوونەوەکە بۆ ئەو
ئامانجە ڕێکخرابوو کە تێیدا بڕیار بدرێ ئایا حیزبی شیوعیی کوردستان
بەشداریی ئیدارەی ٣١ی ئاب بکات یان نا؟
ڕێک وەک شانۆگەرییەکەی چوونە نێو بەرەی بەعس بوو ئاخر ئەو کاتیش دیسان
لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کە کۆچکردوو عەزیز محەمەد سەرپەرشتی
دەکرد ١٣ ئەندام تێدا بەشداربوونە. پاش گفتۆگۆی چوونە نێو بەرە، یان
نەچوون، دراوەتە دەنگدانەوە! زۆرینە کە حەوت ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی
بوونە دژی بەشداریی چوونە نێو بەرە لەگەڵ بەعسدا دەنگ دەدەن و شەشیان
بە کۆچکردوو عزیز محەمەدەوە لەگەڵ چوونە نێو بەرەدا دەبن! بەڵام چونکە
دەرئەنجامەکە بە دڵی سکرتێری حیزب نابێت ئەوە کۆبوونەوەکە ڕادەگرێت و
پشووێک دەداتە ئامادەبووان و هەر لەکاتی پشووەکەدا دەچێتە لای کۆچکردوو
ئەبو سەرباز و داوای لێ دەکات کە دەبێت دەنگ بۆ بەشداریی بدەیت کە
پێشتر دژی چوونە نێو بەرە دەنگی دابوو.
سکرتێری ئەو کات کوچکردوو عەزیز محەمەد جارێکی تر چوونە نێو بەرە
دێنێتەوە نێو گفتوگۆیەکانی کۆبوونەوەکە و پاشان سەرلەنوێ دەیداتەوە
دەنگدان کە ئەوە پێچەوانە پەیڕەوی ناوەخۆی حیزب بووە، چونکە نابێت
بابەتێک کە دەنگی لەسەر درا جارێکی تر بگەرێتەوە نێو کۆبوونەوە و
گفتوگۆ بکرێت و سەرلەنوێ دەنگی بۆ بدرێت! بەڵام ئەوان ئەگەر ئارەزوویان
لە شتێک بێت پەیڕەوی ناوخۆ چییە! بۆیە کە جاری دووەم دەدرێتەوە دەنگدان
ئەوە ڕێژەکە دەگۆرێت و دەبێتە حەوت ئەندام دەنگ بۆ چوونە نێو بەرەی
بەعس دەدەن و شەشیشیان دژ دەبن. هەر لە ئەنجامی ئەو ئارەزووەیەی
سکرتێری پێشوو هەم حیزب لاپەڕەیەکی رەشی بۆ مێژووی خۆی تۆمار کرد هەم
سەدان لە هەرە تێکوشەرانی نێو حیزب خرانە بەردەم چەقۆی جەلادەکانی بەعس
و بوونە قوربانی تینویەتی بەعس بە خوێنی شیوعییەکان. سکرتێری پێشووش
پێش توندبوونی ئیرهابەکەی بەعس، عێراقی جێهێشت و حیزب و ئەندامانی
حیزبی تەسلیمی قەدەر کرد.
من دڵنیام لەوە ئەگەر زۆرینە لە کۆبوونەوە هاوبەشەکە ڕازی بانە بە
بەشداریی حیزب لە کابینە نوێیەکە ئەوە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری
بەشدارکردنیان وەردەگرت، بەڵام کاتێک دیتیان زۆرینە لەگەڵ بەشداریکردن
نییە، نەیانخستە بەر دەنگدانەوە بەڵکوو کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێنا!
پاشان بە شێوازێک کوبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندییان ئامادە کرد کە دەنگی
بەشداربوون لە کابینەکەی ٣١ی ئاب مسۆگەر بکەن.
ئەوەی زۆر سەیر بوو کاک حەیدەر کە زۆر بە حەماسەتەوە لەگەڵ
بەشداریکردنی حیزب بوو لە کابینەکەی داهاتوودا زۆر بە توڕەییەوە وتی:
حیزب لای من خۆشەویستە و ناتوانم وەک هەنار بە دیواریدا بدەم! بە
تێگەیشتنی ئەو ئەوانەی لەگەڵ بەشداریکردن نەبوون دەیانویست حیزب وەک
هەنار بە دیواردا بدەن و حیزب لە نێو بەرن! پاشان تێگەیشتم خوشەویستیی
ئەوان بۆ حیزب چۆنە و لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە! لەگەڵ دەرچوونمان لە
شوێنی کۆبوونەوەکە کاک حەیدەر هاتە لام و وتی: زۆربەی ئەوانەی پارتی
برادەرتن چۆن پێیان دەڵێیت کۆنە بەعسین و هیچ کێشەیان لەگەڵ بەعسدا
نییە! منیش وتم: ئەوە هەڵسەنگاندنی منە بۆ ئەوان هەرچەندە برادەریشم بن!
لە پرۆسەی ٣١ی ئابدا ئەو بارەگایانەی حیزبی شیوعی کە تاڵان کرابوون
بریتیبوون لەمانە: بارەگای مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان هەر
لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی هێزەکانی بەعس و پارتی تاڵان کرا، بارەگای
مەحەلیی هەولێر سەر لە بەیانییەکەی تۆپباران کرا، بارەگای
پەیوەندییەکانی حیزبی شیوعی عێراق لە هەولێر تاڵان کرا، بارەگای
ڕێکخراوە دیموکراتییەکان لە هەولێر تاڵان کرا. بارەگای عەنکاوەی حیزب
تاڵان کرا، بارەگای کۆیەی حیزب تاڵان کرا، بارەگای ڕانیەی حیزب تاڵان
کرا و پارتی ئەو زرێپۆشەی کە لە ڕاپەرین گیرابوو هەر لەو کاتییەوە
لەبەر دەم بارەگای ڕانیە ڕاگیرابوو بردیان و پاشان بۆ خۆیان بە کاریان
دەهێنا و ئێستاش نەیاندایەوە. دەیانویست بارەگای حیزب لە چەمچەماڵ و
کەلاریش تاڵان بکەن. هەر ئەو ڕۆژەی بڕیار درا بۆ بەشداریی حیزب لە
کابینەی ٣١ی ئاب، کۆمەڵێک چەکداری پارتی بە سەرکردایەتی کۆنە مەفرەزە
خاسەیەکی ئەمن گەماڕۆی بارەگای حیزبیان لە بنەسڵاوە دابوو بە بیانوی
ئەوەی گوایە لایەنگرێکی یەکێتی لە نێو بارەگادایە! بەگشتی دەستیان لە
هیچ نەدەپاراست و ئەوان خۆیان یەکلا کردبۆوە کە لە داهاتوودا پێویستیان
بە هیچ لایەنێک نابێت! بەڵام ئەوە ئێمە بووین کە هەوڵمان دەدا نەکەوینە
دەرەوەی هاوپەیمانی پارتی بە هەر نرخێک بێت و هەموو ئیهانەکانمان قبوڵ
کرد، تەنیا بۆ ئەوەی لە ئیدارەی داهاتوودا کەسێکمان بکرێتە وەزیر، کە
ئەو وەزیرەش دەسەڵاتی لە ژوورەکەی خۆی زیاتر تێپەڕی نەدەکرد! بەڵام
بەرژەوەندیی خۆی و چەند کەسێکی دەپاراست.
هەر پاش وەرگرتنی وەزارەتی تەندروستی لە کابینەی ٣١ی ئابدا دەیان
فەرمانبەری تەندروستی کە پیشتر لایەنگری یەکێتی بوون لەلایەن دەزگا
ئەمنییەکانی پارتی لەسەر کارەکانیان دەرکران! لە کاتێکدا وەزیری
تەندروستی شیوعی بوو، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو، هەر خۆشی لەو کارانە
نەدەدا. پاش ماوەیەک لە ٣١ی ئابدا، پارتی لە هەولێر هاوڕێ کەریم کە
شوفێر بوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسی دەگرێت. ئیمەش کاک کەماڵمان
ئاگادار کردەوە کە گوایە وەزیرە لە کابینەی ٣١ی ئابدا بۆ ئەوە تەداخول
بکات و هاوڕێ کەریم ئازاد کریت. بەڵام ئەو وتی: دەبێت چاوەرێ بکەین
بزانین لەسەر چی گیراوە، پارتی کەس لە خۆڕایی ناگرێت!.
پاشان کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندییان ڕێک خست بۆ دەنگدان بۆ بەشداری
پێکردنی حیزب لە ئیدارەی ٣١ی ئاب و لە کۆبوونەوەکەدا تەنیا حەوت
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دژی بەشداریکردنی حیزب بوون لە کابینەی پاش
٣١ی ئابدا (هاوڕێ کۆچکردوو مەلا حەسەن، هاوڕێی کوچکردوو ئەحمەد عەوێنە،
من، مامۆستا قادر، کاک ئاشتی تاڵەبانی، کاک شەپۆل، کاک ساماڵ و
کۆچکردوو مام قادر کە ئەو کات سکرتیری کۆمیتەی چاودێری ناوەندیی حیزب
بوو دەنگی ئەو نەدەژمێردرا)، نەوەک ئەوانی تر هەموویان دەنگیان دا بۆ
بەشداری( ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ١٦ ئەندام لەکۆنگرە هەلبژاردرا
بوون کە ئەمانەبوون ( کۆچکردوان کەریم ئەحمەد، مەلا حەسەن،ئەبو سیروان،
حەیدەر فەیلی، ئەحمەد عەوێنە، سەیدا دیلمان و بەریزن کەمال شاکر و
ماموستا کەمال و سوبحی مەهدی و شەپۆل و سامال و ماموستا عەلی و ئەبو
تارا و من و نەوزاد مەهندس و ماموستا قادر) هاورێ سرودیش لە کۆنگرە خۆی
پالاوت بەلام دەرنەجوو بەلام پاشان لە مەحەلی وەک سکرتیری مەحەلی
هەولێر لە نیو هاورێیانی مەحەلی هەلبژاردرا و تەنسیبی کۆمیتەی ناوەندی
کراو پاشانیش مەکتەبی سیاسی چوار هاوری تریان بە تەنسیب هێنا کۆمیتەی
ناوەندی کە ئەمانە بوون کۆچکردوو سەردار دهۆکی و کۆچکردوو ئەبو شاخەوان
و هاورێ ئاشتی تالەبانی و دایکی بەهار بوون) بەداخەوە هاورێ ئەبوو
سیروان هەر پاش کۆنگرە کۆچی دوایی کرد و هاورێ ئەبو تاراش لە دەرەوە
بوو و هاورێ سرودیش سەردانی مالی غەزورانی لە سلیمانی کردبوو بۆیە
بەشداری کۆبونەوەکە نەبوون!( رۆژی دوایی کۆبونەوەکە ئیمە کۆمەلێک هاورێ
لە باغچەکەی م س حشع دانیشتبووین، هاورێ سرود بە پەلە هاتەلای ئیمەو
گلەیی کرد کە گوایە ئەوییان بۆ ئەو کۆبونەوە ئاگادارنەکردوتەوە. منیش
ووتم کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە بە بەشدار کردن لە حکومەت، ئایا تۆ
لەگەل بەشداری یان نا؟ یەکسەر ووتی من لەگەل بەشداریم. منیش ووتم
ئامادەشبایت هیچی لە دەرئەنجامەکە نەدەگۆری دەنگێکت دەخستە سەر ئەو
دەنگانەی لەگەل بەشداری بوون بەبێ تۆش ئەوان زۆرینەبوون) هەر بۆ ئەو
کۆبوونەوەیە چەند کەسێکیان بانگ کردبوو کە پێشوەختە دەیانزانی ئەوان
لەگەڵ بەشداریدان، ئەوانە دەنگەکانیان حساب نەدەکرا بەڵام کاریگەرییان
لەسەر پرۆسەی دەنگدان هەبوو ئەوانیش بریتی بوون لە ئەبو فاروق م مام
سالح (مام سالح ماوەیەک بوو دووچاری نەخۆشی بووبوو)، کاک کەمال شاکر و
کاک حەیدەر فەیلی لە هەمووان زیاتر هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی حیزب
بەشداریی ئیدارەکەی پاش ٣١ی ئاب بێت! هەر ئەو دووەش کاریگەرییان لەسەر
هەندێک ئەندامی سەرکردایەتیش دانا بۆ ئەوەی دەنگ بۆ بەشداری بدەن (هەندێکیان
بەوە دەترساندران ئەگەر بەشداری ئەو کابینەیە نەکەین ئەوە پارتی بودجەی
حیزب دەبڕێت و ئێوەش مووچەکانتان نامێنێ)! هەر بۆ زانین، لە کۆنگرەی
یەکەمی حشک کە لە ١٩٩٥ بەسترا. کۆنگرە برایارێکی وەرگرت کە سەرکردایەتی
داهاتووی حیزب دەبێت لە حکومەت بێتە دەرێ! کاتی ئەو بریارە وەرگیرا
هێشتا ٣١ی ئاب رووینەدابوو بەلام ئەوانە رێزیان لە بریارەکەی کۆنگرەش
نەگرت و هەموو شتیکیان بەلاوەناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان پاراست!!
ئەوەی جێگای نیگەرانی بوو هەر لەو کۆبوونەوەدا هەندێک لە سکرتێری
مەحەلییەکان بە ناوی ئەندامانی مەحەلیش قسەیان دەکرد کە گوایە ئەوانیش
لەگەڵ بەشداریدان، بەڵام پاشان دەرکەوت وا نەبوو ئەوە تەنیا بۆ
بەهێزکردنی دەنگی بەشداریکردن لە نێو کۆمیتەی ناوەندی دروست کرابوو.
ئەو کاتە کە گوێم لە موداخەلەکانی هەندێک لە هاوڕێیان دەگرت کە بە
حەماسەتەوە هەوڵیان دەدا هەمووان ڕازی بکەن بۆ بەشداریی لە کابینەی ٣١ی
ئابدا! ڕاستەوخۆ قوربانییەکانی دەستی بەعسم دەهاتەوە بەر چاو. ئاخر
ئێمە سەدان هاوڕێمان بە ناحەقی و بە دڕندەترین شێوە لەلایەن بەعسەوە
شەهید کراون، ئێستا حیزب ڕاکیشی نێو ئیدارەیەک دەکەین کە بە پاڵپشتی
بەعس دروست دەبێت!
لەوەش سەیرتر ئەبو فاروق و دایکی بەهار کە هەردووکیان دەنگیان دا بۆ
بەشداری، لە هەمانکاتدا خۆیان ئامادە کردبوو بچنە سووریا بە بیانووی
ئەوەی ئێستا پاش گەڕانەوەی بەعس کوردستان ئەمان نییە و پڕبووە لە
پیاوانی دەزگا ئەمنییەکانی بەعس و بەو هۆکارەوە ئەوان ژیانیان لە
مەترسیدایە! هەندێکیشیان کە بە حەماسەتەوە لەگەڵ بەشداریدا بوون ماڵ و
منداڵیان بە بیانووی ترسناکی لەسەر ژیانیان پاش گەڕانەوەی بەعس ڕەوانەی
سووریا کرد! پاشان زیاترم ناسین ئەوەم پێ ئەهوەن بوو، ئاخر ئەوانە لە
ساڵی ١٩٨٩، پاش ئەنفالەکان و کیمیابارانی کوردستان و شەهیدکردنی سەدان
تێکۆشەری شیوعی دەیانویست جارێکی تر حیزب ڕاکێشی نێو باوەشی بەعس
بکەنەوە!.
لە پاش ئەنفالەکان لە لایەن سەرکردایەتی حیزبەوە هەوڵێک هەبوو کە حیزب
جارێکی تر بچێتەوە نێو بەرە لەگەڵ بەعسدا، بەڵام ئەمجارە پاش شکست.
باشبوو سەدام ئەو بێ عەقڵییەی کرد و کوێتی داگیر کرد و ئەو هەوڵە
سەرکەوتوو نەبوو. لە نێو حیزبدا ئەو پرۆسەیە بە وەسایقی نیسان ناسراوە.
وەسیقەکە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حشع لە نیسانی ١٩٩٠ دەرچووە.
پێویستە ئەوەش بگوترێت کە ژمارەیەک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی حشع دژی
بەشداریی حیزب بوون لە کابینەی پاش ٣١ی ئابدا. هەر ئەوەش بوو لە
کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا زۆرینەی ئامادەبووان ڕازی نەبوون حیزب بەشداریی
ئەو کابینەیە بکات!
ئەو کاتە بڕیاری بەشداریمان لە کابینەی ٣١ی ئاب دا کە هێشتا هێزەکانی
یەکێتی لەو دیوی سنوورەکاندا بوون (ئەو کاتە کەس بڕوای نەدەکرد یەکێتی
بەو خێراییە بگەڕێتەوە. ئەوەش کاریگەریی هەبوو لەسەر ئەوەی کە زۆرێک لە
ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزب دەنگ بدەن بۆ بەشداریی لە کابینەی ٣١ی
ئابدا. هەندێک لەوانەی دەنگیان دابوو بۆ بەشداری، پاش گەڕانەوەی یەکێتی
هەڵوێستیان گۆڕابوو).
هەربۆیە بەشداری حیزب لە کابینەی پاش ٣١ی ئابدا هەر ئاوا بە ئاسانی لە
نیو کۆمیتەی ناوەندی رەت نەبوو، چونکە بێجگە لەو حەوت ئەندامەی
لەسەرەتادا دژی بەشداری حیزب لە کابینەی ٣١ی ئاب دەنگیان دابوو. هەندیک
ئەندامی تریش هاتبوونە رێزی دژ بە بەشداری! هەر ئەو هۆکارەش بوو کە تا
ماوەیەکی زۆر لە کۆبونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی بابەتی بەشداریمان لەو
کابینە دەهاتەوە نیو خاڵەکانی کۆبونەوەی ناوەندی. لە نیو رێکخستنەکانیش
فشارەکان بۆ هاتنە دەرێ حیزب لەو کابینەیەدا لە هەڵکشاندابوو!!
بەلام کە لە نێو کۆمیتەی ناوەندی پرسی هاتنە دەرێ دەدرایە دەنگدان
دەنگی نەدەهێنا ئەوەش هوکاری زۆر بوو بە تایبەتی سەربەخۆ نەبوونی حیزب
لە رووی دارایەوە. کاک کەمال شاکر کە بە سەختی بەرگری لە مانەوەی حیزب
دەکرد لە کابینەکە بە ئەنقەست خالی دارایی کە تێیدا باسی وەزعی دارای
حیزبی تێدا دەکرا، پێش گفتوگۆیەکانی مانەوە و نەمانەوەی حیزبی لە
کابینەکە دەخست!! کاتی باسی خراپی دارایی حیزب دەکرا ئەوجا ئەو دەیگوت
بەو داراییە لاوازە چۆن حیزب دەتوانی بەبێ یارمەیتەکانی حکومەت بژێت!!
یان دوای گفتوگۆیەکان و پێش دەنگدا کاک حەیدەر فەیلی کە بەشداری
گفتوگۆیەکانی نەدەکر، بەلام دەیویست پێش دەنگدان قسەی خۆی بکات و دەیوت
(پێش ئەوەی دەنگ بدەن بە مانەوە یان نەمانەوەی حیزب لەو کابینەیە دەبێت
ئەو راستیە بزانن کە ئەگەر لە کابینەکە بێینە دەرەوە ئەو پارتی
یارمەتیەکانی حیزب دەبرێت و حیزبیش ناتوانی موچەکانتان بدات) لەگەڵ ئەو
قسانەش یەک یەک سەیری ئەو ئەندام سەرکردایەتیانەی دەکرد کە ژیانی خۆیان
و ماڵ و منالیان لەسەر ئەو یارمەتیانەی حیزب بوو! بۆیە هەندی ئەندامی
کومیتەی ناوەندی لە موداخەلەکانیان بە شێوازیک قسەیان دەکرد کە مانەوەی
حیزب لەو کابینەیە زییان بەحیزب دەگەینێت، بەلام لە ترسی برینی موچەش
دەنگی بە مانەوەی حیزب دەدا لە کابینەکە!!
بە هەموو پێوەرێک بڕیاری بەشداریمان لەو کابینەیەدا، بوونە تەرەف بوو
لە ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا! ئاخر یەکێتی لە وەزعێکی
نالەباردا بوو نەوەک هەرگیز ئەو تەرەف بوونەی لە حیزبی شیوعی قبوڵ
نەدەکرد (هەرچەند لە سەرەتایی هاتنەوەی یەکێتی هەندێک کێشە لە نێوان
حیزب و یەکێتی دروست بوو، بەڵام بە هۆی پەیوەندیی شەخسی هەندێک لە
هاوڕێیان چارەسەر کران)، من لەوە دڵنیام ئەگەر هاوکێشەکە پێچەوانە
بوایە (پارتی لە شوێنی یەکێتی بایە و یەکێتی لە شوێنی پارتیدا بایە)،
هەرگیزاو هەرگیز پارتی ئەو تەرەفبوونەی لە حیزبی شیوعی قبوڵ نەدەکرد!
هەموو ئەو حیزبانەی لە ترسی سوپایەکەی بەعس هەولێریان بەجێهێشت، پارتی
حسابی چوونە تەرەفی یەکێتی لەگەڵدا کردن!.
دەکرا حیزب نەچێتە نێو کابینەکەش و سەربەخۆیی خۆیشی بپارستایە! ئەو کات
دەیتوانی هەم ڕاستگۆیی خۆی بپارێزێ و هەم متمانەی جەماوەریش نەدۆڕێنێ.
لەولاشەوە بە کردار ئەوەی دەسەلماند کە حیزب لەگەڵ پارتی و یەکێتی
جیایە، لە هەمان کاتدا وەک هێزێکی سەربەخۆ درێژە بە تێکۆشانی خۆی
بدابایە لە گۆڕەپانەکەدا!
پاش بڕیاری بەشداریکردنی حیزب لە کابینەی پاش ٣١ی ئابدا. هەرایەکی
گەورە کەوتە نێو ڕێکخستنەکانی حیزب و ژمارەیەک کادیری پێشکەوتووی حیزب
وازیان لە حیزب هێنا. بەڵام کێ بەلایەوە گرنگ بوو کە ئەو کادیرانە واز
لە حیزب دێنن؟ لای ئەوان ئەوە گرنگ بوو کە بە هەر نرخێک بێت
بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن و ژیانێکی شاهانە لەپاڵ دەسەڵات بۆ
خۆیان دروست بکەن! هەر واشیانکرد، لە ئەنجامدا خۆیان بوونە ملیۆنێر و
حیزبیش کرایە ئامرازێک بەدەست دەسەڵاتەوە! لە کاتێکدا لەپێناو پاراستن
و بەرزڕاگرتن و ئامانجەکانی ئەو حیزبەدا سەدان تێکۆشەری نموونەیی لە
ڕابردوودا گیانی خۆیان کردبووە قوربانی و بە هەزارانیش گیانی خۆیان و
بنەماڵەکانیان خستبووە مەترسییەوە!
ئەو ماوەیە بۆ من زۆر زەحمەت بوو، چونکە خۆم بە نامۆ دەدیت لە نێو ئەو
ڕێکخراوەدا کە بەشداریی لە ئیدارەیەک بکات کە بەعسی فاشی ڕێگای خوش
کردبێ بۆ دروستبوونی ئەو ئیدارەیە! ئەو هەموو ئیهانانەش لەولاوە
بوەستێت کە لە لایەن پارتییەوە بەرامبەر حیزب و بارەگایەکانی و
هاورێیان ئەنجامی دا! هەر کەسێک یەک زەڕە لە زانستی سیاسەت بگات ئەوە
تێدەگەیشت کە لە داهاتوودا ئەو ئیدارەیە، ئەگەر بە ئاشکرا لە
بەرژەوەندیی بەعسدا نەبێت، ئەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادات لە ژێر
دەسەڵاتیدا کار دژی ڕژێمی بەعس ئەنجام بدرێت! هەرواش بوو هیچ هێزێکی
موعارەزەی عێراقی لەژێر دەسەڵاتی ئەو ئیدارەیە نەما!
هەر بۆ نموونە حیزبی شیوعیی عێراق ئیزگەیەکی ڕادیۆیی هەبوو کە ڕۆژانە
پەخشی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەبوو، بەڵام چونکە شوێنی
پەخشی ڕادیۆکە باش نەبوو (ڕادیۆکە لە نێو شەقڵاوە پەخش دەکرا و
شەقڵاوەش دۆڵە و هەر چوار دەوری بە چیا دەوردراوە)، دەنگی زۆر بەلاوازی
دەگەیشت. هەر بەو هۆکارەشەوە ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی گۆێیان لێ
دەگرت! بەڵام ئەگەر بگوێزرابایەوە سەر چیای سەفین ئەوە هێزی پەخشەکەی
دەیان جار زیاتر بەهێز دەبوو و زۆر بەباشی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و
باشووری عێراق دەبیستران و ئەو کات خەڵکی بە ئاسانی دەیتوانی گوێ لە
ڕادیۆکە بگرێت! بەڵام پارتی ڕێگای نەدەدا و دەیان پاساوی بۆ ڕێگا
نەدانەکەی دەهێنایەوە یەکێ لەوانە گوایە کاریگەریی لەسەر دەزگا
گەیاندنەکانی ئەوانەوە دەبێت، بەڵام هۆکاری سەرەکیی فشارەکانی بەعس
بوون کە نەهێڵن ئەو ئیزگەیە بەهێز بیت! حیزبی شیوعیش ڕاهاتبوو بە
ڕازیبوونی فشارەکانی پارتی، باشیش دەیانزانی ئێزگەکەیان ژمارەیەکی کەم
لە خەڵکی گوێگریەتی، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون!
کاتێک بەرژەوەندیی شەخسی دەخرێتە سەرەوەی پرەنسیپ و بەرنامەی حیزب ئەوە
دەبێت چاوەڕوانی هەموو شتێک بکەیت! بە بەشداریی حیزب لەو کابینەیەدا
هیچ بەهایەکی بۆ حیزب نەهێشتەوە و متمانەی خۆشی لە نێو جەماوەردا
لەدەست دا و دوچاری شکستێکی بونیادی بووەوە کە تا ئێستاش بەهۆی
بەردەوامبوونی لەسەر هەمان میتۆد ڕۆژانە لە پوکانەوەدایە و گەیشتۆتە
ئاستێک گەڕانەوەی بۆ دۆخیکی ئاسایی بۆتە مەحاڵ! ئاخر ئێمە تێکۆشان بۆ
ڕووخانی بەعسمان لە کۆنگرەدا کردبووە بازنەی ناوەندی تیکۆشانی حیزب.
لەولاشەوە بەشدار دەبین لە ئیدارەیەک کە زۆر باش دەمانزانی بەعس
پاڵپشتییەتی و لە ئیدارەکەشدا هیچ دەسەڵاتێکمان تێدا نابیت تەنیا
وەزیرێک کە ئەویش دەسەڵاتەکەی لە ژوورەکەی خۆی زیاتر بڕ ناکات!
پاشان من لە بێزاری و دوورکەوتنەوە لەو شەرمەزارییە (بەڕاستی شەرمم
دەکرد بچمە نێو خەڵکی هەولێر)، بە سەردانێکی کورت چوومە سووریا و ماوەی
مانگێک لەوێ مامەوە و پاشان گەڕامەوە هەولێر.
ماڵپهڕی
دڵشاد خدر
|