٣\٧\٢٠١٤
رۆژاوا،
ئەزموونێکی نوێ،
باشترین
نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگریی و خۆڕاگریی.

زاهیر باهیر
- بەشی
دەیەم -
مەترسییەکان و پێشبینییەکان:
• گەمارۆی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری وفەرهەنگیی:
کە لە ێستادا کاریگەرییەکەی بە باشی دەبینرێت و گەر لە داهاتوودا
بەردەوام بێت گومانی تیادانییە کە فشارێکی یەکجار گەورە دەبێت لەسەر
کۆمەڵگەی ڕۆژاوا. پێویستم بە درێژکردنەوەی ئەم مەترسییە نییە چونکە لە
بەشەکانی پێشتردا پەنجەم بۆ کارایی ئەو گەمارۆیانەی سەرەوە ڕاکێشاوە و
هەروەها تیشکیشم خستۆتە سەر پێداویستییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، کە لە
هەنووکەدا چین و چۆنیش دەتوانرێت یارمەتییان بدرێت و کۆمەکیان پێبکرێت.
• لاوازبوونی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، تەڤدەم:
لاوازبوونی ئەو بزوتنەوەیە مەترسییەکی گەورەیە کە کارایی خۆی لەسەر
کۆمەڵگەی ئێستاو ئایندەی ڕۆژاوا، دادەنێت. لاوازبوونی تەڤدەم ، یانی
لاوازبوونی " ماڵی گەڵ" پووکانەوەی لیژان و گروپ و کۆمیتییەکان و
کۆمونەکان، دەبێتە هۆی تێشکانی هەموو ئەوانەی کە مایەی دڵخۆشی و
هەبوونی ئەو تایبەتمەندییە کە من دەڵێم ئەوەی کە لەوێ ڕویداوە
ئەزمونێکی نوێیە.
پێشتر سەرنجی خوێنەرم بۆ ئەو خاڵە گرنگە ڕاکێشا کە ئەزمونەکەی ڕۆژاوا
لەگەڵ بەهاری عەرەبی و تەجروبەی کوردستانی باشووردا، جودایە،کە ئەویش
باوەڕبوونە بە گۆڕینی کۆمەڵگە لە بن و خوارەوەی خودی کۆمەڵگە خۆیەوە،
باوەڕبوونە بە شٶڕشی کۆمەڵایەتی نەك سیاسی رووت، کە لێرەشدا دانی هەموو
بڕیارەکانە لە لایەن ئەوانەوە، واتە لە لایەن ماڵی گەل و لیژان و
کۆمیتە و کۆمونەکانەوە، نەك لە لایەن ئەو ئیدارە خۆجێیەوە، کە هەیە، کە
دوای هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕەنگە ببێتە نیمچە دەوڵەتێك.
بە کورتیەکەی پەیوەندی نێوانی ئیدارەی خۆجێی و ماڵی گەل بە سەرجەمی
لیژانەکانی گوند و گەڕەك و شەقام و شار و شارۆچکە ، لای من،
پەیوەندییەکی تەردی و عەکسیی، لەگەڵ ئیدارە خۆجێیەکەدا، هەیە، چونکە تا
بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی بەهێزتر بێت ، ڕۆڵی ئیدارە خۆجێیەکە یا
ئیدارەی داهاتوو ، لاوازتر دەبێت، پێچەوانەکەشی لای من هەر ڕاستە.
لە کاتێکدا ئەم خاڵەم لەتەك هەڤاڵانی 'ماڵی گەل' دا باسکرد ئەوان بە
پێچەوانەوە ئەم کێشەیەیان دەبینی، واتە لای ئەوان، هەردووکیان
پەیوەندییەکی زیندوی گرێدراویان بە ڕۆڵی یەکدییەوە هەیە، ئەوان تەنها
ڕۆڵی ئیدارە خۆجێیەکە وەکو لیژنەیەکی جێبەجێکەر، یا بەجێهێنەری
بڕیارەکانی دەسەڵاتەکانی گەل لە خوارەوە، دەبینن، لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی
هەندێك کاردا لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا. خۆ ئەگەر ئەم کێشەیە وەکو ئەوەی
کە ئەوان بۆی دەچن ئاوا بشکێتەوە، بێ گومان پێشبینییەکەیان ڕاستە و لە
جێی خۆیدادەبێت.
من لێرەدا ناتوانم وەکو ئایدۆلۆجیستەکان بیربکەمەوە و هەموو 'ئەگەر و
ئەرێینییەکان' بدەمە لاوەو لەسەر لاقی یەك ئیحتیمال ڕاوەستم ، چونکە
دەزانم زۆر هۆکاری دیکە لە داهاتوودا هەم بە ئیجابی و هەم بە سلبی ڕۆڵی
خۆیانیان، لەسەر ئەم ئەزمونەدەبێت. بەڵام ئەوە دەزانم کە لاوازبوونی
ئەو بزوتنەوەیە یانی گەشەو زیادبوونی بیرۆکراتییەت و دووبارەبوونەوەی
هەمان ئەزمونی فاشیلی هەرێم.
• پەیەدە و پێکهاتەی ڕێكخستنی پەیەدە:
هەرچەندێك دڵمان بەو ئەزمونە خۆشبێت و پێشبینی ئەو داهاتوەی لێبکەین کە
چاوەڕوانین، نابێت ئەو ڕاستییەش لەیاد بکەین کە لە پشتی ئەم ئەزمونەوە
چەند مێشکێکی کارای وەکو ئۆجەلان و هەندێکی دیکە لە سەرانی پەکەکە و
پەیەدەی لە پشتیەوەیە. هاوکاتیش ئەو ڕاستییەش دەزانین کە پەکەکە و
پەیەدە، هەردوکیان دوو پارتی سیاسی هیراشی/قووچکەیین. دوو حیزبن کە
تەواوی بنەماو پێکهاتەکانی هەموو پارتە هاوچەرخەکانی ئەم سەردەمەیان،
بەخۆوە گرتووە: هەر لە ڕێزبەندی حیزبیانە ، هەبوونی سەرکردە و بنکردە،
دەرکردنی کۆماندەکان لە لایەن سەران و ڕێبەرانیانەوە بۆ خەڵکانی بنکە و
خوارەوەیان، نەگەڕانەوە بۆ ڕای سەرجەمی ئەندامان و هەوادارانی
پارتەکەیان لە کاتی دەرکردنی زۆربەی بڕیارەکانیاندا، هەبوونی سڕ و
نهێنی و زەبت و ڕەبتی حیزبییانە و دیسانەوە هەبوونی جۆرێك لە پەیوەندی
ژێربەژێری لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی خۆیان، لە دەسەڵات و دەرەوەی
دەسەڵاتدا وهەندێکی دیکەش.
لەوانەی سەرەوەش زیاتر هەژموونی ئەم دوو حیزبە و دەوری کاریگەرییان هەم
وەکو هزر و هەم وەکو ڕۆڵی سەربازیش لەسەر هەموو بەشەکانی لەشکری بەرگری
گەل، هەیە . ئەم هەژموون و کۆمەك و هاوکارییەی کە ئەو دوو حیزبە بە
ڕاپەڕیوانی خەڵکی ڕۆژاوا و بڕبڕە پشتەکەی کە بزووتنەوەی کۆمەڵگەی
دیمۆکراسییە، تەڤدەم- دەیکەن، لە ئێستاش و داهاتووشدا ئەو دوو حیزبە بە
گوێرەی وەرگرتنی هەڵوێستی تایبەتییان لەو بزوتنەوەیە، ڕۆڵی خۆیان هەم
بە چاك و هەم بە خراپ، دەگێڕن.
ئەو خوێندنەوەی سەرەوەش پرسیارێکی گرنگ دێنێتە پێشەوە کە من
وەڵامەکەییم پێنییە، بەڵام دڵنیام هەڤاڵانی بزوتنەوەی تەڤدەم و ئەو
مێشکانەی کە لە پشت ئەو ئەزمونەوەن، وەڵامیان بۆ ئەم پرسیارە هەیە.
پرسیارەکەش ئەمەیە: کاتێك کە بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی باوەڕێ بە
شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کولتوری هەیەو مەیدانی ئەو
شۆڕشەش لەسەنگەرەکانی خوارەوەیەو هەر لەوێشەوە دەستپێدەکات ودژ بە
دەسەڵات و دەوڵەت و سەروەرێتییەو لەو گۆڕەپانەشدا دەجەنگێت و هاوکاتیش
پێکهاتەیەکی حیزبیانەی لە خۆیدا هەڵنەگرتووە،چۆن لەگەڵ دوو حیزبی بەو
چەشنەی کە لەسەرەوە پێناسەم کردن ، خۆی دەگونجێنێت و پێکدێنەوەو ناکۆکی
نێوانیان دروستنابێت و میکانیزمی کارکردنی هاوبەش و بەیەکەوە هەڵکردن،
دەدۆزنەوە و چۆن ناسینی تەواوی سەربەخۆیی یەکدی ڕەچاودەکەن؟ گەر بە
ڕونتر پرسیارەکەم بکەم دەڵێم لەو حاڵەتەدا، لەو بارودۆخەدا، ئایە ئەو
دوو حیزبە دەگۆڕێن و دەبنە پاشکۆی ئەو بزوتنەوەیە، یاخود بزوتنەوەکە
شێوەی ئەوان وەردەگرێت و دەبێتە پاشکۆی دوو حیزبەکە، کامیان لە
کامیاندا دەتوێنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە و شەنوکەوکردنی بۆ خوێنەر
بەجێدەهێڵم ، بەڵام دڵنیام، گەر ژیان ڕێگا بە مانەوەی ئەو بزوتنەوەیە
بدات، ئەوە ئایندە بە کردەوە، وەڵامی ئەم پرسیارەمان پێدەداتەوە.
• یاسای حیزبەکان:
یەکێك لەو کارانەی کە ئیدارەی خۆجێی کردویەتی دەرکردنی یاسای حیزبەکانە
، گەرچی ئەمە هێشتا بە پرۆسەی دەنگداندا نەڕۆیشتوە، بەڵام شێوەیەکی
فەرمی وەرگرتووە و کاری پێدەکرێت ، هەر لەبەر ئەمەش بووەتە جێگای سکاڵا
و دەربڕینی ناڕەزایی لە لایەن جیزبە کوردییەکانی دەرەوەی ئەو ئیدارە
خۆجێییەوە.
من تەواوی ئەو یاسایەم بە دیقەتەوە خوێندەوە و لەگەڵ خۆشمدا دوو کۆپیشم
هێناوەتەوە.
من یاسای حیزبەکانی حکومەتی هەرێمم نەخوێندۆتەوە، بەم هۆیەشەوە ناتوانم
بەراوردیان بکەم ، بەڵام ئەوەندە دەزانم کە ئەو یاسایەی حیزبایەتیکردن
و حیزبدروستکردن، کە ئیدارە خۆجێیەکە دەریکردووە، بە هیچ شیوەیەک لەگەڵ
ئەو ئازادییەی کە لە ئێستادا لەوێ هەیەو لەگەڵ بزوتنەوەی کۆمەڵگەی
دمۆکراسی و ڕێڕەو و ئامانجەکانیدا نایەتەوە، لە ڕاستیدا من بە
خوێندنەوەی تووشێ شۆك بووم، کە چۆن هێشتا نیمچە دەوڵەتێکیش نین بەڵام
یاسایەکی ئاوای ڕووتکراوە لە هەموو ئازادی و سەربەستییەك دەردەکەن.؟!!!!!
دیارە دەرکردنی یاسایەکی ئاوا جۆرێکی دیکە لە مەترسی لەسەر خودی ئەو
ئەزمونە دروستدەکات. سەپاندنی چەشنێك لە دیکتاتۆرییەت دروستدەکات،
ئازادییەکان و سەربەستییەکان زەوت، دەکات، ترس و توندووتیژی، مەیسەر
دەکات، بیرۆکراسییەت و پرۆسەی بیرۆکراسییەت، بەهێزدەکات، ناتەبایی و
ئاژاوەو کوشتنوبڕین،خەلقدەکات، چاودێریکردنی خەڵک و ژینگەیەکی
ترسناکانە، دروستدەکات.....ئالێرەشەوەیە کە مەترسییەکی گەورە لەسەر
خودی ئیدارەکە خۆشی و بزوتنەوەی تەڤدەمیش چاوەڕوانیی دەکات.
• کۆمونەکان و دەسەڵاتیان:
لە بەشی چوارەمدا باسم لە کۆمونەکان و کاروباری کۆمونەکان کرد. ئەوەی
کە لێرەدا دەمەوێت سەبارەت بە کۆمونەکان باسی بکەم ئەوەیە کە دەبێت
دەسەڵاتی کۆمونەکان و ئامانجی کۆمونەکان لە سنووری بڕیاردان و
کۆبوونەوە و کاروبار و حەلکردنی کێشەکانی ناو گوندەکان و شەقامەکان و
گەڕەکەکان و شارۆچکەو شارەکان، دەرچێت و بە گوێرەی مانای خودی وشەکەی
خۆی ، دەستبەکار بێت و ئامانجەکانی بەدیبهێنێت. واتە دەىێت لەو سنوورە
تەسکە دەرچێت و ببێتە ئۆرگانێکی زیندووی کارا لە کارە هەرەوەزییەکانی
بەرهەمهێنان و دەسەڵاتی دابەشکردنی بەرهەمەکانیان و پێداویستییەکانی
دیکەش. گەرچی کارگەو کارخانە لە کانتۆنی جەزیرەدا نییە بەڵام وەك پێشتر
باسمکرد لە سەدا ٧٠ ی دانەوێڵەی سوریا لەوی بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها
جێگای دەرهێنانی نەوت و غاز و کبریتە، کە کۆمونەکان ئا لەم دووبوارە
گەورە و بایاخدارەی کە بناغەی ژیان و وزە و بزوێنەری تا ڕادەیەك بەشێکی
زۆری کارگە و کارخانەکانی سوریان، ئەمە جگە لەوەی وەکو وزەیەکیشن بۆ
جوڵەی ئامرازەکانی هاتووچۆ، دەتوانن ڕۆڵێکی یەکجار گەورە ببینن. دیارە
دەستتێوەردان و بەڕێوەبردنی گەلێک لە ئۆرگانەکانی دیکەی ژیانی ناو
کۆمەڵگە لە لایەن کۆمونەکانەوە، بێ لەوانەی کە لە سەرەوە باسمکردن،
گرنگە و کۆمونەکان دەتوانن کاری تیادا بکەن و شوێندەستیان دیاربێت.
بەکردنی ئەم کارانە لە لایەن کۆمونەکانەوە هەم سەرجەمی بەرهەمەکان و
بەرهەمهێنەر دەکەوێتە دەستی کۆمەڵگەکە و هەم هەنگاوێکی گەورەش دەبێت لە
بیناکردنی یەکسانی و ڕیشەکێشکردنی زوڵم و برسێتی و هاوکاتیش ژینگەیەکی
ئاوا بەهێز ئافریندەدەکات، کە پایەکانی ئەو کۆمەڵگەیە وا بە ئاسانی
هەرەس نەهێنن، ئەمەش وادەکات کە ببێتە کولتوری میللەتێك، کۆمەڵگەیەك ،
کە دەکرێت لێوەی فێربین.
______________________________
بەشی
نۆیەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki9.htm
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki8.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki7.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki6.htm
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rojawaezmunekii1.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|