٢\٦\٢٠١٤
رۆژاوا،
ئەزموونێکی نوێ،
باشترین
نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگریی و خۆڕاگریی.

زاهیر باهیر
- بەشی
دووەم -
دووەم: دروستکردنی
دەزگەیەکی خۆجێییە:
ئەم دەزگەیە دەتوانرێت گەلێک ناوی لێبنرێت ، وەکو ئیدارەی خۆجێی، نیمچە
دەوڵەت، ئەنجوومەنی ڕێکخستنی کاروبارەکانی خەڵکی لەو بەشەی سوریادا.
لای من چ ناوێک بۆ ئەو دەزگەیە دادەنرێت گرنگ نییە ، چونکە نە لە
دەسەڵاتی و نە لە سروشتی پێکهاتەیی ئەو لە دین و نەتەوە جیا جیاکان و
نە چینایەتییەکەی و نە لە چالاکی و ئەنجامدانی کاروبارەکانی و نە لە
چونێتی شێوەی بەڕێوەبردنیەکەی، ناگۆڕێت، بەڵکو ئەوەی کە گرنگە، ئەم
دەزگەیە نوێنەرایەتی سەرجەمی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کانتۆنی جەزیرە لە کورد
و عەرەب و تورکمان و شیشانی و سریانی ( ئاشوری، ئەرمەنی وکلدانییەکان)
و هەروەها دین و مەزهەبە جیاوازەکان، دەکات. سەرەڕای ئەمەش ئەم دەزگەیە
توانیوێتی بەشێکی زۆر لە پارتە سییاسییەکان لەو دەزگەیەدا کۆ بکاتەوەو
هەریەکەیان سەرەگوریسێک لەوێدا بگرنەدەست و لێبڕاوانە لە دەزگاکانی (
تەشریعی ، تەنفیزی، قەزایی) دا، کاربکەن، بە ڕەچاوکردنی جێندە و
نەتەوەو دینە جیا جیاکانیش، لە بەرپرسییدا، ئەمانەو جگە لە هەبوونی
سیستەمی هاوسەرۆکی و بریکاری پۆستەکان، کە ئەم هاوسەرۆکییانەش لە ڕێگەی
دیمۆکراسێ ڕاستەوخۆە هەڵدەبژێرێن و هەموو کاتێکیش دەتوانرێن گەر
پێویستیکرد، لاببرێن.
ئەم دەزگەیە لە ماوەیەکی کەمتر لە ٤ مانگ بە یارمەتی "تەپدەم"
توانیوێتی گەلێک کاری گرنگ ئەنجامبدات کە لە باشووری کوردستاندا، کە
دەسەڵاتێك هەیە بە کۆکردنەوەی هەموو داموودەزگەکان لە دەوڵەتێکی
تۆکمەدا و لەگەڵ هەبوونی پارەیەکی یەکجار زۆردا، کەچی لە ٢٢ ساڵدا
هێشتا زۆر لەو کارانە یا ئەنجامنەدراون، یاخود زۆر بە نیوەناچڵ و
چاوپۆشین لە زۆر کێشە و گرفت، کراون. لەم سێ کانتۆنەدا، شێوە دەستورێک
دانراوە، کە خۆیان ناوی " گرێبەستی کۆمەڵایەتییان" لێ ناوە لە تەك
یاسای حیزبەکان، یاسای هاتووچۆ و میساقی کاری نیشتمانی. لەو شێوە
دەستورەدا هەندێک خاڵی بایاخداری تیادا چەسپێنراوە کە هەم دەزگەی خۆجێی
و هەم بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسیش "تەپدەم" کار لەسەر بەجێگەیاندنی
تەواوی ئەو خاڵانە دەکەن. لەوانە: سووربوون لەسەر ئەوەی کە شۆڕش دەبێت
لە بنەوەی کۆمەڵگەوە دەست پێبکات، تەبایی و هاوکارێتی لە نێوەندی
نەتەوە و دینە جیا جیاکاندا، هەبوونی ئازادی و ئاسایشی تەواو، کارکردن
لە سەر کەمکردنەوەی پابەندبوون بە ڕۆحی قەومییانەوە، مانەوەی سەربەخۆیی
دەزگەو ولیژانەکانی "ماڵی گەل" بێ دەستتێوەردان لە لایەن هیچ کۆمەڵ و
لایەنێکی سیاسی یا دەسەڵاتدارەوە، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت ،
پێداگرتن لەسەر مافی ژنان و منداڵان لە هەموو ڕوویەکەوە تەنانەت لە
ژیانی هاوسەرگیریدا،کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە، قەدەخەیە،
قەدەخەکردنی دووژنە و فرەژنێتی، خەتەنەکردنی کچان، گەرچی ئەم دیاردەیە
ئەوەندەی کە من پرسیارم کردوە، لە سەردەمی ئەسەدیشا، بوونی نەبووە.
ئەم ئیدارەیە لە ٢٢ بەرپرس وسیستەمی بریکاری، کە دەبێت دووان بێت ،
یەکێکیان ژن و ئەوی دیکەیان پیاو، پێکهاتووە ، وەکو پێشتر وتم لەم
ئیدارەیەدا ڕەچاوی جێندە و نەتەوە و دینی جیاواز کراوە لە تەك
لێسەندنەوەی ئەو بەرپرسییەدا ، گەر پێویستیکرد.
ئەوەی کە لێرەدا گرنگە هەبوونی ئەو ڕۆحە تەبایی و برایانەیە، ئەو ڕۆحە
دیمۆکراتیانەیە کە هەر هەموویانی بە هەبوونی ئەو هەموو جیاوازییە
بناغەیانە لە نێو پێکهێنەرەکانی، کۆکردۆتەوە و ڕێککەوتن لەسەر ئەو
هەموو جیاوازیانەی کە لە سەرەوە باسکران.
کاری ئێستای ئەم ئیدارەیە سەرباری کارە ئاساییەکانی و بەرپرسیارییەکانی،
کارکردنە لەسەر پرۆژەی هەڵبژاردن و هەوڵی بەشداریکردنی هەموو
لایەنەکانە لە ئیدارەی ئایندەدا کە بڕیارە لە ٣ بۆ ٤ مانگی داهاتوودا
بە ئازادانە پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێبکرێت و ئەندامان و بەرپرسانی
ئیدارەی نوێ هەڵببژێرن. (من تێبینییەکانی خۆم لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە
دوا بەشی ڕاپۆرتەکەمدا، دەنوسم).
سێیەم: بارودۆخی ئابووری لە کانتۆنی جەزیرەدا:
دەڤەری جەزیرە تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، لەوانە: نزیکەی ٤٣ گوندی
مەسیحی تیادایە، سریانییەکان و شیشانییەکان و یەزیدییەکان و بڕێکیش
تورکمانی تیادا دەژین. گەرچی ئەم پێکهاتەیەی کە ئەو کۆمەڵگەیەی
لێدروستکراوە، لایەنی زۆری ئەرێیی (ئیجابی ) هەیە بەڵام لە هەمان
کاتیشدا، نیشانەی ئاڵۆزی پێکەوەهەڵکردن و پێکەوە ژیانە، ئەمە لە
کاتێکدا کە ئیدارەی خۆجێی دەیەوێت ئەم هەموو نەتەوە و دینە جیاوازانە،
بە ئازادی و ئاسایش بەیەکەوە هەڵبکەن. بۆ ئەمەش ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی
ئاوا ، کەکار لەسەر ئەو خاڵە بنچینەیانە بکات کە لەسەرەوە دەستنیشانم
کردن ، زەروور بووە و ڕەچاویشکراوە.
پانتایی خاکی کانتۆنی جەزیرە، وەکو دەڵێن، یەکسانە بە کۆی پانتایی خاکی
فەلەستین و ئیسرائیل بەیەکەوە. جەزیرە لە سامانی سروشتی ژێرزەمینی
وسەرزەمینیدا ، زۆر دەوڵەمەندە. لە ٧٠٪ی دانەوێڵەی سوریا لەوێ
بەرهەمدەهێنرێت، خاوەنی سامانێکی نەوتی و غازی وهەتا کبریتیشی یەکجار
زۆرە، کە بە دەیان بیری (چاڵی) نەوت لە هەر چەند کیلۆمەترێکی
چوارگۆشەییدا، هەیە.
دەوڵەتی سوری هەر لە دێرزەمانەوە، نەخشەی سیاسەتی "پشتۆێنەی سەوز" ی لە
هەموو ڕووەکانەوە: سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابوورییەوە،
کێشاوە. لە ڕوی ئابوورییەوە سییاسەتی دابەشکردنی بەرهەمی وەکو چۆن
دابەشکردنی کار هەیە، کێشاوە، ئەویش تەرخانکردنی ئەم ناوچەیەیە لەتەك
دەرهێنانی نەوت و سامانە سروشتییەکانی دیکەدا، بۆ کاری کشتیاری و پیشەی
خەڵکەکەشی تەنها کارکردنە لەو بوارەدا. لێرەدا پرۆژەکانی پیشەسازی، زۆر
بە دەگمەن دەبینرێت، تەنانەت کێڵگەیەکی مریشک بەخێوکردن و هێلکە ،
کێڵگەی پورەی هەنگ، لەوێ، نینە.
دەوڵەت لە ساڵی ٢٠٠٨ یشەوە، بە بڕیارێکی تایبەتی هەموو پرۆژەیەکی
بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەی، قەدەخەکردووە بە پاساوی ئەوەی کە ئەم
دەڤەرە لەسەر سنورەو زۆنی جەنگە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بڵێین، پاش ڕزگارکردنی ئەم ناوچەیە
لە هێزەکانی ڕژێم و نەمانی ئەو هێزانە، بنەمای ئابورییەکی پتەو هەم بۆ
خەڵکی و هەم بۆ پەیەدە و تەپدەم و ئیدارەی خۆجێی، بەجێنەماوە تاکو کاری
لەسەر بکرێت. سەرەڕای ئەمەش ئەم دەڤەرەی ڕۆژاوای کوردستان وەکو ئەوانی
دیکە گەمارۆیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر گەورەی لەسەرە،
بەڕادەیەک کە ڕێگەی هاتنە ناوەوە و ناردنە دەرەوی هیچ شتێک لەوی نییە،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای پۆڵاینی ئەو خەڵکە و پێداگرتنیان لەسەر ویست
و ئامانجەکانیان و ڕۆحی کارکردنی خۆبەخشیانەیان و پەیگیرییان لەسەر
سەرکەوتنی ئەم ئەزمونە نوێیە، لەشانی هەبوونی "ماڵی گەل" وە ، تا
ڕادەیەکی زۆر کارئاسایی لە ژیانی خەڵکەکەیدا، زۆر بە باشی کردووە.
ژیانی ئەمساڵیان لەچاو پارساڵدا بەراورد ناکرێت. نان ئەوەندە هەرزانە
وەکو بە بەلاش بێت ئاوایە، نرخی "مازوت" دیزڵ یا گازۆیل، خۆیان وتەنی
لە نرخی ئاو هەرزانترە، نرخی بتڵێک غازی گەورە کە پارساڵ لە نێوانی ٨
بۆ ١٠ هەزار لیرەی سوری و جاروباریش بۆ ١٦ هەزار سەرکەوتووە، ئێستا
هاتۆتە خوارەوە بۆ ٦٠٠ تا ٨٠٠ لیرە. کارەبا ٥ بۆ ٦ کاژێر لە ٢٤ کاژێردا،
هەیەو نرخی لەسەر نییە، واتە بێ پارەیە، لە پاڵ ئەمەشدا موەلیدەی ئەهلی
کە بە نرخێکی هەرزان مازوتیان پێدەفرۆشرێت ، تاکو ئەوانیش نرخی کارەبا
لەسەر هاووڵاتیان بەرز نەکەنەوە، بە بەردەوامی هەیە. هێڵەکانی تەلەفونی
ئەرزی لەناو شارەکاندا یاخود لە نێوانی شارەکاندا، خراونەتەوە کار و
پارەی لەسەر نادرێت، واتە ئەمیش، خۆڕاییە، بەڵام نرخی کاڵاو
پێداویستییەکانی تر کە بە قاچاخ لە شام و حەڵەبەوە، دێن ، بەهۆی دانی
گومەرگ بە هێزی داعش و هێزەکانی دیکەی سەرڕێگاکانی بازرگانی، نرخیان
گرانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ڕادەیەک خەڵک دەتوانێت بیانکڕێت.
خەڵکی لە جەزیرە لەسەر داهاتی جیا دەژین، هەرچی کارمەند و موچەخۆرانی
پێشوی سەر بە حکومەت بوون ، تا ئێستاش دەچنە پارێزگەی حەسەکە و پارەی
خۆیان وەردەگرن، بەشێکی دیکەیان کەسەبە و خاوەن دووکان و خەڵکانی
ئاڵووێڵکارن، دەتوانن داهاتی خۆیان بەدەست بهێنن. خێزانی شەهیدان و
خەڵکانی کەمئەندام و ئەو خێزانانەی کە پیر و بە تەمەنن و کەسیان نییە
کە ژیانیان دابین بکات، "هێزی یەپەگە "، یەکینەکانی پاراستنی گەل"
یارمەتییان دەدات.
ئەم بارودۆخە سەختەی کە ئەوان تیایدا دەژین، تەنها بە هەڵگرتنی گەمارۆی
ئابوری لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە ، ژیانی خەڵکی ئەو دەڤەرە بە تەواوی
دەگۆڕێت. بۆ نمونە کانتۆنی جەزیرە کە خاوەنی دانەوێڵەیەکی زۆرەو زۆربەی
لە سایلۆکاندا، پاشەکەوتکراون، ئەوەی کە لێی فرۆشراوە نرخی تەنێکی لە
٢٥٠ دۆلاری ئەمەریکی زیاتری نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدا دەوڵەتی عێراق (حکومەتی
مالیکی) بۆ کڕینی هەر تەنێک گەنم، ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ دۆلار، دەدات . وەکو
پێشتر وتم بە سەدەها بیری نەوت لە کانتۆنی جەزیرە هەیە کە زۆربەیان هەر
لە سەرەتای جەنگەوە لەکار کەوتوون، کە ئەندازیار و شارەزایانی بواری
نەوت، تەنانەت لە باشووری کوردستانیشدا، هەن و دەتوانن لە
بەگەڕخستنەوەیاندا، یارمەتییان بدەن، دواتر بڕێک لەو نەوت و گاز و غازە
بە ڕێگایەك لە ڕێگاکان هەناردەی دەرەوەی ڕۆژاوا بکرێت و بفرۆشرێت، یا
لە بوارەکانی تردا پارەداران دەتوانن پارەکانیان لە چەند پرۆژەیەکدا
بخەنەگەڕ و کاریش بۆ چەندەها خەڵک مسۆگەربکرێت.
______________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki1.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|