٥\٦\٢٠١٤
رۆژاوا،
ئەزموونێکی نوێ،
باشترین
نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگریی و خۆڕاگریی.

زاهیر باهیر
- بەشی
سێیەم -
چوارەم: بارودۆخی
سیاسی و سیاسەتی پەیەدە:
هەموومان ئەمڕۆ خاکی خاپورکراو و جەستەی بریندار و لە خوێن هەڵکشاوی
شارە گەورەکەنی سوریا دەبینین، نەبوونی و برسێتی و مردن و کوشتنی
هاووڵاتیانی سوریا ، ڕۆژانە بە چاوی خۆمان دەبینین و دەبیستین، بە
ملیۆن خەڵك لە جێگاو ڕێگای خۆیان هەڵکەنراون و میوانی خێمەکانی تورکیاو
لوبنان و کوردستانن. لەو شوێنانەشی کە لە دەستی سوپای ئازادیی و
لایەنەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرەو ئەوانی دیکەدان ، جگە لە برسێتی و
بێکاری، بە دەستی نەبوونی ئازادی و فەرزکردنی سەوابیتە دینییەکانەوە،
دەناڵێنن، داهێنانی یاسای زۆرەملێ وەکو ڕیشهێڵانەوەو بەزۆر نوێژکردن و
قەدەخەکردنی جگەرە و لەبەرکردنی جل و کەلوپەلی ئاساییان، بەسەریاندا
دەسەپێنن، کە لەنێو هاووڵاتییاندا، ئافرەتان و کچانی منداڵ و گەنجانی
تەمەن ١٠ بۆ ١٨ ساڵ زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە یەخسیر و زەرەرەمەندی
یاسای شەریعەتی ئەو کۆمەڵ و گروپە ئیسلامییە توندڕەوانەن. لە بەرامبەر
ئەمەشدا ٣ کانتۆنی دیکەی سوری، کە ڕۆژاوای کوردستانن ، ژیان بە جۆرێکی
تر تیایدا دەگوزەرێت. لە کانتۆنی جەزیرەدا لە دووەم شاری سەرەکی ئەو
کانتۆنەدا دوای شاری حەسەکە، شاری " قامیشلی یا قامیشلۆ"یە، گەر کەسێکی
بێ ئاگا لەو بارودۆخە بەریتە ئەوێ، بەهۆی هەبوونی ئازادی وئاسایش و
ئەمانەت تیایدا بە هیچ شیوەیەک ئەو کەسە هەست ناکات کە ئەو شارە شارێکی
سوریایە.
لە شارو گوندەکانی نێو جەزیرەدا ئاسایش ،ئازادی ، تەبایی و برایی، ڕۆحی
هاوکاری و پێکەوەژیان ، پێکەوەهەڵکردن، بوونی هەیە و بەردەوامە ،
بەڕادەیەك کە کەسێکمان بەرچاو نەکەوت کە کێشەیەکی ئاسایی نێوانی دووکەس
، دوولایەنی بەبیر بێتەوە. سازبوونی ئەم زەمینەیەش لە سای سیاسەتی
پەیەدە و کارە لەخۆبڕاوەکانی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی "
تەپدەمە"وەن، کە "ماڵی گەل"یان لە هەموو شوێنێکدا دروستکردووە ( لە
بەشەکانی داهاتوودا دێمەوە سەر ماڵی گەل) کە لەو بوارەدا ئەوەندەیان
کارکردووە کە زۆربەی زۆری کێشەکانیان گەر لەبەین نەبردبێت، ئەوە بە
دڵنیاییەوە دەڵێم ، کە بەرەو لابەلاکردنەوە، دەڕۆن. لەولاشەوە هێزی
ئاسایشی ژنان و پیاوان ( هێزی بەرگری گەل) کە دەتوانم بڵێم بە خوێنی
خۆیان ئاسایش و ئازادی تەواویان بۆ سەرجەمی دانیشتوانی کانتۆنی جەزیرە،
بەدەستهێناوە، ویست و ئیرادەی خەڵکیان بەرزکردۆتەوە، بڕواو متمانەی
خەڵکیان بە کرداری جوان و مامەڵەی باشیان بەدەستهێناوە، تا ئەو ڕادەیەی
کەسانی غەیرە کورد بەباشی هەست بەوە دەکەن کە ئازادی و ئاسایشی ئەوان
بەرهەمی ڕژانی خوێنی سووری بە فیڕۆنەچووی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و
ئاسایشە لە تەك هەوڵی بێ وچانی تەپدەمدا.
هێزی ئاسایش کە تێکەڵەیەکە لە پیاوان و لە ژنان لەگەڵ تیمی تایبەتی
ئاسایشی ژنانیش، ئاسایشی هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانیان، پاراستووە،
ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی "تەپدەم" و
ئیدارەی خۆجێییەوەیە تاکو خەڵکی بتوانن بە ئازادانە کاروباری ڕۆژانەیان،
ئەنجامبدەن.
من و برادەرەکەم کە لەو گەشتەدا بەیەکەوە بوین، ڕۆژانە چەندەها نموونە
و مامەڵەی باشی ئاسایشمان لەگەڵ خەڵکیدا دەبینی یا دەبیست، من لێرەدا
تەنها نمونەیەکیان باسدەکەم.
لە کاتی گەڕانەوەماندا کە دەبوایە لە تەلکۆچەر یا تەلکۆچکەوە
بگەڕاینایەتەوە، بەهۆی گیروگرفتەوە نەمانتوانی هەمان ڕۆژ کە گەیشتینە
ئەوێ بگەڕیینەوە، ئیدی لای ئەوان ، واتە لەکن ئاسایشی تەلکۆچەر ماینەوە.
شەو و ڕۆژێکی زۆر خۆشمان لەگەڵیاندا بردەسەر کە پڕبوو لە میهرەبانی و
سۆزو بڕواو متمانەیەکی زۆر لە نێوانمانا، هەردوولامان ئازاد بوین لە
وتنی ئەوەی کە دەمانویست.
شەوەکەی لەگەڵ هەڤاڵ "ف" دەمەتەقێیەکی دوور و درێژمان، سەبارەت بە
کارەکانیان لەوێ و فەلسەفەی ئەو کارکردنە و کاری سەربازی و ئەو کارە
جەنگیانەی کە لەو ناوچەیەدا کە لە دەسەڵاتی داعش پاکیانکردوونەتەوە،
کرد. ئەو هەڤاڵە وتی " پیشتر شاری تەلکۆچەر نزیکەی ١٣٥٠ ماڵ بوون و
کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی "داعش" وە، ڕوبەڕوی مامەڵەیەکی زۆر خراپ لە
لایەن داعشەوە بوونەتەوە...... لەوانە کۆکردنەوەی خەڵکی شارەکە و
سەربڕینی ٢ گەنج بەدیارچاویانەوە، هەروەها قەدەخەکردنی کچان لە
قوتابخانە، فەرزکردنی شەریعەتی ئیسلامی بە هەموو خاڵەکانییەوە،
سەپاندنی ڕیشهێڵانەوە و نوێژکردن و چوون بۆ جومعە و جەماعەت....."
هەڤاڵ "ف" بەردەوامبوو لەسەر قسەکانی و وتی "ئەو کارانەی ئەوان "داعش"،
بوونە هۆی ناڕەزایی خەڵکی تەلکۆچەر و ڕەوکردنیان بۆ شوێنەکانی دیکە.....
کاتێک کە هێزەکانی ئێمە داعشیان دەرپەڕاند کەمتر لە ١٠٠ ماڵ لەوێ
مابوونەوە.......دواتر کۆبوونوەیەکمان بەخەڵکەکە کردو پێمان ڕاگەیاندن
کە ئێمە تەنها بۆ ٢ کار لێرەین، یەکەمیان: پاراستنیانە لە هێزەکانی
ڕژێم و داعش و بەرەی نوسرەو سوپای ئازاد. دووهەم: بەگەڕخستنەوەی
قوتابخانەکان و خەستەخانەکان و شارەوانی و شوێنەکانی دیکەیە بۆیان....
ئێمە دەست لە کاروباری شەخسی و شارەکەو هیچ شتێکی تر وەرنادەین، بێ
بڕیار و ڕازیبوونی ئەوان. بۆ ئەمەش، ئێمە داوامان لێکردن کە" ماڵی گەل"
لە تەلکۆچەر لە هەموو گەڕەکێک و شەقامێکدا، لە خۆیان دامەزرێنن و
بەخۆیان بڕیاری ژیانی خۆیان بدەن و چییان پێویستەو چییان پێویست نییە
ئاگەدارمان بکەنەوە...... تەنها ئەوەندەمان پێوتن کە
داخوازییەکانیانمان، پێبڵێن تاکو ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێت ، بۆیان
بکەین.....ئێستا ئەوان "ماڵی گەلی" خۆیان هەیە، لیژنەیان بۆ هەموو شتێک
ڕیکخستوە و کاری لەسەر دەکەن....ئێمەش بە کردەوە سەلماندمان کە جیاوازی
لە نێوانی هیچ زمان و ڕەگەز و نەتەوەو دینێکد،ا ناکەین، هەر بۆیەش هەر
زوو کە ئەوانەشی شاریان بەجێهێشتبوو گەڕانەوە ناو شارو ئێستا ١١٥٠ ماڵ
لەم شارەدا دەژین...تەلکۆچەر کە ژمارەی گوندەکانی، کە سەربەئەون، ١١٦
گوندن بە بێ گرفت ، بەسەربەستی دەژین و کاروباری خۆیان بەڕێدەکەن....
ئەوەندە متمانەمان پێدەکەن کە لە دووری ٤٥ کیلۆمەترەوە هەر سەیارەیەکی
غەیرە بێتە ئەم ناوچەیەوە بێ موقابیل خەڵکی ناوچەکە ، ئاگەدارمان
دەکەنەوە.....ئەمە جگە لەوەی کە کەسانی عەرەب، لە هێزەکانمانا
بەشداریدەکەن... " ( ئێمە خۆشمان بە چاوی خۆمان بڕێک لەو ڕاستییانەمان
بینی کە تەواوی ئەو خەڵکانەی مەتبەخەکەیانیان لە تەلکۆچەر دەبرد بەڕێوە،
هەندێکی دیکەشیان کە کاریان چایی لێنان، بوو، کە حەساسترین شوێنن،
عەرەب بوون و لەوێدا کاریان دەکرد و متمانەی تەواویان پێکرابوو).
نکوڵی لەوە ناکرێت کە لە دەستپێکردنی ڕاپەڕینەوە تاکو ئێستا پەیەدە و
سەرانی پەیەدە ، زۆر بە وردی بارودۆخی ناوخۆی سوریایان لە هەموو
بوارەکاندا هەڵسەنگاندووە، ئەوان دەزانن کە سوپای ئازادی سوریا کە
تێکەڵەیەکی هەمە لایەنەیەو هەڵوێستیشیان سەبارەت بە کێشەی کورد لە
هەڵوێستی ڕژیـم چاکتر نییە، بۆیە خۆجیاکردنەوە لێیان و گرتنەبەری
سیاسەتی "نە دۆست و نە دووژمن" لەگەڵیاندا، تا ڕادەیەک، ڕاگرتووە.
هاوکاتیش ئەو ڕاستییەش دەزانن، کە هەڵوێستی ڕژێم لە مەسەلەی کورد لەوێ،
خراپە، لەبەر ئەم هۆیەش نایانەوێت لەم کاتەی ئێستادا نزیکبوونەوە و
هاوکاری لەگەڵیاند، بکەن ، چونکە کردنی ئەمە یانی ڕوتبوونەوەیان لە
جەماوەر و دۆڕاندنی پرسەکەیان.
لە سەرانسەری کانتۆنی جەزیرەدا هێزی سووپای سوریی لە شاری حەسەکە،
نیوەی شارەکەیان بەدەستەوەیە و لە شاری قامیشلۆش ٦ بۆ ٧ هەزار کەس لە
هێزی ڕژێم هەیە کە ٢ هەزاریان ئاسایشن و ئەوانەی دیکەشیان هێزی
سەربازین.
ئەو هێزەی ڕژێم کە لە قامیشلۆیە، پانتاییەکی زۆر زۆر بچوکی ناو سێنتەری
" قامیشلۆ" یان، بە دەستەوەیە کە پێی دەڵێن " مورەبەعی ئەمنی" . ئەم
هێزەش فڕۆکەخانەی قامیشلۆ ۆ دایەرەی بەرید و پۆست لە تەك بەشێك لە
کارەبایان بەدەستەوەیە. هەروەها لەم " مورەبەعە ئەمنییە"دا هەموو دەزگە
خزمەتگوزارییەکان و دەزگە سیخوڕییەکانیان، دروستکردۆتەوە، ئەمە لە
کاتێکدا، بێ لە خەڵکێکی زۆر زۆر کەمی شارەکە، کە پەیوەندی پتەویان بە
ڕژێمەوە هەبووەو و هەیە ، موراجەعەی ئەو دەزگانەی ئەوان دەکەن ، کەسانی
دیکە نایکەن. . ئەم هێزەی ڕژێم لە دەرەوەی ئەو شوێنە بچوکەی کە لێی
کۆبوونەتەوە، بێ لەو سێ شوێنەی کە پێشتر ناوم هێنان لە تەك نیوەی شاری
حەسەکەدا، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیان نییە و هەموو جەزیرە لەژێر دەسەڵات و
کۆنترۆڵی ئاسایش و یەپەگەو یەپەژەدان.
دووژمنەکانی پەیەدە و هێزەکانی ئۆپۆزۆسوێن مانەوەی ئەو "مورەبەعە
ئەمنییە" و دانی موچە لە لایەن ڕژێمەوە بە کرێکاران و کارمەندە
پێشووەکانی دەوڵەت ، بە خیانەتکردن لە پرسی کورد ، دەزانن و پەیەدە
بەوە تاوانبار دەکەن کە گوایە ئەوان هاوکاری ڕژێمن و بەشێکن لێی. من
بەشبەحاڵی خۆم باوەڕم بەم پڕوپاگەندەیە نییەو ناتوانم بڕوا بهێنم کە
پەیەدە و باڵە سەربازییەکانیشی هیچ جۆرە هاوکارییەکی بناغەییان لەگەڵ
ڕژێم دا هەبێت، بەڵام ڕەنگە جۆرێک لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لە نێوانی
ئیدارەی خۆجێی جەزیرە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو " مورەبەعە ئەمنییە"دا،
هەبێت، بەتایبەت لە کاتی ڕوودانی کێشەیەکدا، کە بەڕای من ئەمە کارێکی
خراپ نییەو جۆرە تاکتیکێکە کە لە خزمەتی خەڵکی جەزیرەدایە.
ئەم سیاسەتەی کە لە جەزیرەدا پیادە دەکرێت بە سوودێکی زۆر گەورە بۆ
هاووڵاتیانی کانتۆنی جەزیرە گەڕاوەتەوە کە بە هێڕشکردنە سەر ئەو "
مورەبەعە ئەمنییە" و دەستبەسەراگرتنی، لەبەر ئەم هۆیانە، بە زیانی
دانیشتوانەکەی دەگەڕێتەوە: یەکەم: دروستکردنەوەی شەڕ و گەڕانەوەی
لەشکری ڕژێمە کە دەبێتە نانەوەی پشێوییەکی زۆرو کوشتن و ماڵکاولی و
ڕەوکردنی خەڵکی و وێرانکردنی ئۆفیس و ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون، لە
لایەکی دیکەشەوە کردنەوەی دەرگایەکی گەورەیە بۆ هێزە تیرۆریستەکان و
لەشکری ئازادی سوریی، ڕوودانی ئەمەش دوور نییە بە لەدەستدانی کانتۆنی
جەزیرە، کۆتایی نەیەت. دووهەم : تا ئەو کاتەی ئەو هێزە کەمەی سوریی لەو
مورەبەعە ئەمنییەدا بن، شەڕو بەیەکدادان لە نێوانی هێزەکانی ( بەرگری
گەل)، یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش و سوپای دەوڵەتدا، نابێت و ڕژێمیش
بەردەوامدەبێت لە پێدانی موچە بە موچەخۆران، هەروەها ئابڵوقەی
ئابووریشیان ناخاتە سەر، کە ئەمەش یانی بژێویەکی باشتر بۆ خەڵکی و
کەمکردنەوەی ئەركە لەسەر پەیەدە لە دابینکردنی ژیانی خەڵکانی
مووچەبڕاودا. سێهەم: لەم بارودۆخەدا دەلاقەیەک ناکرێتەوە بۆ هێزە
نەیارەکانی کورد و مەسیحییەکان و یەزیدییەکان ، لە نانەوەی پشێوییەکی
زیاتر و جێ بەجیکردنی ئەجەندە شارەوەکانیان. چوارەم: لە دۆخێکی
ئاسایشیی ئاوادا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش ، باشتر دەستیان
دەپەرژێت هەم لە بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر بە هێزەکانی ڕژێم لە
حەسەکە و هەم بە کۆمەککردنیشیان بە هێزەکانی خۆیان لە کۆبانی و لە
عەفرین ، گەر پێویست بکات. پێنجەم: پتەوکردن و چەسپاندنی خۆیان و
هێزیان بە زیاتر کارکردن لەسەر ڕۆحی تەبایی و هاوکاری لەگەڵ سەرجەمی
دانیشتوانی جەزیرەدا و دروستکردنی بڕوا و متمانەیەکی زۆرلای ئەوان، تا
ڕادەی ئەوەی لەم بارەیەوە کە هێزێکن بەراورد ناکرێن نەک هەر بە ڕژێم و
سەردەمی پێشتر، بەڵکو لەگەڵ حکومەتی هەرێمیشدا، لە بەڕیوەبردنی ژیانی
خەڵکەکەیان و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانیان لە تەك ئازادی و
ئاسایش و جۆرێك لە دادپەروەری.
بێ گومان ئەوە نەبێت هەر لە هەبوونی سیاسەتی "نە ئاشتی و نەشەڕ" هەر
پەیەدە سوودمەند بووبێت، بەڵکو ڕژێمی ئەسەدیش، سوودمەند بووە. بۆ
نموونە ڕژێم لە نەمانەوەی لەشکرەکەی لە سەرانسەری جەزیرە بێ لە
مورەبەعە ئەمنییەکەی قامیشلۆ و نیوەدەسەڵاتی ڕژێم بەسەر شاری حەسەکەدا،
خەرجییەکی زۆری لەم سیاسەتەدا، بۆ گەڕاوەتەوە ،ئەمە جگە لەوەی کە
توانیوێتی بیانگوێزێتەوە بۆ ئەو بەرە جەنگییانەی کە پێویستی کردووە کە
وەکو لەشکرێکی یەدەکی لەو شوێنانەدا، بەکاری هێناون. لە لایەکی دیکەوە
ڕژێم ئیدی پێویستی بەبەرگریکردن لەو سێ کانتۆنە، لە ڕوبەڕوبوونەوەی
هێزە نەیارەکانیدا بە هێزی تورکیشەوە، نییە، چونکە هێزەکانی یەپەگە و
یەپەژە و ئاسایش بۆ داکۆکیکردن لە خاك و هاووڵاتیان، بە خوێنی خۆیان
دەیانپارێزن.
بەکارهێنانی ئەم سیاسەتە و مانەوەی بارودۆخەکە بەلانی کەمەوە لەم
وەختەی ئێستادا ، بە قازانجی هاووڵاتیانی ڕۆژاوا دەگەڕێتەوە. هەمووشمان
دەزانین گەر زروفەکە لە قازانجی پەیەدە و خەڵکی لەو دەڤەرەدا،
نەگەڕێتەوە، لەشکری سوری، بە ئاسانی دەتوانێت بێ پێویستبوون بە
هاوکارییەکی کاریگەرانەی ئەو هێزەی کە لەو مورەبەعە ئەمنییەدا هەیە،
بگەڕێتەوە ناو جەزیرە. خۆ ئەگەر بارودۆخەکەش لە بەرژەوەندی خەڵکی
ڕۆژاوا گەڕایەوە، ئەوە ئەو کاتە ئەوانەی لەو مورەبەعە ئەمنییەدا هەن بێ
بەرگری، بە چەکەکانیانەوە دێنەوە ناو ڕیزەکانی خەڵکەکەوە.
______________________________
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki1.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|