١٤\٦\٢٠١٤
رۆژاوا،
ئەزموونێکی نوێ،
باشترین
نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگریی و خۆڕاگریی.

زاهیر باهیر
- بەشی
پێنجەم -
حەوتەم: " من کچەکەم بەناوی هەڵەبجەوە ناونا و بەڵام نەمزانی
هەڵەبجەییەك دێت و دەیکوژێت".
یەکێک لەسەردانەکانمان ، سەردانی " ناوەندی ڕۆژاوا بۆ لێکۆڵینەوەی
ستراتیجیانە" بوو کە مامۆستا طەها خەلیل هاوسەرۆکی مەڵبەندەکەیە . لەم
ناوەندەدا کۆمەڵێک ڕۆشنبیرو نوسەری دیکەشی لێیە کە هەندێکیان لە
دەرکردنی گۆڤارێك بەناوی " دراسات کردیە" خەریکن. دیارە ئەم ناوەندانە
هەمیشە دەبێتە چەقی لێدوان و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، بە تایبەتیش کە
هەردولامان ، واتە من و برادەرەکەم و ئەوانیش دوو لایەنی نەناس بە
یەکدی بوین کە هەردولامان تامەزرۆی گفتوگۆی دووورو درێژو جددی لەسەر
زۆر کێشە بوین بۆیە بێدەنگی لە چەند چرکەیەك زیاتری ، نەخایاند.
مامۆستا 'طەها' ی نوسەر و ڕۆژنامەنووس و شاعیر کە ماوەیەك بوو لە
سویسراوە بە ماڵ و منداڵەوە ، بە دڵسۆزی و گوڕ وتینێکی یەکجار زۆرەوە،
گەڕابووەوە و خۆی و 'هەڵەبجەی' کچی خۆبەخشانە ، لێبڕاوانە وەکو گەلێکی
دیکەی نێو ئەو کۆمەڵگەیە کاریان بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە نوێیەی
هاووڵاتیانی ڕۆژاوا، دەکرد. مامۆستا طەها کە تەمەنی لە چلەکاند بوو ،
قژێکی ماش و برنج، دڵێکی گەروەو فراوان، مێشکێکی پڕ لە مەعریفەو ئایدیا،
کە کاتێک دەکەوتە قسەکردن و لێدوانەوە زۆر بە قوڵی و پڕ لە حەسرەتەوە
قسەی لەسەر کێشەکان لە هەموو ڕویەکەوە: لەسەر ڕۆڵی پەیەدە و تەڤدەم و
هێزە سەربازییەکان بە هێزی ئاسایشیشەوە، دەکرد. ئەو مرۆڤێکی بەتاڵ
نەبوو لە زانیاری و ئەزموونی شەخسیش، هەر بۆیە کە دەهاتە قسە لەسەر هەر
لایەنێکی ئەم ڕوداوە، شۆڕشی ڕۆژاوا، بە قوڵی و وردی بۆی دەچوو.
بۆچونەکانی ئەو سەبارەت بە ئێستاو داهاتووی هاووڵاتیانی ڕۆژاوا، هەر لە
ڕوە گەشبینییەکەیەوە، نەبوو، بەڵکو لایەنی نەرێیی و کەموکوڕییەکانیشی
ڕەچاو دەکرد. ئەو چجای ئەوەی کە کەموکوڕی لەو ڕووداو و ئەزموونەدا
دەبینی ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وابووکە دەبێت کاری تەواو بۆ سەرکەوتنی
ئەم تەجروبەیە بکرێت، هاوکاتش دەیگوت کە لە کۆتاییدا بارودۆخەکە بە هەر
بارێکدا بشکێتەوە شەڕی نێوانی کوردان و ڕژێم شتێکی حەتمییە و ناتوانرێت
لێی دەرباز ببین.
ئەو کاتێک کە لە دووژمنانی پرسی میللەتانی ڕۆژاوای کوردستان دەدوا،
پەنجەی بۆ هاوکێشەو سەنگی هێزەکانیش لە بەرامبەر دووژمنیشدا، ڕەدەکێشا،
باسی لە کەموکوڕییەکانی هێزە کوردییەکان ، ئەوانەی کە ئیدارەی خۆجێیان
دروستکردووە و ئەوانەشی وەکو موعارەزەش کە لە دەرەوەی ئەو ئیدارەیەن،
دەکرد.
مامۆستا طە ئەو ڕاستییەی دەزانی کە هەڵوێستی ڕژێم و لەشکری ئازاد و
بەرەی نوسرە و داعش و ڕێکخراوە تووندڕەوەکانی دیکە لەسەر پرسی کورد ،
هەڵوێستێکی باشیان نییە ، کە لەناو ئەم هێزانەشدا داعش دووژمنێکی
سەرسەختی کوردە، بەڵام هەرگیز نە بیری لەوەکردبووە و نە چاوەڕوانی
ئەوەشی دەکرد، کە لەناو ئەو هێزە دڕندەدا، کوردی تیابێت و قوربانی بە
ژیانی خۆی لە کوشتنی کوردانی ڕۆژاوادا، بدا، ئەمە چچای ئەوەی کە
کوردانێکی هەڵەبجەییش هەبن و هاوکاری کەسانێک بکەن کە بێن لە
١١/٠٣/٢٠١٤ لە ئاهەنگێکدا کە لە دائیرەی شارەوانی و ئیدارەی محەلی لە
شاری قامیشلۆ، گێڕرابوو، ئاهەنگگێڕان بدەنە بەر نارنجۆك و دواتریش
خۆیان بتەقێننەوە و ١٠ کەس بکەنە قوربانی هێڕشە دڕندانەکەیان، کە لە
ناویاندا کچە ٢٣ ساڵە دووگیانەکەی ئەو "هەڵەبجە" بوو کە ماوەیەکی
کەمبوو هاوسەرگیریی کردبوو.
سەختە یەکجار سەختە دایك و باوك بتوانن وێنەو سیمای ساتی تیاچوونی
منداڵەکانیان، لەبەرچاو ونکەن ، یادو بیرەوەرییەکانی ژیانیان، لە یاد
بکەن... لەگەڵ هەموو جارێك بینینی شوێنی ڕووداوەکە، لەگەڵ هاتنی ڕۆژی
کارەساتەکە ، جارێکی دیکە گەرمە شینیان، دەستپێنەکاتەوە و یادی
لەدەستدانی منداڵەکانیان، فەرامۆشنەکەن ....ئەم دیمەنانە، ئەم
یادوەریانە بە بەردەوامی، بە درێژایی تەمەنیان دووبارە دەبنەوە...هەمیشەش
دڵی برینداری دایکان و باوکانی قوربانییەکان، دەکولێننەوە.
ئاسانیش نەبوو بۆ کەسێکی وەکو ئێمەی باوك لە کاتێکیشدا کە شوێنی
قوربانییەکانمان، دیتبوو، لەگەڵ بینینی هەموو جارێکی مامۆستا طەها-دا،
لە ناخەوە وەکو باوکێك لە خەمی ئەو بێبەش بووبێتین ، لە قوڵایی دڵەوە
بۆی نەگریابیتین.
شەهید، شەهیدبوون، مەڵبەندی خێزانی شەهیدان، لیژنەی خانەوادەی شەهیدان،
گۆڕستانی بە کۆمەڵی شەهیدان، خێمەی پرسەی شەهیدان، کە نە قورئان و
نەفاتیحای تیادا ناخوێنریت.... ئەم وشانە، دەستەواژانە، ڕۆژانە دەیەها
جار بەرگوێمان، دەکەوتن، ئێمەش لە دیدەنی هەر شار و شارۆچکەو
گوندێکماندا، دەبوایە دێنی مەڵبەندی شەهیدان و گۆڕستانی شەهیدانیشمان ،
بکردایە. شەهید و شەهیدبوون، لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆژاوادا شوێن و پێگەیەگی
تایبەتی خۆی هەیە، خاڵێکی ناوکۆیی نێوانیانە، پەیوەندییەکی تایبەتیشی
لە نێوان سەرجەمی باوکان و دایکان و کەسوکاری شەهیداندا دروستکردووە و
ئەو پەیوەندییە ڕۆحییەی نێوانیان سەنگی قورسی ئازارەکانیانی،
کەمکردۆتەوە، زامی قوڵی دڵی دایك و باوکانی ، تا ڕادەیەك ساڕێژ کردوە.
خودی خانەوادەی شەهیدانیش، وەکو خانەوادەیەکی دیار و تایبەت و شکۆمەند،
دەردەکەون.
ئەوان شکۆمەندی شەهیدان و ڕێز لێگرتنیان لەبەر ئەو ئاسایش و ئازادییەی
کە بە خوێنی تێکڕای ئەوان، هەمووان، بەدەستهێنراوە، هەر لەبەر ئەوەش نە
شەهیدی سەرکردە هەیەو نە شەهیدی بنکردە، شەهیدێك نییە کە فەزڵی بەسەر
ئەوانی دیکەیاندا هەبێت، شەهیدێك نییە کە پاداشت و یارمەتییەکی زیاتری
لەوی دیکەیانی بێت یاخوود گۆڕێکی ڕازاوەتری هەبێت.
تێگەیشتن لە پێگەو جێگەی شەهید و ڕێز لە خانەوادەی شەهیدان زەحمەت نییە
کە لە کاتێکدا دەبینین کورد لە ڕۆژاوادا لە هاووڵاتی پلە سێوە، بووبێتە
پلەی یەکەم، خاك و خانووبەرە و بینای بە پێوە مابێت، ئازادی و ئاسایش
بەرقەرار بێت، جورێک لە ژیان دەستەبەر، کرابێت. ئاخر چۆن بتوانرێت لە
یاد بکرێن لە کاتێکدا تەنها ئەوانەی کە لەوێ دەژین ئەوانەشی سەردانی
شوێنی شەڕو و بەیەکادانەکان، دەکەن، دەزانن لە پاککرنەوەی هێزە
درندەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرە چ جەنگێکی پاڵەوانانەیان کردووە.
لەسەردانی شاری 'سەرێکانی' کە کۆڵانێکی تیادا نەماوەتەوە کە بە گولە
نەبێژرابێت، بە هاوەن و و زرێپۆش ماڵێک یا چەند ماڵێکی تیادا، کاول
نەکرابێت. لەو شارەدا، لە بەرگریکردن لەم شارە لە بەرامبەر زیاد لە
٧٠٠٠ لە سوپای ئازاد و داعش و بەرەی نوسرە و ئەوانی دیکەیان لە تەنها ٢
هەفتەدا بە ٤٥٠ جەنگاوەری هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش ئەو شەڕی
دەستەیەخەیەی کە لەوێداکراوە کە تیایدا دیوار لە بەرامبەر (مواجەی)
هێزەکانی دووژمندا، لە دەیەها ماڵدا کونکراوە تاکو مەتر بە مەتر بەریان
پێهەڵچنن و بیانشکێنن، نازانم چەند جار لە مێژوی نوێی سوریادا ڕویدابێت
ئەو لەشکرە گەورەو خاوەن نوێترین چەكە، بۆ جارێکی دیکە ببەزێننرێن و بە
دەیەها جەنازەش لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن، کە لە نێوانیاندا چەند
گەنجێکیان هەڵەبجەییی بوون. لەم شەڕەدا ئەمان خاوەنی ٥٣ شەهید و لە
وانیش کەسێك ناتوانێت ، هەژمارەی کوژراوانیان، بکات. جەنگی 'سەرێکانی'
یەکێك بووە لە هەرە سەختترین و درێژخایەنەکانی نێوانی ئەوان و
دووژمنانیان کە ژمارەی قوربانییەکانیان گەلێك بووە.
______________________________
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rojawaezmunekii1.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|