١\٧\٢٠١٤
رۆژاوا،
ئەزموونێکی نوێ،
باشترین
نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگریی و خۆڕاگریی.

زاهیر باهیر
- بەشی
نۆیەم -
مەترسییەکان و پێشبینییەکان:
دەیەم: بارودۆخی ناوخۆ و هۆکارەکانی:
لە بەشی هەشتەمدا سەبارەت بە مەترسی و پێشبینییەکان کە لەسەر ڕێی ئەم
ئەزمونەی ڕۆژاوادایە، باسم لە هۆکارە دەرکییەکان کرد، کە لای من
هۆکارێکن گەر ڕووبدەن نە مایەی داخێکی زۆر دەبێت و نە دەبێتە جێگەی
نائومێدیش، چونکە لە دەرەوەی ویست و کۆنترۆڵی نەك هەر کوردانی ڕۆژاوایە
،بەڵکو هەر هەمووماندایە.
ئەوەی کە مایەی داخە هۆی تێشکانی ئەم ئەزمونە، ئیدی هەتا بە
ئاراستەبردنیدا بێت بە لایەکی دیکەدا، یاخود گەڕانەوەی بێت، کە هۆکارە
ناوخۆییەکانی بن، چونکە بڕێکی زۆری ڕوودانی ئەو هۆکارانە دەتوانرێت خۆی
لێ بپارێزرێت و کۆنترۆڵبکرێت، لەوانەش:
• ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ:
مەبەستم لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ تەنها شەڕی نێوانی پەیەدە و
هێزەسەربازییەکانی ڕۆژاوا، لەشکری بەرگری گەل ( یەپەگە، یەپەژە و
ئاسایش) لەتەك موعارەزەی ناوخۆی ڕۆژاوای کوردستاندا ،نییە، کە لە
ئێستادا ئەوان خاوەنی هێزی سەربازی نین، بەڵکو لەتەك هێزەکانی خواروی
کوردستانیشدایە.
بەداخەوەم گەر بڵێم ڕوودانی شەڕی ناوخۆ لە نێوانی هێزەکانی لەشکری
بەرگری گەل لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ئەگەرێکی
دوور نییە، کە لە حاڵەتێكی ئاواشدا دوور نییە کە پارتی پێشمەرگەکانی
یەکێتی و لایەنەکانی دیکەشی تێوەنەگلێنێت.
ئەم ئەگەری شەڕەش مێژویەکی خوێناوی دێرینی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ
سەرەتای نەوەدەکانی چەرخی ڕابوردوو. لە ئێستاشدانزیکیی پەیەدە لە
پەکەکە، هەروەها نزیکی پارتە موعاریزە کوردییەکانی ڕۆژاوا لە پارتی
دیمۆکراتی باشووری کوردستانەوە، دەشێت ببێتە هۆی دەمکردنەوەی زامە
قووڵە ساڕێژنەکراوەکەی ساڵانی نەوەدەکان. ئەمەش یانی دەستتێوەردان لە
کاروباری ناو کانتۆنەکان لە لایەن 'پارتی'یەوە و دروستکردنی چەند جۆرێك
لە ناکۆکی کە زیاتر بەرژەوەندی تەسکی حکومەتی هەرێم بە گشتی و پارتی
دیمۆکراتی کوردستان بە تایبەتی، پاساویان دەدات ، چونکە ئەمان کێشەی
ئەو میللەتەی ڕۆژاوا زیاتر بە بزنسێکی گەورە دەزانن و دەبێت بەشی
سەرەکی قازابجەکەی بەر ئەمان بکەوێت، ئەمە جگە لە پەیوەندی سیاسی و
ئابووری ئێستایان لەگەڵ تورکیادا.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە قەوارەو دەسەڵات و ئەرك و پەیوەندی دیبلۆماسیانە و
تەماح و بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی، حکومەتی هەرێم بە گشتی و پارتی
دیمۆکراتی کوردستان بەتایبەتی، ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەورەبوون و
فراوانبووندایە. لە پێناوی پاراستنی ئەم بەرژەوەندییانە، پارتی و
خێزانی بارزانی لە سەروی هەموویانەوە، نەك هەر ملی بەشەکانی دیکەی
نەتەوەی کوردی، بۆ دەشکێنن، بەڵکو قوربانی بە کوردی باشوری کوردستانیش
و تەنانەت خودی پارتەکەشی، پارتی، دەدەن. شەڕی ئەوان، پارتی، شەڕی
دەسەڵاتە بە هەموو شێوەکانییەوە، جەنگی ئەوان جەنگی پاراستنی
بەرژەوندییەکانیانە، پەیوەندی ئەوان لەتەك هێز و حیزبە دەرەکییەکانی
بەدەر لە دەسەڵات و دەوڵەتانی ناوچەکەو وڵاتانی دیکەش، بناغەکانی
سنورکێشانی ئەو پەیوەندییانەن. کەواتە پەیوەندی ئەوان کارکردنە لەسەر
گەرورەکردن و فراوانکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خێزانییان، ئیدی
لە پێناوی ئەمەدا هەموو کارێك شیاوی ڕوودانە و ڕەواشە بۆ ئەوان.
زۆربەمان بە ئاشکرائەوە دەبینین کە هەندێک لە سیاسەتەکانی هەرێمی
کوردستان،کە یەکێتی و پارتی لە ڕابوردوودا بەڕێیانکردووە و نەخشەیان
کێشاوە، لە هەموو لایەن و بوارێکدا کەمتر لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی کوردی
هەرێمی کوردستان بووە و گەربە زەرەریش لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان،
نەگەڕابێتەوە، ئەوە کوردانی ئەو پارچانەی دیکە قازانجێکیان لێنەکردووە،
تەنها لە باکوری کوردستاندا نەبێت کە پارتی ڕۆڵێکی زۆرکەمی لە بردنە
پێشەوەی کێشەی کورددا، هەبووە.
لە ئێستادا پارتی وەکو ئیمپراتۆرێك مامەڵە بە سەرجەمی سەروەت و سامانی
کوردستانەوە، دەکات و پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسیانەی خۆی لە ڕیگای
حکومەتی هەرێمەوە ، لە تەك وڵاتانی دەرەوە، لەسەر ئەو بناغەیە ڕێکدەخات.
ئەمەش یانی تەحدیدکردن و سنورکێشانی سیاسەتیشی لەگەڵ پەیەدە و پەکەکە و
هاوچەشنە حیزبەکانی دیکەشدا.
جگە لەوانەی سەرەوە ڕاستییەکی تاڵیش لێرەدا هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە
بەشێکی دیکەی ناکۆکی و ناڕێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەگەڵ پەکەکەدا
لە سەر سەرکردایەتی و ڕابەرایەتیکردنی کوردە لە هەموو پارچەکانی 'کوردستان'
دا. هەرچی مەسعود بەرزانی و خێزانی ئەو هەیە سەرکردەو ڕابەریی کورد بە
خۆیان ڕەوادەبینن و دەزانن، دیارە ئەمەش ڕاستییەکی تیادایە کە بارزانی
گەورە، مێژویەکی درێژی لە چەرخی پێشوودا لەو ڕابەری و سەرکردایەتییەدا،
تۆمارکردووە و بە کردەوەش ئەوە سەلمێنراوە.
من ناتوانم بڵێم 'ئۆجەلان 'یش هەمان بانگەشەدەکات و خۆی بە سەرکردەو
ڕابەری کوردی هەر چوار پارچەکە دەزانێت، بەتایبەت لە ئێستادا، چونکە
فکری ئۆجەلان لە گۆڕان و پێشەوەچونێکی یەکجار گەورەدایە و ئاسۆی گەشەی
فکری ئەو، قەوارە و چوارچێوەی قەومی و دینی تێپەڕاندووە و مرۆڤدۆستانە
بیردەکاتەوەو تەنانەت ڕاو بۆچوون و هەڵوێستی ئەو، دژ بە هەموو شێوەکانی
دەوڵەت و دەسەڵاتە، ئەم ئاسۆ فیکرییەی ئەو، تا هەنوکەش، لە پێشەوەچوون
و نەوەستاندایە.
ئەم ڕێڕەوەی کە لە ئێستادا ئۆجەلان گرتویەتەبەر پێچەوانەی جەمسەرەکەی
ئەمسەرە، کە بارزانی و خێزانەکەیەتی، کە نەك هەر لە ڕابوردوودا کاریان
لەسەر ئەو لایەنە مەعنەویە و هزریە، کردووە، بەڵکو ئێستاش بەردەوامن
لەسەر هەمان ڕێڕەو لە بانگەشەکردن بۆ ئەو سەرکردایەتییە و کۆنترۆڵکردنی
سەرجەمی بەشەکانی ئیداری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیری
لە باشووری کوردستاندا.
گەرچی ئەوڕاستییە دەزانم کە ئێستا ئۆجەلان لە پرۆسەی تێپەڕاندنی دین و
قەومییەت و دەوڵەت و دەسەڵاتدایە، هاوکاتیش ئەوە دەزانم و کەم گومانیشم
سەبارەت بەوەی کە زۆربەی پەکەکە و پەیەدە و هاو چەشنە پارتەکانی
دیکەشیان مەیل و بۆچونیان پێچەوانەی بۆچونەکانی ئۆجەلان و زۆربەی
هەڤاڵانی نێو بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسین – تەڤدەم- . گرنگی ئەم
خاڵە لێرەدا ئەوەیە گەر ئۆجەلان و خەڵکانێکی دیکەش هەبن کە جەنگی
ساغکردنەوەی سەرکردە و ڕابەریی کورد، بۆ خوودی ئۆجەلان، نەکەن و
نەیانەوێت، ئەوە خەڵکانێکی دیکەی زۆریش لەناو پەیەدە و پەکەکەدا، هەن و
لە ساغکردنەوەی ڕابەر و سەرکردایەتی 'کورد'دا، کە ئۆجەلان بێت ،
ئامادەباشی ئەم جەنگەن.
بەڵگە و شاهیدحاڵەکان، تا ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن کە بارزانی و خێزانی
بارزانی بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین دەستبەرداری ئەو سەروەتە مادی و
مەعنەوییەی کە هەیانە بە بانگەشەی ڕابەرایەتی و سەرکردایەتیشەوە،ببن
وبۆ پاراستنیشیان، ئامادەن خوێن بدەن و خوێنیش بڕێژن. هەرچی 'ئۆجەلانی'
شە لە سەرەڕێی دوو ڕێگادایە، یا ئەوەتا دەبێت ئەوەی کە لە پەیامەکان و
نوسینەکانی ئەم دواییەیدا، هاتوون، کە دژە دەسەڵات و دەوڵەتە ،کە
دەسەڵاتی خۆشی دەگرێتەوە، بخاتە قاڵبی جێ بەجێکردنەوە، بە رووتکردنەوەی
خۆی لەو دەسەڵات و پایە و سەرمایە سیاسییەی کە هەیەتی ، هەروەها بە
بەئاگاهێنانەوەی جەماوەرەکەی، کە پەرستنی کەسایەتی و تەقدیسکردنی
پارتایەتی و ئایدۆلۆجییەت،هیچ ئاکام و بەرەنجامێکی نییە و دژن بە هزر و
بۆچونەکانی ئەو. دیارە ئەمەش مانای ئەوە نییە کە خەڵکی ماندووبوون و
خەبات و بەندیکردنی و ناڕەحەتی و ئەشکەنجەدانێك کە ئەو چێشتویەتی، بە
هەند وەرنەگرێت ونەناسێت. یاخود گرتنەبەری ڕێگەی دووهەمە کە
پاشەکشەکردنە لەوەی کە بانگەشەی بۆ کردووە و بۆ دەکات.
جێ بەجیکردنی لایەنی یەکەم لە لایەن ئۆجەلانەوە، تا ڕادەیەك ئەگەری
ڕوودانی شەڕی ناوخۆ، کەمدەکاتەوە، چونکە ئیدی بارزانی و خێزانی بارزانی
مەترسییەکیان، بۆ مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی
خۆیان، لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، نامێنێت.
• ئایدۆلۆجییەت و تەقدیسکردن:
ئایدۆلۆجیا و لە قاڵبدانی پێشوەختی هەموو بەسەرهات و ڕووداو و
پێشبینییەك بە قاڵبی ئایدۆلۆجیانە یاخود بە ئایدۆلۆجیکردنییان
گەورەترین مەترسییە نەك لە تێڕوانینی کێشەیەکی گەورە ، بەڵکو لە
کێشەیەکی گەلێک بچووکیشدا. گرتنەبەری ئەم سیستەمە لە توێژینەوە و
شیکردنەوەدا، سەرەداوەکانت لێ وندەکات، بینینی تەنها ڕەنگی ڕەش یا
سپییە، وەستانی مێشك و عاجزبوونێتی لە بیرکردنەوەو بینینی واقیعیانە،
لەدەستدانی دەستپێشکەری و کردنی پێشنیارە، کوشتنی ڕۆحی موشارەکەی تاك و
ڕۆڵێتی لە دروستکردنی کۆمەڵگەدا، خۆبەدەستەوەدانە بە دۆگما و کوێربوونە
لە ئاستی حەقیقەتەکاندا..... ئەمانە و دەیەها شتی دیکە کە سەرجەمی
هەڵگرانی ئایدۆلۆجییەت بە ئیسلامی و نەتەوەیی و کۆمۆنیست و ئەوانی
دیکەشەوە لەو خاڵانەی سەرەوەو دەیەهای دیکەشدا، یەکدەگرنەوە.
بەداخەوەم گەر بڵێم خودی شەخسی ئۆجەلان و فکری ئەو گەورەترین بۆشاییان
لە مێشکی زۆربەی هەرە زۆری ئەندامان و هەوادرانی پەیەدە وبەشێکی
بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسیشدا، پڕکردۆتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە لە زۆر
لێدوان و مشتومڕەکاندا، لە ساغکردنەوەی جەدەلەکاندا، وەکو سەرچاوەیەک
پەنا بۆ قسە و وتەکانی ئەو دەبرێت. ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لە بەردەم
گەشەی ئەم شێوە لە خۆبەڕێوەبردنە گەلییەی کە لە ئێستادا لە ڕۆژاوادا
بوونی، هەیە.گەر ئەم شێوە خۆبەڕێوەبردنە لە داهاتووشدا، گرنگ نییە
چەندێك دەوامدەکات، وەکو ئێستای دەستبەکار بێت، ئەوە کاروبارەکان،
رووداوەکان دەبنە سنور و بناغەیەک لە ڕەنگدانەوەو ئافێریندنی هزردا،
نەک پێچەوانەکەی.
لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئێستا لە زۆر شوێندا " ماڵی زارۆك و لاوان"
هەنە، گەرچی پەروەردەکردن لە یارمەتیدانی نشوونمای هزری و هەڵسوکەوتی
ئەو منداڵ و لاوانە، لە بوارە ئینسانییەکاندا، کە بەشێکە لە و
پەروەردەیە، شتێکی هەڵە نییەوگەشە دەسەنێت، لێ هاوکاتیش لێرەدا منداڵان
و لاوان بە بیرو بۆچوونی " ئاپۆچی" پەروەردە دەکرێن، ئەمەش لای من
ڕێگەگرتنە لە گەشەی سەربەخۆی سروشتیی هزر و مەعریفەی ئەو زارۆك و
لاوانەیە. بە بۆچونی من منداڵ نابێت دین و مەزهەب و ڕەگەز و قەومییەت و
ڕەنگی هەبێت ، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ڕێگەیان لێبگیرێت لە
خوێندنەوەی پرسەکان و لێکدانەوە و لێدوان لەسەریان لە هەموو بوارەکاندا
، بەڵکو دەبێت هەلیشیان بۆ بڕەخسێنرێت تاکو مەعریفە لە هەموو کایەکانی
ژیاندا پەیدا بکەن و خۆیان سەرپشك بن لە هەڵبژاردنی ئەوەی کە خۆیان
دەیانەوێت. دەرگای لێدوان و گفتوگۆکردنیان بەوپەڕی ئازادییەوە، بێ
سەپاندنی هیچ بیروڕایەك، بۆ بخرێتە سەرپشت، ئەمەش تاکە ڕێگایەکە بۆ
گەشەکردنی تەندروستیانەی منداڵ لە پرۆسەی پێگەیشتنی منداڵییاندا لە
هەنگاونان بەرەو بیناکردنی کۆمەڵگەیەك کە خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، خاڵیی
بێت لە هەموو چەشنەکانی دەسەڵات و سەروەرێتی، کە ئەمەش نیاز و ئومێدی
بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، تەڤدەمە.
کورتەی قسە لێرەدا کێشی کەسایەتی و هەژموونی فکری و مێژوی خەباتی
ئۆجەلانە، بمانەوێت و نەمانەوێت ڕۆڵێکی یەکجار گەورە لە سەر بزوتنەوە
جەماوەرییە کۆمەڵایەتییەکە، چ بە باش و چ بە خراپ دەبینێت. گەرچی ئەم
هەژموون و کێشە قورس و مێژووە درێژە پڕ لە خەباتە ،لای چەپ و
مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکان سلبیانە تەماشادەکرێت و گرتنەوەی کتێبی
کۆتایی لە ڕوانگەیەکی ئایدۆلۆجیانەوە، بۆ بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی کوردانی
ڕۆژاوە، دەکەن و لەوپەڕی باشحاڵەتیدا لە حوکم و دەوڵەتێکی بەلشەفی کۆن
، لەی ئەوان زیاتر شتێک ناداتە دەست، بەڵام لای من لانیکەم لە سەدا
پەنجای سەرکەوتنی ، بەو ئاراستەیەی کە من بۆی دەچم ، دەبینم. – لە
کۆتایی بەشی دەیەمدا من تێڕوانینەکەی خۆم ، کە تا ڕادەیەکی زۆر
ئیجابییە پاساو دەدەم -.
ئەوەی کە ئومێدێك بە من دەدات بۆ خۆ پاراستن لە ئایدۆلۆجییەت و
چەشنەکانی قودسییەت تاکو ئەو ئەزموونە پشتگیری لێبکرێت و بەهێز بێت و
ئاڕاستە سروشتییەکەی خۆی وننەکات، ئەوەیە کە ئۆجەلان خۆشی و خەڵکانێکی
دیکەش لەشانی ئەوەوە، کار لەسەر دژایەتیکردنی قودسییەت و ڕەتدانەوەی
ئایدۆلۆجییەت دەکەن ئەمە جگە لەوەشی بەردەوامبوونی ئەو ئەزموونە هەتا
بەو هەموو کەموکوڕییەشییەوە بیر و بۆچونی دەسەڵاتچێتی و دەوڵەتچێتی
دەداتە دواوە و پێ لەسەر خۆبەڕێوەبەری گەل بەخۆیان، دادەگرێت.
______________________________
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki8.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki7.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki6.htm
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/rojawaezmuneki2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rojawaezmunekii1.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|