په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٠\٢٠١٩

رۆژئاوا لە نێوان قڕکردن و سازشکردن.


زاھیر باھیر      


رۆژئاوا بە بارودۆخێکی یەکجار سەختدا تێدەپەڕێت، سەرەنجامەکەی ھێشتا نادیارە بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا ئاشکرایە بژاردەی یەکێک لەو دوانەی سەرەوەیە.


ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات لە رۆژئاوا پاشخانی ئاڵۆزی خەباتی کوردانی رۆژئاوا و پێکھاتەکانی دیکەیەی ھەیە و دەگەڕیتەوە بۆ شەڕی ڕەوای بەرگریی جەنگاوەرانی کۆبانی و ھاتنە ناوەوەی ئەمەریکا وەکو یارمەتیدەر و کۆمەککەر.

ئەوەی کە لە مێشکی مندا ھەرلە سەرەتاوە تا ئێستاش چەسپبووە، ھاتنی ئەمریکا دوای ئەوەبوو کە زانرا کۆبانی ناکەوێت و ھاوکاتیش ڕێگایەکی دیکە نەبوو بۆ لەباربردنی ئەو ئەزموونە ساوایەی ڕۆژائاوا، جگە لە نزیکبوونەوە و ھەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی نەبێت بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە ئامانج و ستراتیجییەتی ئەمەریکا.

زەمینەی دروستبوونی ئەو واقیعەش نەبوونی ھاوپشتی و ھاریکاری نێونەتەوەیی چەپ و نقابیی و کۆمۆنیست و سۆشیالیت و ئەنارکیستەکانی جیھان بوو وەکو پێویست. ھاوکاتیش ڕوونەدانی جۆرێک لە ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەرودراوسێ و ناوچەکەدا دژ بە حوکمڕانەکانیان، بوو.

بەڕای من ئەمەریکا بە پلان ھاتە ناوەوەو پلانەکەش بە بەشداریکردنی و تورکیا و ڕوسیا و قەتەر و سعودییەو و تەنانەت حکومەتی ھەرێمیش، بوو. نەدەکرا ئەزموونێکی ئاوا سەکەوتوانە لە شوێنێکی ناوچەیەکی بارگاوی بە چەندەھا گرفت ودەوڵەمەند بە چەندەھا سامانی سروشتی قەبوڵبکرێت. ئەزمونێک کە چەندەھا لایەنی گرنگی وەکو کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات و خۆسەریی و پرسی ئیکۆلۆجی و ئافرەتان و پێکەوە ژیانی بە ھارمۆنی پێکھاتەکانی دیکەی رۆژئاوا و کردنی دین بە پرسێکی خودی شەخسی و بیرکردنەوە و کارکردن لەسەر کاری ھەرەوەزیی ... ھەموو ئەمانە ئامانج و پایەکانی بزوتنەوەی رۆژئاوا بوون، چۆن دەکرێ و دەکرا قەبوڵبکرێت!

ئەمانە بەردی بناخەی پیلانە گەورەکەی ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە ناوم ھێنان دژ بە ڕۆژاوا دانا. پلاندانانی ئەم پیلانەش ھەر ئاوا ئاسان نەبوو. بۆئەمە ئەمەریکا لە پەیەدە نزیک بووەوە نەک لەبەر ئەوەی کە پەیەدە ھێزێکی سیاسی بە ھێز بوو و پێگەیەکی گەورەی ھەبوو، بەڵکو بە ھێزیی سەربازیی یەپەگە و یەپەژە و کە دواتر بوون بە ھەسەدە، بوو. ئەمەریکا ئەوەشی دەزانی کە تەنھا ڕێگایەک بۆ ئەوەی ئەو ھێزە چەکدارە خۆبەخشەی کۆمۆنێتییەکە، تا ڕادەیەکبکەوێتە ژێر ئاراستەو ڕێڕەوی ئەوانەوە ، تەنھا و بە تەنھا بە حیزبی پەیەدە دەکرا و دەکرێت. کەواتە ھەنگاوی یەکەم ڕێکەوتن بوو لەتەک پەیەدە، دووھەم دەرھێنانی ھێزی یەپەگە و یەپەژە بوو لە ھێزی خۆبەخشی کۆمیتییەکە و بەرگریی لە کۆمۆنێتییەکە و بردنیان بەرەو ھێزێکی گەورەی دیسپلینی حیزبی و ھێڕشبەر بۆ ئەو شوێنانەی کە پەیەدە و ئەمەریکا نەخشەیان بۆ دەکێشان. بە گەوەرەکردنی ئەم ھێزە و گۆڕینی ئاڕاستەیی و بەردەومدان بە شەڕەکە و دابینکردنی ژیانیان و جلوبەرگیان و چەک و تەقەمەنیان ئەوەندەی دیکە نەک پەیەدە و ھێزەکەی خستە باوەشی ئەمریکاوە بەڵکو دووریشی خستنەوە لە بیناکردنەوەی رۆژئاوا لە بناخەوە ھەر لە ڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و فەرھەنگیی و کار و ئەرکی دیکەشەوە. ئەمە ھەنگاوی سێیەمی پێکھێنا.لە ھەنگاوی چوارەمدا کە ئیدی ئامانجی ئەمەریکاو ستراتیجییەتی لە تەواوبووندا بوو فراوانکردنی شەڕەکە و ناردنی دەیەھا بارگە و بنەی سەربازیی و زیادکردنی دانەجیڕەی دەوڵەتی تورکیا لێیان و دوورخستنەوەیان لە پەیوەندییان لەتەک ڕوسیا و کەمکردنەوەی پاڵپشتی نێونەتەوەییی لێیان ھەموو ئەمانە پرۆسەی بزوتنەوەکەی گۆڕی بە بەرژەوەندی ئەمەریکا نەک ڕۆژاوا. ھاوکاتیش دەرکنەکردنی پەیەدە، یاخود فەرامۆشکردنیئەوەی کە مانەوەی ڕۆژاوا بەستراوە بەمانەوەی داعشەوە بە تایبەت پاش نەبوونی کۆمەکی نێونەتەوەیی و ڕوونەدانی ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەروودراوسێ، کە ھەر سەرکەوتنێک بەسەر داعش-دا نزیکبونەوەیان بوو لە لێواری قەبر.

بەم شێوەیە پەیەد ئەوەندە بەھێز و گەورە بوو ھاوسەنگی خۆی لە تەک تێڤدەم و ئیدارە خۆسەرییەکە، لەدەستدا، ئیدی گەڕانەوە بۆ خودی خەڵکەکەی لە بڕیارە گەورە و یەکلایکەرەوەکانا، ھەرگیزبە خودی خەڵکی ڕۆژاوا،ڕەوانەبینی.

ھەموو ئەمانە ھەر وەکو چۆن داعش-ی لاواز کرد، پەیەدەشی لە روی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وئابوورییەوە لە ڕۆژاوادا لاوازکرد. ئیدی ئەو ھاوپیەیمانییە بێ بەند و مەرجەی کە پەیەدە لەتەک ئەمریکادا بەستبووی، لە ھەفتەی پێشودا ھەرەسی ھێناو رۆژئاوای بەرەو ئەم بارودۆخە برد.

وەکو لەسەرەوە وتم چەند ھۆکارێکی سەرەکی ھەبوون لەبردنی ڕۆژاوا بەرەو ئێستای، بەڵام سەرکییەکەیان ھۆکارە ناوخۆیی، یا ناوەکییەکە بوو. ئەوەش پەیەدە بوو کە سسیاسەتی ھەڵەی نەخشە دەکێشا جگە لە سیاسەتی " نە ئاشتی و نەشەڕ" لەتەک سوریادا کە سیاسەتیێکی زۆر سەرکەوتوانە بوو. کە تەماشای ئەزموونی ناوچەکە بەگشستی و کوردیش بە تایبەتی دەکەیت ئەوە دەبینیت بۆ ئەوەی ھەر گەلێک شکستێک بھێنیت، ئەوە پێویستت بە حیزبێکە. بەواتایەکی دیکە لە پشتی ھەموو شکستێکەوە حیزبێک خۆی مەڵاس داوە.

لە ئیستادا ئەوەی کە کوردان و پێکھاتەکانی دیکە لە ڕۆژاوا ڕووبەڕووی دەبنەوە قڕکردنیانە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ھیچ لایەنێکیش ناتوانێت بیوەستێنێ گەر بیشوەستێ، درەنگدەوەستێ ، کاتێکە کە کار لەکار ترازاوە و کارەسات قەوماوە. بۆیە لەو دوو بژاردەی سەرەوە " قڕبوون یاخود شازشکردن" بژاردەی سازشکردن بە خاتری قڕنەکردن لەم بارودۆخەدا، بژاردەیەکی ژیرانەیە. ڕێکەوتنی پەیەدە لەتەک سوریا بە نێوەندگەریی ڕوسیا، تاکتیکێکی زۆر چاکە کە ئاراستەی شەڕو بارودۆخەکە دەگوڕێت. لەبەر ئەوەی کە پەیەدە لە پێگەیەکی لاوازەوە ئەو ڕێکەوتنەی کردووە، ناتوانین پێشبینی بەدەستھێنای زۆر داخوازی بکەین و پرسی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک و ئیکۆلۆجی و کۆموونەکان و ئەوانی تر دەبنە خەون . بەڵام ئێستا میللەت لە قڕکردن دەپارێزێت. ھاوکاتیش من پێشبینی ئەوە دەکەم کەڕێکەوتنەکە دەبێتە وەستانی شەڕەکە چونکە زەحمەتە ڕێگە بە شەڕی نێوانی تورکیا و سووریا بدرێت، پێشبینی دوەھەمم، بەردەوامبوونی شەڕەکەیە کە ئەو کاتە پێدەچێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی و مانگرتن لە تورکیادا دروستبکات و ئەمەش ڕەنگە ببێتە ھۆی ڕوخاندنی حکومەتی ئاکەپە.

بریا پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش لە ١٩٧٥دا بژاردەی قڕنەکردنی کوردی ھەڵبژاردایە لەبری بەرژەوەندی خۆی و ئاغا لۆکاڵی جیھانییەکانی، ھەروەھا یەکێتی نیشتمانیش، بزوتنەوەی کوردی دروست نەکردایەتەوە میللەتیان بە ھاوکاری بەعس بە قڕدان نەدایە ھەم لە دۆخی شەڕ و ھەم لە دۆخی ئاشتی ئێستاش.

 
١٥\١٠\٢٠١٩
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک