په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٨

    رۆژەکان دەنێژم.


سمکۆ محەمەد

ھەموو سەرکێشییەک لە شەودا دەکرێ
تەنانەت یاری تاروت ی میسریش کە بەدەستی پیس دەکرا
سزای کۆیلەکان بوو
من لە کۆنەوە ئەوەم بیستووە کە سزا ئەوە نییە لەتۆڵەی تاوانێک کەسێک بکوژی
ئەوەیە لە ژیان و عیشق دوور بخرێیتەوە
ئەمە جیاوازی نێوان گێڵێک و زانایەکە
دەستبەرداربوونی ھەستانەوە لەکەوتندا
وەکو جێھێشتنی مەسیحە بەسەر خاچەوە
ئەو خاچەی لە قینی بێگانەیی خۆمان بۆ خۆمان
منداڵێکی دیکەی جوانی بەرھەمھێنا
بەڵام نەیتوانی لێرە لەلای ئێمە بمێنێتەوە
وەکو پیاوێکی شتکستخواردووە بەدەستی ژنەکەی
ئەوکاتەی دەگەڕێتەوە لاشەی پان و پۆڕی
دەدا بەردەگا کڵۆمدراوەکەی ماڵەوە
ئەمە ئەو ترسەیە کە لە روخساری ھەموومان دەبینرێت و دانی پێدانانێین
وەکو ئەوەیە لەداخان سێبەری خۆت جێبھێڵی
وەکو ئەوەیە لە دڵی تاریکیدا فاڵ بگرییەوە
وەکو ئەوە وایە گەوھەرێک بە یاری شەتڕەنج بدۆڕێنی
یان ھاوشێوەی براکەت لەدوورەوە وەکو شەیتان کە نزیک دەبێتەوە لە عەدەن
تەماشای باخچەکەی ماڵی پاشا دەکا
ھەستم بەوە کردووە ھەموو شتێک عاجباتی بووە
تەنھایی لە نوقمی شەودا خۆشترە
وەکو دەوڵەمەندەکان بترسی
رۆژیش لە ئاوەدانیدا لە خۆبایی بی
سەرکەوتن لە بڕینی رێگای دوور و گەیشتن بە لوتکەی چیا خۆشترە
وەختَێک تێکەڵی خەڵک دەبی
دەزانی کە بۆچی باڵا بۆشەکان چارەنووسی رۆژھەڵات دەنووسنەوە
چونکە مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی زەمیندا درۆزنە
ئەوان زانیویانە یەک کۆڵان بۆ سەگی بەڕڵا ھەیە
ئەوەشیان زانیوە یەک دۆزەخ ھەیە
ھەر ئەمەیە تاقمێک لە ریزی سوپا و تاقمێکی دیکەش جوامێری دەفرۆشنەوە
لێرەوەیە خەونی بردنەوە بەبێ برسێتی نییە
مرۆڤیش لە شەودا بەدوای ئەفسانەی خۆیەتی
باوەڕیشی بە یەک کەسە بۆ ھەتا ھەتایە
ئەم فەلسەفەیە وەکو چەرمی پاساری بێ بڕستە
ترپە ترپی دڵی زیندانەکان سەلماندوویانە
ئەوان دەزانن ھەمیشە کارێکتەری شانۆن
کەچی غافڵگیرن لەوەی لەدوای ئازاد بوونیشیان زیندانێکی گەورەتر
لەبری ئێسک گۆشتت دەخوا
باوکم دەیگوت ھەموو ئینسانێک خاوەنی بیرۆکەی ئاشتیە
کەچی ھەمیشە سەرقاڵی پاڵەوانێتی و بردنەوەی جەنگە
ئەوان وەک دێوانە رەنگیان پەڕیوە
کەچی روخساریشیان ماکیاژ دەکەن و بەیەکتر دەڵێن دەمناسییەوە ؟
ئەوان ھەڵپەیانە لەم مەفتەنەوە بچن بۆ نێو بەفر
کەچی شەڕیانە لەسەر کونجی شارێک یان گەڕەکێک یان کۆڵانێکی گەرم لەسەر وێنەی پاشا
بەدیار ژیلەمۆشەوە نوزەیات بێ
ژیان قورسە ناخوێنرێتەوە کە تیشکی ھەتاو دەیگرێتەوە
گێلێتی مرۆڤ بەم فەلسەفەی شەوانەوە خوی گرتووە
خۆشەویستیش لە شەودا سەختترە
کچان لەشەودا دەبن بە قەرەج و ترسیان لە جنێوی دایکیان نامێنێ
کوڕانیش لەشەودا بێباکترن و ترسیان لە ئێسکی قورسی باوکیان نییە
شەوگەڕەکان لە خۆڕا نییە لەشەودا شیعر دەنووسن و گۆرانی دەڵێن
تەنانەت دزەکانیش لەشەودا جوامێرترن
شەو بێباکی و جوابی لوتبەرزی رۆژە
من بڕوام بەوەیە کە ژیان بە ترسەوە خۆشە
بڕم بە قسەی ئەوانە ناشکێ کە چاویان ناتروکێ
وام لەخۆم کردووە ھەموو رۆژەکانم وەکو یەکبن و شەویش قەرەجێکی ئازاد
لەو رقەوەیە .. یەک یەک دەیاننێژم
بەقەد ژیانی گێلێک چێژ لەھیچ دەبینم و شەوەکان دەنووسمەوە
ئەگەر موسافیرێک بومایە، بیرم لە ژنی دونیا دەکردەوە
شەش رۆژ جارێکیش دەچوومە مەجلیسی ئەو پیاوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە
ئەزموونی تەنھاییم فێری کردم کە ژیان بریتییە لە ترس
لەوانەی خۆشت دەوێن
بڕواناکەم لەھیچ گەڕەکێکەوە گوزەرم کردبێ و عاشقم نەبینیبێ
کەچی ھێندە سارد و ترسانک بوونە وەکو ئەوەی سەھۆڵاویان پێداکرابێ
بڕواناکەم ھەموو کەس ئەم ھەستەی ھەبێ
شتێک ھەیە لەسەر کاغەز نانوسرێتەوە
وەکو چاکەی فەیلەسوف و پەیامبەرەکان
وەکو ناوی ئەو موسافیرەی کەشتییەکە جێیھێشت
شکۆی ھیچ پادشایەک نییە وەکو ئازابوونی ئاو بنوسرێتەوە
ئەوان بۆیان دەنووسنەوە و روبار دەڕوا
ئەوان لە شکۆی پاڵەوانەکانی شەوەوە دزی لە ژیان دەکەن
ترسنۆکەکانیش لەسەر سفرەی خوان گۆرانی دەڵێت
ژنیش وەکو شەیتان دەبینن
دەماری شەوو رۆژ لێرەوە دەبینرێ
لۆرکا بەمەی زانیبوو بۆیە خەمی کچە قەرەجەکانی بوو
وەکو پاولۆش دەڵێ ئەنارشیستەکان لە شەودا گەنجینە دەدزن و
لەسەر جامخانەی شارەکان دەنووسن پێویستمان بە مێشکە
مەولانا لە خۆڕا نییە بەسەما ئەندازەی بەرامبەرەکەی دەکێشێ
رۆژەکانم بەم فەلسەفانەوە دەنێژم
بڕیارم داوە بە بێدەنگی ھەموو شتێک رەت بکەمەوە

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک