په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١١

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پساندنی پەتی کۆیلایەتی.


حسێن حسینی    


نزیک بە یەک سەددەیە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەدەست ئەنواعی ئایدۆلۆژیاوە دەناڵێنێ لە ئیتحیادی ئیسلامی عوسمانییەکانەوە بەرەو ئایدلۆژیای کۆمونیزم و فاشیسمی نەتەوەیی ، کەمالیسم ، بەعس و یەکیەتی عەرەبی و یەکیەتی ئاریایی و پان ئیسلامیسم و یەکیەتی چین کرێکار و جوتیار و... هتد.

 

دەیان ئایدۆلۆژیا ئەم رۆژهەڵاتی ناوەراستەیان کردبووە شوێنی تەراتێنێ خۆیان ، بۆ کەسێکی موسڵمان موسیبەتی فەلەستەین بەشێک بووە لە ژیانی ، بەڵای تورکێکەوە ئەوەی گرینگ بوو حکومەتی تورک لە بەرامبەر یۆنان و ئەرمەن و کورددا رەق بێت ، خەونی عەرەب بە دنیا هاتنی سەڵاحەددینێک بوو قودس لە دەست زایونێزم رزگار بکات، کوردیش هێندە بە وەهمی یەکیەتی چوار پارچەی کوردستانەوە ژیاوە قەت بیری لەوە نەکردوەتەوە ئەوەی سوار ملی بووە بەس بە تەنها داگیرکەری دەرەکی نییە بەلکو چەوسێنەری خۆماڵیش پشکی شێری بەردەکەوێ.

 

ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەگوزرێت ‌هەڵتەکانی ریشەیی هەموو ئایدۆلۆژیاکانە بە ئیسلامی و کۆمینیزم و فاشیسم و نیمچە فاشیسمی نەتەوەییەوە، ئەو پەردەی وەهم و خەیاڵ و ئەفسوونەی کە ئایدۆلۆژیاکان بەر چاوی خەلکیان پێگرتبوو لاچووە و خەلک راستییەکان بە روونی دەبیننین، ئیتر نایانەوێ لە وەهمی دنیایەکی خەیاڵییدا بژیین کە ئایدۆلۆژیا مزگێنی دەدا، خەلکی عەرەب باش لەوە گەیشتوون وەهمی هاتنی سەڵاحەددین، قەزافی و موبارەک و بن عەلی و عه‌بدوڵا ساڵح و بەشار ئەسەدیان بۆ بەرهەم دێنێ، خەلکی ئێرانییش باش لەوە گەیشتوون، خەمی لوبنان و فەلەستین چ کارەساتێک هەم بۆ لوبنان و فەلەستین و هەم بۆ ئێران دەخوڵقێنێ هەروەها حکومەتی جیهانی ئیمام زەمانیش کە ئاخوندەکان بەڵێنی دەدەن وەهمێکە زور دوورە لە راستیی و کارەسات و کوێلە و کوێلەدار خوڵقێنە، خەلکی کوردستانیش لانی کەم لە کوردستانی باشوور باش لەوە گەیشتوون ئەوەی ئێستا بە سەریانەوە حکومەت دەکات تا رادەیەکی زۆر بە کردەوە میراتگری ئەو داگیرکەرەیە کە پێشتر قەڵاچوویی دەکردن و بە وەهمی دوژمن و عەرەبی شۆڤینی دەیان تۆقێنی بۆ ئەوەی باشتر سوار ملیان ببێت و مافەکانیان لە قاڵببدات و زەوتی بکات.

 

ئەوەی ئیستا بۆ گەنجێکی رۆژهەلاتی ناوەراستی گرنگە ئەوەیە چۆن بتوانێت وێزە وەربگرێت تاوەکو بتوانێت هاوتاکانی خۆی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای جیهاندا ببینێت و بیانناسێت نەک ئەوەی ئایا ژمارەی گولە تۆپە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان غەزەو ئیسرائیل چەند دانە بووە، گەنجانی ئەم وڵاتانە خەون بەوەوە دەبینن چۆن ئەو جێگەو پۆستانەی کە بە ناحەق لەلایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە لێیان داگیرکراوە دەست کەوێت، نەک ئەوەی فڵان سەرکردە لە کۆندا چەند بەکرێگیراوی رژێمی دوژمنی کوشتووە، ئێستا بە روونی دیارە پاژنەی ئاکهیلی حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست زانیاری بووە، ئەم حکومەتانە بەردەوام هەوڵیان داوە زانیاری لە خەلک بشارنەوەو ئەوەی کە خۆیان حەزیان لێبووە خەلک بیزانن.

 

خاڵی هاوبەشی هەموو ئایدۆلۆژیاکان بە کاریزماو فریشتەکردنی سەرکردە بووە، بەڵام بوونی جیهان بە گوندێکی ئینتەرنێتی هەموو ئەو بەربەستانەی لابردووە کە پێشگیری دەکات لە بە دەست هێنانی زانیاری، بۆیە خەلک زۆر بە ئاسانی دەتوانن نهێنیەکانی ژیانی ئەو سەرکردەیە بزانن کە پێشتر وەکو کەسێکی پێرۆز بە گوێیاندا دەدرا و بە رووتی وەک خۆی دەیبینن و هەڵی دەسەنگێنن، هەروەها بەراوردی ژیانی خۆیان لەگەڵ ژیانی خەڵکی شوێنەکانی تری جیهاندا دەکەن، تەقیننەوەی زانیاری وەها چاو و گوێی خەلکی کردوەتەوە دەبێت دەسەڵاتداران ئەو کاتە زیاتر بترسن کە خەلک بێدەنگە زۆر زیاتر لە ئەو کاتەی کە بەدەنگی بەرز هاوار دەکات.

 

لە ئاکامدا ئەوەی لە داهاتوودا هەیە بریتیە لە ترسی زیاتری دەسەڵاتداران و هۆشیار بوونەوەی زیاتری جەماوەر، بەریەککەوتنەکان زیاتر دەبێت تا ئەوکاتەی نوێ بۆ هەمیشە کۆن لە گۆڕ دەنێ و پەتەکانی کۆیلایەتی بەتەواوی دەپسێن.

 

ماڵپەڕی حسێن حسێنی

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک