په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠١٢

رۆژی ژیانەوە.

جەلال محەمەد     


لە پاش خامۆشکردنی سەرھەڵدانەکانی شێخ سەعید و سەید ڕەزا و ئیحسان نوری پاش ، لە پاش کۆمەڵکوژیەکانی دێرسیم و گەلی زیلان و ئاگری ، لە پاش نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی کورد و ھەزاران تاوانی دیکەی تورکە کەمالیەکان ترس باڵی بەسەر کوردانی باکووردا کێشا ، ئەو ترسەی کە تەنانەت چەند کوردێکیش نەیاندەوێرا پێکەوە کۆببنەوە و تەنانەت نەشیان دەتوانی خاوەن لە جگەرگۆشەیەکیشیان دەربکەون ئەگەر بە دەستی تورکەکان بکوژرایە.


دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی زۆر بە جوانی ئاماژە بەو ترسە دەکات و دەڵێت: (کوردێکی گوندنشین لە سەربازی ھەڵدێت ، پاش ماوەیەک تورکەکان ئەو سەربازە ھەڵھاتووە دەکوژن و تەرمەکەی لە قەراغی گوندەکە فڕێ دەدەن ، پاشان خەڵکی گوندەکە "بە کەسوکاری کوژراوەکەشەوە" کۆدەکەنەوە و دەڵێن کێ ئەو کوژراوە دەناسێت ؟ ھیچ کەسێک ناوێرێت خۆی بکات بە خاوەنی و ھەموو دەڵێن نایناسین. تورکەکان بۆ زیاتر ترساندنی کوردەکان دەڵێن: دەبێت ھەر کەسەو تفێک لەو تەرمە بکات و پاشان بینێژن . خەڵکی گوندەکەش "بە کەسوکاری کوژراوەکەشەوە" لە ترساندا ڕیز دەگرن بۆ تفکردن لە تەرمەکە و لە کۆتایشدا تەنھا چەند کەسێکی زۆر کەم دەمێننەوە بۆ شاردنەوەی تەرمەکە. واتە ترسی کوردەکان گەیشتبوویە ئەو ڕادەیەی کە نەتوانن خاوەنداری لە تەرمی ئازیزەکانیان بکەن و نەشتوانن لە ناشتنی تەرمەکەشیاندا بەشداری بکەن).


دوای نزیک بە ھەشتا ساڵ ترس و بێدەنگی ، دوای گەیشتنە سەر لێواری لەناوچوونی نەتەوەیەک ، دوای بێ ئیرادەبوون و نامۆ بوون بە کوردستان و کورد ، دوای ڕازیبوون بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی ، دوای قبووڵکردنی ھەزاران تاوانی نامرۆڤانەی کەمالیستی ، پۆلێک خەباتکاری ئاپۆچی کەمتر لە پەنجەکانی چوار پەلی مرۆڤێک بەڵام پێکھاتوو لە ئیرادەیەکی بێ بڕانەوە ، کۆتایی بە ترس و بێدەنگی ھەشتا ساڵە دێنن و گۆمی مەنگی بێدەنگی دەشڵەقێنن.

ئەو پۆلە خەباتکارە لە ١٥-ئاب-١٩٨٤دا بۆ یەکەمین جار بەگژ دڕندەترین داگیرکەری کوردستاندا دەچنەوە و یەکەمین گوللە ئاڕاستەی دوژمن دەکەن ، ئیتر لەو ڕۆژە بەدواوە ئازایەتی و ئیرادە شوێنی ترس و داڕمان دەگرێتەوە ، ھەر بۆیەش دەتوانین بڵێین ئەو گوللەیەی لەو ڕۆژەدا تەقێندرا گوللەیەکی ئاسایی نەبوو بەڵکو گوللەیەک بوو کە ھەم ترسی کوشت و ھەم کۆتایی بە زاڵبوون ھێنا ، کوشتنی ترسی کوردان و کۆتایھێنان بە زاڵبوونی تورک.


ئەو گوللەیەی لەو ڕۆژەدا تەقێندرا بەر لە پێکانی دوژمن دڵی خودی ئەو کەسەی پێکا کە گوللەکەی تەقاند بەڵام نەک بۆ کوشتنی دڵی کەسەکە بەڵکو بۆ کوشتنی ئەو ترسەی کە کەڵەکەبووی ترسی ھەشتا ساڵە بوو.


پاش کوشتنی ترسی کوردان و کۆتایھێنان بە چاوسورکردنەوەی تورک ، پۆل پۆل پاکیزە و کوڕانی کورد دەست لە ملانی چیاکانی کوردستان بوون ، سەرھەڵدانی گەل بەبێ ناسینی تەمەن ھەموو سنوورێک دەبەزێنێت و چۆک بەو دڕندەیە دادەدات کە لە پاڵ ھەموو جیھاندا خۆی مەڵاس دابوو ، دڕندەیەک کە ھەتا ووشەی "کورد"یشی قەدەغە کردبوو . ئیتر لەو ڕۆژە بە دواوە کوردان بە یەکتر نامۆ نەبوون ، خۆپیشاندانی سەدان ھەزاری جێگەی پەرتەوازەیی گرتەوە ، بە مەشخەڵکردنی تەرمی شەھیدان شوێنی بێ ڕێزیکردنی گرتەوە ، نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی بویە دەریایەک نەفرەت و بەسەر دوژمندا باری.


١٥ی ئاب و باری کۆمەڵایەتی:


بەر لە ١٥ی ئاب ، کوردان لە دواکەوتوترین ساتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بوون ، یەکێک لەو چەمکە دزێوانەی کە لە نێو کورداندا زاڵ بوو دیاردەی پیاوسالاری بوو ، بۆ نموونە زۆرترین شانازی پیاوی کورد لە باکووردا ئەوە بوو کە دەیگوت " کچەکەم دەرەوەی نەبینیووە " ، بەڵام لە ١٥ی ئاب بە دواوە ئافرەتان دەبنە سەرقافڵەی خەبات ، ئەوە ئافرەتانن کە پێشەنگی خۆپیشاندانەکان دەکەن ، ئەوە کچانی کوردن کە بوونەتە گوڵاڵە سورەی سەر چیاکان ، ئەوە ژنانی کوردن کە پەڕلەمانی تورکیان شڵەقاندووە.


یەکێکی دیکە لەو گۆڕانکاریانەی کە لە باری کۆمەڵایەتیدا بەدی ھات بریتی بوو لە خاوەن دەرکەوتن لە ناسنامەی نەتەوەیی ، چونکە بەر لە ١٥ی ئاب کوردان وەھا ترسابوون کە نکۆڵیکردن لە کوردبوونی خۆیان قبوڵ دەکرد و تەنھا پاساوێکیش بۆ قبوڵکردنی ئەم نکۆڵیکردنە ئەوە بوو کە دەیانگوت " ھەموومان ئیسلامین " . بەڵام لە ١٥ی ئاب بە دواوە کوردان بە جۆرێک خاوەن لە کوردبوونی خۆیان دەرکەوتن کە ھیچ تەمەنێک نەناسێت ، بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە دواین ساڵەکانی ژیانیان ھەمان ئەو ھیوایە لە چاویاندا دەخوێندرێتەوە کە ھیوای نەوجەوانێکە و ھەمان ئەو سەرھەڵدانەش دەکەن کە پیشەی گەنجێکی خوێن گەرمە.


١٥ی ئاب و باشووری کوردستان:


ئەگەر ١٥ی ئاب ڕۆژی ژیانەوە و زاڵبوون بەسەر ترسدا بێت لە باکووری کوردستاندا ئەوا کاریگەری ئەو ڕۆژە کەم نەبووە لەسەر ھەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان ، چونکە لەو کاتەدا بەھۆی شەڕی کۆنەپەرستانەی ھەردوو دەوڵەتی " عێراق و ئێران " حیزبە کلاسیکیەکانیش دابەشی دوو بەرەی شەڕ کرابوون ، بەرەیەک شەڕی ناوخۆیی لە پارچەیەکدا وەک شەڕی نێوان "دیموکرات کۆمەڵە" و شەڕی نێوان "یەکێتی و جود" ، بەرەیەکیش بریتیبوو لە خۆگرێدانی حیزبەکان بە شەڕی نێوان ئێران و عێراق و شەڕی پارچەیەکی دیکە وەک شەڕی داسەپاوی قیادەی مۆقەت"پارتی" دژ بە دیموکرات و کۆمەڵە . ئەنجامی ئەو شەڕانەش بێ ھیوایی باڵی بەسەر گەلدا کێشابوو و زۆر جێگەش ببوونە مەترسیدارترین شوێن بۆ شۆڕشگێڕان.


خۆ ئەگەر بێتو باشووری کوردستان وەک نموونەیەک بێنینەوە ئەوا " قەندیل " سەنگی مەحەکە ، ئەو قەندیلەی بەر لە ساڵی ١٩٨٤ شوێنی کوشتنی ئیرادەی کوردان و قەڵاچۆکردنی ئازادیخوازان بوو کە کارەساتە دڵتەزێنەکانی "قەڕناقا و پشتئاشان" نموونەی ھەرە بەرچاویەتی.


بەر لە ١٥ی ئاب کاتێک باس لە قەندیل دەکرا پیلانگێڕی دوژمنان و شەڕی ناوخۆیت دەھاتەوە یاد بەڵام پاش ١٥ی ئاب سروشتێکی نوێ باڵای قەندیل دادەپۆشێت و دەبێتە لانکەی ئازادیخوازن و پوچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان . قەندیلی ئیمڕۆ جگە لەوەی بۆتە قەڵای بەرخۆدان لە ھەمان کاتدا بۆتە شورەی پۆڵاین بۆ پاراستنی ھەموو پارچەکانی کوردستان ، ھەر بۆیەش ھەموو ھەوڵی دوژمنان بۆ کوشتنی ئیرادەی ئازادیخوازان و تێکدانی قەڵای بەرخۆدان " قەندیل "ە ، مەبەست لە ھێرشەکانی ئێران و تورکیا ھەموو کوردستان بوو بەڵام قەندیل کۆتایی بەو ھێرشانە ھێنا و پارێزەری ھەموو کوردستان بوو.


کاریگەریەکانی ١٥ی ئاب لە باشووردا ھەر لە بەرخۆدانی قەندیل‌دا کەم ناکرێتەوە بەڵکو ھۆکارێک دەبێت بۆ بەھێزبوونی باشوور و ناچارکردنی دوژمن بە قبوڵکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە بوونی ھەیە . ئەوە تورکەکان بوون کە چادرێکیان بۆ قبوڵ نەدەکرا کە ناوی کوردستانی لەسەر نوسرابێت ، بەڵام ئێستا ناچاری ئەوە کران کە ھەم دەسەڵاتی باشوور بناسن و ھەم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەریلا داوای ھاوکاری لە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بکەن.


١٥ی ئاب و بەرخۆدان:


یەکێک لەو دروشمە جوانانەی کە جێگەی لە فەرھەنگی کوردیدا گرتووە بریتییە لە دروشمی " بەرخۆدان ژیانە " . لە ١٥ی ئاب بە دواوە ئەم دروشمە کەوتە واری کرداریەوە ، بۆ نموونە لە سەرھەڵدانی١٩٩١دا فشاری دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان خرایە سەر ئازادیخوازانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ بێدەنگ کردنیان ، تەنھا لایەنێک کە بێدەنگی قبوڵ نەکرد و " بەرخۆدانی کردە ژیان " لایەنی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو ، ئەنجامی ئەو بەرخۆدانەش پ‌ک‌ک بوویە لایەنی چارەسەری و جێگە بڕوای گەل، وەک لە خۆپیشاندانە جەماوەریەکاندا دەیبیستین کە جەماوەر بە یەک دەنگ دەڵێن "پەکەکە گەلە و گەل لێرەیە".


١٥ی ئاب و یەکێتی نەتەوەیی:


ڕاستیەکان لە ١٥ی ئابەوە سەرھەڵدەدات ، ‌ بەر لە ١٥ی ئاب ھەمیشە گوێبیستی ئەوە دەبووین کە "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە" . ئەم گوتەیە ئەگەر بۆ ھەر نەتەوەیەک ڕاست بێت ئەوا بۆ نەتەوەی کورد مایەی شەرمەزارییە . ھەموو داگیرکەرانی کوردستان دوژمن بە یەکن بەڵام ھیچ یەک لەم دوژمنانە نابنە دۆستی کورد.
پارتی کرێکارانی کوردستان بە پێچەوانەی ھەموو پارتە کلاسیکیەکانەوە ھیچ داگیرکەرێکی بە دۆستی کوردان نەزانی ، بەڵکو مەزنترین دۆستی کوردانی ھەر بە خودی کورد زانی و ھەمیشە کوردی پارچەکانی دیکەی بە بنچینە وەردەگرت نەک داگیرکەری پارچەکانی دیکە ، ئەم ھەڵوێستە نەتەوەییەش نەک ھەر چۆکدادانی دوژمنی مسۆگەر کرد بەڵکو یەکێتی نەتەوەیشی بەرھەم ھێنا.

پێش ١٥ی ئاب سامناکترین دیاردە کە لە نێو کورداندا ھەبوو بریتی بوو لە بڕوانەبوون بە یەکێتی نەتەوەیی و قبووڵ نەکردنی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان ، کە ئەم دیاردە دزێوە تاوەکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش لە نێو پارتە کلاسیکیەکاندا ھەر برەوی پێدەدرێت . بەڵام ١٥ ئاب سەرەتای کۆتایی ھێنان بوو بە ناوچەگەری و پارچەگەری ، شوێنی ناوچەگەری بە یەکێتی نەتەوەیی دەگیرێتەوە و کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستان لە نێو یەک سەنگەردا کۆدەکاتەوە بۆ لەنێوبردنی ستەم و پساندنی کۆتی دیلێتی . واتە ١٥ی ئاب بریتی بوو لە کۆکردنەوەی ووزەی کوردان و ھاودەنگ بوونیان .

١٥ی ئاب و پاراستنی گەل:


شۆڕش وشەیەکی ھێجگار گەورەیە و بریتییە لە وەرچەرخان و گۆڕانکاری ، ھەموو پێوانەکانی شۆڕشگێڕیش لە قەڵەمبازی ١٥ی ئاب‌دا خۆی دەنوێنێت ، لەگەڵ ئەوەی ١٥ی ئاب وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە ھەمان کاتدا بەردی بناغەی پاراستنی گەلی دانا ، لە ١٥ی ئاب بە دواوە شەقامەکان بوونە مەیدانی خۆپیشاندانی سەدان ھەزاری ، چیاکان بوونە بەرپاکردنی بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز و گیانی جەماوەریش پارێزرا . بۆ نموونە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا سەرھەڵدانی گەل سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتۆتەوە ، ھەرچی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە کە خۆی لە " ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا"دا دەبینێتەوە بەھۆی نەبوونی سەربەخۆیی و گرێدراویان بە دەرەوە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان گۆڕی و میلەتیشیان دووچاری کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی کرد . بەڵام ئۆپۆزسیۆنی کوردی کە لە لایەن "پەیەدە"وە سەرپەرشتی دەکرێت ھەم جۆشیان دایە خۆپیشاندانەکان و ھەم پارێزەری گەلیش بوون.


لە کۆتایدا تەنھا ھێندە ماوەتەوە کە بڵێم یادت بەخێر ١٥ی تەباخ ڕۆژی ژیانەوە و زاڵبوون بەسەر ترسدا.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک