٢٨\٩\٢٠١٨
رۆژژمێری عاشقە هەژارەکان.*

عەبدولوههاب
بەیاتی و: نەژاد عەزیز سورمێ
١
جیھان
بە گەف و شیعر و
شۆڕش و کۆچ و مەرگ
زەوت دەکەین .
بە شەکەتی
لە شۆستەی مێژوودا دەکەوین
لە کانگەی خەڵوز و
بنمیچی سەھۆڵدا
سیس دەبین ..
بە پێوە دەمرین .
لە غەریبیماندا دەمرین
لێ لە نوێوە
لە منداڵدانی شەو و
باڵای چیاکانی زەوی
لە دایک دەبینەوە .
تاجی ئەشکەنجەی ڕەتکردنەوەمان
لەسەر ناوە و
گۆچانی خۆرمان ھەڵگرتووە ..
سپێدە ،
بە شەوی درێژی جیھان
زەوت دەکەین
بە مردوویەتی
دەریا
بۆ شارەکانی ئایندەی دوور
تەی دەکەین ..
ئاڵای یاخی بوونی
تیا ھەڵدەکەین
بە زیندوویی
لە بەندیخانەکانیدا دەمرین
شکۆیەک بۆ مێژوو دروست دەکەین.
٢
زامەکانمان لە ھاوار کەوتن
بوو بە شارێک و ڕووبارێک
لە سەفەری مەرگدا
بەدوای کەنارێکدا دەگەڕێ ..
بەردێکی ڕەش ،
لە مەملەکەتی وێرانەدا
باران دەیشواتەوە و
ئومێدێک
لە لێواری بێھیوایی
ئادەمزادە دوابڕاوەکان
پەنای گرتووە و
قەرەجێک
بەسەر ئەسپی خەمبارییەوە
بەدوای نوور
بە دوای عایشە
لە شارەکانی ئایندەی دووردا
زەمین دەپێوێ ..
لە غوربەتیدا دەمرێ
لێ جارێکی دی
منداڵێکی بێ ئەسپ
لە دایک دەبێتەوە ،
زراو ڕژاو
لە شەو و ڕۆژ و
لە یەک بەدوای یەک ھاتنی
ڕۆژگار و وەرزەکاندا
دەستی بۆ بەژنی چیای زەوی
درێژ دەکا و
ڕووتیی خەوتوویشی
لە خێوەتی ئاگری ڕۆژھەڵات و
زەردەپەڕی کوژاوە
بەسەر لووتکەی چیاو باناندا و
دەنگی گڕ بووی
سنگی کەشتیی
کەشتییەوانە مردووەکان و
گیای ئەشکەوتەکانی نوور و
دوورگەکانی یاقووت دەدەفێ ..
٣
ماھی گریان ، بۆ بولبولێک
بۆ وەختێ
کە ھەڵدێ و ڕادەکا و
نەخشەی تاوان
لە بەرد ئاگر
لە دەفتەرە شینەکانی منداڵیدا
دەکێشێ ،
بۆ ھیوای لە گۆڕنراو
بۆ شۆڕشی ڕووباران
لە نامۆییاندا و تەنیایی پردان
بە مردوویی
دەریا تەی دەکەین ..
لە بەندەرێکەوە بۆ بەندەرێکی دی
دەنەڕێنین و
کەشتییان دەسووتێنین
ھەرچی بووە و دەبێ : نەبووە!
٤
گوڵی سوور
لە باخچەی زستاندا
چی بە بولبول دەڵێ؟
٥
لە خەوندا
باوەشی پێداکردم ،
جەستەی تادارمی
بە گوڵ داپۆشی
گوڵەکانی ماچ کرد ..
ھەستم کرد
خاک سیمای بە نوور داپۆشیوە و
بڤە ڕوویدا
دەستی بەرەو باخچەی من ھات و
گوڵەکان
لە ئاگریدا سووتان و
باڵداری
لە خەو بیێدارکردنەوە و
نمەی بارانی سوور و
بوومەلەرزە و برووسکە.
٦
ئاگرپەرستانی ئەم چاخە
لە غوربەتییاندا دەگرین
ئەستێرە دەرنەکەوت
لێ دز و نەجیبزادە و
شاعیرانی
خەونی بەکرێدراو دەرکەوتن ..
شمشێریان
لە تەرمی منداڵان و
ھەژارانی
شارە برسییەکاندا چەقاند
شایەدنامەی مردووان و
کتێبە پیرۆزەکانییان ھەڵگێڕایەوە..
٧
نوور لە کوێوە دێ ؟
کە ئێمە
لە ھەموو سەردەمێکدا
بەرداش بووین
لە ریز بەستندا
کۆت و پەیوەند
بە کۆت پەیوەند دەگۆڕینەوە ..
زۆردار بە زۆردارمان دەفرۆشێ ..
پاشا بە پاشا ..
بەڵام ئێمە
خۆڕاگر دەمێنینەوە
بە پێوە دەمرین ..
بە پێوە دەریا تەی دەکەین ،
بۆ شارەکانی دووری ئایندە
جیھان
بە مەرگ و شۆڕش و کۆچ
زەوت دەکەین ..
لە غوربەتماندا دەمرین ..
بەڵام
لە نوێوە لە دایک دەبینەوە ..
لە نوێوە دڵداری دەکەین ..
لە نوێوە ڕەت دەکەینەوە ..
لە نوێوە
شۆڕش بەرپا دەکەینەوە و
لە نوێوە دەکەوینە تەڵەی
پاشا و زۆرداران .
لە مەیدانی شەڕی خەڵکی تر
سەردەبڕدرێین
گوللە بە دوژمن و برا وەدەنێین
زامەکانمان
بەسەر ھەنییەمانەوە ھەڵدەگرین و
مردووەکان ، بێ مێژوو بێ ناو
دەنێژین ..
بە زیندوویی لە گۆڕەکانییان
نیشتەجێ دەبین .
کاروانی مەزن
لە مەرگەوە بۆ لە دایک بوون
دەست پێ دەکەینەوە
لە ھەموو چاخەکانی
ھێز و ڕوناھییەوە
ھەڵواسراو بە داوی
ھیوای ڕەش ،
لە چاوەڕوانی ئاگر و تۆفاندا
دەمێنینەوە.
٨
ھەژارانی جیھانی تاڵانکراو
یەکگرن !
ھەژارانی جیھانی تاڵانکراو!
____________________________________________
*
لە کۆشیعری (قصائد
حب علی بوابات العالم السبع)، بڵاوکردنەوەی (دار الشروق)، ١٩٨٥، چاپی
دووەم، ل ٢٨.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|