٢٤\١\٢٠١٦
رۆژنامەگەریی
زیندان
لە مێژووی
ڕۆژنامەگەریی کوردیدا (١٩٧٥
-
١٩٩٣).

ئیسماعیل تەنیا
لەوانەیە،(ڕۆژنامەگەریی
زیندان)،لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا،بەتایبەتیش بۆ ساڵانی
پێش(١٩٧٥)دەستەواژەیەکی کەمێک نامۆ بێت،بەڵام لەسەردەمی نوێ و
بەتایبەتیش لەنێوان ساڵانی (١٩٧٥-١٩٩٣)دا،دەستەواژەیەکە،گیانی بەرخودان
و بەرگری ئەندامە چالاکەکانی(پێ.کا.کا)،ڕۆحیان بەبەردا کردو کردیانە
چەمکێکی ئاشنا پێمان و لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیادا،بۆ
مانەوەی دەنگی خەبات و بەرخودان و بەردەوام گەیاندنی
داخوازییەکانیان،پەیڕەویان لێکرد.کاتێک کە تەنھا ماوەی دوو ساڵ بوو،ئەم
ڕێکخراوە،ڕاگەیاندنی خۆی ڕاگەیاندبوو و ڕایەڵەی ڕێکخستنەکانی لەنێو
خەڵکیدا،بڵاوببۆوە،ڕژێمی تورکیا،بەتایبەتیش حوکمی عەسکەرتاری کەپاش
کودەتا سەربازییەکەی (کەنعان ئێڤرین)،دەسەڵاتی وڵاتی گرتبۆوە
دەست،یەکەم ھەنگاوی قەدەغەکردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوەو ڕێکخراوە
چەپەکان بوو ھەڵبەتە ڕێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پێ.کا.کا)ش،
ھەر لە زەمینەیەکی نھێنی و قەدەغەکراویدا دروست ببوو...ھەر زوو،ئەندامە
دیارو چاڵاکەکانیان دەستگیر کران و خرانە زیندانەکانەوە.ئەوانە،کە جارێ
ھەر لە خەباتی سیاسی و ڕێکخستندا بوون، گورزێکیان بەرکەوت،وەلێ ئەمانە
لەزیندانیشدا،دەستبەرداری خەبات و ھوشیارکردنەوەی خەڵک
نەبوون.لەوێش،سەرەڕای کۆنترۆڵی فاشیەتی و عەسکەرتاری ئەم ڕژێمە،بیریان
لەدەرکردنی ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوە ئەگەر بە شێوەی سادەو دەستنووسیش
بێت،دەکردەوە.
(ھەوار)،یەکەم ڕۆژنامەی لەم بابەتە بوو،کە دەستەبژێرێک لە
زیندانییەکانی(پێ.کا.کا)،لە بەندینخانەی شاری دیاربەکر بەشێوەیەکی
ھەفتانە،ھەریەک لە(مەزلوم دۆغان و فەرھات کورتئای و مەھمەت ھەیری
دورموش)،یەکەم ژمارەیان بە دەستنووس و لە (١٩/٨/١٩٨٠)دا،بە ھەشت لاپەڕە
ئامادە کردو لەڕێگای ئەو کەسانەی کە سەردانیان دەکردن،دەگەیاندە
دەرەوەی زیندان و لەوێش کۆپی لەبەر دەگیرایەوەو بەنێو
ڕێکخستنەکاندا،بڵاویان دەکردەوە.لەماوەی پازدە ڕۆژدا،توانیان سێ ژمارەی
لێ بڵاو بکەنەوە،کە دواتر،ھەر ئەم ڕۆژنامەیە لە ئەڵمانیا،بە ئامێری
تابیعە دووبارە یەکەم ژمارەی لەڕێکەوتی (٥/٤/١٩٨١)دا،چاپ و
بڵاوکرایەوە.ئەم ڕۆژنامەیە،بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو،لاتینی)و
تورکی بوو.لەژێر ئاڕمی(ھەوار)دا دروشمی؛(ژ بۆ سەرخوەبوون و ئازادیا
کوردستان)،نووسرابوو.
پاش ئەم ھەوڵە،ھەر لە بەندینخانەکانی دیاربەکردا،کۆمەڵێک زیندانی تری
سەر بەھەمان ڕێکخراو، لەساڵی(١٩٨٨)دا،بڵاوکراوەیەکی تریان
بەناوی(بەرھەم)،دەردەکرد.دوای ئەمانە،چەند بڵاوکراوەیەکی تر لە
زیندانەکاندا،بڵاوکرانەوە،کە ئەمانەن؛
١- چروسکا ژیان؛ گۆڤارێک بوو لەزیندانی دیاربەکر
لەساڵی(١٩٨٨)دا،دەردەچوو.
٢- سیم (تیل ئۆرگو)؛ کۆڤارا ڕزگاری جڤاتی.لەزیندانەکانی شاری
ئورفا،دەردەچوو.گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان بوو،یەکەم ژمارەی
لەساڵی(١٩٨٨)دا،بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو-لاتینی)،بڵاو
کرایەوە.تەنھا سێ ژمارەی لێدەرچوو.ئەم زیندانی و ڕوناکبیرانە سەرپەرشتی
دەرکردنیان دەکرد؛ (شوکرو گولمش،عیزەت بالکان،ئیدریس گیوزەل،قادر
ئەکن،عەلی کلیچ،فەوزی یەتکین).
٣- دەنگێ مە؛ گۆڤارێک بوو،زیندانییە کوردو تورکە چەپەکان،لە زیندانی
ئەنقەرە بەکوردی و تورکی، دەریاندەکرد.یەکەم ژمارەی لەساڵی(١٩٨٩)دا،لێ
بڵاوکرایەوە.پاش دەرچوونی پازدە ژمارە،وەستا.ھەر یەک لە (تایفون شەن و
جەمال تاش)،نووسینیان تێدا بڵاودەکردەوە.
٤- شەڤکا بەرخودان؛ گۆڤارێکی سیاسی و کولتوری بوو،بەزمانی تورکی
لەلایەن زیندانییەکانی (پێ.کا.کا)،بەزمانی کوردی(کرمانجی
ژووروو-لاتینی)و تورکی،دەردەچوو.یەکەم ژمارەی لەساڵی(١٩٨٩)دا لێ
بڵاوکرایەوە.پاش دەرچوونی دوازدە ژمارە،وەستا.
٥- زارۆکێ پێشەنگ؛ گۆڤارێکی تایبەت بەمنداڵان بوو،لە زیندانی
شاری(ئایدن)،بەزمانی تورکی دەردەچوو.یەکەم ژمارەی
لەساڵی(١٩٩١)دا،دەرچووە.پاش ماوەیەک لەدەرچوون،ناوەکەی بۆ(دیلان) ،
گۆڕاوە.تەنھا دوو ژمارەی بەناوی(دیلان)ەوە،لێدەرچووە.
لەم کورتە نووسینەدا،دەگەینە ئەم ئەنجامانە:
١- ئەندامە چالاک و زیندانیکراوەکانی ڕێکخراوی(پێ.کا.کا)،پێشەنگ و
داینەمۆی سەرەکی ئەم بوارەن و،ئەوان لەم فەترە
زەمەنییەدا(١٩٧٥-١٩٩٣)دا،ئەم کارو چالاکییەیان داھێناوەو،خۆیان خاوەنی
ئەم سەروەریەن لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
٢- بڵاوکراوە،ڕۆژنامە،گۆڤارەکان،یەکەم جار بە دەستنووس لە زیندانەکاندا
دەنووسرایەوەو دواتر ڕەوانەی دەرەوە دەکران.لەدەرەوەش،یان بە ئامێری
تابیعە،یان بەشێوەی کۆپی،بڵاودەکرانەوە.
٣- یەکەم بڵاوکراوە،لە بەندینخانەی شاری دیاربەکر دەرچووە.لەکۆی ھەشت
ناوونیشاندا،سێیان بەر زیندانیە خۆڕاگرەکانی ئەم شارە دەکەوێت،کە
دەتوانرێت بە دڵی زیندووی باکوری کوردستان،ناوزەدی بکەین.
٤- پاش شاری دیاربەکر،دوو دانە لەشاری(ئایدن)و سەرو دانەش لە
شاری(ئورفا)و(ئەنقەرە)، دەرچووینە.
٥- لەم ھەشت بڵاوکراوەیەدا،سێ دانەیان تایبەت بوون بە منداڵان و بۆ
ئەوان نووسرابوون.
٦- جگە لە زیندانییانی کورد،تورکە چەپەکانیش ھاوسۆزی کورد بوون و لەم
بوارەدا،بەھاوبەشی کاریان کردووە.
* مەزلوم دۆغان: یەکێک بوو لە دامەزرێنەر و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی
کرێکارانی کوردستان. لەساڵی(١٩٥٥)دا،لەدایک بووە.لە نەورۆزی (١٩٨٢)دا،لەدژی
زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورکیادا،لە زیندانی دیاربەکر ئاگری لە جەستەی خۆی
بەرداو،شەھید بوو.لەم کاتەوە بۆتە سیمبوڵی نەورۆزو بەرخودان.
* فەرھات کوردئای: (١٩٤٩-١٩٨٢)، لەگەڵ مەزلوم دۆغان،ئاگری لە جەستەی
خۆی بەرداو شەھید بوو.
* مەھمەت ھەیری دورموش: لە ساڵی(١٩٥٥)دا،لە چەولیک لەدایک بووە.ئەندامی
سەرکردایەتی (پێ.کا.کا) بووە.لە(٢٣.سەرماوەزی ١٩٧٩)،لەگەڵ فەرھات
کوردئای دەگیرێ و لە زیندان مان لەخواردن دەگرێت و لە(١٢ی ڕەزبەری
١٩٨٢)دا،لە زیندان شەھید دەبێت.
ھانۆڤەر
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|