په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠٢١

رۆژنامەنووسان و ستوون نووسانی عەرەب:

تاڵیبان و قاعیدە و برایانی موسوڵمان و حیزبوڵا یەک ئادیۆلۆژیی هاوبەشیان هەیە!


حەسەن رازانی     

‌‌‌‌‌‌

هەر بەدوای هاتنە سەرحوکمی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا، میدیای جیهانی عەڕەبی بە تایبەتی ڕۆژنامەکانی سعودیەو ئیماڕات چەندین مەقالەیان بڵاوکردەوە کە پێیان وایە تاڵیبان هاوبەشە لە زۆر ڕووەوە لە گەڵ ڕێکخراوە تووندڕەوەکانی تری جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی، لە نێویاندا قاعیدەو داعش و برایانی موسڵمان و حەماس و حیزب اللە یە. لەو نووسینانەدا دەگوترێت کە برایانی موسڵمان کە لە لایەن( سەید قوتب)ی تیۆریستییەوە و حەسەن بەنای دامەزرێنەریەوە شکڵ بە ئادیۆلۆجیەکەی دراوە، وە تۆمەتی هەرتەقەو هەڵگەڕاوە لە دین دەداتە پاڵ هەرموسڵمانێک کە لە گەڵ ئەوان نەبێت، هەروەها بووەتە هۆی هەڵکشانی ڕێکخراوە ئیسلامیە تووندڕەوەکانی تر کە لە دواییدا سەریان هەڵدا. لە نێو ئەمانەشدا قاعیدە بوو کە ڕابەرەکانی بریتیبوون لە ئوسامە بن لادن و ئەیمەن ئەلزەواهیری کە هەردووکیان کەوتبوونە ژێر کاریگەری نووسینەکانی سەید قوتبەوە.

لەو وتارانەدا دەگوترێت: "هەر لەبەر ئەمەشە کە جێگەی سەرسوڕمان نیە کە برایانی موسڵمان لە چەندین وەڵاتی جیاجیا، سەرباری ئەو دوژمنایەتییە مێژوویەی کە لە نێوانی( ب.م) ی ئەفغانی و تاڵیبان دا هەبوو، کەچی بە پەلە پیرۆزبایییان لە تاڵیبان کرد هەرئەو رۆژەی کە کورسی دەسەڵاتیان کەوتە دەست. ئەو نووسەرانە دەشڵێن هەموو ئەو ڕێکخراوانە نەک هەر لە ڕووی ئایدۆلۆجییەوە لە یەک دەچن، بەڵک و لە کردەوەشدا هەروەک یەکن. دەڵێن گوایە تەقوا دەکەن بەڵام ئایین بەکاردەهێنن بۆ فێڵ کردن لە خەڵک و بۆ ئەو مەبەستەش شێعاڕاتی درۆیینە بەرزدەکەنەوە بۆ ئەوەی لە بەرچاوی خەڵک و دنیا وێنایەکی ئەرێنییانە بەخۆیان بدەن. بەڵام هەر کە هاتنە سەرحوکم ڕێک پێچەوانەی شیعارەکانیان، کە تەنها بۆ تەرویج پێدانی ئامانجەکانیانە، دەکەونە کار.

وا لە خوارەوە چەند پەڕەگڕافێک وەک نموونە لەو بارەوە لە نووسینی چەند ڕۆژنامەنووسێک و ستوون نووسێکی عەڕەبی بڵاودەکەینەوە: نووسەرێکی ئیماڕاتی دەنووسێت: ئایدۆلۆجییەتی برایانی موسڵمان بووەتە سەرچاوەی ئیلهامبەخش بۆ هەموو ڕێکخراوە ئیسلامیە تیرۆریستەکان.

د. سالم حمید، لێکۆڵەرو شرۆڤەکاری سیاسی ئیماراتی، لە ستوونێکیدا کە لە ڕۆنامەی ئیتیحاد لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ دا بڵاو بووەتەوە دەڵێت: "زۆرێک لە ڕێکخراوی تووندڕەوی ئیسلامی، کە لە نێویاندا داعش وحەماس و حوسییەکان و قاعیدەشە، لە بنجینەدا ڕەگ و ڕیشەەیان دەگەڕێتەوە بۆ (ب.م) و هەر لە ئادیۆلۆجی (ب.م)ەوە ئیلهامیان وەرگرتووە". هەر بۆیەش جێگەی سەرسوڕمان نییە کە لە زۆریک لەوەڵاتانی عەڕەبیەوە (ب.م) پیرۆزباییان لە تاڵیبان کرد کە لە ئەفغانستان هاتنە سەر حوکم. ئەونووسەرە دەڵێت:"برایانی موسڵمان، داعش، حیزب اللە و چەندین ڕێخراوی تر جیاوازن لە یەکتری لە ڕوی سەرچاوەی دەسەڵاتدارێتییانەوە، لە ڕووی ئامنجەکانیان و هەروەها لە ڕووی سیاسەتیانەوە، بەڵام یەک شت کە هەموویان هاوبەشن تێیدا ئەویش بریتییە لەبەکارهێنانی ئایین وەک هۆیەک بۆ فێڵکردن لە خەڵک. ئەو ڕێکخراوانە هەمیشە قسە دەربارەی گەڕانەوە بۆ شەڕع و دەستووری ئیسلامی دەکەن، بە بەردەوامی هەوڵی گونجاندنی دەدەن لەگەڵ ئامانجەکانیان کە بریتییە لە کۆتڕۆڵکردنی بیرو مێشکی خەڵکی".

کاریگەری (ب.م) لەسەرڕێکخراوە تیرۆریستەکان کە پێیان وایە ئەوان موسڵمانی ڕاستەقینەن کاریگەرییەکی زۆرە. بیرۆکەکانی سەید قوتبی تیۆریستی (ب.م) بوون بە سەرچاوەو هەوێنی دەسەڵاتدارێتی بۆ زۆرێک لەو ڕێکخراوانە. سەید قوتب تۆمەتی هەرتەقەبوونی دەدایە پاڵ هەموو ئەو موسڵمانانەی کە بیرۆکەو ڕێباز و میتۆد یاخود جۆری لێکدانەوەو تێگەییشتنی ئەویان بۆ ئایین بەدڵ نەبوو. هەربە هەمان شێوەی ڕابەرانی ڕێکخراوە توندڕەوەکانی زۆرێک لە وەڵاتان، یاخود بە هەمان شێوەی حەسەن بەنننای دامەزرێنەری (ب.م) کە موسڵمانانی دابەشکردن بۆ دوو کامپی باوەڕداران کە تەنها (ب.م)ی دەگرتەوە و کامپی باتڵیش کە هەموو ئەوانەی تری دەگرتەوە. بۆیە بە ڕاستی ئەمەیە جێگاو ڕێگای هەموو ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانەی کە تۆمەتی هەرتەقە بوون دەدەنە پاڵ ئەوانەی کە جیاوازن لەگەڵیاندا. هەرچەندە ئەوانە لەسەر بنچینەی جیاجیاو هێڵی جیاوز گەشەیان کردووە بەڵام ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی لە نێوخۆیاندا زۆرکاریگەر بوون بە یەکتری، هەتا هەندێک دەڵێن کە ڕابەرەکانی قاعیدە لە وێنەی ئوسامە بن لادن و ئەیمەن ئەلزەواهیری نووسینەکانی سەید قوتبیان بەسەرچاوەی کارو ڕێگای خۆیان داناوە.

"من بۆیە ئەوە دەڵێم چونکە (ب.م) زیاترلە یەک وەڵاتی عەڕەبی پێشوازیان لە تاڵیبان کرد کە لە ئەفغانستان هاتنە سەر حوکم و گەییشتنە کابوڵ. بۆ نموونە برایانی موسڵمان لە سوریا بەیانێکیان دەرکرد و تێیدا پیرۆزباییان لە تاڵیبان کردو بە سەرکەوتنی ئەفغانستانیش ناویان هێناو وتیان ئەوە ئاهەنگی ڕاستەقینەیە بۆ هەموو خەڵکێکی بەشەڕەف. هەروەها (ب.م) لە غەزە، کە بە حەماس ناسراوە، ئەوانیش لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە کە لە لایەن ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکیان ئەنجام درا بۆ هاوتاکەی بە ناوی عەبدولغەنی برادەر سەرۆکی ئەفغانستان پیرۆزبایی خۆیان گەیاندە تاڵیبان. (ب.م) لە میسریش خۆشحاڵی خۆیان بۆ هاتنە سەر کاری تاڵیبان دەربڕی. هەموو ئەو پیرۆزبایی و خۆشحاڵییەی (ب.م)یش بە هتنە سەرحوکمی تاڵیبان لە ئەفغانستان دا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ئەوەی تورکیا دەستی کرد بە ئامادەکاری بۆ دەرکردنی ئەندامانی (ب.م) لە تورکیا کە لە میسرەوە ڕایانکربوو، ئێستا ئەو ئەندامانەو (ب.م) بیر لە ئەفغانستان دەکەنەوە وەک جێگرەوەی تورکیا بۆ خۆیان بۆ ئەوەی ئیدامە بە کارو چالاکی سیاسی خۆیان بدەن".

"جا بۆ ئەوەی تێگەییشتنێکی فراوانترمان هەبی لە وێنەکە، گرنگە کە تێبینی ئەوە بکەین کە وا ئێستا (ب.م)، کە لە وێ پێیان دەگوترێت داعش، خودی خۆیان لە ئەفغانستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بە هاتنە سەرحوکمی تاڵیبان. وە هیوای ئەوەیان هەیە کە ئەوانیش پشکێکیان پێبدرێت لە حکومەتی ئەفغانستان بە تایبەتی کە تاڵیبان ڕایان گەیاند کە ئەوان دەیانەوێت لایەنەکانی تریش بەشداری پێبکەن. بە ڵام ئایا لە دواڕۆژدا دەبێ ئەوە ببێتە گرفتی مێژوویی نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیە؟".

"بە کورتی، سەرباری دوژمنایەتی مێژوویی نێوان (ب.م) و تاڵیبان، (ب.م) لە زۆرێک لە وەڵاتان بە پەلە هەر بە هاتنەسەر کاری تاڵیبان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەوەش هەوڵدانێک بوو بۆهەڵدانەوەی پەڕەیەکی تازە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیە. پەیامەکانی پیرۆزبایی لە زۆڕێک لەو وەڵاتانەوە هاتن بۆ تاڵیبان کە (ب.م) تێیاندا چالاکن و هەتا لەو وەڵاتانەشەوە هاتن کە ئەندامانی (ب.م) تێیاندا وەک مەنفی و دەرکراو دەژین . بەڵام ئەمە شتێکە و دیاردەیەکی نائاسایی نییە کە چاوێک بخشێنین بە مێژووی (ب.م) کە پڕە لە هەلپەرستی و فێڵکردن لە خەڵک و چەواشەکاری .

نووسەرێکی سعودی دەڵێ: برایانی موسڵمان هیچ جیاوازتر نین لە تاڵیبان وحەماس و حیزب اللە؛ و هەمان بۆچوون و تێگەییشتنی قاعیدەیان هەیە.

مشاری الذایدی، ڕۆژنامەنووس و نووسەری سعودیە لە ستوونێکیدا کە لە ڕۆژنامەی شرق الاوسط لە ٣-٩-٢٠٢١ دا دا بڵاو بووەتەوە بە هەمان چەمک و تێگەییشتنەوە دەڵێت:" پرسیارم لە بەرپرسێکی دیارو گەورەی عەڕەب کردو وتم بە بڕوای تۆ کامیان زۆر ترسناکرە داعش یان قاعیدە؟ ئەو بە بێ ڕاوەستان و دوودڵی وەڵامی دامەوەو وتی بە دڵنیاییەوە قاعیدە. گوتم بۆچی؟ ئەو گوتی چونکە قاعیدە زۆرتر مولتەزیمە بە جێبەجێکردنی پلانەکانی( ب.م)وە. لەو بارەوە ، ئەوان دەڵێن بن لادن خودی خۆی یەکێک بووە لە شوێنکەوتوانی (ب.م). هەروەک کە، لۆڕەنس ڕایت، توێژەری ئەمەریکی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی( ئەو بورجەی وەکو تارمایی دەردەکەوێت) ڕوونی کردۆتەوە و دەڵێ: "زووربەی سەرکردە باڵاکانی قاعیدە بەرهەمی( ب.م)". دەبێ ئێمە ئەوەش بزانین کە ئوسامە بن لادن و جێگرەکەی ئەیمەن الزەواهیری خۆشحاڵ بوون بە بەلاڕێدا بردنی بەهاری عەڕەبی لە ساڵی ٢٠١١ لە لایان برایانی موسڵمانەوە.

لە هەندێک ڕووەوە، سەرباری هەندێک گلەیی و ڕەخنە لە یەکتری لە ناوخۆیاندا، قاعیدە بە باڵی سەربازی( ب.م) دادەنرێت. هەروەها قاعیدەو (ب.م) هەردووکیان هەمان دیدو بۆچوون و تێگەییشتنیان هەیە دەربارەی سرووشتی ئیسلام و موسڵمانان و جیهانیش. ئەوەش ڕوونە کە قاعیدە پەیوەندی لەگەڵ بزاوتە ئیسلامیە سیاسیەکانی سەر بە خومەینیشەوە هەیە، ئەو پەیوەندییەی کە خزمەت بە بەرژەوەندی و چالاکییە هاوبەشەکانی هەردوک لا دەکات. هەر هەمان پەیوەندیش لە ئارادایە لە نێوانی( ب.م) و ئەو بزاوتە ئیسلامیە سیاسیانەی کە سەر بە خومەینین و لە لایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێن وەک ئەو ڕێکخراوانەی کە لە عێڕا ق و یەمەن دا هەن.

جێگەی باسە کە داعش بەو هەموو توندوتیژی و بەربەڕیەتەی کە پێی ناسراوە، کەچی ئەو هەموو تۆڕی پەیوەندیانەی نین کە (ب.م) هەیانن لە گەڵ دنیا. داعش ئەو پلانە درێژخایانەی( ب.م)ی بەلاڕێدا برد کە بریتی بوو لە دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی. هەربۆیەش داعش کەوتە بەر ڕەخنە بارانی( ب.م) کاتێک کە خەلافەتیان ڕاگەیاند. (ب.م) وتیان داعش ئەو کارەی بە بێ ئەوەی پرس بە مەرچەعی دەسەڵاتی ئیسلامی بکات کردووە، کە دیارە مەبەستیان لەو مەڕجەعە هەر لە (ب.م) خۆیانە.

ئێمە ئەمڕۆ لە ئەفغانستاندا ناتوانین هیچ جیاوازییەک بکەین لە نێوانی ئەو جۆرو ڤێرژنەی ئێستای تاڵیبان لە گەڵ چالاکی و زمان و ڕوحی ڕێکخراوەکانی (ب.م) کە لەم دواییانەدا بەرەو پێشچوونێکیان بەخۆوە بینی کە بە دڵنیایەوە بەرەو خەراپتر ڕۆییشتوون. وە نە دەشتوانین جیاوازی بکەین لە نێوانی تاڵیبان و حەماسی فەلەستین یاخود حیزب اللەی لوبنانی لە ڕووی فێڵ وتەڵەکەی سیاسییان و چۆنایەتی پەیوەندیەکانیان .

ئەمریکا ئێستا هەوڵی ئەوە دەدا کە پێمان بڵێ ڕیشەی کێشەکە لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ داعشی خوڕاسانی. هەر بۆیەش مارک میڵی، سەرۆکی ئەڕکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە" ئاخۆ ئەمریکا هاوکاری تاڵیبان دەکا لە دژایەتییان بۆ داعشی خوڕاسانی ؟ ئەو وتی ڕێی تێدەچێ".

بەڵام کەس باسی قاعیدە ناکات، هەرچەندە ئەو ئێستا هاوپەیمانی تاڵیبانە. یەکەم لایەن کە پیرۆزبایی لە تاڵیبان کرد هەر کە حوکمیان بە دەستەوە گرتەوە لە ئەفغانستان قاعیدە بوو. هەروەها ئێرانیش بەردەوامە لە داڵدەدان و مەشقپێکردنی سەرانی تاڵیبان و سەرانی قاعیدە. هەموو ئەم شتانە بە باشی زانراوون و پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکات.

ئێستا شتێک نەماوەتەوە کە شاراوەبێت بێجگە لەو ڕاستییەی کە مەلاو پێشەوا دینییەکانی پارێزگاکانی وەک قەندەهار و هێڵمەند باشتر مەشقیان وەرگرتووە و باشترو زیاتریش توانایان هەیە هەم لە ڕووی سەربازییەوە وهەم لە ڕووی سیاسیشەوە. هەر بۆیەش ماوەتەوە بڵێین ئاخیری خێر بێت بۆ ئەفغانستان و هەروەها بۆ خەڵکی تریش.

نووسەرێکی فەلەستینی لە ماڵپەڕی ئیلافی سعودیەدا دەنووسێت: تاڵیبان و حیزب اللە وحەماس و برایانی موسڵمان شیعاری درۆینەیان بە گوێی جیهاندا دا و جێگاو ڕێگای خۆشیان بەکار هێنا بۆ گەشەپێدان و جێبەجێ کردنی مەرام و ئەجینداکانیان.

(فاضل المناصفە)، ڕۆنامەنووسی فەلەستینی کە ڕۆژانە لە ماڵپەڕی ئیلافی سعودی دا دەنووسێت، لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١ دا نووسیویەتی کە تاڵیبان لە زۆر ڕووەوە لە حیزب اللە و حەما س و(ب.م ) دەچێت. ئەو دەڵێت هەموویان شیعاری درۆینانە دەدەن بە گوێی خەڵکدا بۆ ئەوەی وێنایەکی ئەرێنی لە جیهاندا بۆخۆیان درووست بکەن، بەڵام هەر کە هاتنە سەر دەسەڵات ڕێک پێچەوانەی شیعارەکانیان ڕەفتارو مامەڵە دەکەن، هەر ئەمەشە کە خزمەت بە ئەجینداکانیان دەکات. ئەو ڕۆژنامە نووسە دەنووسێت" هەرچەندە لە حاڵەتی ئێستادا تاڵیبان هەوڵی ئەوە دەدا کە ڕووکارێکی مۆدێرنانە لە خۆی نیشانی جیهان بدات و بەڵێن دەدا کە بە پێی ڕێبازو بەهاکانی ئیسلامی ڕێزی مافەکانی مڕۆڤ بگرێت و بە تایبەتیش مافەکانی ژنان. بەڵام بە پێی ئەو وێنانەی کە لە کابوڵەوە دەگەنە دەرەوە، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامنووسانی ژن دەکەن و ڕێگرییان بۆ درووست دەکەن لە چوونە ژوورەوەیان بۆ ئۆفیسەکانی میدیا، ڕێک پێچەوانەی بەڵێنەکانیان ڕەفتار دەکەن بە تایبەتی لەبەرامبەر ژناندا. هەروەها سەرباری ئەوەش زۆرێک لە ساڵۆنی جوانکاری و قژبڕینیان داخستن و هەموو لەوحەکانی ئیعلاناتیان تێکدا کە وێنەی ئافرەتیان تێدا بەکار هاتووە.

"ئەوەی کە ئێستا تاڵیبان دەیڵێت لەبۆ کۆڕو کۆبونەوەی خەڵک و لە ڕاگەیاندن دەردەکەوێت نابێتە جێگای سەرسوڕمان، چونکە ئەوە تەنها لەبۆ ڕاگەیاندنەکانەو کورت ماوە دەبێت و زۆر ناخایەنێت. ئێمە حوکم و دەسەڵاتی تاڵیبانمان لەبیر ناچێتەوە لە ١٩٩٦ وە بۆ ٢٠٠١ کاتێک کە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی وێنایەکی ئەرێنیانە پیشانی ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە بدەن، وایان نیشاندا کە ئەوان گرنگی بە ئسلامی مۆدێرن دەدەن کە ئەوەش ناجوور نییە لەگەڵ داب و نەریتی خەڵکی ناوچەکە، بەڵام هەر زوو یاسا توندوتیژیەکانی خۆیان سەپاند. لەو نێوەدا کارکردن و خوێندنیان لە ژنان قەدەغەکرد، لە ژنانیان قەدەغە کرد کە بە تەنیا لە ماڵ بچنەدەرو دەبوایە کەسێکی نێرینەی خزمیان لەگەڵدا بێت، هەروەها دارکاری و شەلاق و ئیعدام کردنی ژنان لە ناو مەیدانەکانی وەرزش و مەیدانە گشتیەکاندا دەستی پێکرد و لە نێویشیاندا بەردبارانکردن بوو لەسەر زینا.

"چەندین خاڵی هاوبەش هەن لە نێوانی تاڵیبان و عەڕەبە هاوشێوەکانیان لە ڕووی میتۆدی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. ئەوەتا حیزب اللەی لوبنان چەندین شیعاری بۆ ناوخۆی لوبنان بەکارهێنان، لە نێویاندا بەڵێنی ئەوەی بە خەڵکی خوارووی لوبنان دا کە خۆشگوزەرانیان بۆ بێنێتە دی، هەروەها بەرزکردنەوەی شیعاری وەک ڕزگاری و بەرەنگاری بۆ ئەوەی لە لایەکەوە جەماوەری ناوچەکە بەلای خۆیدا ڕابکێشێ و لە لاکەی تریشەوە وا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگەێنێت کە ئەوان بە زەبری هێز نەهاتوونەتە سەر حوکم بە ڵک و ئەوە خەڵکی خوارووی لوبنانن کە پشتیوانییان لە رێبازی بەرەنگاری کردووە. هەروەها حیزب اللە بەڵێنی ئەوەشی دا کە مانەوەی ئەوان لە خوارووی لوبنان تەنها بە مەبەستی بەرەنگاری و پاراستنی خاکی لوبنانە لە داگیرکاری ئیسڕائیل و هیج مەبەستیان نیە کە لە ناوچەکەدا ڕۆڵ بگێڕن. بەڵام وا دەرنەچوو چونکە هەر زوو ڕاکێشرایە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ کەسە گەندەڵکارەکانی ناو حکومەت و خۆی نوقمی سیاسەت کرد. بەمەش بە تەواوی داماڵرا لەو وێنەو بەڵێنانەی کە پێشتر دابوونی و لە دواجاریشدا خۆی کردە هێزی یەکەم وکاریگەر لە تەواوی لوبنان دا".

"هەرلە نزیکی لوبنان ئەوەتا ڕێکخراوی حەماس دەسەڵاتی لە کەرتی غەزەدا بەدەستەوە گرت و (ب.م)یش هەمان کاریان لە میسر ئەنجامدا و هەردووکیانیش خیتابی دینییان بۆ مەرام و ئەجینداکانی خۆیان بەکارهێنا. لە کاتێکا کە ئەوانە پشتگیرییان دەکرد لە بەرەنگاری و خۆڕاگری و تێکشکاندنی دوژمن و حوکمی ژیرانە و بە پێی شەریعەتی ئیسلامی، بەڵام هەر کە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکیان دابوو بوونە بڵقی سەرئاو و شیعارەکانیشیان تەنها لە پێناوی مەرام و ئەجینداکانی خۆیان دا بوون.

__________________________________________
سەرچاوە: میدڵ ئیست میدیا ڕیسێرچ ئینستیتیوت(مێمری)، ١٣\٩\٢٠٢١:
www.memri.org/reports/arab-journalists-columnists-taliban-al-qaeda-muslim-brotherhood-and-hizbullah-share-similar

 

shwanaz@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک