په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١٠

رۆژنامەی شورا کوردستان.


فەخرەدین تاهیر


کوردستانی سور لە نێوان ساڵانی (1923- 1929)و لەنێو سنووری یەکێتی سۆڤیەتدا،بۆماوەی شەش ساڵان بەرێوەبردنی خۆیان بەبڕیار و ڕێنمایی حوکمڕانانی یەکێتی سۆڤیەت بەرێوەبردوە.


ئەوی جێگەی گوتنە هەندێک سەرچاوە وای نیشاندەدەن کە تا ساڵی 1929 لە یەکێتی سۆڤیەتدا، بۆ میللەتانی بچوک لەو دەڤەرەی لێی ژیاون دامودەزگای فەرمییان بۆ دروست کردون و بەناوی قەزا دەڤەرەکەیان بەرێوەبردوە، بۆنمونە دەڤەری کوردستانی سوربەناوی قەزای کوردستانی سور بەرێوەچووە و لەساڵی 1929دا،ئەو سیستمی بەرێوەبردنە لەلایەن حوکمڕانانی یەکێتی سۆڤیەتەوە هەڵوەشێندرایەوە و قەزای کوردستانی سوریش تووشی ئەو هەڵوەشاندنەوە بوون و بەشی زۆربەی کوردەکانی ئەو دەڤەرەش بڵاوەیان پێکرا. لێرە و لەوێ دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە ڕۆژنامەیەک بەناوی هەمان دەڤەر دەرچووبێ،بەڵام بەندە نزیکەی 15 ساڵ زێدەترە بەدواداچوون دەربارەی دەڤەرەکە و ڕۆژنامەکەم کردوە و تا ئێستاکە نەگەیشتومەتە سەرئەنجامێک کە ڕۆژنامەیەک بەسەرناوی کوردستانی سور لەو دەڤەرە دا دەرچووبێت.


ئەوی جێگەی گوتنە ساڵی 2009 و لەمانگی تەموز بوو سەردانێکی شاری مۆسکۆم کرد و لە سەردانەکەمدا بەشی هەرە زۆری ئەرشیفخانەکانی ئەو شارەم بەسەر کردەوە و لەیەکێک لە ئەرشیفخانەکاندا لەماوەی یەک هەفتەدا خەریکی خوێندنەوەی کتێبی بیبلۆگرافیای نێوان ساڵانی 1917- 1960ی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بووم و لەو کتێبەدا تەنێ ناوی ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان لەڕێزبەندی ڕۆژنامەکانی کە بەزمانی دیکەی بیانی نەک زمانی ڕوسی تۆمارکرابوون، دۆزیمەوە، کە هەندێک لە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیەم لەساڵی 2001دا، لە شاری سانکت پیترسبوورگ لە ڕوسیا دۆزیەوە و لە ساڵی 2006 لە توێی کتێبێک لەلایەن دەزگای خەندان بۆ وەشاندن لەشاری هەولێر چاپ و بڵاوکرایەوە.


ئەوی جێگەی گوتنە لە هەندێک سەرچاوەی ڕوسیدا خوێندومەتەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی دەڤەری قەزای کوردستانی سور، لە ساڵی1931دا، ڕۆژنامەیەک بەسەرناوی سۆڤیەت کوردستان دەرچووە و تا 13ی تەموزی ساڵی 1962 بەردەوام بووە.


دوای ئەوەی لە خوێندنەوەی کتێبی بیبلۆگرافیایەکە بوومەوە، یەکسەر داوام لە ئەرشیفخانەکە کرد ئەگەر دەکرێت ئەو ژمارانە ببینم کە لەلای ئەواندا ئەرشیف کراون و هە‌ندەی پێنەچوو بەرگێکی بەرگ کراویان بۆ هێنام لەسەری نووسرابوو: ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان/ ئازەربیجان، هەر کە ڵاپەڕەی یەکەمم هەڵدایەوە، ڕۆژنامەیەکی ترم بەسەرناوی ( شورا کوردستان) بەرچاو کەوت، ئەو ژمارانەی کە لەو ئەرشیفخانەدا ئەرشیف کرابوون لە نێوان ساڵانی ( 1936- 1937)دا،چاپ بڵاوکرابوونەوە.


ئەم ژمارانەی لەوێدا بەدەستم خستن بەم شێوەیە ئەرشیف کرابوون.


1- شورا کوردستان ژمارە: 10 (217) 1936 4 ڵاپەڕەی قەوارە A3 و بەزمانی ئازەری بەئەلفوبێی لاتینی لەشاری لاچین چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
2- شورا کوردستان ژمارە: 31 (303) ساڵی 1937 کە دوا ژمارەیە و هەموو ئەو ژمارانەی کە بەندە بەسەرناوی شورا کوردستان بەدەستم خستوون بەیەک شێواز ومیتود چاپ و بڵاوکراوەنەتەوە و سەرجەمی ئەو ژمارانەی بەسەر ناوی ڕۆژنامەی شورا کوردستان دۆزیومەتەوە هـەمووی 15 ژمارەن.
3- سۆڤیەت کوردستان بەگوێرەی ئەم زانیاریانەی لەپێشەوە ئاماژەم پێیانداوە و ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی(سۆڤیەت کوردستان)یشم بەدەستخستووە،وا دەردەکەوێ درێژە پێدەری ڕۆژنامەی ( شورا کوردستان)ە، هەوڵدەدەم لە وتاری ئایندەمدا باسی ڕۆژنامەی (سۆڤیەت کوردستان) بکەم و وێنەی ئەم ژمارەیەش لەگەڵ وتارەکە بڵاوبکەمەوە.


سەرئەنجام:


ئەوی شیاوی گوتنە هەر 15 ژمارەکەی ڕۆژنامەی (شورا کوردستان) کە بەدەستم خستووە هەر هەموویان لە ژێر ناوی ڕۆژنامەکەدا بەم شێوەیەی لەسەر نووسراوە: ئۆرگانی فرقەی قومانداری دەڤەری (لاچین)ە.
هەر وەک دیاریشە لەسەرەوەی ڕۆژنامەی (شورا کوردستان) دا، نووسراوە: هەموو پرۆلیتاریای جیهان یەکبن.
ناوی سەرنووسەر و بەرێوەبەری ڕۆژنامەکە ئەم ناوانەن کە هەر یەکێکیان بۆ ماوەیەک چەند ژمارەیەکیان دەرخستووە و کەبریتین لەمانە:
1- عەلی ڤالدێڤ
2- ئیبراهیم سامادۆڤ
3- یوسف باهارۆڤ
4- ئیبراهیم سامادۆڤ
ئەوی جێگەی گوتنە تا هەنوکە بەتەواوی بۆم ساخ نەبۆتەوە ژمارەکانی پێش ساڵی ( 1936) بە چ ناوێک دەرچوون.
ئایە ژمارە سەرەتایەکانیش هەر بەسەرناوی (شورا کوردستان) دەرچووە یان بەناوێکی دیکە، ؟ جارێ دیار نییە.
هەڵبەتە تا ژمارە سەرەتاییەکان نەدۆزرێتەوە بۆمان ساخ نابێتەوە،چونکە ئەگەر ژمارە سەرەتاییەکانمان دۆزیەوە، ئەو دەمە بۆمان ساخ دەبێتەوە، ژمارەی یەکەم بە چ ناوێک و ساڵی چەند و لە کوێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
________________________________
سەرچاوە:
1- بە زمانی ڕوسی
Шамиля Аскерова
КУРДСКАЯ ДИАСПОРА

2- فەخرەدین تاهیر
رۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان
بیبلۆگرافیا و شرۆڤە، هەولێر 2006
3- هەر 15 ژمارەی ڕۆژنامەی شورا کوردستان بەزمانی ئازەری.

 

 

fakhradintahir@hotmail.com