په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٦

رۆڵ و کاریگەریی سیاسەتەکانی ئەردوگان لەسەر ناوچەکە.


زاھیر باھیر      

- بەشی یەکەم -


لەم وتارەدا دەمەوێت سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەردوگان و حیزبەکەی ، ئاکەپە، لە عێراق و ئێران و تورکیا و سوریادا بە گشتی و سەبارەت بە ڕۆژاوا و باکوور بە تایبەتی، کە تا چەندێک توانیوێتی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، بدوێم.


بێگومان سیاسەتەکانی ئەردوگان بۆ خودی تورکیا خۆ کوژییە و نە لە ئێستاو نە لە داھاتووشدا بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵی تورکیادا ‌ بە ھەموو پێکھاتەکانییەو ، نییە ‌و نابێت ، ھەر لە ئێستاوە کارایی خۆی لە سەر باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو وڵاتە داناوە و لە ئایندەشدا ‌ دەبێتە کێشەیەکی سەرەکی ‌ کە ڕەنگە ببیتە ھۆکاری گۆڕانکاری گەورە لەوێ.


کاریگەریی ئەم سیاسەتانە لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ‌ بە ئاشکرا دیارە . لە بواری ئابووریشدا ، لە سەدا ٨ ی کرێکارانی ئەوێ لە بەشی گەشت و گوزاریدا کار دەکەن کە لە سەدا ١٢.٩ ی داھاتی تورکیا پێکدەھینێت. لە ساڵی ٢٠١٤ دا نزیکەی ٤٢ ملیۆن گەشتیار چونەتە ئەوێ. بەڵام بە گوێرەی قسەی 'مورات ئێرسۆی' سەرۆکی جەمعییەی گەشتوگوزاری تورکیا: "لە ئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ تورکیا ١٥ ملیار دۆلار لە دەستدەدا، چونکە ژمارەی گەشتیاران بە ڕیژەی لە سەدا ٣٠ دادەبەزێت. لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بە ڕێژەی لەسەدا ٢٨ کە دەکاتە ١.٧٥ ملیۆن کەس بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ ی ھەمان مانگ، دابەزیوە ...... لە ٤ مانگی ئەمساڵدا ڕێژەی گەشتیاران بە ڕیژەی لە سەدا ١٦.٥ ، کە دەکاتە ٥.٨٢ ملیۆن کەس ھاتۆتە خوارەوە".‌
Leading Turkish tourism player expects $15 bln loss in revenue

بەڕای من بناخەی ئەو کێشانەی سەرەوەی تورکیا، دەگەڕیتەوە بۆ سیاسەتەکەی ئەردوغان کە لەسەر داعش و ھێزی داعش ، ھەڵیچنیوە.


ئەمە چۆن؟


من ھەر لە سەرەتاوە باوەڕم وابووە کە ھۆکاری سەرەکی ھێنانی داعش بۆ عێراق و داگیرکردنی موسڵ بۆ ھەرەسپێھێنانی ئەزموونی ڕۆژاوا، بوو.


ھەڵبەتە ھەموان دەزانین کە بوونی ئیدارەیەکی کوردی لە ڕۆژاوادا ، کە تا ئێستا ‌ لە ھەر ھەموو ناوچەکەو بگرە لە بەشێکی زۆری جیھانیشدا ، نموونەییە،، جێی ڕەزامەندی ئەردوگان و حکومەتەکەی نییە، تەنانەت ئەو بە ئیدارەیەکی وەکو ھەرێمیش کە ‌ لە بندەستی خۆی و پاشکۆی خۆیەتی ، ھەر قایل نییە . ئێ خۆناشکرێت سنوری وڵاتێکی دراوسێ ببەزێنێت و جەنگێکی گەورە لەوێدا دژی پەیەدە و خۆسەرییەکانی ڕۆژاوا ھەڵگیرسێنیت. گەر چی ‌ ئەردۆگان ڕەنگە لە لایەن " کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی " لەمەدا پشتگیری لێبکرایە، بەڵام ناتوانێت بەو ئاشکرایە دەستبکێشێتە خاکی وڵاتێکی دیکەوە و شەڕێکی خوێناوی دروست بکات . ھاوکاتیش داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە کە لە وەکالەتی تورکیا و سعودییە و قەتەرەوە جەنگیان دەکرد ئەو ھێزەیان نەبوو کە ‌یەپەگە و یەپەژە ببەزێنن. باشترین کارێک ھەڵبژاردن و بەھێزکردنی ھەرە گروپە دڕندەکەیانە کە خاوەنی پایە و ئایدۆلۆجیایەکی کاریگەرە ، تاکو بەھێزیان بکات و بیانکاتە ئەو ھێزە سەرەکییەی کە چەندەھا ئامانجیان لە یەک کاتدا، بۆ بپێکێت ، بێ ئەوەی کە خۆی تییادا زەرەرمەندێکی گەورە ببێت.


بۆچی موسڵ؟


ھەڵبژاردنی موسڵ - و داگیرکردنی بۆ پەلاماردان و بەڕێکردنی تەواوی پلانەکان،‌ حساباتی خۆی ھەبوو، لەوانە : ھۆکاری مێژویی پێشینەی ئەو دەڤەرە، نزیکی لە سنوری تورکیا و سوریاوە ، ڕێگای باشی بەستنەوەی موسڵ بە ھەردو وڵاتەوە، نیشتەجێبونی ئێزیدییەکان لەو دەڤەرە، نزیکیی موسڵ لە کەرکوک و ھەولێر و تکریت، دەوڵەمەندی دەڤەری موسڵ بە سامانی نەوت. موسڵ خاڵێکی ھەرە لاوازی حکومەتی عێراق بوو، نزیکەی تەواوی دانیشتوانی سونی مەزھەبن، ڕکوکینەی دانیشتوانەکەی بە پەراوێزخستنیان و مامەڵەی ‌ خراپییان لە لایەن کاربەدەستان و ھێزە ‌سەربازییەکانی عێراق. ئەمانەو گەلێک ھۆکاری دیکە ڕۆڵیان لە ھەڵبژاردنی موسڵ بۆ فەتحی ھێزی داعش و بەڕێکردنی پلانەکانی ئەردوگان، بینی.


بەکارھێنانی داعش و داگیرکردنی موسڵ‌:


لە سەرەتادا چەند ھۆکارێکم لە بیانوەکانی ئەردوگان کە داعشی وەکو ھێزێکی سەرەکی بەکارھێنا، باسکرد. ئەوەی خاڵی سەرەکییە لەم وتارەدا داگیرکردنی موسڵە چونکە داگیرکردنی موسڵ پراکتیزەکردنی سەرچاوەی سیاسەتەکانی ئەردوگان بوو. بە بێ داگیرکردنی موسڵ سەراپای پلانەکانی ئەردۆگان فەشەلی دەھێناو ئەو وەرچەرخانە گەورەیەش ‌ ناوچەکەدا ڕوینەدەدا.


بەداگیرکردنی موسڵ توانرا 'ڕەقە' ی پایتەختی داعش- ی پێ پتەوتر بکرێت و پانتایی حوکمی داعش و کۆنترۆڵکردنی زیاتری بۆ ڕەخسا. ئەمەش وەکو دواتر دەرکەوت کارئاسایییەکی زۆری بۆ تورکیا بۆ ھاوکاری داعش لە مەیدانی سیاسی و سەربازید، ھاوکاتیش یارمەتی داعش بە دەوڵەتی تورکیا لەکردنی کاری تیرۆریستی و ھێڕشی دەستەویەخە ‌و بازرگانی بە پەنابەرانەوە و ‌ داھاتی نەوتیش، کرد.


گرتنی موسڵ و بەدەستھێنانی ئەو ھەمو تەقەمەنی و کەرەسە سەربازییا‌نە، بەو ئاسانییە لە لایەن کەمتر لە ٥ ھەزار چەکداری داعشەوە لە بەرامبەر بە نزیکەی ٦٠ ھەزار لە ھێزی سوپای عێراقی بەھەموو چەکێکی نوێی سەربازییەوە ھەتا ھەلی کۆپتەریش، کە پلانێکی پێشینەیی بۆ کرابوو وەکو نیمچە کودەتایەک، وابوو. ئەم کارئاساییە گەورەیە بۆ داگیرکردنی ئەو شارە گەورەی عێراق کرابوو، بۆ شارێکی دیکە مەحاڵ بوو، ھەر ئەوەش بوو کە داعش لە ماوەی شەوو ڕۆژێکدا توانی ھەر ھەموو شاری موسڵ کۆنترۆڵ بکات.


ئەم ھەنگاوەش خستنەگەڕی پلانی دووھەم کە ھێڕشکردنە سەر 'کۆبانی' بوو، بە تازەترین چەک و تەقەمەنی سەربازی و بە یەکبەستنەوەی ڕەقە و موسڵەوە، ئاسانکرد .


بۆچی کۆبانی؟


ئەردوگان و 'میتی' تورکی لە نێوانی کانتۆنی جەزیرە و کۆبانی-دا دەبوایە یەکێکیانیان ھەڵبژاردایە. بۆ ئەمەش دەبوایە ھەموو وردەکاریی و لێکدانەوەیەکی بۆ بکرێت، وەکو: نزیکیان لە ‌ موسڵەوە . ئەگەر چی دووری شاری موسڵ بۆ 'ڕەقە'‌ ٣٧٢ کیلۆمەترە و بۆ قامیشلۆ تەنھا ١٥٠ کیلۆمەترە ، بەڵام دانیشتوانی جەزیرە چەند ئەوەندەیەکی دایشتوانی کۆبانی دەبن، لە ڕوی ئابوریشەوە جەزیرە پتەوترە تاکو کۆبانی ، لە ڕوی پانتایییەوە جەزیرە لە کۆبانی گەورەترە ، کۆبانی لە ناوەڕاستی جەزیرە و عەفرین –دایە کە بەستنەوەی جەزیرە و عەفرین بە گرتنی کۆبانی یاھەر ھەبوونی شەڕ لەوێ، ڕۆڵیکی یەکجار گەورەی دەبینی. ھێزی یەپەگە و یەپەژە لە جەزیرە زۆر زیاتر بوون تاکو کۆبانی. لە قامیشلۆ، ئەو کاتەش و ئێستاش ھێزی سەربازی ئەسەدی لێیەو چەند کیلۆمەتر دووجایەیەک خاکیان بە فڕۆکەخانە و دەزگەی پۆستی قامیشلۆیان لە داستدایە ، بەڵام کۆبانی ھێزی ئەسەدی لێنەبوو. ڕاگەیشتنی ھیزی تورکیا بە داعش-دا لە جەزیرە گرانتر بوو تاکو کۆبانی. نزیکیی 'ڕەقە' لە کۆبانییەوە ‌ تاکو جەزیرە ‌ و یارمەتی و ھاوکاری تورکیاش بۆ داعش لە سنوری 'سروس' وە ئاسانتر بوو تاکو لە سنوری ' نوسەیبین' بۆ داعش. ‌ گەلێک ھۆکاری دیکە لە ھەڵبژاردنی کۆبانی-دا ، لە لایەن 'میتی' تورکییەوە تاووتوێ کراوە.


من وای دەبینم تا کانونی دووھەمی ٢٠١٥ کە داعش لە ھێڕشەکەی بۆ سەر کۆبانی نوشستی ھێنا ، سیاسەتەکانی ئەردوگان و 'میت' سەرکەوتووبون . لە مانگی حوزەیران و تەموزی ٢٠١٥ دا دوو سیاسەتی دیکەی گرتە بەر ، کە جەوھەری ھەردوکیان تیرۆر و ترساندنی کوردی باکوور بوو کە یەکەمیان ھەڵوەوشانەوەی ھەڵبژاەدنەکەی ١٥/٠٦/٠٨ بوو کە ھەدەپە سەرکەوتنێکی باشی بەدەستھێنا و لە ھەڵبژاردنەکەی مانگی نۆڤەمبەردا ڕادەی سەرکەوتنەکە بە گەلێک ھۆکار ، کەمتر بووەوە . سیاسەتی دووھەم بەڕێکردنی پرۆسەی تیرۆر و کوشتن و بڕین بە ڕێگا خۆشکردن بۆ خۆکوژانی داعش تاکو تیرۆری خەڵکی بکەن وەکو ئەوەی کە لە 'سروس' کرا و ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی کوڕ و کچی کۆمۆنیست و سۆشیالیست ئەنارکست بوونە قوربانی. لەمەدا ئەردوگان سێ مەبەستی ھەبوو : یەکەم ھێنانەوە و چڕکردنەوەی ھێزەکانی لەوێدا و کەمکردنەوەی ئازادییەکانی خەڵکی. دووھەم: ھیمای ئەوە بدات بە گەلانی تورکیا و ئەوروپاش کە داعش دژایەتی ئەویش دەکات. سێھەم : تێوەگلانی پەکەکە لە دروستکردنەوەی شەڕ و ھەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی.‌ بەداخەوە لەمەیشدا ئەردۆگان سەرەکەوتنی بەدەستھێنا. ئەم کوشتن و بڕین و وێرانکردنەی کە ئێستا لە باکوردا بەڕێدەکرێت، گرتنەبەری سیاسەتی قەدەخەکردنی ھاتووچۆو برسیکردنی خەڵکی و کۆمەڵکوژی و لابردنی پارێزبەندی (حەسانە)‌ی سیاسی لەسەر ئەندام پەڕلەمانەکانی 'ھەدەپە' و لابردنی گەلێک لە سەرەکشارەوانییەکان و دانانی کەسانی دیکەی سەر بە ئاکەپە و گەلێکی دیکە کە ھەر ھەمووی بەبەرچاوی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا دەکرێت،‌ ھەمووی بە زەرەری بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی باکور و بە قازنجی ئەردوگان و 'میتی' تورکی و لایەنە نەژادپەرست و ڕاستڕەوەکان، دەگەڕیتەوە.


سیساسەتێکی دیکەی سەرەکەوتوانەی ئەردوگان ئەوەبوو کە لە ٠٥/٠٧/٢٠١٥ وە ڕێگای دیتنی ئۆجەلانی بڕیوە و لەو ڕۆژەوە تەنانەت پارێزەرەکانیشی نەیانتوانیوە بیبینن. کردنی ئەمەش یانی بڕینی ھەموو جۆرە پەیوەندییەکی نێوانی ئۆجەلان و پەکەکە و ھێزەکانی دیکەشە ، کە بەڕای من ئەمەش بە سوودی ئاکەپە گەڕاوەتەوە و بەزەرەری کوردانی باکوور و ڕۆژااوا.
 

٥\٧\٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک