١٤\٧\٢٠١٦
رۆڵ
و کاریگەریی سیاسەتەکانی ئەردوگان لەسەر ناوچەکە.

زاھیر باھیر
-
بەشی دووەم (کۆتایی)
-
سیاسەتی ئەردوگان و 'میت'
لە بەرامبەر سوریا و ڕۆژاودا:
لەم بەشەدا من دەمەوێت تەنھا سەرکەتن و نوشستی سیاسەتەکانی ئەردۆگان
باس بکەم.
نشوستییەکانی ئەردۆگان لە ڕۆژاوا و سوریادا: خستنەخوارەوەی فڕۆکە
سەربازییەکەی ڕوسیا،کوشتنی فڕۆکەونەکان، بووە ھۆی ئەوەی کە تورکیا
نەیتوانی بە فڕۆکە بەشداری شەڕ دژی ھێزەکانی ئەسەد و ھێزەکانی ڕۆژاوا
بکات ، دیسانەوە لە ڕوی ئابووریی و پەیوەندی دیبلۆماسیانەی نێواننیشیان،
تورکیا خەسارەیەکی گەورەی کرد ، ھەر بە تەنھا لە کەرتەکانی
گەشتوگوزاردا ٤ ملیۆن گەشتکەری ڕوسی، لە دەستدا. نوشستێکی دیکە
نەیتوانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ دانانی زۆنی دژە فڕین لە
ڕۆژاوادا کە ئامانجی سەرەکی ئەو لێرەدا تەنھا لێدان بوو لە ھێزەکانی
یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە، ڕازی بکات. دیسانەوە پلانەکەی لەتەک حکومەتی
سعودییە بۆ ھێنانی ھێزەکانیان بۆناو سوریا بۆ یارمەتیدانی گروپە
تیرۆریستەکان لە جەنگیاندا دژی ئەسەد و ھەم دژی ھێزەکانی ڕۆژاواش،
نشوستێکی دیکە بوو. ئەمەریکا لەبەر ئەم سیاسەتانە تا ڕادەیەک فشاری
خستۆتە سەری و پەیوەندی ھەنووکەییان ،بەرەوپێشەو ناڕوات.
سیاسەتە سەرکەوتووەکانی: لە ڕوی ئابورییەوە داعش نەوتێکی زۆری بۆ
دابینکرد ، کارکردن بە منداڵان و مێردمنداڵانی پەنابەرانی سوری لە
بەرژەوندی خاوەنکارەکاندا، ھەروەھا ڕێککەوتنەوەی لەگەڵ میسر و
خۆشکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل. دروسکتردنی ھێزێکی دژ بە ئەسەد
لەژێرناوی ' تورکمانەکان' تاکو بە ڕاستەوخو بەکاریان بھێنێت و بیانکاتە
دەمڕاستی تورکمانەکانی ڕۆژاوا و سوریا، ھەروەھا بەکارھێنانی ھەندێک لە
پارتەکانی نێو 'ئەنەکەسە' و چەکدارەکانیان دژ بە یەپەگە و یەپەژە و ناو
بەناو ئەنجامدانی کاری تیرۆریستانە بە تایبەت لە کانتۆنی جەزیرە.
لەھەرە سیاسەتە سەرکەتووەکانی ئەردوگان، بەھێزکردنی ھێزە
تیرۆریستەکانە بەتایبەت داعش ، لە بەرامبەر ھێزەکانی یەپەگەو یەپەژە،
بوو. کە بەم کارەش ئەوانی خستنە بەرەی ئەمەریکا و شەڕی ھاوبەشیان دژی
داعش و لە ئێستاشدا پایتەختی خەلافەت، شاری 'ڕەقە' یان، پێئازادبکەن.
سیاسەتی ئەردوگان و'میت' لە بەرامبەر ئێراندا:
ئەردوگان لە بەرمبەر ئێراندا سیاسەتێکی دووفاقەیی ھەیە ، لە سەرێکەوە
کێشەی کورد لە ھەردوو وڵاتدا بووەتە کارت و ئامانجێک، کە ئەم کێشەیە
دەتوانێت ھەم پەیوەندی نێوانیان خۆش بکات ھەم تێکیشی بدات، کە ئەمە
دژایەتی ناڕاستەوخۆی یەکدیش، دەگرێتەوە . ئاشکرایە کە ژمارەیەکی زۆری
چەکدارانی ئێران لە پاسداران و لەشکری یاسایی یارمەتی ئەسەد و
حکومەتەکەی دەدەن، ئەمە جگە لەیارمەتی ئێران بۆ ' حیزبوڵای' لوبنان .
تورکیاش بە ڕۆڵی خۆی بە یارمەتی داعش کنە لە حکومەتی ئێرانی دەکات لە
ڕێگای عێراقەوە بە ھەوڵی پەراوێزخستنی عێراق، لە ناوچەکدا ، کە حکومەتی
عێراقی حکومەتێکی شیعەیە و ھاوپەیمان و ھاومەزھەبی حکومەتی ئێرانییە،
لە ئیستادا وەکو ئەوەی کە دەیانبینین تاڕادەیەک ئێران و تورکیا
ھەندێک پەیوەندی ئابووریی لە نێوانیاندا بەردەوامە لە ھەوڵی ئەوەشدان
کە پەیوەندی سیاسیشیان ، بەرەو باشتر بەرن.
سیاسەتی ئەردوگان لە بەرامبەر عێراق و حکومەتی ھەرێمدا:
ئەردوگان و 'میت' داعشیان تەنھا لە ڕۆژاوا سوریادا بەکارنەھێنا ، بەڵکو
داعش وەرەقەیەکی گرنگی دەستی تورکیا و ھەڵسوڕاوێکی زۆر چالاکیش بوو کە
تورکیا توانی ھاوکات دژی حکومەتی عێرا ق و دژی حکومەتی ھەرێمیش، بۆ
سوودی خۆیان زۆر بەباشی بەکاریان بھێنن.
لە بەرامبەر عێراقدا توانی دووھەم شاری عێراق کە موسڵ بوو ببچڕێت و
لەوێوە ھەنگاوەکانی دیکەی بنێت. بەداگیرکردنی موسڵ نەک مەترسی لە سەر
شار و شارۆچکەکان و دێھاتەکانی دەڤەری موسڵ، دروستکرد، بەڵکو ئەم
مەترسییە تەنییەوە بۆ کەرکوک و ھەولێر تکریت و فەلوجە و ڕومادییە و ھیت
و ڕوتبەش. لە ساڵی ٢٠١٤ دەدا نزیکەی سێیەکی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی
داعشدا بوو . ھەروەھا بەشێکی ئابووریی عێراقیشی بەدەستبەسەراگرتنی
پاڵاوتنەکانی نەوت و بیرە نەوتییەکان، لە لایەن داعشەوە، لەدەست عێراق
کردەوە . گرفتی دابەشکردنی عێراق و کێشەی کۆنی ویلایەتی موسڵی
زیندووکردەوە. بەداگیرکردنی موسڵ 'بەنداوی موسڵ' کەوتە دەستی داعش و
تا ئێستاش ئەو وەکو چەکی ھەڕەشە دژ بە حکومەتی عیراق بەکاریدەھێنێت.
توانی گوڕوتینێکی زۆر بە خێڵ و عەشایەری عەرەبی سونی مەزھەبی ئەوێ،
بدات، گەر نەشتوانن پشتگیری داعشیش بکەن ، پشتگیری حکومەتی عێراقیش
نەکەن . عێراقی خستە ژێر قەرزێکی زیاتری چەککڕین و مامەڵەی مەترسیدار
لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە ، بەمەش عێراقی زیاتر خستە باوەشی
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا . گرتنی موسڵ، داعشی کرد بەو ھێزەی کە
لەسەرەتادا تەنانەت ھەڕەشەی لە گرتنی بەغدا دەکرد ، وەکو پێشتر وتم
پێگەی داعش لە ڕومادییە و و فەلوجە و تکریت ڕوتبە و ھیت و تەلعەفەر و
زۆر شارۆچکەی دیکە بەھیزتر کرد، بەمەش داعشی کردە مەترسییەکی سەرەکی کە
تائێشتاش ئاسودەیی و ئاشتی لە ناوەڕاستی عێراقدا نییە. گرتنی موسڵ لە
لایەن داعشەوە کارئاسایی بۆ تورکیا کرد کە لە ساڵی پاردا بەدیار چاوی "
کۆمۆنێتی نێودەوڵەتییەوە " زیاتر لە ٥ ھەزار سەربازی بەھەموو جۆرە
چەکێکەوە ھێنایە نێو خاکی عێراقەوە و تا ئێستاش ئەو ھێزە لەوێ
نیشتەجێیە و عێراقیش ئەمەندە لاوازە لە بەرامبەریدا دەستەوەستانە.
ئەمە جگە لەوەی کە تورکیا ڕۆژانە سنوری عێراق بە تەیارە دەبەزێنێت و
ماڵ و دێھاتی ئەو بنارانەی شاخی قەندیل بۆردمان دەکات و ژینگە و سروشتی
ئەوێ وێراندەکات.
ھەرچیش پەیوەندی بە کوردستانەوە بە گشتی و حکومەتی ھەرێم بە تایبەتی
ھەیە، شەڕێکی گەورەی زەرەرمەندی درێژخایەنی بۆ ناوچەکە، دروستکرد و
کوردی کردە واجیھەیەکی گەورەی بەھێزی دژ بە داعش، دژ بە سونە، تا
ڕادەیەک خستییە بەرەی دژ بە عەرەب و دژ بە حکومەتی ناوەندی لە لایەکەوە
و لەلایەکی دیکەشەوە کردییە زیاتر وابەستەی تورکیا. حکومەتی ھەرێم و
خودی کوردستان بە شێوەیەک لە شێوەکان بونەتە بنکەیەکی ئەمەریکی و تورکی
، ئەوەندەی دیکە حکومەتی ھەرێمی لە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا، نزیکتر
کردەوە. تورکیا بە سیاسەتی بەکارھینانی داعش زۆر کارایانە توانی
ئەوەندەی تر کوردستان بە گشتی و حکومەتی ھەرێـم بە تایبەتی لە ھەموو
ڕویەکەوە بکاتە پاشکۆی تورکیا و ناوبەناویش کار لەسەر کێشەی
تورکمانەکانی کەرکوک، دەکات . دووژمنایەتی حکومەتی ھەرێمی کردە سەرەکی
نەک ھەر دژ بە پەکەکەو پەیەدە و یەپەگە و یەپەژە بەڵکو بە سەرجەمی
کوردانی باکور و ڕۆژاوا و چاوپۆشی لە ھەموو ئەو کوشتن بڕینە کە
بەرامبەریان لە لایەن تورکیاوە، دەکرێت ، بکات. لە لایەکی دیکەشەوە ناو
بەناویش تەنانەت سنوری ڕۆژاواشیان لێدادەخات وەکو چۆن ئەمساڵ بۆ ماوەی
٣ مانگ ھیچ جۆرە یارمەتییەک نەگەتیشتە ڕۆژاوا. نەک ھەر ئەمانە بەڵکو
داعش فشاریشی بۆ نێوەند و حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامیەکانیش، ھێنا، کە
دەبێت چ بە ئاشکرا یا بە نھێنی ھەڵوێستی خۆیان لە داعش ھەبێت ، تا ئەو
ڕادەیەی کە ھیچیان تا ئێستا نەیانتوانیوە کە تەکفیری داعش بکەن ئەمە بێ
لەوەی کە 'یەکگرتوو' زۆر نزیکە لە تورکیاوە و لە ھەندێک ھەڵوێستیاندا
لایەنگری داعش دەکەن.
لەمانەش واوە تر داعش توانیشی تەمەنی حکومەتی ھەرێم بە گشتی و پارتی
دیمۆکراتی کوردستان بەتایبەتی، درێژبکاتەوە، ئەویش بە ھەبوونی مەترسی
داعش. مووچەیان لە خەڵکی گرتەوە، ھەژارییان خستەوە، تەواوی پرۆژەی
ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانیان، ڕاگرت ، بەمانە وایان لە خەڵک
کرد ھێشتا ھەر ڕازیبن، بەو ژیانە و لەھەوڵی چالاکی و ناڕەزایی
کاریگەرانە لە دژیاندا، بە پاساوی " کردنی ئەمانە لە بەرژەوندی داعش
دەبێت"، نەبن.
ھەموو ئەو وردەکاریانەی سەرەوە ئەوە دەسەلمێنن ، کە سیاسەتەکانی
ئەردوگان و ئاکەپە و 'میت؛ تائەم کاتەش ئەو ئامانجانەی کە ئەم
سیاسەتانەی لە سەرەتادا بۆ داڕێژراون ، پێکاوە و لە ھەموو ڕویەکەوە بە
زیانی کورد لە باشوور و باکوور و ڕۆژاوا، کۆتایی ھاتووە.. لە ئێشتاشدا
ئەردوگان خەریکی پرۆسەی ئاشتیکردنە لەگەڵ دوژمنان و ناحەزانیدا ، دیارە
سیساسەتی ئاشتیانەی داھاتوشی ھەر وەکو سیاسەتی شەڕی ئێستای ھەر لە دژی
کورد دەبێت، گەر کار لەسەر نەمانی کانتۆنەکانی ڕۆژاوا نەکات ئەوە بە
دڵنیاییەوە کار لەسەر شێواندیان دەکات بۆ جۆرێک لە حکومەتە گەندەڵە
وابەستەکەی ھەرێم.
_________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rolukarigeriy1.htm
٥\٧\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|