٢٣\٧\٢٠١٩
رۆمانێک و دوو
وەرگێڕ و چەند سەرنجێک!

سەدیق سەعید
رۆمانی
''ئازارەکانی کچێک'' باس لە چارەنووسی دایک و کچێک دەکات، کە بە ھۆی
سەختی ژیان و دۆخی خێزانی و کۆمەڵایەتییان، ڕووبەڕووی نەھامەتی زۆر
دەبنەوە و ئەو ئازارە دەبێتە سیمای بەردەوامی چارەنووسی ژیانیان تا
مردن. پاڵەوانی سەرەکی ئەو ڕۆمانە پەروانەیە. پەروانە دوای ئەوەی
سەعیدی ھاوسەری کە بەھۆی خۆشەویستییەوە ژیانی ھاوسەرگیری لەگەڵ
پێکھێنابوو لە دەست دەدات و دەمرێت، ئیدی نایەوێت جارێکی دیکە شوو بە
ھیچ پیاوێکی دیکە بکاتەوە. چونکە بڕوای وایە لە دوای خۆشەویستەکەی،
ئەستەمە بتوانێت لەگەڵ ھیچ پیاوێکی دیکە بژیت و خۆشی بووێت. وەلێ دایک
و باوکی زۆری بۆ دێنن و ناچاری دەکەن جارێکیتر ھاوسەرگیریی بکاتەوە.
ئەویش دوورلە خواستی خۆی، لە ژێر فشاری دایک و باوکیدا، ئەو بڕیارە
دەدات و شوو بە پیاوێک دەکات کە ئەویش پێشتر لە ژنەکەی
جیابۆتەوە.ئەگەرچی پەروانە، بەو ئومێدەوە بەھزادی ھەڵبژارد کە لە گەڵی
بژیت و ھەست بە بەختەوەری بکات ، وەلێ بە پێچەوانەوە ھەموونەھامەتی و
ئازارەکانی ئەو ژنە لەو چرکە ساتەوە دەستییان پێکرد کە چووە ماڵە
نوێیەکەی لەگەڵ ھاوژینەکەی. بەھزاد ئەگەرچی بەڵێنی بە پەروانە دابوو
ئاسوودەی بکات، بەڵام ھەر لە سەرەتاوە بە لێدان و ئازاردان و شکانەوەی
پەروانە دەست بەو ژیانە تازەیە دەکات. بەھزاد کەسێکی گیرۆدەبووی ماددە
ھۆشبەرەکانەو بەو ھۆیەوە ژیانی پەروانە و ێەنەمی کچی کە لە ھاوسەری
پێشوویەتی،دەبێتە دۆزەخێکی کوشندە. بەھزاد وێرای ئەوەی کەسیەتییەکی
گیرۆدەی ئەو کارانەیە، ھاوکات ئەو پەڕی ھەڵسوکەوتی توندوو شکانەوە و
تێھەڵدان لەگەڵ ژن وزڕ کچەکەی دەکات و ڕۆژانە ئازارییان دەدات. ژیانی
ئەو دایک و کچە لە چوار دیواری ماڵێکی بێ دەنگ، بە ئازارو نەھامەتییەکی
زۆرەوە ڕۆژانە دەگوزەرێت و تەنانەت خواردن و پێداویستی ڕۆژانەشیان بۆ
دابین ناکات. بەھیچ شێوەیەکیش ڕێگە نادات پەروانە لە ماڵ بچێتە
دەرەوە.بەم شێوەیە ژیانی دۆزەخی ئەو دایک و کچە درێژەی دەبێت تاکو
بەھزاد دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە.پەروانە لە دوای گرتنی ھاوسەرەکەی،
واھەست دەکات کە دەرگای بە ختەوەرییەکی ھەمیشەیی بۆ کراوەتەوە وخۆی
وێەنەمی کچی بەتەنھا دەژین و ھەر چۆنێک بێت دوور لە ئاژاوە و
تێھەڵدانەکانی بەھزاد ئاسوودەن، وەلێ ئەو بەختەوەریەیان درێژە ناکێشێت،
چونکە دایک و باوکی پەروانە کاتێ دەیانەوێت لە ھۆڵەنداوە بگەڕێنەوە بۆ
ئێران و بچنەوە لای پەروانە و ێەنەم، فڕۆکەکەیان تێکدەشکێت و دەمرن.
دیسانەوە خەم و خەفەت ژیانی پەروانە دەگرێتەوە. ئەو کە ئومێدێکی زۆری
ھەبوو بە گەڕانەوەی دایک و باوکی کە ژیانیان خۆشتر دەبێت، ھەر زوو ئەو
خەونانەی لێ ژاکان. ئەمجارەیان، گوزەرانی ژیانیان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو.
ھەموو کارێک دەکات و شەونحوونی ماندووبوونی زۆر دەبینێت تەنھا بۆ ئەوەی
بتوانێت ژیانێکی ئاسایی دوور لە ستەمی باوکی بۆ ێەنەمی کچی بڕەخسێنێت و
ئەویش درێژە بە خوێندنەکەی بدات. بەڵام سەرەنجام ئەو کارکردنە بە
تەندروستی خۆی تەواو دەبێت و پەروانە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت کە
ئەویش شێرپەنجەی گەدەیە. ێەنەم کە ھێشتا تەمەنی چواردە ساڵە و جوانترین
و بەھادارترین دیاریی بە جێماوی سەعیدی ھاوسەری پێشوویەتی بۆ پەروانە،
ناچارە لەو تەمەنە بچووکییەی خۆی واز لە خوێندن بێنێت و چاودێری
دایکەکەی بکات. ئەگەرچی دوای ساڵانێک لە زیندانیکردنەکەی، بەھزاد ئازاد
دەبێت و جارێکی تر دەگەڕێتەوە لای پەروانە و ێەنەم، وەلێ ئەو ھەر مرۆڤە
دڕندەکەی جارانە و تۆزقالێک نەگۆڕاوە، بگرە زیندانیکردنەکەی لە ئەستۆی
ئەوان ئەزانێت و دیسانەوە ژیانی ئەو دایکە نەخۆشە و ئەو کچە جوانیکلەیە
دەکاتەوە بە دۆزەخ. بەم شێوەیە ئازاری ئەو کچە درێژەی دەبێت و پاشانیش
بە مردنی پەروانەی دایکی، ئەوەندەی تر بێ لانە دەبێت و دەکەوێتە ژێر
دەستی بەھزاد و پەردیسی زڕدایکی،ئەوانیش وەک کارەکەرێکی نێوماڵی خۆیان
نەک وەک منداڵێکییان ھەڵسوکەوتی لە گەڵ دەکەن. ھاوکات دەیانەوێت لە
برای پەردیسی باوەژنەکەی مارە بکەن، کە چەندین ساڵ لە خۆی گەورەترە.
بەڵام دواجار ێەنەم بڕیار دەدات لە ماڵ ھەڵبێت و دەچێتە ماڵی پوورێکی و
بەم شێوەیە ژیانێکی دیکە دەست پێ دەکاتەوە و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەش
کۆتاییان دێت. لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند سەرنجێکی کورت لە بارەی
وەرگێڕانی ڕۆمانەکەوە بنووسم. ئەم ڕۆمانە،ئەگەرچی دوو کەس بە ھاوبەشی و
ھەریەکەیان چەند بەشێکییان لێ وەرگێڕاوە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک
ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ڕۆمانەکەیان لە چ زمانێک وەرگێڕاوە، کە
بڕوام وایە بۆ ئەوەیە خۆیان لە ھەڵەکان بەرپرسیار نەکەن . وێرای ئەمەش
چۆن دەبێ دەزگایەکی چاپ ڕۆمانێکی وەرگێڕدراو بڵاو بکاتەوە، بەبێ ئەوەی
ئاماژە بۆ ئەو زمانە بکات کەلێی وەرگێڕاوە.ھاوکات چەند ھەڵەیەکی دیکەش
ھەن کە لە خوارەوە باسییان دەکەین:
* لاپەڕە ٨ نووسیویانە: (پەروانە لە سەر سستەمەکە نووستبوو). ئەو دوو
وەرگێڕە،چونکە وورد نەبووینە لەوەرگێڕانەکەیان، کەوتوونەتە ئەو
ھەڵەوە.چونکە ئەوان مەبەستییان(سیسەمی خەوتنە) کە چی وشەکەیان بە ھەڵە
وەرگێڕاوە کە تەواوی مانای ڕستەکەی ئاوەژو کردۆتەوە.چونکە(سستەم) یانی
ڕژێمی سیاسی!.
* لاپەڕە ٨ نووسیویانە:-(چاوە قەوییەکانی) من نازانم ئەوان مەبەستییان
لەو وشەیە ڕەنگی(قاوەییە) یان وشەی( قەوییە) کە بەمانای بەھێزی دێت؟!.
دواتر نازانم ئەوانە ڕۆمانەکەیان بۆ خوێنەری کورد وەرگێڕاوە یان عەرەب؟
* لاپەڕە ٣٢ نووسیویانە: (ھێلکە و ڕوون و نان لە سەر سفرەکە دروست
کرابوون). بێگومان ئەمە ھەڵەیە داندرابوون دروستەکەیە.مەرج نییە واتای
پەڕەگرافێک لە ڕۆمانێکدا، بەھەمان شێوەی زمانی نووسراو وەربگێڕدرێتەوە.
بەڵکو دەبێ لەگەل بونیادی زمانەوانی زمانی دووەم بگونجێنرێت.
* لاپەڕە ٣٤ نووسیویانە: (بەلاشەیەکی بێ ھێزەوە چووە نەخۆشخانە).
تائێستاش بەشێکی زۆرلە نووسەر و وەرگێڕەکانی ئێمە(جەستە و لاشە و تەرم
و ڕوفات)لە یەکتری جیاناکەنەوە کە ھەر یەکێکییان بۆ دۆخێکی تایبەتی
بەکاردێن. وادەزانن ھەموویان یەک مانا دەگەیەنن.
* لاپەڕە ٦٩ نووسیویانە: (قژی بە سەر شانی پەخشکردبوو).بێگومان
پەرشکردبوو گونجاوترە.
* لاپەڕە ٧٢ نووسیویانە: ( ڕۆژانی کۆتایی مانگی ئیسفەند بوو). نازانم
مەبەستییان لەو مانگە چ مانگێکی ساڵە؟ئایا ئەوان بیریان لەوەنەکردۆتەوە
کە خوێنەری کورد ئاخۆ دەزانێ ئیسفەند چ مانگێکە؟.
* لاپەڕە ٧٨ نووسیویانە: (فرمێسکەکانی سەر گۆنای دایکی پاککردەوە).
سڕیەوە دروستترە و ھەر ئەم وشەیەش بەکاردێت.
* لاپەڕە ٧٩ نووسیویانە:-( لەماڵەکە فیرار بکات). ئایا ھیچ جوانییەک
لەوشەی فیراردایە؟ھەڵبێت جوانتر نەبوو؟خۆ وەرگێڕان مانای ئەوە نییە دەق
وشەی ئەوزمانە بنووسینەوە کەنووسینەکەی پێ نووسراوە. ئەی وەرگێڕان
مانای چییە؟.نایشارمەوە کاتێ وشەی فیرارم بینی، بەداخەوە فیراربووەکانی
سەردەمی بەعسم بیر ھاتەوە!.
* لاپەڕە ٨٧ نووسیویانە: (پزیشک ئەنجامی تاقیکردنەوەکەیان پێ ئەداتەوە).
ئەو دوو وەرگێڕە وایانزانیوە( پشکنین)و(تاقیکردنەوە) ھەر یەک واتایان
ھەیە. لە کاتێکدا تاقیکردنەوە بە مانای(امتحان)بەڵام پشکنین بە
مانا(فحێ)دێت. کە لەڕاستیشدا پزیشک ئەنجامی پشکنین دەداتەوە نەک
ئەنجامی تاقیکردنەوە،وەک ئەوەی ئەوان تێی گەیشتوون و بەھەڵە
وەریانگێڕاوە..
* لاپەڕە ٨٨ نووسیویانە: ( سپڵی زەڕبەیەکی کوشندەی بەرکەوتبوو). بە
داخەوە بەشێک لە وەرگێڕە ناشارەزاکانی ئێمە، لە بری ئەوەی زمانی کوردی
لە میانەی وەرگێڕانەکانیاندا جوانترو بەپێزتر بکەن، دێن تەعریبی
دەکەن.چونکە ئەوەندە وشەی عەرەبی دەنووسن!!.
* لاپەڕە ١٠٤ نووسیویانە: (تەماشای چاوە شەفافەکانی دەکرد) سەرنج
لەوشەی شەفاف بدەن.
* لاپەڕە ١٠٥ نووسیویانە: (ھەستی کرد فەقەڕاتی تێک شکاوە). سەرنج
لەوشەی فەقەڕاتی بدەن!ئەمە زمانی وەرگێڕانە یان زمانی ئاسایی دەربڕین و
قسەکردن؟
* لاپەڕە ١٢٧ نووسیویانە: ( ئیزعاجتان ناکەین). سەرنج لەوشەی ئیزعاج
بدەن.
* لاپەڕە ١٥١ نووسیویانە: (بوغزێک گەرووی پزیشکەکەی گرتبوو). دەبێ
مەبەست حوزنێک واتا غەمگینییەک بێت،کە زۆرجار مرۆڤ بە ھۆی دڵتەنگییەوە
گەرووی دەگیرێت و قسەی بۆ ناکرێت.چونکە بوغز،بەمانای بوغزاندن و
ڕقلێبوونەوە دێت. پزیشکەکە لەو کاتە ئەو ھەستەی بۆ دروست بووە کە
نازانێ چۆن بە ێەنەم بڵێت پەروانەی دایکت تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە
ودەمرێت.بۆیە ئەوەی گەرووی پزیشکەکەی گرتووە بوغز نییە بەڵکو دڵتەنگییە،
دەبوو ئەو دوو وەرگێڕە ئەو حاڵەتە دەروونییانە لە یەکتری جیابکەنەوە.
* لاپەڕە ١٨٤ نووسیویانە: (بریسکەیەک دای لەخەیاڵی).لێرەدا مەبەست لە
بروسکەیە کەوەک تەزووێک و ئاگاھێنانەوەیەک دەکەوێتە بیری مرۆڤەوە، کەچی
ئەوان کردوویانە بەبریسکە، بێ ئاگا لەوەی بریسک بەمانای بریسکانەوە دێت!
* لاپەڕ ٢٠٩ نووسیویانە:( زەینی تەشەنوجی کردبوو).دیارە نەیانزانیوە
ھاو واتای تەشەنوج لە زمانی کوردی چییە، ھەربۆیە تەشەنوجەکەیان
نووسیوەتەوە!
* لاپەڕ ە٢١٣ نووسیویانە: (ئەگەر ێەنەم بچێتە پەروەرگا).لێرەدا
مەبەست(پەروەرشگا)یە،واتە ئەو خانەیەی منداڵی بێ دایک و باوکی لێ
دەژیت.بەڵام دەبوو ئەو دوو وەرگێڕە بزانن کە لەزمانی کوردی(ماڵی بێ
سەرپەرشتان)و(خانەی نەوجەوانان)و(لانەی بێ دایک و باوکان)بەکاردێت.
چونکە ئەوان ڕۆمانەکەیان بۆ خوێنەری کورد وەرگێڕاوە نەک فارس!
* لاپەڕە ٢١٥ نووسیویانە: ( دەستی بۆ گۆناکانی بردوو لە مسی کرد).
بێگومان ھەموو وەرگێڕانێک،دەبێ لەگەڵ زمانی بۆوەرگێڕدراو
بگونجێت.بۆئەوەی لە کاتی خوێنەوەیدا خوێنەربەئاسانی درک بەمانای وشەکان
بکات.مەرج نییە ھاوواتای ھەموو وشەیەک لە دووزماندا ھەبێت، بەڵام مەرجە
ھاوواتای ئەو وشەیە بکرێت کە لە فەرھەنگی زمانەوانی ئەو نەتەوەیە ھەیە.
لە نێو ئێمەدا چونکە دەزگایەکی تایبەت بە وەرگێڕان نییە،ئیدی ھەرکەسە و
بەپێی تێگەیشتنی خۆی دەق وەردەگێڕێت. ھەربۆیەشە دەبینین بەشێک لە
وەرگێڕانەکان، لەجیاتی ئەوەی زمانی کوردیمان وەک زمانی دایک لاشیرنترو
پیرۆزتربکەن،لەبیرمان دەبەنەوە. پێشنیاریشم بۆ ئەو دەزگایەی ئەو
ڕۆمانەی چاپ کردووە ئەوەیە، کە ھەر ڕۆمانێکییان وەرگێڕا لەھەر
زمانێکەوە دەبێ بنووسن لەو زمانەوە وەرگێڕدراوە. ناکرێ خوێنەر ڕۆمانێکی
وەرگێڕدراو بخوێنێتەوە،بەبێ ئەوەی بزانێت لە چ زمانێک وەرگێڕدراوە!!!
____________________________________________
پەراوێز: ناوی
ڕۆمان (ئازارەکانی کچێک). نووسینی (مەھسا تایع). وەرگێڕانی (کامیل
محەمەد - ھێمن شەریف). بڵاوکراوەی خانەی چوارچرا_سلێمانی ٢٠١٩.
sadiqrwandze@yahoo.com
|