په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠٢٢

رۆمانی ''گۆشەگيری''

خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە.


سەردار رەزا        

- بەشی پێنجەم (کۆتایی) -

کات و شوێن.


کات کەرەستەیەکی ماتریالی نییە بیبینین و بیگرین، یان بۆنی بکەین، یان تامی بکەین، لە ناوەوەی هەر یەکێکمان پانتاییەکی گەورەی قۆرخکردووەو سڵی لێدەکەیەنەوە و دەترسین، زۆرجاریش گوێمان لەوە بووە کە لێرەو لەوێ دەوترێت» کات نەیبڕی دەتبرێ» بۆ چەمکە شمولییەکەی رەنگە وا نەبێ جونکە لە کۆتاییدا هەر کاتە دەمانبڕێت، وەلێ بۆ مەیسەربوونی کارێ بۆ کاتێکی دیاریکراو دەشێ زۆر لە خۆت بکەیت و بەر لە کاتی دیاریکراو بەرهەمەکەت بە دەست بێنیت. کات ژنێکی هێندە شۆخ و شەنگ و بێوێنەیە هەموو زیندەوەرێک ئاشقی بووە تەنانەت لای ئاژەڵەکانیش، ئەوە نییە لە ئەو فیلمە کورتانەی لە سەر ئاژەل نیشان دەدرێت لە زۆربەی هەموو زۆریاندا دەگوترێت» ململانێ لە پێناو مانەوە «. کەواتە کات ئەو ژنە شۆخەیە هیچ کامێکمان لە خەونیشدا ئەو جمالییەتەی ژنەکەمان نەدیوە. ئاشقین و دەستمان لێی بەر نابێت و لێی دەترسین. هەندێکی دیکە بە دیکتاتۆر دەیشوبهێنین کە بە سەر هەر هەموودا زاڵە و دەسەڵاتێکی رەهای هەیە و تەنیا خۆیشی دەمێنێتەوە، تەماشا لە» ئیفلاتون» و ئەرستۆ» وە تا بە کانت و هایدگر و بۆ ئیمڕۆیش شۆڕ دەبێتەوە، باسکردنی کات کۆتایی پێنەهاتووە و کۆتاییشی پێنایەت، ئەوانەی ژیانیان جێهێشت و دوا ماڵئاواییان کرد، مردن و کات هەر نەمرد و وەک خۆی ماوەتەوە و وا ئێمەیەکی زۆر زۆر بچوکیش باسی دەکەین و نابڕێتەوە.


کات توخمێکی سەرەکی رۆمانە وەک کەسایەتییەکان و شوێن، پانتاییەکی بەرفراوان هەم لە خودی رۆمانەکە و هەمیش لە زهنی خوێنەر دەخوڵقێنێت، چەمکێکی بەرفراوانی هەیە و پێویستە رۆماننووس هەر زوو خوێنەر ئاشنای سەردەمی رووداوەکانی رۆمانەکە بکات، ئەگەر لای ئێمە ئاشنا بوون بە کات بە سادەیی دیقەت بدرێ و وا بە ساناییش لێی تێبگەین، ئەوا لای بیرمەندان و فەیلەسوفان چەمکێکی قووڵ و پانتایی و فەزایەکی هێجگار زۆری هەیە. رۆمان بۆ خۆی هونەری کاتە، واتا کات ئێستاتیکا بە رۆمان دەدات بە جۆرێک کە خوێنەر پڕ جێژ دەکات، کاتێک کە خوێنەر ئاشنای کاتەکە بوو ئیدی لە ئێستای خۆی ون دەبێت و دەچێتە ئەوکاتی رووداوەکان و بە ئامان دامانیش دەسبەرداری خوێندنەوە نابێت، با لێرەوە رۆچینە نێو رۆمانەکە سەبارەت بە کات، کاتێک خوێنەر دەخزێتە نێو رۆمانەکە ئەوەی عەوداڵی دەکات و لە سۆراغی بێت زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکەیە، زۆرێک لە سەر ئەوە کۆکن کە کات لە رۆماندا سێ ئاراستەی هەیە، » زەمەنی رووداوەکان، زەمەنی نووسینی رۆمانەکە، کاتی خوێندنەوەی رۆمانەکە» بیروبۆچون و دیدگای بەرفراوانتریش لەم بارەوە هەن، کە هەم هونەریانە و هەمیش زانستیانە لێی دەدوێن، پێمان وایە ئەوەندەی لای خوێنەر گرینگە زەمەنی رووداوەکان بزانێت، هێندە لای گرینگ نییە کە بزانێت کەی نووسراوە، ئەو کاتەیشی دەیخوێنێتەوە لای ئێمە ئەوە کاتی ناوەوەی مرۆڤە هەستی پێناکات، جونکێ خۆی لە ناو کاتەکەیە. نووسەر لە لاپەڕە (١٨) شتێکمان بە گوێدا دەچرپێنێ دەربارەی کات؛ «ئەمە هەموو تێگەیشتنی سوزی بوو بۆ چیڕۆکە پڕ تراژیدیەکەی راکردنی ڤێسنا لە دەست جەنگ و ماڵوێرانی کوشتنی بە کۆمەڵ. ئەمە تێگەیشتنی سوزی بوو کە هەموو جارێک ڤێسنای دەخستە گریان، ل ١٨ » نووسەر لە چەند شوێنی دیکە باس لەوە دەکات کە ڤێسنا لە یۆگسلافیای کۆنەوە هەڵهاتووە، لێرەدا بیرمان بەرەو دونیای شەر و ئاژاوەکانی ئەم وڵاتە دەبات، کە لە ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٢ درێژەی کێشا، وەلێ لوتکە و گەرمی شەڕەکان لە نێوان ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥ بوو، ئەمە کاتی هەڵاتنی ڤێسنایە وەلێ ئەوان لە سەردەمێکی تردان، جارێکی تر کە دێتەوە سەر زەمەن ئاڵۆسکاوی تری دەکات کە دەڵێ؛ «لە کۆنەوە ناوی لە لیستی پۆلیسی تاواندا هەبوو، لە زەمەنی حکومەتی» هیلمۆت کۆڵ «وە، کە بە زەمەنی «مارکی ئەڵمانی» دەناسرێت، ناوی لە مەخفەرەکانی پۆلیسی بەرلین و فرانکفۆرت و میونشن و تەنانەت هامبۆرگیش هەبوو، ل ٣٧» بە هەڵە نەچووبم» هیلمۆت کۆڵ» لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا کۆتایی نەوەتەکان پێنج جار هاتۆتە دەسەڵاتەوە، هەر دەگەڕێین و لە سۆراغی سەردەمەکەین، : «بە رای زۆرێک لە پیشەوەرانی گۆشتی سوور، تەنها دراوێکی نوێی وەک یۆرۆ، بازاڕی ئەڵمانی و کرێی کرێکاری خۆماڵی تێکنەدا، نەخێر….ل ٤٥». بۆ یەکەمجار یۆرۆ لە ١ / ١ / ٢٠٠٢ کەوتە بازاڕەکانەوە، ئێستا شتێکمان بۆ ساغبۆوە لە زەمەنەکە، بیرمان نەچێت کە هەر بەشێک لە بەشەکانی «دوو مێینەکە / کۆڵانی قەیسەر / ئیگۆیەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا / ئەنۆبیس» کە چوار بەشی رۆمانەکەن، هەست بە جیاوازی کاتەکانی رووداوەکانیان دەکرێت، ئەوەی گوتمان لە بەشی یەکەمدایە، پێویستە بۆ خوێنەر لە بری نووسەر ماوەکە شیبکەینەوە» ماوەی رووداوەکانی رۆمانەکە» کە لە دوا بەش و لە» ئەنۆبیس» سەفەر دەکات بۆ قاهیرە ناراستەوخۆ کاتەکەمان پێ دەڵێ؛ «لە فڕۆکەخانەی قاهیرە توانی لە دە خولەکدا ڤیزە وەربگرێت و لە گەڵ یەکەم تاکسیدا خۆی کرد بە جەنجاڵی قاهیرەدا، لە تاکسییەکەدا، شۆڤێرەکە باسی ئەوەی بۆ کرد ئیخوانەکان هەموو گەشتیاری بیانیان بە گسکی ئیمانی مورشیدی ئەعلا راوناوە، ل ٢٢٥» ئێستا زەمەنی ئیخوانەکانە کە دەکەوێتە نێوان ( ٢٤ ی یونیوی ٢٠١٢ ) بۆ ( ٣ ی یولیوی ٢٠١٣ ) ، بەم پێیە ئێمە دوای ٢٢٤ لاپەڕە خوێندنەوە لە بەش و لایەنێکی زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکە بە جۆرێک لە جۆرەکانی زەمەنی ناوەکی ئاشنا بووین. ئێمە دەمانەوێ بە سادەیی لە رۆماندا لە کات تێبگەین جونکە رۆمان شیعر نییە بۆ دەستەبژێر بنووسرێت، «دەگوترێت لێرەدا دوو پرسیاری بنەڕەتی سەر هەڵدەدات، دەکارێ لە بارەی کاتەوە بیانسەپێنیت، یەکەمیان ئەوەیە کە؛ کات چییە، دووهەمیشیان؛ چۆن کات پێوانە دەکەین، پرسیاری یەکەم پەیوەستە بە فەیلەسوفەکان و دووهەمیشیان بە فیزیککاران و زانایانەوە، زۆرینە پێیان وایە پرسیاری یەکەم بێوەڵام دەمێنێتەوە، لە بەر دژواری و سەختی خەیاڵکردن لێی، » سانت ئۆگستن» لە دانپێدانانەکانیدا دەڵێ؛ ئەگەر کەس پرسیارم لێ نەکات کات چییە ئەوا دەزانم، وەلێ گەر ویستم بۆ پرسیارکەرێ شرۆڤەی بکەم، ئەوا نازانم»٢٣. کەواتە کات شرۆڤەکردنێکی سەخت و قووڵی هەیە، کاتێک دێینە سەر ئەوەی چۆن کات پێوانە بکەین، ئەوا گۆشەگیری لەم بیرە فەلسەفییەمان دەئاڵێنێ، وەک سەرپێیش دیقەتی بدەین ئەوا هێشتا زەمەنی رۆمانەکەمان نەدۆزیوەتەوە، « ‘ کانت ‘ جەخت لەوە دەکاتەوە کات چەمکێکی ئەمپێریا نییە لە ئەزموونەوە وەرگیرا بێت، جونکێ لەگەڵبوون هاوشێوەی بە دوای یەکبووندایە، هەستی پێناکەیت ئەگەر بنەمایەک بۆ کات دانەنێیت، بەم جۆرە خەیاڵکردنی شتێک لە چوارچێوەی ئەم مەرجەدا بە تەنها توانایی هەیە، کات پێشینە بە دەستدراوێکە، لە بەر ئەوە دەکارێ تەنها پێشبینی دیاردەکان بکەین کە چاودێری دەکەین، بەم شێوە دەتوانین خەیاڵکردنی دیاردەکان رەشبکەینەوە، وەلێ ناتوانین کات بسڕینەوە کە بۆ خۆی پیشینەیەکە» بوونی هەیە» ، لە بەر ئەوە هەڵدەستین بە تێگەیشتنی دیاردەکان، لە سەر ئەگەری کاتە لە پێشینەکان، توانای پرنسیپە یەقینییە پەیوەندییەکانی کات دادەمەزرێت، کات جگە لە تەنها رەهەندێک هیچی دیکەی نییە، کاتەکان جیاوازن پێکەوە نین وەلێ بۆ خۆیان بە دوای یەکەوە دێن» ٢٤. لێرەدا ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە نووسەر خۆی نەیتوانیوە بە زنجیرە گرێمان بدا بە کاتەوە لێ گەڕاوە ئێمە بۆ خۆمان لەو سۆراغەدا بین، نموونەیش لە بەر دەست هەن، لەم دوو هەڵە مێژووەی ناو رۆمانەکەوە؛ «جاری یەکەم لە دوای شکستی کۆماری مهاباد بوو لە ساڵی ١٩٤٦ کە ژەنڕاڵ مەلا موستەفای گەنج بەرەو مەنفای سۆڤیەتی کۆچی کرد و جاری دووهەمیش بە پیری لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو مەنفای ئەمریکا کۆچئ کرد ل ١٢٣»، راستە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦ دامەزرا و هەر لە هەمان ساڵ رووخا، وەلێ مستەفا بارزانی لە ١٨ / ٦ / ١٩٤٧ ئاوارەی یەکێتی شوورەوی بوو، جاری دووهەمیش مستەفا بارزانی ١٩٧٥ ئاوارەی ئامریکا نەبوو، وەلێ شۆڕشەکە لە ١٩٧٥ بە پیلانێکی نێو دەوڵەتی شکستی هێنا دەنا بۆ خۆی ئەگەر هەڵە نەبم لە ١٩٧٦ بەرەو ئامریکا رۆیشتووە.

قسەیەکی باوی ئەفلاتۆن هەیە دەڵێ؛ «هەموو قۆناغێک لە رووداوێکی پێشووەوە بۆ رووداوێکی دادێ دەڕوات». ئێمە وای دەبینین لەم رووانگەوە رووداوەکان بە تێپەڕبوونی هەموو قۆناغەکان بە هەموو کایەکانییەوە پێکەوە گرێدراون، کەوابوو هەموو ئەو جیرۆک و رووداوانەی ناو رۆمانێک پێکەوە گرێدراو و پەیوەست بە یەکن و بە جۆرێ لە جۆرەکان رایەڵەی پەیوەندی نێوانیان بە هێزە.

شوێن لەگەڵ ئەوەی توخمێکی سەرەکی و گرینگی رۆمانە، هاوکات جێ بایەخی بیرمەندان و رەخنەگران و خودی رۆماننووسانیشە، ئیدی چەند نووسەر کاریگەریانە وەسفی بکات، ئەوا لای خوێنەر رەهەندێکی دەروونی و هێماگەلێکی توند و کاریگەرتر بە قووڵایی ناخی هزر و بیریدا دەگەیەنێت، ئەوە دەکەوێتەوە سەر پانتایی بیر و هزری نووسەر کە بە عەقڵانیەتێکی ئەوتۆ بێتەگۆ خوێنەر لە گەڵ رۆمانەکە بکاتە یەک جەستە. ئێمە ئەگەر بێتو بە وردی شرۆڤەی کات لە گۆشەگیریدا بکەین ئەوا ئەوەندەی تا ئێستا نووسیومانە زۆر زۆر کەمن تەنها ئەگەر بۆ شوێنی بنووسین، ئێمە هاتووین زۆر بە کورتی بەرکوڵ و بەرچاو روونییەک لە هەمبەر هەمەلایەنی ئەم رۆمانە بخەینە بەر دیدی خوێنەر، هەرچەندە دڵنیاین لایەنی زۆری رۆمانەکەیش فەرامۆش دەکەین، چونکە مرۆڤی ئەمرۆ بە داخەوە حەوسەڵەی ئەوەیشی نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایکێک بۆ هاوڕێکەی بکات، چ جای بێتە سەر ئەم درێژکردنەوەی شرۆڤەیە.

هەر تاکێکی ئاسایی لە هەر شوێنێک بێت بایەخ بە شوێنی خۆی دەدات، ئیدیۆمی کوردیش هەیە دەڵێ؛ «بزن بۆ شەوێ جێگای خۆی خۆش دەکا»، کەواتە شوێن بۆ هەموو زیندەوەرێک گرینگی هەیە، ئیدی جوان و پاک راگرتنی شوێنیش وەک ئەوەیە نووسەر بە جوانی و سەلیقەییەوە تەوزیفی شوێنەکەمان بۆ بکات، دیقەت بدە، سەبارەت بە ئەو لایەنە باوەی لە کوردستەندا هەیە، باسی گەلانی دیکە ناکەین رەنگە زۆر لە پاشتریش هەبن، وەلی بە دڵنیاییەوە زۆر پێشکەوتووتر هەیە، کاتێک پیاوی ماڵ دێتەوە ناوماڵ بە سەر یەکەوە شێواوە هاواری لێهەڵدەستێ کە بۆچی ناوماڵەکە وا لەوتاو و پیس و پۆخڵە، ئەگەر لە ئەوروپایش بیت کە دێیتەوە بە نەرمی ئەو پرسیارە بە دیوێکی دیکە دەکەیت و خودی خۆتیش هاوکار دەبی لە رێکخستنەوەی ماڵەکە، ئەمیش بەڵگەیەکی دیکەیە کە شوێن لای هەر تاکێکمان جێ بایەخی خۆی هەیە.


ئێمە پێویستمان بەوە هەیە نووسەر نەشارەزایی ئێمە بکا بە ئاشنا بوونێکی تەواوی ئەو شوێنانەی رووداوەکانی تێدا روو دەدەن، کۆڵانی خوار و خێچ کە جێ مشتومڕی سوزی و ڤێسنایە، لە رووی تەوزیفکردنییەوە ناتەواو و و هەژارە، زۆر شۆڕنابینە نێو ژانرەکەوە، کۆڵانی قەیسەریش کە پاژی سێیەمی رۆمانەکە هەر بە ناوی کۆڵانی قەیسەرەوەیە بە هوردی بۆ مان شیناکاتەوە، با بزانین چۆن لێی دەدوێ، لە لاپەڕەی یەکەمی کۆڵانی قەیسەر دەڵێ؛ «لە سەر سووچی کۆڵانەکەی تر راوەستابوو کە بە» کۆڵانی قەیسەر» ناسرابوو، ڵ ٨٧» پاشان و دوای چەند دێرێک لەمە دەڵێ «مامە عەزە لە سەرەتای» کۆڵانی قەیسەر» وەستابوو، کە بە کایسەر گاسە «Kaiser Gasse » ناسراوە، ئەو کۆڵانەی تەنیشت فراون گاسەوەیە» Frauen Gasse » کە مانای کۆڵانی ژنان دەگەیەنێت، ئەم کۆڵانەیش بە پێچێکی بچوک دەچۆوە سەر» خانەی ژمارە چل و حەوت» کە ئەویش لەشفرۆشخانەیەکی یان بڵێین بۆردێلۆیەکی گەورە بوو، بۆ ماوەی بیست و چوار کاتژمێر لە بەردەم پیاوە ئازادە ………. کراوەبوو، لە سەرێکی ترەوە دەچووە سەر ئەو کۆڵانەی ڤێسنا ناوی نابوو» کۆڵانە خوارەکە» کە ئەویش دواجار دەکەوتە سەر شەقامە سەرەکیەکە.ل٨٧ ». پێمانوایە بۆ رۆمانێکی ئاوا ئەم دەستنیشێنکردنەی کۆڵانی قەیسەر نەمازە کە بەش یان پاژێکی تایبەتی رۆمانەکەی وەرگرتووە هەم کەمە هەمیش لای خوێنەر ناڕونە، دوای چەند لاپەڕەیەک گۆڕەپانی فردریکیشی بۆ زیاد دەکات؛ «سنوورەکانی ئەم وڵاتە توند و داخراو بوون، ئەو لەو زەمەنەوە، ئەم هاتوچۆی کۆڵانی قەیسەر و کۆڵانی ژنان و گۆڕەپانی فردریکی چواردە» Friedrich der Vierzehnte » دەکات.ل ٩٩» بابزانین دواتر چی دبێژێت، ؛ «ئەم هەموو خەمە وردانەی تێدا تەقاندبۆوە و لە سەر سوچی کۆڵانی قەیسەر چەقی بەستبوو، کە بە نێوی قەیسەرە شکۆدارەکانەوە ناونرابوو، کە راستییەکەی کۆڵانی شکۆ نەبوو. ل ١٣٤ » خوێنەر پێویستی بە ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە بە وردی هەم ئەم کۆڵانە و هەمیش کۆڵانی خوار و خێچ و هەمیش ئەو پانتاییە بەرفراوانەی سێ کیشوەر ئەوە دەهێنێ لە رۆمانێکی وادا دە لاپەڕەیەکی بۆ تەرخان بکەی «شوێن لە ڕۆماندا گرینگییەکی زۆر داگیر دەکات، نەک لە بەر ئەوی توخمێکی هونەرییە، یان شوێنی ئەو رووداوانەیە کە تێیدا روودەدەن، و کەسایەتییەکان تێیدا جوڵە دەکەن، بەڵکو لە هەندێ کاری ناوازەدا بۆ کەشێک دەگۆڕدرێت هەموو توخمەکانی رۆمانی تێدا بەرجەستە دەبێت، بە رووداگەل و کەسایەتییەکانەوە، و ئەو پەیوەندیانەی لە نێوانیاندا هەیە، ئەو پانتاییە دەڕەخسێنێت کە کاری تێدا دەکات، و بیروبۆچوونی خۆی تێدا دەردەبڕێت، خودی خۆی دەبێتە هاوکارێک بۆ گەشەکردنی بونیاتی رۆمانەکە، و هەڵگری دیدگای پاڵەوانەکە، و نوێنەرایەتی و تێڕوانینی دانەریش دەکات، بەم جۆرە شوێن وەک پارچە کۆتاڵێک نییە سەبارەت بە تابلۆیەک، بەڵکو ئەو پانتایەیە کە لە تابلۆکەدا دەیخوڵقێنێت» ٢٤. ئەم سەرچاوەیش بۆ زێتر بەرچاوڕوونی خوێنەرانی ئەم شرۆڤەیە هێنامانەوە.

کەسایەتییەکان و گفتوگۆ.


ئەگەر نەڵێین تەواوی بنەما سەرەکییەکانی رۆمان هەر هەموو پێکەوە گرێدراون ئەوا جگە لە نێو رۆمانیش ژیانی ئاسایی مرۆڤ خۆی لە خۆیدا گرێدراوێکی بتەو بەهێزی «کات و شوێن بۆ کەس و گفتوگۆ» هەرگیز بێدابڕان نابن. کەسایەتیش وەک هەر توخمێک لە توخمەکان بە بۆچوونی ئێمە نەبوونی کەسایەتی لە رۆماندا وەک ئەوەیە زەوی کەسی لە سەر نەژی، ئەمە بۆ رۆمانە ئەفسانەییەکانیش راستدەکەوێتەوە، لەوێش لەبری مرۆڤ زیندەوەر یان بێگیان کەسایەتییەکانن، کەسایەتی بۆ خۆی سەر بە چیرۆکەکەیە نەک بە وتار، رۆماننووس گەرەکە هەر لە رستەی یەکەمەوە ئاماژە بەسیمای کەسایەتی و کێشمەکێش و رەوتی نێو رۆمانەکە بدات، نووسەر هاتووە لایەنی دووەمی ئەنجام داوە، وەلی ئەو کەسایەتییانە رۆڵی ناوەندیان لە رۆمانەکەدا هەیە، واتا ئەو کەسایەتییانە نین پاڵەوانی سەرەکی بن. کاتێکیش خوێنەر بە پاڵەوان ئاشنا دەبێت، لە چوارچێوەی ئەودا وەک لوغزێک شاردراوەتەوە، ئەمە پێدەچی هەمان ئەو ڕێچکەی کافکا بێت کە لە کەسایەتی» کۆشک» دا بە پیتی» کاف» باسی دەکات، هەرچەندە کافکایش لەم کارەیدا داهێنانی نەکردووە وەلێ لە ناو کۆمەڵی ئاوروپایی وەرگرتووە، بە دەستکارییەوە، ئەمە رێچکەیەکی هاوچەرخی ئەدەبە، لە هەمانکات ناکرێ خوێنەر لە قوڵایی کەسەکان تێ نەگات، لەوانە ئێمە» ئەو» لەم رۆمانەدا بە کەسایەتییەکی سووڕاو دەبینین وەک رووەکانی؛ کەلتوور و داب و نەریتی رۆژهەڵاتی، پاشان هەڵگەڕانەوە و لە دونیای گاڵتەجاڕی خۆیدا ریسوای دەکات، وەک لە سەفەرەکەی قاهیرەیدا دەردەکەوێت، دیوێکی دیکەیش هەڵگەڕانەوە بۆ کەسێکی هەوەسبازی سیکسی کە لە گۆمەڵگای خۆی وانەبووە، » وایش بوو بێت وەک ئاوروپا بە ئاشکرا نەبووە» ،«کەسایەتی رۆمان لای هەندێک لە رەخنەگرە فەڕەنسییە هاوچەرخەکان، هەروەک، کەسایەتی سینما؛ یان شانۆییە، لە دونیای ئەندێشە دانابڕێت، کە بە بەنرخی دەزانیت، لە زیندەوەران و شتەکان تێیدا، ناکرێ کەسایەتییەک لە هزرماندا بوونی هەبێت، وەک ئەوەی هەسارەیەکی دی بێت، بەڵکو پەیوەستە بە سیستماتیکێک، بە هۆیەوە، تەنها ئەو بە هەموو رەهەندەکانییەوە لە ناوماندا دەژی» ٢٥. دیسانەوە لە رۆمان کەسایەتی رووکەش یان بڵێین خەسڵەت جێگیر هەیە، ئەم دوو دیوە کەسایەتییە چەند رەهەندێکیان هەیە؛«رەهەندی دەرەکی، رەهەندی ناوەکی» دەروونی» ، رەهەندی کۆمەڵایەتی، رەهەندی فیکری» دوای خوێندنەوە هەست بە غیابی بەشێک لەم رەهەندانە دەکەین..


گفتوگۆ بەشێکی هەرە گرینگی نێو چیرۆکە بێ گفتوگۆ تەواوی رۆمانەکە لە جیهانی لوغز دەسووڕێتەوە، تەنانەت لە چیرۆک و فیلمە ئەفسانەییەکانیش دەبینین ئاژەڵەکان لە گەڵ یەکدی گفتوگۆ دەکەن، ئەم گفتوگۆیانەیش لە ناو چیرۆک و نۆڤێلت و رۆماندا سێ جۆریان هەیە؛ «گێڕانەوە، راستەوخۆ یان» بەدوای یەک» ، خودی» ، لە رۆمانی گۆشەگیریدا ئیسماعیل حەمەئەمین جۆری یەکەمیانی پێڕەو کردووە، لە ڕێی گفتوگۆکانی کەسایەتییەکانەوە خوێنەر ئاشنای خودی کەسایەتییەکان و نهێنییەکانیان تا دەگاتە خەسڵەت و ئاکار و بیرکردنەوەکانیان دەبێت، هەر گفتوگۆ کێشەکان ئاڵۆز دەکات و دەیگەیەنێتە ترۆپکی پڵۆتەکە» الحبکە» هەر ئەویش دایدەمرکێنێتەوە و بەرچاوڕوونییەک دەداتە خوێنەر و ئاوەزی بەئاڵۆسکاوی جێناهێلێت، هەروەها فاکتەرێکی گرینگە بۆ چارەسەرکردنی لایەنی مێژوویی رۆمانەکە و بە سانایی چارەسەری دەکات، فاکتەرێکی دیکەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانە بۆ گەیاندنی بە خوێنەر، کاتێک خوێنەر ئەو هەموو گێڕانەوەیە دەخوێنێتەوە دووچاری وەڕسبوون و بێزاری دەبێت کە نۆبەتی گفتوگۆ دێت مێشکی پشوویەک دەدات و هەناسەیەکی درێژەدانی خوێندنەوە هەڵدەکێشێ هەندێ جار دەگاتە ئەو ئاستەی وەک ئەوە بێ کە هیچ ناخوێنێتەوە ئەمە لە کاتێک ڕوودەدات کە خوێنەر بە جۆرێ ئاوێتەی رۆمانەکە بووە دەیەوێت هەرچی زووترە بە دەرئەنجام بگات، کارێکی گرینگ لایەنی سۆزدارییە کە ئەویش هەر لەم رێگایەوە جارەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی بایەخ بە لایەنی هونەری دەدەن هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ ختوکەیان دەدات، بۆیە فەزای سۆز و پێکەنین و گریان غیابی دەبێت، هەڵبەت مەبەستمانە ئەم حاڵەتانە لای خوێنەر بخوڵقێنێت، من لێرەدا بۆ گۆشەگیری هیچ ناڵێم چونکە هەر تاکێک لەوەی رۆمانەکەی خوێندبێتەوە بە ئاشکرا هەست بە لایەنی لاوازی دەکات، لە ڕووی گفتوگۆوە ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا بێت، بە هەق دەموودوویەکی نێو رۆمان و واقیعیانەی نێو کۆمەڵ بێت، ئەوەی لە نێوان ڤێسنا و سوزی هەر لە سەرەتاوە روو دەدات، دواییش ئەو گفتوگۆیەی لە» کۆڵانی قەیسەر» هەست پێدەکەین، لە؛ «ئێگۆیەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا» نووسەر هەندێ ساردبوونەوە یان بێزاری پێوە دەرکەوتووە، وەلێ لە «ئەنۆبیس» دا، هێندەی باکگراون دەبینرێ هێندە واقیعی رۆمانەکە و گفتوگۆ نابینین.


دەرئەنجام.


سەرباری هەموو ئەو تێبینیانەمان بە گیانێکەوە مامەڵەمان لە گەڵ رۆمانەکە کردووە کە دوورونزیک پەیوەندی بە ناسین و نە ناسینی نووسەرەوە نییە، برای ئازیزمان کاک ئیسماعیل حەمەئەمین نووسەرێکی دیار و خاوەن قەڵەم و رێچکەی تایبەتی خۆیەتی، لایەنە باشەکانی رۆمانەکە هەر کەسێک رۆمانەکەی خوێندبێتەوە هەستی پێکردووە ئێمەیش هەروەها دەستخۆشانەی لێدەکەین، بە هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی. لە دوماهیشدا ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو:


١- دەکرا ئەم رۆمانە چوار رۆمان بوایە لە بری یەک رۆمان، ئێمە لای خۆمانەوە ئەو خەسڵەتانەی تێدا دەبینین، وەک چۆن» نەجیب مەحفوز» سییانەی هەیە، با ئیسماعیل حەمەئەمینیش جوارانەی هەبایە، ناڵێین چوارینە با نەچێتە خانەی شیعرەوە، دەکرا لەو چوار رۆمانەدا چارەسەری تەواوی کەموکورتییەکانی بکردایە و ئەو پەلەپرووزێیەیشی پێوە دیار نەدەبوو.
٢- ئەگەر نووسەر بۆ جێ پێگەیەکی پێوانەیی کار دەکات، کە ئەوە خواست و ماندووبوونی هەموو تاکێکە هەر یەک لە بوارەکەی خۆیدا، ئەوا بەڕای ئێمە رۆمانەکە لە چوارچێوەی» هاوڕەگەزخوازی» دا بووایە، سنوورێکی تری دەگرت و لە دەرگایەکی تری دەدا، هەر جەندە لێرە زۆرزۆر بەکەمی باسی لێوە کردووە.
٣- لە کات و شوێن و سەردەم و گێڕانەوەی باکگراون، گەڕانەوە بۆ رابردوو خوێنەری تووشاری وەڕسبوون کردووە، نووسەر بە کارزانی و لێزانانەی خۆی دەیتوانی ئەم حاڵەتانە چارەسەر بکات.
٤- دووکاری گرینگ لە رۆمانەکە لە بیرکراون کە لە ناوەوەیش بە کورتی باسمان لێوەکرد، ئەویش لایەنی سۆزە، هەموو رۆمانەکەمان خوێندەوە نەگریاین نە پێکەنیین، کەسێکی گرژ و مۆن لە ناو غەریزە هیچ و پوچەکانمان پەنگمان دەخواردەوە و هیچی تر. لە عەوداڵی ئەو دەربازبوونەیش بووین لەو دونیا ئاڵۆسکاوەی بۆی خوڵقاندین و نەگەیشتینە دەرئەنجام.
ئەوەی ماوە لە یەک دێردا بڵێین: ئەوەی باسمان کردن بەکورتی و پوختی بوو، جا یا راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ لێی دوواین.
بمێنن بە خۆشی و ماندووم کردن …..


ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون:


١- خەونی نووسین لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسییەوە دڵشاد خۆشناو / دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم - ٢٠٢٠.
٢- رۆمانی گۆشەگیری / ئیسماعیل حەمە ئەمین - پرۆژەی کولتور بە هاوکاری ناوەندی کەپر/ ٢٠٢٠.
٣- أنطولوجیا اللغە عند مارتن هیدجر - أبراهیم أحمد، أستاذ جامعە مستغانم - الجزائر/ الدار العربیە للعلوم الناشرون - منشورات الاختلاف - ٢٠٠٨.
٤- شۆبنهاوەر الفلسفە و العزلە / عبدالرحمن کیبش / سایتی ASJP لە رۆژی ٣٠ / ١٢ / ٢٠١٣
٥- هەمان سەرچاوەی پێشوو.
٦- أشکالیە الوجود و التقنیە عند مارتن هیدجر- أبراهیم أحمد - منشورات الاختلاف - الدار العربیە للعلوم - ناشرون، الجزائر - ٢٠٠٦
٧- الحلقە المفقودە، الکشف عن أصل البشری الاول - کۆلین تادج - و - جوش یونج - ترجمە مروە هاشم - منشورات الکلمە - أبوظبی - الامارات ٢٠١١
٨- فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان - د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥
٩- هەمان سەرچاوە…
١٠- هەمان سەرچاوە.
١١- بنیە الشکل الروائی - الفضا‌ء، الزمن، الشخصیە - حسن بحرانی / المرکز الثقافی العربی - بیروت ١٩٩٠
١٢- هەمان سەرچاوە
١٣- فێرجینیا وۆڵف - بێرنارد بلاکستون - دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسییەوە ناهید رۆستەمی/ ٢٠٢٠
١٤- خەونی نووسین، لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسییەوە دڵشاد خۆشناو. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم - ٢٠٢٠
١٥- فێرجینیا وۆلف - بێرنارد بلاکستون - دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسییەوە ناهید رۆستەمی- ٢٠٢٠
١٨- جینالوجیا التراث، الاصول التراثیە، للهویە الثقافیە، علی أسعد وطفە، موقع watfa.net فی ٧ / ٣ / ٢٠٢١.
١٧- الروایە بین الایدیولوجیا والفن، الروایە اڵردنیە أنموذجا/ د. حنین أبراهیم معالی / عمان- الاردن، الان،
١٨- الروایە السیاسیە و التخیل السیاسی / بقلم جمیل حمداوی، دیوان العرب. ١١ / ٣ / ٢٠٠٧
١٩- هل یمکن تحیید الایدیولوجیا عن ملامح النص الروائی / یوسف المحیمید / جریدە الشرق اڵوسگ / الملاحق- پقافە / ١٢ / ٢ / ٢٠١٧
٢١- الحبکە و أنواعها فی الروایە - نهضە الشریفی - موقع أشراقات قرانیە / لیوم ٢٢ / ١ / ٢٠٢٠ ، والمسندە الی» فی النقد الادبی الحدیث’ ١٣٣
٢٢- هەمان سەرچاوەی پێشوو.
٢٣-  المکان والزمان لدی کانط / بقلم مثنی حامد / مجلە الکلمە اللندنیە العدد ٤٣ فی نوڤمبر ٢٠١٠ .
٢٤- جمالیە المکان فی الروایە / بقلم، أحمد زیاد محبک - دیوان العرب اللاکترونیە، ٦ / ٦ /٢٠٠٥
٢٥- فی نظریە الروایە / بحپث فی تقنیات السرد / د. عبدالملک مرتاچ - المجلس الوطنی للثقافە والفنون واڵاداب / الکویت. ١٩٩٨
• عەبدولباقی یوسف / رۆماننووس و ئەدیبی کورد - ١٩٦٤ لە هەسەکە لە دایک بووە، لە سەر ئاستی وڵاتانی عارەبی نووسەرێکی دیار و بەرچاوە. دەیان بەرهەمی چاپکراوە، هەر لە رۆمان و چیرۆک و توێژینەوە.
• پی. دی. جێمز، یەکێکە لە بەرجەستەترین و خۆشەویستترین نووسەرانی بەریتانیا، ئەو ماوەیەکی زۆر بە (شاژنی تاوان) ناسراوە، و بە پێشڕەوی رۆماننووسەکانی دەقی پۆلیشی دەژمێردرێت، ساڵی ١٩٢٠ لە ئۆکسفۆرد لە دایک بووە، لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا لە ١٩٦٢ یەکەمین رۆمانی خۆی بە ناوی» دەموچاوی داپۆشە» بڵاو کردۆتەوە.

____________________________________________________

بەشی چوارەم: https://emrro.com/romanigoshegiriy4.htm 

بەشی سێیەم: https://emrro.com/romanigoshegiriy3.htm
بەشی دووەم: https://emrro.com/romanigoshegiriy2.htm

بەشی یەکەم: https://emrro.com/romanigoshegiriy.htm

 

ماڵپه‌ڕی سه‌ردار رەزا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک