په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١٩

رۆمانی پاسەوانانی خودا

لە نێوان زەمەنی داخراو و زەمەنی کراوەدا.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


گفتوگۆی برگسۆن* و ئاینشتاین* لە بارەی زەمەنەوە گفتوگۆیەکی سایکۆلۆجی/ فیزیاییە، بەڵام ھەندێ لە فیزیاییەکان دەیانەوێ تێگەیشنێکی تاکڕەھەند بە زەمەن ببەخشن و ئەو کەلێنە دابخەن، کە ئەپیکۆرییەکان بە کراوەیی جێیانھێشتووە! لێرەدا گرفتی قسەکردن لە سەر زەمەن لە لای برگسۆن قسەکردنە لە زەمەن وەک مەسەلەیەکی خودی، وەک مەسەلەیەک کە بە مرۆڤەوە بەندە، بەڵام لای ئاینشتاین و قسەکردنە لە سەر حەقیقەتێکی بابەتی کە بە دەرەوەی مرۆڤەوە دەلکێ.

زەمەن چییە؟ ئەو پرسیارە دێرینەی، کە (ئۆگستین)*ی مەزن بەرزی کردەوە، وەک دەبینین لای برگسۆن لە دەیموومەدا خۆی دەبینێتەوە... برگسۆن رەھایی لە بەردەوامییدا دەبینێتەوە، پێیوایە بەردەوامی زەمەنی حەقیقییە.. ئەو زەمەنەیە کە مرۆڤ تێیدا دەژی، بۆیە دەبێ مرۆڤ لە جیھانی دەرەوە دوور بکەوێتەوە، بەرەو ناوەوە، چونکە ھەر لە ناوەوە ھەست بە ھەڵقووڵینی زەمەنی حەقیقی دەکات، زەمەنێک کە رابردوو و ئێستا لەیەک باردا کۆدەکاتەوە و سەر لە نوێ بەرەو داھاتوو پاڵی دەنێت. برگسۆن دەیەوێ (بوون) لە سەر دەیموومە وێنا بکات. لەبەر ئەوەی (دەیموومە-بەردەوامی) دێ و دەڕوا، بۆیە قبولی دابەشبوون و بەش بەشبوون ناکات.. بەردەوامی پێشکەوتنی رابردووە، کە داھاتوو بەرھەم دەھێنێ، ھەرچەندە پێشبکەوێت گەورە دەبێت. ھەر لە سەر ئەو بنەمایەش (من/الانا) لای ئەو یەکێتییەکە دابەش نابێت. ئازادیش بە دەیموومەوە بەند دەکات، دەیموومەیەک کە جیابوونەوە ناس ناکات، یەکێتییەک پێکدەھێنێ کە ناشێ بە سەر ساتەوەختدا دابەش بکرێت. بەمجۆرە ئازادی تەعبیر لە کەسێتی دەکات. ھەڵبەتە برگسۆن بۆ جەختکردن لە تێزەکەی مۆزیکا و شێوازی ئاگایی وەک نموونە دەھێنێتەوە..* کەواتە لای برگسۆن جەوھەری ئێستا، رابردووە.

زەمەن لە چەندین وێنەدا.

پەرتووکی (جدلیە الزمن)ی باشلار* دیموومەی زەمەن بەو مانایەی کە لای برگسۆن ھەیە، رەتدەکاتەوە و دەڵێت زەمەن بەیەکەوەلکاو نییە، بەڵکو بەیەکەوەنەلکاوە (متێل نییە، منفێلە).. ھەروەھا دەڵێ بە ھۆی فیکری بەیەکەوەنووساوەوە (متێل) ناتوانین بە شێوەیەکی جەوھەری بەرەو یەکێکی دیکە بگوازینەوە.. ئەگەرچی دەیموومە پێدراوی راستەوخۆی ئاگاییە، بەڵام ئەو دیموومەیە دەستەمۆیە، کەواتە ئاگایی لە شارەزایی دەرەکی وەرگیراوە، چ بە ھۆی (دابڕان یان بەردەوامی) بێت. بەو مانایەش لای باشلار ئاگاییمان بە زەمەن، ئاگاییە بە ساتەوەخت: زەمەن واقیعی نییە تەنھا لە چرکەساتدا نەبێت. کەواتە باشلار لەگەڵ تێزی فەلسەفی (ساتەوەخت/چرکەسات- اللحڤە-Instant) و پەرتووکی (Siloce)ی (گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel) یەکدەگرێتەوە و لە تەواوی پەرتووکی (حدس اللحڤە) پشتگیری لە تێزەکەی ئەو دەکات. (رۆبناڵ-Roupnel) پێیوایە واقیعی زەمەن تەنھا لەو چرکەساتەدایە، یان بە مانایەکی دیکە زەمەن واقیعێکە بە چرکەسات ئابڵوقەدراوە و دەکەوێتە نێوان دوو عەدەمەوە. کەواتە زەمەن لە نوێوە دەژی، بەڵام بەر لەوە بژی، دەبێ بمرێ، چونکە ناتوانێ خۆی لە ساتێک بۆ ساتێکی دیکە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە دەیموومە.*

لە رستەیەکی فەلسەفیدا باشلار دەڵێت: من ھەموو شتێکم ونکردووە بۆ ئەوەی ھەموو شتێ بەدەستبھێنم. بەمجۆرە لای باشلار ھونەر، دابڕان لەگەڵ بەردەوامی ژیانی رۆژانەی باو دروست دەکات. چونکە بەردەوامی ژیان نابەردەوامی لەدایکبوونە.* ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، ھەر لەو حاڵەتەدا ھەستدەکەین ھەین، واتە لەو ساتەوەختە و بە ھۆی ئەو چرکەساتەوە ھەست بە بوونی خۆمان دەکەین. لە نێوان ھەستکردن بە ئێستا و ھەستکردن بە ژیان ھاویەکییەکی (وەکیەکی) رەھا ھەیە. لێرە لە دیدی ژیانەوە دەتوانین ھەوڵدەین بە ھۆی ئێستاوە لە رابردوو بگەین، بەبێ ئەوەی بەردەوام ھەوڵدەین بە ھۆی رابردوو راڤەی ئێستا بکەین.

زەمەن چییە؟ دەتوانم بڵێم لە کۆی گێڕانەوەکانی (عەتا محەمەد)دا مرۆڤ لە چەندین وێنەدا بە زەمەنی ساتەوەختەوە دەلکێ، بەردەوام زەمەن بە کراوەیی بەجێدەھێڵێ، بەو مانایەش وێنەکانی عەتا محەمەد ناڕاستەوخۆ دەکەونە ساتەوەختەوە، لە رۆمانی پاسەوانانی خودا- مێژووییەکی تر بۆ بینینی خۆمان (لە ناوەندی رۆشنبیری و ھونەری ئەندێشە چ ٢ ساڵی ٢٠١٦ پێدراوە) وێنەکان بە دوای خەلق کردن و عەشق و عەدەمەوەن، کۆی رووداوەکانی ئەو رۆمانە لە ساتەوەختێ لە دایک دەبن، کە دەیموومەی نییە، وەک چۆن ھێل لە خاڵ پێکھاتووە، ئەو رۆمانەش لە کۆمەڵێ رووداو پێکھاتووە. (ھیچ ئەسڵێک بوونی نییە، ژیان بریتییە لە ژیانی وێنەکان... ئەوەی پێشیدەوترێت رۆح یان جەوھەری مرۆڤ، ھیچ نییە جگە لە ھەوڵێک بۆ دەربازکردنی مرۆڤ لەو وێنە سێڕەھەندییەی درێژی و پانی و بەرزی، بۆ ئەوەی رەھەندێکی تری بداتێ، کە قوڵاییە، بۆ ئەوەی لە گیاندارەکانی تری جیا بکاتەوە. پاسەوانانی خودا ل١٥٣).

زەمەن چییە؟ دەتوانم بڵێم کاراکتەرەکانی پاسەوانانی خودا بەردەوام بایەخی کردەی ئاگایی لە ئەزموونی ساتەوەختیدا تۆمار دەکەن، چونکە ھیچ حەقیقەتێکی بەڵگەنەویست بەبێ ویست (ئیرادە) و بێ ھەستکردن بوونی نییە، ھەر ئەوە درێژ دەبێتەوە تا بڕیار لە سەر کردە بدات. بەمجۆرە خودی گێڕەڕەوەکانی عەتا محەمەد تەنھا وەک بکەرێکی زەمەنی نەبێ، ناتوانن بڵێن ھەین. زەمەنیش بوونەوەرە، چرکەساتە، جیابوونەوەیە، دابڕانە، داھێنان و خەلقکردن و عەشق و کردەی چوونە ژوورەوەی لەپڕە...

کەواتە زەمەنی گێڕانەوەی ئەو رۆمانە دەلالەت لە جەوھەری گۆڕاو، مرۆڤی خاوەن قاچ... دەکات، کاراکتەرەکان ھەموو شتێکیان ونکردووە، بۆ ئەوەی ھەموو شتێ بەدەستبھێنن، بۆیە قبولی دابەشبوون و بەش بەشبوون دەکەن، چونکە زەمەن بەیەکەوەلکاو نییە، بەڵکو بەیەکەوەنەلکاوە، بەو مانایەش وێنەی کاراکتەرەکانی ئەو رۆمانە بە گێڕانەوەی زەمەن و جەوھەر و سەر... ناناسرێنەوە؟! پرسیار ئەوە نییە مرۆڤ وەک کۆپیکەری شتەکان، ئەو چیڕۆکە خەیاڵیانە وەک سروشتێکی خولقێنەر یان دروستکەر بەرجەستە دەکات... قسە ئەوەیە کە زەمەنی سروشتی خولقێنەر کراوەیە و زەمەنی سروشتی دروستکەر داخراوە! بەو مانایەش زەمەنی داخراو وێنەی گێڕانەوەی زەمەن دەکێشێ، زەمەنی کراوە وێنەی زەمەنی گێڕانەوە دەنەخشێنێ...

مرۆڤی دروستکەر ھەر تەنھا بە خاکەوە پەیوەستە، بەو شوێنەوە کە لێی لە دایکبووە، ھەر تەنھا بە نشتیمان، رەگەز، نەتەوە، ئایین، کلتور... پەیوەستە، سەرچاوەی جەوھەر نەگۆڕ مرۆڤی دروستکەرە... بەڵام کاراکتەرەکانی رۆمانی پاسەوانانی خودا وەک مرۆڤی خولقێنەر پێیەکانیان ئامرازی بڕینی ریگا دوورەکانە و ھەنگاو دەنێن و سەری خۆیان ھەڵدەگرن و لە رەگ و ریشە و رەچەلەکی خۆیان ھەڵدێن! مرۆڤی خولقێنەر دەستکاری بوونی خۆی دەکات، ناسنامەی خۆی دەگۆڕێت، سەرچڵانەش لە جەوھەری نەگۆڕ دەبێتەوە... ئەو دەڵێ من کێم؟ وێنەیەکێت، وەک من کە تەنھا وێنەیەکم... پاسەوانانی خودا، ل٢٠٦.

مێژووی فیکری پاسەوانانی خودا.

رۆمانی پاسەوانانی خودا- مێژووییەکی تر بۆ بینینی خۆمان، لە رێگای زەمەنەوە کۆمەڵێ بابەت دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و چارەسەرییەوە، وەک گیروگرفتەکانی ئازادی، پەیوەندی نێر و مێ، کێشەی یادەوەری، کێشەی مردن و بوون، کێشەی زمان... عەتا محەمەد پێیوایە مێژووی مرۆڤ وەک مێژووی ململانێی نێوان نێر و مێ خۆی دەنەخشێنێ! ئەو پێیوایە تەنانەت داگیرکردن و ئیمپریالییەت، ململانێی نێوان رۆژھەڵات و رۆژئاوا، دەستگرتن بە سەر سامان و سواربوونی ئۆتۆمبیل و جنێودان و سیستمی زمان... لە مێژووی ململانێی نێوان نێر و مێدایە! ئەو دیدەی عەتا محەمەد بۆ کێشەی ئافرەت و کێشەی بوون و مردن و کێشەی خۆرھەڵات و خۆرئاوا، دروستکردن و خەلقکردن، عەشق و خۆشەویستی... و ھەموو ئەو کێشە مرۆییانەی لە رێگای ئەفسانە و گێڕانەکانەوە بە ئێمە گەیشتوون... ھەموو ئەو کێشە مرۆییانەی لە چیرۆک و رۆمانەکانیدا رەنگی داوەتەوە، ھەموو ئەو کێشە مرۆییانە بۆ ململانێی نێوان نێر و مێ دەگەڕێتەوە، بڕوانە ل١٠٧.

ئەو بۆچوونەی عەتا محەمەد بۆ مێژووی ململانێی مرۆڤایەتی لەو قسەیەی (جان بیار بریسە ١٨٣٧-١٩٢٣ زانای زمانەوانی فەرەنسی) نزیک دەبێتەوە، کە پێیوایە مێژووی مرۆڤایەتی لە ناوەڕۆکی زماندایە... بەڵام ھەر تەنھا لە وشەوە -word-ەوە نییە، بەڵکو لە جیھان -world- ەوەیە! وشە مێژووە، ئەو مێژووەش رەنگدانەوەی مێژووی بەدواداگەڕانە، وشە وەک زانستی رێزمان لە ناو ھەڵێنجراوە، ھیچ شتێکی نوێ و سەیری تێدا نییە... بە کورتی رەنگدانەوەی مێژووی مرۆڤایەتی رەنگدانەوەی زمانە لە جیھاندا... بڕوانە: عنف اللغە، جان جاک لوسیرکل، ترجمە وتقدیم/ د. محمد بدوی، المنڤمە العربیە للترجمە، بیروت، گ٢، ٢٠٠٦، ێ١٣٣. ١٣٧. دەشێ ئەو تێڕوانینەی بریسە بە جۆرێ لە جۆرەکان پەیوەندی بە پەرتووکی (دی مایسترۆ) ئۆگستینەوە ھەبێت، کە بەڵگەی بوونی خودا بە زمانەوە پەیوەست دەکات و دەڵێت خودا لە دەروونی مرۆڤ دایە و لە رێگای زمانەوە دەردەکەوێت.

جوانی لە ناکامڵیدایە.

ئێمە لە ناوەوەی خۆمانەوە جیھانێکمان ((world)) ھەڵگرتووە، وەک چۆن لە جیھانێکدا (word) نیشتەجێین کە زمانە.* گێڕانەوە ھەوڵێکە بۆ ئەوەی لە نێوان جیھان و زمان جۆرێک لە ئاوێتە بوون و ھاوگونجان دروست بکات! ھەر لەوێشەوە (خودی مرۆڤایەتی) پێگەیەکی سێنترالیانە لە کردەی گێڕانەوەدا وازی دەکات، وەک ریکۆر* دەڵێت:- ژیانی مرۆڤ چیرۆکێکە لە حاڵەتی لە دایکبووندا.*

تەکنیکی گێڕانەوە لە رۆمانی پاسەوانانی خودا پەیوەندی بە زەمەنی گێڕانەوەوە ھەیە، نەک گێڕانەوەی زەمەن! دەمەوێ بڵێم زەمەنی گێڕانەوە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە خەلق کردنەوە ھەیە، بەڵام گێڕانەوەی زەمەن بە دوای دروستکردندا دەڕوات، یەکەمیان دەکەوێتە نێو زمان و دووەمیان جیھان! زەمەنی گێڕانەوە دەکەوێتە نێو زمان و گێڕانەوەی زەمەن دەکەوێتە نێو جیھانەوە. خەلقکردن دەکەوێتە نێو زمان و دروستکردن دەکەوێتە نێو جیھان، عەشق دەکەوێتە نێو زمان و خۆشەویستی دەکەوێتە نێو جیھان، مێ دەکەوێتە نێو زمان و نێر دەکەوێتە نێو جیھان... جوانی زمانیش لە ناکامڵیدایە، مرۆڤیش ھەوڵدەدات ھەمیشە جیھان جوانتر بکات، چیرۆک و کاراکتەرەکانی عەتا محەمەدیش لەو ھاوگونجانە ناکەون؟!

لێرەوە پرۆسیسەکردنی گێڕانەوە دەکەوێتە دووتوێی ئەو ماوە شاراوەیەی، یان ئەو بۆشایی و خەیاڵەی، کە لە نێوان زمان و جیھاندا ھەیە، ئەوەش واتە ئاشنابوونی خود (کە لەو رۆمانەدا لە کاراکتەری سەرەکی رێبواردا دەیبینینەوە) لەگەڵ جیھانی شتەکان و دیاردەکان لە رێگای پرۆسەی خەڵقکردنی مانا و دەلالەتەکانی ئەو دیاردانە و بردنیان بۆ بواری ئاگایی فەردی و پاشان ئاگایی دەستەجەمعییەوە! بەو مانایەش خودی گێڕەڕەوە لە میانی زەمەنی گێڕانەوەدا بوونی ھەنووکەیی خۆی بە مانا ھایدیگەرییەکەی لە رێگای زمانەوە واڵا دەکاتەوە.*

زەمەنی زمانەوانی.

ئەوانەی بە ئاڕاستەی (رۆمانی نوآ) کاریان دەکرد, واتە (رۆب گرێیە ء میشیل بۆتۆر ء ناتالی سارۆت ء کلۆد سیمۆن ء جان ریکاردۆ) پێشبینی ء تیۆرەکانیان لە بارەی تەوزیفکردنی زەمەن, لە ئاماژەی زمانەوانی بە زەمەنەوە وەرگرتووە, وەک چۆن (لاینس) روونی دەکاتەوە ء دەڵآ: خەسڵەتی بنەڕەتی گوتەزای زەمەن خۆی لە پشت ساتەوەختی رووداو لە رستەدا دەبینێتەوە, واتە لە (ھەنوکەی) بەزارداھاتندا خۆی ھەڵدەگرێتەوە.

رۆمانی پاسەوانانی خودا لە زەمەندا وازی دەکات، بۆیە رووداوەکانی قسە لە کێشەکانی سەردەم دەکات، ھەموو شتێکیان، ھەموو کێشەکانیان لە ئێستاوە نزیکە, رابردوو, داھاتوو ھەر تەنھا دەبنە کۆمەڵە لقێکی بەرھەمھاتووی ئەو زەمەنەی کە ساتەوەخت بەرھەمی ھێناوە. لە رۆمانی پاسەوانانی خودا (زەمەنی زمانەوانی) زەمەنێکە خۆی بە گوتنەوە پەیوەست دەکات, بەو مانایەش سێنتەری ئەو زەمەنە لە بەرھەمھێنانی گوتندایە. زەمەنی زمانەوانی کردە/ چالاکییە (فعل/فعالیە: Acte). نەک کار) عمل: (Actio ئەوەی دووەمیان بەردەوامە و دەکەوێتە نێوان بڕیار و ئامانجی دەیموومەوە، چونکە کار ھەر دەبێ سەرەتای ھەبێ و ھەر دەبێ وەک بنچینە رووداوی ھەبێ. بەڵام کردە/ چالاکی ساتەوەختییە، جگە لە ئەبستراک ھیچ واقعێکی نییە. کار بە پشتبەستن بە حاڵەتی چەسپاو نەبێ وێنا ناکرێت.* بەڵام کردە بەر لە ھەموو شتێک بڕیارێکی راستەوخۆی ھەنووکەییە، پێشکەوتنێکی داھێنەرانەیە رووداوەکان فەرامۆش دەکات.

کەواتە سەرچاوەی زەمەن ئێستایە و ھەنووکەی زمانەوانیش بنەمای ھەموو رووبەروو بوونەوەیەکی زەمەنی زمان لەخۆ دەگرآ. زەمەنی زمانەوانی ھەر یەک لە (رێبوار، نیان، سنور...) لە سەر ئەو بنەمایە بەردەوام لە بارەی ئێستا دەنووسن. بەو مانایەش ئیشکالیەتی گێڕانەوە لای عەتا محەمەد لە جەوھەردا ئیشکالیەتێکی زەمەنییە, ئیشکالیەتی زەمەنی وەک روونمان کردەوە گێڕانەوە لە فرە زەمەنیدا ھەڵدەگرێتەوە.

مێژووی زەمەن/ مێژووی ھەڵە.

بە گەڕانەوەمان بۆ چیڕۆکی ئادەم و حەوا، دەتوانین ئەو تایبەتمەندییەی مرۆڤ بدۆزینەوە، کە بوونەوەرێکی ھەڵەکەرە، ل١١٥. ئەو رستەیە مێژووی ململانێی ھەڵە و راستی وێنا ناکات، بەڵکو ھاوگونجانی زەمەن و زمان دەکێشێ، دەمەوێ بڵێم ھەڵە پێیەکانی زمانە و سەری زمان دەکەوێتە نێو زەمەنەوە، بەڵام زمان و زەمەن بەیەکەوە نالکێن، زەمەن و زمان رووبەرووی یەک نابنەوە، بەڵکو زمان زەمەنی خۆی رۆدەنێت، زەمەنیش زمانی خۆی ھەیە! بەو مانایەش بەردەوام (رێبوار) کاراکتەری سەرەکی رۆمانی پاسەوانانی خودا وەکو زمان لە چاوەڕوانی خوێنەردایە، نەک وەک زەمەن! خوێنەریش دەسەڵاتی زمان لە شێوەی گێڕانەوە دەگرێ، دەسەڵاتی زەمەنیش لە شێوەی ساتەوەخت! کەواتە وەک چۆن ناتوانین ھەڵە بخەینە دەرەوەی زمانەوە، ناشتوانین کاراکتەرەکانی عەتا محەمەد بخەینە دەرەوەی زمەنەوە.

کاراکتەرەکانی عەتا محەمەد (بە مانا لاکانییەکەی) دالی زمانن، زەمەنی گێرانەوەش لە کارەکانی سەرگەورەی ھەڵەن، زەمەنی گێرانەوە لە رۆمانی پاسەوانانی خودا ھەڵە رێکدەخات، بەو مانایەش کاراکتەرەکانی عەتا محەمەد لە ھەڵە دروست کراون، کەواتە کاری کاراکتەرەکان ئاگایانە نییە، وەک زەمەنی گێرانەوە دەیکێشێ، بەڵکو لە خۆوەیە و دەکەوێتە ژێر زمانەوە یان ملکەچی زمان دەبێ! ھەموو ئەو قسانەش تەرجەمەکردنی جیاوازبینی نێوان (فرۆید)* و (لاکان)* لە بارەی سوبێکت و نەست لە لایەک و ئیگۆ و نەست لە لایەکی دیکەوە. ھەموو ئەو جیاوازییانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لای فرۆید ئیگۆ سەرگەورەی نەستە و نەست رێکدەخات، نەستیش عەقڵ بەڕێوە دەبات، کەچی لای لاکان زمان نەست بەڕێوە دەبات و ئەوە زمانە قسان بە نەست دەکات.

بە کورتی عەتا محەمەد لە کۆی کاراکانیدا بە دوای زماندا دەڕوا، بۆ ئەوەی زەمەن بێ بەڵگە نەکەوێتەوە... گێڕانەوە زمان بەڕێوەی دەبات، بۆ ئەوەی کاراکتەرەکان رێکبخات! کەواتە مێژووی لە دایکبوونی کاراکتەرەکانی عەتا محەمەد مێژووی ھەڵەکانی زمان دەگەیەنێت و دەکەوێتە نێو چرکەساتەوە.

زەمەنی نێر یان مێ.

ئەگەر زەمەن بە رەگەزی مێ دابنێین، ئەو مانا ئایینییە زاڵ دەبێ، کە بە رەگەزی مێی دەفرۆشنەوە؟ ئایا سەرکەوتن نێر ە و دۆڕاندن مێ، رەشبینی نێرە و گەشبینی مێ، دۆزەخ/ ژیان، تاریکی/ رۆناکی... ئایا لە ھەموو ئەوانە دەبێ تێڕوانینمان بۆ ھەڵە بە نەگۆڕی بمێنێتەوە؟ ئەو ھەموو تێگەیشتنانە لە بۆچوونی نێر و نێرسالاری ھاتۆتە ئاراوە، کە پێیوایە ئافرەتان لەپاش پیاوانەوە دێن، چونکە وشەی (Female- مۆنپ) لە وشەی (Male- مژکر) وەرگیراوە.. یان لە وشەی لاتینی (Femina) ھەڵھێنجراوە، مانای وشەی (Femina)ەش بە (ڕدنی ایماناً) دێت!*

ئەو دوالیزمە ھەر تەنھا لە زماندا بەرجەستە نییە، خودا لە سەرەتادا ئادەمی دروست کردوە، کاتێک ئادەم لە تەنیایی خۆی وەڕس دەبێت، خودا لە پەراسووی چەپی ئادەم حەوا دروست دەکات... ئەوەش دواتر لە دەقە ئایینییەکان زۆر جوان رەنگی داوەتەوە. لە بەرانبەر ئەو بیرکردنەوەیە، فیکری مۆدێرنەیە بە شێوەیەکی گشتی پشتگیری بزاڤی ئافرەتانی کردووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری وشەی (woman – اِمرڕە) بکەین، دەبینین لە دەستەواژەی (Woe to man- الویل للرجل) ھەڵێنجراوە.*

دەمەوێ بڵێم ئەگەر دوێنێ گوتاری فیکری، بۆ تەماشاکردنی (جەستە) کەوتبێتە نێو سیستمی ئەخلاقییەوە، ئەوە ئەمڕۆ قسە لەوە دەکرێت، کە جەستە وەک شتێکی ماددی لە بنەڕەتدا لە ھەموو بەھا ئەخلاقییەکانەوە دوورە، نە پیرۆزە و نە پیس، بەڵکو ئەوە بەھای ئەخلاقییە خۆی بە جەستەوە ھەڵواسیووە، بێگومان ئەوەش بۆ سرووشتی کۆمەڵگا و رۆشنبیریی نێرایەتی باو دەگەڕێتەوە.

کەواتە دەبێ واز لەو حوکمانە بھێنین کە جەستە دەخەنە نێو جیھان و بینین دەخەنە نێو جەستەوە، یان بە پێچەوانەوە، چونکە ھەر یەک لە جیھان و جەستە بەنێویەکداچوونە، یەک لە نێو ئەویدیکەدا دەبینرێت.* بەو مانایەش وەک رۆمانی پاسەوانانی خودا جەختی لێدەکاتەوە، ئەستەمە وێنای زەمەن بکرێ، بەوەی زەمەن نێرە یان مێیە... وەک چۆن ئەستەمە کە تەنھا بڕوامان بە یەک رووی مرۆڤ ھەبێت... زەمەن لە ھاوگونجانی ھەردوو رەگەزەوەیە، مرۆڤ چەندان رووی جیاوازی ھەیە، ئەو رۆمانە پێمان دەڵێ زەمەن ھەردوو رەگەزەکەی لە خۆیدا ھەڵگرتووە، بەڵام سەردەمێ رووە نێرەکەی زاڵ دەبێ و سەردەمێکی دیکە بەشە مێیەکەی...

زەمەنی خوێندنەوە.

بێگومان زەمەنی گێڕانەوە, زەمەنی رووداوەکانی گێڕانەوەیە، کە لە پەیوەندی بە کەسێتیەکانەوە خۆی دەنوێنێ، بەڵام زەمەنی وەرگر (خوێندنەوە) واتە زەمەنی تەلەقیکردنی دەق لە خوێنەرەوەیە, زەمەنی وەرگر زەمەنی خوێندنەوەیە, ساتەوەختێکە لە ھەموو زەمەنەکانی دیکە جیاواز دەکەوێتەوە, ئەوە جیاوازییە زەمەنی خوێندنەوە تەواو دەکات! بێگومان بە لکاندنی (زەمەنی خوێندنەوە ء زەمەنی خوێنەر) زەمەنی دەق- واتە زەمەنی دەلالی دێتە بەرھەم.

(تزیڤیتان تۆدۆرۆف) زەمەنی نوسین (گوتن بە زار) ء زەمەنی خوێندنەوە (درککردن)، لێکجیا دەکاتەوە، زەمەنی نوسین ھەر لەو ساتەی کە زەمەن دەخرێتە دووتوێی گێڕانەوەوە، ئیتر زەمەنی نوسین دەبێتە رەگەزێکی ئەدەبی, واتە لەو کاتەی کە گێڕەڕەوە قسەمان لە بارەی گێڕانەوەوە بۆ دەکات! بەڵام زەمەنی خوێندنەوە, زەمەنێکی بآ رەنگدانەوەیە, زەمەنی خوێندنەوە درککردنمان بەرامبەر کۆمەڵێک دەق دیاری دەکات, بۆ ئەوەی زەمەن وەک رەگەزێکی ئەدەبی لە ناو دەقدا دەربکەوێت، دەبآ دانەر لەناو گێڕانەوەدا حیسابی بۆ بکات، لە بەرھەمەکەیدا بەرجەستەی بکات.

رۆمانی پاسەوانانی خودا دەنگی ئەوانەیە کە دەنگیان نییە، رۆمانی پاسەوانانی خودا تەعبیر لە جیھانێکی دابەشبوو دەکات, بەو مانایەی کە دابەشبوون مەرجی جێبەجێکردنی دنیابینییەکی جیاوازی لەخۆدا ھەڵگرتووە, بەو مانایەی کە دابەشبوون ئازار بە دنیاوە دەچێژآ, ھەرگیز رۆماننوس بە یەک بۆچونی دیاریکراوەوە مەحکوم نییە, بەو مانایەش رۆمانی پاسەوانانی خودا تەعبیرکردنێکی نادیار ء فرە ء کراوە ء نیگەڕانئامێزە... ھەموو ئەو دابەشبوونانەش رۆڵی زەمەنی گوتار دەنوێنن...

زەمەنی گوتار زەمەنێکی خەتییە و رێکخستنی بەندە بە رێکخستنێکی بە دوایەکدا ھاتوو، کە یەکێک لە دوای ئەویدیکەوە دێت, بەڵام خوێنەر لە پێناو ئیستێتیکا و چێژ وەرگرتندا، پشت بە گۆڕینی زەمەنەکان دەبەستآ، وەک چۆن لە پێناو گوتاردا پشت بە زەمەنی بە دوایەکداھاتوودا دەبەستآ، کەواتە لەو ئەو رۆمانەدا خوێنەر لە پێناو دنیای جوانی و چێژ، لە پێناو فرە زەمەنیدا، دنیای پێناسە ء حەقیقەت جآ دەھێڵآ... وەک چۆن لە پێناو دنیابینی سەردەم و پاش ء پێش خستنی زنجیرەی رووداوەکاندا زەمەنی گوتارە جیاوازەکان بەیەکەوە دەلکێنێ...

_______________________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
* ھنری برگسۆن لویس لە ١٨ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٨٥٩ لە(١٨٥٩/١٠/١٨) پاریس- فەڕەنسا لەدایکبووە ، لە ٤ ینایری ١٩٤١ واتە لە(١٩٤١/٠١/٠٤) (٨١ ساڵی) لە Paris, Franc پاریس-فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە. لە ساڵی ١٩٢٧ خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی وەرگرتووە.
* ئاینشتاین، ئەلبیر (١٨٧٩-١٩٥٥) فیزیایی ئەمریکی، لەدایکبووی ئەڵمانیا. بە یەکێک لە بەناوبانگترین زانایانی بواری زانستی تەواوی سەردەمەکان دێتە ژماردن. لە ساڵی ١٩٣٣ بڕیاری دا حوکمی نازییەکان جێبھێڵێ و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشتەجێ بێت. تیۆری رێژەیی داناوە. لە ساڵی ١٩٢١ خەڵاتی نۆبلی لە زانستی فیزیا بە دەست ھێناوە.
* (سانت ئۆگستین saint Augstine) لە جیھانی فرە کلتوری ئیمپراتۆری رۆمانی لە دایکێکی باوەڕ مەسیحی و باوکێکی بێ باوەڕ لە ئەفریقیای سەروو، شاری تاگاستە (Thagate) واتە (ئەھراس)ی جەزائیری ئێستا چاوی بە دنیا ھەڵێناوە. زمانی فینیقی زانیووە و ئاشنایی بیروڕای سامییەکان بووە، لە (٩) ساڵان پەیڕەوی ئایینی (مانەوی) کردووە و ھەر لەو رێگایەشەوە کلتور و شارستانیەتی ئێرانی کۆنی ناس کردووە، ئەدەبیاتی یۆنانی و رۆمانی خوێندۆتەوە و شارەزایی لە بەرھەمە شیعرییەکانی (فێرجیل) ھەبووە، لە تەمەنی (٣٠) ساڵیدا ھەر لە شاری (تاگاستە) دەبێتە مامۆستای رەوانبێژی، بەڵام دواتر ئەو پیشەیە واز لێدەھێنێ و لە سەر دەستی (ئەمیرۆزا) لە تەمەنی (٣٢) ساڵی واتە ٣٨٧ز باوەڕ بە ئایینی مەسیحی دەھێنێ، چونکە پێیوایە ھونەری رەوانبێژی بە ماناکانی راستی ناگەیەنێت، ئەویش لەوێوە کە ئەفلاتوون دەڵێت ھونەری رەوانبێژی راستی پێچەوانە دەکاتەوە و دەیشێوێنێ و ناتوانێ بە یەقینمان بگەبەنێت. ھەڵبەتە کۆی ئەو قسانەی ئەفلاتوون بە دژی سۆفیستەکان دەکەوێتەوە. ئۆگستین لە ساڵی ٣٩٥ز بە پلەی (ئەسقەف) دەگات. لە تەمەنی (٧٦) ساڵیدا واتە ساڵی ٤٣٠ز کۆچی دوایی دەکات.
* (غاستؤن باشلار، حدس اللحظة، ترجمة، رضا عزوز و عبدالعزيز زمزم، بغداد)، ط ١، ١٩٨٩، ص ٨١).

* گاستۆن باشلار لە ٢٧/٦/١٨٨٤ لە (بار سیر ئاوب)ی ھەرێمی (شیمبانی) فەرەنسا لە دایکبووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفەدا بە دەستھێناوە، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٦٢ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. پەرتووکی (جدلیە الزمن) دکتۆر (خلیل احمد خلیل) تەرجەمەی کردووە لە بیروت-لبنان چاپکراوە، بڕوانە چاپی دووەم ساڵی ١٩٩٢ ل٣٨. (باشلار لە پەرتووکی "حدس اللحڤە" دەمەتەقێ لەگەڵ برگسۆن و لایەنگرانی تیۆری زەمەنی بەدوایەکداھاتوو دەکات و پشتگیری لە پەرتووکی Siloceی گاستۆن رۆبناڵ و تێزی ساتەوەختخوازەکان دەکات، بەوەی کە حەقیقەتی زەمەن جگە لەو چرکەساتەی تێیدا دەژین شتێکی دیکە نییە، بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: (نظرية الزمان عند غاستون باشلار: أو ابداعية اللحظة، د. سعيد بوخليط)، saidboukhlet@hotmail.com
* (غاستون باشلار، حدس اللحظة، ترجمة، رضا عزوز و عبدالعزيز زمزم، بغداد، ط ١، ١٩٨٩، ص ٢٢).
* ە.س.پ. ل١١٤.
* پۆل ریکۆر لە ٢٧ی شوباتی ساڵی ١٩١٣ لە شاری "فالنس"ی فەرەنسی لەدایک بووە، لە دوای شەش مانگ دایکی کۆچی دوایی کردووە، بەڵام باوکی کە مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو لە ساڵی ١٩١٥ لە بەرەکانی جەنگی جیھانی یەکەم کوژراوە، بۆیە ئەرکی بەخێوکردنی خۆی خوشکەکەی دەکەوێتە ئەستۆی مامییەوە. خوێندنی دواناوەندی لە "رین" تەواو کردووە، پاشان چۆتە زانکۆو بڕوانامەی ماجستێری لە فەلسەفە بەدەست ھێناوە، ئینجا چووە بۆ زانکۆی "سۆربۆن" لە پاریس و لەوێ نیشتەجێ بووە. بۆ زێتر شارەزایی بڕِِِوانە: بول ریکور، فلسەفە الارادە، الانسان الخگّاء، ترجمە: عدنان نجیب الدین، دار البیچاء- المغرب،گ١ ٢٠٠٣، مقدمە.
* جاستون باشلار، حدس اللحڤە، ێ٢٩.
* فروید سیغموند (١٨٥٦-١٩٣٩) پزیشکی دەروونی نەمساوی، بە بەناوبانگترین زانای دەروونی لە فیکری نوێ دێتە ژماردن. دامەزرێنەری رێبازی دەروونشیکارییە (Psychoanalysis).
* ژاک لاکان لە ١٣ی ئەپریلی ١٩٠١ لە فڕەنسا شاری پاریس لە دایکبووە و لە ٩ی سپتەمبەری ١٩٨١ لە تەمەنی ٨٠ ساڵی ھەر لە پاریس بە نەخۆشی سەرەتانی قۆلۆن کۆچی دوایی کردووە.
* بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە (جان جاك لوسيركل، عنف اللغة، ترجمة و تقديم: د. محمد بدوي، النظمة العربية للترجمة، بيروت-لبنان، ط٢ ٢٠٠٦، ص١٠٠-١٠١).
* ە.س.پ. ل١٠١.
* (بونتي، موريس ميرلو ، المرئي واللامرئي ، ت. د. سعاد محمد خضر، دار الشؤون الثقافية العامة ، بغداد ، ١٩٨٧ ، ص١٢٦).

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک