په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٢\٢٠١٩

رۆمانی پۆلیسیی و تاوان.


فەرمان عەزیز شەریف 

‌‌‌‌‌‌
ئەدەبی تاوان جۆرێکی ئەدەبی یە ,تاوانێک دەکاتە رۆمانێکی ئەدەبی لە لایەنی دۆزینەوە و جێ بەجێکردن و پاڵنەرەکانی تاوانەکە دەکۆڵێتەوە , چەند لقێکی ھەیە وەک ئەدەبی پۆلیسیی , کە چیڕۆکەکانی شارک ھۆڵمز لەوبابەتە ئەژماردەکرێت .

ھەرچەندە ھەندێک ئەدەبی تاوان و پۆلیسیی وەک یەک ئەژماردەکەن . لە چیڕۆک و رۆمانی تاوان لێکۆڵەری پۆلیس لەتەواوی وردەکارییەکان لەسەر تاوانەکە دەکۆڵێتەوە . تەنانەت ھەندێک جار لە مێژوو و ژیاننامە و باری دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ژینگە و دەیان لایەنی دیکەی پەیوەست بە(تاوانبار , تاوان لێکراو , تاوانەکە ) دەکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێک . نووسەری ئەدەبی تاوان پێویستە ھەموو ئەو وردەکاریانە بەڕێگایەکی وروژێنەر و سەرنج ڕاکێش بنوسێتەوە بۆ ئەوەی وا لە خوێنەر بکات نەتوانی رۆمانەکە بەجێ بھێلێت تاکو دەگاتە ئەنجامی ئاشکراکردنی تاوانبار و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە نەتوانی دەست لە خوێندنەوەی ھەڵگرێت , ‌ گرێ یەکانی یەک لەدوای یەکتر بچنێتەوە تاکو خوێنەر ناچاربێت بەردەوام خەریکی کردنەوەی گرێ یەکان بێت .

چەندین نووسەری بەناوبانگی جیھانی ئەدەبی تاوان ھەن , لەوبارەیەوە ھەندێکیان (ئیدگار ئالان پۆ) بەدامەزرێنەری چیرۆکی پۆلیس دادەنێن , بەچیڕۆکی (تاوانەکانی شەقامی مۆرگ) لەساڵی ١٨٤١ دەری کردووە . چیڕۆکەکانی کۆنان دویل و ئەگاسا کریستی و جۆرج سیمنون لەبەناوبانگترین چیڕۆکی ئەو بوارە دادەنرێت .

ھەرچەندە پێشتر ھەندێک شێوازی رۆمانی پۆلیسیی و تاوان ھەبووە , بەڵام ئەدەبی پۆلیسیی لەسەدەی بیستەم بەتەواوی پەیدابوو بەتایبەتی دوای ھەردوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم , رۆمانی سیخوڕیشی ھاتە ناو بەتایبەتی بەھۆی شەڕ و جەنگ و زیادبوونی تاوان بووە بابەتێکی گرنگی سەردەم .

ھەرچەندە ئێستا چیڕۆکی پۆلیسیی لەجیھان زیاتر پێشکەوتووە و دەیان فیلم و زنجیرە درامای لەسەر دروست کراوە و بینەرێکی یەکجار زۆریشی ھەیە , کۆمپانیای گەورە بەرھەمی دەھێنن و داھاتێکی زۆری ھەیە , رۆمانەکانی ئەگاسا کریستی بەردەوام ساڵانە لەڕیزبەندی پڕفرۆشترین رۆمانەکانی جیھانن .

بەتێکەڵ کردنی خەیاڵ و فەنتازیا چیڕۆکی پۆلیسیی و تاوان زیاتر گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیووە , ھەندێکیان زیاتر بەشێوەی فیلم زیاتر لای خەڵک ناسراون وەک جیمس بۆن و شارلۆک ھۆڵمز و کۆنان , ئەوەی دواییان لە شێوەی فیلم کارتۆن زۆر ناسراوە .

ڕەنگە ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر ئەدەبی تاوان و پۆلیسیی پێویست بێت , بەھۆی زۆربوونی تاوان و زیادبوونی گڕوپی میلیشیایی و مافیا و تاوانی دڕندانەی دەستدرێژی و بازرگانی کردن بەمادەی ھۆشبەر و قاچاغچیێتی , ئەوانە ھەمووی تێکەڵ بەم جۆرەی ئەدەب بووە , لەگەڵ سیخوڕی کە زۆربەی وڵاتان دام و دەزگای تایبەتیان بۆ بۆ دامەزراندووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گروپە تیرۆرستیەکان , ھەموو ئەوانە دەبنە ھەوێنی رۆمانی پۆلیسیی و تاوان .

لێرەدا نامانەوێت مێژووی ئەدەب و رۆمانی پۆلیسیی و تاوانی جیھانی بنووسینەوە , بەڵکو وەک ئاماژە پێکردنەک لەسەری وەستاین , ئەوەی زیاتر مەبەستمانە لێرەدا پرسیارێک بخەینە ڕوو بۆچی تاکو ئێستا لەئەدەبی کوردی چیڕۆک و رۆمانی (پۆلیسیی و تاوان) مان نیە ؟

رۆمان و چیڕۆکی پۆلیسیی و تاوان تاکو ئێستا لە ئەدەبی کوردی نیە , ھەرچەندە ڕەنگە یەک دوو ھەوڵی کرچ و کاڵ ھەبووبێت , بڵێن رۆمانی پۆلیسیی مان نووسیووە , بەڵام ناچنە خانەی ئەوەی پێ ی بڵێین لە ئەدەبی کوردی چیڕۆک و رۆمانی پۆلیسیی مان ھەیە , ھەرچەندە ئەدەبیاتی عەرەبی یش لەم بارەیەوە زۆر ھەژارە ,بەڵام وەرگێڕانی رۆمانی پۆلیسیی لەئەدەبی ئینگلیزی و فەڕەنسی و زمانەکانی دیکە بۆ سەر زمانی عەرەبی زۆرە , کەچی ئەدەبی کوردی لەوەرگێڕانی ئەو جۆرەی ئەدەب یش زۆر ھەژارە و کەم کەس بەلای ئەو ھونەرەی رۆمان داچووە , بەتایبەتی ئێستا لەباشوری کوردستان گرنگی دەدرێت بەھونەری رۆمان .

تەنھا ھەوڵێک لەم بارەیەوە موحسین چینی یە , کە کۆمەڵێک لەرۆمانەپۆلیسیی یەکانی ئەگاسا کریستی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی خوێنەری کوردی ئاشنا کردووە بەم جۆرەی رۆمان .

ھەرچەندە ئەدەبی کوردی تەنھا لەم جۆرەی رۆمانی کەم نیە , زۆر ھونەری دیکەی ئەدەبی تاکو ئێستا لە ئەدەبیاتی کوردی زۆر کەم و دەگمەنن , کەچی لەئەدەبیاتی جیھانی برەوێکی زۆریان ھەیە وەک رۆمانی خەیاڵی زانستی و داھێنانی و رۆمانی سیخوڕی و جادویی و چەندانی دیکە.

 

 

farmandween@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک