١٥\٣\٢٠١١
رۆشنبیرانی به‌رده‌م کۆمپیوتێر؛ واقیعی
ساخته!

رابه‌ر
فاریق
پتر له‌وه بۆ تاراندنیان ده‌ست ڕامه‌وه‌شێنه، ئه‌وانه گه‌لێکن و
چاره‌نووسی تۆ تاراندنی مێش نییه. فریدریش نیچه، له «وه‌های گوت زه‌رده‌شت»دا.
بۆ هێندێک ڕۆشنبیری دووروڵات، له‌م ساته‌وه‌خته‌دا بۆ کوردستان گه‌ڕاونه‌ته‌وه؟
هۆکاره‌کانی گه‌ڕانه‌وه‌یان، چین؟ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه‌دا که
ده‌ڵێ، مه‌به‌ستی ڕۆشنبیرانی دووروڵات، داکۆکیکردنه له مافی
هاووڵاتیان و په‌رۆشییه بۆ واقیعی کوردستان، گومان و سه‌رنج و تێبینی
و خوێندنه‌وه‌ی تر هه‌ن؟ ئه‌گه‌ر په‌رۆشیی بۆ هێشتنه‌وه‌ی شکۆمه‌ندییه‌کانی
هاووڵاتیان، هۆکاری گه‌ڕانه‌وه‌یه، ئه‌و فریادڕه‌سه وه‌همییانه، بۆ
له‌و سه‌فه‌ره پێویسته دواکه‌وتن؟ ئه‌گه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی به‌رده‌م
کۆمپیوتێر ئالتێرناتیڤی واقیعه، بایه‌خی گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیع، چییه؟
به‌شێک له نووسینه‌کانی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی
تریش، که بانگه‌شه‌ی هاوخه‌میی هاووڵاتیانیان ده‌کرد و به پاساوی
جۆربه‌جۆره‌وه نه‌گه‌ڕانه‌وه، گرێدراون به خواست و بینین و بیرکردنه‌وه‌ی
هاووڵاتیانه‌وه. ئه‌مه ڕاستیی حاشاهه‌ڵنه‌گره، به‌ڵام خۆبواردن له
پرسیاره‌کان و له واقیعی حاڵ، بێجگه له‌وه‌ی بتی ڕۆشنبیره‌کان قه‌ڵه‌وتر
ده‌کا، ده‌بێ به هۆکاریش، بۆ ئه‌وه‌ی ترس له گومانکردن، ڕیشه‌کانی ده‌ربکه‌ونه‌وه.
به‌و مانایه: ئه‌گه‌ر ئاگاده‌ر و ئاگاژوور نه‌بین، نه‌مامی ئه‌و ترسه
هه‌میشه‌یییه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی کوردی، به درێژاییی مێژوو، له
پێناو چه‌سپاندنیدا، کاری کردووه، پتر گه‌شه ده‌کا، به‌ڵام له
فۆرمێکی تردا، به‌مه‌یش لاقه‌کردنی کۆمه‌ڵگه ده‌چێته ڕیزی شته
ئاسایییه‌کانه‌وه، له ئاکامیشدا «حیزبی ڕۆشنبیری»، نه‌ک ڕۆشنبیرانی
ده‌وری ئاگری حیزب، به تونێلی هێزی ترسناکدا تێده‌په‌ڕێ و شکۆمه‌ندیی
تاکه‌کان که‌رت که‌رت ده‌کا.
ئه‌و هۆکاره‌ی وایکرد به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه بۆ کوردستان بگه‌ڕێنه‌وه،
به‌ر له‌وه‌ی بایه‌خدان بێ به خواستی له‌مێژینه و سه‌رکوتکراوی
هاووڵاتیان، ترس بوو له لۆژیک و هۆشیاریی هزری نه‌وه‌ی نوو. به‌ر له‌وه‌ی
پێوه‌ندیکردنی ڕاسته‌وخۆ بێ به واقیعه‌وه، خستنه ژێر پرسیاری گوتار
و ده‌ربڕینه‌کانیان بوو، به هۆی نووسراوی «په‌یام له یاره دووره‌کانه‌وه!»*،
که چه‌ند ڕۆژ به‌ر له هاتنه‌وه‌یان، بڵاوم کرده‌وه. لێره‌وه ده‌زانرێ:
ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، وه‌ک سارتر بیرناکه‌نه‌وه و، فریادڕه‌سی
کورد و بارودۆخی باشوور نین، بۆ ئه‌وه‌یش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، شکۆی خود
بپارێزن، به‌ڵکوو مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه: که‌ره‌سته‌کانی بنیاتنانی
داهاتووی ترسناکتر له داهاتووی ده‌سته‌ڵاتی دوو حیزبه‌که‌ی ئێستا، له
باتی هاوولاتیان، له کن خۆیان گل بده‌نه‌وه.
پێویستیشه بگوترێ: چونکه له گوتاری ئاماژه‌بۆکراودا خه‌وشی
ڕۆشنبیرانی دووروڵات و هاوشێوه‌کانیان له باشوور، خرانه ڕوو، دوای
تێپه‌ڕینی بیست کاتژمێر به‌سه‌ر بڵاکرانه‌وه‌ی نووسراوه‌که له سایتی
(ده‌نگه‌کان)دا، به فشار، سڕییانه‌وه. سڕینه‌وه‌که، به‌ر له‌وه‌ی ده‌لاله‌ت
بێ له هه‌وڵدان بۆ کوشتنی بیرکردنه‌وه‌ی جیاواز، په‌نجه‌ڕاوه‌شاندنی
ڕۆشنبیرانی ترسنۆکه، بۆ به‌لاڤۆکی ئازاد. سڕینه‌وه‌که، به‌ر له‌وه‌ی
پێوه‌ستبوونی ڕۆشنبیره‌کان بێ، به ترس له شکانی بته تۆزاوییه‌کانیان،
دروستکردنی هێزێکی ترسناک و گه‌وره‌یه، له په‌نای ئازادی و چه‌مکی
ڕۆشنبیریدا؛ به‌رگریکردنه له پته‌وترکردنی ڕیشه‌کانی جۆرێکی تر له
ده‌سته‌ڵات و هێزی تۆتالیتێر، له نێو کایه‌ی ڕۆشنبیریدا. ئه‌گه‌ر وا
نییه، سینگ ده‌رپه‌ڕاندنی ئه‌و ڕۆشنبیرانه بۆ به‌های ئازادیی ڕاده‌ربڕین
و سه‌ربه‌خۆییی تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵگه چین؟ بۆ هه‌وڵی سه‌رکوتکردنی
ئازادیی ڕاده‌ربڕین ده‌ده‌ن، که هه‌مووده‌م باس له نه‌بوونی ئه‌م چه‌شنه‌ی
ئازادی ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر وایه، بۆ به ڕه‌خنه‌لێگرتن، ته‌نگاو ده‌بن؟
که‌وایه: جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی گوایه خه‌مخۆری
ئازادین و ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی هه‌موومانی هه‌راسان کردووه، چین؟
ئه‌وه‌ی نه‌ختێک بیربکاته‌وه، ده‌زانێ ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه، به ته‌ما
نه‌بوون بۆ کوردستان بگه‌ڕێنه‌وه، چونکه ئه‌رکه‌کانی که‌سی
ڕۆشنبیریان ته‌نیا به نووسینه‌وه پێوه‌ست کردبوو. به‌ڵام له ڕێی
گوتاری «په‌یام له یاره دووره‌کانه‌وه!»، زانیمان ئه‌وه‌ی بیریان
لێی کردووه‌ته‌وه، بێجگه له‌وه‌ی پێوه‌ندیی توندوتۆڵی به واقیعه‌وه
نییه، هێنده‌یش به توانا نین، که گه‌نجانی ئاگامه‌ند فریو بده‌ن. ئه‌گه‌ر
نه‌ختێک وردتر سه‌رنج بده‌ین، پرسیاره‌یلی له‌م شێوه‌یه دێنه پێش:
مادام بایه‌خی نووسین و بیرکردنه‌وه، له بایه‌خی واقیع پترن، بۆچی
گه‌ڕانه‌وه؟ هیچکه‌س وه‌رامی ئه‌و پرسیاره‌ی له کن نییه، چونکه ئه‌و
ڕۆشنبیرانه هێشتا نازانن چی گرینگه: بیرکردنه‌وه و نووسین؟ واقیعی
حاڵ؟ یان هه‌ردوو پێکڕا؟
ڕۆشنبیر بیرده‌کاته‌وه، پێویستیش بکا، ده‌نووسێ. هیچشتێک جێی خاڵیی
ڕۆشنبیر له واقیع و ڕووداوه‌کانی واقیعدا، پڕ ناکاته‌وه. نووسین
ئالتێرناتیڤی واقیع نییه. واقیع گورز نییه له بیرکردنه‌وه، به‌ڵکوو
خۆراکی بیرکردنه‌وه‌یه. هیچ ڕۆشنبیرێکی ئاگامه‌ند، سه‌ری به
کۆمپیوتێره‌وه چه‌سپ نه‌کراوه. بۆیه: به بێ پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی
ڕۆشنبیر به واقیعه‌وه، تاکی ڕۆشنبیر، ئه‌رکه هه‌ره سه‌ره‌تایی و
گرینگه‌کانی ناسنامه‌ی خۆی فه‌رامۆش ده‌کا. هه‌ر کاتیش که‌سێک به
پاساوی بیرکردنه‌وه‌وه خۆی خزانده سوچی ژووره‌وه، پێویسته گومان له
شوناسی بکه‌ین. با ئه‌وه‌یش بپرسین: هیچکه‌س له دنیادا هه‌یه، دوور
بێ له هزر؟
به‌شداربووانی خۆپێشاندان، بیرده‌که‌نه‌وه؟ ئه‌مه پرسیارێکی هێند
ساده‌یه، ڕۆشنبیر به نه‌نگیی ده‌زانێ، له باره‌یه‌وه بنووسێ، چونکه:
خۆپێشانده‌ر، به‌ر له‌وه‌ی ڕوخساری هه‌بێ، هزرگه‌لی تری هه‌ن؛ هه‌وڵده‌دا
له ڕێی هزره‌کانه‌وه، به جۆرێکی تر کۆمه‌ڵگه و واقیع و سیاسه‌ت
بینا بکرێنه‌وه، ئه‌و بیناکردنه‌وانه‌ی پێوه‌ندیی سۆزدارییان به
ڕۆژانی مردووی ڕابوردووه‌وه نییه. بۆیه: که تاکه‌که‌س به‌شداری له
خۆپێشانداندا ده‌کا، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بڵێ ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌ی له
سیستمه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کان هه‌ن؛ بیر له نوێبوونه‌وه‌ی
کۆمه‌ڵگه ده‌کاته‌وه و پێداگری له ماف و پێداویستییه‌کانی خودی خۆی
و ئه‌وانیتر ده‌کا، ئه‌وانه‌ی به نالۆژیکی و پێداگرییشه‌وه ده‌ڵێن:
خۆپێشانده‌ر بیرناکاته‌وه، بێجگه له نوکته‌یه‌کی بێتام، قسه‌یه‌کیان
نه‌کردووه شیاوی هه‌ڵوه‌سته بێ، چونکه خۆپێشانده‌ر ئافره‌تی
میکیاجکراو نییه، تا سه‌رنجی پیاو ڕابکێشێ، چونکه تاکه‌که‌سی
ناڕازییه، مرۆڤی ناڕازییش دابڕاو نییه له هزر. هه‌ر که‌سیش نه‌ختێک
له مانای خۆپێشاندان ورد ببێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌قڵ کۆمه‌کی بکا، تێده‌گا:
مادام خۆپێشاندان دوور نییه له درووشم و ئامانج، درووشم و ئامانجیش
دوور له بیرکردنه‌وه به‌رز ناکرێنه‌وه، که‌وابوو: بیرکردنه‌وه هه‌یه،
به‌ڵام جۆری نادیاره.
که گوترا: پێویسته ڕۆشنبیر دوور له مه‌رام و خه‌ونی بکوژ، دوور له
گوشاری هاووڵاتیان، بێته ڕیزی خۆپێشانده‌رانه‌وه، واتا ئه‌و گوتنه
ده‌ربڕینی په‌رۆشییه بۆ واقیعی حاڵ و گه‌شه‌کردنی بیرکردنه‌وه و
پراکتیزه‌کردنی ئه‌رکه هه‌ره سه‌ره‌تایییه‌کانی ڕۆشنبیر، نه‌وه‌ک
زاڵکردنی واقیع به‌سه‌ر نووسیندا. که گوترا: ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌نیا له
ڕێی کۆمپیوتێره‌وه پێوه‌ندی به واقیعه‌وه ده‌که‌ن، زۆربه‌یان
هاووڵاتیان به کوشت ده‌ده‌ن، له کۆتاییی یارییه‌که‌یشدا، ده‌ستکه‌وته‌کانیان
خوێنی گه‌نجانه، که له ده‌سته‌ڵاته‌وه وه‌ریده‌گرن، واتا: ئه‌رکه
سه‌ره‌کییه‌کان وه‌بیری ئه‌و که‌سانه هێنراونه‌ته‌وه، که پێوه‌ستن
به به‌رپرسیارێتی و مۆڕال و ویژدانه‌وه. بۆیه، ئه‌وه‌ی پێی وایه،
ئه‌رکی ڕۆشنبیر ته‌نیا ئه‌وه‌یه، له به‌رده‌م کۆمپیوتێردا دابنیشێ و
بیربکاته‌وه، شتێکی نه‌گوتووه پێوه‌ندیی به لۆژیک و ڕۆشنبیری ده‌ره‌وه‌ی
حیزبه دڕنده‌کانه‌وه هه‌بێ.
ڕۆشنبیر په‌ڕه‌گوڵ نییه، تا به خۆگوازتنه‌وه‌ی له به‌رده‌م
کۆمپیوتێردا بۆ واقیع، بیرکردنه‌وه گرینگه‌کانی ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵوه‌رن،
به‌ڵکوو به پراکتیزه‌کردنی نووسین، که چوونه نێو واقیعه، مرۆڤبوون
و نه‌ترسانی له هه‌مبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا، ده‌خاته ڕوو، جه‌ختیش له‌و
دڵسۆزییه هه‌میشه‌یییانه ده‌کاته‌وه، که له نووسینه‌کانیدا پێی له‌سه‌ر
داگرتوون. وردتر بڵێم: هه‌ر که‌س مه‌یلی هه‌بێ، ده‌توانێ به‌رد بگرێته
پڵنگی نێو قه‌فه‌ز، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن که‌سێک ده‌دۆزینه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی
خواستی ڕاوکردنه‌وه، بیر له گوتوبێژ بکاته‌وه، له‌گه‌ڵ پڵنگی به‌ندکراودا.
ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی کوردی، ئێستا ئه‌و پڵنگه ترسنۆکه‌یه، له لایه‌ن
هاووڵاتیانی خۆپێشانده‌ره‌وه، به‌شی زۆری هێزه دزێوه‌کانی به‌ندکراون.
هاووڵاتیانی خۆپێشانده‌ر، دوور له ترسی گه‌وره و گوشاری زۆر، چوونه‌ته
نێو قه‌فه‌زه‌که‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتداراندا باس له گوتوبێژ ده‌که‌ن،
که‌چی ده‌سته‌ڵات گوێی داخستووه و چڕنووکی ناڕاسته‌وخۆ ده‌وه‌شێنێ؛ که‌چی
نووسه‌رانی ده‌مهه‌راش، واقیع ناکێڵن.
له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه، هێندێککه‌سی تریش به ناوی ڕۆشنبیره‌وه،
قسه‌ی گه‌وره‌یان هه‌ڵڕشت و هه‌ڵیده‌ڕێژن، بێ ئه‌وه‌ی له که‌مترین
ساته‌وه‌ختدا، ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به واقیعه‌وه بکه‌ن، که پێوه‌ندیشیان
کرد، به فشاری گوتاری نووسه‌ران و هاواری هاووڵاتیان نه‌بێ، به‌ڵکوو
پێوه‌ست بێ به خواست و ئه‌قڵ و فشاری ویژدانی تاکه‌که‌سییه‌وه.
ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وانه، شورایه‌کیان به ده‌وردا ڕۆنراوه، زه‌حمه‌ته
له ماوه‌یه‌کی که‌مدا به هزر بڕووخێندرێن، چونکه: گه‌لێک شوێنکه‌وتوویان
هه‌ن، که به شمشێری په‌یڤ، به‌رگرییان لێ ده‌که‌ن و کوێرانه
شوێنیان که‌وتوون. ئه‌گه‌ر پێشتر جۆره که‌سانێک هه‌بوون، کوێرانه
شوێنپێی تیرۆریسته‌کانیان هه‌ڵده‌گرت، ئێستا ئه‌و جۆره توندوتیژییه
بۆ زمانی نووسین ته‌رجه‌مه کراوه، به‌وه‌ی: ڕۆشنبیره‌کان و قونکه‌خوێنه‌ره‌کانیان،
له ڕێی نووسینه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن خوێنه‌رانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جۆره
بیرکردنه‌وانه بکوژن، که ئه‌مه جۆرێکی تری بیناکردنی ده‌سته‌ڵاته،
له ژێر گوشاری نووسینی ساخته‌دا.
ئه‌و وه‌خته‌ی خوێندنکاری ئاماده‌یی بووم، هاوپۆلێک، چونکه بێ‌ڕێز و ده‌مهه‌راش
بوو و، له گۆتره ده‌په‌یڤی، هیچکه‌س بایه‌خی پێ نه‌ده‌دا، هۆکار ئه‌وه
بوو: به‌ر له په‌یڤین، بیری نه‌ده‌کرده‌وه، بۆیه که ده‌یبینی له
لایه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه هه‌قیقه‌تی ئاشکرایه، به ڕووی ئه‌و مامۆستا
تازانه‌دا هه‌ڵده‌شاخا، که یه‌که‌مجار ده‌هاتنه پۆله‌که‌وه. دیمه‌نه‌که
وه‌ک شریت له یادگه‌مدا ماوه‌ته‌وه: ڕۆژێکی هاوین، تیشکی هه‌تاو سه‌راپای
جه‌سته و گیانی هه‌ر کاممانی داپۆشیبوو، مامۆستایه‌کی ئافره‌ت، به نه‌رمونیانی،
یه‌که‌م وانه‌ی ڕاڤه ده‌کرد. خوێندنکاره‌که تا ئه‌وپه‌ڕی زۆربڵێیی
کرد، مامۆستا هه‌ڵیستاند و به هێمنی لێی پرسی: "ناوت چییه؟"،
خوێندنکار گوتی: "کاک لێهات". ئیدی مامۆستا تێگه‌یشت پێویست ناکا
گوتوبێژ له‌گه‌ڵ که‌سێکدا بکا، که قه‌شمه‌ری به خودی خۆی ده‌کا.
گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م یاده، پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه: که‌سێک، بێ ئه‌وه‌ی
پێوه‌ندیی به به‌رپرسیارێتیی ڕۆشنبیرانه و ویژدانی مرۆڤانه و مۆڕالی
پێوه‌ست به لۆژیکه‌وه هه‌بێ، به ناوی سه‌رۆکوڵاته‌وه، وه‌عز ده‌دا.
ئه‌م وه‌عزدانه، زێده‌ڕه‌وییه، چونکه هیچ ئارگۆمێنتێک نایسه‌لمێنێ:
دۆکته‌ری دوورده‌ست، به فریای میلله‌ت ده‌که‌وێ، یان نا. چونکه: ئه‌و
جۆره بوونه‌وه‌رانه، ته‌نیا له‌م سه‌روه‌ختانه‌دا نیشتمانیان به یاد
دێته‌وه؛ ئه‌و جۆره بوونه‌وه‌رانه، نه‌ک ڕۆشنبیری به‌رده‌م
کۆمپیوتێر، به‌ڵکوو هاووڵاتیی دڵسۆز و ئاگامه‌ندیش نین، چونکه:
هاووڵاتیی دڵسۆز و ئاگامه‌ند، فریومه‌به‌ست نییه.
لێره‌دا، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌ڵێم: جۆرێک له کحولی قورس، له سه‌ری
ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌دا شاردراوه‌ته‌وه، که پێی وایه واقیع ته‌نیا
له ڕێی نووسینه‌وه ده‌جووڵێ. ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه، زۆرجار زێده‌ڕه‌وییش
ده‌کا: دوور له نووسین، واقیع مانای نییه. بێ ئاگا له‌وه‌ی: ڕیشه‌کانی
نووسین، پێوه‌ستن به واقیعه‌وه. بێ‌ئاگا له‌وه‌ی: هیچشتێک به ناوی خه‌یاڵێکه‌وه
بوونی نییه، که دابڕاوه له واقیع. ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه پڕ له
هاواره‌یش که ده‌ڵێ تاکه‌کانی نێو شۆڕش، له ده‌ره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ن،
به‌ر له‌وه‌ی ده‌ربڕینی ساده‌گۆیانه بێ و له ده‌ره‌وه‌ی لۆژیکدا
عندلعۆپ بکا، گورزی له‌و سه‌ره داوه، که لێیه‌وه ده‌رهاتووه، به
ئاسانییش ئه‌وه به‌یان ده‌کا: سه‌ری له‌و شێوه‌یه، ئاگای له جووڵه‌کان
نییه، چونکه: خۆپێشاندان، به ته‌نیا له "کۆ"، به ته‌نیا له "تاک"
پێکنه‌هاتووه؛ به ته‌نیا له بیرکردنه‌وه، به ته‌نیا له نووسین
پێکنایێ، به‌ڵکوو تاڵه‌تیشکه نه‌بینراوه‌کانیش ده‌گرێته‌وه.
به کورتی: ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه، به پاساوی بایه‌خدان به نووسین، ته‌نیا
ڕه‌وایی به خۆدوورخستنه‌وه له واقیع نادا، به‌ڵکوو بۆ به
ئیدیۆلناساندنی چه‌ند تاکه‌که‌سی دوورده‌ست و هزرترسناک، قسه و
نووسینیی نالۆژیکییش، به ناوی بیرکردنه‌وه‌وه فڕێ ده‌دا.
_____________________________________________
*
بۆ خوێندنه‌وه‌ی گوتاری «په‌یام له یاره دووره‌کانه‌وه!»، ئه‌م
لینکه بکه‌وه:
http://emrro.com/peyamleyare.htm
11\3\2011
ماڵپه‌ڕی رابه‌ر
فاریق
|