٢٢\٩\٢٠١٣
رۆشنبیرانی کورد
لە نێوان مردن و سەربەخۆییدا لە هەڵبژاردندا.

دانا محەمەد عەبدوڵا
پێش هەموو شتیک دەمەوێ پێناسەی رۆشنبیر بکەم کە کێیە، چەندین پێناسە
کراوە لە مێژوودا بەڵام دەتوانی بڵێی رۆشنبیر ئەو بوونەوەرەیە پێویستە
رۆڵی کەسێکی راستگۆ و خاوەن هەق بە لۆژیکێکی عاقلانەی سەربەخۆ بگێڕێ،
هەروەها وەکو " ریجێ دوبرێ " بیریاری فەرەنسی ئەو پێی وایە رۆشنبیری
راستەقینە دەبێ ئازاد بێ و گەر نا ئەوە رۆشنبیر نییە، هەروەها رۆشنبیر
پێویستە بە گفتوگۆ و نووسینەکانی سوود و قازانج بە کۆمەڵگا و ژیانی
هزریی و سیاسی بگەیەنێ.. بۆ نموونە ''ژان پۆڵ سارتەر'' سی لاپەرەی
نووسی بۆ وەڵامدانەوەی تێز و بیروڕاکانی ''ئەلبیرت کامۆ'' ئەمەش ئەوە
دەگەیەنێ کە رۆشنبیران نووسینی یەکتریان دەخۆیندەوە و گفتوگۆیان
رێکدەخست کە بە سوود و قازانجی گۆمەڵگا تەواو بێ نەک بە پێچەوانەوە،
پێویستە رۆشنبیر بۆ بەدەنگەوەهاتنی رووداوەکان و پشتگیریکردنیان وەکو
دکتۆریک بێ کە بۆ لای نەخۆشیک دەچێ کە نزیکە لە مەرگەوە.
ئەگەر شیکردنەوەیەک بکەین لەسەر ئەوەی لە چ بارودۆخێکدا رۆشنبیرمان بۆ
دیار دەبی سەربەخۆیە یان گۆری بۆ خۆی هەڵکەندوە؟ پرۆسەی هەڵبژاردن بە
واتا فراوانەکەی یەکێک دەبێ لە تاقیگەکان بۆ ئەم شیکردنەوەیە، وەکو
هەمووان دەزانین لە کوردستاندا هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ چوارەمین جار
کۆتایی پێهات، ئێمە دەتوانین وەکو خامێک یان بەڵگەیەک قسەی لەسەر بکەین
و رۆشنبیرانی کوردی پێ هەڵبسەنگێنین، بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەوانەی
لافی رۆشنبیر و سەربەخۆیی و ئازادبوون لێدەدەن چەندیان راستگۆ دەرچوون
و چەندیان گۆریان بۆ خۆیان هەڵکەند لە چوارچیوەی حیزبێکدا لەم هەڵمەتی
هەڵبژاردنەدا، هەندێک لە رۆشنبیرانی کورد بوونە کاندیدی پەرلەمانی حیزب
و هەندیکی تر لە رۆشنبیران بوونە کاڵایەک بە دەست حیزبەوە بۆ
ریکلامکردن، وەکو کەرەستەیەکی ریکلام سەیر دەکران و لە پاڵ کاغەز و
بۆیەدا دەبیندران، رۆژانە لە سەکۆیەکانی خۆیانەوە جا ئەگەر تیڤی بێ یان
رۆژنامە یان وێبسایت و پێگە تایبەتیی و کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و
تویتەر بێ ریکلامیان بۆ حیزب دەکرد و بەشان و باڵی لایەنێک یان حیزبێک
هەڵیاندەدا، بۆێە لێرەدا لە جێی خۆیەتی گومان لەو رۆشنبیرانە بکەین کە
دەبینران خەریکی درۆ و دەلەسە و درۆزنە قارەمانەکانیانن و بە فرتوفێڵ
خەڵکی چاوبەست دەکەن.
کە ئەمەش پێچەوانەی پرۆسەی کارکردن و ئەرکی رۆشنبیرە لە کۆمەڵگادا،
ئەوەش بە پشتبەستن بە رۆڵی رۆشنبیر لە مێژوودا ئەگەر سەیری ''ریجێ
دوبرێ'' بکەین کە کاتیک سۆسیالیستەکان لە فەرەنسا ساڵی ١٩٨١ دێنە سەر
دەسەڵات ''دوبرێ'' دەکرێتە راوێژکاری تایبەتی سەرۆک ''فرانسوا میتران''
بەڵام هەر زوو بە بێ هیچ پەشیمانییەک دەستبەرداری ئەو پۆستە باڵایە
دەبێ، بەڵام بە پێچەوانەوە هەندێک لە رۆشنبیرانی کورد کە لەم ساتەدا لە
مێژوویی کوردستاندا هەڵویسیان نواند و بەدیارکەوتن، شیکردنەوەکەمان بۆ
رۆشنبیران گەشتوتە ئەنجام بۆیە دەبینین هەندێک رۆشنبیری کورد رۆڵ و
راستگۆیی خۆیان لەدەست داوە، دێینە سەر ئەو بروایەی وەکو ''دوبری''
دەڵی: (کەڵکیان نەماوە و تەنیا بۆ یەک شت دەست دەدەن، ئەویش ئەوەیە
بخرێنە گۆرەوەوە و بنێژرێن.
ماڵپهڕی دانا محەمەد
عەبدوڵا
|