١٣\٧\٢٠١٨
''رۆشنبیرەکەی''
شاری ''رۆشنبیریی'' وای وت.

سەلام نەجیبە
لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەی (nzz لە ٢٩/١١/٢٠١٦) لەگەل بەختیار عەلی، دەڵێ:
(ئێمە چەند گەنجێکی رۆشنبیری کورد بووین کە پڕبووین لە ھیوا و یاخیبوون
و زۆر بە توندی رەخنەمان لە حیزبە کوردییەکان و نەریت و پاشخانی
کلتووری خۆمان دەگرت. پاشان کێشمان لەگەل حیزبەکان بۆپێش ھات کە خۆشیان
بەرامبەر یەکتریان دەگرت. پاش جەنگی ناوخۆی خوێناوی چاوەڕواننەکراو
دەستپێکرد. کوشتن زۆر ئاسان بوو و دەیانتوانی ھەر دەنگێکی رەخنەگر
بێدەنگ بکەن. ژیانمان زۆر لە مەترسیدا بوو و نەمانتوانی درێژە بە
چالاکییەکانمان بدەین، بۆیە ناچاربووین وڵات بەجێبھێڵین).
ئەمە درۆیەکی زەقە و ھەموو ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو گروپەن،
وتیان ھیچ مەترسییەک لە سەر ژیانیان نەبووە.
لەلایەکی ترەوە لە ئەڵمانیا چەندین حیزبی نازی و راستڕەو ھەیە و
تەنانەت توانیویانە لە پەرلەمان نوێنەریان ھەبێت، بۆیە بزووتنەوەی
چەپیش رێکخراوی جۆراوجۆر و رۆژنامە و گۆڤاری دژ بە فاشیزم و راسیزمیان
دامەزراندووە. نازییەکان بەرپرسن لە کوشتن و بریندارکردنی ھەزاران
پەنابەر(کاتی خۆی وەک راپۆرتێک ناوی شەھید و شوێنی تاوان و
بریندارکردنیانم بڵاوکردەوە) و ھاوکات حکومەتیش بەپرسە لە دیپۆرتکردنی
زۆرەملی دەیان ھەزار پەنابەر.
ئایا بەختیار عەلی چی لەبارەی راسیزم و فاشیزم دەڵێ؟
نووسەر لە گفتوگۆکەی دەزگای چاپەمەنی (union verlag) دەڵێ: (من ھەرگیز
ئەزموونی خراپم نەبووە لە گەل ئەڵمان لەناو ئەڵمانیا، تەنانەت
برادەرێکی نازیم ھەیە و لەگەلمدا زۆر روح سووک بوو. جارێکیان پێی وتم:
بەڵێ من نازیم، بەڵام تۆ برادەری منی. لە چەند ساڵی رابردوو گۆڕانکاری
روویدا. بۆ یەکەم جار پاش ١٨ ساڵ ھەستم کرد کەسانێک ھەیە بە چاوی سووک
تەماشامان دەکەن و بە مەبەستەوە ھەوڵدەدەن ھەستمان بریندار بکەن یان بە
ئاشکرا سووکایەتیمان پێبکەن....)
چ کارەسات و جەھالەتێکە، رۆشنبیرێک ١٨ ساڵ لە ئەڵمانیا بژێ و نەزانێت
حیزب و بزووتنەوە فاشیست و راسیستەکان چ رۆڵێکی تاوانکارانە دەبینێت
لەناو ئەو وڵاتە(سوتاندنی بنکەی پەنابەران، کوشتن و بریدارکردن) و
ئاگایشی لە سەدان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تا ئەکسیونی چەکدارانەی
شیوعی و چەپەکان نەبێت، ئەوجا بەو شێوە قیزەوەنە باسی برادەرە نازییە
خوێڕییەکەی بکات.
لە وڵامی پرسیارێکی تر دەڵێ: زمانمان ھەمیشە قەدەغە بووە).
ھەموومان دەزانین نووسین و چاپخانە و کتێب و رۆژنامە بە کوردی قەدەغە
نەبووە و قوتابخانە بە زمانی کوردی ھەبووە.
بەختیار "داھێنانێکی" گەورە دەکات کاتێ دەڵێ: ...بۆیە دەبێ دەرفەت بۆ
پەنابەران بڕەخسێنرێت بەچاوی رەخنەگرانەوە بۆ گۆمەڵگەکانیان بڕوانن.
دەبێ ھوشیاربن کە ئەوەی لە وڵاتەکانیان روودەدەن پەیوەندی بە جیھانبینی
دەسەڵاتدار و تێگەیشتنی ئەخلاقی ئەوێوە ھەیە.
ئاخر ئەمەیە نوقسانی ئەقل و ھەستی خۆ بەکەمزانی، چونکە ئەمەی لێرە
روودەدەن راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش بە ھەزار و یەک پەتی جۆربەجۆر
پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی باڵادەستی جیھانیشەوە ھەیە، یەکیان ئەوی تر
تەواو دەکات. بۆ نموونە تاوانی ھەڵەبجە راستەوخۆ پەیوەندی بە
کۆمپانیاکانی چەکسازی و چەکی کیمیاوی ئەڵمانیاوە ھەیە یان بە بڕیاری
جەنگاوەرە سەرکەوتووەکانی یەکەمەوە ھەیە لە پەیمانی لۆزان...ھتد
رەخنەگرە رادیکالە بلیمەتەکە لە پڕ وەک بەرپرسێکی حکومەتی ھەرێم لێدوان
دەدات و دەڵێ: (جەنگ لە دژی داعش ئێمەی خستە ناو کێشەی قورسی ئابووری و
سیاسی، بەڵام تا رادەیەک ئاسۆیەکی ئەرێنی ھەیە، چونگە گەل ھەستدەکات کە
ئێمە بۆ بەھایەکی دیاریکراو خەبات دەکەین: بۆ دیموکراسی و گۆڕانکاری و
بۆ جیھانبینینێکی تر کە پێشتر لە ناوچەکەمان بوونی نەبووە).
ھەروا لە شوێنێکی تر دەڵێت: (گروپە جیاوازەکان وەک کورد، سوننی و شیعە
ناسنامەی خۆیان بە پیرۆزتر دەزانن لە ناسنامەی عیراقی.)
لەمەشیان راستی نەپاراستووە، لەبەر ئەوەی سوننە دەیانەوێت سوونەگەراکان
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی عیراق بەکاربھێنن و شیعەگەراکانیش بەھەمان شێوە و ئەو
بۆچوونە تەنھا بۆ ھەندێ حیزبی کوردستانی راستە.
پەیوەندی رۆشنبیر بە سیاسەت وەک جیاوازی گڵای دار و دارە، باران و
زەمینە. ئەوەی پێی وابێت نووسین و خیتابەکەی لەدەرەوەی ئەم ھاوکێشەیە،
زۆر بە ھەڵەدا چووە. ئەوەی ئەم برادەرانە کردیان لە بازنەی گۆڕان و
یەکگرتووی ئیسلامی دەرنەچوون و خزمەتیان پێکردن، خزمەت بە رووەکەی تری
پارتی و یەکێتی.
لە وڵامی پرسیاری(دەتوانن ئیمڕ سەردانی وڵاتەکەتان بکەن. چ
گۆڕانکارییەک لە دوا ١٠ ساڵی رابردوو روویداوە؟)
بەختیار دەڵێ: (گۆڕانکاری زۆر روویداوە. من دەتوانم سەردان بکەم، بەڵام
نەک بە زۆری، زیاتر ئەو کاتە کە دەگەڕێمەوە کە بمەوێت کتێبێک
بڵاوبکەمەوە یان سەردانی خێزانەکەم بکەم. لەراستیدا لە شارەکەم(سلێمانی)
ھەمیشە ئازادی زۆر ھەبوو بۆ نووسەران و رۆژنامەنووسان. مرۆڤ دەتوانێت
ھەموو شتێک بڵێت، ھەر ئەوەیە ناتوانێت ھیچ بکات.ئەمەیە کێشەکە. (بە
پێکەنینەوە) لەوێ مرۆڤ دەتوانێت بە ئازادی، بەڵام ریاگەی پێنادرێت
بیروڕاکەی بکاتە کردە ئەمەش وەک دیکتاتۆریەت خراپە. چیت ئەوێ بیڵێ،
بەڵام ئەوەی من دەمەوێت بیکە).
بەختیار قسەکەی خۆیی لەبیری جوو کە وتی(ژیانمان زۆر لە مەترسیدا بوو و
نەمانتوانی درێژە بە چالاکییەکانمان بدەین، بۆیە ناچاربووین وڵات
بەجێبھێڵین)!
بەوەند بەسدەکەم و لەدواییدا ئەم پرسیارم ھەیە: ئایا ئەو بۆچوون و
بیروڕایانە نموونەی کاریکاتۆری نووسەرێک کە بە درۆ و نەزانی لە سوچی
جیھانبینی راستڕەوانە نیە و راگەیاندنە کۆنزەرفاتیفەکان ھاوشێوەی زۆرێک
لە راگەیاندنەکانی "شاری رۆشنبیریی" و قەڵا و منارە بۆ بازرگانی خۆیان
بازاڕە"ئازادەکەیان" گەرم کردووە؟
رۆشنبیر زاراوەیەکی بێلایەن نیەو چەندین جۆری ھەیە، بەڵام ئایا ئێمە
پێویستیمان بە جۆرە رۆشنبیرێک ھەیە؟!
گەورەیی شوشەی بیرە فرۆشەکەی کۆلۆمبیا لە شەقامەکانی پاریس (مارکیز)تەنھا
ئەوە نەبوو خەلاتی نۆبڵی وەرگرت لەسەر نووسینی رۆمانی(١٠٠ ساڵ لە
تەنھایی) نووسی، بەڵکو بەوەشە کە سەردانی کۆماندانت مارکۆس دەکات و
گفتوگۆی لەگەڵ سازدەدا.
گەورەیی شاملۆ لەوەدا نەبوو جوانترین و ناسکترین شیعری عیشقی نووسی،
بەڵکو لەوەشدابوو کە کاتێ مورتەزا کەیوان و وارتان و ھاوڕێیانی چریک و
فوئاد سوڵتانی لەسێدارە یان شەھید دەبن، دەبن بە ھۆنراوە و بە بەرزترین
زمان نەمریان دەکات.
گەرەیی بریشت لەوەدا نەبوو کە شانۆی شەقامی داھێنا، بەڵکو شوعییەتی
لەسەر شەقام بە خەڵک ئاشنا و خۆشەویست دەکرد. باڵابەرزی و جوانی
مەوریسیو رۆزنکۆف بە دەقی شانۆیی و شیعر بەوە گەورە نەبوو، بەڵکو بەوەش
کە ١٤ ساڵ لە زیندانی ئیفرادی بەسەر برد بەھۆی ئەندامبوونی لە رێکخراوی
تۆبامارۆس. ھەروا نازم حیکمەت، موزەفەر نەواب و مامۆستا گۆران.
(بەختیار)ی داماویش دەیەوێت بە درۆ و نەزانی و قسە بێسەروبەر و دژایەتی
شوعییەت، شوێنی خۆی بکاتەوە.
ماڵپهڕی سهلام
نەجیبە
|