٢٧\٣\٢٠١١
رۆشنبیری ئەتککراو،
پەردەیەکی زۆر ئەستوور و (یان تسیگلەر)!

سەلام عەبدوڵا
ئیمڕۆ مەلایەک لەبەردەم دەرگا بەناهەق ئابروو براوەکەی سلیمانی،
وتی(پەردە لەنێوان مەزڵوم و خودا نیە)! راستی مێژوو ئەو قسەیە پشتڕاست
ناکاتەوەو ئەگەر وابووایە، دەمێک بوو گورگ و مەڕ پێکەوە ئاویان
دەخواردەوە. من بڕوام نەکرد بەو هەواڵە کە دەڵێ تلیاق زۆر هەرزانە و
رۆژانە بەهەزاران شێوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام دیارە هەواڵەکە راستە!
عەلی قەراغی(پرۆفیسۆر، دکتۆر و سەرۆکی زانایانی ئیسلام لە جیهان)لە
دیمانەکەی هەفتەنامەی(ئاوێنە)، دەڵێ(لەسەرمایەداریدا خاوەندارێتی
دەوڵەت نییە). ئەوە حاڵی پرۆفیسۆرو دکتۆرەکەیانە! ئاخر فەرموودەکەی
راست نییە. بۆ نموونە پۆست، شەمەندنەفەر، بانق، کۆمپانیای فۆلفسڤاگن لە
ئەڵمانیا...هتد موڵکی دەوڵەتن و لە هەندێکیشیاندا دەوڵەت پشکی هەیە.
دختۆر دەڵێ(...بیمە سەدوهەشتا نمرە دژی سیستێمی سەرمایەدارییە، بیمە و
دڵنیایی شوعییەتە، بیمە ئیسلامە لە هەندێک حاڵەتدا). دیسان وانییە،
چونکە بۆ نموونە لە تەواوی ئۆروپا، بەبێ ئەوەی شوعی یان ئیسلام بن،
سیستێمی بیمەی کۆمەڵایەتیان هەیە، هەر بۆیە ناویان هەندێکیان بە
دەوڵەتی کۆمەڵایەتی ناودەبرێ.)!
هەر لەو ئاستە نزمە، هەندێ گەناڵی تەلەفزیونی بە پارەی بەفیڕۆدراوی
خەڵک، کەناڵەکانیان ماوەی نیو کاتژمێر تەرخانکرد بۆ د.ئاراس فەتاح. ئەم
هاککەرە، لە ئەڵمانیاوە ڤیرۆسی(ئەنتی شوعییەت)ی لەگەڵ خۆی هێناوەو
شانبەشانی چەندین جۆری هاکەر هەوڵی تێکدانی"هاردڤێرک"ەکان دەدا، بەڵام
جیاوازییەکە ئەوەیە، دکتۆر بە میتۆدی ئیسلامییەکان کاردەکات و بەئاشکرا
لە کۆڕەکەی بانگەشەی دەست بڕین و کۆتاییهاتنی مارکسیزمی کرد.
دانیشتوانی کۆڕەکە بە بێدەنگیەکی تایبەت گوێیان لە عیلمی ڤیرۆس و چەقۆ
دەگرت((هوڕا!))!
زۆربەی هەرە زۆری کەس و لایەنەکان باسی شۆڕش و شۆڕشگێڕی تونس و میسر و
وڵاتانی تر دەکەن کە لە هەموو کاتێک ئەگەری داگیرساندنی لە چەندین
وڵاتی تر دەکرێ، بەڵام ئاراس بە کۆدێکی نهێنی فەرمووی:(سیستێمە
شۆڕشگێرەکان ترسناکترن لە سیستێمەکانی تر).
کێ لەو رستەیە تێدەگات؟
لێرەدا بە گونجاوی دەزانم گفتوگۆی هەفتەنامەی(دی تسایت)ئەڵمانی لەگەل
پرۆفیسۆری زانکۆ، راوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسەر(یان تسیگلەر)
کە دی تسایت نازناوی(ویژدانی مرۆڤایەتی)بە مانشێت بڵاوکردووە، بە
نموونە بهێنمەوە:
دی تسایت: تاوانبارەکان کێن؟
تسیگلەر: من نموونەیەکتان بۆ دەهێنمەوە. لە لووتکەی قەیرانی دارایی،
سەرۆک حکومەتەکانی وڵاتانی ئۆیڕۆ رۆژی12/10/2008 لە پاریس کۆبوونەوەو
لەپێناو هێورکردنەوەی بارودۆخی بانقەکان بڕیاریاندا بڕی 1700ملیارد
ئۆیڕۆ قەرزیان پێبدەن. 1700ملیارد ئۆیڕۆ!
پێش ئەوەی ئەو ساڵە تێپەڕێت، هەمان ئەو سەرۆک حکومەتانە بودجەی
بەرنامەی خۆراکی جیهانی بۆ نیوە کەمکردەوە، واتە لە 6ملیارد ئۆیڕۆ
کردیان بە3ملیارد ئۆیڕۆ. ئەزانن ئەوە مانای چی دەگەیەنێت؟ لە
قوتابخانەکانی هۆندۆراس یان بەنگلادش خۆراک بە قوتابیان دەبڕێ. ئەو
بەشە خۆراکە کە بە پێوەری پزیشکی کەمترین کۆلۆرینیان تێاببێ و لەخوار
ئاستی مانەوەی مرۆڤە بۆ بنکەکانی پەنابەرانی دارفور دەبڕێت.
لەوێدا مرۆڤ دەمرن، تێگەیشتی؟
دی تسایت: پێتانوایە تاوانی سیاسەتمەدارەکانە؟
تسیگلەر: سیاسەتمەدارەکان دەستی درێژی ئەو چەتانەن کە تا ئەو کاتە
هەموو شتێک دادەروخێ لە بۆرسەکان جامبازی دەکەن. ئەو مرۆڤانە کە لە
برساندا گیان لەدەستدەدەن، جەستەکەیان لە باخچەی بەردەم پەرلەمانی
ئەڵمانی نەکەوتوون. لەم جیهانەدا هەر پێنج چرکەیەک منداڵێک لەبرساندا
گیان لەدەستدەدا. ئەمە لە راپۆرتی رێکخراوی جیهانی خۆراک سەر بە نەتەوە
یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە. بەڵێ هەر 5چرکەیەک، ئێستا لەم کاتە کە
گفتوگۆ دەکەین!لە هەر 4دەقەیەک ئینسانێک رووناکی چاوی لەدەست دەدا،
تەنها لەبەر ئەوەی بڕێکی کەم لە ڤیتامین(A)یی دەستدەکەوێت. لە هەر
6کەس، مرۆڤێک بەبەردەوام بە سەختی خۆراکی دەستدەکەوێت.
دی تسایت: ئێوە بە بەردەوام ئەو ژمارانە دووبارە دەکەنەوە.
تسیگلەر: ئەو ژمارانە چەکن، چەکگەلێکی کاریگەرن، چونکە تەنانەت لەلایەن
کارمەندەکانی بانقی جیهانیش گومانی لێ ناکەن. هەروا لەبەر ئەوەی
راپۆرتی خۆراکی جیهانی رایدەگەیەنێت کە گشتوکاڵەکەمان لە توانیایدا
هەیە 12ملیارد مرۆڤی تر تێربکات. نوقسانییەکی بابەتی خۆراک لەئارادا
نییە. ئەو منداڵە کە ئیمڕۆ بە هۆی برسێتی گیان لەدەست دەدا، دەگوژرێت و
دەبێ بکوژەکەی بۆ بەردەم دادگای نوێرنبێرگ راپێچ بکرێت. نوقتە، تەواو.
دی تسایت: ئێوە زێدەڕۆیی دەکەن.
تسیگلەر: نەخێر. زێدەڕۆیی ناکەم.
دی تسایت: لە سویسرا چیای زێر هەیەو لە ئەفریقا چیای لاشەکان؟
تسیگلەر: مرۆڤ دەبێ هاوار بکات تا لەناو قەرەباڵەغی میدیای جیهانیدا،
گوێی لێ بگیرێت.
دی تسایت: هەر کەسێک زۆر هاوار بکات، رۆژێک دێت بڕوای پێ ناکرێت.
تسیگلەر: هەندێجار هاوکارەکانم لە زانکۆ بەمە تۆمەتبارم دەکەن: من
بەشێوەیەکی نازانستی دەنووسم و وردبین نیم. بیرکردنەوەی گیتۆیانەی
ئەکادیمەکان! مەسەلەکە تواناییە.
دی تسایت: ئێوە باوەشێک جوێن بەکاردەهێنن بۆ سەرمایەداری وەک:
سەرمایەداری مرۆڤکوژ، سەرمایەداری گازینۆ، سەرمایەداری دارستان.
هەڵبژادەی تازەتان چییە؟
تسیگلەر: سەرمایەداری دڕندە کەرچی ئەمە بریندارکردنی هەستی دڕندەکانە.
دی تسایت: بە بڕوای ئێوە بۆچی وایە؟
تسیگلە: ماوەی500ساڵە دەسەڵاتی سپی پێست کە کەمایەتی پێکدەهێنێت
بەبەردەوام سیستێمی چەوساندنەوە لە جیهان جێبەجێ دەکات. یەکەمجار دزی و
جەردەی و کۆمەڵکوژی لە ئەمریکای خواروو ئەنجامدا کە مارکس پێی دەڵێ
کەڵەکەکردنی سەرەتایی سەرمایە. پاشان بازرگانی سێگۆشەیی: کۆیلەکراوەکان
لە ئەفریقاوە بۆ ئەمریکا گواستەوەو لەوێوە شەکر بۆ ئۆروپا. ئەوجا
150ساڵ لە کۆمەڵکوژی داگیرکردن و ئێستا سیاسەتێک کە لە گشتی خراپترە:
دیکتاتۆرییەتی جیهانی سەرمایەداری دارایی جیهانگیرە. ئەوپەڕی چاوچنۆکی
و چەوساندنەوەی مرۆڤ و وێرانکردنی سرووشت. بەگوێرەی سەرچاوەکانی بانقی
جیهانی 500کۆمپانیای بانناسیونال لە ساڵانی رابردوو کۆنتڕۆڵی 53،8%
لەداهاتی جیهان دەکەن. ئەمە داهات و دەسەڵاتێکی زۆر گەورەیە و هیچ
قەیسەرو پاشا و پاپایەک نەیبووە.
دی تسایت: ئێوە ئەوەی کە ئەم سیستێمە ناخرێت ژێر پرسیاری ریشەیی،
تەنانەت ئێستاش کە خەریکە دادەروخێت چۆن رووندەکەنەوە؟
تسیگلەر: بڕواموایە، وەهمی هزری لیبڕالیزمی نوێ، هوشیاری گشتی وێرانکرد.
حەقیقەتی مردنی منداڵان لەبرساندا لەو تێڕوانینەوە بە یاسایەکی سرووشتی
دەبینرێت. هەروەک قازانجکەران...سەیرە، گەورەترین بانقی سویسری(ئو. بی.
ئیس) موکافەئەی 1،9ملیارد فرەنک بە کارمەندەکانی بەخشی پاش ئەوەی بەخۆی
ساڵێک پێشتر 61ملیارد فرانک لە باجدەرەکانی دەستکەوت.
دی تسایت: ئێوە رقوقینتان لەو کەسانە دەبێتەوە؟
تسیگلەر: نەخێر. من هیچم دژ بەوان نییە. ئێوە برابێک(بەڕێوبەری
جێبەجێکرن لە کۆمپانیای نەستەلە) دەناسن؟ لە خلیسکانی سەر بەفر پێکەوە
یاری دەکەین. پیاوێکی خراپکار نییەو کەسێکی بەرێزە، تەنها خواستی خاوەن
بەشەکانی کۆمپانیاکە جێبەجێ دەکات. سارتەر وتی: بۆ ئەوەی مرۆڤێکت خۆش
بوێت دەبێ زۆر بە توندی رقت بێتەوە لەوەی چی دەیچەوسێنێتەوە، نەک کێ
دەیچەوسێنێتەوە. مەسەلەکە دوژمنایەتی شەخسی نییە، بەڵکو دژایەتی
ستروکتورەکانی ئەم جیهانەیە.
تسیگلەرە یەکێکە لە هەزاران رۆشنبیر کە بەو شێوەیە بیردەکەنەوەو هەوڵی
لە گۆڕنانی حکومەتە "ئازاد و فرەرەنگە"کان دەدەن. جیاوازیی لەنێوان
رۆشنبیری رەسەن و چەقۆکێشە دژ بە کۆمونیست و بە گشتی چەپەکان زۆر قووڵەـ
بەڵام لێرە کێشەکە لە شوێنێکی ترە، لەو شوێنەیە کە مێژووی کۆمونیستی
بازرگانی پێدەکرێ و سوک و پوچ و رسوا دەکرێت...کێشەکە لەوە نییە کە ئەو
نووسەرە زەلیلانە لە هەندێ راگەیاندن دەنگیان باشتر بە خەڵک دەگات...هەرگیز!
مێژوو و گۆڕانکارییەکانی، مێژووی شۆڕشەکانەو بەڕاستی هەموویان سیستێمی
تایبەتی خۆیان هەبووەو هەیە و هەمیشە بۆ یەکتری ترسناک بوون و
لەداهاتووشدا هەر بۆ یەکتری ترسناک دەبن.
ئاراس بە هووشیارییەکی"دەگمەن"هەوڵی لەخشتەبردنی دانیشتوان و بیسەرانی
دا و مارکسیزم، بەعس، پارتی و یەکێتی تێکەڵ کرد، بەبێ ئەوەی
ئامادەبووانی کۆڕەکە لە بارەی ئەو مەعریفەتە، پرسیارێک یان گومانێک
دەرببڕن، چ جا لە پرۆتێستکردن!
ئەوەی بزانم لایەنگرانی مارکسیزم لە چەندین وڵات حوکمڕانی سەدان ملیون
مرۆڤ دەکەن و سەدان ملیون مرۆڤی تر هیوای رزگاربوونی مرۆڤایەتی بە
مارکسیزمەوە گرێداوە.
هەر کەسێ دەم لە بواری رۆشنبیری بکوتێ، دەبێ سەڕاستی بپارێزێ و لەم
رێگایە هەموو باجێک قبووڵ بکات، بەپێچەوانە دەبێت بە کاسەلێسێکی
بەردەرگا سوڵتانی ئەقڵی پارەو پلەوپایە، نەک سوڵتانی ئەقڵی ئازادی لە
ستەمکاری.
لەبەر دەرگای بەناهەق ئەتککراوی سەرا، "رۆشنبیرەکان"خوێنی منداڵ و
گەنجە بەناهەق رژاوەکان لە کاسە دەنێن و بۆ بەڕێز ئۆباما دەینرێن و
لەگەلیدا داوای یارمەتی لێدەکەن تا فشار بخاتە سەر پارتی و یەکێتی!
بەداخەوە"هێژا"ئۆباما بەرنامە ئاشتیخوازەکەی لەکاتی هەڵبژاردن
لەبیرکردووەو ئێستا وەک بوشی باوک بەشێوەیەکی دیموکراسی شانبەشانی
هاوپەیمانە شارستانەکانی سەرقاڵە بە ناردنی فرۆکەی(شەبەح) بۆ پشتگیری
لە "شۆڕشگێرەکان"ی لیبیا.
تەنها حەقیقەت شۆڕشگێڕەو هەرگیز سیستێمی شۆڕشگێر لەم قەیرانە گشتییە کە
هۆکەی سەرمایەداری دارایی جیهانگیرە، گرانی و سەد دەردی تری
لێکەوتووەتەوە. شتراوس-خان(سەرۆکی سەندوقی دراوی جیهان)، دەڵێ(شەپۆلی
گرتنی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی دەهێنێ...)و لەژێر کاریگەری ئاژاوەگیری و
فەوزای دەسەڵاتی سەرمایە، دوێنێ سەرۆکوەزیرانی(پورتوگال)یش ناچار بوو
دەستلەکاربکێشێتەوە، لە بەریتانیا 600زانکۆ مانی گشتیان دەستپێکرد،
بەڵام چەپەکان لە ئیرەلەند دەنگی زیاتریان بەدەستهێناوە، لە بەنغالی
رۆژئاوای هیندستان شوعییەک بە سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا، لە فەرەنسا
بەرەی چەپ بەرفرانتر بووە.
سۆسیالیزم تاقە ئەڵتەرناتیڤە، ئێوەش بۆ خۆتان فەتوای مەرگ یان کوشتنی
مارکسیزم بدەن، بپاڕێنەوەو لەگەلیاندا پروپاگەندە بۆ سیستێم و رژێمی
تاوانی تەکنۆکراتی فرەڕەنگەکەتان بکەن...چڵکنی بیرو بۆچوونەکانتان لە
گەندەڵی و ستەمی دەسەڵات باشتر نییەو وەک دەزانن (ڤۆلًڤگانگ شتراوس)یش
لافی(دەستپاکی، ئاشتی، برایەتی، ویژدان و ئیرادەی خەبات)دەدا...تێگەیشتن!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|