٥\١\٢٠١٤
رۆشنبیری نێو
دەسەڵات راستیی بە دەسەڵات ناڵێ!!!

تاڤگە سابیر
رۆشنبیر راستیی بە دەسەڵات ناڵێ بەڵکو خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لەو بە ناو
''دەسەڵات''ە ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێ بەرئەنجامی هاوپەیمانێتی بە
ناو ''سیاسییەکان'' و '' رۆشنبیران''ی کوردە.
هەموو قسەکردنێک لە هەبوونی دەستە و کۆمەڵەیەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی ''دەسەڵات''دا
کە کاریان خوێندنەوەی واقع و رەخنەگرتن و هێنانەدەرەوەی ئایدیا و دید و
لێکۆڵینەوەیە بۆ بەردەم کۆمەڵگا، بە تایبەت دەستە و کۆمەڵەیەکی چاودێر
بەسەر ''دەسەڵات''ەوە کە گوایە رۆشنبیرانن.. هەموو قسەکردنێک لەسەر
هەبوونی دەستە و کۆمەڵەیەکی لەو جۆرە لە کۆمەڵگای کوردیدا بەهەڵە
تێگەیشتن و پەینەبردنە بە راستیی ئەو شتەی کە دەگوزەرێ، رۆشنبیران لە
''دامودەزگایەکان''دا کاردەکەن و گەندەڵیی کارگێڕیی و فەرهەنگیی و
پەشێویی هزریی و شێواندنی پرسەکان بەرهەمی ئەوانە.. نابێ وا سەیری ئەو
شتە بکەین کە ناوی ''دەسەڵات'' و وەک عەلاگەیەک لێپرسراوێتی هەموو
کێشەکانی تێدایە، ئەو کە پێی دەڵێن ''دەسەڵات'' هەزاران هەزار دۆلاری
خستۆتە بەردەم ''رۆشنبیران'' و ''کۆنفرانس''یان بۆ ساز دەدا بانگیان
دەکا بۆ گشت کۆڕ و کۆبوونەوەکان و پرسیان پێ دەکا و تەلەفزێۆن و رادێو
و رۆژنامەکان لەبەردەمیان دان... کە ئەوان هیچیان نەبی بۆ گوتن مەبەستم
شتی راشکاو و واتابەخشە لەسەر بنچینەی پلان و بیرکردنەوە - ئیدی
لێپرسراویەتییەکە هی رۆشنبیرانە نەک ''دەسەڵات''.
لێرەدا سەرنجێکی گرنگ هەیە دەبێ بیخەمەڕوو ئەویش ئەوەیە کە لای ئەو
شتەی پێی دەڵێن '' دەسەڵات'' و لای ''رۆشنبیران'' لیستێکی رەش هەیە کە
ناوی چەند نووسەر و لێکۆڵەرەوە و کەسایەتی ئەکادیمیی تێدایە و لە
چوارچێوەی ئەجێندای ''سیاسیی سیاسییەکان'' و ''رۆشنبیرەکان'' هێڵێکی
راست و چەپ بەسەر بوونیان و کارەکانیاندا کێشراوە.. نە بانگ دەکرێن بۆ
'' کۆنفرانسەکان و مێزگردەکان'' نە ئاماژە بە را و بۆچوونیان دەکرێ..
'' کۆنفرانس'' لەسەر تیرۆر ساز دەدرێ لە جیاتی بانگکردنی ئەو چەند
نووسەرە چەند کەسی بەستەزمان و نەشارەزا کە نازانن مەسەلەکە چیە
بانگهێشت دەکرێن.. '' کۆنفرانس'' لەسەر پەروەردە ساز دەدرێ و ئەو
کەسانەی لەو لیستە رەشەدان بانگهێشت ناکرێن و لە جیاتی ئەوان کەسانێک
بەشداریی دەکەن کە خۆیان بە پلەی یەک دەبێ مامۆستای گەورە گەورە پەیدا
بکەین تا پەروەردەیان بکەن و فێریان بکەن پەروەدە چیە، زانست چیە، ژیان
چیە، مرۆڤر چیە؟؟ و... هتد.
ئێمە پەککەوتەین لە رووی مرۆیی و لە رووی ژیانەوە، ژیانی ئەو خەڵکە لە
کوردستان هەژاریی و کوێرەوەریی و سەرلێشێواویی و پەشێویی هزریی و
خراپیی خزمەتگوزاریی و تەندروستیی و پەروەردەیی باڵی بەسەر ژیانیاندا
کێشاوە و لە گشت بوارەکاندا لە پاڵ شکستی تەواوی کارگێڕییەکان دان.
شکستی کورد لە حوکمکردنی خۆ واتا و سەرئەنجامێکی زۆر بەدەستەوە دەدا بۆ
لێکۆڵینەوەی راشکاوانە.. پێویستە لەبەر رۆشنایی ئەو شکستەدا ئێمە بە
کۆمەڵێک بۆچوونماندا بچینەوە وەک ''ناسێۆنالیزم'' و ''نەتەوە'' و ''جڤات''
و دروشمگەلێکی وەکو ''مافی چارەنووس'' و ''ئۆتۆنۆمی'' و ''دیموکراسیی''،
ئەو کەسەی ئەو ئاژاوە و پەشێوییە گەورەیە بە ''حوکمکردن'' دەزانێ یان
ئەوەی روودەدا بە ئەزموونی سەرکەوتووی ''حوکمکردنی کورد بۆ خۆی''
دەخاتە بەر چاوان ئەوە یا ئەوەتا لەسەر خەزێنەکە دانیشتووە و وەک
گەنجینەی ماڵی باوکی خۆی لێی دەخوا یا ئەوەتا بەکرێگیراوە بۆ گوتنی شتی
وا، بە داخەوە کەم نین ئەو نووسەرانەی کە تا دوێنێ بۆ ''قادسیەی
سەدام''یان دەنووسی و ئەمڕۆ وتەبێژی ''حکومەتی هەرێم''ن و
کوردایەتییمان پێ دەفرۆشنەوە و پەخشانی قێزەوەن و بێزەوەر لە رۆژنامە
حیزبییەکاندا بڵاودەکەنەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە بۆ شکستمان هێنا؟ من وەڵامی ئامادەبەستم پێ نییە
و بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بە کون و قوژبنی پێهکاتەی هۆشمەندیی و
گیانیی مرۆڤی کورددا بگەڕێین و مێژوودا و بنەما و پێکهاتە هۆشمەندیی و
فەرهەنگییەکان بخوێنینەوە.. بیربکەینەوە و کێشەکان ئەزموون بکەین،
تەنیا وەڵامێک بوونی نییە بەڵکو دەبێ وێڵی چەند وەڵامێک بین چونکێ
پرسیاری ''بۆ شکستمان هێنا؟'' پرسیارێکی فرە رهەندە و پێویستی بە
تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک رەهەند هەیە.
بەڵام دەشێ بڵێین یەکێک لە وەڵامە بەجێیەکان
بریتییە لە دابڕانی کورد لە کۆمەڵگای سڤیل و نەبوونی نەریتی
شارستانییانە لە وڵاتەکەمان و لە سەرەوەی هەمووشیانەوە دەستبەرداربوونی
هۆش لە کایەکانی ژیان، نا.. راستترە بڵێین تووڕهەڵدانە دەرەوەی هۆش لە
ژیان و لە نێو ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە پێی دەڵێن کورد! بەڵام با پرسیار
نەکەین چۆن ژیان بە بێ هۆش و بیرکردنەوە گونجاوە و مەیسەر دەبێ؟ یاخود
بۆ کۆمەڵە خەڵکێک هۆش تووڕ هەڵدەدەن و لە نێو ناهۆشمەندیی دەتوێنەوە؟
ژیانی بێ هۆشیی و ژیانی دوور لە هۆش و هۆشمەندیی ئاسوودەتر و بێ
دەردەسەرترە و بێ ماندووبوونە و دوورە لە نیگەرانیی و کێشمەکێشی
تاووتوێکردنی جیگرەوەکان و تاقیکردنەوەگەلی ئایدیایەکان، ژیان بە بێ
هۆش گونجاوە بۆ کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکی تەوەزەل کە نایانەوێ مێشکی
خۆیان بکوشن و بیربکەنەوە و بە دوای شتێکدا بگەڕێن، بەدواداگەڕانی هۆش
و بیر رێنمایلکەی گەشتوگوزار نییە تا لە چەند دێڕێکدا پێناسەی شتەکان و
شوێنەکان بەدەستەوە بدا، هۆش پێویستی بە گەڕان و نیگەرانیی و
پرسیارکردن و تاقیکردنەوە و خوێندنەوە هەیە.. رزگاربوونیش لە هۆش یا
تووڕهەڵدانی هۆش خۆڕزگارکردنە لەو هەموو کۆشش و تاقیکردنەوانە و
یاخییبوونە لە ژیان.. بەڵام ژیانێکی تاقینەکراوە و تەوەزەلانە لە
دواجاردا پڕ لە بێ واتایی و بێ هوودەییە.
هۆش ناتوانێ هیچ بەرهەم بهێنێ تەنیا لە هەلومەرجێکی تایبەتدا نەبێ
ئەویش هەبوونی ئازادییە.. هۆش و ئازادیی تەواوکەری یەکترین، ئازادیی
لێپرسراوێتی هۆشە لە بەرانبەر خۆی و دەوروبەر و بووندا.. ناهۆشمەندییش
راکردنە لە ئازادیی و لێپرسراوێتی، ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کوردستانیش لە
ئێستادا سەرگەردانی ناهۆشمەندیی و ستەمکاریین چونکێ بەرگەی
دواکارییەکانی هۆش و باری سەختی ئازادیی ناگرن.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|