٢٧\٢\٢٠١١
رۆشنبیر وەک
مرۆڤێکى ئاسایى.
- مشەخۆریی
و گەندەڵیی -

فەرەیدون سامان
بەم دواییە لەنێوان هەندێ لە لایەنە دژبەرەکانی وەک رۆشنبیران و
مەلایەکان و دواتر سیاسەتمەداران مقۆمقۆیەک سەریهەڵدا کە سەرەنجام بووە
هۆی هەڵایسانی ئەزمەیەک لەکایەکانی میدیا و رۆژنامەوانی کوردیدا ،
لێرەو لەوێ لە نێوان دۆستایەتی و دژایەتی داوای هەڵوێست لەو لایەنانە
کرا کە بەرەیەک هەڵبژێرن ، واتە یان لەگەڵ ئێمەی یان دژی ئێمەی ، من
لەم نووسینەمدا نامەوێ داکۆکی لەهیچ بەرەیەک بکەم ، بەڵام دەرفەتم
پێبدەن با منیش شەکرێک بشکێنم ، دیارە رۆشنبیریش وەک هەر مرۆڤێکى
ئاسایى میناک ئەزموونی ژیان باگڕاوەندێکى تایبەت بەخۆی هەیەکە
پێکهاتووە لە پەروەردەی سەردەمە جیاوازەکانى قۆناغەکانی منداڵى
تادەگاتە پیری، بێگومان ئەم باگراوەندەش بۆ شارستانیەت و رۆشنبیریش
هەروایە، لەوڵاتى ئێمەدا چونکە دۆزی گوزەران و ژیان هێندە ئاڵۆزبووە،
رۆشنبیران بەتایبەتیش (نووسەران و هونەرمەندان) ناچار دەبن بۆ بژێوى
ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان لەچەندان داوودەزگای رۆشنبیری حکومی یان
حیزبی دا کاربکەن ، وەلێ دەمێکە ئەوە سەڵمێنراوە و سەرەنجامی کارکردن
لە کایەکانی رۆشنبیری و راگەیاندن و ڕۆژنامەگەریى کاریگەرى نیگەتیڤى
بەسەر داهێنانى نووسەران وهونەرمەندانەوە هەیە، بەپێچەوانەوە لەوڵاتانی
خۆرئاوا وەها نییە، چونکە پسپۆری و کاری پرۆفیشنالی هەیە، واتە
رۆژنامەنووس تەنها رۆژنامەنووسە، هونەرمەندیش هەر تەنها هونەرمەند و
لەبوارەکانی هونەریدا کاری هونەری دەکات ، هەڵبەت ئەدیب و نووسەرانیش
هەروان ، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە لەو هەرێمە گەمارۆدراوەی ئێمەدا
وانییە، بەدەر لەبەهرەی رەسەن و خۆرسکی رۆشنبیرێک ، بەڵام لە
لەحزەیەکدا هەموو نووسەرو رۆژنامەنووسن ، رەنگە بۆ هونەرمەندەکەش
هەروابێ ، چونکە حیزبایتی بیناقاقا و هەوکی خەڵکی ئێمەی گرتووە، جگە
لەخزم خزمێنەو تیۆری هەموو شتێ بۆ خۆم و ئەوەی تۆش دەخۆم ، سەرەنجام
دەبینین کارەکان هێندە تێکەڵ و پێکەڵ بوون وەک گرێکوێرەیان لێهاتووە ،
هیچ شتێک وەک خۆی نییە، گۆرانی شاعیر لەشیعری بەندیخانەدا دەڵی :
کا لەبەردەم سەگەو ئیٍَسکیش لەبەردەم ئەسب ...
چونکە لە وڵاتە دیموکراسی و پێشکەوتووەکان بیمەی کۆمەڵایەتی هەیە و
هاووڵاتی کێشەی نیشتەجێ بوون و هاتوو چۆی نییە، دەبینین ئەفراندن و
پسپۆری هاوکێشەیەکی تەبان ، بۆیەش لە وڵاتی ئێمەدا بە سانایی دەرفەت
ناڕەخسێ پراکتیزەی ژانرەکانی ئەدەب و هونەر بکرێ، ئەگینا ئەو هەموو
پەلهاوێشتنە بۆکارى دیکە ، ئایا لەداهێنانى شاعیران ونووسەران ناکوژێ؟
لەئەدەبیاتى ڕۆژئاوادا وێڕاى داهێنانە ئەدەبییەکانیان ، ئەرکی
رووناکبیران پەروەردەکردنى کۆمەڵایەتى وسیاسى نییە بەقەت ئەوەى کەچۆن
کێشەوململانێ فەلسەفییەکان چارەسەردەکەن، کە بەدرێژایى ساڵانى ڕابردوو
بەدوایدادەگەڕێن، بەڵام لاى ئێمە ئەدەبى کوردى ئەدەبێکە تا ئێستا
ئەدەبێکى چوارچێوەدارە و پانتایەکەى هێندە بەرفراوان نییە تا مرۆڤ باس
لە کێشە فەلسەفییەکانی خودی تاک و کۆمەڵگا بکات ، هەتا ئێستاش
رووناکبیری کورد ناتوانَێ بە راشکاوی باس لە تابووە کۆمەڵایەتی
وسیاسیەکان بکات ، ناتوانى بەراشکاوی رەخنە لە سەرکردەکەی حیزبەکەی خۆی
تەنانەت لە بەرپرسی فەرمانگەکەشی بگرێ و گفت و گۆ لەسەر کێشە
پەراوێزەکانیشی بکات ، ئەم سنوور و چوارچێوەیانە وا لە رووناکبیران
دەکەن کەهزر و نووسینەکانى خۆیان بخەنە ناو قاڵبێکی داخراو و ئیدی
نەتوانن بە سانایی لێى دەربازبێ، دەکرێ وەزیفەى نووسەر یان هونەرمەند
ئەوەبێ بتوانێ هاوکارى حیزب و دەسەڵات بکات ، بەڵام بەو مەرجەی نەبێتە
بەشێک لە سیاسەتی ئەو دەسەڵاتە وەک چۆن دەبینین کە زۆربەی زۆری
رووناکبیرانی ئێمە بوونەتە بەشێک لە کێشەکانی دەسەڵات نەک
چارەسەریەکانی ، لەخزمەتکردن بەکێشەى میللەتەکەى و گەیاندنى پەیامى
رۆشنبیریەکەى بە خەڵکی وڵاتەکەی و تەنانەت بە ناوەندە جیهانییەکان،
واتە ئەگەر ئێمە رۆشنبیر وەک مرۆڤێکی ئاسایی ببینین کە مافی ژیان و
گوزەران وکاری حیزبایەتی هەیە وەک چۆن ئەو مافە بە مەلایەک یان سیاسی
دراوە کە لەکایەی سیاسیدا کاربکات و بەدوای خەونەکانی خۆیدا بگەڕێت ،
کەواتە بۆ رۆشبیرانیش ئاساییە خەون ببینن وەک مرۆڤێکی ئاسایی
پراکتیزەری ئازادی بیرو بۆچوون و سەربەخۆیی هەڵوێست و هزری خۆیان بکەن
، با ئەو رۆشنبیرەش وابەستەی حیزبێک بێت ، بەڵام نەک ببیتە کۆیلەی حیزب
کە مخابن ئەزموونی وابەستەیی رۆشنبیران لەگەڵ ژیانی حیزبایەتی لە
کوردستاندا لەپاش راپەڕین بۆتە کۆیلایەتی نەک سەروەری ، چەپ و راست
ئەوانەی سەرووی خۆیان چ فەرمانێکیان بۆ دابەزاندن گەرەکە رۆشنبیریش
پەیرەوی بکات ، من پێوایە نە هەموو رۆشنبیران گەندەلڕ و مشەخۆرن ، نە
هەموو پیاوە ئاینیەکانیش سێبەری خودان لەسەر زەوی ، نە هەموو
سیاسیەکانیش نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی ئەم گەلەن ، بۆیەش قسە کردن لەسەر
پاکی و ناپاکی ومشەخۆری و گەندەڵی ئەگەر دەستەی نەزاهە یان دادگا
نەیسەلمێنێ ئەوا بێگومان ئەم و ئەو ناکارن بیسەڵمێنن .
ماڵپهڕی فهرهیدون سامان
|