په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٠

رۆشنبیر یا دەربار؟؟

هه‌ردی شه‌فیق    


ئێوە کە سەرقاڵى نابووتکردنى دنیان، چۆن چۆنى جوانى بنیات دەنێن؟! ئایا دەکرێت لەئاوێکى بەخوێن لێڵ بوودا،لە جوانى ماسییەکان وردبینەوە؟! لە تێزابدا سەیرى لەنجەولاریان بکەین؟! لە بازاڕى کۆیلەفرۆشان جاڕى مافى مرۆڤ و جوانى بدەین؟! لە جێگایەکدا تاڕادەى لەشفرۆشتن خەڵًک برسى بکرێت هەموو باسکردنێک لە عەشق خۆگێلکردنە بە تلیاک.


لە ڕۆمانى (تاعون)ى(ئەلبێر کامۆدا) داباس لە بڵاو بونەوەى تاعون دەکات،لەسەروەختى بڵاوبونەوەى نەخۆشیەکەدا،بەرگرى کاران چەند شوێنێکیان دروست کردووە بۆ سوتاندنى نەخۆشەکان،بەڵام ئەشێت مرۆڤ بیر لەوەبکاتەوە ئەوانەى هۆکارى دروستبون و بڵاوببوو نەوەى تاعونەکەبوون،هەرئەوانە بوون جەنگاوەرەکانیان وەک دووشارە مێروولەى برسى بۆقرکڕدنى یەکترى ئامادە دەکردو لە شەڕەکانیاندا هەزاران لاشەیان بەجێدەهێشت، بەبێ ئەوەى کوژراوەکان هیچ بەرژەوەندیەکیان لە جەنگەکەدا هەبووبێت. بیر لەوە بکەنەوە جەنگ هیچ خێروخۆشیەکى بەدواوەنیە جگە لە زیادکردنى سنورى قەڵەم ڕەوى شاو ئیمپراتۆر و هاو شێوەکانیان. لێرەوەدەچمە سەرئەسڵى بابەتەکە ئەویش مۆدێلێکى ترى هەڕەرەشەکردنە،بەڵێ هەڕەشەکردن بەئیمەیل! بەندە سەرەتا دەڵێم نەجارەکانى پێشوو گوێم بەهەڕەشەو گوڕەشەداوە و نەبۆ لە مەودواش چونکە نەڤێلام هەیەلەدەستى بدەم، نەکۆمپانیشم هەیە خەفەتى لێبخۆم. هەتا ئەو توتیە بەڕێزەش چەنجارێک بۆى نوسیوم زمانت ئەبڕین و ئەى خەینە هینتەوە بیکات بەڕاستیش. بەندەئامادەى ئەوەنیم هەڵاى لە سەر بکەم، تەنیا چەندشتێکى نمونەى ئەم نوسینەى بۆئەنوسم تا تۆزێک لە بەردەم ویژدانى خۆیدا تەریق بێتەوە،ئەگەر ویژدانى مابێت وکەڵکى ئەوەى پێوەمابێت بە خۆیدابچێتەوە. لەپەیامنێرى یەکێک لە ڕادێۆکانەوە ژنەوتم لەکاتى کۆ بوونەوەیاندا کاکى بەڕێوەبەر پێى وتوون ئەوساتانەى شار بێ تەقە وتۆقە واى نیشان بدەن یا دۆخەکە وا پێناسەبکەن خۆشگوزەرانى و ئاسایش بەرقەرارە، ئەوساتەى دزیەک بڵاو دەبێتەوە هەوڵبدەن بکەرانى نابوت بکەن، بە بێئەوەى شەرعیەت بدەین بەدزى کردن ،جێى خۆیەتى بپرسین ئەوکاتەى شاربێَ تەقەوتۆقە چەند سفرەى خاڵی بۆنانى وشک ڕادەخرێن و خاوەن ماڵ قایلە؟؟چەندکەس لە تاریکیدا لەشى دەفرۆشێت بۆ پارویەک؟ ئەى چەندکەس بازرگانى گەورە، قومار بەسەر میلەتەوەئەکەن ؟؟ ئایا ئەو ساتەى دزیەک لەشاردابوونى هەیە،پێوست نیە بە دواى هۆکارەکەشى دابچین؟ وەک خوێندکاران لە لافیتە کانیاندا نوسیبوویان، خۆئێوەخزمەت گوزارى ئەفریقاو سیستەمى سویدمان بەسەرداقڵپ دەکەنەوە!! ئایالەپشتى دزیە بچوکەکانى شارەوە بەدەیان دزى گەورە بونیان نیە، ڕۆژگارى نالەبارى ئەو دزەناچار کارەیان بەوڕۆژەگەیاندووە؟


ئایا دزگەلێک بونیان نییە کاکى بەڕێوەبەر نەک لەئاستیان بێدەنگە، بەڵکوو لەڕووشیاندا ئەکەوێتە سەر ئەژنۆ؟؟ ئایائەوکەسەى لەنەداریدا لە پێناو نەفرۆشتنى شەرەف پەنادەباتە بەردزى، هەزار جار لەو بەرپرسە شەریفتر نیە بەتەنیا جارێک هێندەى هەزار ساڵى ئەو ئەدزێت؟؟ ئایا ئەوکچەى لە پێناو برسێتى دا پەنادەباتە بەر لەشفرۆشى ،هەزار جار لەو بەرپرسە شەریفترنیە بەخوێنى کچێنى کچێک شەوانى خۆی سوردەکات؟ زۆرن ئەوانەى بەدواى گەورەیی داگەڕان و بچوکیان بەدەستهێنا، بەڵام لەبیریان چووە مێژوو حەقیقەت ئەینوسێ کێبوو لەناخى خۆیا سەربەرز ژیاو بەسەر بەرزیش مرد؟ کێ بوو ڕۆڵى توتیەکى ڕاستەقینەى گێڕاو و لەناخى خۆیدا لە کۆیلەیەک زیاتر هیچى دیکەنەبوو. بەداخەوە هەندێک لایەنیش لەڕێگاى ئەوجۆرە قەڵەمانەوە دەیانەوێت دەمامکێکى تر بەدەمووچاوى حەقیقەتدا بکەن، لەڕێگاى کەسانێکەوە لەپێناو پلەو پایەو گەورە بووندا بە ئەندازەیەک خۆیان بچوک دەکەنەوە کە بەزەڕبینیش نابینرێن. ئایا پرسیارى ئەوەیان لەخۆیانکردووە ئایائەوەى بەدەستم هێنا ئەوەدێنێت کەلەپێناویدا بەخشیم؟؟ ئایا ئەوەى بەزێڕى عەیارە (بیست و چوار) بە خەڵکى دەفرۆشنەوە خۆیان لەهەموکەس باشتر نازانن تەنەکەى ڕوپۆشکراوى سەروىخۆیانە؟؟ بەداخەوە دەسەڵاتیش وەک هەمیشە کە ترسى لە دەرخستنى حەقیقەتە،بازاڕێکى بۆکڕینى قەڵەمەکان داناوەو کەسانێکیش هەن تەنیا بۆئەوە دەنوسن کەنرخ لەسەرخۆیان دابنێن! دیاریشە چ بە توندو تیژى یا بەپارە و پەلاماردان لە ڕێگەى نوسینەوە یا بە جنێوى نا شرین دەیانەوێت کەسانى ترناچار بکەن و یژدانیان سەرخۆشبکەن و دواى ئەوان بکەون و بەرببنە وێزەى هاووپیشەکانیان.لەوەش نەگبەتى تر ئەوەیە هەندێ جار بەناوى ڕۆژنا مەنوسى سەر بە خۆوە ئەدوێن!! لاى ئەوانیش ژیان دیوێکى ترى نیە جگە لەوەى بەر پرسەکانیان دەیڵێن، بەڵام هەر بۆخودى خۆیان هەزار دیوی شاراوەیان هەیە. تۆش کەقەڵەمەکەت لەکرێ گرتەیەک زیاترنیە، لە دیوارێک ،یا لەپەردەییەک زیاترنیت لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا، ئەشێت خودى خۆشت لە هەموان چاکتر بزانیت لەو دیوە شاراوەدا چى دەگوزەرێت. یا نەزانى چى دەگوزەرێت خۆ ئەگەر نەزانى بۆتۆ جێگەى داخە کە بەبێ هۆ بەرگرى لە کەسانێک دەکەى پێش ئەوەى بزانیت چین ڕۆڵى دەرباریان بۆ دەگێڕیت و شایستەى بەزەیى پێدا هاتنەوەى. خۆ ئەگەر بزانیت و بە خەیاڵى مایە پوچت ببیتە دیوار ئەوا دیواریەکەت هیچەو تەنیا لەپێش چاوى خۆت دیوارە دەنا لاى خەڵکى وشیار شوشەیەکە لەزەڕەبین.


سەختە بۆ من نە بەئەقڵى خۆم بیربکەمەوە و نە بەزار ى خۆم قسەبکەم و نە بەچاوى خۆم دنیاببینم، ڕۆبۆتێک بم کۆنتڕۆڵەکەم بەدەستى کەسانێکى سیاسیەوەبێت. سیاسەتى هەندێک ئەمەى لێت دەویت ،بەڵام ئەوهەرچیەکت بداتێ لە بەرانبەر ئەمەدا جاویدانى و جوانی و خوشەویستیت لێوەر دەگرێت. پارەت ئەداتێ بەڵام دڵ و چاو ئەقڵ و زمانت لێدەکڕێت ،وات لێدەکات لەبرى ئەوەى بەدواى حەقیقەتابگەڕێیت پاساوبدۆزیتەوە بۆ داپۆشین، ئاخر ئەوانەى بەدواى حەقیقەتدا ئەگەڕێن لەو جۆرەکەسانەن کە گەندەڵى چارەى ناوێن، چونکە سیاسەتێکى گەندەڵ، هەمیشە دنیایەک دیوى شاراوەى هەیە و نایەوێت دەرکەوێت. ڕۆشنبیرى خاوەن و یژدانیش بەدوى ڕووى راستیەکاندا دەگەڕێت و سیاسەتى گەندەڵیش کارگەى دەمامک دروست دەکات.


هەر ئەم جۆرکەسانەن کە لە ڕاگەیاندن و فیستیفاڵ وکۆڕِ و سیمینارە حیزبیەکاندا ڕێزیان لێدەگیرێت و زۆرجاریش بەکەسانى نەیار و توڕە لە کاتى لێوڕێژ بوونى خەڵکى دا دەیان هێننە سەر شاشەو پێیان وایە مێشکى ئەو خەڵکە تەنەکەى زبڵە و چیان بوێت تێى فڕبدەن. بە جۆرێک واقیعى خۆت پێدە فرۆشنەوە وەک ئەوەى لە بەهەشتدابیت، بەڵام خەڵکى وشیار دەزانێت کەسى بە ویژدان بەسەر ئێسک و پروسکى هەژاراندا ناڕوات و پاروى دەمى بەش مەینەتیانى بەگەرودا ناچێت. کەسێکە تەنیا بەویژدانى دادوەرى لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دەکات نەک بە گیرفانى. لە کوردەواریشدا ئەوترێت ئەهلى چەپڵە بارى بۆکەس نیە لەگەڵ هەرسیستەمێکى حوکمڕانیەدا تەنیا پارەکۆیان دەکاتەوە و خەڵکیش موعتادنیە بەقسە نەشئەبکرێت، ئەوەى ژیانى نیە ژیانى دەوێت، ئاخر ئەوەى بستە زەویەکى نیە و شارەکەى سیخناخە بە بیناى بەرپرسان ،گۆرانى بەباڵاى کام ئازادى و کام نیشتماندا بڵێ بستە خاکێکى نەبێ و وەک قەرەج بژى ؟؟! وەک چۆن ئەوترێت لەپشت هەرپیاوێکى گەورەوە ژنێکى گەورە هەیە ئەشێت بڵێین لە پشت هەر ڕۆشنبیرێکى گەورەوە کۆمەڵێک تێڕوانین و هەڵوێستى مەزن هەیە،بەدرێژایى تەمەنى لەگەڵیدایە و پشتى خەڵک دەگرێت. ئەوەش دەیەوێت هەر دولاى لەدەست نەچێت و دەستەمۆى حیزبێک بێ بەپارە، حەقیقەت پەرستیش بێت ئەوەتەنیا خۆى دەخەڵتێنىء دەیەوێت خوا وخورماشی دەست بکەوێت، چونکە نەک هەندێک زۆربەى زۆر سیاسیەکانى ئەم وڵاتە نایانەوێت ئاغاى خۆت و پیاوى خۆت بى، بەڵکو دەیانەوێت کۆیلەى پارە و پیاوى ئەوان بیت.ئەیانەوێت وەستاى ستایش بیت،دیارە ئەوەى لەستایش کردندا وەستابێت لەهەڵوێست وەرگرتندا شاگردیشى پێناکرێت، چونکە پاسەوانەکانى ستایش دیوارەکانى بەردەم جبەخانەى حەقیقەتن، ڕۆشنبیرانیش ئەوانەن کەدەیانەوێ دیوى ئەودیوى دیوارەکان پیشان بدەن .کۆکردنەوەى ئەم دووجۆرە تێڕوانینەش جگەلەوەى ئەیکات بەکەسێکى دووڕوو ئەیکات بەکەسێکى نمایشکارى حەقیقەت نەک نیشاندەرى.


بەندە بەزۆرێک لەوکەسانەم وتووە کە قسەى دڵیان شتێکەو قسەى سەرکاغەزیان شتێکى تر، قسەى لاى خەڵکیان و قسەى لاى حیزبیان شتێکى تر، خواش و خورماشیان ئەوێت: لێگەڕێ خەڵک باخۆیان بن وەک ئەوى خۆت خۆت نیت،تۆ خۆت زیندان و زیدانیت، کۆیلە و خاوەن قامچیت. تۆئە بوایە مەرهەم بویتایە نەک گوللە، دەوا بویتایە نەوەک بریندارکەر، ئاخر هەزار جارى تریش خەڵات بکرێیت وببرێتەسەرشاشەو گۆشەت بۆبکەنەوە، ناتوانن باجى هەڵەکانت ڕاست بکەنەوە، ناتوانن وات لێبکەن تاجى زێڕ لەتاجى کاغەز رَێزدار تربێَت. بامیزەڵان هەزار ساڵیش بەفووگەورە بکرێت و بیکەن بەباڵۆن لێمان، دواجار دەرزى حەقیەتێک ئەیکاتەوە بە میزەڵانەکەى جاران. ئیتر نەبەرگەى فوتێکردن ئەگرێ و نەگەورەبونیش .بۆیەواباشترە بەرلەوەى کارێک بکەیت ویژدانى خۆت بکەى بەدادوەر.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق