٢٧\٩\٢٠١٤
رۆشنایی، من، گوڵ، ئاو.

سوهراب سپهری. و:
توانا ئەمین
هەورێ نییە
بــــایەک نییە..
دائەنیشم لە کەناری حەوزێ:
گەردوخولی ماسییەکان، ڕۆشنایی، من، گوڵ، ئاو
پاکیی هێشووەکانی ژیان..
دایکم ڕەیحانە دەچنێ
نان و ڕەیحان و پەنیر
ئاسمانی ساماڵ..
پاتۆنیای تەڕ
ڕزگاریی نزیکە؛
لە تەنیشت گوڵەکانی حەوشەوەیە..
نوور؛
لە کاسەی مسییندا چ لاوێنێ دەڕێژێ..!
پەیژە لەبان دیواری بەرزەوە
سپێدە دادەگرێتە سەر عەرد..
لەو دیو هەموو شتێکەوە
خەندەیەک پەنهانە..
کڵاوڕۆژنەیەکی تیایە دیواری زەمەن؛
لەوێوە ڕوخساری من دیارە..!
شتەهایەک هەیە کە نازانم
ئەزانم؛
گیایەک هەڵکەنم دەمرم..!
سەردەکەوم تـــــا ترۆپک؛
من؛ تەژی پەڕوباڵم..
لە زوڵمەتا ڕێگا دەبینم؛
من پڕ لە چرام..
پڕم لە نوور و زیخ
پڕم لە دار و درەخت..
پڕم لە ڕێ
لە پرد
لە شەپۆل..
پڕم لە سێبەری
گەڵای ژێر ئاو..
چ تەنیایە هەناوم..!
______________________
تێبینیی:
ئەم شیعرە یەکێکە لەو
شیعرانەی سوهراب سپهری، کە لە ماوەیەکی نزیکدا و لە دوو توێی کتێبێکدا
بەناونیشانی (دەنگی پێی ئـــاو و ماچێک بە تامی خۆڵەمێش) بە وەرگێڕانی
تـوانــا ئەمین، دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان چاپی دەکات.
ماڵپەڕی توانا ئەمین
|