٥\٧\٢٠٢٠
رۆسۆ
و دەوڵەتەکەی محەمەد.

سهلاح رێبوار
ژان ژاک ڕۆسۆ (١٧١٢ - ١٧٧٨) فەیلەسووفی
فەرەنسی، شانبەشانی ڤۆلتێر (١٦٩٤ - ١٧٧٨)، دوو ئەستێرە بوون بۆ مەشخەڵی
شۆڕشی فەرەنسا (١٧٨٩ - ١٧٩٩). بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی دوو
پەرتووکی ڕۆسۆ بە ناوی ئێمیل و گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ١٧٦٢. کە
بە دوو پەرتووکی ھەرە نایابی ڕۆسۆ دادەنرێن کە تا ئێستاش گرنگییەکی
مێژووی و زانستی خۆیان ھەیە.
جار وبار لێرە و لەوێ دەبیستی کە موسوڵمانەکان دەڵێن ڕۆسۆ لە پەرتووکی
(پەیمانی کۆمەڵایەتی) بە ستایشەوە باسی ئیسلامی کردووە. و بە نموونەی
دەوڵەت باسیکردووە.
یەکەم ڕاستە ڕۆسۆ لە بەشی ھەشتەمی پەرتووکی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)
بەناوی (دینی دەوڵەت) بە چەند دێرێک باسی دینی ئیسلام دەکات. کە
بەداخەوە لە وەرگێڕانی عەرەبییەکەی کراوەتە (الدین المدنی) واتە (دینی
شارستانی). ھەرچەندە ئێمە نازانین وەرگێڕی عەرەبی، بەمەبەست یان لە
نەزانی وایکردووە. کەچی لە ھەردوو بارەکەدا خوێنەر بە ھەڵە دادەبات.
چونکە لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستیدا، دوو جیھانی جیاوازن. شارستانی
زۆر فراوانتەرە لە دەوڵەت. دەوڵەت رێکخراوێکە بەرھەمی شارستانییە و
بەشێکی گرنگەلێی، بەڵام ھەرگیز نابێتە شارستانی.
کاتێک باسی شارستانی دەکەی ئەوا لێکۆڵینەوە و ووردەکاری و
قووڵبوونەوەیە بۆ چۆنییەتی ئێتنۆگرافی ئەو شارستانییەتە. واتە ژیان و
ئاستی پێشکەوتن و بەراوردکردنی لەگەڵ شارستانییەکانی تری جیھان، بە
لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بیرکردنەوە و جیھانبینی
تاکەکانی ئەو شارستانییەتە.
بە پێچەوانەوە، دەوڵەت بریتییە شێوەی ڕەکخستنی دامودەزگای بەڕێوەبردن و
ئابووری و سوپا و پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ووڵاتێک، سەرەڕای
ڕەنگدانەوەی ئەو شارستانییەتەی کە تێیدا دروست بووە.
بۆیە بە ھەڵە وەرگێڕانی چمکێک، بێ پاکانەکردن ڕاستەوەخۆ بەلاڕێدابردنی
تێگەیشتنی خوێنەرە. مەبەستی ئەو نووسینەش ووردبوونەوەیە لە پەرەگرافی
سەرەوە (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) و سەرنجدانێکە بۆ تێگەیشتن لەو چمکە و
ناوەرۆکی ئەو چەند دێرەی، کە ڕۆسۆ سەبارەت بە دەوڵەتەکەی محمد
نووسیویەتی. پێش ئەوەی بچمە ناو نووسینەکە، دەقی ئەو پەرەگرافە وەک خۆی
دادەنێم. ( ھەڵبەتە بۆ ساخکردنەوەی ئەو دەقە و ھەندێک بابەتی تر لە ناو
پەرتووکەکە، وەرگێڕانی زمانی سوێدی و ئینگلیزیم وەک سەرچاوەی سەرەکی
بەکار ھێناون. لە پاڵ ئەوانەش پەرتووکەکەم بەزمانی عەرەبی لە ئینتەرنێت
دابەزاندووە و لەبەر دەستم دایە).
دەقی نووسینەکەی ڕۆسۆ:
"محمد تێڕوانینی باشی ھەبوو. ڕژیمە سیاسییەکەی باش پێکەوە بەستبووەوە.
فۆرمی میرییەکەی لە ژێر دەستەڵاتی خەلیفەکانی دوای خۆیشی داھەر
بەردەوامبوو. ئەو میرییە بەتەواوی یەک بوو. تا ڕادەیەک چاکیش بوو.
کاتێک عەرەب گەشەی کرد. بوونە زانست پەروەر، لەو کاتەوە سست و لاواز
بوون و ترسنۆک و ملکەچی دەستەڵاتی بەربەرەکان بوون. لەو کاتەوە
لەیکدابڕان لەناو دەستەڵاتەکە دەستیپێکرد. ئەو دابڕانەش لای
موسوڵمانەکان کەم دەرکەوتبوو، تا لای کریستیانەکان. کەچی بوونی ھەبوو،
بەتایبەتی لای پێڕەوانی ڕەوتی عەلی. لە دەوڵەتی وەک فارس کە بەردەوام
تیایدا دەردەکەوێ". (گرێبەستی کۆمەڵایەتی ل ١٤٩ بە زمانی سوێدیی)
بەر لە ھەموو شتێک ئەو پەررگرافە بەڕوونی باسی دەوڵەتەکەی محمد دەکا،
نەک دینی ئیسلام وەک شارستانی و کاردانەوەی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی
بەگشتی و تاکەکانی بەتایبەت. ئەوەش دوو بابەتی جیاوازن و ناکرێ تێکەڵ
بکرێن.
ڕۆسۆ بە ھیچ شێوەیەک نە لەو پەرتووکە و نە لە پەرتووکەکانی تری، باسی
لە باوەڕی دینی ئیسلام و سەرچاوەکانی دروستبوون و پەرەسەندنی نەکردووە.
بەڵام وەک بەڵگە لای موسوڵمانان بەکار ھێنانی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم نابێ
خوێندبێتیانەوە، بەڵکوو تەنیا گوێیان لێبووە، کە ڕۆسۆ باسی ئیسلامی
کردووە. یانیش وا تێبگەن کە خەڵکی تر ناخوێنێتەوە. بۆیە بە ئاسانی،
بەڕای خۆیان، دەتوانن وەک بەڵگەیەکی بەھێز بەکاری بێنن. کەچی ئەوەی
ڕۆسۆ لێرەدا مەبەستییەتی، گردبوونەوەی دەستەڵاتی سیاسی لە دەستی دینە.
کە بە پێچەوانەوە، لەو سەردەمەدا لە سەرتاسەری ئەوروپای کریستیان
دەستەڵاتی دووانە لە نێوان کەنیسە و پاشایەتی یان میردا ھەبوو. ئەوەی
جێگای سەرسوڕمانە بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ڕۆسۆ لە ناو ئیسلام
لەسەردەمی محمد و دوای ئەویش چوار خەلیفەکە. شتێک نەبووە بەناوی
کارگێڕی سیاسەتی دەوڵەت. بەتایبەتی لەسەردەمی محمد ھەموو شتێک بە ئایەت
و حدیس ھەڵسووڕێندراوە. دامودەزگاکانی ئەو دەوڵەتەش مزگەوت، یان ماڵی
محمد بووە.
بەڵام بۆ ڕۆسۆ ئەو چەند دێرەی نووسیووە؟ و مەبەستی چی تێدا ھەبووە؟ بۆ
من جێگای سەرنجە. بۆیە جێگای خۆیەتی ھەندێک لە نزیکترەوە بە چاوێلکەی
ڕەخنەگرانەوە لێی ووردبینەوە. بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو باسە ھەوڵدەدەم ئەو
چەند دێرەی ڕۆسۆ لە سێ ڕەھەندی جیاواز بە کورتی لێکبدەمەوە. کە دەڵێم
بە کورتی مەبەستم ئەوەیە ھەریەک لەو ڕەھەندانە پێویستی بە نووسینی
پەرتووکێکی گەورە ھەیە تا ووردەکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە
بابەتەکە دەرببڕێ. بەڵام ھەوڵدەدەم بەپێی توانا زۆر بە کورتی
تێگەیشتنێکی بنەڕەتی بۆ ڕۆسۆ بەگشتی و ئەو چەند دێرەی کە نووسیوویەتی
بخەمەڕوو. جارێکی تر دووبارەی دەکەمەوە کە ئەگەر بچمە ناو ووردەکاری،
ئەوا ئەو نووسینە لێرە جێگای نابێتەوە.
ڕەھەندی یەکەم: ڕۆسۆی لیبەرال و پرینسیپەکانی بۆ ژیانی کۆمەڵایتی.
ڕۆسۆ وەک خاوەن بیرو باوەڕێکی لیبەرال و خەباتکارێک لەو ڕێگایەدا، کە
مرۆڤ بە خوێندنەوەی ھەردوو پەرتووکی ئێمیل و گرێبەستی کۆمەڵایەتی بە
قووڵی درکی پێدەکات، توانیوویەتی جیھانێکی تایبەت بەخۆی لە بواری
فەلسەفە بئەفرێنێ. بۆیە تێگەیشتن لە لیبێرالیزم و ئازادی تاک لە
کۆمەڵدا تێگەیشتنە لە ڕۆسۆ.
بیروباوەڕی لیبێرالیزم یەکەمین جار ژۆن لوک (١٦٣٢ - ١٧٠٤) فەیلەسووفی
بەریتانی کە بە باوکی لیبێرالیزم دادەنرێت، بە شێوەیەکی سیستەماتیک
ڕوونی کردەوە، کە بۆچی مرۆڤ پێویستی با ئازادیی ھەیە. بۆچی
خاوەندارییەتی مافێکی سروشتییە. بۆچی تاکە ئەرکی دەوڵەت پارێزگاریکردنە
لە ئازادی. دەوڵەت ئەگەر ئەوە نەکات یاسایی نییە. نووسینەکانی ژۆن لوک
کاریگەری لەسەر لەدایکبوونی لیبێرالیزمی ھاوچەرخ ھەبوو و پالنەرێکی
سرووش بەخش بوو بۆ شۆڕشی ئەمەریکا و فەرەنسا.(١)
کەسی دووەمی لیبێرالیزم ئادەم سمیت (١٧٢٣ - ١٧٩٠) کا ھاوسەردەمی ڕۆسۆ
بوو. ئەو مرۆڤە مەزنە شوێنەوارێکی مەزنی سەبارەت بە بازاڕی ئازاد و
دەوڵەت بەجێ ھێشتووەکە کاریگەری تا ئێستاش لە سەرتاسەری جیھان ھەیە.
ئادەم سمیت بە دامەزرێنەری زانستی ئابووری دادەنرێ. لە ساڵی ١٧٧٦
پەرتووکی (سامانی نەتەوەکان)ی بڵاوکردەوە. کە تیایدا دەستنیشانی ڕۆڵی
دەوڵەت دەکات بۆ بازرگانی. ئادەم سمیت باوەڕی وابوو کە ئابووری بازاڕ،
دەبێ بە کەمترین دەست تێوەردانی دەوڵەت بەڕێوەبچێ. لە سیستەمی بازاڕی
ئازاد ڕێگەی تاک دەدا، کە بەپێی بەرژەوەندی خۆی ھەڵسوکەوت بکات.
بەمەرجێ دووربێ لە ڕووتاندنەوەی خەڵکی و بە یاسا جێگیر بکرێ (٢).
بازرگان و خاوەن کارخانەکان زۆر گلەیی، لەو کاریگەرییە خراپە دەکەن. کە
مووچەی بەرز، بۆ بەرزکردنەوەی نرخ و کەمبوونەوەی فرۆشتنی کاڵاکانیانی
ھێناوە، لە ناوە و دەرەوەی ووڵات. ئەوان ھیچ سەبارەت بە ئەو کاریگەرییە
خراپەی کە قازانجی بەرزی خۆیان ھێناویەتی قسەناکەن. ئەوان بێدەنگن
سەبارەت بەو کاریگەرییە خراپەی لە ئەنجامی قازانجی خۆیان دێ. و تەنیا
قسە لەسەر خەڵکی تر دەکەن. (ئادەم سمیث،
سامانی نەتەوەکان، پەرتووکی ١، بەشی ٩ ) (٣).
ئادەم سمیت لەو بڕگەیەدا ڕۆڵی دەوڵەت دیاریدەکات کە دەبێ چاوەدێری
ھاوسەنگی بازاڕ و ژیانی خەڵک بکات. نەک بازرگان و کارخانەدارەکان جێگای
دەوڵەت بگرنەوە. و بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری ژیانی خەڵکی بکەن.
لێرەدا وەک ژۆن لوک گوتەنی دەوڵەت دەبێت بەیاسا پەیوەندییە ئابووری و
کۆمەڵایەتییەکان جێگیربکات. دوای ئەوە بازاڕ دەبێت ئازاد بێت بۆ
تاکەکانی کۆمەڵ، تا نەبێتە گۆڕەپانی مۆنوۆپۆل کردن لەلایەن سامانداران
و سووخۆران.
سەبارەت بە ڕۆسۆش ئەگەر یەک لە کەسایەتییەکانی ھەرە مەزنی لیبێرالیزمیش
نەبوو، کەچی وەک فەیلەسووفێک بۆ ئازادی و مافە سرووشتییەکانی تاک لە
کۆمەڵگەدا، پێشڕەوێکی گەورە بوو بۆ شۆڕشی فەرەنسا. دواتریش لە
پەرەسندنی لیبێرالیزم لە جیھاندا. ئەوەش لە ھەردوو پەرتووکی ئێمیل و
گرێبەستی کۆمەڵایەتی جوان دەردەکەون.
لە ڕوانگەی رۆسۆدا مرۆڤ ئازادە و نابێت نە کەسیتر کۆیلە بکات و نە خۆشی
کۆیلە بکرێ. بە شۆڕبوونەوەیەک بە ناو قووڵایی پەرتووکی (گرێبەستی
کۆمەڵایەتی)، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆسۆ تەواو ناکۆکە لەگەڵ ئیسلام و
پرینسیپە کۆمەڵایەتییەکانی. ڕۆسۆ پێی وایە کە ھاووڵاتی لە ھەر شوێنێکی
ئەو جیھانەبێت. کاتێک تووشی کۆیلایەتی دەبێ، ئیتر ئازادی و
ئارەزووەکانی دەمرن. لە ترس و خۆگونجاندن. دەنگدانی دەگۆرێ بۆ
لایەنگیری کردن و مافی بڕیاردانی نامێنێ و دەبێتە پاڕانەوە یان یاخی
بوون (٤). جا بەھەر شێوەیەک بێ کۆیلایەتی ڕەوایی تێدانییە. نەک لەبەر
ئەوەی نایاساییە، بەڵکوو شتێکی بێمانا و بێویژدانییە. ووشەی کۆیلایەتی
و ماف دژی یەکن. یەکتری ڕەشدەکەنەوە (٥).
لە دیدی ڕۆسۆ چمکی ئازادی تاک و یەکسانی بە دەیان جار دووبارە دەبێتەوە،
کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا دژی سیستەمی ئیسلامە، کە کۆیلایەتی لەسەردەمی
محمد و خەلیفەکانی ھەبووە و تەنانەت ئەتککردن بە کۆیلە ژنەکان (سەبایا)
کارێکی ئاسایی بووە. ئەوەش ناکۆکییەکە لەگەڵ بیرۆباوەڕ و ھەڵوێستی ڕۆسۆ
بۆ کۆمەڵگە، کە لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەیخاتەڕوو. ڕۆسۆ یەکسانی و
ئازادی تاک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئابووری لە سەرجەم
بوارەکان وەک بناخەی لیبەرالیزم دەبینێ. ئەوەش تەواو پێچەوانەی بیر و
پرینسیپەکانی دینی ئیسلامە. بۆیە ئەگەر ئایدیۆلۆژی ئیسلامی پێ باش بێ،
ئەوا ناکۆکی لەگەڵ خۆیدا ھەیە و ناتوانێ وەک بیرمەند و فەیلەسووفێکی
لیبەرال ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. بەڵکوو دەکەوێتە فۆرمێکی دیکەی
پێچەوانەی. با سەیرێکی ئەو نموونەیەش بکەین کە بەڕاشکاوی دژی باوەڕی
ئیسلامە، کە لە ھەمان پەرتووکدا دەریبڕیووە:
"ھیچ ھاووڵاتییەک نابێ ئەوەندە دەوڵەمەندبێ، کە بتوانێ ھاووڵاتییەکی تر
بکڕێ. و ھیچ ھاووڵاتییەکیش ئەوەندە ھەژاربێ، تا خۆی بفرۆشێ. ئەوەش
پێوەرێکە سەبارەت بە سامان و دەستەڵات، کە لەناویدا گەورە و بێ
ویژدانەکان، داوا لە بچووکەکان دەکەن".
( گرێبەستی کۆمەڵایەتی ل ٦٧ سوێدی).
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەیەک لەو دەربڕینەی ڕۆسۆ سەبارەت بە
دەوڵەتەکەی محمد ھەیە، بۆیە ناتوانرێت وەک ئیدیایەکی فەلسەفی
لیبێرالیستانە و ئازادیە سروشتییەکانی مرۆڤ وەربگیرێ.
ڕۆسۆ دەوڵەت و شێوەی ڕێکخستن و کارکردنی وەک ئامرازێکی ڕیالیست و
سەقامگیر دەبینێ بۆ بەردەوام بوون. بە مەرجێ نەرێتە کۆمەڵایەتییەکان
بەشێوەیەک پەیرەوبکرێن کە پەیوەندییە سرووشتییەکان و یاساکانی بەردەوام
لەگەڵ یەک بێنەوە. لە یاساکانی دەوڵەتیشدا ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی
تاکی کۆمەڵگە، دەبێ بە ڕوونی لەبەرچاو بگیرێن. بەشێوەیەک لەگەڵ سەرجەم
پەیوەندییە سرووشتییەکان بگونجێن (٦). بەڕەچاوکردنی ئەو بیروڕایە
لیبێرالیستانەی ڕۆسۆ، ناکرێ وا بە ئاسانی ئەو دەربڕینە چەند دێرییەمان
لەسەر تێپەڕببێ. لەبەر ئەوەی پێچەوانەی سەرجەم ھەڵوێست و ئیدیا
کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆسۆ بە تایبەتی و لیبێرالیزم بە گشتین. بۆیە پێویستە
لە گۆشەنیگای تریش لێی ووردبینەوە، تا بتوانین ئەنجامگیریەکەمان لەسەر
بناخەیەکی پتەو داڕێژین.
ڕەھەندی دووەم: سیستەمی سیاسی و دینی ئەوروپاو کاریگەری لەسەر کۆمەلگە.
ئەو ڕەھەندە ئەگەر لە ڕەھەندی یەکەم گرنگتر نەبێ، کەمتر نییە. ئەگەر
بمانەوێ، لە بیرمەندێک یان فەیلەسووفێک و شێوەی بیکردنەوەی تێبگەین.
بێگومان ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوە وھاوبەشی ژیانی ئەو کۆمەڵگەیەی تێدا
پەروەردەبووە، دەبێ باڕاشکاوانە ڕەچاوبکرێن. چونکە ناکرێ ڕەنگدانەوەی
لەسەر بیر و ئایداکانی نەبێ. بۆیە دەبێ ھەڵومەرجی سیستەمی سیاسی و
پەیوەندییەکانی تری کۆمەڵایەتیی، چ لە ڕوانگەی مێژوویی
دەستەڵاتدارییەتی، یان کاریگەری کۆمەڵایەتی تێبگەین. ئەوسا دەتوانین
بۆچوون و ئیدیایکانی چ لە نووسین، یان شێوەی بەشداری جوولانەوە
کۆمەڵایەتییەکان ڕاڤەبکەین، ولە ووردەکارییەکانی تێبگەین. جا
ئەوھەڵوێست و بۆچوونانە بەرامبەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەڕێوەبردن
بن. یان کارێکی سەرجەمگیری فەلسەفی بن. ئەوەش لەپێناو تێگەیشتنێکی
بنەڕەتی لەسەر کەسایەتی و نووسینەکانی و شوێن پێگەی لە ناو کۆمەڵدا، کە
دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ ھەڵسەنگاندنی بەپێی ھەڵومەرجی سەردەم و کێشە
بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە و جیھانبینی بۆ ئایندە لە بۆتەیەکی فراوانتر.
ڕۆسۆ و ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئازارەکانی لەدەستی دینی کریستیانیزم
سەرچاوەن بۆ شێوەی بیرکردنەوە و ھەڵبژاردنی ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی لە
گۆڕەپانی فەلسەفە و زانست و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی ئەو دەمەی ئەوروپا بە
گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی.
کورتە مێژوویەکی کریستیانیزم:
لە سەرەتا کریستیانیزم وەک دینێکی سادە لە ھەناوی دینی جولەکە لە خاکی
پیرۆز (ئیسرائیل) لە دایک بووە. ئەندامەکانی بەدرێژایی زیاتر لە ٣٠٠
ساڵ لە دەستی ڕاونان و ئەشکەنجە و برسییەتی، ھەم لەلایەن دەستەڵاتی
ئیمپراتۆرییەتی ڕۆما و ھەم لەدەستی حاخامەکانی دینی جوولەکە
دەچەوسانەوە. ئەو ڕاونان و چەوسانەوەیە، بەو دیمەنە پڕ ئازارە، لە
خۆشاردنەوە و برسییەتی و دڵەڕاوکێی ھەمیشەیی. وای لێکردبوون نەرم
وبێفیز لە شێوەی قسەکردنیان کەسایەتیی سادە و بە نووزانەوە و
پاڕانەوەبن، بۆ دەربازبوون لە چنگی مەرگێکی پڕ ئازار و لەسەرخۆ. ڕۆسۆ
بە دەربڕینێک دڕدۆنگی دەستەڵاتداران و خەڵکی ڕۆما دژی ئەو کریستیانانە
دەردەبرێ، کە چۆن ئەو ملکەچی و پاڕانەوە بە تاکتیکێکی فێڵبازانە
دادەنێن، بەڵکوو چاوەڕوانی دەرفەتێکی لەبار دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان
ڕابپچڕێنن و ئازاد ببن. بەو کارەش دەبنە دەستەڵاتدار. ڕۆسۆ دەنووسێ (ئەو
ترسەی بوتپەرستەکان ھەیانبوو لەڕاستیدا ڕوویدا). ئیتر شوێنەکان گۆڕان.
ئەو کریستیانە سادە و بێفیزانەی دوێنێ گۆڕان و زمانی قسەکردنیشیان (٧)
گۆڕا بۆ زمانی دەستەڵات. ئەوە بوو لە ساڵانی سەرەتای ٣٠٠ ز
ھەڵومەرجەکان گۆڕان و کێشەی فرەدینی و شەڕی ناوخۆ لە نێوان ئیمپراتۆری
رۆمای ڕۆژھەڵات (بێزەنتی) و ڕۆژئاوا ناسەقامگیریی لەسەرتاسەری
سەرزەمینی ئیمپراتۆری ڕۆما وەدیھێنابوو. ئەوەش زۆر تەنگو چەڵەمەی قووڵ
و فراوانی بۆ سەرجەمی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆری دروستکردبوو. دوای ئەوەی
بێزەنتینیەکان توانیان ڕۆمای ڕۆژئاوا بشکێنن و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمای
گەورە، جارێکی تر بنیات بنێنەوە. ئیتر ئەوەی لەو کاتەدا پێویستییان بوو،
بوونی دینێکی سەرجەمگیر بوو بۆ ئەوەی گەڵانی سەرخاکی ئیمپراتۆری
بکاتەوە یەک و پشتگیربێ بۆ بەھێزکردنەوەی دەستەڵاتی بەڕێوەبردنی
کارگێڕی و سەربازی ئیمپراتۆری ڕۆما. بۆ ئەوەش چارەسەرییەکی
مامناوەندییان دۆزییەوە تا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن. باشترین و
نەرمترین دین، دین کریستاینی بوو. ھەم ئامادەبوون بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ
دینەکانیتر، و ھەمیش بە ئاسانی نەرێت و شێوەی ژیانی دینەکانی تریان
وەردەگرت و لەناو بۆتەی دینەکەی خۆیان دەتواندەوە. ئەوەبوو لە ساڵی ٣٢١
ز بە بڕیارێکی فەرمی لەلایەن کۆنستەنتینی ئیمپراتۆر دینی کریستیانی،
کرایە دینی فەرمی ئیمپراتۆری ڕۆم (واتە دینی دەوڵەت) (٨).
لەو دەمەوە کریستیانەکان وەک دەستەڵاتدار ھەڵسوکەوتیان دەکرد و زمانی
قسەکردنیشیان لە زمانی پاڕانەوە گۆڕا بۆ زمانی دەستەڵات. بەپێی
تێپەڕبوونی کات، دەستەڵاتی ئیمپراتۆری ڕۆم بووە دەستەڵاتێکی دووانە.
واتە دەستەڵاتی کارگێڕی و پەرلەمانتاری شارستانی. لەپاڵ دەستەڵاتی
کەنیسە وەک دەستەڵاتی ڕەھای دین. بەم شێوەیە کەشیشەکان لە گشت پلەو
پایەکانی دەوڵەت و بڕیاردان بەشدارییەکی بێ ھاوتایان ھەبوو. تا دەھات
داوای دەستەڵاتی زیاتریشیان دەکرد. ئەوەبوو لە ساڵانی ١٠٠٠ ھەزاری
زایینی، گەیشتە ئەو ئاستەی پاپای ڤاتیکان بە فەرمی داوای ئێسرائیل
بکاتەوە کە شوێنی لە دایکبوونی کریست (مسیح) بووە. شەڕی خاچ پەرستەکان
بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ١٠٩٦ دەستی پێکرد، ئەو شەڕە بە نۆ قۆناخی
خوێناوی دا تێپەڕی تا ساڵی ١٢٧٢ (٩). لەو ماوەیەدا سەتاسەری ئەوڕوپا
خوێنی لێدەچۆڕا. تا وای لێھاتبوو لە سەرتاسەری ئەوڕوپا دەستەڵات تەنیا
ھی دین بوو. ھیچ پاشایەک، یان میرێک نەیدەیتوانی بەرامبەر کەنیسە
بوەستێتەوە. دوای شکەستی سوپای کەنیسە و پاشەکشەیان بۆ ئەوڕوپا، بەو
سوپا زەبەلاحەوە. دەستەڵاتی زۆرداریان نەک ھەر بەردەوام بوو، بگرە
گەیشتە ئاستێک سوپای کەنیسە دەیتوانی میر و پاشاکان دەربەدەربکات. میر
و پاشاکان وایلێھاتبوو ملکەچی کەنیسە و پیاوەکانی بن. ژیان لە ئەوڕوپا
لەدەستی پیاوانی دینی لەلایەک و خاوەن موڵکە چەوسێنەرەکان لەلایەکیتر،
ببووە دۆزەخ. ئەوە بارە ناھەموارەی ئەوڕوپا و ھەژاری و برسییەتی و
ڕووتاندنەوە تەنگی بە گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵ ھەڵچنی بوو، بێجگە لە
پیاوانی دین و خاوەن موڵک و نەجیبسادەکان، کە پێکەوە سازابوون. بەڵام
ساڵی ١٤١٠ز بە ڕوودانێکی چاوەڕوان نەکراو ڕۆڵەکان دەستیان بە گۆڕانکرد.
ھەرچەندە لەسەرخۆ، بەڵام بەرەنگار بوونەوەی توێژی ھوشیاری کۆمەڵ
ڕەچەشکێن بوون. ئەوە بوو پەیمانێک لە نێوان میری لیتوانیاو شاژنی
پۆلەندا توانیان لە شەڕێکی کەمەرشکێن و چاوەڕوان نەکراو لە تانێنبێرگ،
نزیک گوندەکانی گرونڤاڵد و ستێنبارک کە نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە
باکووری خۆرئاوای وارشۆ- پایتەختی پۆلەندا. لە ڕۆژی ١٠ ژولای ١٤١٠
توانیان سوپای کەنیسە بشکێنن و وەرچەرخانێکی مێژووی بۆ سەرتاسەری
ئەوڕوپا تۆماربکەن. بەڵام دەستەڵاتی دووانەی کەنیسە و پاشایەتی لە
ووڵاتانی ئەوڕوپا، وا ڕەگی داکوتابووو وا بە ئاسانی کۆتایی نەدەھات. تا
سەردەمی ڕۆسۆ لە ئەنجومەنی نیشتمانی (پەرلەمان) فەرەنسا، کە ژمارەی
ئەندامانی پەرلەمان ١٢٠٠ ئەندام بوو. ٣٠٠ ئەندام نەجیبزادەکان، ٣٠٠
ئەندام ھی کەنیسە بوو (کەشیش) و ٦٠٠ ئەندام لە سەرجەم توێژو چینەکانی
کۆمەڵ پێکدەھاتن، کە ڕێژەیان دەگەیشتە لە %٩٨ کۆمەڵگە. ٣٠٠ ئەندام لە
کەشیشەکان و ٣٠٠ ئەندام لە نەجیبزادەکان کە ڕێژەیان تەنیا لە %٢ بوو،
پێکەوە ووڵاتیان دەڕووتاندەوە و جەماوەریش نەیدەزانی لە ترسی دین و
دواڕۆژ. یان لە ترسی زۆرداری خاوەن موڵک و بازرگانە گەورەکان ھیچ بکات.
ڕۆسۆ لەو ھەڵومەرجەدا ئەو دوو پەرتووکەی نووسی وخۆزگەی بەوە دەخواست
یەک دەستەڵاتی زۆردار باشترە لە دوو دەستەڵاتی زۆردار و سەرلێشێوێنەر
(١٠). ھەرچەندە خۆی دژی ئەویە کە یەک ناوەندی ھەم یاسابێ و ھەم سەرداری
ووڵاتیش بێ. وەک خۆی بە ڕوونی ئەوە دەردەبڕێ. ڕۆسۆ پێی وایە کە لە
ڕێگای یاسا دەرکردن دەتوانرێ دادوەرانە و مافەکانی تاک و مافەکانی
کۆمەڵ پێکەوە بگونجێندرێ. لەو ڕێگایەوە دەتوانرێ پێکەوە ژیان و یەکسانی
ھاووڵاتیان بێنێتە دی. چونکە بەڕای ڕۆسۆ ناکرێ یاسا و دەستەڵاتدار یەک
کەس بن، و فەرمانڕەوایی پێک بێنن (١١). ڕۆسۆ پێی وایە کە یاساکان
ھەمیشە وەک گریمانە و ڕێنمایی کەر بۆ پێکەوەژیانی ھاووڵاتیانی ژێر
دەستەڵاتی ناوچەیەکی جوگرافی بنەڕەت و گەرەنتین بۆ سەقامگیری و
ھێنانەدی ئازادی و مافەکانی تاکی کۆمەڵگە. بۆیە لە ھەموو ھەڵومەرجێکدا
سەرچاوەن بۆ ڕەفتاری فەرمانڕەوایان و پێکەوە سازانی ھاووڵاتیان. لە
سێبەری سیستەمێکی دادوەر و سەقامگیردا (١٢).
ئەوەش ڕاست پێچەوانەی دەستەڵاتدارییەتی ئیسلامە، ھەر لە دامەزرانییەوە
کە محمد نوێنەری خودا و یاسا و فەرماندەی لەشکری ئیسلام بوو. قسەکانی
ئەو یاسابوون ئایەت و حەدیسەکانی یەکتریان نەسخ دەکردنەوە. بە کورتی
دەستەڵات و یاسا لە ئیسلام یەکبوون. ھاووڵاتی، بەتایبەتی نەتەوەکانیتر
و باوەردارانی دینەکانی تر، ھیچ مافێکی مرۆڤایەتییان نەبوو. ژیان و
مردنیان بەپێی ئارەزووی ڕۆژانەی محمد و دەستەڵاتەکەی بوو. دەستەڵاتی
تۆتالیتاری محمەد و دەوڵەتەکەی چەندین کوشتاری قڕکردن و جینۆسایدی
نەتەوەکانیتر، دینەکانیتری کردووە. بەتایبەتی دینی جوولەکە. جا ئەگەر
ڕۆسۆ ئەو دەوڵەتە تۆتالیتارییەی پێ باشبووبێ، کەواتە ڕاستەوخۆ
دەوڵەتەکی ھیتلەر و ستالین و سەددام حوسێنیش لەلای ئەو پەسند بووین.
ھەر بۆیە من پێم وایە ئەگەر ڕۆسۆ شۆڕشی فرەنسای دیبا (١٠ ساڵ دوای کۆچی
دوایی ڕۆسۆ دەستی پێکرد) بە دڵنیاییەوە بیر و بۆچوونێکی تری دەبوو.
ڕەھەندی سێیەم: ئاستی زانیاری ڕۆسۆ لەسەر سیستەمی بەڕەوەبردنی دەوڵەتی
ئیسلام.
ئەوەی ڕاستی بێ، بە گشت پێوەرەکانی لێکۆڵینەوە بوونی بناخەیەکی زانستیی
باش و بوونی گەنجینەیەکی خەرمانی زانیاری دەتوانێ، جیھانێکی گەورە
بئەفرێنی، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێ لە ووردی بابەتەکان قووڵبێتەوە. و
دەربڕینی بنبڕ و لۆژیکانەی بەبەرداببڕێ. ئەو دەربڕینەی ڕۆسۆ و لاوازی
ناتوانێت، بێجگە لە کەمی زانیاری ڕۆسۆ، سەبارەت بە دەوڵەتی ئیسلام
شتێکی تر بێ. ئەوەش بە پشت بەستن بە گەڕانەوەیەکی مێژوویی بۆ
ئیسلامۆلۆژی، دەتوانین باشتر لێی تێبگەین.
ھەر لە ساڵانی ١٢٠٠ ز و ڕەنگە پێشتریش گەڕیدەی بازرگانی بە ڕێگای
ئاوریشم، بە ووڵاتە ئیسلامییەکاندا تێپەڕیون و کەم یان زۆربیرەوەرییان
لە دوای خۆیان بەجێ ھێشتووە. سەرەڕای ئەوە مزگێنیدەرانی کەنیسەی
کاتۆلیک لە ئیتالیا و فەرەنسا .... ھتد. بە ووڵاتە ئیسلامییەکاندا
گەڕاون و پەرتووکی گەڕیدەییان بە چاپ گەیاندووە (١٣). بەڵام ئەوەی
ڕاستیبێ ئەو گەڕیدانە چ مژدەدەر یان بازرگانانی ڕێگای ئاوریشم
نەیانتوانیووە، لە سنووری گەشتەکیان وەک دیمەنی ئیتنۆگرافی و بوونی
زمان و تا دەگاتە شێوەی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بڕۆن.
ھیچیان کەم یان زۆر باسی سیستەمی فەرمانڕەوایی سەردەمی محمد و چوار
خەلیفەکەیان نەکردووە. بۆیە ئەگەر لۆژیکانە سەیر بکەین ناکرێ کەسێکی
وەک ڕۆسۆ، بۆ نووسینی پەرتووکێکی وا مەزن و قووڵ، متمانە بەو جۆرە
پەرتووکانە بکات. ھەر ئەوەش وایکردبوو لەساڵانی ١٧٠٠ ز ھێشتا بنەڕەتێک
لە ئەوڕوپا بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونکی زانستی قووڵ سەبارەت بە
ئیسلام نەبووە. کە بتوانێ وەک دین چ بنەماکانی ژێرخانی دەوڵەت بۆ
بەڕەوەبردنی کۆمەڵگە. چ سەبارەت بە لێکدانەوەیەکی زانستیانە بۆ ناوەرۆک
و ژێدەرەکانی قوڕئان کە وەک یاسایەکی بێڕقابەری دەوڵەتی ئیسلام بووە.
ئیسلامۆلۆژی یان ئیسلامناسی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٠٠ ز بە گوڕ دەستی
پێکرد و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ ز توانی بچێتە قووڵایی دینی ئیسلام و
ڕاڤەو شرۆڤە بۆ بنیاتی دین و سیستەمی بەڕێوەبردنی بکات. ئەوەش ھەر لە
تیودۆر نولدێکە (١٨٣٦ - ١٩٣٠ز) بە پەرتووکی مێژووی قوڕئان ١٩٠٩ز
بڵاوکراوەتەوە. لەو دوای ئەو سەردەمەدا بە دەیان و سەدان ئامۆژگای
لێتۆژینەوە لە زانکۆکانی جیھان کراونەتەوە. و توانیویانە بە شێوەی
زانستی و قووڵ ئیسلام و قوڕئان وەک پەرتووکی پیرۆزی و یاساکانی شەن و
کەو بکەن. من ناتاونم ناوی ئەو بە ھەزاران لێکۆلەرەوەیە بێنم. بەڵام
ئەو پێنج زانایەی ناویان دەنووسم. پێنج لە دیارترین ئەو ئەو
لێکۆڵەرەوانەن، کە بوونەتە سەرچاوە بۆ ئیسلامۆلۆژی لە سەرتاسەری جیھان.
ئەوەش یەکەم وەک ڕەچەشکێن لە گۆڕەپانی لێکۆڵینەوە لە ئیسلام و
قوڕئانەکەی. دووەم بەھۆی شارەزاییان لەسەر ئیسلام و دینەکانی تر و
زانینی زمانەکانی عیبری، عەرەبی، ئارامی، سریانی و یۆنانی ... ھتد.
ڕاڤەو شرۆڤەی قوڕئان وئیسلام چ لە باری مێژوویی و سەرچاوەی پەرەسندن و
شێوەی یەکتاپرستی بکەن. ھەڵبەتە زۆر ناویتر ھەن کە توانیویانە کاری
ساخکردنەوەی مەزن بکەن.
Nöldeke Thudor (١٨٣٦ - ١٩٣٠)
Godziher, Ignes (١٨٥٠ - ١٩٢١)
Brockelmann, Carl (١٨٦٨ - ١٩٥٦)
Mingana, Alphons (١٨٧٨ - ١٩٣٧)
Blachér, Régis (١٩٠٠ - ١٩٧٣)
ئەوە بۆمان دەردەخات لە ساڵانی ١٧٠٠ز شارەزاییەکی بنەڕەتی لە ڕووی
کۆمەڵناسی و بەڕێوەبردن لە ئەوڕوپا لەسەر ئیسلام و دەوڵەتەکەی وەک
پێویستە نەبووە. بەڵکوو زیاتر زانیاری سادە لەڕێگای گەڕیدەکانی
مزگێنیدەری کریستیان و بازرگانەکانی ڕێگای ئاوریشم سەبارەت بە ئیسلام
ھەبووە. ئەوەش زیاتر وەک گەشتیارێک بیرەوەری نووسینەوە، یانیش
کەشیشەکانی کاتۆلیک زیاتر خەریکی ڕێکلام بۆ دینی کریستیانی بوون.
جا لەبەر زۆرداری کەنیسە و ھەڵسوکەوتی پیاوانی، چینی ھوشیاری کۆمەڵگە
لێکدانەوەی پێچەوانەیان بۆ ئەو ڕێکلامانە دەکرد، کە ڕۆسۆ یەکێک لە
پێشەنگەکانی بووە. ھەڵبەتە نابێ ئەومان لەبیرچێ بوونی زانایانی وەک
ئیبن الرشد و زانیاری لەسەر ئەو زانا موسوڵمانانەی کە لە ئەسپانیا بوون،
دەبێت کاریگەرییەکی ئەرێنی ھەبووبێ. بۆیە وک (دەنگی دەھۆڵ لە دوور خۆشە).
جا ڕەنگە توێژی بیرمەندی ئەوڕوپای تێڕوانینی سەبارەت بە ئیسلام تا
ئاستێک لەوانە ھەڵێنجابێ. ئەگینا ئەگەر سەیری سەرھەڵدان و دروستبوونی
دەوڵەتی ئیسلام بکەین، ھەر لە سەرەتادا ناکۆکی لەگەڵ لە دایک بووە.
بەتایبەتی لە دوای مردنی محمد، ناکۆکییەکان قووڵتر بوونەتەوە. ئەوەش
بەھۆی یەکەم یاساو بەڕێوە بردنێکی شارستانی بونی نەبووە، تا
دەستەڵاتداران و خەڵکی بتوانن بۆی بگەڕێنەوە. لە لایەکیتر سەرکووتکردنی
ھەر بەرھەڵستێک بەناوی خودا و بە کافرکردن، کاری ڕۆژانەی دەوڵەتەکەی
محمد بووە. ئەوەش زیاتر دوای محمد ھەر لە دەست بەکاربوونی ئەبووبەکر
وەک یەکەم خەلیفە، ناکۆکییەکان گەورەتر دەبن، چونکە یاوەرەکانی بە
دەستەڵات لەسەردەمی محمد، وا بە ئاسانی بۆ ئەبوو بەکر ملکەچ نەدەبوون.
لەبەرامبەر ئەوەش سوپای ئیسلام کە لایەنگیری ئەبو بەکر بوو. بە ھێرش
بردنە سەر ئەو موسوڵمانانە و فەرمانی کوشتنیان وەک فەرمانێکی سەربازی
گۆڕەپانی شەڕ، بۆ ھەر نەیارێک ڕەوابوو. دیارترین کارەساتێ کە ڕوویدا
ئەوەبوو نزیکترین یاوەری محمد بەناوی (مالک بن نویرە) کە خالید کوڕی
وەلید دوای کوشتنی سەری بڕی و کوڵاندی و لەگەڵ سەربازەکانی خواردی،
ھەمان شەو ژنەکەشی ھێناو لەگەڵی جووت بوو (ئەتکی کرد)(١٤). لەسەردەمی
عوسمان ئەوە ھەر شەڕ لەنێوان باڵەکانی بنەمالەکانی قوڕەیش تا دەھات
پەرەی دەسند. تا دەگاتە گەورەترین شەڕ کە بە شەڕی جمل ناوبانگی
دەرکردووە. لە نێوان عەلی ئامۆزای محمد و عائیشە. کە بە دەیان ھەزار
موسوڵمانی تێدا کوژرا. ئەی ئەگەر ئەوە لەیەک دابڕان نەبن، دەبێ ناوی
چییان لێ بنێین!! بە دڵنیاییەوە ئەگەر ڕۆسۆ زانیاری لەسەر ئیسلام وەک
پێویستە ھەبوایە، ھەرگیز ئەو چەند دێرەی لەسەر بەفیرۆ نەدەدان.
ئەنجامگیری.
ڕۆسۆ لە پەرتووکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە دەروازەی چوارەم بەشی ھەشتەم.
باسی دەوڵەتەکەی محمد وەک دەوڵەتێکی یەک دەستەڵات (دین و دەوڵەت) دەکات
و پێی باشترە لە دەوڵەتی دووانەی کریستیانی لە ئەوڕوپا. ئەو دەربڕینە
چەند دێرییەی ڕۆسۆ لەلایەک پێچەوانەی بیروباوەڕی خۆیەتی، وەک
ئازادیخواز و لیبێرالێک. لەلایەکی تریش لەو دەربڕینە قووڵییەک نابینرێ
وەک بەو فراوانییەی باسی سیستەمی دەستەڵاتداری ئەوڕوپا دەکات. و
ناڕازییە لەو سیستەمە دوانەییەی کە لە نێوان کەنیسە و دەستەڵاتی میر و
پاشاکان کە کۆمەڵگەی لەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی کومەڵگەی دارزاندووە.
بە ووردبوونەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆسۆ وەک
یاخییەک بەرەنگاری کەنیسە دەبێتەوە و بە قووڵی دەچێتە ناو ڕەگ و ڕیشەی
ئەو سیستەمە. ڕۆسۆ لەو تۆژینەوەیەدا، بەڕاستی تواناو ئاستی زانیاری خۆی
دەسەلمێنێ. بۆیە جێگای لێڕامانە، کە لە کۆتایی ئەو پەرتووکە بەو
سادەییە باس لە دەوڵەتەکەی محمد دەکات. لە جێگای خۆیەتی ھەڵوێستەیەک
لەسەر ئەو دەربڕینە کورتە بکرێ. کە بەڕاستی پێچەوانەی سەرجەم ئەو
بۆچوون و ھەڵسەنگاندنانەیە کە سەبارەت بە دەستەڵاتی دینی کەنیسە و
دەستەڵاتی فەرمانڕەوایی پاشاکانی ئەوڕوپا.
ئەو باسە بریتییە لە قووڵبوونەویەک لە سێ ڕەھەندی جیاواز. کە ھەر سێ
ڕەھەندەکە، پێکەوە بتوانن وەڵامێکی لۆژیکی و جێگای متمانەمان بدەنێ.
یەکەم لیبێرالیزم وەک بیر و فەلسەفەیەکی نوێ کە یەکەم جار لەلایەن جۆن
لوک لەساڵانی ١٦٠٠ز ھات وتوانی بنەماکانی کۆمەڵگە و تاک و دەوڵەت
دیاریبکات. کە ئەرکەکانی دەوڵەت تەنیا چاوەدێری و پارێزگاری کردنە لە
ھاووڵاتیان، نەک دەستوەردان لە کاروباری بازاڕ و کۆمەڵایەتی. دوای ئەوە
ئادەم سمیت توانی بازارداری و ئابووری ئازاد بنیاد بنێ. بەتایبەتی لە
دیریکردنی ڕۆڵی دەوڵەت، کەوەک ئامرازێک کەمترین ڕۆڵی لە بەڕێوەچوونی
ھەنێ. ھەڵوێستی ئادەم سمیت، پشتڕاستکردنەوە و بەردەوامی ئیدیای ژۆن لوک
بۆ بازاڕ و دیریکردنی ڕۆڵی دەوڵەت.
ڕۆسۆ ئەگەر لە پێشەنگی پەرسەندنی لیبێرالیزمیش نەبوو، کەچی وەک
فەیلەسووفێک توانی ببێتە مەشخەڵی پێشڕەوی کۆمەڵگەی فەرەنسی. بۆیە ئەو
چمکە کورتیلەیەی دەربارەی دەوڵەتەکەی محمد و شێوەی فەرمانڕەوایی
دەستەڵاتی جێگای پرسیارە. چونکە لە بنەڕێتدا ناکۆکە لەگەڵ ئەو
پرینسیپانەی ڕۆسۆ بەرگرییان لێدەکا.
دووەم مێژووی پەرەسەندنی کریستیانی و شێوەی گەیشتنی بە دەستەڵات و
زۆرداری لە ئەندازە بەدەری بەرامبەر کۆمەڵگەی ئەوڕوپایی وای کرد، کە
توێژی خوێندەوار و ھوشیار کۆمەڵ بە شێوەی جیا جیا ناڕەزابن. کە
کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شێوەی بیرکردنەوە و ل دەربازبوونی ھەبوو.
ئەوەش لە ساڵانی ١٧٠٠ز گەیشتە لووتکەی و تەقینەوەی شۆڕشی فەرەنسا بوو
لە ساڵی ١٧٧٩.
سێیەم بوونی ژێرخانی زانیاری، بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی سەبارەت بە
ئیسلام و فەرمانڕەواییەکەی لە ئەوڕوپا. کە دەبێتە بنەمایەک
بۆھەڵسەنگاندنی، ئەو دەربڕینە چەند دێرییەی ڕۆسۆ دەربارەی ئیسلام و
فەرمانڕەواییەکەی. ھەڵبەتە لێرەدا بە ئاشکرا دەردەکەوێ، رۆسۆ نابێ ئەو
زانیارییە پێویستەی ھەبووبێ، کە ببێتە بناخەیەک بۆ دەربڕین. بەڵام
لەبەر ئەوەی بەرامبەر زۆرداری کەنیسە و پیاوەکانی و سیستەمی دوانەی
ئەوڕووپا، کە لە دوولاوە کۆمەڵگەیان دەھاڕی، خۆزگەی بە خراپترین سیستەم
دەخواست. ھەر بۆیە بەو کرچ و کالییە لە ناو پەرتووکێکی وا مەزن باسی
ئیسلام دەکات. بەڵام ئەگەر ڕۆسۆ بەلای کەمی دوای٥٠ ساڵیتر ئەو
پەرتووکەی بنووسیایە، من لەوە دڵنیام کە ئەو چمکەی بەخەیاڵدا نەدەھات.
لەگەڵ ئەوەش دا بە ھیچ شێوەیەک لە ئاستی ڕۆسۆ و گەورەیی وەک
فەیلەسووفێکی کۆمەڵناس کەم ناکاتەوە. بەڵکوو ھەر نووسەر و بیرمەند و
فیلەسووفێک بە سەرجەمی بەرھەمەکانی ھەڵدەسەنگێندرێ. نەک بە بەشێک یان
چەند دێرێک لە پەرەگرافێکی ناو پەرتووکێک. ئەگەر وابکەین باوەڕناکەم
فەیلەسووفێک، بیرمەندێک لە جیھان بتوانێ بێ ھەڵەبێ. ڕۆسۆ خاوەنی
خەرمانێکی گەورەی زانستییە بۆ کۆمەلگەی مرۆڤایەت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگا
لەوە ناگرێت کە ڕێخنە لە چمکێکی بگیرێت.
لە کۆتاییدا ھیوادارم ھەر تاکێکی ئێمە کاتێ چمکێک یان پەرتووکێک
دەخوێنینەوە، ھەوڵ بدەین لە چەند گۆشەنیگایەک سەیری بکەین. نەک تەنیا
وەک فۆرمێکی چەقبەستوو وەریبگرین. کە نەتوانین سەرنجی فرەلایەن بدەینە
بەرھەمێکی نووسەر و بەراوردی بکەین، لەگەڵ بەرھەمەکانی تری و
بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی. دواتریش لای خۆت بە چاوێلکەی
ڕەخنەگرانە بخوێنیتەوە. نەک فۆرمێکی دیاریکراوی پێشوەخت و چەقبەستوو.
چونکە نووسەر، بەتایبەتی نووسەری مەزنی وەک ڕۆسۆ لە ژێر ووشەکان کۆدی
تایبەتی حەشارداوە. کە خوێنەر پێویستی بە کلیلی کردنەوەیان ھەیە. ئەوەش
لە ڕێگای گۆڕەپانێکی فراوانتری مێژوویی و کۆمەڵایەتی دەتوانی درکی
پێبکەی. دواتریش دۆزینەوەی شوێنی نووسەر لە ھەڵومەرجەکاندا، کۆدی نوێ
دەداتە دەست. ئەوسا دەتوانی مەبەستی نووسەر بدۆزیتەوە و سەرنجی
لۆژیکانە بۆ ڕاڤەی تا ڕادەیەک جێی متمانە و بنبڕ بکەیت.
__________________________________________________
سەرچاوەکان:
١.
Nationalencyklopedin, John, Locke
٢.
Nationalencyklopedin, Adam, Smith
٣. Adam Smith (1776) An
Inquiry into the Nature And Causes of the Wealth of Nations
٤.
ل ١٢٢ (Rousseau, Jean- Jacques(2009)
Samhällsfördraget (Svenska
٥. ھەمان سەرچاوە ل ٢٦
٦. ھەمان سەرچاوە ل ٦٨
٧. ھەمان سەرچاوە ل ١٤٩
٨. ڕێبوار، سەلاح (٢٠١٧) حەشارگەیەک لە مێژووی ناکۆکی نێوان دینی جوولە
کە و کریستیان
٩. Världenshistoria. Korstågen: Heligt krig
١٠. Carlsson, Claes. Tannenberg 1410.
Populärhistoria, 13 mars 2007.
١١. ل ٨١ - ٨٢ Rousseau, Jean- Jacques(2009)
Samhällsfördraget ( Svenska)
١٢. ھەمان سەرچاوە ل ٥٣
١٣. گەللێتی، مێریللا (١٩٨٧) کورد و کوردستان لە نووسراوەکانی ئیتالی
دا، لە سەرەتای سەدەی سێزدەم - نۆزدەم ز. وەرگێرانی جاسم خۆشناو.
پێداچوونەوەی سەلاح ڕێبوار. بنکەی ھەنگاو. ستۆکھۆلم.
١٤. ووشەی ئەتککردن بەمانای سووکایەی پێکردن، بەشێوەیەکی پلان بۆ
داڕێژراودێ. ھەڵبەتە خالید کوڕی وەلید مەبەستی سەرەکی ترساندن و
سووکایەتی بووە، تا جووتبوونێکی تەنیا بۆ سێکس بێ.
چەند پەرتووکێک کە
لەپاڵ سەرچاوەکانی سەرەوە، بۆ بەراورد کردن و دڵنیابوون بەکارھاتوون:
Rousseau, Jean- Jacques (١٩٩٧) The Social Contract
(English).
HKBloggen (2018) Franska Revolutiones likpolitik.
Liberalismen - den individualistiska idéernas historia.
www.frihetsfronten.se/liberalismen/historia
روسو، جان جاک. العقد الاجتماعی. ترجمە عادل
زعیتر ٢٠١٣.
ماڵپەڕی سەلاح رێبوار
|