په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٢

رووداوەکانی ھاتوچۆ و بێدەنگبوون لێی، نیشانەی ئەوپەڕی لاوازیی دەسەڵاتە.

 

ھۆگر 


چینی بۆرژوازی (سەرمایەدارەکان) خاوەنی سەرەکی بانکەکان و کارگەکان و کەرەسەکانی گواستنەوە و گەیاندن بڵاوبوونەوە و... ھتد وەکو فس فس پاڵەوانی ھەمیشەیی و بەرچاوتەنگ، لە چارچیوەی شێوەی کارگوزارییان بە شێوەیەک کەرتی ئابوورییان پاوانخوازانە قۆرخ کردییە کە بە شێوەیەکی رەها بێبەرییە لە ھەموو بەھایە مرۆییەکان.


کەرتی پیشەسازیی بە گشتیی و بە تایبەت پیشەسازیی ئۆتۆمبیڵ، یەکێکە لە پڕفرۆشترینیان کە بەردەوام قەبارەکەی روو لە ھەڵکشانە ئەمەش پتر لە لایەن وڵات یان نەتەوە دواکەوتوەکان خواستی زۆری لەسەرە و ھەمیشە داوادەکرێ، لەو نێوەندەدا ھەر خودی ھاوڵاتیان زیانمەندی یەکەمن. باشووری کوردستانیش (سەرمایەدارەکان) پشکی شێریان ھەیە کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نائامادەیی یاسایەکی تۆکمە، لە سنوورەکانەوە بە بێ ھیچ مەرجێکی کوالێتی کۆنترۆڵ دێنە ناو کوردستان ئەویش بە پشتگیریی لایەنە بەرپرسە بازرگانە جاوچنۆکەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان و لە پێناو دەستکەوتنی داھاتێکی رەشی دواکەوتوانە کە ئەوپەڕی بێ رێزییە بەرامبەر بەھا مرۆییەکان، ھەنووکە کوردستان لە ژێر ناوی بازاڕی ئازاد بوویتە ساغکردنەوەی خراپترین جۆری ئۆتۆمبیڵ و کاڵاکانی، لۆ ڕوونکردنەوەی پتر ئەو وڵاتانەی کە بەرھەمھێنن لەو بوارەدا بە پێی یاسای تایبەت بە خۆیان رێگە نادەن خودی ھەر تاکێکی ئاسایی خۆیان بە کاری بێنن، ئەوەش ئەوەمان لۆ دەسەلمێنێ کە عەقڵی بێ ئاگا رۆڵی بەرچاوی ھەیە لە نەبوونی سیستەمێکی مۆدێرن و برەودان بە بەرچاوتەنگی لە پێناو بەرژەوەندییە کەسییەکان و قازانجی دەستەبەندییە بەرژەوەندخوازەکان، ئەمەش بە پێجەوانە و دژ بە بیری رۆشن و کارنامەی چاک ئامانجەکانیان دەپێکن.


ئەگەر تەماشای دوای ٢٠٠٣ی کوردستان بکەین، کەس ناتوانێ نکوڵیی بکا لە ھاتنی رێژەیەکی زۆری ئۆتۆمبیڵ بە بێ هیچ پێوەرێکی یاسایی، بە بێ گوێدانە پاراستنی گیان و سامانی ھاوڵاتیان، ئەوەتە ئەو رێژە گەللەک زۆرەی رووداوەکانی ھاتوچۆ بە نموونە پێکدادانەکان (تامپۆن) کە بە داخەوە مردن و برینداربوون و کەمئەندامیی رۆژ لەدوو رۆژ بەرەو ھەڵکشان دەڕوا، نیشانەی ملھوڕیی بیری پاوانخوازانەی دەسەڵاتی بۆرژوازییە کە خاوەن دەسەڵاتێکی دکتاتۆریین، زۆر ئەستەمە ھیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو رێگە بەوە بدا ھاوڵاتیانی و سەرمایەکەی بەو شێوەیە لەنێو ببردرێن.


بەردەوامیی رووداوەکانی ھاتوچۆ و نەبوونی یاسایەکی تۆکمە، نیشانەی ئەوپەڕی لاوازی و بێ ئیرادەیی دەسەڵاتە کە جگە لە زیانگەیاندن بە سەرمایەکانی وڵات چیدیکە نیشان نادا، ئەوەی لە ھەمووی دژوارتر و نالۆژیکییانەترە ئەو برگە و یاسا پەڕپووتانەیە وەکو کردەیەکی ھەمیشەیی ناتەندروست لە ئەنجامی بێ ئەزموونیی و نەبوونی پسپۆڕی تایبەت بە شێوەیەکی ھەڕەمەکیی ‌لە لایەن بەرپرسە کۆلەوارەکان دەسەپێندرێ بەسەر ھاوڵاتیان. کاتێک گوێبیستی ئاماری رووداوەکان دەبین کە ساڵانە یاخود چەند مانگ جارێک رادەگەیەندرێ لایەنی پەیوەنددار دەست دەکەن بە مقۆمقۆ لە دەزگا راگەیاندنەکان، کەچی کوێرانە کەمتەرخەمیی و نەبوونی خزمەتگوزاریی خراپی رێگاوبانەکان لە ترسی لەدەستدانی پۆستەکانیان وەکو پۆستپەرستێکی ملھوڕ رووداوەکان لە بەرگێکی دیکەدا دادەتاشن و ئەستۆکەی دەخەنە سەر ھاوڵاتیان بەوەی کە سەرپێچیی رێنماییەکان دەکەن بەوەش گەندەڵیی حکومەت و کارە نامرۆییەکانیان پەردەپۆش دەکەن، کە تا ئێستا نەبینراوە تەنانەت تاکە بەرپرسێک دەست لە پۆستەکەی ھەڵگرێ و ھەست بە ویژدانی مرۆییانە بکا.


ئەگەر تەماشای سەنتەری ھەر شارێک بکەین لە نەبوونی پلانێکی ئەندازەیی، ئەوپەڕی بێ سەروبەریی و بێ ئەزموونیی حکومەت نیشان دەدا لە خنکاندنی شەقامەکان و ئاپۆڕەیەکی بێزەوەر کە دوورە لە ھەموو سیمایەکی شارستانیی، کە خودی ھاوڵاتیش ‌ بێبەریی نییە لە ئەنجامی کەم ئەزموونیی و نەبوونی ھۆشیاریی تەندروستی و ژینگەیی کە دواجار خودی ھاوڵاتی زیانمەندی یەکەمە!!

لۆ بەرگرتن لە رووداوەکان پێویستە حکومەت لە کەمترین دەرفەتدا ھەنگاو بەرەو سیستەمێکی مۆدێرنی یاساکانی ھاتوچۆ بنێ، لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕی تایبەت پێک بێ، لە پێناو پاراستنی ژیان و سامانی ھاوڵاتیان و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست. لۆ ئەو مەبەستەش چەند خاڵێک دەخەمە بەردەم لایەنی پەیوەندییدار:


١- ڕێگرییکردن لە ھاتنەناوەوەی ئۆتۆمبیڵ لە سنوورەکان بە شێوەیەکی ھەڕەمەکیی، ئەگەر پێویست بوو دەکرێ پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵ بە شێوەیەکی زانستیی ئەنجام بدرێ.
٢- دانانی باج بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی بەکارخستنی ئۆتۆمبیڵ.
٣- گرانکردنی نرخی سوتەمەنی بە مەرجێک کاریگەریی ھەبێ لەسەر ھاولاتیان.
٤- فراوانکردن و دووڕیانکردنی شەقامەکان و دانانی رێنماییە یاساییەکان بە شیوازێکی مۆدێرن.
٥- یاساکانی ھاتوچۆ وەکو پڕۆگرامێک لە خوێندنگاکان بخوێندرێ لۆ ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ و پاراستنیان.
 

 

hogrmohssin@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک