په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٦\٢٠١٩

رووداوەکانی سودان، شۆرشە یا راپەرینی جەماوەریی؟!!

رێبوار عارف      


چوار مانگە بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی خەلکی سەرکوتکراوی سودان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر ھاتوونەتە مەیدان و جەماورێکی فراوان لەخەلکی کریکارو زەحمەتکیش ولاوان و ژنان تیدا بەشدارە دژ بەودەسەلاتە ستەمگەرە میلیتاریستیە ئیسلامیەی دوێنی عمر بەشیرو ئەمڕۆی ھەمان حکومەتی کاتی. لەمبارەوە دەتوانین بڵین کە بزوتنەوەی ژنان و برزوتنەوەی کریکاری دەوریکی کاریگەریان ھەبوو لە پاشەکشە پێکردنەکانی تائیستەی ئەم دەسەلاتەدا. لەئیستەدا کار گەشتووە بەوەی کە دوابەدوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکەوانان زیندان کراون وھەروەھا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوەو ٥٠٠ کەیش بریندارکراون، ئیتر سەنگەری ڕاوەستانەوەی خەلک فراوانیەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوەو تا سەرئەنجام یاخیبوونی مەدەنی دەستی پێکرد کە (تجمع المھنین السودانینن) سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکان دەکات. تا ئەوکاتەی کە ئەنجومەنی سەربازی سودان کەخۆی وەک جێنیشینی عومەر بەشیر ناساندوە، دەسەڵاتەکەی ڕادەستی حکومەتێکی مەدەنی بکات...تائیرە ڕۆشنە بەدەر لەوەی کە ئایندەی ئەم جولانەوەیە بەچی دەگات، خواست ودواکانی ئەو خەلکە بەشمەینەتە بەرھەقەو بەدلنیای جیگەی پشگیری کردن و داکوکی کردنی ھەموو ئازادیخوازو سوسیالیستیکە!


بەلام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ھەندێک لە لێکدانەوەکانی ھاوری یان، ئەم راپەرینە جەماوەریەی سودان، بە شۆرش لە قەلەم دەدەن، کە بەھەموو جیاوازیەکانیشیەوە ھیشتا بازنەی ڕووداوەکانی بەھاری عەرەبی تینەپەرانەدووە. ھێشتا چینی کرێکار لە ڕووی سیاسیەوە بە ئاسۆی سوسیالیستی خۆی چەکدارنەبووە. ھیشتا تەحزوبی سیاسی وچینایەتی لاوازەو لەئاستی پێویستدا نیە. ھێشتا کۆی پێشرەویەکانی بزوتنەوەی کریکاری وبزوتنەوەی ژنان نەک نەیتوانیووە وەک ئەلتەرناتیڤیک خۆی بناسینیت، بەلکو ئاماژەکانی تائیستە ئەم ئەگەرەی کەمرەنگترکردوەتەوە. ھەربۆیە ئەم جولانەوەیە لەئیستەدا لەئاستیکدایە کە ھەرکەسێکی چەپ وسوسالیست پشگیری لە داخوازیەکانی بکات لە چوارچیوەی ڕاپەرنێکی جەماوەریدا، نەک ئەوەی کە ھەندێ لە ھاوری یان خەریکن بەرگی شۆرشیان بەبەردا دەکەن و بە لیدانی شەیپۆری شۆڕش مزگێنی ئایندەیەکی بەرابەرخوازانە بەخەلکی بدەن. کە بەدلنیایەوە دوکەلی ئەم بانگەشە وەھمیە پیش ھەموو کەس ولایەنیک دوکەلەکەی دەچێتە چاوی سوسیالیستەکان و بزوتنەوەی سوسیالیستی باجەکەی دەدات!


بۆیە دەلیم ھاوری موحسین کەریم ئەمە شۆرش نیە!


ئێستە بابینەوە سەر ھۆکاری نووسینی ئەم بابەتە لەلایەن منەوە، کە لەڕاستیدا ڕاوەستانیکە لەسەر ھەڵوێست و لیکدانەوەی یەکێک لەو ھاوری کۆمۆنیستانەی کە چەندین دەھەیە لەریزی پێشەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستاندایە کە ئەویش ھاوری موحسین کەریمە. بەلی ھاوری ناوبراو، دواین وتاری خۆی تەرخان کردوە بۆ ھەلوێست وەرگرتنێک لەپەیوەند بە راپەرینە جەماوەریەکەی سودان و وەک شۆرشێک لەقەلەمی دەدات. لەمبارەشەوە لە نووسیکیدا بە ناوی (سودان و ئایندەی شۆڕشێک کە بەڕێکەوتوە!) کە تەنیا ٣٢ دێرە بەلام ٣٢ جار وشەی شوڕش وشوڕشگێری تیدا بەکارھێناوەو کۆی ھەولەکانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردوە کە بەخوێنەر بڵێ ئەوەی کە ئەمڕۆژانە لە سودان دەیبینین، ئەوە شوڕشە. بۆیە تەواوی فاکت ولیکدانەوەکانی لەسەر ئەو دۆخە تەنیا بەمەبەستی شەرعیەتدانی بەرپا بوونی شۆرشە. نەمویست زۆر بچمە نیو فاکت و پەرەگرافەکانی ھاورێوە، چونکە کۆی گشتی وتارەکەی بە نەفەس و میتۆدی پەرپا بوونی شورش لەسودانا نووسیوە. بۆیە ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ھەلوێستەکردنیکە لەسەر بەکارھێنانی تێرمی شوڕش بۆ ڕووداوەکانی ئەمرۆژانەی سودان.


بەر لەھەرشتێک جێگەی خۆیەتی ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین کە ئایا بەلای سوسیالیسیت و کۆمۆنیستەکانەوە بە چ رووداو ھاتنەمەیدانیک دەلین شۆرش؟!َ دیارە ئەم باسە جێگەی تیارامانیکی جدیەو ناکرێت ئاسان بازی بەسەردابدەین، چونکە باسەکە بەھەلە بەکارھێنانی زاروەیەک یان چەمکێکی سیاسی نیە. بەلکو لە راستدا لە میژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا زۆرجار ئەم زاراوەیە بووەتە ھەوێنی ئاراستەو رونگەی جیاواز لە نیو حزبەکان کە نەک تەنیا ئەنجامگیری نەخوازراوی لێکەوتوتەوە، بەلکو تەنانەت ھەندیک جار لێکترازانی ریزی حزبە کۆمۆنیستەکانیشی بەدوای خۆیدا ھێناوە. ئاخەر دواجار چارەنووسی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە ئەنجامدانی شۆڕشەوە گرێدرا. بە دەربرینێک ئەوە شۆرشە کە مامانی ھەموو خەونەکانی ئەم بزوتنەوەیەو گورینی ھاوکیشە چینایەتیەکانی کۆمەلگایە، بۆیە جێگەی خۆیەتی فۆکۆسی باسەکە لەسەر ئەوە ڕاگرین کە ئایا ئەمەی لە سودان ڕوودەدات شۆرشە یا نا؟!


ھاوری موحسین لەو باسەدا تەواوی فاکت و لیکدانەوەکانی خۆی بۆ ئەو ئەنجامگیریە تەرخان دەکات کە پیمان بڵی ئەوەی لە سودان ڕوودەدات شۆڕشە. ئایا کۆمۆنیستەکان بە ھەموو ھەیەجان و قەرەبالخی و نارەزایەتیەکی جەماوەری دەلین شۆرش؟ ئایا شۆرش بۆ کۆمۆنیستەکان بە مانای پاراستن ودابینکردنی بەرژەوەندیەکی چینایەتی زیاتر ھیچی تر ھەیە؟! دیارە کۆمۆنیستەکان ئەرکیانەو دەبیت لە ھەموو جولانەوەیەکی ڕادیکالِ و لەھەموو خەباتێکی جەماوەری و راپەرینێکدا بەشداری بکەن و مۆری خۆیان بدەن لە رووداوەکان، بەبی ئەوەی کە ئەو ڕووداوانە ئیلزامەن وەک شۆڕش لەقەلەم بدرین. بەلام ئەمە پێچەوانەکەشی دروستە، کەھەر جولانەوەو راپەرینیک ئامادەی و حزوری سیاسی چینی کریکار تیدا بالادەست نەبوو ھاوکات رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە نەبوونە سیمبولی کەسایەتیە ناسراوەکانی ئەو بزوتنەوەیەو جلەوی دۆخەکەیان لەدەستدا نەبوو. جولانەوەیەک کە کۆمۆنیستەکان نەتوانن تیدا مۆری خۆیان بدەن لە ئالوگۆرەکان بە ئاسۆیەکی رۆشنەوە دەخالەتگەری سیاسی ونەخشەو پیلانی ھەنگاو بەھەنگاوی بۆ دانەریژن کە بەدلنیای زۆریکیان لە جەرگەی کیشمەکیش و رووداوکاندا دینەپیشەوە، ئەوا ناتوانین بەو جولانەوەیە بلین شۆرش! ھەربۆیە کاتیک کە کرێکارانی کۆمۆنیست باس لە شۆڕش دەکەن بەواتای باسکردنە لە نزیک بوونەوەی دەسەلاتی سیاسی خۆیان لەڕێگەی شوراکانەوە. چونکە گەلێک رووداو راپەرینیشمان بینی کە "شۆڕش’’ و "شۆڕشگێڕیە’’تیەکانیان بووتە ھەوێنی خولقاندنی تراژیای گەورەترو زیاتر بۆ کریکاران زەحمەکیشان، کە نموونەی بالایان "شۆڕشی جمھوری ئیسلامی ئیرانە" کە بەدلنیای کرێکاری کۆمۆنیست دەبیت بەلیبروانەترین شێواز ھەلویست بگرن لەبەرامبەر بەو جۆرە شۆڕش و شۆڕشگێڕیەتیە.


بەبڕوای من بەکارھێنانی تەرمنلۆژی شوڕش بۆ کۆمۆنیستەکان دەربینیکی ئارەزومەندانەنیە، بەقەد ئەوەی کە ئایا چەندە لە ئامادەکاریەکانی کۆی بارودۆخ و ئامادەی چینی کریکاری لە رووی عەینی و زھنیەوە دلنیاین و خۆمان لە بنیادنانی ئەو دۆخەدا دەبینینەوە... ھەر بۆیە کاتیک کە باسی شۆرش دەکەین دیارە مەبەستمان شورشێکە کە ئاو بە ئاشی بەرژوەندیەکانی چینی کریکارو زۆربەی ھەرە زۆری خەلکی زەحمەتکیشی کۆمەلگا دەکات. بۆیە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەوەی ئەمرۆ لە سودان دا روودەدات شایستەی ئەوەیە کە بە شۆرش ناوزەد بکریت، ئایا بەکردەوە ئەمە شوڕشێکە بۆ تێکشکاندنی ئەو قلشتە چینایەیتیەو لەناوبردنی ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی؟!


((بۆ کرێکارانی کۆمۆنیست شۆڕش بە واتای ڕاپەڕینی چینی کریکار دێت بە مەبەستی بەکردەوە دەرھێنانی سەراپای ئەم گۆڕانکاریە مەزنە کۆمەڵایەتیە. خەبات لەپێناو ئازادی، یەکسانی ‌و حکومەتی کرێکاری. ئەگەر کرێکار بێتە مەیدانی سیاسەتەوە، ‌ئەبێ لە پێناوی ئەم ئامانجەدا بێت. ئەبێ بە وێنەی ڕابەری ڕزگاری تەواوی کۆمەڵگا بێتە مەیدان. سەردەمی پەلکێشکردنی کرێکاران بە شوێن ئەم ‌و ئەودا بەسەرچووە. ڕەوتی کۆمۆنیستی لە نێو دەروونی چینی کرێکاردا ئامانجی خۆی بەوە داناوە کە کرێکاران بۆ ئەم ئاسۆیە ئامادە بکات و جووڵانەوەی سەربەخۆی کرێکاران لەپێناو بەدەستھێنانی دەسەڵاتی سیاسی ‌و ئەنجامدانی شۆڕشی کرێکاریدا ڕێکبخات)).


بەلام ئایا بەراستی ئەوەی کە ئەمرۆ لە شەقامی سودانا بەدی دەکرێت ھەولێکە بۆ ئایندەیەکی باشتری چینی کریکارو بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری، یان بەکردەوە ئەم ناوزەدکردنەی راپەین و جواندنی بە شۆرش دەتوانێت لە رۆژگاریکدا نائومیدیەکی گەورەترەو زیانبار بۆ خەلکی کرێکارو زەحمەکیش بینیتە پیشەوە. کە بەبروای من ئیمە لەوەھا ھەلویستیک بەرپرسیارین و دەبیت بە وریاییەکی زۆرەوە مامەلە لەگەل دۆخەکەدا بکەین و لەھەولی لیکدانەوە ئاراستەکردنیدا بین. نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە تەنیا کاتیک باسکردن لە بوونی شۆرش دروستە کە چینی کرێکار لەژێر ئاڵای سەربەخۆی خۆیدا بە ئامانجیکی شۆڕشگیرانە ڕێکخرابێت و ئاسۆو ئامانجەکانی شۆرشی بەلاوە دیارو ڕۆشن بێت. ئاخەر لەم سالانەی رابردودا کەم نەبوون ئەو کۆمۆنیستانەی کە بەھاتوھاوارەکانی سوریا، لیبیا، میسر، تونس، ئیران و تەنانەت بە رووداوەکانی ١٧ شوباتیشیان دەگوت شۆرش، بەلام ئەنجامەکانیمان بینیەوەو دەزانین ھەندیک لەم رووداو راپەرینانە چەند بزوتنەوەی کریکاری وسوسیالیستی پاشەکشە پیکرد. بۆیە چاوەرانی کردن لەوەی کە کۆمۆنیست و سوسیالیستەکان لەمبارەوە ووردبینیەکی تەواو بەخەرج بدەن، ئەو ھەلویستەیە کە دەتوانیت وەھمی کۆمەلگا لەھەر ھاتنەمەیدانیک رۆشنتر بکاتەوەو ھیوادار تری بکات نەک نائومیدەوارتر!
 

 

bahaomar94@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک