په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١١

رووداوەکانی زاخۆ و دەڤەری بادینان.

 


بەدوای وتاری مەلای مزگەوتێکی شاری زاخۆ، لە نوێژی ھەینی دووی دێسەمبەردا، جەماوەرێک لە شکڵی خۆپێشاندنێکدا بەڕێپێوان ڕوەو ناوبازار دەڕۆن و دەکەونە بەردەباران کردن و ئاگر تێبەردانی چەند کۆگایەکی مەیفرۆش و ماساج و ئەو ئوتێلانەی کە بۆ گەشتوگوزارکەرانی بیانی تەرخان کراون. ئەم ھەڵمەت و ھێرشە ھەر بەشاری زاخۆوە ناگیرسێتەوە بەڵکو پەل دەھاوێت بۆ شارۆچکەکانی دەوروبەریش. پێویستە ئەوە بێنینەوە یاد کە زوربەی دوکانە مەیفرۆشەکانی ئەو دەڤەرە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەچن کە موسوڵمان نین، ئێزیدی و یا مەسیحی و سەر بە ئایین و مەزھەبەکانی ترن. ھەربۆیە ترس و دڵەڕاوکێ لە ڕەشەکوژی غەیرە موسوڵمانان و ھەڵگیرسانی شەڕوپێکدادانی مەزھەبی ئەو دەڤەرەی گرتۆتەوە.


بەدوای ئەو ڕوداوەدا، بنکە و بارەگاکانی "یەکگرتووی ئیسلامی" لە دھۆک و چەند شارۆچکەیەکی ئەو دەڤەرە دەکەونە بەر پەلامار و بەردەبارانکردن. لەم نێوەدا چەند ھەڵسوڕاوێکی یەکگرتووی ئیسلامییش دەستگیر دەکرێن. پاشان ھەریەک لە "پارتی" و "یەکگرتوو" لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا دەکەونە تاوانبارکردنی یەکتری.


شایەنی باسە لە دوو ھەفتەی ڕابردووەوە پەیوەندی ئەو دولایەنە گرژی تێکەوتووە لەسەر ئەوەی کە "دەزگای خێرخوازی بارزانی" دەستی گرتوە بەسەر بڕە پارەیەک کە "یەکگرتوو" لە میرنشین و شێخ نشینەکانی کەنداو وەریگرتوە، و بەناوی خێر و سەدەقەی ئیسلامیەوە بەسەر مناڵانی خانەوادە ھەژار و دەستکورتەکاندا دابەشیان دەکات، کە لە ڕاستیدا نفوزی سیاسی خۆی لەم ڕێگەیەوە دەفرۆشێت بەو بنەماڵانەی کە دەستکورت و ھەژارن، و لایەنگری و دەنگەکانیانیشیان دەکرێت، بەتایبەت کە باس لە نزیک بونەوەی ھەڵبژاردنی موحافەزاتەکان دەکرێ.


خەڵکی دەڤەری بادینان وەک باقی ناوچەکانی تری کوردستان کە لەدەست دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەری "پارتی" و "یەکێتی" وەتەنگ ھاتوون، لەفرسەتێک دەگەڕێن توڕەیی و ڕق و قینی خۆیان ھەڵڕێژن. بەڵام ئەو باروزروفە سیاسیەی کە ئەو ھەلە لە دووتوێدا ڕەخساوە لە ئێستادا، ئەو ڕق و توڕەییەی جەماوەری کەناڵێزە کردوە بە ئاقارێکی ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرستانەدا، کە لە پەرەسەندنی خۆیدا بزوتنەوەیەکی جەماوەری کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی دژی شارستانیەت و ئازادیە فەردی و مەدەنیەکانی لێ پاشەکەوت دەبێت. ئەو خۆپێشاندانە گەرچی لەڕوی شکڵیەوە وەک بێزاری و توڕەیی جەماوەر بەرامبەر بە گەندەڵی و دەسەڵاتی سەرکوتگەری "پارتی" دێتە بەرچاو، بەڵام شکڵێکی سەلبی دەربڕینی ناڕەزایەتی جەماوەری و ناوەڕۆک کۆنەپەرستانەیە. ھەربۆیە سەیر نیە لەناو ئەم خۆپێشاندانەدا ھیچ جۆرە شیعار، ھوتاف و خواستێکی ئازادیخوازانەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕەوای تیا نابیندرێت. لە ھەناوی بزوتنەوەیەکی ئاوادا، نەک گوڵی ئازادی و بەختەوەری خەڵکی کوردستان، بەڵکو سەرکوتی فکری ئازاد، خوڕافە، جەنگی مەزھەبی، ڕەشەکوژی و کۆیلەکردنی ژنان تیا دەپشکوێ.


لەم نێوەدا "پارتی" ھاوڕای ئەوەی کە لەسەرەوە خۆی وەک پێشەنگی مۆدێرنیەت و بەرگری لە ئازادیە مەدەنیەکان نیشان ئەدات، لەژێڕەیشەوە ھەوڵدەدات ھەرچی زیاتر سەرکوت و فەزای خنکێنەری سیاسی و پۆلیسی بەسەر ناوچەکەدا پەرەپێبدات، تا دەڤەری بادینان لەھەرجۆرە ڕکەبەرێکی سیاسی خۆی پاکبکاتەوە، وە لەو پێناوەشدا سڵ ناکاتەوە لە دەستوەشاندنی خوێناوی لە نەیارەکانی خۆی وەک پیشەی ھەمیشەیی کە لەو دەڤەرەدا گرتویەتیەبەر تائێستا.


ڕێگەی ئازادیخوازانە ھاتنەمەیدانی جەماوەرە بە خواستی ڕەوا و خۆڕێکخستنەوە لە ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکاندا بۆ پاشەکشەکردن بە دەسەڵاتی ملھور و گەندەڵی پارتی، یەکێتی و حکومەتی ھەرێمیان. نەک گلانە ناو داوی ئیسلامی سیاسیەوە.


ھێنانەمەیدانی بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی جەماوەری، بەخواستی ئازادیخواز و عەدالەتخوازی ڕۆشنی خۆیەوە لەدەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و ناسیونال-لیبرال، بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەری ئەمرۆی کوردستان، ئەرکی دەستبەجێی ئازادیخوازان، بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانە. ھەر ئەم ڕێگا عەمەلیەشە، بەردەگرێت بەوەی فەزای جەنگ و کێشمەکێشی ناسیونالیزمی سەرکوتگەر و ھێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکان خەباتی ڕەوای جەماوەر دژی ئەم دەسەڵاتە لەبار ببا.


رەوەندی سۆشیالیستی کرێکاریی
www.rewend.info
٤-١٢-٢٠١١
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک