٢٦\٦\٢٠١٢
روونکردنەوەیەک بۆ
رۆژنامەنووسان و رای گشتیی.

کاردۆ محەمەد
بەڕێزان زۆر سوپاسی ھەموو لایەک دەکەم کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ھەواڵی دەستکیرکردنی منیان بڵاوکردەوە و کۆمێنتیان لەسەری نووسی، بە
راستیی ئێوارەی رۆژی ٢٣/٦/٢٠١٢ بێ رێزییەکی زۆر بەرامبەر بە
رۆژنامەنووسانی کەرکوک کرا، من کە دروست لەسەر پردی خەباتی شاری کەرکوک
سەرقاڵی کاری رۆژنامەوانی خۆم بووم ھەر بە مۆبایلەکەم، وێنەی منداڵە
سواڵکەر و فرۆشیارەکانی سەر شەقامەکەم دەگرت کە ھەریەکەو بەدەم
دەردێکەوە کەوتوونەتە سەر ئەم شەقام و ئەو شەقامی شار لەو کاتەدا
پۆلیسێک کە دواتر زانیم کوردە زۆر بێ بەزییانە بەربووە گیانی ئەو
منداڵانە، دیاربوو پۆلیسێکی تر ئاگاداربوو لەوەی من وێنەی رووداوەکە
دەگرم بۆیە بەدوامەوە بوون تا لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس رێگەیان
بەو ئۆتۆمبێلە گرت کە لەنێویدا بووم، بە شێوازێکی زۆر ناشرین مامەڵەیان
لەگەڵ کردم تەنانەت دوای ئەوەی باجی سەندیکای رۆژنامەنووسانیشم
نیشاندان ھیج بایەخێکیان پێ نەدا و کەرەستەکانیان لێ سەندم و ئەو گرتە
ڤیدیۆییەیان سڕییەوە کە تۆمارم کردبوو، بۆ ماوەی نزیکەی پێج سەعات
دەسبەسەریان کردم و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردم، ئەوان ئەیانوویست
تۆمەتی ئەوەم بۆ ھەڵبەستن کە گوایە وێنەی بەڕێەوەبەرایەتی پۆلیسم
گرتووە بەڵام من ھەر سووربووم لەسەر راستیی رووداوەکە.
تاوانی من ھەر ئەوەبوو وێنەی ئەو منداڵە رەش و رووتانەی سەر شەقامەکانی
کەرکوکم ئەگرت کە لە پرێکدا پۆلیس پەلاماریدان و پاشان ھێرشیان کردە
سەر منیش، بۆیە لێرەوە داوا لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و
عێراق و سەرجەم رۆژنامەنووسان دەکەم کە چیتر لەبەردەم ئەو ھەموو
پێشێلکارییانەی لە بەرامبەریاندا دەکرێ بێدەنگ نەبن و ھەڵوێستی
راشکاوانەیان ھەبێ.
٢٦\٦\٢٠١٢
-
کەرکوک - کوردستان
ماڵپهڕی کاردۆ
|