په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠٢٢

رووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران

لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی ناوچەکەدایە!


نوری بەشیر      

 
بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ئازادیخوازی سەرانسەری لە ئێراندا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە لەرزە و داوای رووخانی دەکات، ڕۆژبەڕۆژ خواستەکانی بەدژی ئەم رژێمە هارەی سەرمایە دەچێتە سەرەوە و لە پێشڕەویدایە. رووخاندنی ئەو ڕژێمەو کۆتاییهاتنی تەنیا خەڵکی ئێران نیە کە سودمەند دەبن لێی، بەڵکو خەڵکی ناوچەکە و جیهانیش لە ڕژێمێکی ئیسلامی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ژن و دژی کرێکاران رزگاریان دەبێت.


هەموو ئەو ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانە ملیۆنیەی خەڵک لە ئاستی جیهاندا بەدژی رژێمی هارو دڕندەی ئێران ئەو راستیە دەخاتەڕوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا رژێمێکی دژی خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەت، ژنان و لاوان، بەساڵاچوان و منداڵانی ئێران نیە، بەڵکو ڕژێمێکی دڕندە و دژە مرۆڤیی سەرمایەداریە کە بەدژی مەدەنیەت و مرۆڤایەتیەیە لەئاستی جیهاندا.


ئەوە راستیەکی حاشاهەڵنەگرە لە ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ٢٠١٩ی خەڵکی لوبنان و ئێراق دا یەكێک لە دروشمەکان و داواکاریەکان وەدەرنانی دەستتێوەردان و دەستدرێژیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لەو دوو وڵاتەدا، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکانی یەمەن و فەلستین و سوریا و کوردستان دا وەک هێزێکی کۆنەپەرستی دژی خەڵکی لەپاڵ دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکان و هێزە میلیشیا قەومی و ئیسلامیەکان دا وەستاوە و وەک دەسەڵاتی کۆنەپەست و سەرکوت بەشدارە لە کوشتارو برسیکردنی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا.


ئەم رژێمە هارەی سەرمایە ئاستی دەستتێوەردانی کۆنەپەرستی بە ناوچەکەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە ئاستی جیهاندا خەریکی رژاندنی ژەهری کۆنەپەرستی بووە بەدژی مەدەنیەت و شارستانیەتی ئەم سەردەمە و لەپاڵ هەموو هێزێکی کۆنەپەرستدا خۆی بینیوەتەوە، دەستی هەبوو لە تیرۆردا نەک تەنیا لە ئێران و ناوچەکەدا بەڵکو لە ئاستی جیهاندا ئەو کارەی ئەنجامداوە.


ڕژێمێک کە لەزیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی نەگریسیدا جیا لەبرسیکردن و سەرکوت و ئیعدام و بێحورمەتی بەژنان و بێمافی کرێکاران و لە گۆڕنانی خەونەکانی لاوان و نەهێشتنی مەدەنیەتی کۆمەڵگا لە ئێران دا شتێکی تری نەکردووە، ئیتر جێگایەکی لەناو خەڵکی ئێراندا نەماوەتەوە. خەڵکی زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئێران بە تەواوی هێزیانەوە هاتونەتە مەیدان بۆ ڕاماڵینی ئەم رژێمەو کۆتایی پێهێنانی. ئیتر هاتوهاواری سەرانی رژێم و لەسەروو هەموویانەوە خامنەئی بەوەی ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری ئێستای ئێران کە بە خرۆشانی ژنان لە ئاستی جیهاندا ناسراوە دەستی لە پشتەوەیە، نەك ئەم جوڵانەوە جەماوەریە شۆڕشگێڕانەیە سارد و خاو ناکاتەوە، بەڵکو گڕی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان دەباتەسەرەوە. حکومەتەکانی ناوچەکەش پێش ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرەی ئێران ئەوەیان تاقیکردۆتەوە کە هەر ناڕەزایەتیەکی جەماوەری دەسەڵاتەکەیان بخاتە مەترسیەوە بە دەستی دەرەکی تاوانباریان دەکردن، بەڵام ئیتر ئەو قسە پوچانە نەك لای خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، تەنانەت لای ئەندامانی سوپای پاسداران و دۆستەکانیشیان کڕیارێکیان بۆ پەیدا نابێت.


ئەم خرۆشانە جەماوەریەی ئێستای ئێران دەورەیەکی نوێیە لە درێژەی ناڕەزایەتیەکانی دەورەی پێشوو کە ڕۆژانە ڕیزەکانی فراوانتر دەبێتەوە لە ئێران و ئاستی جیهاندا، بە پێچەوانەی کۆماری ئیسلامیەوە کە دەیەوێت ڕەنگی نەتەوەپەرستیی و دەستی دەرەکی بخاتە پاڵی؛ هەموو چوارچێوەیەکی نەتەوەپەرستیی و دینی تێپەڕاندووە و دروشمەکانی" نا "یە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامی لەئێراندا.


بەم هۆیەوە لە هەر شوێنێکی جیهاندا راوەستان لەپاڵ ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتی و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕیەدا و بە دژی کۆماری ئیسلامی و لە گۆڕنانی رژێمێکی دڕندەی وا لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و ژنان و لاوان و لە بەرژەوەندی بەرەی شۆڕشگێڕ دایە لە ئاستی ئێران و ناوچەکە و جیهاندا.


٨\١٠\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک