١٩\١\٢٠١٤
رووی
دەممان بکەینە کێ؟

هەڵاڵە رافع
دەسەڵات و یاساکانی، یان بەشێک لە نوخبە و رێکخراو
و چالاکانی! تاوانبار کێیە لە
بەرامبەر بە پیرۆزکردنی پەردەی کچێنی لە جێگای حورمەت و
کەرامەتی کچاندا؟
هیچ سەیر نییە لە
بەرامبەر دەستدرێژییکردنە سەر کچاندا، یەکەم نیگەرانی پۆلیس و
دام و دەزگاکان ئەوە بێت کە ئایا کچێنیان ماوە یان نا!
لەبەرئەوەی گەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی وا بیریان نەکردایەتەوە
هەڵبەتە لە درێژای ٢٢ ساڵدا سنوورێکیان
دادەنا بۆ کوشتنی ژنان و چەند تاوانبارێک بە
سزای دادپەروەرانە دەگەیەنران.
هیچ سەیر نییە، لەبەر ئەوەی تا ئێستاش
زۆربەی بڕگەکانی یاساکانی باری کەسێتی و یاسای سزادانی عێراقی ڕژێمی
بەعس لە کوردستاندا جێبەجێدەکرێت، کە وابەستەیە بە شەریعەتی ئیسلامەوە،
هەربۆیە لە هەموو بڕگە یاسایەکدا سەبارەت بە مافی مرۆڤ و بەتایبەت ژنان
بێمافی تەواو ڕەنگی داوەتەوە و دژە ژنن، بەپێی ئەو یاسایانەش "شەرەف و
پەردەی کچێنی و داب و نەریت و ..." گرنگترو پیرۆزترە لە خودی مرۆڤ و
بەتایبەت ژنان و ژیانیان.
بە تایبەتتر
سەبارەت بەم تاوانە، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١
لە مادەی ٣٩٨ یدا هاتوە کە ئەگەر ئەو کەسەی
دەستدرێژیی کردوە لەگەڵ قوربانیدا بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە ئەوا
سزاکەی لەسەر هەڵدەگیرێت! ئەمەش بەو واتایەیە کە گرنگترین شت لای ئەوان
ئەوەیە خێزانەکە "ئابڕو" یان نەچێت، نەک باری دەروونیی
وێرانی قوربانییەکە.
ئێمە زۆرجار باس لەوە دەکەین کە سیستەمێک
لەو وڵاتەدا نییە، بەڵام بەڕاستی سیستەمێک هەیەو پیادە دەکرێت، سیستەمی
حیزبیی، سیستەمی خێل، سیستەمی بەرپرسە حیزبییەکان،
سیستەمی نوخبەی پیاو و ژنە "گەورەکان" ئەمەش
بۆ خۆی بووەتە سیستەمێکی حوکومڕانی! کە
ناوەرۆکەکەی دژی مرۆڤ، دژی ژن، دژی ئازادی،
دژی دڵسۆزیی و راستگۆیی
و ، گەندەڵیی و دووڕوویی،
دژی هەموو شتە جوانەکانە.
هیچ سەیریش نییە کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی داوای پاراستنی
شەرەف بکەن لە دەسەڵات و دام و دەزگاکان!
لەبەر ئەوەی بەپێی ئەو هەموو یاساو ڕێسا نوسراو و نەنوسراوانەی لە
کوردستان بەڕێوە دەچن چ لە دادگاو دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا و چ لە
مینبەرەکانەوە، وایکردوە هەموو شتێک لە ئینسان و ئازادی و خۆشبەختی
پیرۆزتر بێت، وە هەر ئەمەش کراوەتە نۆرمی باوی کۆمەڵگا، و لەماوەی ٢٢
ساڵدا دەرخواردی نەوەکان دراوەو پێی پەروەردەکراون.
هیچ سەیر نییە، لەبەر ئەوەی رۆژنەمەوان و
چالاکی مەدەنی و چالاکی ژنان و نوسەرو هونەرمەند وەک "نوخبە"، بەشێکن
لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە و کاریگەریان هەیەو کاریگەری وەردەگرن و
بەدور نین لەو بارودۆخە، هەر بۆیە بەشێک لەمانیش هەڵگری ئەو پەیامە
دواکەوتوەن و پارێزەرو پیادەکەری ئەو نۆرم و سونەتانەن کە دەسەڵات و
یاساو ئایین پێیان دەڵێت، بە واتایەک ئەمان
دروستکەرەوەی دووبارەی هەمان شێوەی دەسەڵات
و حیزبەکانن و دەسەڵاتیش دروستکەر و
پشتیوانی ئەوانە.
گەر وا نەبوایە پێداگریی
دەبوو لەسەر بەخەمەوەبوونی باری دەروونیی
ژنانی قوربانی، گەر وا نەبوایە کێشەی ژنان
لە شەڵتەرەکاندا چارەسەر دەکرا، نەک خۆیان بسوتێنن، یان ڕادەستی
کەسوکار بکرێنەوە و دوای بکوژرێن، گەر وا
نەبوایە هێزی " نۆل تۆلێرانس" لەبەرامبەر ئەو تاوانە دژی
مرۆییەدا پێک دەهات.
کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو مەیدانێکدا
پێویستی بە هێزێکی کۆمەڵایەتی هەیە، پێویستی بە کۆمەڵێک کاراکتەر
و هەڵسوڕاوی مەیدانی هەیە کە گفت و هەڵسوکەوتیان وەک یەک بێت،
چاونەترساوانە و ڕاشکاوانە ئەو سنوور
و نۆرمە دروستکراوانە ببەزێنن، هیچ بەرژەوەندییەکی
مادیی و پلە و
پایە و ناوبانگیان بۆ گرنگ نەبێت، تا بتوانن
پەیوەندی نێوان ئازادی و ڕاستگۆیی بەهێز بکەن، لەوێشەوە هێزێکی
ڕاستەقینەی جەماوەری پێکدێت کە لانی کەم هاوئاهەنگ بێت، و لەبەرامبەر
هەموو ئەو بێ مافیانەدا نەک تەنها بە ڕەخنە
و وتارنووسین بەڵکو لەهەمان کاتدا بە
شێوەیەک لە نیشاندانی کاری جیاواز لە
بەرامبەر کارنامەکانی ئەواندا لە مەیداندا
بێت.
ماڵپهڕی
ههڵاڵه رافیع
|