په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٢\٢٠١٨

    ساباتی تاڵ.

سەردار ر‌ه‌زا

مەرگێ بە باڵای تەمەنما ھەڵکشاوە
پێی لە تەڵەی قوڵایی پەیڤێکی شیعری سەرشێتیما
گیر کردووە و
لە ئەژنۆی ڕا
ئیدی بەرەو دوا ھەناسەی نووکی پەنجەی شۆڕ بووەوە
کفنێ بە باڵای شارما ھەڵزناوە
بە قوڵپی پڕ ئەشکی چاوم
نوقمی حەزێکی سوێر بووە و
لە کەمەبەندی ڕێگای دا
بەرەو خوار خوار داچووەوە
شار دوا نیگای خۆی ھەڵ دەدا
لە تەوێڵی ھەستەکانما ھەناسە سوار
ھەر کە خۆری سواغدراوی
لە کەفماڵی ئەپارتمانی دێوەزمەیەکی ڕانەھاتووا سواند
زمان بووە بەستەڵەکی ئۆغر کردوو
نە قەتارەکەی مەردانی بۆ دەوترێ
نە بەستەکەی حوسین عەلی
نە ژان و ئازاری میسری و حەمەی موکری
پەی پێ دەبا
نیگاکانم دەبنە شەوەزەنگێکی لای کەنار ئیجە
ڕێگای بەخت و کۆڤانمی
وەک یەک چواند
بیست و چوارجار
مانگ ھەڵھات و روخساری خۆی لێم شاردەوە
لە نێو قەفی دووکەڵی چڕ
چزووی ئاگری خەمڕەوێن
تاڵە ڕیشاڵی پەنجەکان دەبنە ڕەژوو
ترپەی ھەردوو قامکی راستم
بەر سوتووی جگەرە کەوتن
ھاتی و لە دەرگای خەیاڵدانی پاییزما
لە گەڵ ھەڵوەرینی وەرزی تەمەنما
تۆڕێ گەڵای زەرد زەردی روحمت لە کۆڵنا
لە بیمارستانی شارا گیرسایتەوە ....
بەرەو ترۆپکی ڕێژنەی خەم سەردەکەوتن
کات نیوەشەوێکی دەمە و ئێوارەیە
لە سەر باڵی ئەسپی ئەتڵەس
خولیای دۆستی ئەستێرەم بوو
شەو لە کپی خۆی نەکەوت و
بە گرێژنەی روحما رۆچوو
ژاوە ژاوی دوا سەفەری گۆڕغەریبیم
دۆراندۆرمی دۆڕاند بوو
خەون لە تەک گەڵا وەریوی شار
ئاوێزانی دوا غوربەتی خۆی جاڕ دەدا
بێ ئاگا بووم
نەمدەزانی مەیلی ئامێزی تەزیوی شلێرەم بوو
شاژنەکەم
راتچەنیم و
حەسرەت و ئاە و ناڵەمت
بە سازی دیدەن ڕاماڵی
گریان و ئەشکی بەردەوام
بە سێڵاوی تیلەی نیگات ، پاییزنشینی جەستەمن
دوعاکانی دایکم لە گرێکوێرەی فەقیانەکەیا
وەک عانەکانی مناڵی
خەڵوەتنشینی کۆڵی بوون
زولف و گەردن .....
نمایشی باڵای ؛لیما؛ ت
ساتی بزە و پێکەنینت
ھەموو شەوێ
بە بەر فیغانی مەینەتما
ڕادەبوورێ
دەستی خەمت لە تەوقی ملم ترازان
پەنجەکانت بوونە ھەتوان
تیشکی دڵمت پەی پێبرد و
بە قەد و قەمەتی لێوتا، رۆشنایی شیلەی ژینی بۆ ھەڵکرا
کەچی خۆر و تیشکی مانگم لێ ئاوابوو
ئەم بێشەیە و ئەم وڵاتە
لە بێ تۆیی ھەر ھەڵکشا
بەرەو تاریکی و چۆڵی چوون.


٢١\١\٢٠١٨ - ئەڵمانیا - لیمبێرگ
sardarjaff44@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک