١١\١١\٢٠١٨
سادق مووسەوی:
فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران،
گرینگترین
فێستیڤاڵی کورتە فیلمە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
مەنسوور جیھانی
"سەیدسادق مووسەوی" دەبیری سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران گوتی: فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران،
گرینگترین ویترینی چالاکییەکانی کورتە فیلمە لە ئێران و گرینگترین
فێستیڤاڵی کورتە فیلمە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی کورتە فیلمی تاران، کۆنگرەی رۆژنامەوانیی سی و
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بە
ئامادەبوونی "سەیدسادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای
لاوانی ئێران و دەبیر و بەرپرسی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران و "ئارش عەباسی" راوێژکاری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری
پەیوەندییەکانی ئەم ئەنجومەنە بەڕێوەچوو.
ھۆڵێکی تایبەت بۆ پەیامنێران و چالاکانی بەشی راگەیاندن.
"ئارش عەباسی" لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوەیەدا وێڕای بەخێرھاتنی
پەیامنێران، گوتی: ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار ھۆڵێکی تایبەت بۆ پەیامنێران
و چالاکانی بەشی راگەیاندن لەبەر چاو گیراوە بۆ ئەوەی کە بتوانن لە
بارودۆخێکی باشتردا فیلمەکان ببینن.
فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران گرینگترین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی
رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
پاشان "سەیدسادق مووسەوی" رایگەیاند: فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە
فیلمی تاران، گرینگترین ویترینی چالاکییەکانی کورتە فیلم لە ئێران دایە
و بەبێ زێدەرۆیی گرینگترین فێستیڤاڵی کورتە فیلمە لە رۆژھەڵاتی
ناوەڕاستدا. ئەمە قسەی ھەموو کارناسانە و تەنیا بۆچوون و روانگەی من
نیە. ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تارانە.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بیروڕا و لێکدانەوەی ئێمە وا نیە کە ئەم
فێستیڤاڵە، ویترینێک بۆ چالاکییەکانی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێرانە،
بەڵکوو بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران، باشترین روانگە لە بارودۆخی کورتە فیلمی ئێران بە جیھان ئاراستە
دەکات.
١٨١٩ ئامادەبوونی نێونەتەوەیی لە دەرھێنەرە لاوەکانی ئێرانی لە ئاستی
جیھانیدا.
دەبیر و بەرپرسی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە لە باشترین ساڵەکانی چالاکیی
چێکردنی کورتە فیلم لە ئێران داین. من لەم ماوەیەدا، زانیارییەکی زۆرم
سەبارەت بە سەرکەوتنە نێونەتەوەییەکانی کورتە فیلمی ئێران بۆ دەزگاکانی
راگەیاندن ناردووە. پێڕستی ١٨١٩ ئامادەبوونی نێونەتەوەیی لە
ھونەرمەندانی ئێرانی لە کتێبێکدا بەم ناوە بە ھەموو زانیارییە
وردەکانەوە، ناوی فیلمەکان، ناوی ئەو شارانەی کە ئەم فیلمانە لەوێ
نمایش کراوە و ھەروەھا ئەو خەڵاتانەی کە بەدەستیان ھێناوە، لەو کتێبەدا
چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
کورتە فیلم پشتیوانی سینەمای ئێرانە.
مووسەوی گوتی: کورتە فیلم بێ گومان پشتیوانی سینەمای ئێرانە. ئەمڕۆ
سینەمای فەرھەنگی و ھونەریی ئێران، کورتە فیلم رێنوێنیی دەکات. ئێمە
ھونەرمەندانی پێشڕەو، بیر و زەینی گەنج و لاوان و خولقاندن و
داھێنانێکی جیاوازمان لە بواری کورتە فیلمدا دەبینین. ئەمە باوەڕی
ئێمەیە و زێدەرۆییەک لەوەدا ناکەین. لە حاڵێکدا کە کەمترین بوودجە و
پارەی تەرخانکراو لەم بوارەدا ئێمە ھەمانە.
بەدەستھێنانی ٣٧٠ خەڵاتی نێونەتەوەیی بۆ سینەمای ئێران.
ھەروەھا ئەوەشی راگەیاند: چون سەرمایەیەکی کەم لەبەر دەستی
سینەماکارانی کورتە فیلمدایە، ئەوان ھێز و وزەی خۆیان لە لایەنی
داھێنانی بەرھەمەکە دەخەنە کار و ئەمە سەرمایەیەکی گەورەیە. ئەمە بە
مانای بێ کەم و کورتیی بەرھەمەکانی کورتە فیلم نیە. ئێمە رێگایەکی
باشترمان لەبەر دمدایە، من دەمەوێت ئێوە لە بەشەکانی دیکەی ھونەردا
خوێندنەوەتان ھەبێت و ببینن لە کوێ ئێمە نزیکەی ٢٠٠٠ ئامادەبوون لە
رووداوە نێونەتەوەییەکاندا ھەمانە و ٣٧٠ خەڵاتی نێونەتەوەییمان
بەدەستھێناوە.
ناردنی ٥١٠٠ فیلم لە ١٢٠ وڵاتی جیھان.
دەبیر و بەرپرسی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران گوتی: جیاوازیی ئەمساڵی ئێمە لە فێستیڤاڵدا زۆرتر لە بواری
نێونەتەوەیی دایە. لە بواری نێونەتەوەییدا نزیک بە ٥١٠٠ فیلم بۆ
نووسینگەی دەبیرخانەی فێستیڤاڵ ھاتووە. زیاتر لە ھەشت مانگ لە لایەن
دەستەیەکی شارەزا و لێزان ئەم فیلمانە بینراوە. پێداگری و وەسواسی ئێمە
وا بوو کە فیلمی ئاسایی لە بواری نێونەتەوەییدا نەمانبێت، ھەر بۆیە لەم
رێژە فیلمە، ٦٧ فیلم ھەڵبژێردرا.
مووسەوی گوتی: بە بڕوای من ھەندێک لەم فیلمانە لە شێوەی وۆرکشۆپێکی
فێرکارین. ھەمووی ئەم فیلمانە بەرھەمەکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی زایینیە.
١٢٠ وڵاتی جیھان بۆ ئێمە فیلمیان ناردووە. لە لایەکی دیکەوە ئاستی ئەو
ناوبژیوانانەی کە ھەڵبژێردراون، لەگەڵ ساڵەکانی رابردوو
ھەڵناسەنگێندرێت کە ناوەکان و ئەزموون و پێشینەی ئەم کەسانە چاپ و بڵاو
کراوەتەوە.
بازاڕی نێونەتەوەیی کورتە فیلم.
ئەوەشی راگەیاند: ئێمە بۆ یەکەمین جار بازاڕی نێونەتەوەیی کورتە
فیلممان وەڕێخست و رێژەیەکی زۆر کڕیارمان بانگھێشت کرد. ئەم کڕیارانە
لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی تەلەڤیزیۆنی و لە رێکخراوە و دامەزراوە
جۆراوجۆرەکانەوە دێن بۆ ئێران. ھیوا دەخوازین لەم رێگایەوە، بتوانین
کەشوھەوایەکی نوێی ئابووری و ھەڵبەت فەرھەنگی بۆ کورتە فیلمی ئێران پێک
بھێنین.
بەڕێوەچوونی پەیچینگی نێونەتەوەیی.
مووسەوی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە بۆ یەکەمین جار ئەمساڵ
پەیچینگی نێونەتەوەییمان بەڕێوەبرد. ئێمە چەند مانگ بەر لە ئێستا
بانگەوازێکمان بڵاو کردەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ھۆگرانەی کە دەیانەوێت لەم
رووداوەدا بەشداریی بکەن؛ پلانەکانی خۆیان بە زمانی فارسی و ئینگلیزی
ئاراستە بکەن و چەند مانگ لەوە پێش ئەم پلانانە بە ناوبژیوانەکان
ئاراستە کرا بۆ ئەوەی کە ئەم کەسانە و پلانەکان بە مەبەستی ئامادەبوون
لەم وۆرکشۆپەدا ھەڵبژێردرێن.
ھەروەھا گوتی: ئەمساڵ خاتوونێک بە ناوی "گابریلیە برۆنن مەییر"
بەرپرسایەتی فێرکاریی چۆنییەتی داکۆکی کردن لە پڕۆژەکانی لە ئەستۆ دایە.
بەر لە بەڕێوەچوونی پەیچینگ، ئەم وانەبێژە نێونەتەوەییە کە تەنیا
پسپۆڕی و شارەزاییەکەی ئەم کارەیە و لە ھەموو فێستیڤاڵەکاندا
سینەماکارەکان فێری مێکانزیمی داکۆکی کردن لە پڕۆژەکان لە لایەنی ماڵی
و فەرھەنگی لە بەرامبەر سەرمایەگوزاران دەکات. لە دوای ئەم فێرکارییانە
ئێمە رێوڕەسمی پەیچینگ بەڕێوەدەبەین.
مووسەوی گوتی: لەم پەیچینگانەدا ئێمە ھەم سەرمایەگوزاری ناوخۆییمان
بانگھێشت کردووە و ھەم سەرمایەگوزارانی بیانی بانگھێشت کراوە. ئەم
کەسانە بێجگە لە وایرەکان و ئەو کڕیارانەی کورتە فیلمەکانن کە ئەمساڵ
بانگھێشت کراون. ئێمە ھەروەھا لەگەڵ رێزدار بەڕێوەبەری گشتیی ماڵی
سینەما قسەمان کرد و بەڕێزیان گوتی زۆربەی سەرمایەگوزارانی فیلمی
درێژیش ئەمساڵ پێیان خۆشە کە لە فێستیڤاڵەکەی ئێوەدا بەشداری بکەن.
بانگھێشتنی ١١٠ میوانی بیانی.
دەبیر و بەرپرسی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران گوتی: ئێمە ئەمساڵ ١١٠ میوانی بیانیمان بانگھێشت کرد و لەم
کەسانە زیاتر لە ٤٠ کەس ھاتوونەتە نێو ئێران. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە
کە لە نێو ئەو فیلمانەی کە بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵەکە ناردراوە، زۆرترین
فیلمەکان لە وڵاتی فەڕەنسا و پاشان لە وڵاتی ئەمریکایە؛ ئێمە لەسەر
ئەوە پێداگری دەکەین کە بە ئامادەبوونی ئەم ھونەرمەندە بیانیانە
کەشوھەوای ھاوکاریی کە نێوان ھونەرمەندانی ئێرانی و بیانیدا بێتە
ئاراوە.
بەڕێوەچوونی ٢٠ کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی و پسپۆڕانە.
دەبیر و بەرپرسی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران رایگەیاند: ئەمساڵ لە بەشی کۆڕ و کۆبوونەوە زانستی و
پسپۆڕانەکانی فێستیڤاڵ، ٢٠ کۆبوونەوە بە دەبیریی دکتۆر ئەلەستی
بەڕێوەدەچێت کە بەڕێزیان بەرپرسایەتی کارگە و وۆرکشۆپەکانی ئێمەیان لە
ئەستۆدایە. دوایین وۆرکشۆپی ئێمەش لە بەشی نێونەتەوەییدا بە
ئامادەبوونی وانەبێژەکانی ئەم بوارە بەڕێوەدەچێت کە ھەموو شەوێک ٣٥
خولەک پەیوەندی و ھاوکارییان لە رێگای سکایپ دەبێت. ئەم کۆڕ و
کۆبوونەوانە لە ٤ بواری فۆرماڵیسم، رێئاڵیسم، مینی ماڵیسم و
ئەزموونگەریی بەڕێوەدەچن.
نمایش کردنی بەرھەمەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تامپرە" و
"ئەستۆنی".
بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران ھەروەھا سەبارەت بە
بەشی نێونەتەوەیی شیکردنەوەیدا و رایگەیاند: سێ فێستیڤاڵی پڕبایخی
نێونەتەوەیی لە جیھاندا بوونی ھەیە کە "تامپرە" لە بەرجەستەترین
فێستیڤاڵەکانی بواری نێونەتەوەییە و یەکەم فێستیڤاڵێکە کە فیلمە
ھەڵبژێردراوەکانی ئەو بە شێوەی راستەوخۆ بە ئەکادیمیای ئۆسکار
دەناسێندرێن. بەو پەیوەندی و ھاوکارییانەی کە لەگەڵ باڵیۆزی فینلاند
بوومانە، توانیمان لەگەڵ بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تامپرە"
پرس و راوێژ بکەین و توانیمان "باکسێک" واتە لە فێستیڤاڵدا بەشێکی
تایبەت بۆ ئەم بوارە تەرخان بدەین و فیلمە باشەکانی ئەو فێستیڤاڵە
خرایە بەر دەستی ئێمە، بۆ ئەوەی کە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵدا
نمایش بکرێن. بەشی دوایی نمایش کردنی بەرھەمەکانی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی "ئەستۆنی"یە کە لە ئەنیمەیشێندا، لەوپەڕی پێشڕەوی
دایە و ئەمساڵ لە فێستیڤاڵدا یەک باکس و بەشێکی تایبەتیش بە فیلمەکانی
ئەستۆنی تەرخانمان داوە.
ئێران ئەمنترین وڵاتی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاوستە.
مووسەوی ھەروەھا بە دەربڕینی ئەوەی کە ئێران ئەمنترین وڵاتی ناوچەی
رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، جەختی کردەوە: لە درێژایی ئەم ساڵانەدا لەگەڵ
ھەموو ئەو ھەوڵەی کە ھەندێک لە وڵاتان بۆ پەڕاوێزخستنی ئێران ھەیانبوو،
بەڵام ئێمە لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران زیاتر لە ٤٠ میوانی بیانیمان دەبێت؛ کە ئەمن بوون و ھێمنایەتی
سەقامگیری ئێران و بەرھەمھێنانی ھەرزان لەم وڵاتەدا، بۆتەی ھۆی ئەوەی
کە کەسانێکی زۆر ھۆگری ئەوە بن کە لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا بەشداری بکەن
و تەنانەت بۆ سەرمایەگوزاری ھاوبەش لەم بوارەدا ھەنگاو بنێن. لە کورتە
فیلمدا، ئێلێمانەکانی بارزگانیی سینەمای فیلمی درێژ بوونی نیە و
بەرھەمھێنانی ھاوبەش بۆ کورتە فیلم زۆر مسۆگرترو تەیارترە لە سینەمای
فیلمی درێژ.
نمایش کردنی ١٥٤ فیلم لە دەرھێنەرەکانی ٣٠ وڵاتی جیھان.
سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە
مەبەستی ئاشنابوون و ناساندنی باشترین بەرھەمەکانی کورتە فیلم لە ئاستی
نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا و ھەروەھا سازکردنی رکابەریی کاریگەر لە
نێوان سینەماکاران و بە نمایش کردنی ١٥٤ فیلم لە دەرھێنەرەکانی ٣٠
وڵاتی جیھان لەوانە؛ فەڕەنسا، ئەمریکا، میسر، ھیندوستان، چین، ھۆڵەندا،
کەنەدا، قیبرس، ئیرلەندا، کۆڵۆمبیا، ئوستڕاڵیا، ئیسپانیا، سویسڕا،
رووسیا، ئەستۆنی، ئەڵمانیا، ھۆنگ کۆنگ، فیلیپین، کۆریای باشوور، تونێس،
ژاپۆن، فینلاند، مەکزیک، بەلژیک، کۆماری چیک، پۆرتوگاڵ بەڕازیل، یوونان
و ئێران و ھەروەھا بە ئامادەبوونی ناوبژیوانانی دیار و گرینگ لە
وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە؛ پۆڵەندا، نەمسا، لاتۆیا، نەرویژ،
ئیرلەندا و ئێران لە چەندین بەشی رکابەریی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی
پێکھاتوو لە کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، بەڵگەیی، ئەزموونی و ئەنیمەیشێن
لە رۆژانی ١٨ تا ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٩ تا ١٣ی نۆڤێمبری
٢٠١٨ی زایینی لە پەردیسی سینەمایی میللەت لە شاری تارانی پایتەختی
ئێران بەڕێوەدەچێت.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|