په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١٦

ساڵی سفر!

هۆشیار ئەوڕەحمان   

ساڵی ٢٠١٦ ساڵی سفرکردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا دەبێ؟


هێشتا مۆدێلە بەرنامەکەی سەرۆک وەزیرانی ئێستای تورکیاو وەزیری دەرەوەی ئەوسا احمد دواد ئۆغڵو لەیادەوەریماندا ماوە ، کە دەیگوت تا ساڵی ٢٠١١ ناکۆکیەکانی تورکیا لەگەڵ دراوسێکانیدا سفر دەکەینەوە ، دەنگۆی ئەم بەرنامەیە دەنگێکی باشیدایەوە بەتایبەتی لە عێراق و سوریا و هێوایەکی گەورەی لەسەر هەڵچنرا ، بەڵام لە دەرەنجامی خەراپ کەوتنەوەی بەهاری عەرەبیدا... بەرنامەکەی داود ئۆغڵو و هیوای دراوسیکانی لەگۆرنران( لە جێگەی سفرکردنەوەی ناکۆکیەکانی تورکیا لەگەڵ دراوسێکانیدا ، پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ دراوسیکانیدا سفرکرانەوە) . بەو پێودانگەش ساڵی ٢٠١٦ دەبێتە ساڵی ڕیزبەندی ناکۆکیەکان و سفرکردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ دونیا ودراوسێکانیدا.

لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا:


تورکیا وەکو ئەندامێکی نەخوازرا و گومانلێکرا و لەناتۆدا تەماشادەکرێ... هەر لەبەر ئەوەشە هاوپەیمانان لەسەرەتای شەڕو پێکادانەکانەوە رێگەیان نەداوە بەشداری هێرشی ئاسمانی بکات بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی داعش لە سوریا و عێراقدا ، چونکە ئامانجی تورکیا لە شەڕی دژ بەداعشدا ناڕونە وئەگەر رێگەی پێبدرێ لە جیاتی داعش پەلاماری ئەو شوینەدەدات، کە خۆی پێیدەڵێت باشوری تورکیا وباکوری سوریا (رۆژئاوا) کە رۆژئاوای کوردستانە، کەلەئێستادا هیزەکانی (یەپەگە) ی لێ یە،کە بە هاوپەیمانە ئەکتیڤەکەی ناتۆ وهاوپەیمانان دەژمێردرێ.

لەگەڵ روسیا:


لەگەڵ هاتنی هیزەکانی روسیا و بەشداری کردنی لەشەڕی داعشدا هاوکێشەی سەرکێشیەکانی داعش و تورکیای گۆڕی بەجۆرێک، کە جارێکیتر تورکیا نەوێرێ بیر لە سنوربەزاندن و پێکەوەنانی ناوچەیەکی دەستەمۆ بەخۆی بکاتەوە، بەتایبەتی دوای سیناریۆی سنور بەزاندن و خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی روسیا لە ناو خاکی سوریادا، کەبەدوایدا گرژی ئاڵۆزی پەیوەندیەکانی هەردو وڵاتی لێکەوتەوە .تورکیا سەبارەت بە تێکدانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیادا گەورەترین هەڵەی سیاسی ستراتیژی کردوە و سزاکەی ئەوەندە قورس دەبێت، کە کۆنڤۆی سەدان ملیۆن ترێلەی نەوتی قاچاغی داعش قەرەبوی ناکاتەوە.. ئەردۆغان لە سۆنگەی داهات ودەرامەتی خێزانەکەی خۆیەوە تەماشای ئاستی بژێوی خەڵکی تورکیا دەکات ونازانێت لە ئێستادا ٢٠ ملیۆن هاونیشتمانی تورکیا لە ژێرهێڵی هەژاریدان... کلیلی سەرکەوتنی هەر حکومەتێک لەتورکیادا تەنها بەندە بەبەرقەراکردنی ئاشتی وئارامیەوە، کە ئەردۆغان پێچەوانەکەی دەکات ... بەڵێنی بەخەڵکی تورکیادا ، کەدەنگ بدەن بەپارتەکەی و ئەویش خوشگوزەرانیان بۆ بهێنیت لەبەرانبەردا، کەچی هەمو روداوەکان پێچەوانەی ویستی خەڵکیی تورکیا دەرچون... ئایا تورکیا چ بەرژەوەندیەکی لە خستنەخوارەوەی فرۆکەی روسیدا هەیە ؟، جگە لەزیانی ئابوری و ئابلوقەدان و رەنجاندنی دڵی بەشێک لەدەوڵەتەئەوروپیەکان.

لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان:


تورکیا دیسانەوە سنوربەزاندنی کردوە وەکو دۆستێکی نەخوازراو رەفتار دەکات وبە قولایی ١٤٥ کیلۆمەتر سنور وشکۆمەندی خاکەکەمانی پێشێلکردوە و سەرانی ئاکەپەش رۆژ دوای رۆژ دوپاتی مانەوەی هێزەکەیان دەکەن، کە سەرەتا دەیانگوت ئەو هێزەی ئێمە بۆ مەشق پێکردنی هێزی پێشمەرگە هاتونەتە ناوخاکی عێراقەوە، بەڵام ئەو قسەیەی سەرانی ئاکەپە راست دەرنەچو، بەڵکو ئەو هێزەهاتوە بۆ دابینکردنی سەرچاوەی (وزە) بەو ئامانجەی قەرەبوی ئەو بڕە وزەیەی بۆ بکرێتەوە، کە پێشتر روسیا بۆی دابیندەکردن لەنەوت وگازی سروشتی ، سەرچاوەکانی وزەش زۆربەی دەکەوێتە سنوری هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە کاتی ئەوەهاتوە ، کە ئیتر کورد سیاسەتی ڕیالیتە و ئاشکرا لەگەڵ تورکیادا پەیڕەوبکات وخۆی دوربخاتەوە لەسیاسەتی پاشکۆیەتی و پەیوەندی نهێنی وگومانلێکراو ... حکومەتی ئاکەپە دەبێ دەستبەرداری سیاسەتی پارادۆکسی بێت لەگەڵ کورد دا ... ناکرێت لەباشور دۆستی بیت وسامانەسروشتیەکان بەهەرزان بە بەلاش هەڵوشێت ولەباکوریش قەلاچۆی بکات ! تورکیا دەبێ خۆی لەگەڵ پێداویستیەکانی سەردەمەکەدا ڕێکبخاتەوە . تورکیا دەبێ تێبگات ، کە کوردستان تەنها لە عەقڵی بۆگەنی ئەردۆغاندا جیاکراوەتەوە... مەسەلەی کورد یەک مەسەلەیە خەڵکی ئامەد و باتمان و ئەڵەزخ وموش و دهۆک و هەولیر وکەرکوک وسلیمانی وهەڵەبجە هەر یەکن ، مەگەر جیاوازی لە شێوە دیالێکتی زمانیاندا هەبێت !

لەگەڵ ئێران:


تورکیا وەکو زلهێزیک خۆی دەنوینێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو ئیراندا دەکات پێشێلی سنوری دۆستەکانی ئێران دەکات ، کە عیراق و سوریان ، بەتایبەتی لە عێراقدا تورکیا ناتوانیت ململانی لەگەڵ ئێراندا بکات لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری بەهێزی ئێران لە عێراقدا... لە ڕوی جوگرافیەوە عێراقی عەرەبی و هەرێمی کوردستان درێژترین سنوریان لەگەڵ ئێراندا هەیە... لە ڕوی ئایینی وسیاسیشەوە زۆربەی عێراق لە ئیران دەچێت،، بۆیە دیسانەوە تورکیا خوێندنەوەی عەقلانی نەکردوە لەپەیوەندیەکانی دا لەگەڵ ئێراندا ! بەم سیاسەتەی ئێستاشیەوە ناتوانێت قەرەبوی سەرچاوەکانی وزە لەدەستچوەکەی روسیای بکاتەوە ، چونکە کردەو پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕ وبازرگانی پێویستی بەپەیوەندیەکی دیبلۆماسی بەتەندروست هەیە و پێکهێنانی بەرەیەکیش بەسەرۆکایەتی عەرەبستانی سعودی و قەتەر دژ بە ئێران ودرێژکراوەکانی لە عێراق و سوریا و یەمەن ، تەنها بەقازانجی سعودی و زیانی تورکیا تەواو دەبێت !

لەگەڵ سوریا ورۆژئاوا:


لەگەڵ کۆدەتاکەی سیسی بەسەر ئیخوانەکانی میسردا و کەوتنی دەسەڵاتی محمد مرسی، تورکیا هەوڵەکانی خۆی لە ڕێگەی گروپە تیرۆرستیە دەسەندەخۆرەکانیەوە بۆ خستنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد چڕترکردەوە و تا ئەو رادەیەی، کەمانگ ورۆژی بۆ روخاندنی ئەسەد دیاریدەکرد بەسود وەرگرتن لەو کۆمەک وهاوکاریانەی ، کە تورکیا لە ناتۆ وئەمەریکا دەستەبەری کردبون بۆ ئۆپۆزۆسیۆنی سوری لەگەڵ کۆمەک وهاوکاری وڵاتانی کەنداو ... دەرەنجام دەسەڵاتەکەی ئەسەد توانیتی بەکۆمەکی دۆستەکانی وەکو ئێران و روسیا و چین دان بەخۆیدا بگرێت ووردە وردە نەیارەکانی لە بەرەی نوسرەو احرار الشام وسوپای ئازادی سوریا ویەکەکانی عەشیرەتە تورکمانەکانی (بایر بوجاق) و داعش لاواز بکات... لای سەروشیەوە پەیەدە وهێزەچەکدارەکانی لەیەپەگە ویەپەژە بەرگریەکی بێوێنەیان بەبەرچاوی هەمو جیهانەوە بەرانبەر داعش نواند وبونە فاکتەری سەرەکی شکستی داعش لە رۆژئاوای کوردستان وپوچەڵکردنەوەی پلانەکانی تورکیا لەناوچەکەدا و تا دۆخەکە گەیشتە بەشداریکردنی راستەوخۆی روسیا لە سوریادا. کەبەیەکجاری تورکیای بێ هیواکرد لە پێکەوەنانی ناوچەیەکی بێلان لەناو خاکی سوریادا و لەسەر ئەوەشەوە روسیا توانیوێتی کۆتایی بە بازرگانی نەوتی قاچاغی داعش تورکیا بهێنێت لەدەڤەری جەرابلوس و دەڤەرەکەی لە ئاسمانەوە بەجۆرێک کۆنترۆڵکردوە ، کە تورکیا وگروپەدەسەندەخۆرەکانی لە جوڵەخستوە.. لە کۆتاییدا لە جیاتی ئەوەی تورکیا حکومەتی سوریا بروخێنی خەریکە خۆی لە سوریا بچێت ولەکێشەکانیەوە بگلێت .

لەگەڵ باکور:


سوڵتان ئەردۆغان سیاسەتوانێکی بیر کولە زۆر درەنگ لەپەیامەکان تێدەگات ، کاتی خۆی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بەدیلی ڕادەستی حکومەتی ئەوسای تورکیا کرد نە حکومەتەکەی ئەوسا ونە ئەوەی ئێستاش لەو پەیامەی رۆژئاوا تێنەگەیشتن و لە جیاتی ئەوەی، کە ئیتر بیرلە چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی کورد بکاتەوە و دەستبەرداری مێتۆدی جەلادانەی سەد ساڵی پێشوتر بن ...بەڵام ئەوسا و ئێستاش دەسەڵاتەکانی تورکیا نەیانتوانی لەو پەیمانە تێبگەن. ئەو تروسکاییەش بۆ ئاشتی لەگەڵ کورد دا، کە پێشتر بەناچاری لەگەڵ ئاکەپەی دەسەڵاتدار دا بەڕێوەدەچو خودی ئەردۆغان لە ٢٨/٢ /٢٠١٥ کۆتایی پێهێنا و لەبەرانبەردا حیزبەکانی باکور بەدەستەجەمعی لەژیرناوی (هەدەپە) دا بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٧ ی حوزەیرانیان کرد وسەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد و٨٠ نوینەریان ناردە پەرلەمانی تورکیا ، بەڵام ئاکەپە ئەم سەرکەوتنەی کوردانی پێ قوتنەچو بەدەرەنجامی هەڵبژاردنەکە رازی نەبو کەوتە پلانگێڕان و لەیەکەم کاردانەوەیدا بۆ تێکدانی دۆخەکە زۆر بەشێوەیەکی دڕندانە پەلاماری بنکە وبارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی دا وهاوکات کەوتە وێزەی ئەو شارو شارۆچکانەی، کەلە ٧ ی حوزەیراندا دەنگیان دابو بە هەدەپە تا خەڵکی تورکیای ناچارکرد کەدەنگەکانیان بدەنەوە بەئاکەپە ، ئەگەینا شەرو توندو تیژیەکان درێژەیان دەبێت ونائارامی هەمو کون وقوژبنێکی تورکیا دەگرێتەوە تا لە ١/١١ دا ئەردۆغان توانیتی وەکو سیحربازێک دو ملیۆن دەنگ لە حیزبەکانی هەدەپە ومەهەپە وجەهەپە بپچڕێتەوە بۆ ئاکەپە تا بتوانێتەوە وەکو ساڵانی پێشو بەتەنها وبێ ڕكابەر تورکیا بەئارەزوی خۆیان وبۆ بەرژەوەندی خۆیان هەڵسوڕێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاکەپە نەیتوانی ئاشتی وئارامی بۆ خەڵکی تورکیا بگێڕێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە تورکیای پۆلین و دابەشکرد بەسەر بەیارو نەیارا و بەشێکی تورکیا کردوە بەجەهەنم و بەشەکەی تریشی بە کۆمەڵێک کێشەی ئابوریەوە خافڵاندوە.


ئەردۆغان باکوری کوردستانی کردە گۆڕەپانی شەڕی نێو کوچەو کۆڵانەکان وهەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی شارەوانیەکانی کوردستان هەیە ڕاپێچی زیندانەکان کران، هەرچی نوسەرو رۆژنامەنوس و دامەزراوەی مێدیایی هەیە، کە رۆژێک لە رۆژان ڕەخنەیەکیان لە سوڵتان گرتبێ بەکێشی دادگاکان کراون و لە زیندانەکان ئاخێنراون... ئەردۆگان لە ئێستادا وەکو کەسێکی تاکڕەو نەک هەر سەرۆک کۆمارە ، بەڵکو هەمو شتێکە لە تورکیادا سەرۆک کۆمارە ، سەرۆک وەزیرانە ، سەرنوسەری رۆژنامەکانە ، سوپاسالارە ، وەزیری هەمو وەزارەتەکانە... ئەردۆغان دەستوری کۆمارەکەی وەلاناوە ، تەنها ئەو بڕگانەی بەکاردەبات، کەلە بەرژەوەندی دەسەڵاتەکەی خۆیاندایە .. واتا ئەو بڕگانەی بەکاردەهێنن، کەپەیوەندی داخستنی پارتەکان و جنێودان بەسەرۆک کۆمارەوە هەیە. ئیمڕۆ لە تورکیادا لە ژێرسایەی دەسەڵاتی تاکڕەوی ئەردۆغاندا دەسەڵاتەکان نەک هەر جیانەکراونەتەوە ، بەڵکو لەیەک تاکەکەسێکدا چڕکراونەتەوە... ئیمڕۆ دامەزراوەی پەرلەمانی تورکیا هیچ شکۆمەندیەکی نەماوە وهیچ بڕیارێکی تێدا نادرێ !


پێناچێت هێشتا بەنجی خەیاڵی بەهاری عەرەبی ئەردۆغانی بەریدابێت؟ ئەردۆغان لە سەروبەری گیانەڵای ڕژێمەپیرەکانی جیهانی عەرەبی ئیسلامیدا سەرمەستی خەیاڵێک بو، کە مەگەر هەر خۆی ڕایەڵەکانی لە مێشکی خۆیدا لێکجیابکاتەوە... لەو تابلۆ وەهمیەی دوای بەهاری عەرەبیدا تورکیای ئەردۆغانی بۆتەوە بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەردەمی سوڵتان یاوز سەلیم وهەمو دونیای عەرەبی ئیسلامی بەباکوری ئەفەریقاشەوە کەوتۆتەوە دەست، تەنها ئەوەندەی ماوە والیەکانیان بۆ بنێرێتەوە ، بەڵام کە یەکەم والی (محمد مرسی)لە میسر کەوت وشکستی هێنا... خەیاڵەکەی سوڵتان ئەردۆغان بزڕکا... ئینجا پەلە کرا بۆ لەدایکبونی داعش ، کەدەمێک ساڵ بو تورکیا لەگەڵ گروپی عەرەبی سونەی عێراقی وسوریا لەهەوڵی پێکەوەنانیدا بون و جاڕی کۆکردنەوەی جیهادیستەکانی ئاسیای ناوەراست و ئەوروپا و ئەفەریقا و جیهانی عەرەبی دراو تورکیاش کرا بەکاروانسەرای قافڵەکانی داعشە خۆبەخشە بیانیەکان.

 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک