په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ساڵ، تەنها وشەیەکە، لێ زەمەنێکی دوورو درێژە!


ستار محەمەد قادر    


کۆتایی ساڵێک تەنها لە شەوێکدایە، لێ باجی ساڵێک رەنگبێت دەیەها ساڵی بوێت!


ئەو شەوەی کە زانیم کۆتایی ساڵی بەهاری نەتەوەیەکی ستەم دیدەی بێ ئەزموونەو بۆ جارێکی دی وەرزی پایز ساڵێکی نوێ دەیەوێت ئەزموونێکی تاڵی دی بدات لە یەخەی ئەو مێژووەی کە جگە لە سەرگەردانی و ماڵکاولی باوەڕناکەم شتێکی ئەوتۆی تیادا بێت کە مرۆڤ پێی بگەشێتەوە، بۆیە بڕیارم دا تا لە نهێنیە پەنهانەکانی ساڵ نەگەم، ئەو ساڵانەش هەژمار نەکەم کە لە تەمەنم هەڵدەگرن و تەنها چەند ژمارەیەکی بەدفەڕ دەبن بە شوێنەواریان و کە لە ناویاندا ئەو، من جگە لە کاراکتەرێکی بێ دەستەڵات شتێکی دیکە نەبووینە!


ئەو شەوەی هەستم کرد بۆ زۆرێک لە میللەتان کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ساڵێکی نوێیە، بڕیارم دا دەست لە یەخەی ساڵی رابردوو بەرنەدەم تا نەزانم کاراکتەری "من" لە کوێی ساڵی رابردوودا جێگیرە؟
ئەو شەوەی بۆ زۆرێک لە وڵاتان، میللەتان، سەرەتای ساڵێکی نوێ بوو، من درکم بەوە دەکرد هەر هەمان ساڵ بۆ تاکی کورد تا شەش مانگی دی ئەوجار بە کۆتا دەگات!
ئەو شەوەی ئاهەنگی چارەنووسێکی نادیارمان دەگێڕا، هەر هەمان شەو ئەو گووتەیەم بۆ پشت راست بووەوە کە ئێمە کورتبینی و بێ دەربەستی لە خوێنماندایەو رەنگبێ ئێمە کورت بین، نەک کورد؟


ئەو شەوە دەبوایە شەوی حەسم کردنی هەڵەی سیاسییەکانمان ببوایە، شەوی سەیڤ کردنی هەموو هەڵەکانی رابردوومان ببوایە، نەک تەنها بۆ بردنەوەی جامی ئاسیاو سەری ساڵێک خۆمانمان فۆرمات بکردایە، ئێمە کە ئاهەنگ دەگێرین بێ ئاگاین لەو شتانەی کە لە خانەیەک لە خانەکانی مێشکماندا بوونیان هەیە، بۆیە هەموو کاتێک لەگەڵ خۆشترین کات و ساتەکانی ژیانماندا، دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ پێچەوانەکەشیان.
رەنگبێت خاڵی ترین زاکیرە لە دونیادا، زاکیرەی تاک تاکەکانی ئێمەی کورد بێت، ئاخر چی میللەتێک هێندەی کورد لە بازنەیەکی خاڵیدا ئامادەیە ژیان بکات، خاڵی لە جوانی رۆحی رابردوو و ئێستاو ئایندەی، خاڵی لە یادەوەرییە تاڵەکانی، خاڵی لەو وشانەی کە بە خوێنی ئەو نووسەرانە دەنووسرێنەوە کە ژیانی خۆیانیان تەرخان کردووە لە پێناو بەختەوەری و سەربەرزی و سەرفرازی میللەتەکەیان، چ میللەتێک هێندەی ئێمە ئامادەیی ئەوەی تێدایە ژیانی خۆیان تەکریس بکەن تەنها بۆ گوێگرتن لە گۆرانی نەک مۆسیقا! ئایا هەرگیز بیرمان لەوە کردووەتەوە تەنها گۆرانی بەبێ مۆسیقا بەرەو چی کەنارێک ئاراستەمان دەکات؟


ئەو شەوە من هەستم بەوە دەکرد کە مێژوو هەمیشە لەگەڵ ئێمەدا خۆی نوێ و دووبارە دەکاتەوە، بۆم روون بووەوە کە لە زۆر پرسی گرنگ خۆمان دەدزینەوە، ئاهەنگ و پیرۆزباییە تەقلیدییەکان ئەوەیان بۆم سەلماند کە تا ئەم ساتە وەختە ئێمە بێ ئاگا بەبێ هیچ مەعریفەیەک لە گەڵ ساڵەکان و چەمکی ساڵدا مامەڵە دەکەین، بۆم ئاشکرا بوو ئەگەر تورکیا نەک تەنها تۆپ باران بەڵکو لەشکرکێشیش بکات ئێمە هەر ئاهەنگ دەگێڕین، ئاهەنگی سەرکەوتن نا، بەڵکو داکەوتن! هەر ئەو شەوە ئەوەم بۆ ئاشکرا بوو کە هیچ رایەڵێک نییە ئێمە وەکو کوردو کوردیش وەکو نەتەوەیەک پێکەوە ببەستێتەوە، کوردستانیش جگە لە تەنها ناوێک لەلای ئێمە هەرگیز گوزارشت لە خاکێک ناکات ساڵەهای ساڵە بەبێ بەرنامەو بەبێ پڕنسیپپ قووربانی بۆ دەدەین، ئێمە بۆیە وا بەتامەزرۆوە ئاهەنگ دەگێڕین، چونکە لە بارتەقاماندا نییە چاو بەهەڵەکانماندا بخشێنین، لە پێناو لەبیرکردنیاندا خۆمان بە ئاهەنگ گێڕانەوە سەرقاڵ دەکەین!


ساڵ بەخشندەیە، لە کاتێکدا مامەڵەی تەندرووستی لەگەڵدا بکەین، لێ کاتێک چییەتی ساڵ هیچ ئەرزشێکی لەلای ئێمە نەبێت، ئەوا هەر هەمان ساڵ باجی قوورس دەخاتە ئەستۆمان، ساڵ، خاک، نەتەوە، مرۆڤیش تەنها وشەیەکن، سەرکەوتن و داکەوتنیش لە وشەیەک زیاتر نین!