١٨\٦\٢٠١٦
سامۆیل بارکلی
بیکیت
لە چاوەڕوانی گۆدۆ
یان چاوەڕوانی ھیچ.

بورهان جۆڵا
سامۆیل بارکلی بیکیت لە١٣/٤/١٩٠٦ لەدبلن لەدایک بووەو لە٢٢/١٢/١٩٨٩
لەپاریس مردووە، یەکێک بوو لەنووسەر ھەرەناودارەکانی سەدەی بیستەم،
بەنووسینی رۆمان دەستی پێکردو دواتر شانۆگەری، خەڵاتی نۆبڵ-ی ١٩٦٩لەبواری
ئەدەب وەرگرتووە، لەبەرھەمەکانی بیکیت-دا مرۆڤ بەرەو جۆرە رەشبینییەک
دەبات ئەو رەشبینییەش لەلای بیکیت بە (کۆمیدیای رەش) ناسراوە،
بەرھەمەکانی زیاتر بەزمانی ئینگلیزی و فەرەنسی نووسیوە. بەناوبانگترین
بەرھەم شانۆگەری (لەچاوەڕوانی گۆدۆ)یە لە١٩٤٨نوسیویەتی و بۆ یەکەمجار
لە١٩٥٣ نمایشکرا لەدەرھێنانی رۆجەر بلین.
(لەچاوەڕوانى گۆدۆ) سومبلى شانۆگەرى (پۆچگەرایى)یە بەدەر
لەبەرهەمەکانیتر ساکارو گەوهەریە، دوو بەشەو پێنج کارەکتەر رۆڵى تیا
دەبینن، دوو کارەکتەرى سەرەکى بەناوەکانى (فلادیمیر)و(ئستراگۆن) جۆرە
کەسایەتییەکن نەبوون، پەراوێزخراون، دوورەپەرێزن و چاوەڕوانى کەسێک
دەکەن بەناوى (گۆدۆ) بێت وەک فریادڕەسێک ژیانیان بۆ باشتربکات،
چیرۆکێکە یەکپارچە چاوەڕوانیە بەدرێژایى کات و شوێن چاوەڕوانى دووبارە
دەبێتەوە، لەکۆتاییدا گۆدۆ ئەو کەسەیە کە(نایەت)و کێشەکەش لەوەدایە
بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە ئەمەش ناپرسیارى و ناوەڵامییە چونکە
رووداوەکان بەدەورى خۆیاندا دەخولێنەوەو بەبێ کۆتایى زۆربڵێى دەکەن
لەبەرئەوەشە چاوەڕوانى لەم شانۆگەرییەدا بوون و واتایەکى ئەزەلى نییە
پوچگەراییەکى راستەقینەى بێ وێنەیە.
گۆدۆ کێیە؟ ئایا تەلەسمێکى فریادڕەسە؟ یان بکوژ، یان مردن، یان خۆشى،
یان نیگەرانى، یان بۆشایى، یان هیچ؟ ئەوکەسە کێیە کەپاڵەوانەکانى بیکیت
لەچاوەڕوانیدا ژیانى خۆیانى بۆ تەرخان دەکەن و ناشیەت....! ئەى کێیە؟
ئایە ئەو زەمەنەیە کە مرۆڤایەتى تێکدەشکێنێت تارادەى مردن؟ یان
پوچگەرایى هەروەک (هیچ روونادات و کەسیش نایەت) کە لەشانۆگەریەکەدا
واهاتووە.
(لەچاوەڕوانى گۆدۆ) لەناوەوە هەڵگرى زۆرێک لەچاوەڕوانى و هەڵچوونە،
شانۆگەریەکى نالۆژیکى بەلۆژیک ناسراوەو لەناوەوەش ژاوەژاوێکى ترسناکە،
ترسێکى بەردەوام هەستکردن بە پەراوێزکەوتن و نەبوونى ئاسایش، لەپێشبینى
خود کەمانایەکى زۆرى هەیە وەک لەم کارەى بیکیت-دا مرۆڤ دەتوانێت
راکردووى نێو ولاتەکەى و دەرەوەى ولاتەکەشى بێت، ئەى زەمەن چۆن
تێدەپەڕێت کاتێ پوچگەرایى و پوچ مێژوویى چواردەورى گرتووین تائاستى
خۆکوشتن، قەبوڵکردنى ژیان قەبوڵکردنى گۆشەگیرییەو رزگاربوونیش ونبوونە
و کەسیش ناتوانێت ئەویتر رزگاربکات، لەچى یەکترى رزگار بکەن؟ ئەى مردن
چییە؟ نەبوون چییە؟ گۆشەگیرى چییە؟ چارەنووس چییە؟ بەتێپەڕبوونى زەمەن
و چاوەڕوانى کارەکتەر تیایدا کارەکان بەڕێدەکەن، وەک فۆڕمەلەیەکى
نموونەیى بۆ ئاشکراکردنى وێرانەیى ئەم بوونە هەروەکو بیکیت
لەشانۆگەریەکەدا دەڵێت:- (لەکردارى چاوەڕوانیدا تێپەڕینى رۆژگار بەشێوە
جوانییەکەى تاقى دەکەینەوە).
(لەچاوەڕوانى گۆدۆ) لەهەردوو بەشەکەیدا دیکۆر تیایدا جێگیرە کەبریتییە
لەرێگایەکى چۆڵ و رەنگ مردوو تەنها درەختێکى رووتەڵى بێ گەڵاى تیایە
ئاماژەو رەنگدانەوەیە بۆ نەزۆکى ژیان و ئازارەکانى مرۆڤ لەدوور وڵاتیدا،
بەشى یەکەمى شانۆگەرییەکە هەردوو کارەکتەرە موهەریجەکە بەتەنیشت ئەو
دارە رووتەڵە دانیشتوون و گەمەیەکى بێ کۆتایى دەکەن و لەهەمان کات
چاوەڕوانى ئەو گۆدۆیە دەکەن کەنایەت، ئەو دوو کارەکتەرەش یەکەمیان (ئیستراگۆن)ـە
هەردەم دەبێتە قوربانى دوژمنایەتى لەشەواندا کە لەلایەن
دەستدرێژیکارانەوە لێیدەدرێت و بەقاچ ئێشەو شەلەشەل دەگەڕێتەوە،
بەردەوام خەریکى خواردن و نوستن و ئازارەکانیەتى، کارەکتەرى دووەم (فلادیمیر)ـە
پیاوێکى بیرمەندو تێگەیشتوو بەردەوام خەریکى بیرى نوێ و گۆڕینەوەى
راوبۆچوونە، هەردوو کارەکتەرەکەش بەهۆى وتووێژى نێوانیان بەردەوام
بەیەکەوەن، هەوڵیش دەدەن لەیەکتر دووربکەونەوە بەڵام بەهۆى
ئالودەبوونیان بەیەکترەوە ناتوانن ئەمەش وادەگەیەنێت ((مرۆڤایەتى
ئێمەین لەم شوێنەداو لەم ساتەوەختەدا لەنێو ئەم زەمەنەدا)) ئەمە یەکێک
لەدایلۆگەکانە، هەردوو کارەکتەر چاوەڕوانى کەسێکن لەو چەرمەسەریە
هەمەجۆرەى تیایا دەژیین رزگاریان بکات، پەیمانى یەکجارەکى پێداون کەبێت
بەلام کاتى هاتنەکەى دیارى نەکردووە لەبەرئەوە لەهەموو چرکە ساتێکدا
چاوەروانى هاتنەکەى دەکەن و کێشەکەش لەوەدایە چۆن بەچاوەڕوانیەوە کات
بەسەردەبەن؟ چۆن ژیان بەسەردەبەن تا ئەو ساتەى کات رزگاریان دەکات؟
دوو کارەکتەریتریش یەکێکیان دەسەڵاتدارو ئاغاو سەردەستەیە کە(بۆزۆ)یە
ئەوەیتریش (لاکى)ـە ژێردەستەو کۆیلەیەو کەلوپەلى ئاغاکەى هەڵدەگرێ
ئاغاکەشى پەتێکى کردۆتە ملى و رایدەکێشێت، رەخنەگرانیش راى جیاوازیان
هەیە لەسەر ئەو دوو کارەکتەرەى بیکیت، هەندێک دەڵێن (ئاغاو کۆیلە)
هەندێکیش دەڵێن (هێزو ئەقلڕ) رایتریش هەیە کەدەڵێن (قوربانیدارو
قوربانیدەر).
کەسایەتى(بۆزۆ) کەسێکى بەهێزەو هەموو زەوى بەموڵکى خۆى دەزانێت، بەڵام
کەسایەتى (لاکى) بەدرێژایى دەرکەوتنى لەسەر تەختەى شانۆ هیچ وشەیەک
ناڵێت تائەوکاتەى شەبقەکە دەچێتە سەرى و داواى لێدەکرێت بیربکاتەوە،
دەردەکەوێت ئەو پیاوە بیرمەندە بەئەقڵ تێدەکۆشێت و هەموو شتێک بەئەقڵ
شیدەکاتەوە، (بۆزۆ)ى خاوەن دەسەڵات لەسەرتاوە وەک کەسایەتییەکى بەهێز
دەردەکەوێت هەرچەندە هەڵگرى نیشانەکانى روخانى کەسایەتى خۆیەتى بەهۆى
باوەڕى زۆرى بە(لاکى)ى بیرمەندەوە، ئاماژەیەک لەئاماژە جووڵەکانى
سەرتەختەى شانۆ لەشەڕو بەگژاچوونى نێوان بۆز و لاکى-دا شەبقەکەى لاکى
دەکەوێت و کاتژمێرەکەى بۆزۆش ون دەبێت، لێرەدا پەیامى بیکیت ئەوەیە
بەداڕمانى ئەقڵ وبیرکردنەوە زەمەن واتاى خۆى وندەکات.
بەشى دووەمى شانۆگەرییەکە بەگۆرانیەک دەستپێدەکات کەباس لەسەگێک دەکات
چۆن پارچە نانێک دەدزێت و چێشتلێنەرەکەش لێدەدات تاکو دەمرێت،
گۆرانیەکە باس لەدابڕان و هێزو مردن دەکات هەمان شتە کۆنەکان و هەمان
ژیانە پڕ بێزایەکەیە سات لەدواى سات لەچاوەڕوانى دەبن تاکو کۆتایى
شانۆگەریەکە، کەسایەتى پێنجەم مناڵێکە نێردراوى گۆدۆیەو بەنامەیەک
ئاگاداریان دەکاتەوە کەئەمڕۆ گۆدۆ نایەت، بەڵام بەیانى دێت و سوورە
لەسەر وادەى هاتنەکەى، ماوەماوەش نامەکە بەدەست مناڵەکە دووبارەو سێ
بارە دەبێتەوە کەهەمان پرسیارو هەمان وەڵام وکاردانەوەیە لەگشت جارێکدا
تاکار دەگاتە خۆکوشتن بەڵام روونادات، شانۆگەریەکە کۆتایى دێت و گۆدۆش
نایەت، ئەو بەیانیەش نایەت کە گۆدۆ پەیمانى هاتنى تیا دابوو لەبەر ئەوە
بەئاسانى و ئاسایى گشت ژیان بەچاوەڕوانى گۆدۆ بەڕێدەکرێت، چونکە باس
لەچاوەڕوانى کەسێکى نەهاتوو دەکات بۆیە رووکەشى سەرەکى شانۆگەریەکە
بریتیە لەبێدەنگى و رستەى کورت و دڵەڕاوکێ و لەگەڵ ئەو هەموو
چاوەڕوانیە درێژەشدا هیواو ئاواتى هاتنى گۆدۆ هەر بەبەرزى دەمێنێتەوە
کەئەمە گەوهەرى مەسەلەکەیە.
(لەچاوەڕوانى گۆدۆ) یاخى بوونێکە لەشانۆگەرى ئاسایى، شانۆییەکە دژى
شانۆ، بریتییه له نەبوونى لۆژیک، نائەقلانییەت، شانۆیەکە بێ کێشەو
ململانێ، بێ چنینەوە، بیرۆکەیەکە بێ ریزبەندى رووداو لەگێڕانەوەدا،
دایلۆگەکان ناجێگیرن، شانۆییەکە تێدەکۆشێت بۆ وێناکردنى ئازارەکانى
مرۆڤ لەنێو رەهەندە جیاجیاکانیدا هەروەکو سامۆیل بیکیت بەتوانایەکى کەس
نەکردە تێکۆشاوە لەفۆرمەڵە کردنەوەى (رووداو، ئاماژەکان)دا، کەواتە
بیکیت نووسەرێکى بەتوانایەو توانیویەتى پەرە بدات بەجۆرێکیتر
لەچنینەوەو نەرێتى دایلۆگ و چنینەوەى ئاسایى تێکبشکێنێ و بگاتە لووتکە،
(لەچاوەڕوانى گۆدۆ) بێدەنگیەکى ترسناکە لەناو ئاقارێکى چۆڵ، چاوەڕوانیش
ترسێکى گەورەتره.
ماڵپەڕی
بوڕهان
جۆڵا
|