په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٣

    ساتە بێکاتەکان.

شوان حەسەن

لە دەرگەی سێبەرەکەمەوە،
شوێنەوارناسێک دێتە ژوورێ.
بە تیشک دەمکۆڵێ،
شەبقەکەی لەسەرم دەکەم و
خۆم دەشارمەوە.
دەبێ لە چی بگەڕێت؟
خۆ شوێنەواری من پیتی نییە.
   *   *   *
بە دوامدا مەگەڕێن، خۆم دێم.
ئەرێ ئەمن تاوانبارم؟
بە دەست پەراسووی رێککەوتێکەوە کە لێی بووم بە خوێندکار،
لە جەنگێکدا منداڵییم لە کۆڵانێکیدا ناونیشانی گرت.
ئەوەش بیر و ڕایەکانم کە قەلەباجکەیەک هەڵیدەگرێتەوە.
هێشتا لە دێ کڵۆبەفر نەبووە بە وشە،
سۆز لە ناو لەپدا ئاو دەخواتەوە و
پێدەکەنێ.
خۆشەویستیش چاوەڕوانی ئەڵقەی
پەنجە نەرمەکەی خاک دەکا.
مەرگی هاوڕێیەکانمان لێوەرگرە،
نەبادا کپی بمانخنکێنێ.
   *   *   *
لەبەر بارانی رابردوودا دانیشتووین و
دامێنی ئەو ساتە دەبینین
کە دڵۆپەکانمان کۆدەکاتەوە.
گۆڕان لەو ئاوەدا نەبێت،
لە هیچ شوێنکی تر خۆی ناشوات.
   *   *   *  
تەواو دەبێت،
دڵنیابە هەموو شتێک کۆتایی هەیە.
لە دامێنی میهرەبانیتدا دەتوێمەوە.
نامەوێ بە نەرمی بمرم،
دەترسم ببم بە یەکێکی تر و
تۆ لە باوەشمدا ببینم
خاڵی سێبووریم نادۆزمەوە.
چاک دەزانم،
خۆشمت دەوێ و
بە هۆگربوونتەوە دەمکوژیت.
چ قەدەرێکە،
تۆ لە من شین بیت و
لق و پۆپی تۆم لێ بڕوێ.
لە مزگێنی
لێکخشانی کات و سبەینێدا،
بۆنی سێو دەکەم.
   *   *   *  
چیایەکانیش لە دەرگەی ژوورەکەی هەندرێن نادەن،
کە رەگەکانی لە قامک گرتوون و
لە دەفتەرەکەیدا موتربەیان دەکا.
هاوڕێ دەتبینم،
وا ئارەقەی هەوراز و نشێوەکان دەردەکەیت.
''گەرەکتە ئەو چیایانەی کە نەتوانی لە دڵدا ئازادییان بکەیت،
وێنەکانیان لە وشەدا بکێشیتەوە.''
*
ئەو دیوانەش فڕیدە بازاڕەوە،
با پەنجەکانت وشک نەبن.
لە شارستانییەتی گەنم و جۆدا
چیا شوێنێکە بۆ بیرچوونەوە.
   *   *   *
ئەو رۆژەی جووتیار شەهید بوو،
هەستەکانی بەسەر ماڵئاواییدا دەتکانەوە.
خۆشەویستەکەم
داوای لێکردم لە دوای ''ئاخ''ەکەی دەستمدا،
ناوی بنووسم.
بە پێکەنینێکەوە بۆنی بارووتی لادا و
گوتی: دەبێ جارێکتر
مریشکی سۆرکراوە بخۆین.
ئەو شەوە لە خەونەکەمدا زۆر گریام،
بەیانی بالیفەکەم شووشت و
بە گوتنەوەی بەردەوامی دێرێک لە گۆرانییەک،
ساتەکانم پێچایەوە.
   *   *   *
بە دەم نووسینەوەی مێژووەوە دەبریسکامەوە
کچە چاوگەشەکەی
خۆی رووت دەکردەوە.
لە گەرمەسێری زانستدا،
لە فایلێکدا تاوتوێی دەکردم.
بەر لە گەیشتنی تیشک بۆ لاپەڕە رەنگ زەردەکانم،
بە دوگمەیەک دەیسڕیمەوە.
   *   *   *  
لە نیشتمانی وشەدا چەکدارم و
رێگەت پێنادەم رستەیەکم بەند بکەیت.
بەڵێ دوا دیدارمان ئەو بۆسەیە بوو،
کە لە رامانی کەرێکدا شوێن پێم هەڵگرتی.
وا دەستڕێژەکەم هات،
بە چەند برین رادەگەیت؟
گێڕانەوەت ئاوا بوو.
تۆش لە بیرەوەریی مندا نەبێت،
لە هیچ شوێنیتر ناجووڵێیت.
بۆیە کە هەڵت دەدەمەوە،
لێت دەپرسم: بۆ هاتی؟
   *   *   *
تەواو دەبێت،
بە مەرگی ئێمەوە تەواو دەبێت.
وا کۆتاییەک دەبینم،
دامێنی مرۆڤایەتی دادەوەشێنێ.
دڵنیابە،
بێئاگایی ئێمەش تەواو دەبێت.
   *   *   *
چۆلەکەیەک،
بۆ نیشانەکردنی ئێمە
جێگەی خۆی خۆش دەکرد.
   *   *   *  
رەنجۆ تەمەنێک بە شێتی دەدا
لە دوای هەموو راوەستانە وێنەییەکانیدا،
واتا دەستەکانی لە پشتییەوە دەگرێت و
یەکێک لە قاچەکانیشی دەباتە پێشەوە،
دەڵێ: رەشەبا بۆ هەڵناکەی؟
نیشتمان منی فرۆشت.
   *   *   *  
لە رزگار فێر بوومە،
چۆن نیشانە لە تەنیایی بگرم.
کە پیتەکانی بێدەنگی هەڵدەوەرێنە سەر رێگەکان،
چ بابەتێک
بۆ قاوەخانەیەکی شار گەسک بدەین.
   *   *   *
پەڕەسێلکەیەک،
خۆشەویستی منی لە لەتێک ناندا دەدزیی و
خێری دەکردە ناو جامێک،
دەستەکانی باوکمی پێدەشووشت.
تا رۆژێک دارلاستیکەکەم لە بەردێکی ئەودا
بە وشەی ''مرداربووەوەی"ی دایکم نووسییەوە.
یەکەم گۆڕی رەوایەتیم لێدا،
ئەو رۆژەش بۆ من خۆش بوو.
کە لەگەڵ باوکمدا کلک و گوێی ''سیپۆ''مان بڕی،
ئەو سەگەی کە دەیزانی:
ئەمن گەورەترین سەرمایەی سەر زەوییم.
   *   *   *
درزێک لە ئێستامدا دەبێتەوە،
دەستە بەستراوەکانم دەخوێنمەوە.
دەنگێکە و
مەرگی ئازیزانم پێدەڵێت
کە ناوی من دەڵێتەوە
دەبێ بێهوایی من،
چاوەڕوانی ئەویان وشک نەکردبێت؟
دوای ئەوەی گەڕانم بە دوای
مرۆڤبوونمەوە دەستی پێکرد،
چ جەنگێک بۆ من بەرپا بوو.
   *   *   *  
ئەو سەفەرەش کۆتایی هەیە،
تۆ و منداڵەکان و
هاوڕێیە ماندووەکانیش
لە خوێندنەوەی ژنە قەرەجەکەدا،
لە ناولەپی شیعرێکدا کۆ دەبنەوە.

____________________________
* دێرە شیعرێکی ''هەندرێن''ە، لە ''چیایەکانی من'' وەگیراوە. من هەر بەو دێرە دەیدوێنم.

 

سەرەتای هاوینی ٢٠١٣

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک