په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

 

 ساتێک بۆ ئاو و ده‌هرێکیش بۆ ئاگر..

                                                         

 

 

 

 

 

 

 

ئاراس عەبدول کەریم


تۆ بە ساویلکەیی ئاو و
زۆرزانیی ئاگرێکەوە ،
چ نەفرەتێکی شیرینی و
لە تەوێڵم نابیتەوە ..!!
منیش بە هەڵەشەیی " با " و
بە حەوسەڵەی ئەییوبەوە
قەرەجێکی چەند ئێسک سووکم
بە کۆڵتەوە ..!!
شمشاڵێکی هێمنترم بۆ بژەنە
چش لە تەمەن ،
تا تەرمی ئەم خەونەی تریش
بە لامانا تێ ئەپەڕێ ،
دەقەیەکی تریش بە بێ دەنگیی ڕائەوەستم ..
چش لە زەمەن ،
تا میلی ئەم سەفەرە نووزە درێژەش
ئەچێتە ئەودیوی چاوەڕوانییەوە ،
عومرێک گۆرانیی تریش بە دیارتەوە بەسەر ئەبەم ..
شمشاڵێکی هێمنترم بۆ بژەنە
چاوەڕێ مەکە وا زوو
دەرەقەت بێین
خۆمان لە زەینی یەکتری بتەکێنین..
چاوەڕێ مەکە وا زوو
بوێرین لە نێو چاومانا
سێبەرێک بۆ تەنیایی ڕاخەین ..
پەلەی چیتە..؟!
هێشتا سەفەر
لە نووسینەوەی یەکەم پشکۆی نەبۆتەوە ،
زۆری کەی ماوە داخمان کات ..
هێشتا عەشق
دەهرێکی تری ماوە زەلیلمان کات ..
پەلەی چیتە ؟!
تۆ لە خەونی منا نەبیت ،
قەت ناتوانیت بە خۆت بچیت ..
منیش سێبەری تۆ نەبێ ،
هیچ خەونێک نامدۆزێتەوە ..
خەونی چی ؟!
شمشاڵێکی هێمنترم بۆ بژەنە
با هەست بە ئارامیی بکەم..
من چیدی بڕوام بە مژدەی
خەتە خوار و خێچەکانی لەپی دەستی خۆم نەماوە..
هەموویان چوونەوە سەر قەدەری
خوێنی وشکی نێو دەستی پێغەمبەرێک
کە نەزیلەی بزمارێک ئەگێڕێتەوە..
چوونەوە سەر زەلیلیی دەستی پێغەمبەرێک
کە لە موعجیزە کەوتبێ و
لە بیری خوا چووبێتەوە ..!
تۆش تازە بە تازە
دەستم
لە ئاسمان پێ پان ئەکەیتەوە
بە خێری خۆی
سێبەرێکم پێ ببەخشێ ..!
تازە بە تازە ئەمبەیتەوە سەری دێڕی
سروودێکی خۆش باوەڕ و
مناڵییم ئەبارێنێتەوە بەسەر بەردی ڕەنگا و ڕەنگا و
هەموو بەردەکانم پێ ئەنێی
بە کێلێکی
مەرقەدی نیشتیمانەوە
******
من چیدی بڕوام بە حیکمەتەکانی چرا و
میهرەبانیی باران و
بە دڵ نەرمیی ئاو نەماوە ،
تۆ تازە لە سەری ساڵەوە
وردە شووشەکانم لە نێو
هاڕەی عەشقێکا
پێ کۆ ئەکەیتەوە و
لە نێو وەرینی ساڵەکانا
گەڵا گەڵا ، لە نێو دڵما ئەڵێی :
خۆشی ئەوێم.. خۆشی ناوێم ...!!
******
عەیامێکە لە نێو تەپ و تۆزی غاری ئەسپە دۆڕاوەکانما
لە تەکاندنی خەونەکان بوومەتەوە ،
کەچی تۆ
بە کەللە سەرێکەوە
کە لە هەموو شەڕەکانیا ئاڵای سپی هەڵکردوە و
بە دڵێکی کەنەفتەوە
کە حەوسەڵەی خورپەیەکی کەی نەماوە ،
تازە بە تازە بەتەمایت
بمبەیتە نێو شەڕگەیەکی بێ ئامانی ترەوە ..!!
ئاخر تا ئێستا لە تۆ نەبێ
شەڕم لە کێ بردۆتەوە
نیوە شێواوەکەی ترم ..؟!
تۆ نەبایت ،
کێی تر هەبوو
بتوانێ غرووری ژەنەراڵێکی
براوەی دوای شەڕێکم پێ ببەخشێ ..؟!
تۆ نەبایت ،
کێ وەک دیلێکی چاو بەستراو
ئەیتوانی بە دیار خەیاڵە نووزە درێژەکانمەوە دابنیشێ ..؟!
خۆت بڵێ ، تۆ نەبوویتایە
لە کوێ سەفەر تەنیایمی ئەدۆزیەوە و
با و با .. ئاوە و ئاو ئەیبردم ..؟!
تۆ نەبایت ،
لە کوێوە عەشق
دەستی ئەکرد بە ناو دڵما و
تاڵان تاڵانی ئەکردم ..؟!
تازە بە ناوی عەشقەوە
تەسلیم بە کام جەهەننەمی ترم ئەکەیت ؟!
خۆم لەوەتەی هەم تەسلیمم
تەسلیم بە تۆ و
قەدەرە گوناحەکەی تۆ و
سێبەرە شکاوەکەی تۆ و
گوناهە جوانەکانی تۆ و
شێت بوونە جوانەکەی خۆشم ..!
شەڕی چی ؟!
شمشاڵێکی هێمنترم بۆ بژەنە ،
بە تۆ نەبێ
تازە بڕوام بە ساویلکەیی هیچ سێبەرێک نەماوە
لە سەفەرێکما ڕاکشێ ..
بە تۆ نەبێ
تازە بڕوام بە موعجیزەی هیچ لەتە مانگێک نەماوە
لە سەر شانم هەڵنیشێ..
موعجیزەی چی ؟!
هەر خۆرێکی کوژراومان ئەدۆزییەوە ،
گۆڕێک لێمان ڕاست ئەبۆوە و
پێی ئەوتین هی خۆمە ..!
ئاسمانەکان زۆرزانتر بوون
بە ناوی چراوە
شەویان دا بە ئێمە و ئەستێرەکانیش بۆ خۆیان ..!
موعجیزەی چی ؟!
سەرمان بە هەر خەونێکا کرد ،
تەرمێک لای ژوورووی گرتبوو
ئاماژەی بۆ دێڕێک ئەکرد
لە ژوور سەریەوە نووسرابوو " تکایە ئەم شوێنە گیراوە "
گیراوە بۆ خۆیان ..
شوێنی چی ؟!
کوێ ما ؟ کوێ ؟
شوێنەکانیش وەکو زەمەن
وەکو ساڵەکانی تەمەن
ڕەوە ئەسپێکی شێتن و
تازە بە ئێمە ناگیرێن ..!
شوێنی چی ؟
قەدەر وا بووە هەمیشە درەنگ بگەین..
قەدەر وا بووە
هەمیشە درەنگ ڕێگاکان بمانناسنەوە
هەمیشە درەنگ دەرگاکان دەستمان لێ دەن
هەمیشە درەنگ شارەکان بماندۆزنەوە ...
*********
ئێمە زۆر درەنگ زانیمان
ئەو سێوانەی فڕێمان دان ،
حەرام نەبوون ..
ئەو ماڵانەی نەمانئەوێرا
ڕەسمی پەنجەرەیەک لەسەر دیوارەکانیان بکەین
هی کەس نەبوون ..
درەنگ .. لە دوای کاڵ بوونەوە ..
دوای بەسەرچوون ..
تۆش نیوە شێواوەکەم
ئەو دەمەی لە ژێر دار و پەردووی
ئەو هەموو ساڵانەدا ئەمدۆزیتەوە ،
ئەوسا ئەزانیت چەند درەنگ بوو بۆ من و
چەند زووە بۆ مردن ..!
******
منی چی ..؟!!
ئەگەر لای تۆ هێشتا پەپوولەیەک ماوە
پێی بڵێ :
وەک ئێمە ساویلکە نەبێ ،
بڕوا بە چرا نەکات
ئەویش لە توخمی ئاگرە ..
ئەگەر لای تۆ
فیردەوسێک سەری لێ شێوا و
هاتە نێو خەونێکتەوە
پێی بڵێ :
گلەیی بێ
بە قسەی هەموو کتێبە پیرۆزەکان
ئەبوو دۆزەخ لەو دنیا بێ ...!!
دۆزەخی چی ..؟!
بە تۆ نەبێ
بڕوام بە هیچ ئاگرێکی تر نەماوە ..!
هێمنتر بمسووتێنە ؛
پەلەم نییە ،
بە ساویلکەیی ئاوەوە
مەملەکەتێک لە خۆڵەمێشی تریش بە دیارتەوە ئەتەکێنم
پەلەم نییە ،
بە حەوسەڵەی ئەییوبەوە
دەهرێک خەونی تریش بە دیارتەوە ئەدۆڕێنم ..
هێمنتر بمسووتێنە..
بە تۆ نەبێ
بڕوام بە هیچ شێت بوونێکی تر نەماوە ..!
هێمنتر بمسووتێنە ..
هێمنتر ..
پەلەی چیتە ؟!
شمشاڵێکی هێمنترم بۆبژەنە ...!!
 

هۆڵەندا
arasabdulkerim@hotmail.com