٢٧\٩\٢٠١٠
ساتێک له
بیرکردنه‌وه‌دا.

حه‌مید عه‌زیز
له هه‌موو شتێک سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده دڵمان به ژیان خۆشه ده‌ڵێی
خۆمان ویستومانه یان وتومانه : ده‌ی دروستمان بکه‌ن .!. ئه‌گه‌ر
وایه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر وانییه ئه‌ی ئه‌و هه‌موو
جه‌نگ و برسێتی و ماڵوێرانییه له‌پای چی و ئه‌و هه‌موو کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی
و ناڕه‌حه‌تی و کێشمه‌کێشی ژیانه و .. هتد . بۆچی .؟.
که‌واته ئه‌بێت چۆن بین که‌ئاوا نه‌ژین یان چۆن بژین که‌ئاوا نه‌بین و
له‌به‌رچی .؟.
ده‌بێت ئاوا بژین که‌هه‌ین و وه‌کو کات و شوێنمان بۆ دیاری کرابێ و هه‌روه‌ها
چۆن له‌دایک بووین ئاواش کاتی ڕۆیشتن و ماڵ ئاواییمان قبوڵ بێت به‌ڵام
هیچی ئه‌مانه به‌هێزو توانای ئاده‌میزاد نی یه به‌ڵکو سروشت و خوداوه‌ندێک
ئه‌م کاره ده‌کات ئه‌گه‌ر چی پێمان خۆش بێت یان پێمان ناخۆش بێت . که‌واته
ئێمه‌ی مرۆڤ له‌بازنه‌یه‌کی خۆنه‌ویستیدا ده‌ژین و دێین و ده‌ڕۆین که‌چی
به‌شێوه‌یه‌ک ڕۆڵی ئه‌م بوون و ژیانه ده‌بینین که‌ده‌ڵێی خۆمان حه‌زمان
به‌م ژیان و هاتووچۆیه هه‌یه که‌پڕه له‌خۆشی و ناخۆشی که‌پڕه له‌تاریکی
و ڕوناکی له‌خێرو شه‌ڕ له‌ڕه‌ش و سپی و هتد .
ئێمه‌ی مرۆڤی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه بوونه‌وه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تین
ناتوانین بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر کێویانه بژین و هه‌بین یان به‌ته‌نها بژین
هه‌ربۆیه مرۆڤه‌کان هه‌موو پێکه‌وه ده‌ژین و هیچ سه‌رسوڕمانێکمان نی
یه بۆ ئه‌م بوون و پێکه‌وه ژیانه‌و سه‌رسامیش نین که‌به‌خۆمان بڵێین
ئه‌م شانۆی ژیانه چی یه‌و ئه‌م ڕۆڵ و ئه‌کته‌ریه‌ی ئێمه چی یه ئه‌م
هه‌موو عه‌شق و گریان و جه‌نگه بۆچی ئه‌م هه‌موو ڕاکه ڕاکه‌ی ژیانه
بۆ .؟. خۆشمان به‌ته‌واوی نازانین چی ئه‌که‌ین و له‌کوێوه هاتووین و
بۆ کوێ ده‌ڕۆین .!؟. به‌کورتی خۆمان سه‌رقاڵ کردوه به‌دنیاوه‌و خۆمان
به‌خاوه‌نی هه‌موو شتێک ده‌زانین له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌وی یه به‌ڵام له‌ڕاستیدا
ئه‌م بوونه‌ی که‌وه‌کو ئه‌وه‌ی ده‌یبینین نه‌ماڵی ئێمه‌یه‌و نه‌ئێمه‌ش
سه‌رقاڵی یه‌که‌مان دروست کردووه به‌ڵکو شتێک هه‌یه سه‌رقاڵی ئێمه‌یه‌و
کات و شه‌وو ڕۆژو رێکخستن و وه‌رزه‌کانی به‌جوانی داناوه که‌هه‌ندێک
له‌زانایانی مادی ده‌ڵێن ئه‌و ده‌سته ده‌ستی سروشته‌و هه‌ندێک له‌زانا
میسالیه‌کان ده‌ڵێن ئه‌وه هێزی خودایه‌و ئیتر ئێمه‌ی مرۆڤی بێ چاره‌و
بێ ده‌سه‌ڵاتیش حه‌په‌ساوین له‌و ناوه‌نده‌دا چونکه به‌هێزترین و ده‌وڵه‌مه‌ندترین
و پاشاترین مرۆڤمان ده‌ره‌قه‌تی مردن نایه‌ت و که‌سیشمان نه‌به‌ڕۆژگارو
نه‌به‌شه‌وگار مردن نابینین که‌چی له‌دایک بوون و ژیان و سه‌رقاڵی یه‌که‌ی
ده‌بینین شتێکه حه‌زی پێ ناکه‌ین و به‌ڵام هه‌یه ئاره‌زویشت نه‌بێت
هه‌ر ده‌بێت هه‌ندێکجاریش پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته که‌سێک زۆر دڵی به‌ژیان
خۆشه‌و خۆی بۆ ئاماده ده‌کات که‌چی له‌ته‌مه‌نێکی که‌مدا ماڵ ئاوایی
له‌ژیان ده‌کات .!.. بۆیه فه‌لسه‌فه‌ی ژیان له‌وه‌دایه که‌هه‌موومان
بێ ده‌سه‌ڵاتین له‌م که‌ونه‌دا به‌تایبه‌ت نه‌هێزو نه‌سه‌رمایه ڕۆڵی
ئه‌وه نابینێت که‌نه‌مریت له‌ڕاستیشدا نه‌داوای خۆمانه له‌دایک ده‌بین
و به‌هه‌مان شێوه‌ش که‌ده‌مرین ئیتر ئه‌مه سروشته یان خوداوه‌نده
گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌موومان کات و ژیانمان پێ به‌خشراوه که‌بژین به‌ئازادی
و که‌س ئازارمان نه‌دات و ئه‌م ژیانه‌ی ئێستامان به‌خۆشی و باشی ببه‌ینه
سه‌ر چونکه ئه‌گه‌ر ڕای یه‌که‌میان ڕاست بێت که‌زانایان ده‌ڵێن ئێمه
سروشت دروستی کردووین ئه‌وه ده‌بێت زه‌کاتی ژیانمان بده‌ین که‌مردنه‌و
که‌سیش له‌بوونه‌وه‌رانی گۆی زه‌وی حه‌ز به‌مردن ناکه‌ن و هیچ
چارێکیشیان نی یه ئه‌گه‌ریش ڕاوبۆچوونی دووه‌م ڕاسته‌و خوداوه‌ندی مه‌زن
دروستی کردووین ئه‌وه به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت زه‌کاتی ژیانمان له‌و
دنیا بده‌ین به‌خوداوه‌ند که‌له‌جیاتی خۆشی یه‌کانی ئه‌م دنیایه به‌هه‌شت
نه‌بینین و سزا بدرێین . ئه‌گه‌ر بێین و لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین ده‌بینین
مرۆڤ چه‌نده زینده‌وه‌رێکی ژیر‌و جوانه به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و
ژیانه‌ی که‌هه‌یه‌تی وه‌کو گێله پیاوێک ده‌یباته سه‌رو ته‌نها ئاره‌زووه‌کانی
خۆی تێر ده‌کات وه‌کو بڵێی توانای ئه‌وه‌ی لاوازه یان سنورداره که‌بزانێت
چۆن هاتووه‌و بۆچی ده‌ڕوات .؟. مخابن زۆربه‌مان نازانین ئه‌م بوونه
هیچ قورسایی نی یه‌و ساده‌و ساکاره‌و پێویسته ئێمه‌ی ئاده‌میزادیش به‌سووکی
و ساده‌یی بیبینین و وه‌کو خۆی کاری ئاسانی بۆ بکه‌ین به‌ڵام به‌داخه‌وه
به‌گێلانه دوای شتی مادیی و هیچ ده‌که‌وین و خۆمانی بۆ ماندو ده‌که‌ین
و ته‌نانه‌ت کووشتن و بڕین و له‌وه‌ش خراپتر له‌پێناوی شتێکی ساده‌و
هیچدا کاری ترسناک و خراپ و خراپتریشی بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین که‌ئه‌وه
هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه .
مرۆڤ پێویسته زۆر به‌ئارامی و دوور له‌دڵه‌ڕاوکێ‌و باری ناخۆشی ده‌رونی
بژی بۆ ئه‌وه‌ی ئاوا بژین ده‌بێت کاری هه‌ڵه نه‌که‌ین چونکه کاری
نایاسایی و فرت و فێڵ و درۆ کردن دڵه‌ڕاوکێی له‌دوایه بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵه
نه‌که‌ین و توشی ناڕه‌حه‌تی ده‌رونی نه‌بین پێویسته هه‌میشه ئه‌و
پرسیاره له‌خۆمان بکه‌ین و بڵێین ئایا ئه‌م ژیانه کورته‌ی هه‌مانه
بۆ به‌ناخۆشی و ترس و دوودڵی و ناجێگیری بیبه‌ینه‌سه‌ر ئایا ئه‌م ژیانه
سنورداره‌ی ئێمه ئه‌وه ئه‌هێنێت بۆیه‌ک چرکه‌ش مرۆڤ ناڕه‌حه‌ت و به‌دڵه
ڕاوکێ بژی .؟. له‌ڕاستیدا نه‌خێر که‌واته ئه‌بێت چۆن بین که‌ئاوا نه‌ژین
یان چۆن بژین که‌ئاوا نه‌بین .؟. بیرکردنه‌وه‌ی باش و هه‌ڵپه‌نه‌کردن
بۆ ژیان و خۆشه‌ویستی و ئازادی و سنوردانان بۆ کار‌و کات دانانیش بۆ
پشوو باری ئابوریشت مامناوه‌ندی بێت و پاره هه‌موو شتێک نه‌بێت له‌ژیانتدا
من دڵنیام به‌ڕێژه‌یه‌کی باش ژیانت خۆش ده‌بێت . لای من جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه
که‌ته‌نها که‌سێک چه‌ند خانویه‌کی هه‌بێت یان چه‌ند موڵکێکی هه‌بێت .!.
ئه‌گه‌ر بێین و پاره‌و موڵک دابه‌ش بکه‌ین به‌سه‌ر ته‌مه‌نماندا
پێویستمان به‌و هه‌موو پاره‌و موڵکه نابێت و کاتی زۆریشمان به‌وه به‌فیڕۆ
ناده‌ین که‌لێمان زیاده بۆیه نایه‌کسانی و نادادیش دروست نابێت چونکه
مرۆڤ هه‌تا مردنیشی پێویستی به‌بڕه پاره‌یه‌کی که‌مه که‌خۆشبه‌ختانه‌ش
پێی بژی به‌ڵام بیرنه‌کردنه‌وه‌مان و ته‌ماحی ژیان و هه‌ڵپه‌مان بۆ
ژیان نایه‌کسانی دروست ده‌که‌ین ئه‌ویش له‌ئه‌نجامی زۆربه‌ی کاره‌کانمان
که‌ناعه‌قڵانین بۆ نمونه ته‌نها یه‌ک سه‌رمایه‌دار به‌شی هه‌زاران که‌س
پاره‌و ماڵی هه‌یه‌و خه‌ڵکیش هه‌یه نانی ئێواره‌ی نی یه بیخوات ئه‌مه
جێگه‌ی نیگه‌رانی یه چونکه ئه‌و سه‌رمایه‌داره ده‌مرێت و سێ به‌شی
موڵک و پاره‌ی به‌جێده‌هێڵێت و هه‌ژاره‌که‌ش هه‌ر وه‌کو ئه‌و ده‌مرێت .
له‌م بیر‌و هۆشه یان له‌م درک به‌ژیان کردنه ده‌بێت ئه‌وه فێرببین که
خۆمان زیاتر له‌ته‌مه‌نمان شه‌که‌ت و ماندوو نه‌که‌ین چونکه له‌ڕاستیدا
ئه‌وه‌ی له‌ژیاندا پاره‌ی زۆره دڵه‌ڕاوکێشی زۆره کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیشی
زۆره ئه‌وه‌نده‌ش ماندوو ده‌بێت له‌ژیاندا ئیدی حه‌زو ئاره‌زوه‌کانیشی
لاواز ده‌بن و فریای خۆشه‌ویستی و عه‌شق و سێکس و هاوڕێ یه‌تیش ناکه‌وێت
و به‌شی هه‌زارانی بڕی و دواییش به‌ده‌ستی به‌تاڵ ده‌ڕوات .
له‌ڕاستیدا ڕێبوارێکی پیاده‌ین ئه‌ڕۆین و ناگه‌ڕێینه‌وه چونکه ته‌مه‌نی
ئاده‌میزاد ته‌نها ڕۆیشتنه ته‌نها چوونه ئیتر ئاوڕدانه‌وه ته‌مه‌ن
کورت‌تر ده‌کات و فریای هیچ ناکه‌ویت که‌واته هه‌تا ده‌توانیت خۆش بژی
و کاره‌کان له‌خۆت ئاڵۆز مه‌که‌و ئه‌و ژیانه ساده‌یه‌ش هه‌ڵگری هه‌ڵپه‌ی
زۆر نی یه . له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده دڵمان به‌ژیان
خۆشه ئه‌ڵێی خۆمان وتومانه ده‌ی به‌په‌له دروستمان بکه‌ن .!. ئه‌گه‌ر
وایه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر وانی یه ئه‌ی ئه‌و هه‌موو
جه‌نگ و برسێتی و ماڵ وێرانی یه له‌پای چی و ئه‌و هه‌موو کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی
و ناڕه‌حه‌تی و .. هتد . بۆچی .؟.
جوانترین وشه‌کانی دنیا نان و ئازادی و عه‌شقه ئه‌مانه‌ن ژیان دروست
ده‌که‌ن مرۆڤ بێجگه له‌نان په‌یداکردن ده‌بێت سه‌رقاڵی ئازادی و عه‌شق
بێت ده‌نا ئه‌و ژیانه‌ی که‌هه‌یه‌تی هیچ واتایه‌کی نابێت . بۆیه ژیانی
ئاده‌میزاد جیاوازه له‌ژیانی بوونه‌وه‌رانی تر‌و ئه‌وه‌ی جیای ده‌کاته‌وه
ئه‌و هه‌سته مرۆیی یه‌یه که‌سیستم و یاسا‌و ڕێکخستن دروست ده‌کات بۆیه
ده‌بێت هه‌میشه به‌دوای جوانی و خۆشی‌دا بگه‌ڕێت بۆیه هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک
ئه‌و سێ مافه‌ی هه‌بێت کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌خته‌وه‌ره ژیان له‌وێ واتای
هه‌یه‌و ئێواره ڕۆمانسیه‌کانیان به‌عه‌شق و خۆشه‌ویستی و یه‌کتر ویستن
ده‌به‌نه سه‌ر نه‌ک جه‌نگ و ماڵوێرانی و سه‌رگه‌ردانی . له‌ڕاستیدا
ژیانی ئاده‌میزاد کاتی یه له‌به‌رئه‌وه‌ی کاتی یه بێ واتایه به‌ڵام
ئه‌وه‌ی واتایه‌کی ده‌داتێ ئازادی یه چونکه هه‌ر کارێک فه‌رزکرا به‌سه‌ر
هه‌ر مرۆڤێکدا بێجگه له‌یاسا ئه‌گه‌ر ئاینیش بێت کۆیلایه‌تی یه بۆیه
له‌ئازادیدا ژیان هه‌یه به‌هه‌مان شێوه سنور هه‌یه ڕێز هه‌یه به‌خته‌وه‌ری
و ماف هه‌یه به‌هه‌مان شێوه ئه‌وه‌ی واتایه‌کی مه‌زن ده‌دات به‌ژیان
عه‌شقه ژیان بێ عه‌شق به‌تاڵه بۆیه ئازادیش به‌عه‌شقه‌وه‌و عه‌شقیش
به‌ئازادی یه‌وه واتای خۆیان ته‌واو ده‌به‌خشن و ده‌بنه هه‌وێنی
ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر . به‌هه‌مان شێوه ئه‌وه‌ی مه‌عنایه‌کی ته‌واو ده‌دات
به‌ژیان خۆشه‌ویستی یه چونکه ژیان دوور له‌خۆشه‌ویستی کاره‌ساته جه‌نگ
و ماڵوێرانی یه دڵ ڕه‌قی یه کووشتنه هه‌موو کار‌و هه‌سته تاڵ و
ناشرینه‌کان دوور له‌خۆشه‌ویستی دروست ده‌بێت و ژیان بێ ئه‌وه سه‌قه‌ت
و نه‌خۆش و ته‌مه‌نی هیچ و هیلاک بوونه بۆیه ژیان و بوون و مرۆڤایه‌تی
و ناسکی و خۆش گوزه‌رانی سه‌رچاوه‌که‌ی خۆشه‌ویستی یه . دیوێکی تری
باسه‌که‌مان نان بوو نانیش به‌واتای ئابووری یه که‌هه‌موومان ده‌زانین
که‌ئه‌وه به‌شێکی گرنگی ژیانی ئاده‌میزاده ژیانی مرۆڤیش به‌هه‌ژاری و
نه‌داری به‌ڕێ بکرێ زۆر ترسناکه چونکه کاره‌ساتی گه‌وره‌ی له‌دوایه
وه‌کو کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و مردن و پێکه‌وه نه‌ژیان و دوره‌په‌رێزی
که‌مرۆڤ ناڕه‌حه‌ت و ئاڵۆز ده‌کات و دواکه‌ووتن و نه‌خۆشی ده‌رونی و ..
هتد به‌هه‌ژاری یه‌وه‌یه .
بێجگه له‌وه‌ی که‌ئابوری بڕبڕه‌ی پشتی ووڵات و پیشه‌سازی و شارستانیه‌ت
و ئاوه‌دانی یه به‌خته‌وه‌ری و وه‌ده‌ست هێنانی هه‌ندێک پێویستیشه له‌ژیان
بۆ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ بۆیه مرۆڤ بێ ئابووریه‌کی باش ژیانی خراپ و دواکه‌وتووانه‌ی
ده‌بێت له‌هه‌موو بارێکه‌وه بۆیه زۆربه‌ی ووڵاتانی دنیا شه‌ڕی ئابوری
ده‌که‌ن به‌ڵام دنیای پێشکه‌وتوو کێ بڕکێی زانست و کار‌و به‌رهه‌م ده‌کات
له‌باتی جه‌نگ و ماڵ وێرانی که‌له‌کۆندا دکرا ئه‌وه عه‌قڵی نوێی
جیهانگیری و دنیای ته‌کنه‌لۆجیاو گلۆبالیزمیه‌ته که‌فێرمان ده‌کات شه‌ڕ
به‌ئاشتی بکه‌ین نه‌ک به‌شه‌ڕ جه‌نگیش لێره‌دا به‌واتای کێبڕکێ دێت نه‌ک
جه‌نگی جه‌نگ . زۆرجار که‌سێک یان ووڵاتێک ده‌وڵه‌مه‌ندیشه به‌روبومی
نه‌وتی و کشتوکاڵی و ئاو‌و خاک و هه‌تاویشی هه‌یه که‌ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی
گرنگی ئابورین به‌ڵام چونکه عه‌قڵی پلاندانان و عه‌قڵ و ڕۆشنبیری
ئاسایی و ئابوری له‌گه‌ڵ نی یه به‌هیچ ده‌چێت و ئه‌و ووڵاته هه‌ر به‌هه‌ژاری
و دواکه‌وتوویی ده‌مێنێته‌وه . که‌واته له‌هه‌موو کات و ساتێکدا
مرۆڤ پێویستی به‌گۆڕان هه‌یه نه‌ته‌نها گۆڕانی ئابوری به‌ڵکو گۆڕان له‌بیرو
هۆشدا چونکه هه‌میشه چه‌ند ئاده‌میزاد زیره‌ک و هۆشیاربێت له‌ته‌کنه‌لۆجیاشدا
له‌پێش بێت هێشتا هه‌ر زانست فراوانه‌و ده‌مێنێت که‌زانست و شتی‌تر له‌هه‌وڵداندابین
بۆی و فێری بین و بزانین به‌کاری بهێنین چونکه زۆر له‌نه‌ته‌وه دواکه‌وتووه‌کانی
جیهان بێجگه له‌وه‌ی که‌مته‌رخه‌من له‌دروست کردن و داهێناندا مخابن
فێربونیشیان خاوه‌و له‌دیدو بواری عه‌قڵانیه‌ته‌وه لاوازن . بۆیه
ئێمه‌ی ئاده‌میزاد هه‌میشه ده‌بێت له‌هه‌وڵدابین له‌بواره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیشدا
فێرببین و پێشبکه‌وین چونکه به‌خته‌وه‌ریمان ده‌داتێ و هه‌ست به‌خۆبونمان
فێر ده‌کات که‌گه‌یشتینه ئه‌و ئاسته پێگه‌یه‌کی خۆمان ده‌بێت و زیاتر
هه‌ست به‌بوونی خۆشمان ده‌که‌ین . له‌بابه‌ت گۆڕانه‌وه هه‌موو باسی
گۆڕان ده‌که‌ین که‌چی بیر له‌وه ناکه‌ینه‌وه خۆمان بگۆڕین به‌ڕاستی
ئه‌مه ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین و بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه
پێش ئه‌وه‌ی قسه بۆ خه‌ڵکی بکه‌ین ده‌بێت گۆڕانێکی باش له‌خۆماندا
دروست بووبێت و ئه‌وکات ببینه مامۆستا‌و ڕێگه نیشانده‌ری خه‌ڵک به‌ڵام
به‌داخه‌وه لای ئێمه خه‌ڵکی پیاو کوژیش باسی گۆڕان ده‌کات که‌ئه‌مه
جێگه‌ی پێکه‌نینه . له‌ڕاستیدا کێشه‌ی کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی و به‌تایبه‌تی
کورد ئه‌وه‌یه که‌ئێمه له‌قسه‌کردندا هه‌موو پارێزه‌رو سیاسی و
ڕۆشنبیرین به‌ڵام به‌کرده‌وه هه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌ی که‌خۆیان به‌ڕۆشنبیر
ده‌زانن مخابن که‌له‌شوێنێکدا داده‌نیشن پیسی ده‌که‌ن و به‌جێی دێڵن
یان له‌شوێنی گشتیدا‌و له‌سه‌ر شه‌قام به‌ده‌نگی به‌رز گفتووگۆ ده‌که‌ن
یان له‌چێشتخانه‌کاندا به‌په‌له‌و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ناشارستانی نان ده‌خۆن
و .. هتد . نمونه‌یه‌کی بچوکتان بۆ باس ده‌که‌م که‌به‌ڕاستی له‌خۆم
ڕوویداوه لێره‌دا به‌کورتی باسی ده‌که‌م ( ڕۆژێکیان له‌سلێمانی مانگی
شه‌شی ساڵی 2010 بوو زۆر گه‌رم بوو له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێمدا سه‌ر له‌ئێواره‌که‌ی
چووین بۆ ئه‌زمڕ چونکه به‌ڕاستی هاوینان ئه‌زمڕو به‌تایبه‌ت سیته‌ک که‌ئه‌که‌وێته
پشتی ئه‌زمڕه‌وه زۆر فێنک و دڵگیره من و دوو هاوڕێکه‌م که‌یه‌کێکیان
ئه‌فسه‌رو خۆی به‌ڕۆشنبیرو نیشتمان په‌روه‌ر ده‌زانی و ئه‌وی تریان
شاگردبوو له‌چێشتخانه‌دا کاری ده‌کرد .. خه‌ریکی نان خواردن بووین له‌وکاته‌دا
کاکی ئه‌فسه‌ر کۆلایه‌کی قوتوی به‌ده‌سته‌وه بوو خواردیه‌وه‌و که‌قوتوه‌که
به‌تاڵ بوو هه‌تا ده‌ستی گرتی فڕێداو ده‌ستی کرده‌وه به‌نان خواردن من
به‌سه‌رسوڕمانه‌وه سه‌یرکم کرد‌و سه‌رم داخسته‌وه‌و به‌رده‌وام بووم له‌نان
خواردنی خۆم به‌ڵام هاوڕێکه‌ی ترمان له‌من نیگه‌رانتر بوو هه‌ڵساو چوو
قوتوه به‌تاڵه‌که‌ی هێنایه‌وه‌و له‌به‌رده‌می خۆیدا دایناو وتی : ( جه‌نابی
ئه‌فسه‌ر تۆ له‌به‌یانی یه‌وه ئامۆژگاریمان ده‌که‌یت و قسه‌ی زلمان بۆ
ئه‌که‌یت که‌چی خاکه‌که‌ی خۆته به‌ده‌ستی خۆت پیسی ئه‌که‌یت ئه‌وه ئه‌م
قوتوه‌و هه‌رچیه‌کیش پاشماوه ئه‌مێنیته‌وه ئه‌یکه‌ینه کیسه‌یه‌که‌وه‌و
له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆماندا ئه‌یکه‌ینه ناو ئه‌و ته‌نه‌که‌ی زبڵانه‌وه که‌له‌سه‌ر
شه‌قامه‌که‌دا هه‌یه ئیتر نه‌ئه‌رکه‌و نه‌قورسیشه .!! . هه‌ستم کرد
هاوڕێ ئه‌فسه‌ره‌که‌مان مت بوو قسه‌ی نه‌کرد چونکه زانی که‌هه‌ڵه‌ی
کردووه‌و ئیتر ناتوانێت به‌رگری له‌خۆی بکات .
ماڵپه‌ڕی حه‌مید عه‌زیز
|