٥\٧\٢٠١٣
ساختە، مۆتەکەی
هەڵبژاردن؟!

ستار محەمەد قادر
پارتە کوردیەکان ئەگەر لە بردنەوەی ئەویتر بە گومانن ئیتر بۆ تێکەڵ بە
پرۆسەیەک دەبن کە لە بنەڕەتەوە هیچ بڕوایان پێی نیە، هەر ئەو بەد
گومانیەش بوووە بە هۆکاری ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بە هیچ شێوەیەک
مۆفەق و سەرکەوت و نەبن، رەنگە تا ئەندازەیەک ئەوە راست بێت تا ئێستا
بەشێوەیەکی باش بە خودی پرۆسەکە ئاشنا نین و دیمۆکراسیەت لە لای هزری
سیاسییان شتێکی سەیرو سەمەرەو نامۆیە، لە ساڵی نەوەدو دوو کۆمەڵانی
خەڵکی کوردستان بە گڕو تینەوە بەشداریان لە هەڵبژاردن کرد، بەڵام وەکو
بینیمان دەرەنجامەکەی قبووڵ نەکراو بوو بەهۆکاری ئەوەی فیفتی بە فیفتی
ئیستینتاج بکەن!
هەر چەندە ساڵی نەوەدو چوار شەڕ بوو بە هۆکاری ئەوەی فیفتی بە فیفتیش
لە گۆڕ بنێن و هەموو هێزو توانای خۆیان لە شەڕێکی بێ ماناو مایە پووچدا
خەرج بکەن، دوای ئەوە دوو ئیدارەیی بوو بە ماڵ لەسەر خەڵکی کوردستان و
ناوچەی زەردو سەوز بە یەکجاری ئەوەی بۆ هەمووان سەلماند کە ئێمەو
سیستمی دیمۆکراسیەت کوجا مەرحەبا! چونکە ئەوەی سیاسەتی پارتایەتی لە
ماوەی ئەو شەڕەدا بە خاک و خەڵکی کوردستانی کرد، هیچی کەمتر نەبوو لە
هیی دووژمنان، زۆر راستە ئەمڕۆ ئێمە لەسەردەمێکی نوێداین، سەردەمێک
ئەوەمان لێدەخوازێت زادەی ببین و بە دونیا بینیەکی تازەوە دەست و
پەنجەی لە گەڵدا نەرم بکەین، لێ کاتێک دەبینین بە هەمان ئەقڵیەت و بە
هەمان میکانیزمەوە لەسەر وەختی هەڵبژاردنەکاندا دەکەوینە وێزەی یەکتری
تۆمەتبارکردن و شتێکی ئەوتۆی تێدا نامێنێت بۆ تەخوینکردن، بەڕاستی
ئینسان دەکەوێتە حاڵەتی پەشیمان بوونەوەو بێزاری، چونکە ئەو لایەنانەی
وا دەنگ ناهێنن کار بۆ ناشیرنکردنی کۆی پرۆسەکە دەکەن، بێ گومان ئەمەش
کاردانەوەیەکی خەرابی دەبێت لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان، ئەو
پارتانەش وا لە شوێنێکدا دەنگی زۆرینە دەهێنن، وا خۆیان نمایش دەکەن کە
نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن، بەبێ ئەوەی ئەوە لەبەر چاو
بگرن هێندەی سەرکەوتنی پرۆسەکە گرنگە، ئەوە گرنگ نیە کێ دەبێت بە حیزبی
خودان دەسەڵات و کام پارتیش دەبێت بە بەرهەڵستکار، پارتە کوردیەکان بە
بێ ئیستیسنا هەر هەموویان ئەوەندەی بارگاوین بە ناشیرینکردنی پرۆسەی
هەڵبژاردن، بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە لایەنە ئیستاتیکیەکەی نادەن،
هێندەی لە هەوڵی پووچەڵکردنەوەو بێ مانا کردنی هەڵبژاردنن، هەوڵ بۆ
جوانکردنی نادەن، ئەوەندەی کار بۆ بە حیزبی کردنی کۆمەڵگەو پرۆسەکە
دەکەن، کار بۆ پێشکەوتن و گەشانەوەی ناکەن، هێندەی ئیش بۆ لێسەندنەوەی
مافی هەڵبژاردن لە هاوڵاتیان دەکەن، بە داخەوە سەر پشکیان ناکەن؟!
ساختە یەکێکە لەو چەکانەی لەنێو دونیای ئێمەدا بووە بە بەشێکی دانەبڕاو
لێمان و ناشبێت لەوە قەڵس ببین کە ئەگەر کار وا بڕوات لە دوا رۆژدا
ببین بە گەلێکی ساختەچی، گرنگە لێرەدا بەراوردێکی واقیع بینانە بکەین
لە نێوانی ساختە و گەندەڵیدا، ناشبێت ئەوە ببێت بە هۆکاری ئەوەی فشاری
خوێنمان بەرز ببێتەوە کە ئێمە بە سینەیەکی فراوانەوە تەقەبوولی گەندەڵی
دەکەین و بەڵام لە ئاستی ساختەکردندا خاوەن هەڵوێست و بە ویژدانین!
ئەمڕۆ ئەگەر تەماشای دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوەمان بۆ
روو دەبێتەوە ئێمە لە چ قەیرانێکداین، هزری سیاسیمان بە ئەندازەیەک لە
دۆڕان سڵ دەکاتەوەو دەترسێت، وەکو ئەوەی ئیتر دونیا کۆتایی پێ بێت،
ئەوان دەبێت باش ئەو راستیە بزانن، ئەگەر ئەمە بیرکردنەوەو تێڕامانیان
بێت و لەبەر خاتری بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی ئامادەیی ئەوەیان تێدا
بێت رەش بکەن بە سپی و سپیش بە رەش، رۆژێک دێت ئیتر خەڵکی کوردستان
متمانەیان بە هەڵبژاردن نامێنێ و تەنها ئەوانە روو دەکەنە سندووقەکانی
دەنگدان کە نانیان لەنێو رۆندایە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا
توانیبێتیان لەڕێی جووڵاندنی هەستی پارتایەتی و کوردایەتیەوە خەڵکی هان
بدەن بۆ ئەوەی بە گەرمی پێشوازی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و بەشداری
تێدا بکەن، ئەوا ئێستا ئەوە بۆ هەمووان ئاشکرا بووە کە پارتەکان تەنها
لە خەمی خۆیاندان!
کورد لە رابردوودا بەهۆی ئەم فۆڕمە لە پارتایەتی زیانی گەورەی
بەرکەوتووە، هەڵەیەکی گەورە دەرهەق بە مافی گەلی کورد دەکەن بیانەوێت
بە هەمان ئەقڵیەت درێژە بە ژیانی سیاسیان بدەن، بۆیە پێویستە بەشوێنی
ئەڵتەڕناتیڤدا بگەڕێن، ئەوەش بە پلەی وەکو ئەرک دەکەوێتە سەر شانی
پارتانی خودان دەسەڵات، ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم یەکتری تۆمەتبارکردنە
نەدۆزنەوە، لە کۆتاییدا ساختە دەبێت بە (ئەمری واقیع) و کۆی پرۆسەکەمان
لێدەکات بە مۆتەکە؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|