په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

     سێ بابه‌ت:

 ١- لە هیوا ڕەشەوە بۆ هێمنە ڕەش، بێ غەم بە لە سەرانى بێ کڵاوى حیزبى شیوعى.

هیوا رەش   

 

 

ماوەیەک لەمەوپێش زنجیرە هۆنینەوەیەکتم خوێندەوە ناتوانم ناوى نووسینیان لێ بنێم چونکە زیاد لە پێویست قەناعەت پێ کردنى بێ بنەماى پێوە دیار بوو لە هەندێک خۆدزینەوە لە ڕاستیى شاراوە ، کە ئەبوو بە ئەمانەتەوە بۆ مێژوو بتگێڕایەتەوە و پەنات بۆ بە تاوانبار کردنى مردووان نەبردایە و ئەو پەندە کوردییەت بە سەر خۆت دا نەسەلماندایە کە ئەڵێ (( درۆ لە دواى مردووان ئەکرێت )) !

ئەو بارودۆخە کارەساتبارەى دەمەدەمى ئەنفالەکان لە گێڕانەوە نایەت و ئەو نەهامەتییانەى لەو کاتەدا گێڕاوتەتەوە ڕەنگە ئەوەندە سەخت بێت ئێمەومانانى تاسەر تیا ژیاویش نەتوانین لە باس کردنیا هەقى خۆى بدەینێ ، نەخوازەڵا جەنابت وەکو من ئاگادار بم و خۆتیش خۆت لە قەرەى باس کردنى لاداوە ، و ئەو ماوەی دابڕانەت تا ڕاپەڕینى 1991 ت دیزە بە دەرخۆنە کردووە ، لە کوێ بوویت و چ کارە بووى ؟ ئایا هەر ئەو پێشمەرگەیەى جاران بووى کە ئەتەوێ ختوکەى هەست و سۆزى خەڵکى پێ بدەى یان شتێکى تر بووى ؟ لە هەمووى سەیر تر ئەوەیە تا سیروان دێڕەشەیى و ئەوان مابوون ویژدانت تۆزقاڵێک ئازاریان نەداى تا پەردە لە ڕووى ئەو تاوانە قێزەوونە هەڵماڵى ، جا نازانم پێشمەرگەى ڕاستەقینە ، کەى ئەوەندە بێ ویژدان و ترسنۆک بووە لە ئاستى دڕندانە ترین تاوان قفڵ لە زمانى خۆى بدات ؟ لەو باوەڕەدام ئەگەر بکوژانى دکتۆر عادل و هاوڕێکانى لە دەشتى هەولێر ، بکوژانى شەهید بەشدار و هاوڕێکانى لە بادینان ، بکوژانى شەهید قاسم و هاوڕێکانى لە جەبارى و ئەو خائینانەى ویستیان ئێمەش بە چارەنووسى هاوڕێکانى ترمان ببەن لە ناو شوان و هەموو ئەو خۆفرۆشانەى ویستیان تاوان ئەنجام بدەن و بۆیان نەلواوە بمانایە تۆیان بە شاگرد ڕا نەئەگرت و لە تۆ باشتر ژیانى چەرمەسەریى خۆیان ئەگێڕایەوە و ڕەنگە کۆمەڵێک مردووى تریشیان تاوانبار بکردایە.

 

 

 

 

خوێنى ئێمەى پێشمەرگەى گیان لە سەردەستى شیوعى ئەو دەمە لە لاى دوژمن بە بایەخ بوو بۆیە تیشکى تاوانە نەگریسەکان خرابوونە سەر ئێمە و ئەو تاوانەى تۆ بە ئارەزووى خۆت باست لێوە کردووە و تاوانەکانى تریش لە وورەى کەم ناکردینەوە ، ئەوە مێژوویەکە و مێژووش هەر کەسێک بە ئەمانەتەوە بیگێڕێتەوە ڕووسوورى دیوانى جەماوەرە و ئەوەشى ئەیشێوێنێ ڕووڕەشى سەر زبڵدانى مێژووە ، نیگەران مەبە و مەبەستیشم تۆ نیە چونکە تۆ خۆت هاویشتۆتە سەنگەرى پێشمەرگە و بەرەى گەلەوە و تۆ تەنها تاوانت ئەوەیە بە (( تستر )) سزا بدرێیت ! چونکە نەزۆکانە هەوڵت داوە بێتاوانیى خۆت بە سەر نامەردایەتییەک دا بدەیت و بیشاریتەوە کە خۆت بەرپرسى یەکەمى تاوانبارەکان بوویت ، تۆ یا گێلى یا خەڵک بە گێل ئەزانى ، ئەگینا قسەکانى تۆ لە قتووى هیچ عەتارێکا جێى نابێتەوە و نە ئەبوو دار بە کونە زەردەواڵەیا بکەیت ، ئەو شارە زەردەواڵەیەى تۆ دەستت پێدا کردووە ئەوە نیە کە تۆ حیسابت بۆ کردبوو ، سەرانى حیزبى شیوعى ئەو زەردەواڵانەن کە لە پیسییەوە ئاڵاون و تاقەتى داکۆکى کردنیان لە خوێنى شەهیدەکان نەماوە و کورسى و مێز و پارە چاوى سوور کردوون و لێیان بێ غەم بە ، ئەوان دەستیان گرتووە بە سەریانەوە کڵاوەکانیان با نەیبات ، نازانن کاتێک خوا کڵاوى بۆ بەڕو دروست کرد ئەوانى بیر چووبۆوە ، بە هەر حاڵ تۆ بێدەنگ مەبە و یادەوەرییەکانى خۆت تۆمار بکە و منیش لە چاوەڕوانى هاویشتنى دوا تیرتم ، ئەوسا قسە و باسێکى باشتر ئەکەین .

تو ، ئەو مێژووەى بە شانازییەوە پاڵەوانێتیەکانى خۆتى تێدا ئەگێڕیتەوە ئەگەر بیرەوەرییەکانت بڵاو کردەوە دانەیەکم بۆ بنێرە تا ئەگەر نەمتوانى وەڵامت بدەمەوە دەست لە سەر سنگ لە حزورتا بووەستم و داواى لێبووردن بکەم و ئەگەر وەڵامتیشم دایەوە تۆش بە کڕنووشەوە لە حزورى گلکۆى شەهیدان دا دەست نوێژێک هەڵبگرە و داواى لێبووردنیان لێ بکە ، ئەوە باشترە نەک بە شاردنەوەى تاوان خۆت بکەیتە شەریکى تاوان ، نازانم ڕەشى یان نا بەڵام سەرانى حیزبى شیوعى کەسایەتى تۆیان لاى ئێمە کردبووە بنى مەنجەڵ ، ئێستاش لە یادمە و تا مردن لە بیرم ناچێتەوە لە گەڵ بنکردەیەکى حیزبى شیوعى کاتێک دەمەقاڵەمان بوو ، وەکو چەقەڵ لووراندى و پێما هەڵشاخا و پێى ووتم (( تۆ هیوا ڕەش نیت هێمنە ڕەشى )) جا ئاوها بە قێزەوونى و نمونەى تاوان باس لە کەسایەتیت کرابێت ، من هەموو هەقێکت ئەدەمێ لە نووسینەوەى یاداشتەکانت و بە زوویى بڵاو کردنەوەى ، چاوەڕوانى دەست و قەڵەمتم .

 

 

 

 ٢- ئایا شوفێرى تەکسییەکان خاوەن هەقن ؟ خۆ بە راستگوتن کەعبە کەچ نابێت...!

 


کاتێک هەندێک کەل و پەلم ئەکڕى و لەبەر قەبەیى و قورسى پێم ناگەییشتە گەراجى پاسەکانى ڕاپەڕین و ناچار پەنام وەبەر تەکسى ئەبرد ، یەکسەر کاکى شوفێر دەمى لە حەوت و هەشت هەزار ئەکوتا بۆیە ملى ڕێم ئەگرتە بەر و بە هەنسکە هەنسک و ئارەقەیەکى زۆرەوە خۆم ئەگەیاندە پاسەکان .

کاتێک دەستم لە تەکسییەک ڕائەگرت تا زوو بگەمەوە ماڵەوە و مناڵەکەم بگەیەنمە نەخۆشخانە ، کاکى شوفێر ئەیووت کاکە من لا نادەمە سەر خۆڵ ، هەرچەندە نەبوونى قیرتاو کەمتەرخەمى حکومەت بوو بەڵام ئەبوایە من باجەکەیم بدایە و بە لۆقەلۆق خۆم بگەیاندایەتەوە گەراجى پاسەکان .

کاتێک سوارى تەکسى کوردستان ئەبووم و لا ئیرادى کەمێک دەرگاکەم توند دائەخست ، کاکى شوفێر تەریقى ئەکردمەوە و ئەیووت : کاکە بە پێنج هەزارى حیز سەرکەوتوویت ، خۆ دەرگاى گەراج پێوە نادەى .

کاتێک سەرتاپاى جەستەم لەبەر باران ئاوى لێ ئەچۆڕایەوە و خواخوام بوو زوو ڕزگارم بێت و بگەمەوە ماڵ ، دەستم لە دەیان تەکسى ڕائەگرت خوا نەکات یەکێکیان سۆزى ختوکەى بدات ، بۆیە تا ئەگەییشتمەوە گەراجى پاسەکان جوان جوان پەڵەم ئەدا .

کاتێک لە میوانیى ماڵى هاوڕێیەکى دوورە دەست و دوورە خزمەتگوزارییەوە خۆم ئەگەیاندە لاى تەکسییەکان کە سەیرى پێ و پلى قوڕاوییان ئەکردم ، بە : کاکە ئیش ناکەم ، وەڵام ئەدرامەوە ناچار لەم پاس دابەزە و سوارى ئەو پاس بە خۆم ئەگەیاندەوە گەراجى پاسەکان .

کاتێک بەر لە کچێکى جوان وەستانم بەر لەو دەست ڕاتەکاندم ، کاکى شوفێر بێشەرمانە بەسەر من دا گوزەرى ئەکرد و لە بەردەم خانم دا ڕایئەگرت ، مەگەر خوا بزانێ لە دڵى خۆم دا چیم پێ ئەووت .

کاتێک بە هەزار نارى عەلى پارەم پێکەوە نا و تەکسییەکى شڕم بۆ پەیدا کردنى بژێوى ژیان کڕى ، نەفەرێک دەستى لێم ڕا نەئەگرت و کاکى خاوەن تەکسى کوردستانم لەبەر چاو ئەبوو بە بەراز .

کاتێک نەفەرێک دەستى لێ ڕائەگرتم تەکسى کوردستانێک بە تەکانێک لە بەردەمم دا قووت ئەبۆوە و نەفەرەکەمى ئەڕفاند بێ ئەوەى بیر لە پارووى مناڵە برسییەکانم بکاتەوە کاکى خاوەن تەکسى کوردستانم لە بەر چاو ئەبوو بە دوژمن .

کاتێک بە تەکسییە شڕەکەم بە دواى نەفەرا ئەگەڕام و دەستیان لێ ڕا ئەگرتم و منیش بە دەم و چاوێکى گەش و دڵێکى خۆشەوە بۆیان ئەوەستام و ئەمووت : قوربان فەرموو سەرکەون ، ئەوانیش وەڵامیان ئەدامەوە : کاکە ڕەقەمەکەت نافرۆشى ؟ خاوەن تەکسى کوردستانم لێ ئەبوو بەوەى خۆم ئەمزانى .

کاتێک و کاتێک و کاتێک ئەوان ( کاکەکانى تەکسى کوردستان ) ئەو هەموو دەردەیان ئەدامێ - - - - ئەمڕۆ کە لە بەردەم بیناى پارێزگاى سلێمانى جەمیان کردبوو ، ناڵەیان لێ بەرز بووبۆوە ، ناڕەزاییان پیشان ئەدا و مانیان گرتبوو ، من لە خۆشى دا کەمتەرخەمى و بێ پلانى و نا ڕێک و پێکى حکومەتى هەرێمى کوردستانم هەر بیر چووبۆوە .

ئەڵێن حکومەتى هەرێمى کوردستان کارێکى خراپى کردووە ، بەڵام هەموو کارێکیش لایەنى باش و خراپى هەیە ، بەندە ، هەموو خراپییەکان ئەگەڕێنمەوە بۆ سیستمى بازاڕى ئازاد و نەبوونى پلان و بەرنامە و بێ سەر و بەرى کارەکانى حکومەت کە لێرەدا جێگەى باس کردنیان نابێتەوە ، بەڵام لایەنە باشەکەى هێنانى تەکسى نوێ و هەرزان کردنى ڕەقەم بە کارێکى باش ئەزانم و ئەگەر بە قەرزیش دابەش بکرێت ئەوە زۆر زۆر باشتر تا خاوەن تەکسییە شڕەکان لە بێ ئیشى و بێ نەفەرى و هات و چۆى لاى فیتەر ڕزگاریان بێت و ببن بە خاوەنى تەکسى نوێ تر لە تەکسى کوردستان ، بێگومان ئەوسا ئەمەش چەند لایەنێکى باشى ئەبێت کە یەکێکیان هەرزان بوونى کرێى تەکسییە و ئەمەش لە خزمەتى هاووڵاتییان دایە ، لەم ڕوانگەیەوە ئەڵێم خۆزگە حکومەت قیروسیاى لەو شەقامەى بەردەم بیناى پارێزگاى سلێمانى بکردایە و لەمسەر و ئەوسەر ڕێگەى بگرتایە و تایبەتى بکردایە بۆ خەواندنى ئەو تەکسییانەى بیریان چووبۆوە کە خۆیان تا دوێنێ کوڕە هەژار بوون و خۆیان لێ گۆڕاوە .

لە دیمانەى شوفێرە مانگرتووەکان دا باسیان لە نەدارى و زیانمەندیى خۆیان ئەکرد ، کە تا دوێنێ بە پۆزەوە ئەهاتنە سەر سیارەى من و هاوڕێ هاوشێوەکانم و بە پارەیەکى زۆر ڕەقەمەکانیان لێمان ئەکڕى و بێکاریان ئەکردین ، یەکێک بیست و بیست و پێنج هەزار دۆلار بداتە تەکسى و بە لووت بەرزییەوە لە دەور و بەرى بڕوانێ ، ئەگەر بە قەد حیمایەى بەرپرسێک دەستى بڕۆییشتایە ئەوسا لەو بەرپرسانە زیاتریان پێ ئەکردین کە ووڵاتێک بە سیستمى پاشاگەردانى بەڕێوە ئەبەن .


لەگەڵ ڕێزى زۆرم بۆ ئەو شوفێرانەى تەکسى کوردستانیان پێ بوو بەڵام بەشدارى ئەو هەرایەیان نەکرد و لە لایەن هاوەڵەکانیانەوە خراپەیان دەرهەق ئەووترا ... داواکارم حکومەت وەکو هەموو خواستە ڕەواکانى پێشوو تر گوێ لەم داوا ناڕەوایەش نەگرێت .


تێبینى : پێویستە ئەوەش بزانرێ لە بازاڕى ئازاد و کێبڕکێى نێوان کۆمپانیا و سەرمایەداران دا هەندێک جار بۆ وەدەست هێنانى قازانجى زیاتر و کەڵەکە کردنى سەرمایە ، ئەکەونە ملشکاندنى یەکتر و لەو نێوەندەدا کەمێک قازانج بە لاى خەڵکی دا ئەشکێتەوە .

 


26/10/2009
 

 

٣- من داوا ئەکەم مووچەى وەزیر و پەرلەمانتار وەکو خۆى بمێنێتەوە.

 


دەمێکە لێرە و لەوێ بە ژمارە و بە دۆکۆمینت باسى بودجە و زۆر و زەوەندییەکەى و تەخشان و پەخشان کردن و لووش دانى لە لایەن پارتى و یەکێتییەوە ئەکرێت ، ئەو گوژمە خەیاڵییەى بۆ سەرۆک و دەست و پێوەندەکان و حیزبەکانیان باسى لێوە ئەکرێت و بەرامبەر هیچ متەقى لێوە نایەت مایەى نیشانەى پرسیار و سەرسوڕمانە ( ؟ ! ) ، من دڵنیام ئەوەى وەزیر ئەیبات هەرگیز ناگاتە دەسکەوتى گزیرێک ، ئەوەى پەرلەمانتار ئەیبات هەرگیز ناگاتە چارەگى شەریکە کۆمپانیاچییەک ، ئەوەى بۆ پارێزگارانى سەرۆکەکان و ئەفرادەکانى بنەماڵەکانیان خەرج ئەکرێت زیاد لە خەرجیى چەند وەزارەتێک ئەبێت ، هەموو بودجەى حکومەت ناکاتە نیوەى ئەوەى هەردوو حیزب دەستى بە سەرا ئەگرن ، حیزبە پینەچى و پەراوێزەکانیش هەر یەکەو پشکى چەند بەڕێوەبەرایەتییەک ئەبەن و ژمارەى ناوى ئەندامەکانیان کە ئیدیعاى ئەکەن زۆر لەو ژمارەیە زیاترن کە لە پرۆسەى دەنگدان بە دەستى ئەهێنن ، هەر بەو بودجەى خەڵکە کۆنگرەى حیزبەکان ئەگیرێن ، هەر بەو بودجەى خەڵکە گیرفانى ئامادەبووان شەحن ئەکرێن و دەمیان قفڵ ئەدرێن ، هەر بەو بودجەیە ناولەپى ئامادەبووان سوور سوور دائەگەڕێنن و بە چەپڵە ڕێزان و وەلائیان پێ تازە ئەکەنەوە بۆ ( قائد الاوحد ) و سەرکەوتووانە بەو بودجەیە پەرەمێزى ڕاگەیاندنەکان گڕ ئەدەن و کاکى سکرتێر ئەکەنەوە بە بەتەڵى شاشە ، باس لە خەرجى سەرۆکە گزگلەکانى عەشیرەت و خاوەن دیوەخانەکان لەولاوە بووەستن .

بۆیە من لە گەڵ ئەوەدا نیم مووچە و نەسریەى وەزیر و پەرلەمانتار کەم بکرێنەوە ، چونکە ئەو بودجە و ((((( داهات ))))) ەى لە کوردستان دا هەیە پێویستى بەوە نیە وەزیرێک و پەرلەمانتارێک ئاستى ژیانیان دابگیرێتە خوارەوە ، من بەردى ناو هەمبانەکە کوشتومى ! من ئەڵێم قیروسیا با لە 25% ى بودجەکە بەڵاوگێڕى سەرۆک و سکرتێر و بنەماڵە و خزم و ئەحباب و مەنسوب و مەحسوب و حیزبەکانیان بێت و لە 75% یشى بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەى ، من سەردەرکردوو نیم لە بوارى ئابورى بەڵام جاروبار حەز بە حیسابات ئەکەم و لێى وورد ئەبمەوە و ئەمگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى ئەو پارەیە نەک خۆم بدرێتە دەست داپیرەى 40 ساڵ لەمە پێش مردووم باوەڕ ناکەم پێویست بە کەم کردنەوەى مووچەى وەزیر و پەرلەمانتار بکات و ئەو جیاکارییەى نێوان فەرمانبەرێکى پسپۆڕ و خوێندەوار لە مووچەدا هەیە لە گەڵ وەزیر و پەرلەمانتارێکى ناپسپۆڕ و نەخوێندەوار بەو شێوەیەى ئێستا بێت ! چونکە ئەتوانرێ داهاتى مانگانەى تاکى کوردى هێندە بەرز بکرێتەوە نزیک بکرێتەوە لە وەزیر و پەرلەمانتارەکان ئەوسا جگە لە دەسکەوتى ماددى کۆمەڵێک دەسکەوتى مەعنەویش دێتە بەرهەم :

1 – بە دەست هێنانى وەزیرى و پەرلەمانتارى ، پێویست بە بەڕۆبۆت بوونى حیزب ناکات .
2 – بە دەست هێنانى وەزیرى و پەرلەمانتارى ، پێویست بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەتى بەرپرس ناکات .
3 – ئەو کاتە وەزیر و پەرلەمانتار بە بێ گوێدانە پاراستنى پێگە شاهەنشاهییەکەى ئێستاى بێ منەتانە و بەدەر لە ویستى حیزب بەرژەوەندى گەل ئەخاتە سەرووى بەرژەوەندى حیزبەوە .
4 – دیاردە ناپەسەندە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئاکامى برسێتى و بێکارى و نەبونى سەرهەڵ ئەدەن کەم ئەبێتەوە .
5 – خزمەتگوزارییەکان ، نیشتمانەکەمان ئەکات بە بووکى ڕازاوە .
6 – کەس نامێنێ دەنگ ( ویژدان ) بفرۆشێ لە پرۆسەى هەڵبژاردن دا و ئەوسا لە برى نوێنەرى حیزب نوێنەرى خۆى دەست نیشان ئەکات .
7 – ئەو تۆزە پارەیەى دەستى حیزب ئەکەوێت بەشى ڕاگرتنى دابەستەکانى دەزگا نهێنییەکان ناکات و چى تر بە چاو سوور کردنەوە نامانترسێنن .
8 – ئیتر ئەوەندە ڕێگا و بانەکان ناگیرێن و خەڵک ناڕژێنە سەر جادەکان دژ بە ناعەدالەتى و بێ پلانى و وەدەست هێنانى مافە زەوتکراوەکانیان .
9 – ئینتیماى نیشتمانى لە ناخى هاووڵاتیدا لە شوێنى غەمۆکى و نامۆ بوون چرۆ ئەکات .
10 – لەشکرى بێ شومارى مناڵە دەسگێڕەکان و پیرەمێردە عەرەبانەچییەکان و سواڵکەرەکانى سەر شۆستە و شەقامەکان بەرەو لە ناوچوون ئەچن .
11 – ئەو کاتە سەنتەرەکان و ڕێکخراوە مرۆیى و ژنى و ئافرەتى و لاوى و گەنجى و کۆمەڵگا مەدەنییەکانیش ڕۆڵى خۆیان ئەگێڕن و پارەى تەرخان کراوى پرۆژەکان پڕا و پڕ وەکو خۆى بۆ مەبەستى دیایکراو خەرج ئەکرێت

بۆیە دووبارەى ئەکەمەوە کە لە برى باسکردن لە کەمکردنەوەى مووچەى وەزیر و پەرلەمانتار پێویستە لەمەودوا جەخت لە سەر ئاشکرا کردنى بودجە و چۆنێتى خەرج کردنى و بەرز کردنەوەى ئاستى بژێوى تاکەکانى کۆمەڵگا بە بێ جیاوازى بکرێت نەک تەنها بۆ حیزب و زرتە زەلامەکانى تەرخان بکرێت ، چونکە بودجەکە بەشى ئەوە ئەکات هەموومان خۆشگوزەران بژین .

 


07701309524 
Hewarash1@yahoo.com