سێ بابهت:
نووسینى ژێر
پەردە هەر لە پیاوى مەلەفدار جوانە.

هیوا ڕەش
(( شێرپەنجەى ئەبووەکان و
مردنى لە سەر خۆى حیزبى شیوعى )) ، بابەتێکم بوو گلەیى و هەڕەشەى زۆرى
بە دوادا هات ، گلەییەکان جێگەیان سەر سەرە و هەڕەشەکانیش ژێر پێ ،
گلەیى و ڕەخنەى هەموو ئەو بەڕێزانەى کە لە دڵسۆزییانەوە نیگەرانى خۆیان
پێم گەیاندووە شایەنى ئەوەیە لە بەرامبەر هەستى جوامێرى و مەردایەتییان
دا داواى لێبووردن بکەم کە زۆربەیان لە هەندەران و لە ناوخۆش لە
ڕیزەکانى حیزبى شیوعى دان ، هەندێ شەمشەمە کوێرەش کە لە تاریکى دا بە
باڵ شکاوى هەڵپەى مێش و مەگەز خواردنیانە و بە مەبەستەوە بە ڕەقەم خاس
پەیوەندى ئەکەن ، لەوانەیە بیانەوێ پەرچە کردارى توند بنوێنم و خزمەت
بە دۆزە گوماناوییەکەیان بکەم ئەوە خەیاڵیان خاوە ، ئەگینا چ ( کەڵە
مێردێک ) ن ئەوانەى بیانەوێ ڕەخنە بگرن و لە پەنهان دا تیر بوەشێنن یان
چەقۆ بسوون و بەڵام نەبوێرانە بێنە مەیدانى زۆرانێکى دۆڕاوەوە !
( هاوڕێ ) یەکى دێرینم نیگەرانى خۆى نیشان داوە لە بەرامبەر خۆم و
نووسینەکانم ، ئەگەر ڕاست بکات و من و ئەو هاوڕێى دێرین بین ئەبوایە
باى ئەوەندە بمیناسیبایە کە من لە ئاستى ڕەخنەدا ملم لە موو باریکترە
هەتا ئەگەر ڕەخنەکەش بچێتە بوارى ناو زڕاندنیشەوە بەڵام بە مەرجێک
بنەمایەکى ڕاستیى هەبێت و دوور بێت لە درۆ و بوختان ، جارێ من دەسەڵاتم
نە بە سەر چۆلەکەیەک دا ئەشکێت چونکە نە سەرکردەیەکى دەسەڵاتدار و نە
سەرکردەیەکى شاگردى دەسەڵاتم لە پشتەوەیە و نە ئەشمەوێ ئازارى
چۆلەکەیەکیش بدەم نەبادا لە سەر نووسینێکى هەرزان و بێ بەهاى ئاوها دا
، ئەو ( هاوڕێ ) دێرینەم تۆمەت ئەخاتە پاڵم ، ئەمەم وەکو ئەوە دێتە
بەرچاو کە نەمانئەوێرا دەم بکەینەوە بەرامبەر ( رفیق حزبی ) یەک بە بێ
ئەوەى هیچمان کردبێ هەڕەشەو تۆمەتى بێ بنەماى دروست ئەکرد گوایە
جنێومان بە ( سید الرئیس ) داوە ، جا ئەگەر ئەو ( هاوڕێ ) دێرینەم
هێندە شارەزامە خۆ دەستى بە هەویرەوە نیە ئیتر چاوەڕێى چى ئەکات لە
درکاندنى شتە تایبەتییەکانم و ڕاستییەکان و بۆچى ئەو زەحمەتەى نەکێشا ؟
ئایا هەر ئەوەندە ئەزانێت بە پێى ووتەى ئەو بە 60000 دینارى سویسرى ژنم
هێناوە و هیچى تر کە نەیئەکردە 10 گەڵا ( 1000$ ) ، ئەى بۆچى ناپرسێت
لە 5 خانوودا ئێستا خاوەن 5 بلۆک نین لە کەرکوک دا ، تۆ بڵێى لە بەر
هەتاوا توابنەوە ؟ ! لە هەر کوێیەکیش کارم کردبێت خۆشبەختانە خزمەتکارى
خەڵک بوومە و ئەبم و من نابم بە گیڤارا بەڵکو تا مردن کڕنووش بۆ
گلکۆکەى ئەبەم ، بە هیوام کەس خاترم نەگرێ لە کەم و کوڕییەکانم و
دڵنیاشم بێ کەم و کوڕى نابم و ئەگەر کەم و کوڕییەکان دەرنەکەون ئەوا
ڕاستییەکان ژێر ئەکەون .
دوا تکام لەو ( هاوڕێ ) دێرینە ئەوەیە هیچ لە ژێر بەڕە دڕاوەکەى دا
نەهێڵێتەوە و هەمووى بخاتە سەر بەڕە ، هیوادارم لە سفرەچییەکان نەبێت و
نەهێڵێت ویژدانى ئازار بخوات و با ئاسوودە بنوێت لە دەرخستنى
ڕاستییەکان ، بەڵام من گومانم لە کەسایەتى ناوبراو هەیە چونکە بەڕێزى
قایل بێت بەوەى لە خوار جاشەوە دابنرێت و نەیەتە دەنگ چۆن ئەتوانێ
سەرکردەکانى بگۆِڕێت چونکە گۆڕان بە شان تەکاندن ناکرێت بۆیە ئەوەشى پێ
ڕا ئەگەیەنم کە ڕەخنەکانى وەکو فیشەکى موختار کوژ وایە و هیچ کاریگەرى
نیە .
دوا تیرى خۆت بهاوێژە هەلە ( هاوڕێ ) ى دێرین
بێ ناویش بێت ، بڕِێژە ژەهرى پڕ لە کینە و قین
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
دەنگى دەهۆڵ لە
دوور خۆشە.
کاتێک کەسێک بیەوێ بەشدارى لە نووسینەوەی چمکێکى مێژوو بکات ، ئەبێت
پێش هەموو شتێک بوێر بێت و ئینجا ڕاستگۆ ، لە دواى ئەوانیشەوە نەکەوێتە
دواى سۆز و عاتیفە و لە ڕوانگەى خۆدەرخستنیشەوە نەنووسێت بەڵکو
نووسینەکانى بۆ نووسین بێت ، هەرچەندە من رَێزم هەیە بۆ ئەو نووسینانەى
ئەگەر مەبەستیان بێت بە چاو نووقانیشەوە سێرەم لێ بگرن وە یا بەدحاڵیش
بن لە نووسینەکانم و بە سەقەتى ڕاڤەى بکەن ، من لە نووسینێکى لەمە پێشم
دا بە ناوى – شێرپەنجەى ئەبووەکان و مردنى لە سەر خۆى جیزبى شیوعى – بە
ئەفسووسەوە بەرۆکى کۆمەڵێک ئەبووم گرتووە کە ئەبووەکان خۆیان کوتەکیان
دایە دەستم بەڵام من شەڕە کوتەکم نەکردووە ، ئەبووەکان فەزڵى
قارەمانێتى پیشمەرگەى لایەنەکانى تر ئەدەن بە سەر پێشمەرگەکانى حیزبى
شیوعى دا ، ئەم گوناهە گەورەیە نەک من بەردیش دێنێتە دەنگ .
یەکەم کۆمەڵە شۆڕشگێر هاتنە سەر جادە و ویستیان پەلامارى بنە و بارەگا
و مۆڵگەکانى بەعس بدەن و پزیسکى ڕاپەڕینە مەزنەکەى 1991 یان لێدا ئەوە
شیوعییەکان بوون ، ئەوانەى خۆڕاگرانە بە گژ پرۆسەى بەدناوى ئەنفالەکان
دا وەستابوون و بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنییەکان لە هەولێرەوە پەیامى
ڕاپەڕینیان بە خەڵک ڕاگەیاند ، کە ئەمە ئەنووسم مێژوویەکە و شایەنى
ئەوەیە کڕنووشى یۆ ببردرێت ، بەڵام ئەمە ئەو کەسانە نەیانخولقاند کە لە
دواى قەسابخانەکەى پشتاشان لە پاداشتى بەیاننامەیەکى سازشکارانە بە
خەڵاتى دەمانچەوە گەڕانەوە پێگە و ڕێگەى خۆیان لە ناو حیزب دا ، هەر
ئەوانەش بوون ڕێککەوتننامەى – کامپ دێوانە – یان مۆر کرد کە ڕەنگە
زۆربەى شیوعیەکان ئەم ناوەیان بە لاوە نامۆ بێت ! شتى تریش هەیە نامەوێ
باسى بکەم چونکە خزمەت بە دۆزى ئێستاى گەلەکەمان ناکات ، ئەو سیاسەتە
سەقەتانە بوو واى لە پێشمەرگە شیوعییەکان ئەکرد بە بڕ چەکەکانیان سەر
بەرە و خوار بکەنەوە و ڕیزەکانى ئەو حیزبە جێ بهێڵن ، ئەگەر بڵێن بۆ ؟
وەڵامى ئەم پرسیارە مەگەر هەر لە هەگبەى ئەبووەکان دا بێت ( موتەتەریف
– نەفەس کورت – موراهیقى سیاسى – موخەریب – پیاوى دوژمن و ----- )
دەستەواژەى حازر یە دەستى ئەوتۆیان لایە مەگەر هەر لە قووتووى
عەتارییکەى ئەوان دا هەبێت .
لە شەهید بوونى سکرتێرى لاو ( سەلام عادل ) و هاوڕێکانى بە دواوە ڕێگە
لەو حیزبە گیراوە بچووکترین هەنگاوى شۆڕشگێڕى بنێت ، بۆ ئەمەش
لاپەڕەکانى مێژوو شایەتحاڵن ، کاتێک یەکێکیش ویستبێتى پەنجە لە سەر
زامەکان دابنێت ناو و ناتۆرەى زۆر خراوەتە پاڵى و کوفرێکى گەورەى کردوە
چونکە لە تەریقەتى ئەبووەکان لا ئەدات ! ئەمە دوو سێ جارە ئەو دەروێشە
بێ ئاگایانە ، بێ ئاگایانە تۆمەت و گومان ئەخەنە پاڵمان کە من بە
پێچەوانەوە مەزەندە ئەکەم ڕەنگە لە سادەیى و ( دڵسۆزى ) یانەوە بوونەتە
نماییندەى ئەبووەکان و بەرۆکمان ئەگرن لە جیاتى ئەوان ، کەس نکوڵى لە
خەبات و تێکۆشانى هیچ کەسێک ناکات بە خودى ( سەدام حوسێن ) و
هاوتاوانەکانى بۆ حیزبەکەى خۆیان ، بەڵام ئایا سەدام حوسێن چارەنووسى
حیزبى بەعسى بە کوێ گەیاند ؟ ! بە هەر حاڵ من کاتێک تەواو گومانم
ئەڕەوییەوە لە نووسینى ئەو برادەرانە کە هێندە بوێر بوونایە بەر لە –
هیوا ڕەش – دوو دێڕیان بەرامبەر – هێمنە ڕەش – بنووسیبایە ، نەک بۆ
گیانى کۆنە هاوڕێکانى خۆیان شێر بن و لەولاشەوە هیچ چ چ چ چ ! من
تەحەدا ئەکەم پێشمەرگەى هیچ لایەنێکى سیاسى کوردستانى هێندەى ئێمەى
پێشمەرگەى ئەو دەمەى حیزبى شیوعى ئازا و شۆڕشگێڕ و خۆڕاگر بووبن ، ئەو
ئەفەندییانەى لەو مێژووە شارەزا نین با دەم نەکەنەوە ، ئەمە بۆ ئەوە
ئەنووسم تا مێژوو ستەم لە هەڵوێستى شیوعییەکان نەکات ، کاتێک ئەنفال
دەستى پێ کرد و ویستى بوون و مانى گەلەکەمان بسڕێتەوە شیوعیەکان لە
هەموو کەسێک زیاتر قورساییەکەیان لە سەر شان بوو ، جگە لە حیزبى بەعس
تەواوى لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان گەراى حیزبى بەعسیان تێدا
پیتێنرابوو بۆ وێزەى شیوعیەکان و قڕ کردنیان و چەند جارێک ئەمەمان
دووپات کردۆتەوە ، بەڵام ئەوانەى ئێمەیان قڕ و هاوڕێکانمانیان شەهید
ئەکرد پیاوى باشن و ئێمەش خراپ ، ئەگینا ئەبوو وورتەیەکمان بە ڕەسمى لە
لایەن ئەبووەکان و دەست و پێوەندەکانیانەوە ببیستایە و بەرامبەر
تاوانباران بهاتنایەتە دەنگ نەک لە ماڵەوە شێر بن و لە دەرەوەش ڕێوى !
ئەبووەکان چەرمەسەرییان دیوە و زۆریشیان چەشتووە و ڕۆڵەکانیشیان شەهید
کراون ، بەڵام خۆ مەرج نیە – گیا لە سەر بنجى خۆى بڕوێت – ئەو شەهیدانە
بەر لەوەى جێگەى شانازى باوکیان بن تاجى سەروەرى ئێمەن ، خۆ ئەگەر من
وەکو باوکم دەرچوومایە ئێستا پێش نوێژى ئەختیار و موختارى گەڕەکەکەى
خۆمانم ئەکرد ! بەڵام ئایا ئەوە پێوەرە ؟ شەهیدمان هەبوو براکەى پیاوى
دەزگاکانى بەعس بوو ، لە دوو برا یەکێکیان لە پێناوى حیزب دا شەهید بوو
، ئەوى تریان لە دواى شەهید کردنى براکەى لە سەر دەستى حیزب کوژرا ،
مەبەستم ئەوەیە هەڵسەنگاندن پێویستى بە ختووکە دان نیە ، من باوکم دین
و ئیمانى پارتى بوو ، براکەم سۆشیالیست بوو ، خۆیشم شیوعى ، خۆ ناکرێت
بە دایکم بووترێ سکرتێرى یەکەمى بەرەى – جود - .
لە کۆتاییدا پرسیار ئەکەم :
1 – ئەوانەى بازرگانییان بە پشتاشانەوە کرد تا تەمەنیان بە سەر نەچوو
خاوەن بڕیار نەبوون لە حیزب دا ؟
2 – ئەوانەى مەرگنامەى - کامپ دێوانە - یان مۆر کرد جگە لە ئەبو سەلام
کامیان سزا دران ، ئەبو سەلامیش بەر لەوە هەر کێشەى هەبوو لە گەڵ ئەبو
سعود؟
3 – ئایا سازشەکانى دواى ڕاپەڕین ئاگادارن ؟
4 – بۆچى هەر حیزبێک زەبرى ئاراستەى حیزبى شیوعى کردبێت ، پێگەى حیزب
بەر کەوتوون و ئەبووەکانیش مەرەخەس کراون ؟ جەبهەى وەتەنى بەعس و
پشتاشان بە نموونە .
5 - ئایا ئەزانن لە مەوداى دەسەڵاتى ئەبو فاروق وەکو سکرتێرى حیزب چى
ڕووى دا ؟
بە هیوام کاتێک بیرەوەرى و مێژوو ئەنووسینەوە ڕاستییەکان نەخەینە ژێر
لێوەوە ، ئەوەى بەم پەیامەوە نەچێتە بوارى نووسینەوە باشتر وایە
بیرەوەرى و نووسینەکانى ناو بنێت – هەجونامە – ، لە چاوەڕوانى ڕەخنە و
تێبینى بە جێ دا سنگم کاغەزى خامەى ئەوانەیە ڕەخنەم لێ ئەگرن .
-------------------------------------------------------------------------------------------------
شێرپەنجەى
(ئەبو)وەکان و مردنى لەسەرخۆى حیزبى شیوعى.
(ابو سعود – ابو فاروق – ابو علی – ابو سلام – ابو اسوس – ابو سرباز –
ابو شوان – ابو تارا = ابراهیم سوفی – ابو تارا = ابو سباح - ابو
سیروان - - - - ) ، ئەمانە هەموو ئەو ئەبووانەن کە لە هەڕەمى بڕیارى
ژیانى پێشمەرگایەتى و بزووتنەوەى چەکدارى ساڵانى هەشتاکانى سەدەى
ڕابردووى ئێمە بوون ، ئێمەى گێل و بەستەزمان و ئەوانى فێڵباز و زۆرزان
، من باسى ترسنۆکى ناکەم کە کاک ( ئەبو شوان ) باسى لێوە کردووە ،
بەڵام ئەوەندەى من ناسیبێتیانم بە قەد پێرەژنەکەى دایکم نە سەرچڵییان
کردووە و نە بە قەد ئەویش فیشەکیان بە بەعسەوە ناوە ، بۆیە خۆم لە گەڵ
ئەوان بەراوورد ناکەم بەڵکو دایکێکى 75 ساڵیم بە پۆستى حیزبى ( حامیلە
) کردووە و ئازایانە لە کەڕەجاڵەوە گەیاندوویەتیە ناو شارى کەرکوک و بە
( بى کەى سى ) ش بە ڕەنگاریى فڕۆکەى پیلاتۆزى کردووە لە گوندى شەوگێڕى
ناوچەى شێخ بزێنى ، ئەو کاتە ئەبووەکان لە چەمى زەڵم ( شهر العسل ) یان
تازە ئەکردەوە و کە نەوبوکەکانیان ئەگەڕانەوە ژێر دەستى ڕژێم کەس لە
گوڵ کاڵتریان پێنەئەووترا بەڵام دایکەکانى ئێمە ئیقامەى دائیمییان
هەبوو لە دەزگا داپڵۆسێنەرەکانى بەعس ، ئەمە لەوەوە ناڵێم خوا نەخواستە
بڵێم ئەوان پیاوى ڕژێم بووبن بەڵام ڕژێم ئەوانى زۆر خۆشئەویست چونکە
ئەیزانى بە پاراستنى ژیانى ئەوان حیزبى شیوعى بەرەو پووکانەوە ئەبات
هەروەکو بە بەرچاومانەوەیە ئەو حیزبە چى بە سەر هاتووە !
کاتێک ( ابو سعود = عزیز محمد ) خەڵاتى لینین و دیمترۆفى پێ بەخشرا
ئیتر من لە خۆشى دا دەمم ناهاتەوە یەک ، هێندە دڵخۆش بووم جاڕم دا کە
من شیوعى نیم و چۆن جەلالى و مەلایى هەن منیش عەزیزیم ، چەند خۆشە مرۆڤ
ئامبازى وەهم و خەیاڵات بێت ؟ ! کاتێک بە دیدارى ( ابو سرباز = ملا
احمد بانیخێڵانى ) شاد بووم و پێى ووتم – باوانم – پێم وابوو نوشتەى
گوللە نەبڕى بۆ کردووم بۆیە لە هیچ نە ئەگەڕامەوە ، کاتێک ( ابو شوان =
قادر رشید ) بووە بەر پرسم ، هەر مەپرسن چۆن دەمارەکانى عەزەڵاتم شین و
مۆر بووبوونەوە ، کاتێک ( ابو تارا = ئیبراهیم سۆفى ) پێى ئەووتم ڕەشەى
گەرمیان لە دڵى خۆما سوێندم بۆ ئەخوارد ئەبێت بەعسى بۆ بڕووخێنم ،
کاتێک ابو تارا = ابو سباح ) م ئەبینى لە خێوەتەکەى ئەهاتە دەرەوە
ئەمووت خوایە ئەبێت چ پلانێکى بۆ ئازاد کردنى سلێمانى داڕشتبێت - - - -
- کاتێک لە نزیکەوە ئاشناى ئەبووەکان بووم لە خوام ئەویست چاوم بە
چارەیان نەکەوێت بۆیە هەمیشە ژیانى پڕ مەترسى ئیختیفا و دوورى
بارەگاکانم بەلاوە زۆر پەسەند تر بوو ، کە گوێم لە ناوى ئەبووەکان
ئەبوو لە باتى ڕیش و ئەسپێ و ئارەقە و چڵکنى و سەرما بردەڵەیى فڵچە و
مەعجونى ددان و خاولى و پێخەفى گەرمم یاد ئەکەوتەوە ، وەلحاسڵ ئێستا کە
ئەو کاتانەم ئەکەوێتەوە بیر شێخى نورانى و دەروێشى چڵکنم وە دێتە پێش
چاو ، ئاى بۆ بێوەفایى شێخ ئەبووەکان ئێمەیان بەم ڕۆژە گەیان و
حیزبەکەشیان ڕەتان ! ! !
کەیسى پشتاشان و کەیسى خۆرنەوەزان و کەیسەکانى دیکەش کەس لێیان بەرپرس
نیە غەیرى ئەبووەکان ، زۆر جار گوێ بیستى بە دادگا گەیاندنى
ئەنجامدەرانى ئەو تاوانانە ئەبم پێم سەیرە ناپرسن دواى پشتاشان بەیانى
ئاشتەوایی کێ مۆرى کرد لە باتى پێداگرتن بۆ تۆڵە سەندنەوەى خوێنى
شەهیدەکان ، کاتێک کارەساتى خۆرنەوەزان ڕووى دا ئەبو لیناى هەمیشە
پشیلە لە باخەڵ یا ئەبو تاراى پڕ لە عەقڵى عەسکەرى کامیان سزا دران ؟ !
تۆ بڵێى هەموو کارەساتەکان بە سۆنگەى کەمتەرخەمى پێشمەرگەکانەوە بووبێت
؟ !
( ابو شوان ) باسى ئاگادارى مام فەتاح ئەکات کە من چیم گووتووە لە
بارەى خۆرنەوەزانەوە بۆ ئەمەیان بە هیوام مام فەتاح باى ئەوەندە گوڕى
تیا مابێت دوو دێڕ لەم بارەیەوە بنووسێت و تۆزێک ئاووڕ لە دۆخى
نالەبارى خۆم و خۆى بداتەوە لەو سەردەمەدا کە زۆر جار لە هاوڕێیەتى
دەرى ئەکرد و وەکو باوک و کوڕ ئامۆژگارى ئەکردم بەرگەى داخى
پەنگخواردووى ئەبووەکان بگرم گوایە شیوعى وەکو منیان لاى ئاسنگەریش بۆ
بە کرد نادرێ ، لە یادمە بەر لە ابو شوان هاوڕێیان مام ساڵح و مام
فەتاح بەرپرسمان بوون بەندە لە ڕێى برادەرێکەوە نامەیەکم بۆ ماڵەوە
نارد ، دواى ئەوە ( حیزب = مام ساڵح و مام فەتاح ) پێیان زانیبوو
بانگیان کردم و پرسییان تۆ نامەت بە فڵانە کەسا ڕەوانە کردووە بۆ
ماڵەوە ؟ پێم گووتن : بەڵێ ، دواى ڕەخنە و لۆمە و سەرزەنشت تێیان
گەیاند هەڵەیەکم کردووە ئەبێت ڕەخنە لە خۆم بگرم و جارێکى تر دووبارەى
نەکەمەوە ، من جگە لەوەى ڕەخنەم لە خۆم گرت داوام کرد سزاش بدرێم بەڵام
ئەوان ووتیان گوناهەکەت سزا هەڵناگرێ ، من پێم داگرت کە ئەبێت لە ڕووى
حیزبییەوە بۆ ماوەیەک سڕ بکرێم ، ئەوان پەسەندیان نەکرد ، ئینجا پێم
داگرت لە ڕووى عەسکەرییەوە چەک بکرێم هەر پەسەندیان نەکرد ، ووتم هیچ
نەبێت با چەند شەوێک تا بەیانى حەرەسیات بگرم هەر ڕازى نەبوون ، دوا
جار خۆم سزاى خۆمم دا و لە جیاتى کەرەکەى مەقەڕ 10 بارە دارم لە چیا
بڕییەوە و هێنامەوە بۆ مەقەڕ وەکو سزایەکى جەستەیى ، جا نازانم
ئەبووەکان بەم شێوە حیزبایەتییە گەییشتبوونە سەرچاوەى بڕیار یان بە
تەقڵە لێدان بەم و بەو و سازش لە سەر خوێنى شەهیدەکان ؟ لە کاتێک دا
ئەوان شەڕیان بوو لە سەر پۆست ئێمەش ئەوەى بە خەیاڵمان دا نەهاتبێت
پۆست بوو چونکە وامان ئەزانى کردەوەى باش لاى ( خوا = حیزب ) وون نابێت
.
لە نیوەى دووەمى ساڵانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو ئێمەى گەنج بە تایبەتى
هاوڕێیان ( شەهید سیڤەر – سەعید – ڕزگار فەرتەنە و - - - - - من ) زۆر
بزێو بووین و چەندین چالاکى جۆرا و جۆرمان ئەنجام ئەدا و کار بەوە
ڕاگەییشتبوو پیاوانى ڕژێم هانا بۆ ڕێکخستنەکانى ناوشار بەرن و
پاکانەیان بۆ بکەن ، بەڵێ لەو کاتانەدا نامە لە ( حیزب ) ەوە ئاراستەى
ڕێکخستن کرا بوو هاوکارى ئێمە نەکەن چونکە : ئەبووەکان و دەست و
پێوەندەکانیان بیریان لە خەت ڕەجعە ئەکردەوە و لە لایەکى تریشەوە وەکو
سفرەچییەکانى بەردەستیان لە جیاتى ئەنجام دانى چالاکى بە دەستى پڕ
شەراب وێسکى و کەباب و مەزەوە ناگەڕاینەوە ، جێگەى ئاماژەیە
ڕێکخستنەکان ئەو بڕیارەى ( حیزب ) یان خستبووە ژێر پێڵاوەوە چونکە
ئەیانزانى لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە بۆیە هەمیشە لە ئێمە پێشمەرگانە
تر قۆڵ و باسکیان لێ هەڵماڵیبوو ، لە کۆتاییدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە
هەندێک لە هاوڕێیانى حیزبى شیوعى گلەیی دۆستانەم لێ ئەکەن کە زۆر هەجوو
ئەکەمە سەر حیزبەکەیان بەڵام پێم باشە ئەوە بڵێم وورد تر ڕاکانى من
بخوێننەوە کە هەموو جارێک جەختم لە سەرانى حیزبى شیوعى کردۆتەوە کە
زۆربەیان ئەم ئەبووانەن و خۆزگە هەجوویان بکردایەتە سەر حیزبەکە نەک
بیخەنە نێو بەردى دەستاڕى هەلپەرستى خۆیانەوە .
کاتى خۆى ئەم واژەیەم خوێندەوە نووسرابوو ( کاکە حەمە تۆ شێتى ، ئەویش
ووتى : سەیرە من بناسى و خۆت نەناسى ) ، بە هیوام کاتێک دەستمان بۆ
نووسینەوەى بیرەوەرییەکانمان برد بزانین هەموو کەس خۆى لە خەڵکى باشتر
ئەناسێت بۆیە پێویستە بەر لەوەى دەست بۆ ئەم و ئەو ببات خۆى بەر لە
هەموو کەس خۆى بخوێنێتەوە و خۆشى لە کەم و کوڕى نەبوێرێ چونکە کەسمان
بێ کەم و کوڕى نین و نابین .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|