په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢٦

 سێ بابەت سەبارەت بە کوردستان و داگیرکەران.


ئەرسەلان مەحمود      

ئەنفال بۆ ئێوە و سورەتەکە بۆ ئێمە.


ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات، پێماندەڵێ: شەڕی دژە تیرۆر و سیاسەتی ڕۆژئاوا لە بنەرەتدا ئەو دوو ڕووبارەن هیچ گەروو یان یەکاوێک نییە بیانگەیەنێتەوە یەک. حکومەتەکانی واشنتن و لەندەن و پاریس - ئەوانەی بە ناوی گواستنەوەی دیموکراتیک دەبوو پارێزگاری لە مرۆڤایەتی بکەن، ئێستا بوونەتە بڵندگۆی بێدەنگی. بەڵگەنامەی هاوپێچ بخوێنەوە: وشەی فتووحات هەیە، سورەتی ئەنفال هەیە، مۆری وزاری ئەوقافی دیمەشق هەیە، واژۆی وەزیر هەیە... کەچی ئەوەی لە ڕاپۆرتی وەزارەتەکانی ئێوەدا نییە، ئەوەی لە کۆنگرەسێدا باسی نییە، لە ڕاگەیاندنەکانتاندا دەنگی نییە، ناڵەی ئەو کوردانەیە هاوپەیمانتان بوون و بە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆیان داعشیان لە واقیعدا تێکشکاند.

لە سیاسەتی ڕۆژئاوادا تیرۆریزم پێناسەیەکی مرۆیی هەیە: ئەوەی داعش-ئەمسالە پێشینە و پاشینەکانی کردبێتیان و بیکەن تیرۆرە، ئەوەی دەوڵەت بیکات... کێشەی ناوخۆیییە. ئەو ئایەتەی لە بەڵگەنامەکەی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتەکەی هیئە تحریر الشام دا هاتووە - إذ تستغيثون ربكم - بۆ ئێوە تەنها دەقێکی ئایینییە لە سورەتی ئەنفال. بەڵام بۆ کورد؟ ئەنفال بۆ کورد بۆنی ١٨٢,٠٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵیان لێدێت. ئایا گوێتان لێ نییە، یان نایبیستن، هێشتا نەگەیشتووەتە ئێوە؟!

کاتێک وشەی ئەنفال لە واشنتن دەبیسترێ، هیچ دڵێک دانادەخورپێت، تەنها کوردەکان دەزانن ئەم وشەیە چەندە سامناک و قورسە. سەددام حوسێن - ئەو دیکتاتۆرەی ئێوە کاتێک سوودی بۆتان هەبوو پشتیوانیتانکرد - ئەنفالی خستە سەر جێناوی جینۆساید. ئەمڕۆ دیسان وشەکە لە بەڵگەنامەیەکی تری فەرمیدا دەردەکەوێتەوە، حکومەتێکی تری تا دوێنێی تیرۆریست بانگەواز تەکبیر بۆ فتووحات و کوردکوژی لێدەدا، ئێوە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دەکەن بە هیوای هێوربوونەوە و دانووستان – دانووستان بۆ سازشکردنی کورد لەسەر ماف و ئازادی و ناسنامەکەی!

فتووحات لێرە، لە فەرهەنگی ئەمڕۆدا، واتایەکی جیاوازتر لە واتا مێژووییەکەی هەیە، پێشنوێژخوێنەکان لە هەموو مزگەوتەکانی سوریا فەرمانی قنووت خوێندن بۆ سەرکەوتنی سوپا، بۆ فتووحات، بۆ حەڵاڵکردنی کوردکوژی دەردەکەن - بەڵام ئەمە بۆ ئێوە، کاری ناوخۆیی دەوڵەتێکی سەربەخۆی چەسپاوی کۆڵۆنیالیزمە.

ئایا بەها مرۆڤایەتییەکان دەبێت بکرێنە قوربانی بەرژەوەندی بەها جیۆپۆلیتیکییەکان و نێردە بازرگانە تاجپەرستەکانی ناوچەکە و کەنداو؟ بێدەنگیتان لە ڕەچەتەیەکی کەلتووری دەچێت: ئەو کوردەی داعشی تێکشکاند، ئایا ئێستا شایانی پاراستنە؟ یان تەنها ئامرازێک بوون - ئامرازێک ئێستا پێویستتان پێی نییە، جا با بە فتووحات بچێتەوە ناو مێژوو؟

کچ و کوڕی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی - ئەوانەی ١١,٠٠٠ شەهیدیان دا لە شەڕی دژ بە داعش ئێستا باشتر لە هەر کاتێک دەزانن هاوپەیمانێتیی ڕۆژئاوا چییە: ماڵەکانیان وێران کران، دار زەیتوونەکانیان بڕدران، ناسنامەکانیان گۆڕدران. بەڵام ئەمە لە واشنتن و ئەنقەرە پێداویستی سەقامگیرییە. ئەمە لە لەندەن ڕێکخستنەوەی دۆخی ناوچەکەیە. ئەمە لە پاریس... شەرت ئەوەیە سوریا وەک دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵ بمێنێتەوە.

ڕێزم هەیە بۆ هەموو ئەو بەهایانەی ڕۆژئاوا بانگەشەی دەکات - ئازادی، مافی مرۆڤ، دژایەتی تیرۆر. بەڵام ئەو سیاسەتمەدارانەی شەڕی دژ بە تیرۆر دەکەنە درۆشم و کوردی پێدەکوژرێت - پێویستە بزانن: مێژوو، ڕەحمییان پێناکات. ئەو ڕۆژەدێ کەس ناپرسێت کێ داعشی تێکشکاند؟ - دەپرسن کێ بێدەنگ بوو کاتێک تێکشکێنەرەکانی دەکوژران؟ با هەموو دنیا بزانێت: ئیرادەی کورد بەهێزترینی ناو هەموو چەک و جبەخانەکانە.

 

 

 

 

-------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

مەرهەمێک بۆ برینێکی قووڵ.

 


میدیای ئیخوانی مەڕسوومەکەی ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ی ئەحمەد الشرەع وەک شۆڕشێک لە بەرژەوەندی کورد پێناسە دەکات و دەڵێت چیتر کورد لە چاوی دیمەشق دا کێشەیەکی ئەمنی نییە و ناسنامە و مافەکانی سەلمێندران، هەر کوردێک حەز دەکات باوەڕ بەم هەڵڵایە بکات، بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟ بەلای منەوە بێگومان نەخێر.

ساڵی ١٩٦٢ حکومەتی بەعس فەرمانی ژمارە ٩٣ی دەرکرد. سەرژمێرییەک لە حەسەکە ئەنجامدرا. بیست و چوار کاتژمێر. تەنها بیست و چوار کاتژمێر. ئەم ماوە کورتە ١٢٠ هەزار کوردی کردە بیانی لە خاکی خۆیدا. دوو پۆل دروستکران. یەکەمیان ئەجانیب بوون، واتا بیانی. ناسنامەیان هەبوو بەڵام هیچ مافێکیان نەبوو. دووەمیان خراپتر بوون. ناویان مەکتوومین بوو. ئەمانە لە ڕووی یاسایییەوە بوونیان نەبوو. لە هیچ تۆمارێکدا نەبوون. لەدایکنەبوون. نەمردوون. نەبوون. شەست و چوار ساڵ تێپەڕی. ژمارەکە گەیشتە نیوملیۆن. نیوملیۆن کەس لە وڵاتی خۆیاندا نەیانتوانی بچنە خوێندنگە، کار بکەن، ماڵ بکڕن، یان سەفەر بکەن. ئەوان زیندانی بوون بەبێ دیوار.

ماددەی چواری مەرسوومەکەی ئەلشرەع دەڵێت ئەو نیوملیۆن کەسە دەبنە هاووڵاتی. ئەجانیب و مەکتوومین هەردووکیان. ئەمە باشە. بەڵام ئێمەی کورد ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ ئەم جۆرە بەڵێنانە ژیان دەکەین و دەبیستین. زەحمەت نەبێ میکانیزم چییە؟ کێ جێبەجێی دەکات؟ کێ چاودێری دەکات؟ مەرسوومەکە نا – نەخێر وڵامی ئەم پرسیارانە ناداتەوە. ئەم بێوڵامییە ڕێکەوتی نییە.

مەرسوومەکە زمانی کوردی بە زمانی نیشتمانی ناودەبات. ئەم وشەیە جوانە. بەڵام واتایەکی نییە. ئاخر جیاوازییەکی زۆر بنەڕەتی هەیە لەنێوان زمانی نیشتمانی و زمانی فەرمیدا. زمانی فەرمی لە دادگا بەکاردێ. لە حکومەت بەکاردێ. لە خوێندنگە بەکاردێ. زمانی نیشتمانی تەنها واتایەکی کەلتووری هەیە و ڕێزگرتنێکی سیمبۆلیکە. جوانە بۆ فستیڤاڵ و بۆنە کولتوورییەکان. بەڵام لە دادگا و فەرمیاتدا سوودێکی نییە.

زمانی کوردی لە هەندێ خوێندنگەدا وەک وانەیەکی بژاردەیی دەخوێندرێت. ئەمە هەموو ئەوەیە. ئەمە جگە بەراورد ناکرێ بە هەرێمی کوردستان، کوردی لێرە زمانێکی فەرمی دەستورییە.بەڵام لەوێ کوردی نەک هەر وەک زمانی دووەم و سێیەم مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ، لە بری فەرمی، نیشتمانییە، واتا چوارچێوەکەی کەلتوورییە. نەورۆز دەبێتە پشووی فەرمی. ئەمەش سیمبۆلیکە. نەتەوەیەک تەنها گۆرانی و جل و بەرگ و شایلۆغان و جەژن نییە. خودبەڕێوەبەرایەتی و بەشداریی سیاسییە. مەرسوومەکە هیچ ئاماژەیەک بەمانە ناکات.

با بچینە سەر خاڵێکی گرنگتر. کاتی بڵاوکردنەوەی مەرسوومەکە. هەفتەیەک پێش مەرسوومەکە، سوپای سوریا هێرشی کردە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب. کۆمەڵکوژی کرد. ١٥٠ هەزار کوردی دەربەدەر و ئاوارە و پەڕاگەندەی ئێر و ئەوێ کرد. ئەم ژمارانە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگیراون. کاتژمێرێک دوای ئیمزاکردنی مەرسوومەکە، تۆپەکان دەستیانکردەوە بە گولـلەبارانکردنی دێرحافر و مەسکەنە. مەرەکەب لەسەر مەرسوومەکە هێشتا وشک نەبووبوو. تەنانەت کەمتر لە پازدە کاتژمێر پێش کۆبوونەوەی دواتری تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا بۆ سوریا لە هەولێر لەگەڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک. ئەمە چییە ڕوودەدا؟ مرۆ کاتێک ئامانجی مەرسوومەکە و کۆبوونەوەکە لە خاڵێکی هاوبەشدا دەبینێتەوە، شۆک دەبێت. تێدەگات داڕێژەرانی گەمەکە کەوتوونەتە ئەودیوو سنووری سوریا: فشارهێنانی گەلی و سیاسی بۆ سەر کورد بۆ کشانەوە لە ڕۆژئاوای فورات. ئەنکەرە و دیمەشق و بازرگانەکانی سیاسەت، ساڵانێکە پێداگری لەسەر ئەمە دەکەن.

ئایا ئەم هاوکاتییانە ڕێکەوتین؟ ئایا ئەم هاوئامانجییە خۆکردن؟ من باوەڕم بەمە نییە. الشرەع لە هەموو وتارەکانیدا جیاکاری دەخاتە نێوان هاووڵاتیانی کورد و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک. بە هاووڵاتیانی کورد دەڵێت براکانمان، بەڵام هێزەکانیان وەک دوژمن دەبینێ. ئەم جیاکارییە تاکتیکێکی کۆن و شەیتانییە. دەسەڵاتداران هەمیشە هەوڵیانداوە گەلێک لە ڕێبەرەکانی جیابکەنەوە. ئامانج ئەوەیە پشتیوانییان بۆ هێزەکانی خۆیان لاوازبکەن. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک نزیکەی سێیەکی خاکی سوریایان لەژێر دەستدایە. ملیۆنان کەس لەو ناوچانەدا دەژین. ئەگەر ئەم هێزانە لاوازبکرێن، ئەو خەڵکە چی بەسەر دێت؟ مەرسوومەکە وەڵامی ئەمە ناداتەوە.

ماددەی شەشی مەرسوومەکە سزا دادەنێت بۆ هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات. ئەمە لە کاتێکدا خودی ئەلشرەع خۆی ڕۆژ تا ئێوارە چەمکەکانی کۆماری عەرەبی سوری و سوپای عەرەبی سوری و نیشتمانی عەرەبی سوری دەڵێتەوە، ئەم وشانە فراوانن. فیتنە چییە؟ کێ پێناسەی دەکات؟ ئەم ماددەیە دەتوانرێ بەکاربهێنرێ پارێزەی کورد بێ لە ڕەگەزپەرستی. بەڵام دەتوانرێ بەکاربهێنرێ دژ بە هەر چالاکییەکی سیاسیی کوردیش. کافییە بڵێن ئەمە فیتنەیە. ساڵانێکی زۆر کورد دەکرێتە قوربانی ژێر بەم جۆرە چەمک و یاسایانە. لە عیراقی سەددام، لە سوریای ئەسەد، لە تورکیا. هەمیشە بە ناوی یەکێتی نیشتمانییەوە بەکاردەهێنرێن دژ بە پێکهاتە و کەمینە غەیرە عەرەبییەکان.

مەرسوومی ١٣ مەرهەمێکە بۆ بریندارێکی شەست ساڵە. بەڵام مەرهەم کوا دەتوانی برینە قووڵەکان چاک بکاتەوە. ئەمە نەشتەرگەری پێویستە. ئەم مەرسوومە ناسینێکی کولتوورییە بەبێ دەسەڵاتی سیاسی. زمانێکی نیشتمانییە بەبێ مافی فەرمی. ڕەگەزنامەیە بەبێ میکانیزم. کورد شایستەی زیاترن. شایستەی بەشداریی ڕاستەقینەن لە دەستوور و حکومەتدا. شایستەی ئەوەن چارەنووسی خۆیان بە دەست و ویستەکانی خۆیان دیاری بکەن لە سوریادا. مەرسوومەکە ئەگەر دەستپێک بێت، باشە. بەڵام ئەگەر کۆتایی بێت، ئەوا تەنها درۆیەکی تری حکومەتێکی ترە لە دیمەشق. ئێمە زۆرمان لەم درۆیانە بیستووە و هەڵڵایی ئیخوانی تەوفیرێکی نابێت.

 

 

 

 

 

-------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 


ئاشتی لە ماڵەوە، جەنگ لە دەرەوە.
 


هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە دوا لێدوانیدا دەڵێت: تورکیا دژی دەستدرێژی سەربازی سەر ئێرانە و دەبێت کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بەبێ دەستوردانی دەرەکی چارەسەر بکات. زۆر باشە، کێ هەیە لەگەڵ بنەمای دەستتێوەرنەدانی کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی تردا نەبێت؟ کێ هەیە نەڵێت ئاشتی باشترە لە جەنگ؟ بەڵام ئەگەر بۆی لە تەلەسکۆپی مێژوو بڕوانین، وێنەیەکی زۆر جیاواز تر دەبینین: وێنەی وڵاتێک لە یەککاتدا قسە لە ئاشتی دەکات و جەنگ پەرپا دەکات، قسە لە مافی گەلان دەکات و پێشێلی ئەو مافانەش دەکات، دەستتێوەردان ڕەتدەکاتەوە و دەستتێوەردانیش دەکات.

لە کۆنفرانسەکەدا، فیدان دوو هەڵوێستی جیاوازی سەبارەت بە کورد نواند. باسی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکاران کرد و وتی ئەمە دەرفەتێکی گرنگە و نابێت ببێتە دەرفەتێکی لەدەستچوو. لە هەمانکاتدا سەبارەت بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وتی ئەوان تەنها کاتێک هەڵوێستیان دەگۆڕن هێز بەکاربهێنرێت. پشتگیری لە هێرشی سوریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کرد. ئەو هێرشانەی جگە لە کۆمەڵکوژی، تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی ئاوارە و دەربەدەر و سەدانی بێسەر و شوێن کردووە.

ئەم دوو هەڵوێستە چۆن پێکەوە دەگونجێن؟ ئەگەر پارتی کرێکاران و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەمان ڕێکخراون وەک ئەوەی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، ئەوا چۆن دەکرێت هەمان ڕێکخراو لە شوێنێک شایستەی ئاشتی بێت و لە شوێنێکی تر شایستەی بۆمباران؟ ئایا جوگرافیا مۆراڵ دەگۆڕێت؟ ئایا کوردێک لە باکووری سوریا کەمتر مرۆڤە لە کوردێکی باکووری تورکیا؟ ڕەنگە وڵامی ڕاستەقینە سادەتر بێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێ: سیاسەت. کوردەکانی تورکیا دەنگدەرن، خاوەن حزبن و کاریگەریی سیاسییان لە ناوخۆی تورکیادا هەیە، ئەمە جگە لە ترسی گۆڕانکاری جیۆسیاسی لە ناوچەکەدا، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی کوردەکان دەتوانێت چارەنووسی حکومەت بگۆڕێت. بەڵام کوردەکانی سوریا نە دەنگدەری تورکیان و نە کاریگەریی ناوخۆیییان هەیە. ئەمە واقعیەتێکی سیاسییە، بەڵام ئایا ڕەوایەتییەکی هیچ بنەماو مۆراڵێکی هەیە؟

فیدان بە ڕوونی وتی ئێران دەبێت کێشەکانی ناوخۆیی بەخۆی بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی چارەسەر بکات. بەڵام ئایا تورکیا خۆی پابەندی هەمان ئەو بنەمایەیە؟ هەمووان دەزانن لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە سوریادا ئەنجامداوە: شمشیری فورات، چڵی زەیتوون، سەرچاوەی ئاشتی و چەندین ئۆپەراسیۆنی تر. هەزاران سەربازی تورک لە ناو خاکی سوریا و عیراق دان و تورکیا کۆنتڕۆڵی ناوچە فراوانەکانی باکووری سوریای کردووە. فیدان لە کۆنفرانسەکەدا وتی تورکیا لەڕێگەی کەناڵە سەربازی، دیپلۆماسی و ئەمنییەکانییەوە پەیامی خۆی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گەیاندووە. ئەمە خۆی دانپێدانانە بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتێکی تردا. ئەگەر دەستتێوەرنەدان بۆ کاروباری ناوخۆیی ئێران ڕاستە، ئەی بۆچی هەمان بنەما بۆ سوریا بەکارناهێنرێت؟ ئایا سەربەخۆیی وڵاتان تەنها کاتێک گرنگە لە بەرژەوەندی تورکیادا بێت؟

یەکێک لە توندترین ڕەخنەکانی فیدان ئیسرائیل ئاسایشی خۆی لەڕێگەی تاکتیکی پەرتبکە و زاڵبە دەپارێزێ. با ئەمە بە ڕاست وەربگرین و لە ڕێگەیەوە کردەوەکانی تورکیا ببینین. تورکیا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد لە جیهاندا دەکات؟ کوردەکانی تورکیا ئێستا شایستەی پرۆسەی ئاشتین و دەکرێ دانوستانیان لەگەڵدا بکرێت. کوردەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانی تورکیان و پەیوەندی بازرگانی و ئابووری گەرمیان هەیە. بەڵام کوردی سوریا تیرۆریست ناودەبات و شایستەی هێرشی سەربازین. ئەمە هەر خۆی جۆرێکە لە سیاسەت و تاکتیکی پەرتبکە و فەرمانڕەوایی بکە. تورکیا ڕێگری دەکات لە پەیدابوونی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی بتوانێت کاریگەری ناوچەیی هەبێت. ئایا ئەمە جیاوازە لەوەی ئیسرائیلی پێ تۆمەتبار دەکات؟

فیدان وتی تورکیا دەیەوێت هەموو پێکهاتەکانی سوریا مافی یەکسانیان هەبێت: کورد، تورک، ئێزیدی، مەسیحی، عەرەب، سوننی، شیعە و عەلەوی. ئەمە قسەیەکی جوانە و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە. بەڵام کاتێک دەگەینە جێبەجێکردنی، واقیعەکە جیاوازە. تورکیا بە توندی دژایەتی هەر جۆرە خودبەڕێوەبەرییەکی کوردی لە سوریادا دەکات و داوا دەکات هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە سوپا و دەوڵەتی سوریادا حەلبکرێن، ئەمە واتە کوردەکان نابێت هیچ دامەزراوەیەکی تایبەت بە خۆیان و هیچ ناسنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەبێت.

ئەمە بەراورد بکە لەگەڵ هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە فەلەستین. تورکیا پشتگیری مافی خۆبڕیاری گەلی فەلەستین دەکات، مافی هەبوونی دەوڵەت و مافی گەڕانەوە. بەڵام هەمان ستاندارد بۆ کورد بە ڕەوا نابینێت. کاتێک کوردەکانی سوریا داوای سیستەمێکی فیدڕاڵی یان لامەرکەزی دەکەن، تورکیا بە توندی دژایەتی دەکات. کاتێک کورد دەیەوێ لە ناوچەکانی خۆیدا خودبەڕێوەبەری بکات، ڕێک وەک فەلەستینییەکان دەیانەوێ لە خاکی خۆیاندا، ئەمە بە تیرۆریزم ناودەبات. ئەم جیاوازیکارییە چۆن ڕوونکردنەوەی بۆ دەکرێت؟ فەلەستینییەکان دوژمنی ئیسرائیلن و ئیسرائیل دوژمنی ڕیتۆریکی تورکیایە. بەڵام کورد لە سنووری تورکیان و داواکارییەکانیان دەکرێت ببێتە مەترسی بۆ تورکیا.

پرۆسەی ئاشتی لە باکور ئەگەر سەرکەوتوو بێت، دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ تورکیا و بۆ کورد. بەڵام ئەم ئاشتییە لە کوێ دەوەستێت؟ ئایا لە سنوورەکانی تورکیادا دەوەستێت؟ پارتی کرێکارانی کوردستان بوونی هەیە لە تورکیا، عیراق، سوریا و ئێران. ئەگەر تورکیا بە جدی خوازیاری ئاشتییە، ئەوا ئەم ئاشتییە دەبێت گشتگیر بێت. ناکرێت ئاشتی لە تورکیادا بێت و جەنگ بەردەوام بێت دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەل. ئەگەر پارتی کرێکاران و یەکینەکان جیاوازن، ئەوا تورکیا دەبێت ئەمە ڕوونبکاتەوە و سیاسەتی جیاواز بۆ هەریەکە داڕێژێت. ئەگەر هەمان ڕێکخراون، ئەوا ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکاران واتە ئاشتی لەگەڵ یەکینەکانیش. ناکرێ هەردووی سکەکە هەڵبژێردرێت. ئەگەر مەبەست لە ئاشتی تەنها ئەوە بێت پارتی کرێکاران چەک دابنێت و ناوی خۆی بسڕێتەوە، بەبێ هیچ دەستکەوتێکی سیاسی بۆ کورد، ئەوا ئەمە ئاشتی نییە بەڵکوو سەرکوتکردنە بە ناوێکی تازەوە. ئاشتی واقعی پێویستی بە مافی ڕاستەقینەیە: ناسینی ناسنامەی کوردی، مافی پەروەردە و میدیا بە زمانی کوردی، بەشداری سیاسی و دەستکەوتی یەکسان.

هەندێک کەس دەڵێ ئەوەی باسی دەکرێت پاڕادۆکس نییە، بەڵکوو ڕیاڵپۆلیتیکە، واتە سیاسەتی واقعبینانە لەسەر بەرژەوەندی دادەنرێت نەک لەسەر بنەما. هەر وڵاتێک هەر ئەوە دەکات بەرژەوەندییەکانی دابین دەکات و ستانداردەکانی بەپێی ئەوە دەگۆڕدرێن. ئەمە تا ڕادەیەک ڕاستە. هیچ وڵاتێک لە جیهاندا بە تەواوی پابەندی بنەماکانی خۆی نییە کاتێک بەرژەوەندییەکانی تێکەڵ دەبن. ئەمریکا قسە لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات و لە هەمان کاتدا پشتگیری دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات دەکات. ئەوروپا قسە لە ئازادی دەکات و لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە پەنابەران دەکات. ئەمە تایبەتمەندی سیستەمی نێودەوڵەتییە.

بەڵام جیاوازییەکی زۆر گرنگ لەنێوان ڕیاڵپۆلیتیک و دووڕووییدا هەیە. ڕیاڵپۆلیتیک واتە زانینی ئەوەی جیهان تەواو نییە و هەندێکات بژاردەی سەخت داوا دەکات. دووڕوویی واتە قسەکردن بە بنەمای بەرز لە کاتێکدا پێچەوانەکەی دەکرێت. کاتێک تورکیا بە توندی ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت و خۆی هەمان شت دەکات لەگەڵ کوردەکان، ئەمە تەنها ڕیاڵپۆلیتیک نییە، ئەمە دووڕووییە، ئەمە ناکۆکی ئاشکرایە.

قسەکان دەبێت لەگەڵ کردەوەکاندا بگونجێن. ناکرێت قسە لە ئاشتی بکرێت و جەنگ بەرپا بکرێت. ناکرێت قسە لە دەستتێوەرنەدان بکرێت و دەستتێوەردان بکرێت. ناکرێت قسە لە مافی گەلان بکرێت و مافی هەمان ئەو گەلانە لە شوێنێکی تر نکۆڵی لێبکرێت. تورکیا وڵاتێکی گرنگ و بەهێزە لە ناوچەکەدا و توانای ئەوەی هەیە ببێتە هێزێکی ئەرێنی بۆ ئاشتی و جێگیری. بەڵام ئەمە پێویستی بە ڕاستگۆیی هەیە، ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆت و لەگەڵ جیهان. پێویستی بەوە هەیە پاڕادۆکسەکان بناسرێن و هەوڵ بدرێت چارەسەر بکرێن، نەک وەک ئەوەی فیدان بێیت و بە قسەی جوان دایانبپۆشیت.

ئەگەر ئاشتی لە باکور ڕاستەقینەیە، با ببێتە ئاشتی لەگەڵ باشور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردی، واتا لە تورکیا، لە سوریا، لە عیراق و لە ئێران. ئەگەر دەستتێوەرنەدان بنەمایەکی گرنگە، با بۆ هەموو وڵاتان جێبەجێ بکرێت، نەک تەنها ئەوانەی لەگەڵ بەرژەوەندی تورکیادا دەگونجێن. ئەگەر مافی گەلان شتێکی پیرۆزە، با بۆ هەموو گەلان بکرێت، نەک تەنها ئەوانەی دوژمنی دوژمنتن. ئەوسا دەکرێت بڵێین تورکیا وڵاتێکە قسەکانی لەگەڵ کردەوەکانیدا دەگونجێن. هەتا ئەو کاتە، ناچارین بڵێین ئاشتی لە ماڵەوە و جەنگ لە دەرەوە، بنەمان بۆ ئەوان و بەرژەوەندی بۆ ئێمە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک