په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٣

''سەبارەت بە ١١١ کچ'' لە فیستیڤاڵی ئافرەتانی ''ئایچی'' لە ژاپۆن نمایش دەکرێ.
 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە ١١١ کچ" لە دەرھێنانی ھاوبەشی ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا لە ١٨مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئافرەتانی "ئایچی" لە وڵاتی ژاپۆن نمایش دەکرێت.


فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە ١١١ کچ" لە دەرھێنانی ھاوبەشی سینەماکارانی کورد ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان کاتژمێر ١٠/١٠ی ڕۆژی شەممە ٧ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٣ لە بەشی فیلمە دراماکانی ١٨مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئافرەتانی "ئایچی" لە ھۆڵی ویڵ ھاڵ لە شاری ناگۆیای ناوەندی پارێزگای ئایچی لە وڵاتی ژاپۆن نمایش دەکرێت.


بڕیاروایە کارناسی سینەمای ئێران و دانیشتووی وڵاتی ژاپۆن خاتوو "شۆھرە گولپەرییان" لەسەر ئەم فیلمە ٧٩ خولەکییە کوردییە بێتە ئاخاوتن.


ئەم فیستیڤاڵە ساڵی ١٩٩٦ بە مەبەستی بەرەوپێشچوون و پشتوانی کردن لە فیلمسازانی ئافرەت و ئاڵووگۆڕی بیروڕای نێودەوڵەتیی لە نێوان سینەماکاراندا دامەزراوە و ھەموو ساڵێک بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی ئافرەتانی دنیا، کردنەوەی کۆنفڕانس، کۆڕ و کۆبوونەوە و گۆڕینەوەی بیروڕا بە ئامانجی توێژینەوە و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسانی ڕەگەزایەتیی بەڕێوەدەچێت.


فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە ١١١ کچ" کە ئایدیای سیناریۆکەی بیرۆکەی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادییە و سیناریۆکەی لە لایەن سینەماکاری کورد بەتین قوبادی نووسراوە، دوای بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە ئاسیاییەکان Pan- Asia لە وڵاتی بەریتانیا لە مۆزەخانەی ھونەرەکانی پاڵم سپرینگ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.


ئەم فیلمە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی "تەرکیز لە سەر فیلمە کوردییەکان" لە میانەی چل و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ''کاڕڵۆویواری'' لە سێ سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ٣٠ی حوزەیران / یۆنیۆ و ١ و ٥ی تەمموز / یۆلیۆی ٢٠١٣ لە شوێنەکانی تیئاتری ھۆسۆڤکا و سینەما ئێسپەک دۆڕلیانسی شاری کاڕڵۆویواری لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆویواری گرینگترین فیستیڤاڵی ڕۆژھەڵاتی ئەرووپایە و یەکێکە لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی سینەمای دنیا کە خولی چل و ھەشتەمینی بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٢٨ حوزەێران / یۆنیۆ تا ٦ی تەمموز / یۆلیۆی ٢٠١٣ لە شاری کاڕڵۆویواری لە وڵاتی کۆماری چیک بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.aiwff.com/2013/en/films-en/drama-en/about-111girls.html

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک